“پێشەکی”
لە ساڵی ١٩٤٩ رێکخراوی پەیماننامەی ئەتلانتیکی باکوور، ناسراو بە ناتۆ دامەزرا. ناتۆ تەواوکەری پرۆژەی مارشاڵ (١٩٤٧) و تەواوکەری بەرنامەی خاڵی چوارەمی ترۆمەن (١٩٤٩) بوو کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە راگەیێنرا، بە مەبەستی دەورەدانی یەکێتی سۆڤیەت و رێگرێکردن لە تەشەنەکردنی کۆمۆنیزم بۆ وڵاتانی ناسراو بە جیهانی سێیەم و تەنانەت خودی ئەوروپاش. ناتۆ سەرەتا لەلایەن دوازدە وڵاتەوە دامەزراو و ئیستا ژمارەی وڵاتانی ئەندام لە بەرزبوونەوە دایە و خەریکە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش تەشەنە دەکات و ئەردەن بووە بە یەکەم وڵاتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست (جیا لە تورکیا)، کە ناتۆ نووسینگەکەی تێدا دەکاتەوە.
هەڵکەوتەی جوگرافیایی ئەردەن و جیوپۆلیتیکی ئەم وڵاتە و ڕۆڵی ئەردەن وەک هێزێکی ئاشتیخواز و سەقامگیر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاڵنەرێکی سەرەکی ئەم بڕیارەی ناتۆیە، کە لە لوتکەی ناتۆ لە واشنتۆن باسی لێوە کراوە و ئاماژە بەوە دراوە کە یەکەمین نوسینگەی ناتۆ لەو وڵاتانەی کە هاوپەیمانی ئەمریکان، بەڵام ئەندامی ناتۆ نین لە وڵاتی ئەردەن دەکرێتەوە، ئەم بڕیارەش لە گرنگی و پەیوەندییە ستراتیژییە پتەوەکەی ئەردەن لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ سەرچاوەی گرتووە، کە بناگەی ئەم پەیوەندییە بە شیوەیەکی سەرەکی بۆ ساڵی ١٩٩٦ دەگەڕێتەوە؛ لە لوتکەی ئەمساڵی ناتۆدا تیشکخراوەتە سەر گرنگی ئەردەن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
هاوکات کردنەوەی ئەو فەرمانگەیە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە جیۆپۆڵەتیکییەکان و بەرزکردنەوەی هاوکاری سەربازی و هاوبەشکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکان و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە نزیکەوەیە کە بە بەردەوامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرهەڵدەدەن، ئەمەو جیا لە ململانێی نێوان ئەمریکا، رووسیا و چین لەم ناوچەیە ستراتیژییەی جیهاندا و سەرەڕای پەلهاویشتنی ئێران بۆ وڵاتە عەرەبییەکانی وەک ئێراق، سوریا، یەمەن، لوبنان، بەحرێن و فەڵەستین. لەگەڵ ئەمەشدا ئەگەرچی ناتۆ پشتیوانی ئەردەنە، بەڵام هاتنی بنکەی ناتۆ بۆ ئەردەن ئەگەری هەیە نیگەرانییەکانی ئێران و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لەهەمبەر ئەردەن زیاد بکات. ئەمەو سەرەڕای نیگەرانییەکانی رووسیا لە نزیکبوونەوەی ناتۆ لە سنورەکانی سوریا. بەڵام ئەم بڕیارەی ناتۆ، لە کۆمەلێک فاکتەر سەرچاوەی دەگرت کە لەم کورتە وتارەدا تیشک دەخرێتەسەر.
“یەکەم؛ ڕۆڵی ئەمریکا لە بڕیارەکەی ناتۆ”
هەرچەندە ئەم بڕیارە لە میانەی لوتکەی ناتۆ لە ساڵی ٢٠٢٣ لە لیتوانیا ڕاگەیەندرا ، بەڵام دوای شەڕی ئۆکتۆبەر نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، زیاتر جەختی لەسەر کرایەوە و لە لوتکەی ئەمساڵی ناتۆشدا زیاتر گرنگی کرانەوەی بارەگای ناتۆ لە ئەردەن گەنگەشەکرا، ئەمەش بە هۆی پێگەی ئەردەنەوە وەک ولاتێکی بێلایەن لە جیهانی عەرەبیدا کە لەگەڵ ئەکتەرە ناوچەییە جیاوازەکاندا هەماهەنگی هەیە. هەروەها هۆکارێکی گرنگیتر لە پاڵ کردنەوەی ئەو نووسینگەیە ئەوەیە کە ئەردەن هاوبەشێکی بەهێزی ئەمریکایە، کە هاوکاریی سەربازی، ئابووری و دیپلۆماسی پتەویان هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لە ساڵی ١٩٤٩. زیاد لەمانەش یارمەتییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ ئەردەن بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە لەم ساڵانەی دوایدا، کە بڕی ١.٤٥ ملیار دۆلار ساڵانە بۆ پشتیوانی ئابووری و سەربازی تا ساڵی ٢٠٢٩ بۆ ئەردەن دابینکردووە.
لەلایەکیترەوە، بەشداریکردنی ئەردەن لە ململانێکانی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەردەن زۆرتر لە وڵاتانی رۆژئاوایی نزیک ببێتەوە، ئەردەن بە رێگریکردنی لە مووشەکەکانی ئێران لە پرۆسەی ”سادقی ١” لە نیسانی ٢٠٢٤ کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کران وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە ئسیرائیل بە هۆی ئامانجگرتنی باڵیوزخانەی ئیران لە سوریا لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئەردەن بە پاساوی پاراستنی سەرەوەری خۆی، رێگەی بە وڵاتانی بهریتانیا، فەڕەنسا و ئەمریکادا کە رێگری لە گەیشتنی موشەکەکانی ئێران بۆ ئیسرائیل بکات کە لە ئاسمانی ئەردەنەوە دەرباز دەبوون. ئەم هەڵوێستەی ئەردەن ئاماژەیە بۆ رێکخستنی ستراتیژی خۆی لەگەڵ زلهێزەکانی رۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا و رێگە خۆشکەربوو بۆ کردنەوەی بنکەی سەربازیی ناتۆ لە ئەردەن. جگە لەوەش لە رووی مێژووییەوە پێشتریش ئەردەن نییەت پاکی خۆی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا خستووەتەروو لە میانەی بەشداریکردنی لە جەنگی کۆسۆڤۆدا وەک پشتگیریکەری دەستێوەردانەکانی ناتۆ لە دژی هێزەکانی سربیا.
ناکرێ لەم میانەیەدا دۆخی سوریا وەک رێگە خۆشکەرێک بۆ ئەم بڕیارەی ناتۆ رەچاو نەکەین. ڕۆڵی ستراتیژی ئەردەن لە شەڕی سوریادا هۆکارێکیتری سەرەکییە لە بڕیارەکەی ناتۆ بۆ کردنەوەی یەکەم نووسینگەی پەیوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە عەمان، بەشداریکردنی ئەردەن لە ململانێی سوریادا وایکردووە هاوپەیمانێکی چارەنووسساز بێت بۆ ئەمریکا و ناتۆ، سەرەڕای ئەوەش ئەردەن بەشداری لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کردووە دژی گرووپە تیرۆریستییەکان لە سوریا، هەروەها نووسینگەی ناتۆ لە ئەردەن دەتوانرێ وەک پەیامێکی ئاگادار کردنەوە ببینرێت بۆ ڕووسیا بەوەی کە هێشتا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ناتۆ دەستبەرداری بەرژەوەندییەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست نەبوونە. بەڵام دەبێ ئەم راستییەش رەچاو بکەین کە هەوڵەکانی ئۆکراینا بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ یەکێک لە پاساوە سەرەکییەکانی رووسیا بوو بۆ هێرشکردنە سەر ئەم وڵاتە، بۆیە داهاتوو ئەمە روون دەکاتەوە کە هەڵوێستی رووسیا لەهەمبەر ئەردەن چۆن دەبێت کاتێک بارەگای ناتۆ لە ئەردەن دەکرێتەوە و ئایا رووسیا لە رێگەی گروپە چەکدارەکانەوە دووبارە نیگەرانییە ئەمنییەکان بۆ ئەردەن دروست ناکات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە، هاوکێشە سیاسییەکان و توانایی مانۆڤردانی رووسیا لە ناوچەکەدا دەداتەوە. بۆ نموونە، لە دوای ئەم بڕیارەی ناتۆ، رووسیا بڕیاریدا کە لە دوای سێ ساڵ داخستنی بنکە سەربازییەکەی لە کۆبانی، دووبارە ئەم بنکەیە بکاتەوە.
“دووەم؛ کاریگەرییەکانی بارەگای ناتۆ بۆ سەر ئەردەن”
بڕیاری کردنەوەی بارەگای ناتۆ، ئاماژەی بەوەی کە ناتو هاوپەیمانێکی باوەڕپێکراوی عەرەبی لە ناوچەکەدا دۆزیوەتەوە. بەڵام ئەردەن داهاتێکی ئەوتۆی نییە بە تایبەت لە بەرەو پێشبردنی توانای سەربازییەکانی خۆی، هەر بۆیە ئەردەن دەتوانێت سوود لەم هاوکارییە وەربگرێت لە ڕێگەی سوودمەند بوون ڕاهێنانی سەربازی، یارمەتی دارایی و لۆجیستی و چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی ئالنگارییەکانی تایبەت بە تیرۆریزم. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە هێزە چەکدارەکانی ئەردەن زۆرەوە پشتگیری تەکنیکی زیادتر و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لە ناتۆ وەردەگرن. بۆ عەممان، ئەم جۆرە پشتگیرییە دەتوانێت گرنگ بێت کاتێک باس لە بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەردەن دەکرێت، بەتایبەت لەو هەڵومەرجە سیاسیی و تێکچوونە ئەمنییەی کە ناوچەکەو تێکەوتووە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی تا رووداوی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە کە سەر لە نوێ بووەتە هۆی دووبارە ئازراندنی بەرەی مقاومەی سەر بە ئێران لە ساڵانی سەرەتای دامەزراندنیدا ئەردەن، وەک دەوڵەت، پشتی بە پشتیوانییە سەربازییەکانی بەریتانیا دەبەست بەڵام پاش نزیک بوونەوەی ئەردەنلە ئەمریکا و ناتۆ، ئەردەن خوازیاری بەرفراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ گست وڵاتانی ئەندامی ناتۆیە بەتایبەتیش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەوەی کە زۆر گرنگە بۆ ئەردەن ئەو بەرنامانەیە کە ناتۆ پێشکەشی دەکات بە مەبەستی بەرزکردنەوەی توانای هێزە چەکدارەکانی، لەوانەش :
- مەشق و راهێنانی سەربازی بۆ باشترکردنی کارەکان لە نێوان ناتۆ و هێزی سەربازی ئوردن.
- ڕاهێنانە سەربازی و هەواڵگرییەکانی تایبەت بە چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
- ڕاهێنان بۆ هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت، بۆ دۆخی ئاوارتە.
- پەرەپێدانی توانای زمانی ئینگلیزی بۆ بەشیک لە هێزە چەکدارەکانی ئەردەن، بەتایبەتیش ئەو هێزانەی کە بەنیازن لەگەڵ ناتۆ کاربکەن.
- راهێنان لە چۆنییەتی رووبەرووبوونەوەی هەڕەشەکانی تایبەت بە سایبێر-سێکیوریتی.
ئەم بەرنامانە ئامانجیان بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری و لۆجستیکی هێزی سەربازی ئەردهنە، ئەمەش وایان لێدەکات باشتر مامەڵە لەگەڵ هەڕەشە ئەمنییەکان بکەن وەک تیرۆر، هێرشی ئەلیکترۆنی و ئاڵنگاریەکانی ئاسایشی سنوورەکان. هەروەها ڕاهێنانەکە ئاسانکاری دەکات بۆ هەماهەنگی لە نێوان ناتۆ و ئەردەن لە بوارەکانی وەک چۆنییەتی بەڕێوەبردنی قەیران و پزیشکی سەربازی و چۆنییەتی دابینکردنی یارمەتییە سەرەتایی (first aid) لە مەیدانی جەنگ. بەڵام ئەم پەیوەندیە بەهێزەی ئەردەن لەگەڵ ناتۆ چەند سودی هەبێت لە هەمان کاتدا زیان و کاریگەری نەرێنیشی دەبێت، چونکە شەڕی غەزە ڕوانگەیەکی خراپ و نەرێنی دەربارەی رۆژئاوا بۆ جیهانی عەرەبی جێهێشتووە، هەڵبەت نەک لەسەر ئاستی حکومی بەڵکو لە ئاستی رای گشتی شەقامی عەرەبی. جونکە حکومەتە عەرەبییەکان خوازیاری لاوازبوونی بزوتنەوەی حەماسن کە ئەم بزوتنەوەیە بە بەشێک لە بەرەی مقاومە و تەواوکەری هیلالی شیعی هەژمار دەکەن، ئەگەرچی خودی بزوتنەوەکە سووننە مەزهەبە.
“سێیەم؛ لێکەوتە جیوپۆلیتیکییەکان لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”
هاتنی ناتۆ، بۆ ئەردەن، تەنیا لێکەوتە و رەنگدانەوەی بۆ سەر ئەم وڵاتە نابێت، بەڵکو وەک زنجیرەیەک لێکەوتەی هەریمایەتیشی دەبێت وەک:-
1. ئەگەری بەرزکردنەوەی ئاستی گرژییە ناوچەییەکان:- بوونی ناتۆ بە دڵنیایەوە نیگەرانی کۆمەڵێک وڵات دراوسێی ئەردەن دەوروژێنێت، بە تایبەتی دەوڵەتانی وەک ئێران و سوریا، کە ڕەنگە ئەمە بە فراوانبوونی کاریگەریی ڕۆژئاوا سەیر بکەن، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەم هەنگاوەی ناتۆ دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەیی و بەهێز کردنەوەی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە دەوڵەت جیاوازەکان لە ناوچەکەدا، واتە دەکرێ چاوەروانی چالاکبوونەوەی ئاکتەرە نادەوڵەتییەکان بکەین کە خۆیان لە گرووپە چەکدارەکانی وەک حوسییەکانی یەمەن و حزبولای ئێراقی بەرجەستە دەکات.
2. ڕای گشتی جیهانی عەرەبی:- بوونی ناتۆ دەتوانێت کاردانەوەی گشتی لە ئەردەن و وڵاتانی عەرەبی بورووژێنێت، کە هەستی دژە ڕۆژئاوایی لە نێوانیاندا بەهێزە، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسی فەلەستین و دەستێوەردانی سەربازی لە ناوچەکەدا. بەڵام لەگەل ئەمەشدا، رای گشتی، راییەکی لاوازە و زۆرتر کاتییە و چونکە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تژییە لە وەرچەرخانی خێرا، بۆیە دەکرێ دوای ماوەیەک ئەم رایە دژە-ئەردەنە، خۆبەخۆ کپ ببێتەوە.
3. مەترسی بۆ سەر ئێران:- ئێران کردنەوەی نووسینگەی ناتۆ وەک دەستدرێژییەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی سەیر دەکات و بە مەترسی لەسەر کاریگەرییە هەرێمایەتیەکەی دادەنێت. ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان و ئەگەری پەرەسەندن لە نێوان ئێران و ئەردن، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە گرژیەکان تەنیا لە نێوانیان ناوەستێت و درێژدەبێتەوە بۆ زلهێزە ناوچەییەکانی دیکە. ئەمەش ئەگەرێکی بەهێزە، چونکە لە هێرشی ئێران بۆ بۆ سەرئیسرائیل لە رێکەوتی ١٤/٤/٢٠٢٤، ئەردەن بە پاساوی پاراستنی سەروەری ئاسمانی وڵاتەکەی رێگەی بە ئەمریکا و هاوپەیمانانیدا، کە لە ئەردەنەوە رێگری بکەن لە گەیشتنی موشەکەکان بۆ خاکی ئیسرائیل.
4. کاریگەریی لەسەر پرسی ئەردن-فەڵەستین:- کردنەوەی بارەگای ناتۆ دەکرێت رێگە خۆشکەربێت بۆ هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ فشارخستنە سەر فەڵەستینییەکان بۆ رێگەدان بە هاتنی سەربازانی سەر بە ناتۆ بۆ غەزە وەک هێزی ئاشتی پارێز. لە کاتێکدا کە کردنەوەی بارەگای ناتۆ لە ئەردەن، ئامانجەکەی بریتییە لە بەرزکردنەوەی ئاسایشە، کاریگەرییەکانی لەسەر پرسی ئەردن-فەڵەستین ئاڵۆز و فرەلایەنەیە.
5. ڕێکخستنی ستراتیژی لەگەڵ ئیسرائیل:- هاوبەشی ئەردەن لەگەڵ ناتۆ و ڕێکخستنی خۆی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوادا، کە هاوتەریبە لەگەڵ نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە کاریگەریی ئێران لە ناوچەکەدا. ئەمەش دەتوانێت کاریگەریەکی بەرچاوی هەبێت بۆ نزیک بوونەوە و هەماهەنگی لە نێوان ئەردەن و ئیسرائیل لە بابەتە ئەمنییەکان.
6. کاریگەری جیۆپۆلەتیکی لەسەر ڕووسیا و چین:- دامەزراندنی بارەگاکە ئاماژەیە بۆ بەهێزکردنی هەژموونی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕەنگە لەلایەن ڕووسیا و چینەوە هەست بەوە بکرێت کە وەك ئاڵنگاریەك بێت بۆ بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا. بەرزکردنەوەی هاوکاری سەربازی ناتۆ لەگەڵ ئەردەن دەتوانێت ئامانجە ستراتیژییەکانی ڕووسیا ئاڵۆز بکات، بەتایبەتی سەبارەت بە دەستێوەردانەکانی لە سوریا و پشتگیریکردنی لە ڕژێمی ئەسەد. ئەگەری هەیە چین پەیوەندی دیپلۆماسی و ئابووری لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکان بەرزبکاتەوە بۆ پاراستنی کاریگەرییەکانی. ڕەنگە هەردوو ڕووسیا و چین هەوڵ بدەن هاوپەیمانییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بەهێز بکەن کە دژی بوونی ناتۆن لە ناوچەکەدا. بەگشتی، نووسینگەی ناتۆ لە ئەردەن دەتوانێت کێبڕکێی جیۆپۆلەتیکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرز بکاتەوە، ئەمەش ڕووسیا و چین ناچار دەکات ستراتیژییەکانیان ڕێکبخەن لە وەڵامی زیادبوونی هاوکارییە سەربازییەکانی ڕۆژئاوا لە ناوچەکەدا.
“پوختە”
- لە کاتێکدا کە نووسینگەی ناتۆ لە ئەردەن دەتوانێت کێبڕکێی جیۆپۆلەتیکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرزبکاتەوە، بەڵام بەدوور نازانرێت لە ماوەیەکی کورتخایەندا هاوسەنگی هێز بگۆڕێت. بە تایبەت دەوڵەتانی وەک ڕوسیا، چین و ئێران لە بەرامبەر ئەم گۆڕانکاریە ئەمنییە بێ هەڵوێست نابن.
- پێدەچێت نووسینگەی ناتۆ لە ئەردەن دوژمنایەتییەکانی ئێستا لەگەڵ ئێران بەهێزتر بکات لە هەمان کاتدا هاوکاری ئاسایشی زیادتر لە نێوان دەوڵەتە هاوتەریبەکانی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پتەوتربکات.
- بوونی ناتۆ ڕەنگە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا بگۆڕێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئێران گۆشەگیر دەکات و کاریگەرییەکەی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان چونکە ئێران بەشداریکردنی ناتۆ وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی دەبینێت.