كارما وشه‌یه‌كی سانسكریتییه و به مانای “كار” دێت. زۆرینه‌ی كاره‌كان كاردانه‌وه‌ش به شوێن خۆیاندا ده‌هێنن، بۆیه مانای كارما ده‌بێ به “كار و كاردانه‌وه”. به كورتی واته: مرۆڤ چی بچێنێت ئه‌وه ده‌دوورێته‌وه. گه‌ر چاكه بكه‌ی چاكه دێته‌وه ڕێت، گه‌ر خراپه بكه‌ی خراپه دێته‌وه ڕێت. هۆكاری بوونی كارما به پێی ئه‌و ئایینانه‌ی بڕوایان پێی هەیە ئه‌وه‌یه: مرۆڤ هه‌ر خراپه و چاكه‌یه‌كی ئه‌نجامدا ئاكامه‌كه‌ی له‌م ژیانه یان ژیانه‌كانی دیكه وه‌رگرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌م پرۆسه‌یه‌دا پاك بێته‌وه و ئاگایی به‌رز بێته‌وه. كارما به دوو شێوه له‌سه‌ر مرۆڤ كۆ ده‌بێته‌وه:- یه‌كه‌م، كارمای ژیانه‌كانی پێشووه كه ده‌گوازرێته‌وه بۆ ئه‌م ژیانه. دووه‌م، كۆبوونه‌وه‌ی كارما له ژیانی ئێستادا.
ئه‌و كه‌سانه‌ی بڕوایان به كارمایه، به‌ڵگه و پاڵپشتی زانستیی بۆ كارما ده‌هێننه‌وه، ئه‌ویش به‌كارهێنانی یاسای سێیه‌می نیوتنه. واته یاسای سێیه‌می نیوتن كه یاسایه‌كی فیزیاییه بۆ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌كارده‌هێنن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕووداو و دیارده‌كانی پێ ڕاڤه بكه‌ن. یاسای سێیه‌می نیوتن ده‌ڵێ: گه‌ر ته‌نێك هێزێك بخاته سه‌ر ته‌نێكی دیكه، ئه‌ویش له‌به‌رمبه‌ردا هه‌مان هێز به یه‌كسانی ده‌خاته‌وه سه‌ر ئه‌و. ئه‌م دوو هێزه به ته‌واویی هاو-قه‌باره‌ن به‌ڵام ئاڕاسته‌كه‌یان دژبه‌یه‌كه. ئه‌وه‌ی پێویسته بزانرێ ئه‌وه‌یه: یاسای سێیه‌می نیوتن سه‌ر به فیزیای كلاسیكه و له جیهانی فیزیای كوانتۆم و له‌سه‌ر ئاستی ئه‌تۆم و ته‌نۆلكه‌كان كار ناكات. هه‌روه‌ها له جیهانی تیۆری ڕێژه‌یی گشتی و ڕێژه‌یی تایبه‌تی ئه‌نیشتاین كار ناكات و پوچه‌ڵ ده‌بێته‌وه. بۆیه دروست نییه یاسای سێیه‌می نیوتن و كارما به یه‌ك شت بزانین. یاسای سێیه‌می نیوتن سه‌باره‌ت به “هێزی یه‌كسانی ته‌نه فیزیكییهكانه له‌سه‌ر یه‌كتری و دهشپێورێت” به‌ڵام كارما چه‌مكێكی ڕۆحانییه و سه‌باره‌ت به كار و كاردانه‌وه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییه و ناشپێورێت. یاسای سێیه‌می نیوتن كاریگه‌ریی پێچه‌وانه دروست ده‌كات له‌كاتێكدا كارما كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆ دروست ده‌كات. مه‌رجیش نییه له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییدا هه‌ر كارێك كاردانه‌وه‌شی به شوێندا بێ، گه‌ر واش بوو، مه‌رج نییه كاردانه‌وه‌كه ڕێك یه‌كسان بێت به ڕێژه‌ی كاره‌كه یان دژبه‌یه‌ك بێ له‌گه‌ڵ كاره‌كه.
كاتێ له‌م بابه‌ته ورد ده‌بینه‌وه ده‌بینین ئه‌م تێڕوانینه هه‌مان تێڕوانینی (لێپرسینه‌وه)ـی ئایینه ئیراهیمییهكانه به‌و جیاوازییه‌ی لێپرسینه‌وه‌كه نه‌ك له دونیایه‌كی دیكه و له لایه‌ن هێزێكی سه‌روو سرووشت، به‌ڵكو هه‌ر له‌م ژیانه و-ژیانه‌كانی پێشوو و داهاتووش-له لایه‌ن (یاساكانی ژیان)ـه‌وه ئه‌نجام ده‌درێ. له‌م تێڕوانینه‌دا مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی “خاوه‌ن-خۆ و خاوه‌ن- ئیراده‌ی ئازاد” وێناكراوه كه به ته‌واویی جیا له هه‌لومه‌رج و واقیعه‌كان ده‌جوڵێته‌وه و ئه‌كت ئه‌نجام ده‌دات.واته ده‌وترێ: گه‌ر جیهانی ده‌ره‌وی تۆ فه‌وزایه ئه‌وا ئه‌م فه‌وزایه له ڕاستیدا ته‌نها له ناو خۆتدایه. یه‌كه‌م گرفتی ئه‌م تێڕوانینه ئه‌وه‌یه مرۆڤ بونه‌وه‌رێكه “خۆی”نییه تا بێین و به ته‌نها خۆی بكه‌ینه پێوه‌ر بۆ پاداشت و سزادان. مرۆڤ به‌رهه‌می هه‌لومه‌رج و واقیعهكانه و كه‌وتووته ناو كۆمه‌ڵێك هه‌لومه‌رج و واقیع و ئه‌مانه‌ش كاریگه‌رییه‌كی زۆریان له‌سه‌ر دروستكردووه. ئه‌م هه‌لومه‌رج و واقیعانهش پڕن له لێكدژیی و له ده‌ره‌وه‌ی خۆشی سه‌پێنراون به‌سه‌ریدا. ژیانی مرۆڤ به‌رهه‌می دوو جه‌بره كه سه‌پێنراون به‌سه‌ریدا و ئه‌م جهبرییهتهش وا ده‌كات ناماقوول بێ یاساكانی ژیان بكه‌ینه چاودێرێك به‌سه‌ر مرۆڤه‌وه به مه‌به‌ستی پاداشتكردن و سزادانی.
مرۆڤ به گشتی به‌رهه‌می دوو جه‌بر:- جه‌بری بایۆلۆجی، جه‌بری كۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگه. جه‌بری بایۆلۆجی، هه‌موو كه‌سێك كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندیی بۆماوه‌یی له ڕێی جینهكانییهوه بۆ ده‌گوازرێته‌وه كه خۆی هیچ ده‌ستێكی له‌وه‌دا نییه و له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی خۆی سه‌پێنراوه به‌سه‌ریدا. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه دیاریكه‌ری به‌شێكی زۆری كه‌سایه‌تی مرۆڤن. به پێی زانستی ده‌مارناسیی به‌شێكی زۆری كرده فیزیكیی و هه‌ستییه‌كانی مرۆڤ،نا-ئاگایانه ئه‌نجام ده‌درێ و ته‌نها به‌شێكی كه‌م له‌م كردانه ئاگایانه له مێشكدا دروست ده‌بن. كه‌واته به چ لۆجیكێك كارما له‌سه‌ر ئه‌و كرده فیزیكی و ههستهكییانه كۆ ببێته‌وه كه به‌شێكی زۆری له ویستی ئاگایانه‌ی مرۆڤ به‌ده‌رن؟ مرۆڤ به‌رپرس نییه له پێكهاته‌ی سیسته‌می ده‌ماریی خۆی، به‌رپرس نییه له جۆری ئه‌و جینانه‌ی هه‌ڵیگرتووه و كه‌سایه‌تی دروست كردووه، ناتوانێ پێشبینی ئه‌وه بكات یه‌ك چركه‌ی دیكه بیر له چی ده‌كاته‌وه و چی ئه‌نجام ده‌دات. ته‌نانه‌ت له بیری ئایینی-عیرفانیی ئایینه‌كانی وه‌ك هیندۆسیی و بودیی و جینیی و ئه‌وانی دیكه‌شدا مرۆڤ ته‌نها ئهداتێكه به ده‌ست بوونه‌وه و خۆی ئیراده‌یه‌كی ئه‌وتۆی نییه. كه‌واته چۆن كارما له‌سه‌ر مرۆڤێك كۆ ده‌بێته‌وه كه ته‌نها ئه‌دات و یارییه‌كه به ده‌ست بوونه‌وه؟
جه‌بری كۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگه، هه‌موو كه‌سێك كه له دایك ده‌بێ ده‌كه‌وێته ناو خێزان، كۆمه‌ڵگا، كولتوور، ئایین، یاسا و ڕێسایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراو، هه‌موو ئه‌مانه‌ش له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی خۆی ده‌سه‌پێنرێن به‌سه‌ریدا و كاریگه‌رییه‌كی ئێجگار زۆر له‌سه‌ر تاكه‌كان دروست ده‌كه‌ن. هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌م پێدراوانه كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره له كه‌سایه‌تی مرۆڤدا دروست ده‌كه‌ن. جۆری ئه‌و خێزانه‌ی تێیدا له‌دایك ده‌بین و په‌روه‌رده ده‌بین چۆنه؟ ئایا خێزانێكی هه‌ژاره یان خاوه‌ن پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه؟ ئاستی ڕۆشنبیریی خێزانه‌كه چۆنه؟ ئه‌ی جۆری كولتوور و ئایینی كۆمه‌ڵگا چۆنه؟جۆری سیسته‌می سیاسیی و ئابووری چۆنه؟ هه‌موو ئه‌مانه كاریگه‌رییه‌كی زۆر له‌سه‌ر تاكه‌كان دروست ده‌كه‌ن،بۆیه مرۆڤ تاكێكی “خۆ_بوو” و سه‌ربه‌خۆ و دابڕاو نییه له‌و هۆكارانه تا بتوانین حوكمی له‌سه‌ر بده‌ین و “یاساكانی ژیان” بكه‌ینه هۆكارێك بۆ لێپرسینه‌وه و سزادان و ته‌نه‌نانه‌ت پاداشتكردنی. بوداش ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه مرۆڤ به‌رهه‌می ژینگه و هه‌لومه‌رجه. واته ماده‌م مرۆڤ به‌رهه‌می هه‌لومه‌رجه، كه‌واته نابێ حوكمی تووند له‌سه‌ر هیچ كه‌سێك بدرێ.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه؛ كارما له دیدێكی “خو دسهنتهرانهی زه‌وی سه‌نته‌رانه”ـه‌وه هاتووه. مرۆڤ له كۆندا پێی وابووه زه‌وی چه‌قی گه‌ردوونه و خۆیشی سه‌نته‌ر و سه‌رداری گه‌ردوونه. گه‌ردوون گرنگی به سه‌نته‌ر و كار و كاردانه‌وه‌كانی سه‌نته‌ر ده‌دات و ئاكامی كار و كرده‌وه‌كانیشی له‌م ژیانه یان ژیانه‌كانی دیكه پێ ده‌داته‌وه. به‌م پێی ئه‌م دیده دام و ده‌زگای گه‌ردوون له ده‌وری مرۆڤ ده‌سورێنه‌وه و به‌رده‌وام ئاكامی كرده‌وه‌كانی خۆی پێ نیشان ده‌ده‌نه‌وه و ئه‌م پرۆسه‌یه “ده‌بێ” به‌رده‌وام بێ تا ئه‌و كاته‌ی مرۆڤ پاك ده‌بێته‌وه ئاگایی به‌رز ده‌بێته‌وه! به‌ڵام ڕوون نییه بۆچی ده‌بێ گه‌ردوون گرنگی به‌وه بدات مرۆڤ ئاگایی به‌رز بێته‌وه؟ ئایا گه‌ردوون چ سود و زیانێك له‌وه ده‌كات كه‌سێك به ئاگاییه‌وه بژی یان بێ‌ئاگا و نه‌زان بێ؟ ئه‌وه خودی مرۆڤ خۆیه‌تی سوود و زیان له‌وه ده‌كات كه كه‌سێكی به‌ئاگا بێ یان نه‌زان، به‌ڵام مرۆڤ ئه‌م سود و زیانه كه‌سییه ده‌هاوێژێته سه‌ر گهرودن له بری ئه‌ویش قسه ده‌كات و بیر ده‌كاته‌وه. مرۆڤ تا ڕاده‌یه‌كی زۆرە ناتوانێ له هیچ شتێكی ده‌ره‌وه‌ی خۆی تێبگات تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌و شته په‌یوه‌ست نه‌كاته‌وه به خۆیه‌وه وه‌ك مرۆڤ، چونكه ناتوانێ له ده‌ره‌وه‌ی خۆی بیر بكاته‌وه و تێبگات. مرۆڤ له كۆندا له سه‌ر بنه‌مای سه‌رنجدان، بیركردنه‌وه و ئه‌زموونه‌كانی خۆی ده‌هاویشته سه‌ر گه‌ردوون بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ ڕاڤه‌یه‌كی دیارده‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆشی بكات و لێیان تێبگات.
له ژیانی ڕۆژانه‌دا كاتێ كه‌سێك “به پێی ئه‌و شوێن و جۆری كولتوور و جیهانبینی و پێوه‌رانه‌ی هه‌بووه” كارێكی چاكی كردووه، ئاسوده بووه و فیدباكی چاكی وه‌رگرتووه‌ته‌وه و له‌وانه‌یه كه‌سانی به‌رامبه‌ریش هه‌مان كاری چاكیان به‌رامبه‌ر به‌م كردبێته‌وه یان به پێچه‌وانه‌وه،كاتێ كه‌سێك “به پێی ئه‌و شوێن و جۆری كولتوور و جیهانبینی و پێوه‌رانه‌ی هه‌بووه” كارێكی خراپی ئه‌نجام داوه، فیدباكی خراپی وه‌رگرتووه‌ته‌وه و به ئه‌گه‌ری زۆریش هه‌مان كاری خراپی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌نجام دراوه‌ته‌وه، ئیدی له‌م ئه‌زموونی ژیانی ڕۆژانه و دۆخه سایكۆلۆجی و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌وه مرۆڤ گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ئه‌مه یاسایه‌كی به‌هێز و نه‌گۆڕ و گه‌ردوونییه.
به‌ڵام ئایا چ شتێك چاكه و چ شتێك خراپه؟ پێوه‌ری جیاكردنه‌وه‌ی چاكه و خراپه چییه؟ ئه‌مه گفتوگۆیه‌كی فه‌لسه‌فی و ئه‌خلاقی دێرینه و تا ئێستاش به‌رده‌وامه و یه‌كلایی بوونه‌وه‌ی دژواره، چونكه چه‌مكی چاكه و خراپه به پێی شوێن، كولتوور، ژینگه و جیهانبینیی كه‌سه‌كان و ته‌نانه‌ت به پێی بارودۆخی بایه‌لۆجی و سایكۆلۆجی كه‌سه‌كانیش ده‌گۆڕێت. بۆ نمونه له سه‌رده‌مه كۆنه‌كاندا قوربانیكردنی مرۆڤ بۆ خودا له زۆرینه‌ی كولتووره‌كاندا كارێكی باش بووه، به‌ڵام ئێستا كارێكی خراپه. له سه‌رده‌می یه‌كه‌می سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامدا بابه‌تی كه‌نیزه‌ك بابه‌تێكی ئاسایی بووه، به‌ڵام له ئێستادا بۆ تێگه‌یشتنی سه‌رده‌م ئاسایی نییه. كه‌سێك پێی وایه له‌باربردنی منداڵ كارێكی خراپه، چونكه ژماره‌ی دانیشتوانی زه‌وی ڕووی له زیاد بوونه و چانسی خۆشگوزه‌رانی و ژیانێكی شایسته له ئێستادا یان له داهاتوودا بۆ زۆرینه كه‌م ده‌بێته‌وه. یان منداڵ خستنه‌وه كارێكی نا دروسته، چونكه منداڵ له به‌رده‌م ئه‌گه‌ری نه‌خۆشی بۆماوه‌یی، ئازار، دڵشكان و دواجار مردندایه، به‌ڵام كه‌سێكی دیكه پێی وایه منداڵ خستنه‌وه كارێكی چاك و دروسته، چونكه ئه‌مه ئیراده‌ی خودایه و جگه له‌مه‌ش پێویسته بۆ پڕكردنه‌وه‌ی هه‌ستكردن به ته‌نهایی دایك و باوك و فریاكه‌وتنیان له ته‌مه‌نی پیرییدا. لێره‌دا ده‌بینین ڕوون نییه چ شتێك به‌ڕاستی چاكه و چی خراپه؟
له‌وانه‌یه بوترێ: به‌ڵام كرده‌یه‌كی وه‌ك كوشتن هه‌ر كوشتنه و له هه‌موو جێگه و كولتوور و لای هه‌موو مرۆڤێك كارێكی خراپه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه ئاڵۆز ده‌كات له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی بایۆلۆجی و ژینگه‌یی و ده‌روونی كه‌سه‌كانه و ئه‌مه‌ش وا ده‌كه‌ن حوكمدانێكی دروست دژوار بێ. وه‌ك فرۆید ده‌ڵێت:- “كاتێ له دۆخی ده‌روونی تاوانباران ده‌كۆڵینه‌وه، زۆر جار ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی به تاوانباریان نه‌زانین و بگره پشتیوانی له تاوانه‌كانیان بكه‌ین” له نێوان شوێنكه‌وتوانی ئایینه‌كانی هیندۆسی و بوودی هاوڕابوونێكی ته‌واوه‌تی نییه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كارما چی و چی ده‌گرێته‌وه؟ ئایا ته‌نها ئه‌نجامدانی فیزیكیی كارما له‌سه‌ر كه‌سێك كۆ ده‌كاته‌وه؟ یان بیركردنه‌وه و هه‌سته‌كانی ناوه‌وه‌ش كه هێشتا نه‌بوونه‌ته كرده، كارما دروست ده‌كه‌ن؟ “سوامی سارڤاپیریاناندا” كه ڕاهیبێكی ڕێبازی ڕاماكریشنای هیندییه و شاره‌زای ئه‌دڤایتا ڤیدانتایه،له ناساندنی كارما دا ده‌ڵێت: “كارما واته یاسای هۆ و ئه‌نجام. كارما كار یان ئه‌نجامدانی كرده‌یی ده‌گرێته‌وه و ته‌نها ئه‌نجامی كارێك كه ته‌واو بووبێ، كارما له‌سه‌ر كه‌سێك كۆ ده‌كاته‌وه”. ئۆشۆ سه‌باره‌ت به كارما ده‌ڵێن: “له ڕاستیدا كارما یاسا نییه، چونكه هیچ كه‌س وه‌ك یاسادانه‌ر له پشتییه‌وه نییه، به‌ڵكو ده‌توانین بڵێین كارما خودی سرووشتی ژیانه، به‌ڵام ئه‌مه بابه‌تێكی ئاڵۆزه و هه‌روا ئاسان نییه، هه‌ر تاوانێك كه دژی سرووشتی خۆمان بێ ڕاسته‌وخۆ له (ناخودئاگادا) تۆمار ده‌بێ، ئه‌وه‌ی بوودییه‌كان پێی ده‌ڵێن “كۆگای ئاگایی”. به‌ڵام مه‌به‌ست له تاوان چییه؟ مه‌به‌ست له تاوان ئه‌و تاوانه نییه به هۆی دادگاوه ده‌سه‌لمێنرێ، چونكه شتێك له ڕوسیا تاوانه به‌ڵام له ئه‌مریكا تاوان نییه. له نه‌ریتی هیندۆسه‌كاندا شتێك تاوانه و له نه‌ریتی موحهمهدییهكانیشدا شتێكی دیكه. كه‌واته ده‌بێ پێناسه‌یه‌كی گشتگیر بۆ ئه‌مه هه‌بێ .پێناسه‌كه‌ی من ئه‌مه‌یه: ئه‌وه‌ی به پێچه‌وانه‌ی “سرووشتی تۆ”وه بوو، ئه‌وه‌ی به پێچه‌وانه‌ی بوونی تۆوه بوو، ئه‌وه تاوانه. به‌ڵام چۆن ئه‌مه بناسینه‌وه؟ هه‌ر شتێك ئه‌نجام ده‌درێ له ناخود ئاگادا تۆمار ده‌بێ. پاش تۆماربوون گه‌ر هه‌ستی گوناهت تێدا دروست بوو، هه‌ستی بێ به‌هایی و سوكایه‌تیت تێدا دروست بوو، هه‌ستی ئه‌وه‌ت تێدا دروستبوو كه ئه‌و كه‌سه نیت كه پێویسته ببی، ئه‌وا بزانه ئه‌مه كارمای خراپه”.
دیاره ئه‌م پێناسه‌یه باشترین پێناسه‌یه بۆ كارما، به‌ڵام خاڵیی نییه له خه‌وش، چونكه ناگشتێنرێ و ڕێژه‌یی ده‌بێته‌وه. بۆ نمونه مانای “سرووشتی ژیان”چییه؟ دیاره مه‌به‌ست له سرووشتی ژیان ژیانی سه‌ر زه‌وییه، به‌ڵام مرۆڤ هێشتا نازانێ ژیان له شوێنه‌كانی دیكه‌ی گه‌ردوون هه‌یه یان نا و ئایا چۆنه؟ ئایا له‌وێش هه‌مان یاسای فیزیایی و بایهلۆجییهكانی سه‌ر زه‌وی كار ده‌كه‌ن یان جیاوازن؟ گه‌ر جیاواز بن كه‌واته مانای سرووشتی ژیان ڕێژه‌یی ده‌بێته‌وه و ناگشتێنرێ بۆ هه‌موو گه‌ردوون بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین كارما به یاسایه‌كی گه‌ردوونی بزانین. ئۆشۆ ده‌ڵێن:- ئه‌وه‌ی به پێچه‌وانه‌وه‌ی “سرووشتی تۆ”وه بوو ئه‌وه كارمای خراپه. به‌ڵام ئایا سرووشتی هه‌موو مرۆڤه‌كان له هه‌موو ژینگه و شوێنێكدا یه‌ك شته یان ده‌كرێ گۆڕاو بێ؟ ئایا هه‌موو مرۆڤه‌كان به یه‌ك شێوه هه‌ست به گوناه و بێبه‌هایی و سوكایه‌تی ده‌كه‌ن یان هۆكار و پاڵنه‌ره‌كانی ئه‌مه له مرۆڤه‌كاندا جیاوازه؟
ته‌نانه‌ت گه‌ر سرووشتی مرۆڤه‌كان یه‌ك شت بێ، به‌ڵام سرووشتی كه‌سانی ده‌روون نه‌خۆش جیاوازه. بۆ نمونه كه‌سانی (سایكۆپاس).سایكۆپاس به‌و كه‌سانه ده‌وترێ كه ڕه‌فتاریان نائاسایی و خۆپه‌رستانه‌یه، ترسیان تێدا نییه، فهوزاویین و هه‌ست به به‌رپرسیارێتی ناكه‌ن و ڕه‌فتاری دژه كۆمهلگاییان هه‌یه. له نێو ئه‌م كه‌سانه‌دا جۆرێك سایكۆپاس هه‌یه پێیان ده‌وترێ “سایكۆپاسی سادیستی” واته كه‌سانێك كه چێژ له ئازاردانی خه‌ڵكی وه‌رده‌گرن و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جاریش به خوێن ساردییه‌وه خه‌ڵكی ده‌كوژن بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به تاوان بكه‌ن. كه‌واته لێره‌دا كارما چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌سه‌دا ده‌كات له كاتێكدا سرووشتی به‌و شێوه‌یه؟
گرفتێكی دیكه‌ی پێناسه‌كه‌ی ئۆشۆ ئه‌وه‌یه؛ بابه‌ته‌كه‌ی ته‌نها له “ڕووی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ” له‌به‌رچاوگرتووه له كاتێكدا ناوه‌وه‌ی مرۆڤ له كارلێكێكی به‌رده‌ومدایه له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه و ناكرێ هیچلایهكیان بێ له‌به‌رچاوگرتنی لاكه‌ی دیكه له‌به‌رچاوبگرین.به نمونه‌یه‌ك ئه‌مه ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه:- كه‌سێك دزی له بانك ده‌كات به‌ڵام دواتر په‌شیمان ده‌بێته‌وه و هه‌ست به گوناهـ ده‌كات، چونكه پێی وایه ئه‌و پاره‌یه‌ی دزیویه‌تی هی خه‌ڵكه و مافی ئه‌وانی خواردووه، به‌ڵام كه‌سێكی دیكه دزیی له بانك ده‌كات و به هۆی جۆری ئه‌و ژینگه و سیسته‌مه‌ی تێیدا ده‌ژی، هیچ هه‌ست به گوناهـ و په‌شیمانی ناكات، چونكه ئه‌م كه‌سه كه‌سێكی هه‌ژاره و له وڵاتێكی پڕسهروهت و ساماندا ده‌ژی و له‌به‌ر بوونی گه‌نده‌ڵی لە وڵات‌دا، مافی شایسته‌ی خۆی پێ نادرێت یان به هه‌ر هۆكارێك بێبه‌ش كراوه له مافی خۆی،لە كاتێكدا كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی دیكه له‌وپه‌ری خۆشگوزه‌رانیدا ده‌ژین. ئه‌م كه‌سه پاش ئه‌وه‌ی دزییه‌كه‌ی كرد به ئه‌گه‌ری زۆر نه‌ك هه‌ستی گوناهی تێدا دروست نابێ به‌ڵكو پێی وایه كارێكی چاكی كردووه. “لیۆ ئالێن” كه بوداییهكی ئه‌وروپییه، پێی وایه كارما ته‌نها له ئه‌نجامدانی كرده‌ییه‌وه دروست نابێ، به‌ڵكو ئه‌و بیركردنه‌وه و هه‌ستانه‌ش كارما دروست ده‌كه‌ن كه له ناخماندان و هێشتا تیۆرین. بۆ نمونه:- هه‌ركاتێك بیركردنه‌وه‌یه‌كی خۆپه‌رستانه‌ی وه‌ك ئیره‌یی له ناخماندا دروست بوو ئه‌وا ئه‌مه كارمامان له‌سه‌ر كۆ ده‌كاته‌وه، چونكه بیركردنه‌وه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا خۆپه‌رستانه‌یه.
به پێی تێڕوانینی ئایینه هینیدییهكان؛ كارما له نێوان مرۆڤه‌كاندا ده‌گوازرێته‌وه، به‌ڵام ئایا یه‌كه‌مین كارما چۆن دروست بوو‌و؟ واته ئه‌و كاته‌ی هیچ مرۆڤێك بوونی نه‌بووه كارما چۆن دروست بوو و گوازرایه‌وه بۆ مرۆڤه‌كانی دیكه؟ له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی بۆچی هه‌ندێ كه‌س سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تاوان و خراپه ئه‌نجام ده‌ده‌ن به‌ڵام ژیانیشان خۆشه و گرفتیان نییه،یان ئه‌و كه‌سانه‌ی چاكه ئه‌نجام ده‌ده‌ن به‌ڵام ژیانیان باش نییه و گرفتیان هه‌یه،”سوامی سارڤاپیریاناندا” ده‌ڵێت:- كه‌سانێك كه خراپه و تاوان ئه‌نجام ده‌ده‌ن به‌ڵام ژیانییان خۆشه و گرفتییان نییه، به هۆی ئه‌وه‌وه‌یه ئه‌م كه‌سانه له ژیانی پێشویاندا هه‌ندێ چاكه‌یان كردووه و ئه‌مه كاریگه‌ریی ئه‌و چاكه‌یه كه ئێستا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه و وای كردووه كه‌سه‌كه گرفتی نه‌بێ. به پێچه‌وانه‌شه‌وه، ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌م دونیادا چاكه ده‌كه‌ن، به‌ڵام ژیانیان خۆش نییه و گرفتیان هه‌یه، به هۆی ئه‌وه‌وه‌یه له ژیانی پێشوویاندا هه‌ندێ خراپه و تاوانیان كردووه و ئێستا ڕه‌نگدانه‌وه‌كه‌ی له‌سه‌ریان ده‌رده‌كه‌وێت. دیاره ئه‌م وه‌ڵامه له چوارچێوه‌ی باوه‌ڕدا ده‌مێنێته‌وه و به‌های مه‌عریفی نییه ،چونكه ڕاست و دروستی یه‌كلا نابێته‌وه. گه‌ر به‌و شێوه‌یه بێ “گاندیی”، كه كه‌سێكی چاكه‌خواز بوو و ناسرا بوو به داهێنه‌ری خه‌باتی نا تووندوتیژی،بۆیه به گوله كوژرا چونكه له ژیانی پێشوویدا هه‌ندێ خراپه‌ی ئه‌نجام دابوو و بۆیه ده‌بوایه به‌و شێوه‌یه باجه‌كه‌ی بدایه و بكوژرایه.
“موسته‌فای مه‌له‌كیان”، ڕیفۆرمخوازی ئایینی ئێرانی سه‌باره‌ت به‌م كارما نمونه‌یه‌ك ده‌هێنێته‌وه و ده‌ڵێت: “ئیمامی عه‌لی كه‌سێكی چاكه‌كار و خواناس بوو، به‌ڵام ژیانی لێوان‌لێو بووه له ناڕه‌حه‌تی و ململانێ و دواجاریش به شمشێر هێرش كرایه سه‌ری و به سه‌ختی بریندار كرا و، بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژ به ئازارێكی سه‌خته‌وه تلایه‌وه و دواجار شه‌هید بوو. له‌ولاوه مه‌عاوییه‌ی كوری یه‌زید كه كه‌سێكی خراپه‌كار و تهماعباز و سته‌مكار بوو، ژیانێكی خۆش و ئاسوده‌ی هه‌بوو و به مردنی ئاساییش مرد”. كه‌واته كارما چۆن كاری كردووه؟ گه‌ر وابێ له‌وانه‌یه عه‌لی كه‌سه خراپهكارهكه و معاوییه كه‌سه چاكه‌كاره‌كه بووبێ. “مه‌له‌كیان” بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌مه ده‌ڵێت:” ڕاسته عه‌لی ژیانی ناخۆش و پڕ گرفت بووه و كوژراویشه، به‌ڵام جیاوازی عه‌لی له‌گه‌ڵ معاوییه ئه‌وه بووه كه عه‌لی شادیی ده‌روونی زیاتر و ئارامی زیاتر و ئومێدی زیاتری هه‌بووه، به‌ڵام معاوییه خاوه‌نی ئه‌و شتانه نه‌بووه له دەروونیدا”. دیاره ئه‌مه وه‌ڵامێكی لاوازه و لایه‌نگیریی پێوه‌دیاره، چونكه “مهلهكییان” دواجار ڕیفۆرمخوازێكی ئایینیی شیعه‌یه و زیاتر عه‌لی به مه‌رجه‌ع ده‌زانێ تا معاوییه. جگه له‌مه،هیچ كه‌س نه‌چووه‌ته نێو ده‌روونیی عه‌لی و معاوییه بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ ئایا به ڕاستی كامیان شادی و ئارامی و ئومێدی زیاتریان له ناخدا هه‌بووه. گه‌ر كارما كاری بكردایه له جیهاندا ده‌بوو ئێستا جیهان لێوان‌لێو بوایه له چاكه، چونكه كاتێ كه‌سێك چاكه‌یه‌ك ئه‌نجام ده‌دات بازنه‌ی چاكه به‌رده‌وام فراوان ده‌بێ. واته من چاكه‌یه‌ك ده‌كه‌م له‌به‌رامبه‌ر كه‌سێك ئه‌و كه‌سه‌ش چاكه له‌به‌رامبه‌ر كه‌سێكی دیكه ده‌كات و به‌م شێوه‌یه زنجیره‌ی چاكه‌كان تا كۆتایی به‌رده‌وام ده‌بوو و به تێپه‌رینی كات شتێك نه‌ده‌ما به ناوی خراپه. به پێچه‌وانه‌شه‌وه؛ گه‌ر كارما كاری بكردایه له جیهاندا ده‌بوو ئێستا جیهان لێوان‌لێو بوایه له خراپه چونكه به ئه‌نجامدانی هه‌ر كارێكی خراپ بازنه‌ی خراپه فراوان ده‌بوو و شتێك نه‌ده‌مایه‌وه به ناوی چاكه.
جگه له‌مانه، هه‌ندێ جار ڕووی داوه كه‌سێك چاكه‌یه‌كی ئه‌نجامداوه به‌ڵام دواتر به هۆی هه‌ر هۆكارێكه‌وه چاكه‌كه به خراپه به‌سه‌ریدا شكاوه‌ته‌وه. یان به پێچه‌وانه‌وه كه‌سێك خراپه‌یه‌كی ئه‌نجامداوه به‌ڵام به‌هه‌ر هۆكارێك بووبێ به چاكه به‌سه‌ریدا شكاوه‌ته‌وه. هه‌ندێ كه‌س ده‌ڵێن ئێمه له ژیانی ڕۆژانه‌ماندا ئه‌زموونی كارمامان كردووه و چه‌ندین جار یان زۆر جار هه‌مان ئه‌نجاممان وه‌رگرتووه‌ته‌وه. به‌ڵام (چه‌ندین جار و زۆر جار) نابێته به‌ڵگه بۆ شتێك كه بتوانرێ وه‌ك(یاسایه‌كی گه‌ردوونی)بناسێنرێ. یاسا وه‌ك له ناوه‌كه‌یه‌وه دیاره ده‌بێ هه‌موو جارێك پاش تاقیكردنه‌وه هه‌مان ئه‌نجام به‌ده‌سته‌و بدات. گه‌ر كارما به‌رده‌وام له‌كاردا بێ ده‌بێ (هه‌موو جارێك) هه‌موو كرده‌یه‌ك ئه‌نجامی یه‌كسان هاوشێوه به‌ده‌سته‌وه بدات، به‌ڵام له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا مه‌رج نییه به‌و شێوه‌یه بێ. مێشكی مرۆڤ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هه‌یه كه پێی ده‌وترێ “هه‌ڵبژێره‌ر”. واته له نێوان كۆمه‌ڵێك بژارده ئه‌وه‌ی كه زیاتر له‌گه‌ڵ ژیانی ڕۆژانه‌ی بێته‌وه هه‌ڵی ده‌بژێرێت و ده‌یكاته به‌ڵگه بۆ ئه‌و شته‌ی مه‌به‌ستییه‌تی. بۆ نموونه كه‌سێك پێنج خه‌ون ده‌بینێ، چواریان ناڕوون و پچڕپچڕ و بێمانان و له ده‌رنجامی كۆمه‌ڵێك وێنه و ده‌نگ و ڕه‌نگ و ڕووداوی ڕۆژانه‌وه دروست بووه. به‌ڵام یه‌ك خه‌ونیان له‌گه‌ڵ ڕووداو یان وێنه‌یه‌كی ژیانی واقیعدا دێته‌وه، بۆیه كه‌سه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و تاكه خه‌وه ئه‌نجامگیریی ده‌كات. كۆتا گرفت سه‌باره‌ت به كارما بابه‌تی خراپه و به‌رقه‌راركردنی دادپه‌روه‌رییه.
گه‌ر كارما بۆ ئه‌وه بوونی هه‌یه كه دادپه‌روه‌ریی (هه‌ر له‌م دونیایه‌دا) به‌رقه‌رار بێ، كه‌واته چۆن ده‌توانێ وه‌ڵامێك بێت بۆ ئه‌و سته‌م و چه‌وسانه‌وه و ئازاره‌ی كه ملیۆنه‌ها مرۆڤ له‌م ژیانه‌دا ده‌یچه‌ژن؟ چۆن ده‌توانێ مافی سته‌ملێكراوان (به بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ باوه‌ڕی ژیانه‌كانی پێشوو و داهاتوو)بسه‌نێت؟ بۆ نموونه با سه‌یری مێژوو بكه‌ین؛ ته‌نها له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا 130 ملیۆن كه‌س له جه‌نگه فه‌رمییه‌كاندا كوژروان، جگه له بریندار بوون و كه‌م ئه‌ندامبوونی ده‌یان هه‌زار كه‌س. ئایا كوژرانی 130 ملیۆن كه‌س به هۆی ئه‌وه‌وه بووه له ژیانه‌كانی پێشویاندا كارمای خراپیان كۆ كردبووه‌وه و ده‌بوو به‌م شێوه‌یه باجه‌كه‌ی بده‌ن؟ ئایا هۆلۆكۆستی جووله‌كه‌كان و سوتاندنی شه‌ش سه‌د هه‌زار جووله‌كه به هۆی كارمای خراپی پێشوویانه‌وه بووه؟ ئایا ئه‌نفالكردنی0 18 هه‌زار كه‌س لە كوردستان به هۆی هه‌مان هۆكار بوو؟ گه‌ر بیرۆكه‌ی كارما بۆ سزادان و پاداشتكردنی مرۆڤه‌كانه له پێناو پاك بوونه‌وه،ئه‌ی چۆن سزای كه‌سانێكی وه‌ك “جه‌نگیز خان و ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌كدۆنی و هیتله‌ر و ستالین و مۆسۆلینی و سه‌دام” ده‌درێ كه به‌رپرس بوون له كوشتنی ملیۆنه‌ها مرۆڤ و چۆن دادپه‌روه‌ریی به‌رقه‌رار ده‌كرێ؟
هه‌بوون كه‌سانێك به‌رپرس بوون له كوشتنی ملیۆنه‌ها مرۆڤ و به‌ڵام ڕووبه‌ڕووی سزایه‌كی شایسته نه‌بوونه‌ته‌وه كه یه‌كسان بێ به ڕێژه‌ی تاوانه‌كانیان،چونكه هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و كاره مه‌حاڵه. له ئه‌فریقا 10 ملیۆن منداڵ به ده‌ست نه‌خۆشی ئایدزه‌وه ده‌ناڵێنن و زۆرینه‌یان پاش ئازارچه‌شتنێكی زۆر ده‌مرن؟ چ لۆجیكێك له‌وه‌دایه ملیۆنه‌ها منداڵ ئازار بدرێن له‌به‌رئه‌وه‌ی له ژیانی پێشویاندا تاوان و خراپه‌یان ئه‌نجام داوه؟ له ڕۆژێكدا 24 هه‌زار منداڵ به هۆی برسێتییه‌وه ده‌مرن له سه‌رانسه‌ری جیهاندا؟ ئایا ده‌بوو هه‌موو ئه‌م منداڵانه برسێتی بچه‌ژن و بمرن بۆ ئه‌وه‌ی پاك بنه‌وه؟
له لایه‌كی دیكه‌وه؛ له‌وانه‌یه كه‌سێكی سته‌ملكراو به‌شخوراو پرسیاری لا دروست ببێ و بڵێت: سیاسی و ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵات سته‌مكارن و ده‌یان تاوانیان ئه‌نجام داوه، به‌ڵام بۆچی یاسای كارما ڕێگه‌یان لێ ناگرێت و ئاكامه‌كه‌ی نابینن و ته‌نانه‌ت به‌رده‌وامیش ده‌سه‌ڵات و هه‌یمه‌نه‌یان زیاتر ده‌بێ؟ دیاره ئه‌م پرسیاره پرسیارێكی یه‌ك لایه‌نه‌یه و دیوێكی بابه‌ته‌كه‌یه. كه‌سانی به‌رامبه‌ر كه سیاسی و سه‌ركرده‌كانن لای خۆیانه‌وه پێیان وایه كه‌سانێكی نیشتیمان په‌روه‌رن و ده‌یان ساڵی ژیانیان ته‌رخان كردووه بۆ خه‌بات دژی سته‌م، بۆیه ئێستا مافی خۆیانه خوشگوزه‌ران بن و حوكم بكه‌ن. ئه‌مان به خۆیان ده‌ڵێن:- هه‌موو ژیانمان كردووه‌ته قوربانی بۆ خه‌بات و خزمه‌تكردنی خه‌ڵك و له‌م ڕێگه‌یه‌دا به ئازار و ناڕه‌حه‌تی زۆردا تێپه‌ڕیوین و ئه‌و سیسته‌م و جۆری حوكومڕانییهی بنیاتمان ناوه جوانترین و سه‌ركه‌وتووترین شێوازی حوكمڕانییه. ئیدی به‌م شێوه‌یه هه‌ر یه‌ك له‌م لایه‌نانه له ڕوانگه‌ی سایكۆلۆجیای خۆیانه‌وه بڕیار له سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌ده‌ن و (گه‌ر هۆكارێكی ده‌ره‌كی واقعیی نه‌بێ ئه‌م بابه‌ته یه‌كلایی بكاته‌وه)ژیان به پێی تێڕوانینی سایكۆلۆجی هه‌ریه‌كه له‌م دوولایه‌نه به‌رده‌وام ده‌بێ. به‌ده‌ر له‌وه‌ی چاكه و خراپه چییه، كاتێ مرۆڤ “پێی وایه” كارێكی چاكی ئەنجام داوە،ده‌روونی ئاسوده ده‌بێ. كاتێكیش كه‌سێك پێی وایه كارێكی خراپی ئەنجام داوە، ده‌رونیی نائاسوده ده‌بێ. به‌ڵام كردنی ئه‌م هه‌سته ده‌رونییانه به یاسای گه‌ردونیی یان یاسای ژیان كارێكی دروست نییه. به‌و پێیه‌ی زۆرینه‌ی مرۆڤه‌كان بوونه‌وه‌رگه‌لێكی غه‌ریزیی-سایكۆلۆجین، بۆیه له‌وانه‌یه گونجاوتر و دروستتر بێ بڵێین: كارما یاسایه‌كی سایكۆلۆجیی_کۆمەڵایەتییە نه‌ك گه‌ردوونی.
نوسین و ئامادەكردنی؛ دانا موحەمەد حسێن