- لەم دواییەدا نوێترین کۆچیرۆکتم بەناوی ” After The Quakeخوێندەوە، سەرسامبووم جیاواز لە باڵندەی زەنبەرک یان کۆتایی جیهان…هتد وەک Norywegian Wood بە ئازادانە شێوەیەکی ڕیاڵیستیت پەیڕەوکردبوو. ئایا جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان ئەم دوو شێوازەدا هەیە؟
+ شێوازی من – یاخوود پێم وایە شێوازی من بێت- زۆر لە سەیروسەمەرە هەڵواسرەکانی زەوییەوە نزیکە. خودی خۆم کەیفم بە ڕیاڵیست نایەت، بەڵکە سڕیاڵیم پێ باشترە. بەڵام Norwegian Woodلێوڕێژە لە ڕیاڵیستی، پێویستبوو ئەزموونی ئەو شێوازە بکەم.
- بەشێوەیەکی ئەزموونکاری لەو کتێبە دەڕوانی؟ یاخود چیرۆکێکت بۆ گێڕانەوە هەبوو. باشترین شێوازیش بۆ گێڕانەوەی شێوازی ڕیاڵیستی بوو؟
+ ئەگەر هەر لەسەر نووسینی ڕۆمانی سریاڵی بمامایەتەوە ئەوا دەبووم بە نووسەرێکی مەزهەبی، بەڵام دەمویست ئەو ڕێچکەیە بشکێنم و توانای خۆم لە نووسینی ڕۆمانی ڕیاڵیستی بسەلمێنم، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئەو ڕۆمانەم نووسی. هەروەک ئەوەی چاوەڕێشم دەکرد بوو بە پڕفرۆشترین کتێب لە یاباندا.
- کەوایە بڕیارێکی ستراتیژی بوو؟
+ دروستە زۆرێک لە خەڵکی بە ئاسان خوێندنەوە لە Norwegian Wood دەڕوانن و لێی تێدەگەن، هەر ئەمەش وایلێکردن بە پەرۆش بن بۆ کارەکانی دیکەم.
- کەوایە خوێنەرانی یابانیش وەک ئەمریکییەکان بەدوای شتی ئاسانەوەن؟
+ کۆتا کتێبم بەناوی “کافکا لە کەنار دەریا” سێسەد هەزار چاپی لێ فرۆشرا، وەکو خۆت ئاگاداری لە دوو توێی دوو بەرگیشدا بوو. سەرسامبووم بەڕێژەی فرۆشتنەکان، چوون شتێکی هەروا ئاسان نییە. چیرۆکێکی ئاڵۆز و دوژارە تا کۆتایی بەردەوام بیت لەسەری، بەڵام شێوازی گێڕانەوەم شێوازێکی ئاسانبوو. لەنێو ئەم دوو جیهانەدا جۆرێک هاوسەنگی جادوویی هەست پێدەکرێت، لەوانەیە هەر ئەمەش هۆکاری سەرکەوتنم بووبێت. باوەڕپێنەکراوە سێ چوار ساڵ جارێک بنووسم و خەڵکی بۆ کارەکانم بەپەرۆش بن. جارێک لەگەڵ جۆن ئەفرینگ لە گەرمەی قسەکردندا بووین. وتی: خوێندنەوەی کتێبی باش وەک ماددەی هۆشبەر وایە، کاتێک ئالوودەی دەبن هەمیشە بەدوایەوەن.
- دەتەوێت خوێنەرەکانت ئالوودەبن؟
+ جۆن ئیرفینگ وایوت.
- هەڵبژاردنی دەنگێکی سەربووردەیی و ئاسان خوێندنەوە، یان ناوەڕۆکێکی ئاڵۆز. ئایا بژاردەیەکی ئاگایانەیە؟
نا، وانییە. کاتێک دەست بە نووسین دەکەم پلانێکی دیاریکراوم نییە، بەڵکە تەنها چاوەڕێ دەکەم چیرۆکەکە خۆی بێت. نەجۆری چیرۆک نە ئەوەی کە دەشبێت چی ڕووبدات دیاری ناکەم، تەنها چاوەڕێ دەکەم. Norywegian woodلەبەرئەوەی هەرخۆی بڕیارمدابوو لێوڕێژبێت لە ڕیاڵیستی، جیاواز بووم بۆم. بەڵام هەر لەسەرەتاوە ناتوانم بڕیاربدەم چ جۆرە چیرۆکێک بنووسم.
- لەتەمەنی چەند ساڵیدا بوویت بە نووسەر؟ ئایا وەک هەژەندێک وابوو بۆت؟
+ ئەو وەخت ٢٩ ساڵ بووم. بەڵێ، وەکو هەژەندێک وابوو بۆم، بەڵام هەر زوو لێی ڕاهاتم.
- هەر زوو؟ هەر لەیەکەم ڕۆژەوە هەستت بە ئاسوودەیی کرد؟
بۆ یەکەمین جار کە دەستم بە نووسین کرد، لەسەر مێزی ناندینەکە و کاتیش خۆی لە نیوەشەو لادابوو. دە مانگی ویست تاوەکو کتێبی یەکەمم تەواو بکەم. ناردم بۆ وەشانخانە و خەڵاتێکیشم بردەوە، وەکو خەونێک وابوو، سەرسامبووم بە ڕوودانی. ئیتر بەمشێوەیە ڕوویدا و ئێستاش وا نووسەرم. بۆ نا؟ هەر بەم ساددەییە بوو.
- کێ ڕابەرت بوو؟ لە ئەدەبی یابانیدا کێ زۆر کاریگەری لەسەر داناوی؟
لە منداڵی و هەرزەکاریمدا کێبی یابانیم زۆر نەخوێندووەتەوە، چوون هەستمدەکرد کولتوورێکی ئاڵۆز و بێزارکەرە، دەمویست هەرچی زووە هەڵبێم لێی.
- باوکت قوتابخانەیەک نەبوو بۆ ئەدەبی یابانی؟
دروست وایە، هەر بۆیە پەیوەندی نێوان باوک و کوڕ ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو. ڕوومکردە کولتووری ڕۆژاوا، وەک میوزیکی جاز، دۆستۆیڤسکی، کافکا و ڕیمۆند چاندلەر، ئەمە جیهانە تایبەتەکەی من و خەونی من بوو. هێزی ڕۆمان لەوەدایە هەر کوێیەکت بوێت دەتوانی بۆی بڕۆیت، ئەگەر بمەوێت دەتوانم بڕۆم بۆ سان پترسبۆرگ یان خۆراوای هۆڵیوود. ئێستا گەشتکردن بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان یان هەر جێیەکی دیکەی ئەم جیهانە ئاسانە، بەڵام لە شەستەکان ئەستەم بوو. هەر بۆیە لەڕێگەی خوێندنەوە و گوێ ڕاگرتن لە میوزیک گەشتم کرد، جۆرێک لە دۆخی دەروونی بوو، هەروەک خەونێک وابوو.
- هەر ئەمەشە وایلێکردی لە قۆناغێک لە قۆناغەکان دەست بە نووسین بکەی؟
+ ڕێک وایە، لە پڕێکدا لە ٢٩ ساڵی دەستم دا بە نووسین، لەبەرئەوەی هیچ شتێکم لە ئەدەبی یابانی نەخوێند بوو نەمدەزانی چۆن بنووسم. شێواز، پەیکەر و هەموو شتێکم لەو کتێبە ئەمریکی خۆراواییانەی کە خوێندبوومەوە دەهێنا و دەرئەنجام شێوازی تایبەتی خۆمم دروستکرد.
- هیچ هاوڕێیەکی نووسەرت هەبوو؟
+ هیچ کەس.
- بەتێپەڕبوونی کات هیج کەسێکت بینی ببێتە هاوڕێت یان هاوبوارت؟
نا، هەرگیز.
- تاوەکو ئەمڕۆ هیچ نووسەرێک هاوڕێت نییە؟
+ نا، پێم وانییە.
هیچ نووسەرێک لە یابان هەیە بیان خوێنیتەوە و چێژیان لێ ببینی؟
بەڵێ، هەندێک هەن، ڕیۆ مۆراکامی لەگەڵ هەندێک لە بەرهەمەکانی بەنانا یۆشیمۆتۆ. بەڵام نە ڕەخنە نە سەرەنجێکیش نانووسم.
- دەمەوێت پرسیارەی کەسایەتییەکانت لێ بکەم. تا چ ڕادەیەک کەسایەتییەکانت لە ڕاستییەوەن؟ گرنگە ژیانێکی جێگیریان هەبێت؟
+ کاتێک کەسایەتییەکان دەئافرێنم، کەیفم بەوە دێت کە لە ژیانی ڕاستەقینەدا لێیان ڕابمێنم. حەزم لە زۆر بڵێی نییە، بەڵکە بۆ بیستنی چیرۆکی ئەوان لاپرەسەنم. بڕیارنادەم چ جۆرە مرۆڤکێن، تەنها کێشکی ئەوە دەدەم بزانم هەستەکانیان چۆنە و بۆ کوێ دەڕۆن، لەم شتێک و لەو شتێک کۆدەکەمەوە. نازانم “واقعی” بێت یان “ناواقعی” بەڵام کەسایەتییەکانم بەلامەوە زۆر لە کەسانی ڕاستەقینە واقعیترن. ماوەی شەش حەوت مانگ لە ناخمدا دەژین.
- پێشتر ناوی گارسیا مارکیز و کافکات بە نووسەری ئەدەبی هێنا. بەلایەنی کارەکانی خۆتەوە. خۆت بە نووسەرێکی ئەدەبی لە قەڵەم نادەیت؟
+ من نووسەرێکی هاوچەرخم، ئەمەش زۆر جیاوازە. ئەو دەمی کافکا دەینووسی جگە لە شانۆیی، میوزیک و کتێب هیچ شتێکی دیکە نەبوو، ئەمما ئێستا ئینتەرنێت، فیلم و چەندان شتی دیکە بەردەستن، ڕکابەرەکانمان زیادی کردووە. کێشە بنەڕەتییەکە بریتییە لە کات: لە سەدەی نۆزدەدا، خەڵکانێکی زۆر کاتی خۆیان لە خوێندنەوەی کتێبە گەورەکاندا بەسەر دەبرد، دەڕۆشتن بۆئۆپێرا و سێ چوار کاتژمێریان لەوێ بەسەردەبرد. زۆرباشە کە مۆبی دیک و دۆستۆیڤسکی بخوێنینەوە، بەڵام ئێستا خەڵکی زۆر مەشغوڵن. بۆیە ئەدەب زۆر گۆڕاوە و دەبێت ملی خەڵک بگرین و ڕایانبکێشین.
- دەمویست لەبارەی وەرگێڕانی کتێبەکانتەوە پرسیارت لێبکەم. بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی خۆت وەرگێڕی، دەبێت ئاگاداری ئەم سەرکەشییەش بیت. چۆن وەرگێڕەکانت هەڵدەبژێری؟
+ سێ وەرگێڕم هەیە: ئەلفرێد بیرنیۆم، فیلیپ گابرێڵ، جەی ڕۆبن. بەپێی یاساش ” کێ زووتر هات، ئەو کەسە دەیبات”. ئێمە هاوڕێین و ئەوان زۆر ڕاستگۆن. کتێبەکانم دەخوێننەوە و ختوورەی ئەوەی ئەم کارە باشە بە مێشکی یەکێکیاندا هاتووچۆ دەکات. بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی خۆشم وەرگێڕم، دەزانم کە بەشی سەرەکی لە وەرگێڕاندا بریتییە لە تامەزرۆبوون. ئەگەر وەرگێڕێکی باش بیت و چاوت بە کتێبدا هەڵنەیەت، ئەوکات دەبێتە کۆتایی چیرۆکەکە. وەرگێڕان کارێکی تاقەت پڕوکێنە و کاتی دەوێت.
- چۆن هاوکاری وەرگێڕەکان دەکەی؟ پڕۆسەکە چۆن بەڕێوەدەچێت؟
+ کاتێک وەرگێڕان دەکەن پرسیاری زۆرم لێدەکەن، کاتێکیش دەستنووسی یەکەم تەواو دەکەن دەیانخوێنمەوە، هەندێک جار پێشنیاریشیان بۆ دەکەم. چاپە ئینگلیزییەکەم زۆر گرنگە، چون هەندێک وڵاتی وەک کرواتیا و سلۆڤینیا لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕان دەکەن نەک لە زمانی یابانییەوە، هەر بۆیە دەبێت زۆر ڕێک بێت. لە هەندێک وڵاتیش ڕاستەوخۆ لە زمانی یابانییەوە وەرگێڕان دەکەن.
- وادەردەکەوێت حەزت بە وەرگێڕانی کتێبە ڕیاڵیستییەکانە، وەک : کارفەر فیتزجیڕاڵد. وەکو خوێنەرێک ئایا ئەمە پێچەوانەی ئارەزووی خۆتە، یان بەسوودە بۆ نووسینەکانت؟
+ هەموو ئەو کتێبە ڕیالیستییانەی وەرمگێڕاون شتێکیان وتووە و شتێکیان لێوە فێربووم، هەرخۆی ئەمەش خاڵە جەوهەرییەکەیە. وەرگێڕانیان خوێندنەوەیەکی چڕی دەوێت و هەر ئەمەش وادەکات نهێنییەکانیان ئاشکرا ببێت لام. ئەگەر وەرگێڕان بۆ دۆن دیلیلۆ، جۆن بارس یان تۆماس بینشۆن بکەم، بەریەککەوتن ڕوودەدات، شێتی دەکەوێتە بەرانبەر شێتی. من حەزم بە کارەکانیانە، بەڵام بۆ وەرگێڕان کتێبی ڕیاڵیستی هەڵدەبژێرم
https://www.google.com/url?sa=t&source=web&rct=j&opi=89978449&url=https://hekmah.org/%25D8%25AD%25D9%2588%25D8%25A7%25D8%25B1-%25D9%2587%25D8%25A7%25D8%25B1%25D9%2588%25D9%2583%25D9%258A-%25D9%2585%25D9%2588%25D8%25B1%25D8%25A7%25D9%2583%25D8%25A7%25D9%2585%25D9%258A/&ved=2ahUKEwj31buAjeiHAxWLR_EDHU3iKCgQFnoECA8QAQ&usg=AOvVaw12kKGDGoAk3fgCZ-mR6Ouo
وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد