پرسیار زۆرە لە خۆمان و حزبە كوردستانییەكان و سیاسەتمەدار و بەرێوەبەرانی ئیدارەی هەرێمی كوردستانی بكەین، ئایا فیدراڵی لە سیستمەكانی لامەركەزی و حوكمی زاتی باڵاتر و فراواتر و دابینكەری زیاتری مافەكان نییە؟ كە ئێمەی كورد لە ساڵی 1992 وەوە ئەم دروشمەمان بەرزكردۆتەوە و لە 2005 لە دەستوری ئێراقیداچەسپاو هەتا ئێستە وا بەناو هەیە و ئێمەیش گۆرانی بە باڵایدا دەڵێین و بڕگەیەكیشی لێ جێبەجێ نەكراوە ماددەی 140 بۆنمونە.
ئێمە پێشتر لامەركەزی و حوكی زاتیمان لە شەستەكان و حەفتاكاندا تاقیكردبوەوە بۆیە ئێستا دەبینین ئەم ناوە زەبەلاحەی فیدراڵی دەبوو لێوانلێوبێت لە ئازادی و ماف و قەرەبووكردنەوەی هەڵەبجە و ئەنفال و ئاوەدانكرنەوە ی كوردستان و شەریكبوون لە دەوڵەتی ئێراقدا، بەڵام وا دەبینین زووخاوی پێ هەڵهێناینەوە، لە قاڵبیان داین و لە رەگەوە وشكیان كردین، هەیبەت و قورساییان بۆ نەهێشتوینەوە، هیواو ئومێدەكانیان لە باربردین، لە بڕیاردان و نەوت فرۆشتن وخۆ بەرێوەبردنەوە گەیاندینیانە موحاسەبەكردن و پاڕانەوە و داواكردن وپەنابردن بۆ دادگا، دەسەڵاتەكانمان هیندە بچوك كراوەتەوە خۆمان ناناسینەوە.
ساڵی 1970 كە كورد حوكمی زاتی وەرگرت كەی وەك ئێستا لاواز و بێدەسەڵات بوین ئەوەتا لەژێر سێبەری فیدراڵیەتدا هێواش هێواش پەڕوباڵمان لێدەكرێتەوە، كوردستانیان مین رێژكردووە هەر جارەی بە بیانویەك لوغمێك ئەتەقیننەوە دەسەڵاتەكانمان قووت ئەدەن و هەموو بڕیارەكان ئەكرێت بە مەركەزی، ئێمەیش قاوغەكەمان ئەمێنێتەوە.
قسەیەكی باو هەیە دەڵێت ( هەنگاوێگ بۆ پێشەوە دوو هەنگاو بۆ دوواوە ) وا ئێمە لە 2005 وە هەر هەنگاو بۆ دواوە ئەنێین و گوڕم دەبەستینەوە تا هەنگاوێك بۆ پێشەوە بنێین هەر نەبوو ئیتر بزانین هەنگاوە كەی دەبێت؟