چەند ڕۆژێکە، مانشێتێکی سەرەکیی میدیاکان دەڵێت:
جیهان چاوەڕێی وتەکەی ڕۆژی هەینیی جیرۆم پاوەل دەکات.
داڕووخانی دارایی ساڵی ٢٠٠٨ یەکێک لە هۆکارەکانی دۆڕاندنی جۆن مەکەین بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو ساڵەی ئەمریکادا. دەگوترێت، قەیرانی ئابووریی پاش یەکەمین جەنگی جیهانیی کە بە سێ شەممەی ڕەش ناسراوە، هۆی سەرەکی ڕووخانی کۆماری ڤایمار و سەرکەوتنی هیتلەر و هەڵگیرساندنی دوەمیین جەنگی جیهانیی بوو. سەرەتای ئەم مانگەش شڵەژانێکی کتوپڕ لە بازاڕی بۆرسەی دا و جیهانی خستە بەردەم قەیرانێکی ئابووریی ترسناکەوە. هەر لەم هەفتەیەدا بەشێوەیەکی کتوپڕ، نرخی یۆرۆ و پاوەنی ئینگلیزی و زێڕ بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بەرز بوونەوە.
ئا لەم ئان و ساتەدا لە ویلایەتی وایۆمینگ، ئەمڕۆ کۆنگرەی ساڵانەی جاکسن هۆڵ دەست پێدەکات و سێ ڕۆژ دەخایەنێت، کە بڕیارە لە دوەمین ڕۆژیدا جیرۆم پاوەل گوتارەکەی پێشکەش بکات. ئەم کۆنگرەیە چیە؟ جیرۆم پاوەل کێیە کە دۆناڵد ترامپ بەوە وەسفی دەکات کە لە سەرۆکی چین زیاتر دوژمنی ئەمریکایە، و بەشێکی چاودێران بە بەهێزترین پیاوی جیهانی دەزانن؟ زۆر بە کورتی جیرۆم پاوەل سەرۆکی (ئەنجومەنی پارێزگارانی یەدەکی فیدرالیی) ئەمریکایە. ئەم دەزگایەش کە هاوتای بانقە ناوەندییەکانی وڵاتانی دیکەیە، بەشێکە لە پێکهاتەیەکی چەند دەزگایی یەکجار ئاڵۆز، کە پێکەوە سیستەمی دارایی و بانقیی ئەمریکا پێک دەهێنن. بەگەڕانەوەش بۆ یەکەمین پرسیاری ئەم بڕگەیە، کۆنگرەی جاکسن هۆڵ، کۆنگرەیەکی ساڵانەیە کە سەرۆکی بانقە ناوەندییەکانی جیهان و سەرکردە و ڕابەرە دارایی و ئابوورییەکانی جیهان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ کۆ دەبنەوە، بۆ بڕیاردان لە سیاسەتی دارایی و نەختینەیی جیهان.
ئاشکراشە کە دۆخی ئابووریی جیهان بە قۆناغێکی ئاڵۆز و سەخت و ناجێگیریدا تێدەپەڕێت. هێشتا لێکەوتەکانی کۆرۆنا و داخستنی جیهان بەیەکجارەکیی لەناو نەچوون، نرخی نەوت نیگەرانییەکی زۆری ناوەتەوە و ڕۆڵی ئۆپێک پڵەسیش هێندەی تر ئاڵۆزی کردوە. جەنگی ئۆکرانیا بەدیوێکیدا جەنگێکی ئابوورییە و بەتایبەتیش لە بواری وزەدا. سەرباری هەموو ئەمانەش جەنگی غەزە جیهان لەگەڵ هەڵچوون و مەترسیی لەدەستدەرچوونی سنووری جەنگەکە و گۆڕانی بە جەنگێکی ئیقلیمیی یان تەنانەت جیهانییش، بەتایبەتییش ئەگەر لەگەڵ هەڵچوونەکانی بەرەکانی ڕووسیا – ئۆکرانیادا یەکانگیر ببن. کێشەیەکی دیکەی ئەم هەموو خاڵی وەرچەرخانە چاوەڕوانکراوانە ئەوەیە کە لە کۆتا هەفتەکانی ویلایەتی بایدنە کە خۆی کاندید ناکاتەوە و خەمییەتی کاندیدی حیزبەکەی ببێتە سەرۆک، و دۆناڵد ترامپ کە تەماعی چوونەوە کۆشکی سپی هەیە و بەئەجیندا و لێدوانی ترسناکی (ترامپیست)ییەوە هاتۆتەوە مەیدان. یەکێک لە هەڕەشەکانیشی لەسەرکار لادانی جیرۆم پاوەلە. بەڵام داخۆ دەتوانێت ئەم هەڕەشەیەی جێبەجێ بکات؟
گومان لەوەدا نیە کە هاوشێوەی ساڵی ٢٠٠٨ دەرەنجام و بڕیارەکانی کۆنگرەی ئەمجارەی جاکسن هۆڵ کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنەکانی پایزی ئەمساڵی ئەمریکا دەبێت. هەر ئەمەش هۆیەکی دیکەیە کە پێویستە وامان لێ بکات زیاتر بایەخ بە کۆنگرە و دەرەنجامەکانی بدەین. بەگەڕانەوە بۆ وەڵامی پرسیارەکەمان، دۆناڵد ترامپ ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، نەک هەر ناتوانێت جیرۆم پاوەل لە پۆستەکەی لابدات، بەڵکو لەسەردەمی ویلایەتی یەکەمیدا بۆ چەندین جار لەگەڵ ئەم پیاوەدا کەوتە کێشە و ململانێوە و هەر ئەو کاتەش هەڕەشەی لەسەرکارلادانی کرد بەڵام بۆی نەکرا، نەک هەر ئەمە، بگرە ترامپ پێشتر هەڕەشەی لابردنی جانێت یەلینی سەرۆکی پێشووی ئەم دەزگایەی کردبوو، کە تاکە ژنە سەرۆکایەتیی وەرگرتبێت، بەڵام شکستی هێنا و نەیتوانی لایبدات تاکو ویلایەتەکەی لە ساڵی ٢٠١٨ کۆتایی هات. جانێت یەلین ئێستا وەزیری خەزانەی ئەمریکایە.
ئەوەی دەبێ لێرەدا سەرنجی بۆ ڕابکێشین ئەوەی کە نەک هەر دۆناڵد ترامپ کە کاراکتەرێکی سەیروسەمەرەی هەیە، تاکە سەرۆک و یەکەمین کەس نیە هەڕەشەی گۆڕین، یان لەسەرکارلادانی سەرۆکی ئەم دەزگایەی کردبێت. جۆن کەنەدیی لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا، داوای لە سەرۆکی هەموو دەزگا سەربەخۆکانی ئەمریکا کرد دەست لەکار بکێشنەوە، تاکە سەرۆکێک کە ئەم داوایە نەیگرتەوە، سەرۆکی یەدەکیی ئەمریکا بوو، کە ئەو دەمە ویلیەم مارتن بوو، کە دواتر لیندن جۆنسن کە یەکێکە لە سەرۆکە بەهێزەکانی مێژووی ئەمریکاش لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا هەوڵیدا لەسەر کار لایبدات، بەڵام شکستی هێنا. لەگەڵ هەموو ئەمەشدا لایەنێکی یەکجار ترسناکیش هەیە کە زۆر ڕەچاو ناکرێت: وەک چۆن سیاسەت و بڕیارەکانی بانقی یەدەکی فیدرالیی و بە گشتییش دۆخی ئابووریی و دارایی کاریگەریی زۆریان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا هەیە، ئەوا پێچەوانەکەشی ڕاستە و کاراکتەری سەرۆکیش کاریگەریی لەسەر دۆخی ئابووریی و دارایی ئەمریکا دەبێت.
مەترسیی گەورە لە دوو خاڵدا کورت دەکەمەوە:
یەکەم، بچووکترین هەڵامەت کە تووشی ئابووریی و سیستەمی دارایی ئەمریکا ببێت ئەوا لایەکی ئابووری جیهان ڕەوانەی نەخۆشخانە و لەوانەشە بەشێکی ڕەوانەی مەرگ و گۆڕستان (ئیفلاس) بکات.
دووەم: دۆناڵ ترامپ نە جۆن کەنەدی و نە لیندن جۆنسن و تەنانەت سەرۆکێکە وەک دەڵێن “لە سەرۆکی ئۆمەتی موحەمەد ناچێت”، ڕاستە ترامپ ناتوانێت تا کۆتایی ویلایەتەکەی، واتا ٢٠٢٦ جیرۆم پاوەل لابدات، تەنانەت ئەگەر حەماقەتێکی لەم جۆرەش بکات، ئەوا هەر ناتوانێت دەسەڵات و کاریگەرییەکانی کەم بکاتەوە، بەڵام هەر بۆ خۆی ململانێ و گرژییەکی لەمجۆرە لەوانەیە سەرلەبەری ئابووریی ئەمریکا و جیهان بخاتە بەردەم دۆخێکی وا ترسناکەوە کە هاوەشێوەی سەدەی پێشوو هەر خۆی ببێتە مایەی هەگیرسانی جەنگێکی جیهانیی نوێ، بەتایبەتیش کە بەرە بەرە نزیک دەبینەوە لەیادی سەد ساڵەی قەیرانە کەورەکەی (سێ شەممەی ڕەش). ئەم مەترسییە زیاتر بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە لەوە تێبگەین کە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان تایبەتە بە ئاستی سەربەخۆیی سیستەمی ئابووریی ئەمریکا بە گشتیی و سەربەخۆیی سیستەمی بانقی و دارایی ئەمریکاوە.
بۆ وەڵامی ئەو خاڵە ناڕوونەی لە بڕگەی پێشوودا هاتوە و باس لەوە دەکات کە تەنانەت ئەگەر ترامپ حەماقەتێک بکات و جیرمی پاوەل لە پۆستەکەی لابدات، ناچارین پەنا بەرینەوە بەر نموونەیەکی ترامپ خۆی. ساڵی ٢٠١٩ ترامپ هەڕەشە و هەوڵی لەسەرکارلادانی پاوەلی کرد، بەڵام ئەو کاتە باس لەوە دەکرا کە کۆمیتەی فیدرالی بازاڕی کراوەی ناسراو بە (FOMC)، جیرمی پاوەل وەک سەرۆکی خۆی هەڵدبژێرێت. بۆ تێگەیشتن لەم مانۆڕە، پێویستە زۆر بە کورتیی باس لەم کۆمیتەیە و پێکهاتە ڕۆڵەکانی بکەین.
سیستەمی بانقیی و دارایی ئەمریکا، وەک گوتمان ئاڵۆزە و پێک دێت لە سێ دەزگای جیاواز کە لە ژێر ناو و چەتری (سیستەمی یەدەکیی ئەمریکا) (Fedral Reserve System) کار دەکەن کە بریتیین لە:
- ئەنجومەنی پارێزگاران یەدەکی فیدرالی (Fedral Reserve Board of Governors) کە لەسەرەتاوە باسمان کرد و لەحەوت کەس پێک دێت کە تەنها یەک ویلایەتی چواردە ساڵیی کارکردنیان هەیە، و یەکێکیان سەرۆک و یەکێکی دیی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنەکەیە، ئێستا جیروم پاوەل سەرۆکە. سەرباری ڕۆڵە گەورەکانی هێشتاش ناتوانێت بڕیاری کۆتایی لە بەرزکردنەوە و دابەزاندنی نرخی سوودی بانقەکان بدات.
- بانقە یەدەکییە فیدرالییەکانی ئەمریکا (Fedral Reserve Banks): هەموو ئەمریکا دابەش کراوە بەسەر دوازدە بانقی فیدرالییدا. ئەم بانقانە ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لە دانانی سیاسەتی نەختینەی ئەمریکا، بەڵام ئەم بانقانەش ناتوانن بڕیار لە بەرزکردنەوە، یان دابەزاندنی نرخی سوودی بانقەکان بکەن.
- کۆمیتەی فیدرالی بازاڕی کراوە (Fedral Open Market Committee) (FOMC): پێک دێت دوازدە کەس، کە حەوتیان بریتیین لە سەرۆک و جێگر و ئەندامانی ئەنجومەنی پاڕێزگارانی یەدەکی فیدرالی، و سەرۆکی پێنج لە دوازدە بانقە فیدرالیەی لەخاڵی پێشوودا باسمان کرد، کە چواریان ساڵانە دەگۆڕێن و شوێن بۆ سەرۆکی بانقێکی فیدرالیی ناوچەیەکی دیکە چۆڵ دەکەن، پێنجەمەکەشیان هەمیشەییە کە سەرۆکی بانقی فیدرالییە لە نیویۆرک. ئەم کۆمیتەیە ساڵانە هەشت جار کۆ دەبێتەوە، هەر ئەویشە کە بڕیاری کۆتایی لە بەرزکردنەوە، یان دابەزاندن، یان تەنانەت هێشتنەوەی نرخی سوودی بانقەکانی دەدات. ئەم کۆمیتەیە بۆی هەیە خۆی سەرۆکێک هەڵببژێرێت، بەڵام وا ڕاهاتوون کە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاران کە ئێستا جیرمی پاوەلە هەر خۆشی سەرۆکی ئەم کۆمیتەیە بێت.
ساڵی ٢٠١٩، کە ترامپ هەڕەشەی لەسەرکارلادانی جیرمی پاوەل کرد، ئەم کۆمیتەیە باسیان لەوە کرد کە ئەگەر ترامپ هەڕەشەکەی جێبەجێ بکات، ئەوا ئەندامانی کۆمیتە جیرمی پاوەل وەک سەرۆکی کۆمیتەی فیدرالی بازاڕی کراوە (FOMC) هەڵدەبژێرن و بەمەش سەرلەبەری بڕیاردان لە نرخی سوودی بانقەکان کە بە درێژایی مێژووی ململانێی سەرۆکەکانی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکی سیستەمی بانقی و دارایی ئەمریکادا کێشەی هەرە سەرەکیی بوە، دەگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی جیرمی پاوەل بەمەش ترامپ دوچاری شکستێکی یەکجار گەورە دەبوو، هەربۆیە هەڕەشەکەی جێبەجێ نەکرد.
بەگەڕانەوە بۆ کۆنگرەکەی ئەمڕۆی جاکسن هۆڵ کە سێ ڕیژ دەخایەنێت، و جیهان چاوەڕێی گوتارەکەی جیرمی پاوەل دەکات، بەهۆی ئەوەوەیە کە پاوەل تێیدا بڕیاری کۆتایی نرخی سوودی بانقەکانی ئەمریکا ڕادەگەیەنێت.
وەک بینیمان ئەم کۆنگرەیە چەند گرنگ و کاریگەرە لەسەر نەک هەموو جیهان، بگرە لەسەر ئاستی بژێویی خەڵکیش، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە کە لەکاتێکدا پسپۆڕ و میدیاکانی دەوربەری ئێمە و جیهان و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەبەردەوامیی سەرگەرمی ئەم کۆنگرەیە و ئەگەر لێکەوتەکانی دەکەن، لای خۆمان ئەم باسە وەک نەبوو وایە. لێرەوە داوا لە دەزگا و ڕێکخراوە ئابووریی و داراییەکان و حکومەتی هەرێم دەکەم بایەخی پێویست بەم کۆنگرەیە و لێکەوتەکانی بدەن. هەروەها داواش دەکەم میدیای ئێمە بەدرێژایی ڕۆژانی کۆنگرە و دواتریش کاتی تەواو بۆ کۆنگرە و لێکەوتەکانی تەرخان بکەن. لێرەشدا پێویستە بڵێین پێویستە کەڵک شارەزا و پسپۆڕانی بیانیی وەربگرن، بەڵام ئەمە بەو واتایە نیە کە ئێمەی کورد پسپۆڕ و شارەزای لێهاتووی ئەم بوارە زانستیی و گرنگەمان نیە، تەنها ئەوەیە کە میدیاکان لەسەر بنەمای لێهاتوویی میوانەکانی دیاریی بکات، نەک پێورەکانی تر.