“پێشه‌کی”
له زمانی زۆرێک له فه‌یله‌سووفانی سه‌ده‌ی بیسته‌م و به‌شێک له‌وانه‌ی ئێسته‌ش، ئه‌فلاتوون وه‌کوو فه‌یله‌سووفی هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان ناوی هاتووه. هیچ بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووف و ته‌نانه‌ت ئه‌دیبێک ناتوانێت به بێ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌فلاتوون له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک بابه‌ت و مژاری په‌یوه‌ست به بواره جۆراوجۆره‌کانه‌وه به‌ڕاده‌ی شیاو و پێویست قووڵ بێته‌وه، یان لانیکه‌م زه‌مینه‌ی ئه‌و قووڵبوونه‌وه و تێڕامانه شیاو و شایسته‌یه‌ی بۆ له‌بار بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا بابه‌تی دژایه‌تییکردنی ئه‌ده‌ب و به‌تایبه‌ت و به‌دیاریکراوی “شیعر” لای ئه‌فلاتوون و کاریگه‌ریی شیعر و شاعیران له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا و به‌تایبه‌تی ئه‌خلاقی کۆمه‌ڵگا یه‌کێک له‌و باسه مشتومڕهه‌ڵگرانه‌یه که هێشتاش نه‌بڕاوه‌ته‌وه.
کاتێک سه‌رنجی تێگه‌یشتنه‌کانی ئه‌فلاتوون به‌تایبه‌تی له کتێبی”کۆمار” ده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ده‌زانین باس و خواسه‌کانی په‌یوه‌ست به ئه‌ده‌ب و شیعر له ناو که‌ش و گوتارێکی دیکه‌دا هه‌ناسه ده‌کێشن و به‌ته‌واوه‌تی دوورن له‌و بابه‌تانه‌ی که ئه‌و زه‌قیان ده‌کاته‌وه، به‌ڵام ناتوانین به ئاسانی له‌و باسانه‌ی ئه‌ویش خۆ نه‌بان که‌ین و به‌سه‌ریان باز بده‌ین. وه‌کوو ده‌بینین به‌شێکی زۆری مرۆڤی سه‌رده‌م به ژن و پیاوه‌وه ئه‌گه‌ر خۆیشی به شاعیر نه‌زانێت لانیکه‌م هه‌ستی شیعری له ئاستێک‌دا له خۆیدا ده‌بینێت و به‌مه‌ش شانازی ده‌کات و پێی شادومانه. نه‌ک هه‌ر ئه‌وه به‌ڵکوو بگره زۆرێک له کۆمه‌ڵگا و نه‌ته‌وه‌کان له پاش ئه‌فلاتوونه‌وه تاکوو ئێستا کو‌لتوور و وشیار و ناوشیارییان به شیعر و وشه‌ی شیعراویی سواغ دراوه، شیعر کۆمه‌ڵێک ئاست و قۆناغی دیکه‌ی له فه‌لسه‌فه و زانسته جۆراوجۆره‌کاندا تێپه‌ڕاندووه و هێشتاش بابه‌تێکی زیندوو و نه‌مره.
نه شاعیران له کۆمه‌ڵگاکان وه‌ده‌رنران و نه شیعریش وازی له کاژخستن و نوێبوونه‌وه‌ی خۆی هێنا، به‌ڵام هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌ش دۆخی ئه‌خلاقی و داڕمانی ئه‌خلاقی یه‌کێک له‌و بابه‌تانه‌یه که هه‌ندێک له کۆمه‌ڵناسان له‌گه‌ڵ ڕێژه‌گه‌رێتی سیسته‌می به‌ها و نۆرمه ئه‌خلاقییه‌کان به نیگه‌رانی و په‌رۆشییه‌وه باسی ده‌که‌ن و ڕه‌نگه له‌به‌ر ئه‌مه‌ش بووبێت سوودمه‌ند بێت له به‌شێكی بچووک له تێڕامان و به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ی ئه‌فلاتوون له‌سه‌ر شێعر و کاریگه‌رییه‌کانی ورد بینه‌وه.
“ئه‌فلاتوون و شیعر”
تێگه‌یشتن و هه‌ڵگۆسته‌ی ئه‌فلاتوون له شیعر که له کتێبی “کۆمار”دا هاتووه، به‌شێوه‌یه‌کی ڕوون و ئاشکرا زۆر نه‌رێنیتر و نێگه‌تیڤتره له‌و تێگه‌یشتن و باسه‌ی که له نامیلکه‌ی “ئیۆن”دا باسی کردووه. ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ش مێژوویه‌کی دوور و درێژی هه‌یه و تاکوو سه‌رده‌می ئێسته‌ی ئێمه‌ش به‌رده‌وام بووه. له کتێبی کۆمار‌دا شیعر ڕه‌ت کراوه‌ته‌وه و شاعیران دوور خراونه‌ته‌وه، (ده‌ڵێن کاتی خۆی گولاکۆ خانی مه‌غۆل وه‌کوو عوبه‌یدی زاکانی ده‌گێڕێته‌وه هه‌موو شاعیرانی به‌غدای به پاساوی ئه‌وه‌ی که کۆمه‌ڵێک بوونه‌وه‌ری زیاده‌ن له جیهان و خه‌لیقه‌تدا ده‌خاته ناو ڕووباری دیجله‌وه). ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌م هۆکاره که شیعر ته‌نها لاساییکردنه‌وه یه‌کی سه‌رکه‌وتوو‌ه. لاساییکردنه‌وه به دوو هۆکار خراپ و نه‌رێنییه. یه‌که‌م ئه‌مه‌ی که لاساییکردنه‌وه شتێکی پله دوو و نائۆرژیناڵه، واته له شتێکی دیکه‌وه وه‌رگیراوه، ڕاسته‌قینه نییه، به‌م مانایه بابه‌تێکی ساخته و ده‌سکرده، ئه‌گه‌رچی ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه له پله و پێگه‌ی لاساییکردنه‌وه و ساخته‌کردنیشدا زۆر ورده‌کارانه و ده‌قیق بێت. ئه‌فلاتوون ئاوه‌ها به‌ڵگه ده‌هێنێته‌وه که بۆ نموونه قه‌ره‌وێڵه لاسییکردنه‌وه‌یه‌که له “ئایدیا”ی قه‌ره‌وێڵه، پارادایم(Paradigm) و نموونه‌نوێنی ئایدیایه‌که که هه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌یه‌کی واقیعی له‌وه‌وه وه‌رگیراوه و به‌شێوه‌یه‌ک له‌و کۆپی کراوه. ئێسته وای وێنا بکه‌ن تابلۆیه‌ک که قه‌ره‌وێڵه‌یه‌کی تێدا کێشراوه یان وێنه‌یه‌ک که هۆمه‌ر له قه‌ره‌وێڵه‌ی شایی ئۆلیۆس له ئۆدیسه‌دا ده‌یکێشێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و کۆڵه‌کانه‌ی که له ناوقه‌دی دارێکی زه‌یتوون دروست کراون هه‌موویان له ڕووی مه‌جازه‌وه له پله و پێگه‌ی دووه‌مدان. واته وێنه‌یه‌که له وێنه‌یه‌کی دیکه و مادام وایه که‌واته ئه‌مه به کاری چی و چ که‌سێک دێت؟
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، دووه‌مین ڕه‌تکردنه‌وه‌ی شیعر له ڕوانگه‌ی ئه‌فلاتوونه‌وه له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت که ئه‌و لاساییکردنه‌وانه‌ی که له مرۆڤه‌کان ده‌کرێت و له ئه‌ده‌بدا ڕه‌نگ ده‌ده‌نه‌وه، حاڵه‌تێک دروست ده‌که‌ن که خوێنه‌ران به‌لاڕێدا ده‌به‌ن و تووشی داڕمان و گه‌نده‌ڵییان ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ش دووه‌مین ناڕه‌زایه‌تیی ئه‌فلاتوونه به نیسبه‌ت شیعره‌وه له کتێبی کۆمار‌دا. شیعر ته‌شه‌نه‌ئه‌ستێنه و خوێنه‌ر تووشی په‌تای ده‌بێت. خوێنه‌ری شیعر له دنیای خه‌یاڵیی خۆیدا، خۆی به ئه‌و پاڵه‌وانه ژن یان پیاوانه وێنا ده‌کات که له شێعره‌که‌دا هاتوون. به‌ڵام هه‌موو خه‌ڵک ده‌بێت هه‌ر ئه‌وه بن که هه‌ن. ڕاست‌بێژیی و لۆژیکیی ئه‌خلاقیی وامان پێ ده‌ڵێت. شیعر مرۆڤ سه‌رگه‌ردان و سه‌رلێشێواو ده‌کات، چونکه شیعر ده‌چێته بن کڵێشه‌ی مرۆڤه‌وه و مرۆڤه‌کان ناچار ده‌کات تاکوو خۆیان وا وێنا بکه‌ن که که‌سێک یان شتێکن که له بنه‌ڕه‌تدا وای بۆ ده‌چن که ده‌شێت ئه‌وه بن. شیعر هه‌موو مرۆڤه‌کان ده‌کات به ئه‌کته‌ر، هه‌مووان ده‌زانن ئه‌کته‌ره‌کان چ پیاو بن یان چ ژن تا چ ڕاده‌یه‌ک له سنووره ئه‌خلاقییه باوه‌کان لا ده‌ده‌ن. ئه‌فلاتوون وا تێده‌گات که‌سایه‌تی و کارئه‌کته‌ر یان بێژه‌ره‌کانی ناو کتێبی ئیلیاد و ئۆدیسه خودی هۆمه‌رن نه‌ک گێڕه‌ره‌وه ئه‌فسانییه‌کان، تا ئه‌و جێگایه‌ی که خودی هۆمه‌ر قسه ده‌کات قسه‌که‌ی ئه‌خلاقی و به‌ڕه‌وشتانه‌یه. به‌ڵام کاتێک هۆمه‌ر وا ده‌نوێنێت که ئه‌مه “ئۆلیس”ه قسان ده‌کات و به‌شێک له چیرۆکه‌که ده‌گێڕێته‌وه، لێره‌دا ئیتر دژایه‌تیی ئه‌خلاق و گه‌نده‌ڵییه که خۆی ده‌رده‌خات.
کاتێک که‌سێک واده‌نوێنێت که که‌س یان شتێکی دیکه‌یه، کێشه‌که لێره‌دایه که ئیتر هیچ سنوورێک بۆ وانواندن و وێناندندا دیاری ناکرێت. له ڕوانگه‌ی ئه‌فلاتوونه‌وه کرده‌وه‌ی وانواندن(تظاهر) له زنجیره‌یه‌کی جێنده‌رته‌وه‌رانه‌ی بوون له پیاوه‌وه بۆ ژن تاکوو ئاژه‌ڵان و شته بێگیانه‌کان تێده‌په‌ڕێت و ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی داڕمان و داکه‌وتنی خۆی. پێداگریی سوقرات له‌باره‌ی ئه‌م مه‌ترسییه کوشنده‌یه‌ی که له هه‌ناوی شیعردایه، هه‌مان ڕه‌تکردنه‌وه‌ی کلاسیکی بابه‌تی لاساییکردنه‌وه‌یه له نه‌ریتی ڕۆژئاواییدا. لاساییکردنه‌وه شێوه‌یه‌ک له شێتییه که مرۆڤ له مرۆڤبوون به‌تاڵ ده‌کات و پیاو له پیاوێتی و مرۆڤ له مرۆڤێتی ده‌خات، ڕاسته که له ڕوانگه‌ی ئه‌فلاتوونه‌وه شیعر ئیعتیبار و بایه‌خی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م ئیعتیبار و بایه‌خه له بابه‌تی شه‌ڕی بنه‌ڕه‌تی(ڕادیکاڵ)ه. هه‌ربۆیه ده‌بێت شاعیر له کۆماره ئایدیاله‌که‌ی ئه‌و بکرێته ده‌ره‌وه. ئه‌مه توندئاژۆترین باس و خواسێکه که تاکوو ئێسته له‌باره‌ی ئه‌مه‌ی که بۆچی نابێت ئه‌ده‌ب بخوێنرێته‌وه خراوه‌ته ڕوو. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌م خاڵه‌شمان له‌بیر بێت که ئه‌فلاتوون له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که خۆی ڕۆڵی سوقرات له نووسینه‌کانیدا ده‌گێڕێت، هاوکات ڕۆڵگێڕانیش ڕه‌ت ده‌کاته‌وه، ڕێک هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ش ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب له ناو فۆرم و چوارچێوه‌یه‌ک باس ده‌کات که له نموونه نائاساییه‌کانی ئه‌ده‌به که هه‌مان دیالۆگ و هه‌ڤپه‌یڤینه ئه‌فلاتوونییه‌کانه. ئه‌م هه‌ڤپه‌یڤینانه به وته‌ی فریدریش نیچه له ناو وێرانه‌ی ژانێره پێشووه‌کانی یۆنانه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه و نموونه‌ی یه‌که‌مینی یه‌کێک له شێوازه ئه‌ده‌بییه‌کانه که هێشتاش تاکوو ئێسته بۆ ئێمه گرنگترین شێوازی ئه‌ده‌بییه و له فۆرمی ڕۆماندا ده‌رکه‌وتووه‌ته‌وه.
له به‌شێک له کۆمار و په‌یوه‌ست به‌و باسه‌ی سه‌ره‌وه سوقرات ده‌ڵێت: “له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که خاوه‌نداران و به‌رپرسانمان ده‌بێت پیاوانێکی باش بن و به‌و هۆیه‌ش خاوه‌ندارانمان پیاون، که‌واته بواریان ناده‌ین تاکوو ڕۆڵی ژنان بگێڕن و لاسایی ئه‌و ژنه گه‌نج و به‌ساڵاچووانه بکه‌نه‌وه که له‌گه‌ڵ مێرده‌کانی خۆیان مقۆمقۆ و مشت‌ومڕ ده‌که‌ن، له‌گه‌ڵ داروبه‌رد ده‌که‌ونه شه‌ڕ و نزا ده‌گرنه عه‌رش، به ده‌نگی به‌رزه‌وه به خۆیاندا هه‌ڵده‌ڵێن، له خه‌یاڵی پڵاوی خۆیاندا خۆیان به‌خته‌وه‌ر ده‌بینن، یان خۆیان گیرۆده‌ی هه‌شبه‌سه‌ری و نغرۆ له ڕه‌نج و ئازار و شیوه‌ن ده‌بینن و، خراتر له‌وه‌ش ئه‌و ژنانه‌ی که نه‌خۆشن، یان ئاشقن، یان به ژانی منداڵبوونه‌وه ده‌تلێنه‌وه و نابێت لاسایی کۆیله‌کانیش بکه‌نه‌وه، نابێت لاسایی غیلمان و که‌نیزه بکه‌نه‌وه، نابێتیش بپه‌رژێنه سه‌ر ئه‌رک و کاروباری کۆیله‌کان، هه‌روه‌ها نابێت لاسایی ئه‌و پیاوه خراپانه‌ش بکه‌نه‌وه که ناپیاون و هه‌ڵده‌ستن به ئه‌نجامدانی کاری خراپه و کاره‌کانیان دژی دلێری و وشیاری و سه‌ربه‌ستی و پاکیزه‌ییه، ئه‌و پیاوه خراپانه‌ی که یه‌کدی ده‌ده‌نه به‌ر جنێو و دژی یه‌کدی دێنه ده‌نگ، له مه‌ستی و وشیاریدا و له هه‌موو حاڵێکدا وشه‌ی نه‌شیاو و زبر له سه‌ر زمانیانه و به‌نیسبه‌ت خۆیان و که‌سانی دیکه له قسه و ده‌ربڕین و کرداردا تووشی گوناه ده‌بن. من وا بیر ده‌که‌مه‌وه که نابێت ئه‌مانه وا ڕابێن که خۆیان به شێته‌کان بچوێنن، نه له زمان و نه له کرداردا. چونکه ئه‌گه‌رچی ده‌بێت به نیسبه‌ت ئه‌م ژن و پیاوه شێت و خراپانه‌وه وشیار بن به‌ڵام نابێت هه‌رگیز لاساییان بکه‌نه‌وه، به‌ڵام ئایا مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه که لاسایی ئاسنگه‌ر و سه‌نعه‌تکارانی دیکه یان سه‌وڵلێده‌ری به‌له‌مه‌کان و ئه‌وانه بکه‌نه‌وه که ڕیتم و مۆسیقای سه‌وڵلێدان ڕێک ده‌خه‌ن، یان هه‌ر شتێکی دیکه که په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌مانه‌وه؟ ئادیمانتۆس(Adimantus) پرسی چۆناوچۆن ده‌کرێت لاسایی ئه‌م که‌سانه بکه‌نه‌وه له حاڵێکدا بوار و مافی ئه‌وه‌یان نییه که سه‌رنجی ئه‌م شتانه بده‌ن؟ که‌واته ده‌گه‌ینه باسی ئه‌و ئه‌سپانه‌ی که ده‌حیلێنن و ئه‌و گایانه‌ی که ده‌بۆڕێنن، ده‌نگی ڕووبار و خرۆشانی زه‌ریا و گرمه‌ی هه‌وره‌تریشقه و هه‌ر شتێکی دیکه‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌مانه، ئایا شاعیران مافی لاساییکردنه‌وه‌ی ئه‌مانه‌یان هه‌یه. سوقرات وتی نه‌خێر، ئه‌وان مافی ئه‌مه‌یان نییه که بچنه ناو بازنه‌ی شێته‌کانه‌وه یان ته‌نانه‌ت خۆیان هاوشێوه‌ی شێته‌کان لێ بکه‌ن”.
هه‌روه‌کوو له‌م پاژه کورته به‌ڵام پوخته‌دا ده‌رده‌که‌وێت، نه‌فره‌تێک که ئه‌فلاتوون به‌نیسبه‌ت شیعر و به‌شێوه‌ی گشتی به نیسبه‌ت لاساییکردنه‌وه و لاساییخوازیی پێشانی ده‌دات، یان به ده‌ربڕینێکی دیکه ئه‌و نه‌فره‌ته‌ی که ده‌یخاته پاڵ سوقرات، بێگومان له‌گه‌ڵ نه‌فره‌تی ناسراوی ئه‌و به‌نیسبه‌ت له‌ش(جه‌سته) په‌یوه‌ندیی هه‌یه. له ڕوانگه‌ی ئه‌فلاتوونه‌وه له‌ش له باشترینی حاڵه‌تی خۆیدا قۆناغێکه به‌ره‌و ڕۆحانییه‌تێکی به‌تاڵبوو یان ڕزگاربوو له له‌ش(جه‌سته) ده‌ڕوات. به هه‌مان شێوه که له نامیلکه‌ی فیدۆرۆسدا ده‌بینین. خۆشه‌ویستیی له‌شته‌وه‌ر ده‌بێت هه‌ڵکشێت و به‌رز ببێته‌وه و بگاته قۆناغی خۆشه‌ویستی ڕۆحانی یان ڕؤحته‌وه‌ر. بۆ نموونه حه‌ماسه‌کانی هۆمه‌ر له‌باره‌ی خۆشه‌ویستی و جه‌نگن که دوو چالاکیی زۆر به‌رهه‌ست و دیارن. لاساییکردنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی و جه‌نگ ڕۆح ده‌کات به ملکه‌چ و پێبه‌سته‌ی خاکێک که خۆی مادییه. هه‌ر بۆیه ده‌بێت له شاری خه‌ونه‌کان و یۆتۆپیاکه‌ی ئه‌فلاتووندا ئه‌مانه یاساغ و قه‌ده‌غه بێت.
سه‌رچاوه: پیرامون ادبیات، جوزف، هیلیس میلر، ترجمه علی اصغر بهرامی، نشر نی، 1384
نووسین: جوزف هیلیس میلر
وه‌رگێڕان: سۆزان سه‌عید