ئێران کەوتۆتە دۆخێکەوە چەکە دیبلۆماسییەکەی زۆر بەهێزتربێت لە گەرمی موشەکەکانی، چارەنووسی کابینەی پزیشکیان و هەژموونی ئێران لەبەردەم دووڕیانێکی پێچەوانەدا چاوەڕێی فەرمانی خامەنی رابەڕی باڵا دەکات!
دوای تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە یەکێک لە دیارترین رابەرانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی فەلەستینی لەلایەن ئیسڕائیلەوە، کەشێکی سامناک ناوچەکەی داپۆشیووە. هەمووان چاوەڕێی ئەوەن ئاخۆ ئێران چۆن و کەی و بە چ شێوازێک هەوڵدەدات ئەمەی پێی دەڵێن “شەرمەزارییە گەورەکە” لەسەر خۆی لادەدات؟! هەموو جیهان بە خۆرئاوا و خۆرهەڵاتەوە، بە جیهانی عەرەبی و موسڵمانان و بەرەی موقاوەمەی ئێرانیشەوە چاوەڕێی هەڵوێستی رابەرەکەیانن کە پێیان وایە لە توڕەییدا غەرق بووە. بەردەوامیش نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل وەکو فشارێک بۆ کەمکردنەوەی ئاستی وەڵامی ئێران هەڕەشە دەکات بەوەی هیچ هێرشێک بێ وەڵام نابێت و ئامادەن بۆ جەنگی سەرتاسەری! لەکاتێکدا نەتانیاهۆ درکی بەوەکردووە ئێرانییەکان هەرگیز بێ دەنگ نابن بۆیە لەڕێگەی هەڕەشەکردن بە دەنگێکی بەرزتر دەیەوێت هەر چۆنێک بێت ئێرانییەکان سڵ بکەنەوە لەوەی کارێگی گەورە ئەنجامنەدەن.
لەم ساتەوەختە پڕ بێ ئومێدی و ئاڵەنگارییەدا، ئێران دەبێت تێبگات لەوەی باشترین و بەهێزترین وەڵامدانەوەی بریتییە لەوەی هەرگیز وەڵام نەداتەوە و بەسەریدا تێپەڕببێت! ئەگەر پرسیاربکەن بۆچی ئەم هەڵبژاردەیە لەهەموو هەڵبژاردەکانی تر درووستتر و پەسەندترە ئەوا هەوڵدەدەم بەچەند خاڵێک روونی بکەمەوە:
1- غەزە زیاتر لە سێسەد رۆژە لەژێر ئاگر و ئاسن و ئابڵوقەدانێکی توندایە و رووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی گەورە بۆتەوە، تا ئەم خولەکە زیاتر لە 39 هەزار کەس شەهیدبوون و 91 هەزار کەسی تر برینداربوون. ئەوە جگە لە وێرانبوونی نزیکەی %70 تەواوی ژیار و ژێرخانی کەرتەکە و داڕووخانی بنەما شارییەکانی. ئەگەر ئێران بیەوێت لەبەردەمی جیهان و کۆمەڵگای موسڵمانان و لایەنگرانی خۆیشی راستگۆیی خۆی بەرامبەر خەم و ئازاری غەزەییەکان نیشانبدات، ئەوا دەبێت وەڵامی خۆی بگۆڕێتەوە بە ئاگربەست و دانووستان و کۆتاییهێنان بە جەنگ.
2- لەئێستادا لەسەر ئاستی جیهان هاوسۆزییەکی زۆر بۆ غەزە هەیە، وەک دەبینین تەنانەت ئیدارەی بایدینیش گوشار لە کابینەی نەتانیاهۆ دەکەن بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل لە کەرتەکە، هەر لەژێر گوشاری ئەمریکاش لەدوای تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە شاندی ئیسڕائیلی بەرەو قاهیرە بەڕێکەوتن بەئومێدی گەڕان بەدوای ئاگربەستدا. ئەگەر ئێران وەڵامە سەربازییەکەی بگۆڕێتەوە بە گوشاری دیبلۆماسی ئەوا بەتەواوی پێگەی حەماس لە دانووستانەکاندا زۆر بەهێزتر دەکات وەک لە گۆڕەپانی شەڕ، دەنگ و ئیرادە نێودەوڵەتییەکان پشتگیری ئێران دەکەن لە داواکەیەداو داواکانی ئیسڕائیل لەڕووی دیبلۆماسییەوە پەراوێزدەخرێت. ئیسڕائیل دەکەوێتە گۆشەیەکی تەسک و تەنهاوە، هەروەها لەژێر فشارێکی توندی هاوپەیمانەکانی دەبێت لە رۆژئاوا. بەمشێوەیە رەتکردنەوەی کشانەوە و ئاگربەست بۆ ئیسرائیل کارێکی ئەستەم و مەحاڵ دەبێت.
3- خۆرئاواییەکان لەژێر تاقیکردنەوەیەکی سەختدا دەبن، ئەگەر نەتوانن وەکو پێویست گوشاربخەنە سەر ئیسڕائیل و تەنانەت تا ڕادەی دەستلەکارکێشانەوەی خودی نەتانیاهۆش، ئەوا ناکۆکی و دووبەرەکی بەهاوپێچی ناڕازییەتییەکی توند لە ناوەندە سیاسییەکانی ئەورووپاوە سەرهەڵدەدات بەتایبەت لە فەڕەنسا و بەریتانیا کە دوو هاوپەیمانە زەبەلاحەکەی ئەمریکان، سەرکەوتنی پارتە چەپەکانیش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەم دواییەی دوو وڵاتەکەدا دەرفەتی زیاتر بۆ ئەم ناڕەزایەتییە توندە دەرەخسێنێت. ئەمەش وا دەکات ئەگەر ئەمریکا نەتوانێ ملی ئیسڕائیل لە دانووستانەکاندا بشکێنێتەوە، چیتر لەلایەن دۆستەکانی ئۆراسیا و ئەفریقاوە وەکو وڵاتێکی متنانەپێکراو و پارێزەری یاسا جیهانییەکان سەیرنەکرێت. ئەمریکاش ئەم بەرپرسیارێتییە گەورەیەی بۆ هەڵناگیرێت و بە زەبری هێز پیاڵە ژەهرەکە بە نەتانیاهۆ دەخواتەوە.
4- بەرنامەی کاری مەسعودی پزیشکیان کە لەڕووی نێوەدەوڵەتییەوە جەختی لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی دەکردەوە، لەپێناوی کەمکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران و باشکردنی دۆخی ئابوری وڵاتەکە لەئێستادا و لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیدا کەوتە بەردەم دووڕیانێکی تەواو پێچەوانەوە. ئەگەر پزیشکیان هەوڵنەدات وەڵامی ئێران لەسەربازییەوە بۆ گوشاری دیبلۆماسی بگۆڕێت و تێیدا سەرکەوتوونەبێت، ئەوا تۆڵەکردنەوەی سەربازی چارەنووسێکی باش بۆ کارنامە و دیدگاکانی پزیشکیان بەجێناهێڵێت. ئێران دەخاتەوە بەردەم سزای زیاتر و توندتری ئابووری خۆرئاواییەکان و بەرەو ململانێیەکی قورستر رایدەکێشێت، بەتایبەت لە ئەگەری گەڕانەوەی ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری ئەمریکا ئیدی دۆخەکە بۆ پزیشیکیان سەختتر دەبێت و ئەمریکا گورزی زیاتر لە ئێران و دۆستەکانی دەوەشێنێت. لەڕووی ئابووریشەوە بێگومان تمەن زیاتر دەشکێت و نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە و متمانەی بازاڕی ئێران دادەبەزێت. لەهەمووشی خراپتر بەتەواوی هیواکانی کابینەی پزیشیکیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەورووپا و کەمکردنەوەی سزاکان و بوژانەوەی ئابووری وڵاتەکە لانی کەم بۆ چەند ساڵێکی داهاتوو لێڵ و کوێر دەبێت.
5- بەپێچەوانەی خاڵی چوارەم ئەگەر پزیشکیان سەرکەوتووبێت لە هەڵبژاردنی گوشاری دیبلۆماسی بەسەر گوشاری سەربازیدا ئەوا راگەیاندنی ئاگربەست و دەرکردنی ئیسڕائیل لە کەرتی غەزە حەتمی دەبێت، هەروەها وێنەیەکی باشتر و جوانتر بە ئێران دەبەخشێت بەوەی پشتیوانی لە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە دەکات و نیەتێکی باشتری وەک لە ئیسڕائیل هەیە. ئەمەش دەرفەتێکی زێڕین و گرانبەها بۆ کابینەی پزیشکیان دەڕەخسێنێت کە لە چوار ساڵی داهاتوودا یەکێتی ئەورووپا بەدەستوپەنجەیەکی نەرمتر و تۆنێکی زۆر نزمتر وەک لەوەی وێنابکرێت مامەڵە لەگەڵ ئێرانییەکاندا بکەن و ئەمریکاش بۆ ئەمە رابکێشن. یەکێتییەکە کە ئێستا رووبەڕووی هەڕەشەکانی رووسیا دەبنەوە لە بەرەی خۆرهەڵاتیان لە ئۆکرانیا و پۆڵەندا بەتامەزرۆییەوە هەنگاو بەرەو کەمکردنەوەی گرژییەکان دەنێن لەگەڵ ئێراندا و هەوڵدەدەن لەم رێگایەشەوە هیوایەک بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی رووسیا بدۆزنەوە، بۆیە پێم وایە ئیدارەی ترەمپیش ناتوانێت بەر لەو هەنگاوانەی یەکێتی ئەورووپا بگرێت.
6- بەگۆڕینی هەنگاوی چاوەڕوانکراوی ئێران لە سەربازییەوە بۆ گوشاری دیبلۆماسی ئیدی بازنەی وەڵام و ئاڵۆزییەکان دەشکێت، خولانەوەی بەردەوام لە بازنەی “وەڵام بە وەڵام” کۆتایی دێت و ئاراستەیەکی خێرای راستەوڕاست بەرەو هێمنکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە درووستدەبێت. رێگا ئەگەرییەکانی تری بەرەو جەنگی سەرتاسەری دادەخرێن و خودی ئێرانیش خۆی بەئامادە نازانێت بۆ جەنگێکی لەمشێوەیە کە چارەنووسێکی تەمومژاوی و نادیار و دژواری هەبێت. خواستەکانی ئێران بۆ هەژموونی زیاتر لە ناوچەکەدا و تەنانەت وەکو نوێنەرایەتی کۆمەڵگای موسڵمانانی جیهان و ناوەندە پاشخان ئیسلامییەکانیش قایمتر و بەرزتر دەبێت، گۆی هەژموونیی ئێران گەورەتردەبێت ئەمەش ئەوەیە کە ئێران خەونی پێوەدەبینێت.
ئەم خاڵانە لەو راستییە لانادەن کە ئەگەر ئێران و بەرەکەی بەتایبەت حزبوڵا جەنگێکی راستەوخۆ و سەرتاسەری هەڵببژێرن بێگومان ئیسڕائیل تووشی زیانێکی گەورەدەبێت کە لەجەنگەکانی سەدەی رابردوودا بەرامبەر وڵاتانی عەرەبی تووشی نەبووبێت. چ لەڕووی سەربازی و چ لەڕووی ئابوورییەوە ئیسڕائیل دەکەوێتە ژێر هەڕەشەیەکی جددی و ئەو توانا خەیاڵییەی بۆ بەرگرییەکی بێباکانە نییە و زەرەرمەند دەبێت و تەنانەت هەڕەشەی جددی دەکەوێتە سەر پایتەخت و کورە ئەتۆمییەکانیشی، چارەنووسی بونیاد و بوونیەتی وڵات و ئاسایشی نیشتیمانیەکەی بەڵێندراو نابێت، بەڵام هەمان لێڵی چارەنووسیش ڕووبەڕووی بەرەی ئێرانییەکان دەبێتەوە لەئەگەری بەرپاکردنی جەنگێکی سەرتاسەری و راستەوخۆدا، بۆیە لەم دۆخە هەستیارەدا “بێدەنگی” ئێران نەک هەر لاوازناکات، بەڵکو بەهێزتری دەکات، سامێکی پێدەبەخشێت کە هێزی ڕاستەقینەی وەڵامەکەی دەشارێتەوە و هێشتا هەژموونێکی گەورەتری دەبێت بۆ گوشارکردن و راکێشانی بەرامبەرەکانی بۆ خواست و داخوازییەکانی.
ئێران دەبێت دەرس لە جەنگی ئۆکرانیا وەربگرێت کە چۆن ڕووسیا بە وەڵامی سەربازی و جەنگی سەرتاسەری، هێزی راستەقینەی خۆی نیشانی جیهاندا لە شەڕی گەرم و بەرەییدا “نەک ئەتۆمی” بەمەش هەژموونی ڕووسیا وەک لە گوشارەکانی پێش جەنگ زۆر کەمتربۆوە و دۆخی ئابوورییەکەشی خراپتربوو، بەم لەبەرچاوگرتنانە پێویستییەکی حەتمییە بۆ ئێران کە بەسەر ئیحراجبوون و توڕەییەکەیدا زاڵ ببێت و بوونیاد و قورسایی خۆی وەکو زلهێزێکی هەرێمی و جێی ترس بپارێزێت.