“ڕەهەندەكانی چەمكی جوگرافیای سیاسی”
“دەستپێك”
جوگرافیا یه‌كێكه له‌و بابه‌تانه‌ی جێپه‌نجه‌ی له سه‌ر زۆر كایه‌ی جیاواز به‌جێ هێشتووه، ته‌واو له مانا كلاسیكییه‌كه‌ی ده‌رچووه كه له چه‌ند بابه‌تێكی وه‌ك “باكوور و باشوور و پله‌ی گه‌رمی و…هتد”ی ته‌سكدا قهتیسكراوه. جوگرافیاش دابه‌ش بووه بۆ دوو لقی سه‌ره‌كی “سروشتی و مرۆیی”. جوگرافیای سیاسی یه‌كێكه له هێڵه سه‌ربه‌خۆكانی جوگرافیای مرۆیی، كه لێكۆڵینه‌وه ده‌كات له تایبه‌تمه‌ندییه سروشتی و مرۆییه‌كانی ده‌وڵه‌ت و یه‌كه سیاسییه‌كان. وه‌لێ هه‌ندێك له زانایان چه‌مكی جوگرافیای سیاسی به وه‌سفی ده‌وڵه‌ت وێنا ده‌كه‌ن. ڕه‌نگه ئه‌م چه‌مكه مێژوویه‌كی دێرینی هه‌بێت وه‌كوو بوون، ئه‌مما له واقیعدا جوگرافیزانی ئه‌ڵمانی “فریدریك ڕاتزل” ڕوحی به به‌ر جوگرافیای سیاسی‌دا كرد كاتێك بۆ یه‌كه‌م جار كتێبی “جوگرافیای سیاسی”ی بڵاو كرده‌وه، ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌ك بۆ تیۆریزه‌كردنی بابه‌تی جوگرافیای سیاسی و كردنی به بابه‌تێكی زانستیی سه‌ربه‌خۆ.
“زاراوه‌ی جوگرافیای سیاسی”
به دیاریكراوی جوگرافیای سیاسی به‌شێكه له به‌شه‌كانی جوگرافیا، له ساڵانی دواتردا له سه‌ده‌ی نۆزده به‌دواوه وه‌ك كاره‌كته‌رێكی سه‌ربه‌خۆ گه‌شه‌ی كرد. به شێوه‌یه‌كی گشتی له هۆكاره كاریگه‌ره‌كانی پێشكه‌وتنی ئه‌م زانسته، هاتنه‌كایه‌ی قۆناغه‌كانی دۆزینه‌وه جوگرافییه‌كان و گۆڕانكاری له بیری جوگرافیا بوو1، وه‌لێ جوگرافیای سیاسی له بنه‌ڕه‌تدا لقێكه له جوگرافیای مرۆیی، یه‌كێكه له چوار لقه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی “سیاسی، ئابووری، نیشته‌جێبوون، دانیشتووان”. ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌ر به‌شێكی تری جوگرافیای مرۆیی دابه‌ش بووه به‌سه‌ر چه‌ند به‌شێكی تایبه‌تدا وه‌ك “جوگرافیای سه‌ربازی و جوگرافیای هه‌ڵبژاردنه‌كان”. هه‌روه‌ك لقه‌كانی تری جوگرافیا، ئه‌مه‌ش بایه‌خ ده‌دات به دیارده جێگهییهكان و ئه‌و په‌یوه‌ندی و كارلێكه‌ی كه له نێوانیاندا هه‌یه و په‌یدا ده‌بێت، به‌و كارلێكه‌ی له‌گه‌ڵ دیارده مرۆییه سیاسییه‌كاندا دیارده‌ی سیاسیی ههمهجۆر و جیاواز سه‌ر هه‌ڵده‌دات ده‌خوازێت لێیان تێبگه‌ین2. ئه‌گه‌رچی زاراوه‌ی جوگرافیای سیاسی له دوو وشه‌ی لێكدراو پێك هاتووه، یه‌كه‌میان وشه‌ی “geography” كه له زمانی یۆنانییه‌وه وه‌رگیراوه. خودی وشه‌كه له دوو به‌ش پێك دێت، یه‌كه‌میان بریتییه له “Geo” كه مانای زه‌وی ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مه له كاتێكدا دووه‌میان وشه‌ی “Grape”یه مانای پێناسه ده‌گه‌یه‌نێت. پاشان پێناسه‌ی جوگرافیا له ساده‌ترین مانایدا بوو به “پێناسه‌كردنی زه‌وی”3.
هه‌ر چی وشه‌ی “Politic” له وشه‌ی “Polis”ی گریكی (یۆنانی) وه‌رگیراوه، واتای سه‌ر لوتكه‌ی گردی ده‌گه‌یاند كه قه‌ڵایان به سه‌ره‌وه دروست ده‌كرد و خه‌ڵكی بۆ گفتوگۆ له سه‌ر خۆپاراستن و كێشه گشتییه‌كان لێی كۆ ده‌بوونه‌وه، پاشان بووه ناوه‌ندی هه‌ڵسووڕانی ژیانی شاری و ده‌وڵه‌تشار4. هه‌ر چی وشه‌ی “Political Geography” كه به واتای جوگرافیای ڕامیاری یان جوگرافیای سیاسی دێت، گرێدراوی هه‌ردوو وشه‌ی “پۆلهتیكاڵ و جیۆگرافی”یه، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆ زانستێك كه پێی ده‌وترێت “زانستی جوگرافیای سیاسی”، لێكۆڵینه‌وه ده‌كات له “یه‌كه سیاسییه‌كانی هه‌ساره‌ی زه‌وی و ڕۆڵی چالاكییه سیاسییه‌كان له بواری جوگرافیای مرۆیی و ئابووری، به‌شێك له‌م زانسته تایبه‌ته به دیاریكردنی كاریگه‌ریی هۆكاره سروشتی و كولتوورییه‌كان به ده‌ركه‌وتنی یه‌كه‌ی سیاسیی به‌هێز”5.
“هەلومەرج و مێژووی گه‌شه‌كردنی جوگرافیای سیاسی”
ڕه‌نگه په‌ره‌سه‌ندنی چه‌مكی جوگرافیای سیاسی مێژوویه‌كی كۆنی هه‌بێت به‌وه‌ی “جوگرافیای سیاسی زانستێكی كۆنه، مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زیاتر له دوو هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر”. هه‌ر چه‌نده ده‌ركه‌وتنی وه‌كوو لقێكی خاوه‌ن خه‌سڵه‌ت، میتۆدی تایبه‌تی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده. ئه‌م زانسته له نووسینه‌كانی هه‌ندێك له بیرتیژه دێرینه‌كانی وه‌كوو هیرۆدت، هیبۆكرات، ئه‌فڵاتوون و ئه‌رستۆدا به ڕوونی ده‌ركه‌وت كاتێك كه له په‌یوه‌ندیی نێوان دیارده سرووشتییه‌كان و هه‌ڵسوكه‌وتی سیاسیی مرۆڤیان ده‌كۆڵییه‌وه6. به‌شێك له نووسین و لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئه‌و نووسه‌ر و بیرمه‌ندانه له چوارچێوه‌ی بایه‌تی جوگرافیای سیاسی‌دا خراونه‌ته ڕوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی زانیاری‌یان له بوونی به‌شێكی سه‌ربه‌خۆ له ژێر ناوی جوگرافیای مرۆیی‌دا هه‌بێت. له نێو ئه‌وانه‌ی ناومان بردن، ئه‌رستۆ (384-323پ. ز) له كتێبه‌كه‌یدا “سیاسه‌ت” باس له ده‌وڵه‌تێكی نموونه‌یی ده‌كات به قووڵی، هه‌ندێك چه‌مكی جوگرافیای سیاسیی هێناوه‌ته ئاراوه. ئه‌و پێی وا بوو “له وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆی ئایدیاڵ و نموونه‌ییدا، چۆنیه‌تیی په‌یوه‌ندیی نێوان دانیشتووان و ڕووبه‌ر گرنگه”، هه‌روه‌ها دیاریكردنی شارێك وه‌ك پایته‌خت به گرنگ ده‌زانێت. ئه‌و باسی پێكهاته‌ی سوپا و هێزی ده‌ریایی و چۆنیه‌تیی سنووره‌كان و فاكتهریشی كردووه. له ته‌واوی ئه‌و باسه‌یدا، چه‌مكی ژینگه‌ی سرووشتی به تایبه‌تی ئاووهه‌وا وه‌ك فاكته‌رێكی دیار و هۆی كاریگه‌ر ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، ئه‌گه‌رچی ئه‌مڕۆ ڕه‌وتی جهبرگهرایانهی ژینگه‌ی (حه‌تمیه‌تی جوگرافی) ئه‌رستۆ لایه‌نگری نییه، به‌ڵام زۆر له ئه‌ندێشه‌كانی ئه‌و به شێوه‌ی چه‌مكی بنه‌ڕه‌تیی جوگرافیای سیاسی چه‌سپیوه7.
ئهفڵاتوونیش كه یه‌كێكه له فه‌یله‌سووفه‌كانی یۆنان، باوه‌ڕی به شاری نموونه‌یی (یۆتۆپی) هه‌بوو. له كتێبه‌كه‌یدا “كۆمار” باس له شارهدهوڵهت ده‌كات، “نه‌یڕوانیوه‌ته شار وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌یه، به‌ڵكوو وای ڕوانیوه وه‌ك ئه‌وه‌ی كه پێویسته هه‌بێت. كار و په‌ژاره‌ی ئه‌فڵاتوون ئه‌وه بووه كه بزانێت هۆیه‌كانی ئه‌و پشێوی و ئاژاوانه چی بوون كه شاره‌كانی یۆنانی گرتبووه‌وه. هه‌ر به ته‌نها مه‌به‌ستی ده‌رخستنی هۆیه‌كانی نه‌بوو، به‌ڵكوو هه‌وڵیشی ده‌دا چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزێته‌وه، سیستمی چینایه‌تیی دانا، ژماره‌ی دانیشتووانی به وردی ده‌ستنیشان كرد، بۆ ئه‌و شاره نموونه‌ییه‌ی كه ده‌یویست، ئه‌وه‌ش بۆ زامنكردنی جێگیرییه ئابووری و سیاسییه‌كه‌ی بوو. بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی دانیشتووان به نه‌گۆڕی بمێنێته‌وه، مافی ڕێكخستنی خێزان و پێكه‌وه‌نانی و په‌روه‌رده‌كردنی منداڵی دابووه ده‌ست دادوه‌ر و فه‌رمانڕه‌واكان. ده‌یویست په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ په‌روه‌رده‌كردنێكی به كۆمه‌ڵ بێت، تا ببنه برای یه‌ك، باوكه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆیان نه‌ناسنه‌وه، یاساوڕێسای دانا بۆ په‌یوه‌ندیی خه‌ڵكی به ده‌وڵه‌ته‌وه8“.
مێژووی كاروانی لێكۆڵینه‌وه به ئاڕاسته‌ی شیكردنه‌وه‌ی چه‌مكه جوگرافییه‌كان به‌رده‌وامیی هه‌بوو. نه‌بێ تێروانینه‌كان ده‌رباره‌ی بابه‌ته جوگرافییه‌كان به بیروبۆچوونه‌كانی فه‌یله‌سووفه‌كان قایل بووبن، به‌ڵكوو ئه‌و بیروبۆچوونانه‌یان كرده كه‌ره‌سته‌ی بابه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌ی تر، سێ سه‌ده دوای ئه‌رستۆ؛ “سترابۆ” جوگرافیزانی یۆنانی-ڕۆمانی ده‌ركه‌وت، كتێبێكی له حه‌ڤده به‌رگدا نووسی. “هه‌ر چه‌نده سترابۆ ڕێچكه‌ی ئه‌رستۆی گرتبوو، به‌شێكی گرنگ له زانیارییه‌كانی به‌رهه‌می جیهانبینیی تایبه‌تی خۆی بوو. له ڕاستیدا كتێبه‌كه‌ی بۆ سوودی ڕۆژانه‌ی سه‌ربازان، به‌ڕێوه‌به‌ران، گه‌شتیاران نووسرابوو، به‌ڵام به كاركردن له فاكته‌ره پێویستییه‌كان ئاماژه‌ی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كه‌یه‌كی سیاسیی فراوانی وه‌ك ئیمپڕاتۆریه‌تی ڕۆما كردووه. سترابۆ، هه‌روه‌ك ئه‌رستۆ لایه‌نگری توندی بۆ نه‌ته‌وه‌گه‌رایی هه‌بوو، له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو كه نیشتمانی ئه‌و (یۆنان) باشترین ئاووهه‌وای هه‌یه، سه‌رئه‌نجام باشترین شێوه‌ی ده‌وڵه‌تی هه‌یه.
له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستیشدا زانست و زانیاری له ئه‌وروپا له ژێر تیشكی ئایین جێگیر كرابوو، له كاتیكدا له دنیای ئیسلامدا جوگرافیا له نێوان بازرگانان، مێژوونووسان، گه‌ڕیده‌كان و فه‌یله‌سووفانی موسوڵمان بره‌وی هه‌بوو. “ئیبن خه‌لدوون”؛ میژوونووس و فه‌یله‌سووف و كۆمه‌ڵناسی موسوڵمان، له نووسینه‌كانیدا كه دوای سه‌فه‌رێكی دوورودرێژ له كتێبێكدا له سه‌ده‌ی چوارده‌یه‌می زایینی نووسیویه‌تی، تیۆره به‌ناوبانگه‌كه‌ی، خێڵ و شاری (دوو یه‌كه‌ی سیاسیی به‌هێزی ئه‌وكات) دیاری كردووه و ڕۆڵی ژینگه‌ی سروشتیی ئه‌و یه‌كانه وه‌ك فاكته‌رێكی دیار ئاماژه‌ی بۆ كردووه. به پێی تیۆرەكەی ئیبن خەلدون، ده‌وڵه‌ت په‌یڕه‌وی یاسای سرووشت “گه‌شه، كامڵ، مردن” ده‌كات. ئه‌گه‌ر لاوازیی ئاكار و گه‌نده‌ڵی نه‌بێته هۆی كۆتایی ته‌مه‌نی و مردنی، ئه‌وا پێنج قۆناغ ده‌بڕێت كه بریتین له:-
- قۆناغی دروستبوون، یان ده‌ورانی سه‌ركه‌وتن.
- قۆناغی ملهوڕی (استبدادی)، یان پاوانكردنی هێز.
- قۆناغی جوانكاری و خۆڕازاندنه‌وه.
- قۆناغی شادمانی.
- قۆناغی ده‌ستبڵاوی و به‌فیڕۆدان، كه ده‌بێته هۆی داڕمان و له‌ناوچوونی ده‌وڵه‌ته‌كه.
نووسه‌ره فه‌ڕه‌نسییه‌كانی سه‌ده‌كانی شازده‌یه‌م و هه‌ڤده‌یه‌م كه‌وتنه دوای ڕێچكه‌ی ئه‌رستۆ. بۆ نموونه “مۆنتیسكۆ” سه‌رنجی داوه له ڕۆڵی به‌رزونزمی تۆبۆگرافیا و ئاوهه‌وا له دیاریكردنی جۆری سیستمی ده‌وڵه‌ته‌كان9. له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا جوگرافیای سیاسی پێشكه‌وتنی به‌رچاوی به‌خۆوه بینی له سەر ده‌ستی “فریدریك ڕاتزل” (1844-1904) كه به باوكی جوگرافیا داده‌نرێت، “ئه‌و ویستی له واقیعدا ببێت به پیاوی زانست و كردار له بواری جوگرافیادا. ساڵی 1876 له زانكۆی مونیخ كاری مامۆستایه‌تیی ده‌كرد، پاشان له لایبزیگ (1886) به نووسینی كتێبی جوگرافیای مرۆیی (1882) بووه پسپۆڕ له جوگرافیای مرۆیی به شێوه‌یه‌كی گشتی و به نووسینی جوگرافیای سیاسی (1897) بووه دامه‌زرێنه‌ری جوگرافیای سیاسی به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت10“.
بیروبۆچوونه جوگرافییهكانی له ژێر هه‌ژموونی تیۆری داروینیزمدا داڕشت، ئه‌و پێی وا بوو ده‌وڵه‌ت وه‌ك گیاندا‌رێك وایه، له سه‌ره‌تاوه لاواز و كهمدهسهڵاته، به‌ڵام كه ده‌گاته سه‌رده‌می گه‌نجی؛ نه‌شونما ده‌كات و گه‌وره ده‌بێت قه‌ڵه‌می فه‌رمانڕه‌وایی ده‌گرێته ده‌ست، ورده ورده ده‌سه‌ڵاتی فراوان ده‌كات. ده‌وڵه‌تی لاواز هه‌میشه خۆراكی ده‌وڵه‌تی به‌هێزه، هه‌روه‌ك چۆن له دارستانه‌كاندا گیانداری به‌هێز گیانداری لاواز ده‌خوات. به هه‌مان شێوه بیروڕای “ڕاتزل”یش بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌ت هه‌ر وایه، ده‌ڵێت له‌شی گیانداران له شانه و خانه پێك دێت. وه‌ك چۆن له‌شی گیانداران هه‌میشه له گۆڕاندایه، سنووری ده‌سه‌ڵاتی دەوڵەتیش درێژدەبێتەوە تا سنوورە سروشتیەكەی وه‌ك ده‌ریاكان و چیاكان… به بڕوای “ڕاتزل”، چوار بنه‌مای سه‌ره‌كی بۆ ده‌وڵه‌ت هه‌یه: (1. ئایین، 2. بازرگانی، 3. هۆكاری سه‌ربازی، 4. هۆكاری سیاسی)11. ڕاتزل به دانه‌ری كتێبی “جوگرافیای سیاسی” داده‌نرێت له ساڵی 1897، جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه: ڕووبه‌ری ده‌وڵه‌ت پێوه‌ری یه‌كه‌می هێزه سیاسییه‌كه‌یه‌تی، بۆیه كۆڵه‌كه‌ی بیروباوه‌ڕه‌كه‌ی له سه‌ر فراوانبوونی هه‌رێمایه‌تیی ده‌وڵه‌ت داناوه كه له سه‌ر حسابی دراوسێكانیەتی. به ڕای “ڕاتزل”، هه‌ره‌سهێنانی ده‌وڵه‌ت به‌ستراوه به هه‌ره‌سهێنانی بواره ژیارییهكهیهوه. ئه‌و باوه‌ڕی به هه‌میشه‌یی و جێگیریی سنوور نه‌بوو، پێی وا بوو سنووره سیاسییه‌كان ناوچه‌یه‌كی ناجێگیر و گوێزراوهن، بۆیه ده‌بێت سنووره‌كان به هه‌میشه‌یی له خزمه‌تی ده‌وڵه‌تدا بن12. له دوای جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م چه‌مكی جوگرافیای سیاسی گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا هات و به ته‌واوی خرایه خزمه‌ت سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌تەوە. بووه زاده‌ی له‌دایكبوون و سه‌رهه‌ڵدانی چه‌مكی جیۆپۆله‌تیك له سه‌ر ده‌ستی “ڕۆدلف كیڵین”. توخمه‌كانی جوگرافیای سیاسی بووه بنه‌مایه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه له بابه‌ته جیۆپۆله‌تیكییه‌كان. هه‌ر چه‌نده له قۆناغی هاوچه‌رخیشدا چه‌ندین بیرمه‌ندی بواری جوگرافیای سیاسی ده‌ركه‌وتن له نموونه‌ی “ویتلسی”، له كتێبێكیدا به ناونیشانی “زه‌ویی ده‌وڵه‌ت” بیروبۆچوونه‌كانی خسته ڕوو، ئه‌مه جگه له “هارتشورن” و “جۆنز”، یه‌كه‌میان له كتێبێكیدا به ناوی “گۆڕانكارییە نوێیه‌كان له جوگرافیای سیاسی‌دا”، دووه‌میان تیۆرییه‌كی دانا به ناوی “مه‌یدانی یه‌كێتی”.
“ڕەهەندەكانی چه‌مك و پێناسه‌ی جوگرافیای سیاسی”
جوگرافیای سیاسی له زۆر ڕووی جیاوازه‌وه پێناسه‌ی بۆ كراوه، لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین له به‌ر ڕۆشنایی چه‌ند پێناسه‌یه‌ك گه‌شتێكی خێرا بكه‌ین به نێو چه‌مكی جوگرافیای سیاسی‌دا، له چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكی جیاوازه‌وه جوگرافیای سیاسی پێناسه بكه‌ین:-
1. له فه‌رهه‌نگی ئۆكسفۆرددا هاتووه: “جوگرافیای سیاسی له‌و ڕێگه جیاوازانه ده‌كۆڵێته‌وه كه جیهانی تێدا دابه‌ش بووه به سه‌ر وڵات (ده‌وڵه‌ت)انی جیاوازدا13“.
2. ڤان ڤالكینبۆرگ (Van Valkenberg) ده‌ڵێت: جوگرافیای سیاسی بریتییه له جوگرافیای ده‌وڵه‌ت یان یه‌كه سیاسییه‌كه‌ی، لێكۆڵینه‌وه له هه‌موو وڵاتانی جیهان ده‌كات وه‌ك یه‌كه‌یه‌ك، جیا ده‌كرێته‌وه به بارودۆخی تایبه‌تی به‌رهه‌م و به‌كاربردن، به‌شداری ده‌كات له به‌دیهێنانی پێویستییه‌كانی دانیشتووان، هه‌روه‌ها له بنه‌ما جیاوازه‌كانی پێشكه‌وتنی ده‌وڵه‌ت و هێزه‌كه‌ی و شرۆڤه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌و ده‌وڵه‌ته و ده‌وڵه‌تانی تر ده‌كات له سه‌ر بنه‌مای جوگرافی.
3. كراسی (Cressey) ده‌ڵێت: جێبه‌جێكردنی بنه‌ما جوگرافییەكانه بەسه‌ر كێشه سیاسییه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان، لێكۆڵینه‌وه‌یه له‌و ڕاستییانه‌ی كه په‌یوه‌ستن به پێگه (شوێن) و سنووره سیاسی و پێكهوەبوون و ڕه‌گه‌زه ناوخۆییه‌كانی ده‌وڵه‌ت.
4. بۆمان (Bowman) ده‌ڵێت: جوگرافیای سیاسی زانستێكه یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ دیاریكردنی هۆكاره جوگرافییه‌كان، كه كاریگه‌ریی له سه‌ر سلوكی سیاسیی مرۆڤ هه‌یه14.
5. له پێناسەیەكی تردا، ده‌وڵه‌ت به دیارده‌یه‌ك له جوگرافیای سیاسی ناو براوه به‌وه‌ی كه: “ده‌وڵه‌ت دیارده‌یه‌كی جوگرافیای سیاسییه (Politico- Geographic phenomenon)، به‌ڵام جوگرافیای سیاسی ئه‌و زانسته‌یه كه تایبه‌تمه‌نده به لێكۆڵینه‌وه له ده‌وڵه‌ت15“.
6. كارل هاوسهۆڤهر ده‌ڵێت: “جوگرافیای سیاسی بریتییه له بنچینه‌ی زانستیی كاری سیاسی له مردن و ژیانی ده‌وڵه‌تدا16“.
یه‌كێك له پێناسه باوه‌كان، بۆ جوگرافیای سیاسی، پێناسه‌كه‌ی “كارل ساور”ە كه وا گوزارشت له جوگرافیای سیاسی ده‌كات كه “جوگرافیای سیاسی منداڵێكی ناشه‌رعییه له كۆمه‌ڵه‌ی زانسته جوگرافییه‌كان (The Wayward Child of the Geographical Sciences)17“. له ڕووی دیاردهگهراییهوه جوگرافیای سیاسی وردتر و دیاریكراوتر بایه‌خ به “لێكۆڵینه‌وه له دیارده سیاسییه‌كان و گرێدانی به دیارده‌كانی تری سه‌ر ڕووی زه‌وییه‌وه وه‌ك شێوازه‌كانی نیشته‌جێبوون، ڕووبه‌ره ئاوییه‌كان”18 ده‌دات، ڕه‌نگه گشتگیرترین پێناسه‌ی جوگرافیای سیاسی كه لا به لای زۆر بواری ئه‌و بابه‌ته‌دا بكاته‌وه ئه‌و پێناسه‌یە بێت كه ده‌ڵێت: “جوگرافیای ڕامیاری (سیاسی) بایه‌خ به یه‌كه ڕامیارییه‌كان و هۆكاره‌كانی بوون و مانه‌وه و په‌ره‌سه‌ندنیان ده‌دات، هه‌روه‌ها بابه‌تگه‌لێكی دیكه له‌خۆ ده‌گرێت گرنگترینیان (ماهیه‌تی ده‌وڵه‌ت، جیاوازیی نێوان ده‌وڵه‌ت و نیشتمان، نه‌ته‌وه‌كان و بنچینهكهیان، سنووره ڕامیارییه‌كان و جۆره‌كانی و گرفته‌كانی و كه‌مینه‌كان). جوگرافیای ڕامیاری ڕه‌گه‌زه‌كانی ژینگه به‌كار ده‌هێنێت بۆ ڕاڤه‌كردنی تایبه‌تمه‌ندیی یه‌كه ڕامیارییه‌كان له ڕووی به‌هێزییه‌وه یان لاوازییه‌وه، جێگیربوونیان یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یان. هه‌روه‌ك چۆن جوگرافیای ڕامیاری له هۆكاره‌كانی گرفته ڕامیارییه‌كان ده‌كۆڵێته‌وه له ژێر ڕۆشنایی ڕه‌وشه جوگرافییه جۆراوجۆره‌كان19.” هه‌روه‌ها هاتشۆن پێی وایه “جوگرافیای سیاسی زانستی لێكۆڵینه‌وه‌یه له خوێندنه‌وه‌ی جیاوازیی لێكچوونه سیاسییه‌كانی وڵاتان و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ هه‌موو جیاوازی و لێكچوونه جوگرافییه‌كان20“.
له ژێر ڕۆشنایی ئه‌و پێناسانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ده‌توانین بڵێین به گشتی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه جێی بایه‌خن له بواری جوگرافیای سیاسی‌دا، په‌یوه‌ندیی نێوان جوگرافیا و ده‌وڵه‌ت و یه‌كه ڕامیارییەكانن، جا بابه‌ته مرۆییه‌كان بێت یاخود سروشتییه‌كان، وه‌یان بابه‌ته ژینگه‌ییه‌كان كه كاریگه‌رن له سه‌ر سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت و هه‌رێمه‌كان و سنوور و چوارچێوه‌كه‌یان و بوون و مانه‌وه‌یان.
سەرچاوە و پەراوێزەكان؛
1. د. علی احمد هارون، اسس جغرافیة سیاسیة، دار الفكر العربي، الطبعة الأولی، قاهرة، 1998، ص
2. د. عه‌بدوڵا عه‌ته‌وی، ده‌وڵه‌ت و كێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، و: دجهزا تۆفیق تالیب و ئه‌حمه‌د عه‌لی ئه‌حمه‌د، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له جوگرافیای سیاسی، چاپخانه‌ی ڕه‌نج، چاپی دووه‌م، سلێمانی، 2007، لا
3. د. حسام ا‌لدین جاد الرب، فه‌رهه‌نگی زاراوه جوگرافییه‌كان، و: محه‌مه‌د چیا، چاپخانه‌ی چوارچرا، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2012، لا
4. پارێزه‌ر. هـ. سواره، سیاسه‌ت، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕه‌نج، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2005، لا
5. د. حوسێن شكوئی، جوگرافیا و فه‌لسه‌فه‌ی جوگرافیا، و: ئاسۆ عەبدولڕەحمان، چاپخانه‌ی گه‌نج، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2009، لا
6. د. عه‌بدوڵا عه‌ته‌وی، ده‌وڵه‌ت و كێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا
7. هاوڕێ یاسین محه‌مه‌د، ده‌روازه‌یه‌ك بۆ جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیک، چاپخانه‌ی كارۆ، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2012، لا
8. د. عه‌بدوڵا عه‌ته‌وی، ده‌وڵه‌ت و كێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا
9. د. دوره میر محەمەد (مهاجرانی)، بنه‌ماكانی جوگرافیای سیاسی، و: هاوڕێ یاسین محه‌مه‌د، د. جه‌زا تۆفیق پێشه‌كیی بۆ نووسیوه، چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2010، لا
10. ألكسندردوفاي، الجغرافیة السیاسیة (جیوبولیتیك)، تعریب: حسین حیدر، عویدات للنشر والطباعة، الطبعة الأولی، بیروت-لبنان، 2007، ص
11. ڕێباز محەمەد مەحموود، جیۆپۆله‌تیكی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، چاپخانه‌ی نارین، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2012، لا
12. د. عه‌بدوڵا عه‌ته‌وی، ده‌وڵه‌ت و كێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا
13 . Stevenson, A. (Ed.). (2010). Oxford dictionary of English. Oxford University Press, USA.
14. د. علی احمد هارون، اسس جغرافیة سیاسیة، مصدر السابق، ص
15. د. محمود توفیق محمود، مفهومه جغرافیة السیاسیة و ومجالها، مصدر السابق، ص24 .
16. ڕیمۆند گارفیل گیتیل، زانسته سیاسییه‌كان، و: ڕێبین ڕه‌سووڵ و موحسین ئه‌دیب، چاپخانه‌ی شڤان، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2010، لا
17. د. محمد حجازی محمد، الجغرافیا السیاسیة، قسم الجغرافیا، كلیه الأداب- جامعة القاهرة، 1996-1997، ص
18 . د. محه‌مه‌د عه‌بدلغه‌نی سعودی، جوگرافیا و په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كان، و: د. جه‌زا تۆفیق تالیب، ئه‌حمه‌د عه‌لی ئه‌حمه‌د، چاپخانه‌ی حه‌مدی، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2005، لا16.
19. د. حسام ا‌لدین جاد الرب، فه‌رهه‌نگی زاراوه جوگرافییه‌كان، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا
20.Richard Hartshorne, Recent Developments in Political Geography American science Review. Xx1x. December, 1935, P. 957.