ساڵانە دەیان هەزار گەنجی جوان و پڕ تین و تەزوو، لە جوانترین و ناسکترین دەورانی ژینی خۆیاندا، ژیانی خۆیان ئەخەنە بەر شاڵاوی شەپۆلی دەریاکان بەئومێدی بەدیهێنانی ژیانێکی باشتر و گونجاوتر بۆخۆیان. ساڵانێکه ئێمە بینەری کۆچی هەزاران گەنجین بەتایبەت لە دەڤەری ڕاپەڕین و گەرمیان، کە ئەوە بۆشاییەکی گەورە لە سەرمایەی مرۆیی کۆمەڵگادا دروست دەکات و زیانەکانی هێندە زۆر و درێژ مەودان کە ئەوە دەهێنێ بەخێرایی و بە تێکڕایی هەوڵی چارەکردنی بدەین. لەباری کۆمەڵایەتیەوە سەیری بکەین، هەر گەنجێک کە دەڕوا جەرگی دایکێک دەڕوا، دڵی کچێک دەڕوا، کۆشکی خەون و ئومێدی هەزاران کچ و کوڕ دەڕوخێ، کە نازانرێ وا بە ئاسانی و بەزووی بۆیان بینا دەکرێتەوە یان نا. بەشی زۆریان بەڕێگەی مەترسیداردا دەڕۆن و ژیان دەخاتە گێژاوی مان و نەمانەوە.
ئەو بۆشاییەی دروستدەبێت لە کۆچی گەنجان هێجگار گەورەیە. بەهۆی کۆچەوە کۆمەڵگاکەمان دەبێت بە کۆمەڵگایەک کە ڕێژەی گەنجانی تێدا کەم دەبێتەوە ئەوەش دەبێت بە ھۆکاری گۆڕانی دیمۆگرافیای کوردستان لە کاتێکدا گەنجان بە داینەمۆی گۆڕانکاری لە گشت کۆمەڵگایەکدا دادەنرێت، ئەم گەنجانە بەشێکی زۆریان کەسانی خوێندەوار و شارەزان لە چەندین بواردا لەبەر ئەوەی سالانێکی زۆر خوێندویانە یاخود ئەزموونیان پەیدا کردووە، بەڵام ئێستا نیشتیمان بە جێ دەھێڵن و لە ولاتانی ئەوروپا سود لە توانا و لێھاتوویان وەردە دەگیرێت کە ئەمەش لە دەست دانی دەستی کارە بۆ ھەرێمی کوردستان . بەشێوەیەکی گشتی چەند هەنگاوێکی سەرەکی و سەرەتایی هەیە، کە دەکرێ لەو چواچێوەیەدا بیر لە چارەسەرکردنی کۆچی گەنجان بکەینەوە:
یەکەم: دابینکردنی هەلی کار: هەلی کار بە دروشم نا، وەک هەندێک خەڵک دەیان ووت، بەڵکو پێویستە حکومەت هەوڵ بدات بۆ دروستکردنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان، بە تایبەت لە کەرتی تایبەت. زیادکردنی هەلی وەبەرهێنان و زیادکردنی ماف و موچەکانیان.
دووەم: پەرەپێدانی پەروەردە و فێرکردن و گرنگیدان بە خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی: باشترکردنی کوالێتی خوێندن و گونجاندنی لەگەڵ پێداویستیەکانی بازاڕی کار.
سێیەم: پشتگیری دەستپێشخەری و پڕۆژەی گەنجان: دابینکردنی قەرز و یارمەتی بۆ گەنجانێک کە دەیانەوێت پڕۆژەی خۆیان دەست پێ بکەن. دابینکردنی قەرزی کەم سوو بۆ گەنجان و پێشکەشکردنی ڕاوێژکاری و ڕاهێنان بۆ دەسپێکردنی کار.
چوارەم: بەشداری پێکردنیان لە بڕیاردان: زیادکردنی ڕۆڵی گەنجان لە پرۆسەی سیاسی و بڕیاردان.
پێنجەم: چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون: یارمەتیدانی گەنجان بۆ دەستکەوتنی خانووی گونجاو.
شەشەم: پاڵپشتی تەندروستی: دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی باشتر، بە تایبەت لە بواری تەندروستی دەروونی.
حەوتەم: هاندانی داهێنان: دروستکردنی ناوەندی تایبەت بۆ پشتگیری لە بیرۆکە و داهێنانەکانی گەنجان.
هەشتەم: باشترکردنی خزمەتگوزاریە گشتیەکان: وەک پەرەپێدانی سیستەمی تەندروستی و باشترکردنی ژینگەی شارەکان و دروستکردنی هەستی بەرپرسیارێتی نیشتمانی.
ئەم هەنگاوانە دەتوانن یارمەتی باشترکردنی ژیانی گەنجان بدەن و ڕۆڵیان لە کۆمەڵگادا بەهێزتر بکەن و کۆچی گەنجانیش کەم بکاتەوە.
دواجاریش وەختێک هەموومان لەسەر ئەم خاکە لە دایک دەبین و گەورە دەبین و کاردەکەین و دەژین هەست بە هاوسۆزییەکی زیاتر لەنێوان خۆماندا دەکەین و پەیوەندییمان لەگەڵ خاک توند و گەرمتر دەبێت و ئەوەش وا دەکا مەترسییەکانمان وەک نەتەوە لەسەر کەم بکاتەوە.