تاکو نیوەی یەکەمی سەدەی ٢١ ، بیرۆکەی زیرەکی دەستکرد بە شێوەیەکی دیاریکراو وەک بابەتێکی (خەیاڵی-زانستی) لێی دەڕوانرا. بەڵام لە نیوەی دوەمی سەدەی ڕابردو زانایانی بواری تەکنۆلۆجیا بە پەرۆشەوە دەستیانکرد بە هەوڵدان بۆ بەرەوپێشچون و بە واقعکردنی زیرەکی دەستکرد.
“مێژویەکی کورت لەسەر کاریگەرییەکانی زیرەکی دەستکرد لەسەر کۆمەڵگه”
لە پرۆژەی “توێژینەوەی هاوینەی دۆرتماوث”دا دەربارەی زیرەکی دەستکرد لە ساڵی ١٩٥٦، “جۆن مککارثی” زاراوەی زیرەکی دەستکردی ناساند کە یارمەتیدەر بوو بۆ دروستبونی کۆمەڵەیەکی ڕێکخراو لە توێژەرانی زیرەکی دەستکرد. زۆرجار توێژەران سەرکەوتوو نەدەبوون لە بەواقعیکردنی تواناکانی زیرەکی دەستکرد. تاکو لە دوا ساتەکانی سەدەی (٢٠)دا پێشکەوتنە گرنگەکانی زیرەکی دەستکرد کۆمەڵگەی هەژاند.کاتێک کۆمپیوتەری (deep blue )ی کۆمپانیای (IBM) کە تایبەت بوو بە یاری شەتڕەنج، لە یاریزانی بەتوانای بواری شەتڕەنج “گاری کاسپارۆڤ”ی بردەوە. ڕووداوەکە نە تەنها دۆڕانێک بوو لە مێژووی شەتڕەنجدا، نە بردنەوەی کۆمپیوتەرێک بوو لە مرۆڤێک، بەڵکو دەروازەیەک بوو کە ئامێرە کۆمپیوتەریەکان جیهانی (خەیاڵی-زانستی)یان لێوە تێپەڕاند بۆ جیهانی ڕاستی. سەردەمی (big data)و خێرا گەشەکردنی هێزی کۆمپیوتەر لە ئەنجامدا وای لە زیرەکی دەستکرد کردووە کە بتوانێت بەخێرایی داتاکان بەکار بهێنێت و ئەو ئەرکانە فێر بێت کە پێشتر تەنها لەلایەن مرۆڤەوە جێبەجێ ئەکرا. کاریگەری پێشکەوتنی ئامێرەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو لە کۆمەڵگەیا ئەبینرێت، وەک: ئامێری ناسینەوەی ئاخاوتن (Alexa)، ئامێرەکانی پێشنیار کردن وەک ئەوانەی کە لەلایەن نێتفلێکسەوە بەکار ئەهێنرێت، بۆ پێشنیار کردنی فیلمێک لەسەر بنەمای مێژوی سەیرکردنی بینەر، هەروەها ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر. بۆیە لە پێنج ساڵی داهاتوودا گەشەکردنەکانی زیرەکی دەستکرد گۆڕانکاری گەورە و بەرچاو ئەنجام ئەدەن لە کۆمەڵگەدا.
“چۆن زیرەکی دەستکرد کاریگەری ئەبێت لەسەر داهاتوو؟”
خێرایی ژیان؛ دیارترین گۆڕانکاری کە زۆرینەی خەڵک هەستی پێدەکەن بریتی دەبێت لە مامەڵەکردنی خەڵک لەگەڵ دامەزراوە گەورەکاندا، بەم شێوەیە هەر دامەزراوەیەکیش بە شێوەیەکی ڕێکخراو ژمارەیەکی زۆر بەکارهێنەری هەبێت وەک کۆمپانیاکان، دامەزراوە حکومییەکان، ڕێکخراوە قازانج نەویستەکان… هتد، ئەوا ناچار دەبێت سوود لە تواناکانی زیرەکی دەستکرد وەربگرێت، چونکە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت یارمەتی ئەم دامەزراوانە بدات زۆر بەخێرایی زۆربەی کارەکان جێبەجێ بکەن، لە ئەنجامدا بەم شێوەیە هەست بە خێرایی ژیان دەکەین.
کۆتایی ژیانی تایبەتی؛ بە هەمان شێوە یەکێکی تر لەو شتانەی کە لە داهاتودا هەستی پێ ئەکەین، بریتییە لە نەمانی تایبەتمەندی ژیانی کەسی بەهۆی سیستەمە پێشکەوتوەکانی زیرەکی دەستکردەوە. پێشبینی دەکرێت ئەم سیستەمانە لە داهاتودا توانایەکی لەڕادەبەدەریان هەبێت بۆ دەست گەیشتن بە زانیارییە تایبەتەکانی هەر تاکێک. پێ دەچێت لە ماوەی ئەم ٥٠ ساڵەی ڕابردوودا ڕادەی پاراستنی زانیارییە کەسییەکانمان لە لایەن ئەم سیستەمانەوە تاقیکرابێتەوە، ئەم کارەش پێویستی بە ئەلگۆریتمی زۆر بەهێز هەیە کە توانای خەمڵاندن و بڵاوەپێکردنی بڕێکی زۆر داتای هەبێت. بەم شێوەیە بۆمان دەرئەکەوێت ئەمە زیاتر بارگرانییەکی تەکنۆلۆجیە وەک لەوەی بەرپرسیاریەتییەکی ئەخلاقی بێت، کە دواجار کۆمەڵگا بەرەو هەڵدێر دەبات.
کارکردنی تیمی مرۆڤ لەگەڵ زیرەکی دەستکرد؛ زۆرینەی خەڵک پێشبینی دەکەن کە حکومەت و کۆمپانیاکان لە داهاتوودا سوود لە تواناکانی زیرەکی دەستکرد وەربگرن تاکو شان بە شانی توانای مرۆڤ بەرەو یەک ئامانج کاربکەن، بە پێچەوانەی ئەو باوەڕەی کە ئەوترێت زیرەکی دەستکرد جێگای مرۆڤ ئەگرێتەوە. لەکاتێکدا یەکێک لەو ترسانەی کە لە نەستی مرۆڤی مۆدێرندا بوونی هەیە بریتییە لەترس بەرامبەر ئەم سیستەمانە، کەسانێک پێیان وایە کارکردنی تیم لە نێوان مرۆڤ و AI یان هێشتنەوەی مرۆڤ لە هەر پرۆسەیەکدا کە تا ڕادەیەکی زۆر زیرەکی دەستکرد تێیدا زاڵ بێت، مەترسی لەسەر داهاتوی مرۆڤ هەیە.
“زیرەکی دەستکرد کاریگەری گەورەی لەسەر چ پیشەسازییەک دەبێت؟”
پەروەردەو فێرکردن؛ لە هەموو ئاستەکانی فێرکردن لە داهاتوودا، زیرەکی دەستکرد گۆڕانکاری دروست دەکات. خوێندکاران هەموو ڕاهێنان و ناوەڕۆکێکیان پێدەگات بە پێی پێویستییە تایبەتییەکانی خۆیان. بە هەمان شێوە زیرەکی دەستکرد باشترین ستراتیجی پەروەردەیی دیاری دەکات بۆ خوێندکاران لەسەر بنەمای شێوازی فێربوونی خوێندکار. تاکو ساڵی ٢٠٢٨ لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکاریانە،سیستەمی پەروەردە و فێربون بە ئەستەم ئەناسرێتەوە.
تەندروستی؛ زیرەکی دەستکرد ئەبێتە ئامرازێکی ستاندارد بۆ ئەو دکتۆرانەی کە کار لەسەر دەستنیشانکردنی نەخۆشی دەکەن. کۆمەڵگا دەبێت پێشبینی ئەوە بکات کە ڕێژەی دروستی و وردی لە دەستنیشانکردنی نەخۆشی زۆر زیاتر ئەبێت. بەڵام هەستیاری داتاکانی نەخۆش و ئاڵۆزی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو یاسایانەی کە دەیپارێزێت بەرەو قۆناغێکی ئاڵۆزی پزیشکی-یاسایی و هەروەها تێچوی زۆر دەبات.
یاسا؛ دەکرێت پێشبینی شکستی ژمارەیەک دامەزراوەی بچوک و مامناوەند بکەین لە (٥) ساڵی داهاتودا. لە کاتێکدا تیمێکی ١-٣ کەسی مرۆڤ بە هاوکاری سیستەمێکی زیرەکی دەستکرد ئەتوانن کارێک بە تێچویەکی کەمتر و کاتێکی کەمتر ئەنجام بدەن کە لە ڕابردوودا پێویستی بە تیمێکی ١٠-٢٠ پارێزەر هەبوە.بە هەمان شێوە چات بۆتەکان ئەتوانن پوختەیەکی سەرەتایی لە یاسا کارپێکراوەکان دابین بکەن. لەسەر بنەمای خەمڵاندن و پێشکەوتنەکانی زیرەکی دەستکرد لە چەند ساڵی ڕابردودا،پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٢٨ ژمارەی پارێزەری مرۆڤ لە ئەمریکا بە ڕێژەی ٪٢٥ یان زیاتر کەمبێتەوە.
هۆکانی گواستنەوە؛ لە داهاتوویەکی نزیکدا بەشێوەیەکی بەرچاو ئۆتۆمبیلی بێ شۆفێر بۆ مەبەستی تایبەت و گشتی بەکار دەهێنرێت، بۆ نمونە ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە ڕۆژانە بەکاری دەهێنین، ئەو بارهەڵگرانەی کە شمەک هەڵەگرن لە نێوان شارەکاندا، ئەو کەشتییە ئاسمانیانەی کە مرۆڤ و شتومەک ئەگوازنەوە بۆ سەر مانگ. پێدەچێت بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر نمونەیەکی کرداری بێت لەوەی کە ئێمە گەیشتوین بە سەردەمی زیرەکی دەستکرد.
“تووێژینەوە لە مەترسییە دوور مەوداکانی زیرەکی دەستکرد”
ئەو بیروبۆچونەی کە گوایە ژیری دەستکرد مەترسیدارە بۆ مرۆڤ، بۆچونەکە بەتەنها لە خودی زیرەکی دەستکرد مەترسیدارترە. بەڵام لە دوو ساڵی ڕابردووەوە کە ئەم بابەتە بووە بە بابەتی گەرمی گفتوگۆ و سیمینارەکان، ترس لە زیرەکی دەستکرد پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. یەکێک لە فۆرمە ڕاستەقینەکانی ئەم دڵەڕاوکێیە بەرامبەر بە زیرەکی دەستکرد بریتییە لە ترسی مرۆڤ لەوەی کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی توانای کۆنترۆڵکردنی ئەم سیستەمە زیرەکانە لە دەست بدات، وەک ئەبینین لە هەندێک حاڵەتدا ئەمە ڕووئەدات، کە “بازرگانی ئەلگۆریتمی” لە بواری داراییدا بەکار ئەهێنرێت. ئامانجی سەرەکی لە دروستکردنی ئەم بەرنامانە بریتییە لە بەکارهێنانی توانای زیرەکی دەستکرد لە کاردا بەشێوەیەک کە خێراتر بێت لە توانای مرۆڤ. هەرچەندە ئەو ترسەی کە لە لایەن “ئیلۆن مەسک و جیۆفری” هینتن و هەندێک پێشەنگی بواری زیرەکی دەستکرد باسکراوە بەڵام زیاتر لە بابەتێکی خەیاڵی زانستی دەچێت و هەر وەک ئەو پێشبینیانەی کە ١٠٠ ساڵ پێش ئێستا کراون. بە ئەگەری زۆرەوە زیانە دوور مەوداکانی زیرەکی دەستکرد، لە ئێستادا بریتییە لە لەدەستدانی هەلی کار. تا ئەو ڕادەیەی کە ئەگەری هەیە دامەزراوە گەورەکان ئەم دەنگۆیانە بە جدی وەرگرن و لەسەر بنەمای ئەم ترسانە وەبەرهێنانی کەمتر بکەن، ڕەنگە مرۆڤایەتی لە داهاتوودا ئەمانە لەدەست بدات: توانای مرۆیی، ئەو داهێنانانەی بەرهەمی تیمی مرۆڤ و زیرەکی دەستکردن، داهێنانی نوێی تەکنۆلۆژی، بەرهەمی زانستی نوێ، شێوازی تری داهێنانی کۆمەڵایەتی کە سیستەمەکانی زیرەکی دەستکرد ناڕاستەوخۆ دەتوانن جێبەجێی بکەن.
سهرچاوه؛ techTarget
نووسینی؛ مایكڵ بێنت
وهرگێڕانی له ئینگلیزییهوه؛ لاولاو مستهفا