“پێشەکی”
بەر لەوەی باس لە هەر جۆرە دەرکەوتە یان دەور و بەشدارییەکی خوێنەر لە پرۆسەی خوێندنەوە و بینینەوە یان دائانینی مانا لە شیعری نوێی کوردی دا بکرێ، دەبێت رەچەڵەک و بوون و نەبوون(L’ẾTRE ET LE NEANT) “بەواتا سارتەرییەکەی”یان شێوازی هەبوونی(Become) خوێنەر بەگشتی و پاش ئەوەش ئامادەگی و دەرکەوتنی ئەم “بوون” و “بوونەوەرە” لە پانتای دەقی شیعریی نوێی کوردی دا بگێڕدرێتەوە. لەرووی تیۆرییەوە، خوێنەر ناشێت بوون و دەرکەوتەیەکی بێ رەچەڵەک و مێژووی هەبێت واتە خوێنەر وزە و توانست و بووگێکە مێژوو کرد و زەمانمەند بۆیە پێش مەرجی لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی بەشداری خوێنەر لە خوێندنەوە و دواتر راڤە(تەئویل)ی شیعری نوێ دا، رەچەڵەک ناسی خوێنەر و دیتنەوەی شوێن پێکانێتی لە رەوتی زەمەن دا.
ئەم رەچەڵەک ناسی و ریشەدۆزییە دەبێت هەم لە فۆرمە فەلسەفی و هزرییەکەی دا و هەمیش لە قەوارە و دەرکەوتە کولتووری و ئەدەبی و تەنانەت ئایدۆلۆژییەکەی دا لێک بدرێتەوە و بگێڕدرێتەوە و بەم شێوەیە قورسایی و چییەتی و ئاستی چالاک بوون و پلەی بوونمەندانەی دەردەکەوێت، پاش تێپەڕاندنی ئەم رەوت و هەوڵ و شێوازە تیۆریک و بیردۆزانەیە ئەوکات دەتوانین بێینە سەر وتەزا و باس و خواسێک لەژێر ناوی”بەشداری خوێنەر لە قەوارەی شیعری نوێی کوردی”. ئەم وتارە هەوڵ دەدات لەسەرەتا دا مانایەکی گشتەکی و فەلسەفی لە خوێنەر دەستنیشان بکات و پاش ئەوە دەرکەوتە و ئامادەگییەکان و شێوازی سەرهەڵدانی لە پانتای بوونیی دەقییانە(شیعر، چیرۆک، رۆمان و..هتد)ی کوردی دا باس بکات. لە رەهەندی گوتاری و بیردۆزیی ناوگوتارییش دا هەوڵی ئەم نووسینە کەشف و قامک خستنە سەر چەند پرس و کێشەیەکی پەیوەست بە “دونیای خوێنەر” و بەگوێرەی ئەوەش”دونیای دەق”ە(بەواتا پۆل ریکۆرییەکەی)1 کە لە فۆرم و بیچمێکی پرسیارمەند و پرس تەوەر دا دەخەمڵێت.
“رەچەڵەکە فەلسەفی و بوون ناسانەکانی خوێنەر”
“خوێنەر” بەر لەوەی چەمک یان زاراوەیەکی ناو رەخنەی ئەدەبی و دونیای ئەدەبیات بێت، لەبنەما دا چەمکێکی فەلسەفییە. لەم گۆشەنیگایەوە “خوێنەر”،پێگە و ئاستێکی مەعریفەت ناسانە و ناسکارانەی پەیوەست بە رووبەر و پانتای بوون ناسییە واتە خوێنەر ئەرکی کردە و جووڵەیەکی هزری و ئۆنتۆلۆژیکاڵی ئاڵۆز و پڕگرێ و رێژەمەندی بەناوی “خوێندن، خوێندنەوە” و “راڤە(تەئویل)”ی لەسەرە. ئەگەر هەنووکە خوێنەر و خوێندنەوە لە هەر ساختار و لاختارێکی2 دەقگەلی زانستی و ئەدەبی لەهەناوی گوتاری کوردیی و ئاسۆی نیگای راوی و وەگێڕی کوردیی دا بوونی ئامادەیە، باشترە بزانین کە سەرچاوەی لەو مەعدەن و بنەوەنگەیەوە گرتووە کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا و بە ئۆنتۆلۆژی یان بوونناسی ناوبردە دەکرێت.”خوێنەر”یش وەکوو زۆر چەمک و تێرم و دەستەواژەی ناو زانستە مرۆییەکان، بابەت و ئەمرێکی یۆنیڤێرساڵ و گشتەکییە و تایبەت و وەپێچراو نییە بە هیچ پێکهاتێکی کولتووری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت هیچ شارستانییەتێکی دیار و ناسراو بەڵکوو چەکەرەکراو و دەرهاوێشتەی کردە و پەرچەکردارەکانی چەشنی ئادەم(نوع بشر) لەهەمبەر تووڕدران3(Geworfenheit) (پرتاب شدگی)ێتی بۆ ناو رووبەر و پانتای بوون(sein)بە مانا هایدیگرییەکەی. دەرکەوتنی خوێنەر(وەرگر) لە پرۆسەی داهاتن و کەشفی مانا دا لە گەڕیان و رەوتێکی فەلسەفی مۆدێڕن بەناوی “دیاردەناسی” (Phenomenology) داکۆکی و پێداگرییەکی زۆری لەسەر کرا. ئەم رەوتە کە وەها دەورێک بۆ خوێنەر دەستەبەر دەکات لەسەر دەستی بناغەدانەری دیاردەناسی واتە “ئیدمۆند هووسرێل” بیچم دەگرێت و لەرێگەی قوتابییەکەی واتە “مارتین هایدیگەر” واتا و رەهەندی دیکە وەردەگرێت و دازاین (Dasein)لە قەوارە و سیمای خوێنەرێک تووڕدراوی خۆی لە پانتای بوون دا دەخوێنێتەوە، لەدرێژەی ئەم پێشڤەچوون و گەشەسەندنەی رۆڵ و واتای خوێنەر(وەرگر) ئەم زاراوەیە دواتر لەسەر دەستی “هانس جیۆرج” دێتە خۆی کە پێوەندی و گرێمەندیی لەگەڵ ئەو رەهەند و لایەنانەی کە دەشێت بە بەشێک لە هۆکارەکانی بوونی ئەم(خوێنەر) بدرێنە قەڵەم، لای گادامێریش دا لایەن و روخسارێکی ئازادخواز و کۆمەڵ گەرا وەردەگرێت و ئاسۆکانی چاوەڕوانی بۆ مانا لە دانوستان و دیالیکتیکێکی ئازادانەی خوێنەران دا دەبینێتەوە.
واتە لەم سۆنگە گشتەکی و فەلسەفییەی دیاردەناسییەوە، خوێنەر، ئامادەگییەکی بوون ناسانەیە لەهەمبەر روودان و داهاتنی تێکست یان دەقێک بە ناوی “بوون”ە، و ئەم پێوەندییە بوون ناسانەیەی چەشنی مرۆڤ لەگەڵ “بوون”، هەبوون و خەلیقەتی خوێنەر و کردە کانی لەناو هەر چوارچێوە و پێکهاتێکی کولتووری-کۆمەڵایەتی گەرەنتی دەکەن. زاراوەی”خوێنەر” لەخۆتەن4 و بەتاقانەیی مانا و پێناسەیەکی تەواو و شیاو ناگرێتە خۆی بەڵکوو شوناس و ناسنامەی ئەم “ئاستەوجوودی، بکەرە واتاخواز و بوونە ناسکارانەیە” زەمانێک واتای راستەقینە و شیاو وەردەگریاری بکرێت. بۆ دەرکەوتن و ناسنامەداربوونی خوێنەر دوو رەهەندیتر کە وەکوو هاوزا و هاوبوونی زاراوەی خوێنەر پێناسەدەکەم بریتین لە نووسەر و دەق. لێرەدا دەشێت بڵێم کە زاراوەی خوێنەر سەر بە رەگەزی ئەو چەمکانەیە کە بەشێوازی ناڤرە(دوورگە=جزیرە)یی و تاقکەوتوو پێناسە و مانادار ناکرێن بۆیە دەشێت ئەم بەرئەنجامە بگرم کە پێگەی خوێنەر وەکوو هەر جۆرە شوناس و پێناسە و لە پێوەندی لەگەڵ دەق و نووسەر دا دیاری دەکرێت و ئەم سێ زاراوەیە هاوکێشەیەک پێک دێنن کە بەکۆ ئاراستەی خوێندنەوە، رەخنە، رامان، گۆڕان و هتد دەگرنە بەر. لێرە دا روونە کە هەر پێناسە و مانایەک بە باڵای خوێنەر دا ببڕێت کاریگەری لە سەر قەوارە و هەیکەل و پێکهاتی دەق و نووسەریش دا هەیە.
خوێنەر پاش بینینەوەی خۆی لە رووبەری بوون(sein)خاڵ و وێستگەی نڤیسکاریی و تۆمارکراوی خۆی دەست پێ دەکات واتە بەرئەنجامێکی تەلیسماوی “کە هەڵبەت دەشێت لە بارودۆخ و دۆزێکی فرەمەرج و پڕگریمانەدا” بێتە وەرگرتن کە ئەویش ئەوەیە کە خوێنەر هەر لەسەرەتای داهاتنییەوە تۆو و شیمانەی بەنووسەر بوون و نڤیسکاریی لەخۆیدا هەڵگرتووە و پردی ئەم پێوەندییە سیحراوییە و هێڵی دیالیکتیکی و راگۆڕینەوەی نێوان ئەم دوو بوون-بوونەوەرە”دەق”ە. خوێنەر لە پێکهاتێکی کولتووری و فۆرم و نۆرمێکی کۆمەڵایەتی کە مێژوو و دیرۆکی تایبەتی خۆی لە پشتە، بەرەو وەرگرتنی ماهییەت و چییەتی بەسەر پرد و رێڕەوێک بەناوی دەق دا دەکەوێتە جووڵە و هەنگاو هەڵێنان. خوێنەر ئەگەر لەچەشنی خوێنەری وشیار و تۆڵاز بێت دەشێت پێگەی نووسەر بۆ خۆی دابین بکات و نووسەری باش و وشیار بەرهەم و کوڕی خوێنەرێکی وشیار و جیددیە و ئەم دوو شوناسە تێکهەڵچوو و لێکنەبڕاوە لە هەرێمێک “کەهەڵبەت ئەویش بەماهییەت و چییەتی خۆیەوە” بەناوی دەق بوون و نەبوونی خۆیان لەدیالیکتیکێک دا دیاری دەکەن. بەسانایی روونە کە ماهییەت و پێگەی ئەم سێ زاراوەیە واتە خوێنەر، دەق و نووسەر قەت لەیەکدی دابڕاو و جودا نییەن. دەشێت هەر سێی ئەم “بوون”انە لە ئاکام دا لە سەوزەڵانی کۆتایی سێ رێیانێک دا جاڕی بوون و هەبوونی خۆیان لەقەوارەی دەق بەواتا گشتی و نانڤیسکارییەکەیەوە بەدی بهێنن و دەشێت ئەم سێ بوونە بەهۆی سستی و ناوشیاری تاقێکیان یان جووتێکیان، بوونیان لە کەندەڵانێکی نادیاری مێژوو خەسار و نابوود بکرێت. ئەم رووداو و چارەنووسانە پاش ئامادەگی و وەگەڕکەوتنی هەر کام لەو سێ بوونەیە لە رەوت و قەوارە و پێکهاتەیەکی مێژوویی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە. دەشێت خوێنەر لە کۆمەڵگا و قەوارەیەکی تەسک و تابۆپەرەست دا بێت ئەو کات ئاوەڵناوی کوشندە و بکوژی بەرێکی بەباڵا دا دەبڕێت، و دەشێتیش خوێنەر داهاتگ و پەروەردەکراوی ناو پێکهات و قەوارەیەکی ئازاد و مرۆڤ پەرەست بێت کە لەو کاتەدا چەندەها گریمانە و ئەگەری شوناسمەندانە بۆ دیاری بوون یان دیاری کردنی چییەتی و ماهییەتی ئەو(خوێنەر) دەکەونە گەڕەوە.
دیارە کۆمەڵگای کوردیی و پێکهاتەی گوتاری کوردی ئەو قەوارە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەن کە چارەنووس و ناسنامە و ئاوەڵناوەکانی خوێنەر دیاری دەکەن. کە بەجیاواز گریمانەکردنی خوێنەری کورد لێرەدا دەشێت مەزەندە و شیمانەی دیالیکتیک و گۆرانمەندییەکی باش لەنێوان خوێنەری کوردیی و قەوارە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکەی دا بکرێت. چییەتی و چەشنی ئامادەگی و هەبوونی خوێنەری کوردیی گرێدراو و پەیوەستی بوون و شێوازی هەبوونی کۆی ئەو قەوارەیەیە کە ئەم بوونەوەرە تووڕدراوەتە هەناوییەوە. بارودۆخ و چییەتی و چلۆنایەتی و واتا و ئاستی شوناسی ئەم قەوارەیەش دەبێت لەهەناوی مێژوویەکی چڕ و زنجیرەدۆزەخ و گەلیی خوێن و…هتد. نەتهوەیەک بەناوی کورد و کۆمەڵگایەک بەناوی “کوردیی”دا بخوێنرێتەوە. هەر وەکوو لەسەرەوە بە سووکە ئاماژەیەک گێڕامەوە لەسەرەتا دا خوێنەر بوونێکی گشتەکی و جیهانییە کە “هایدیگەر” واتەنی تووڕدراوەتە رووبەری بوونەوە و خاڵی فامکردنی ئەو بوونە لە فڕێدراویی و تووڕدرانی خۆی دەشێت وەک گشتەکیترین راچەنینی مرۆییانە بێت کە یەکێک لە دەرکەوتنەکانی پاش ئەو راچەنینە خەونی خوێندنەوەی بوون و نەبوون، بوون و هەبوون بێت کە لەم دەقەی کە تووڕدراوەتە ناوییەوە، وشەدۆزیی و رستەچنی و پیت پەرەستی بەرەو “نڤیسکاریی” کە رەهەندێکی تیۆرەی گێڕانەوەی ئەم نووسینەیە، دەیبات. پاش بوونەوەی مرۆڤ لەم دوخ و دۆزە گشتەکییە بوونناسانەیە لەرەوتی “زەمەن” و ئاراستەی”مێژوو” دا ئەو قەوارە بچووک و گەورە، ئازاد و کۆیلە، سوڵتان و رایەت، خان و نۆکەر بیچم دەگرێت کە شوناس و چارەنووسی تاکی وەخوێنی”خوانندە”کوردیی پێ بەستە و گیرخواردوو و “بابردوویی” کەش و هەوا و دۆخێکی مێژوویی و دواتر کۆمەڵایەتی دەکات کە ماهییەت و چییەتی تاکی خوێنەری کوردیی و بەگوێرەی ئەوەش دەق و نووسەر دیاری دەکات. ئەم وتارە دەیەوێت لە روانینێکی فەلسەفییەوە شوێنپێکانی بوونێک بەناوی خوێنەر لەقەوارە گەردوونی و گشتەکییەکەی دا تۆزێک “تا ئەو شوێنەی لەم وتارەدا بلوێت” بخاتە بەر باس و دواتر بە میتۆدێکی باسکارانە و هەروەها مەیدانی بوون و نەبوون، شوناس و پێگەی خوێنەری کورد دیاری بکات و بەگوێرەی ئەوەش بارودۆخ و کەش و هەوای ناو و هەناوی دەقەکانی ناو دونیای ئەم خوێنەرە و دواتر بوونێکی دیکە کە وەکوو ئاماژەم پێدا لەسەرەوە، “هاوبوون و هاوزای”خوێنەرە، واتە نووسەر بگێڕمەوە.
وەکوو دوا وتە و دوائاماژەم دەبێت قامک بخەمە سەر ئەو راستییەی کە لە گوتار و رووبەرە بیردۆزیی و تیۆرییەکانی هزر و ئەقڵی رۆژئاوایی خوێنەر و توخمە پێوەندیدارەکانی باس و خواسی زۆری لەسەر کراوە و شوناسی خوێنەر، چەشنەکانی خوێنەر، دەرکەوتەکانی خوێنەر هەم لە رووبەری فەلسەفە و هەم لە پانتای ئەدەب و رەخنەی ئەدەبی دا جێگەی باس و گێڕانەوە و رەخنەکردنی زۆر بووە و لێرەدا جێگای دەرخستن و گێڕانەوەی داهاتن و خەلیقەتی خوێنەر تا قۆناغی باڵاکردن و فراڕۆچوون و …نابێتەوە، تەنها ویستم دەوازەیەکی چکۆلە لەسەر جیهانی ناکۆتا و بێ رۆخی بوون و ماهییەتی خوێنەر بکەمەوە بۆ ئەوەی ساناتر بچینە ناو باسی بەرمەبەستمان واتە “بەشداری خوێنەر لەقەوارەی شیعری نوێی کوردیی دا”.
کلیل وشەکان؛ خوێنەری کورد، خوێنەری کوردیی، خوێنەر، پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، هاوبوون5، بوون، نووسەر، دەق، پیرۆزیی(قودسییەت)
خوێنەری کورد؛ ئەو وزە و توانستە گشتییەیە کە لە روانین و تێڕامان و بەدواداچوونێکی مەعریفی و مانایی هەڵدەخێزێت و هەموو جیهانی نڤیسراو بەکوردی و ناکوردییەوە دەبێتە رووبەری چالاکی و هەوڵی مانادۆزانە و واتابینانەی ئەو و جیاوازی ئەم لێکدراوە تیۆریکە لە گەڵ لێکدراوی خوێنەری کوردیی لە بارستایی و ئەندازەی رووبەری دەق و دونیاکاندایە کە خوێنەری کوردیی لە رووبەر و پانتایەک ئیش دەکات کە”کوردیی” بە هەموو تایبەتمەندیی و بوون و نەبوونەکانییەوە یەکێک لە توخمە زاڵ و سەرەکییەکانێتی، کوردیی هەم وەکوو لایەن و رەهەندێکی گشتی بوون ناسانەوە و هەمیش لە روو و رەهەندی زمان ناسانە و نیشانە ناسانە و دەق تەوەرانەوە.
خوێنەری کوردیی؛ ئەو ئیرادە و وزە ماناخوازانەیەی کە زۆربەی هەوڵ و توانستی لە ناو چەق و ناوەندی جیهانێکە کە سەرتاپای بە نیشانە و پیت و هێما و دەنگ و وشە و زمانی کوردیی تەنراوە، ئەمە بەو واتا نییە کە خوێنەری کوردیی ئاگاداری و قەلەقی مەعریفەناسانەی لەپێوەندی لەگەڵ جیهانە زمانی و بوونە مانایی و نیشانەییەکانیتری “وجوود” و “بوون”ەوە نییە، بەڵکوو ئەم روونکردنەوەیە تەنها بۆ دیاری کردن و هیڵ کێشانی ئاستی چالاکی و بزووتن و تێکۆشانی ئەم “بوون”ەیە لە قەوارەی ئەم لێکدانە تیۆریکەوە کە لەژێر ناوی”خوێنەری کوردیی” ناوبردە کراوە.
خوێنەر؛ ئەو وزە و ئیرادە و ئارەزووە ئۆنتۆلۆژیکاڵەیە کە هەموو رووبەری بوون و ناکۆتاکانی کائینات بە جێگەی مانادۆزی و مەعریفەناسی و واتاتەوەری خۆی دەبینێتەوە و هەنووکە تا لە ژێر ناوی یەک وشە واتە”خوێنەری” تاقانە دا بمێنێتەوە و هیچ ئاوەڵناو و لێکدراوەک وەکوو کورد، کوردیی وەرنەگرێت رووبەر و بارستایی چالاکی و هەڵس و کەوتەکانی جیهانی و کۆیی و تەواو خوازانەیە و لە هیچ جوغرافیا و شوێنگەیەکی بەرهەست و بینراوی تر دا خانەنشین و لەنگەرکوتراو نابێت.
پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان؛ ئەو نۆرم و بەها و چوارچێوە بایەخدار و پیرۆزدارانەیە کە هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی ژیانی نیشتەجێ بوونی گرووپ یان تاقمێکی بچووک یان گەورە هێڵ و شوێن پێی خۆی دەگرێت تا ئەو شوێنەی کە لەگەڵ تەمەن و مێژووی تاکەکانی ئەو گرووپە هاوزا و هاوکاتە و بەرەبەرە تا دەگات بە شوێنێک کە باڵاکردن و درەوشانەوەی دیاریکەرێکی قودسی ژیان و بوون و شێوازی بوون و، نەبوونی ئەو ئەندامانەی ناو پێکهات و جەغزێکە کە هەر لەسەرەتاوە پێکەوە و لە دیالیکتیکێکی مەخمەڵی و نابەدی دا بارستای و ئەندازە و ئاستیان دیاری کراوە، پێکهاتە لێرەدا بە ژیان و شێوازی ژیان تاکەکانی ناو ئەو تاقمەیە کە لە پنتێکی مێژوویی تایبەت و خاڵێکی دیرۆکی دیار دا لە سەر خوانی کۆمەڵێک بەها کۆ بوونەتەوە و بەرەو داهاتوو بەڕێکەوتوون و ئیدی گۆڕان و ریفۆرمی ئەو بەهایانەی ناو ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییە پەیوەست و پێبەستی کۆمەڵێک فاکتۆر وەکوو کرانەوەی پێکهاتەکان بە رووی یەکدا، ئاستی بیرکردنەوە و تێڕامانی تاکەکانی ناو پێکهات دەبن و هیچ پێکهاتێک بە دەست نەخوراویی و نەگۆڕاویی نامێنێتەوە و لەم جیهانی بوون(Globalization)ە دا هیچ پێکهاتێک بە تاقانەیی و دوورگەیی ئاسا بوون مانای نابێت و دەبێت بە ژێر شەپۆلی کەفی ئۆقیانووسەوە.
هاوبوون؛ ئاماژەیە بۆ دووشتی زۆر گشتەکی و کۆیی لە خەلیقەت و ئافراندن یان داهاتن و بەدی هاتن دا کە لە رووی وجوودییەوە خاوەن هاوبەشی و چوون یەک بوونی زۆرن، لێرەدا مەبەست لەم یەک بوون و هاوبەشێتییە زۆرتر زەمەنە. واتە دەشێت وەک نموونە بڵێم کە لە هەندێک روانینی فەلسەفییەوە چرکەساتی خەلیقەتی مرۆڤ خۆی لەخۆی دا هەڵگری توخمگەلێکە کە ناکرێت تەنها و تەنها بە یەک چەمک یان تاقانە وشە و تاکانە خوازە(میتافۆڕ)یەک ناوزەد بکرێت بۆیە دەشێت بڵێم “بوون”ی مرۆڤ لەگەڵ “نەبوون(عەدەم)” و “نابوون(نیهیلیزم)” هاوبوون و هاوزا(همزاد)ن. هاوبوون لێرەدا چەمکێکی بوون ناسانەیە کە ئاماژە بە کراوەیی و ناکۆتایی و رێژەمەند بوون ڤەداهاتن و خەلیقەت دەکات کە ئێمە لە رۆچنە و بە لۆسەی زمانەوە دەشێت پێناسەی جیاواز و رەنگاڵەیی و ناهاوبەش و هاوبەشی بە پێی بنەمای سیستەمی کارکردنی هەر زمانێک بهێنینەوە.
بوون؛ لێرەدا بوون تەناها ئاماژەیە بە واتای بوون لە روانینی هایدیگەرەوە کە لە بنەماوە تووڕدران و فڕێ درانی لە ناخەوە لێ دەبەشێتەوە و “هایدیگەر” بە سەرەتا و بنەمای سیستەمی بوون ناسی خۆی دایدەنێت.
نووسەر؛ هێز و ئیرادەیەکە بۆ گێڕانەوە و تۆمارکردنی جیهانێک کە وەکوو بوون لە بەردەست و چاوی دایە و ئەو بە پێی هەل و مەرج و شێوازی بوونی روانگە و سیستەمی مەعریفی و مانادۆزیی خۆی “جیهان” و بوون دەنووسێت یان دەیکێشێت و نیگاری دەکات یان دەیچرێت، یان دەیهۆنێتەوە واتە نووسەر لێرەدایە تەنها کەسێک نییە کە وشەچن و رستەدانەر بێت بەڵکوو مۆسیقار و دەنگبێژ و هەڵبەستڤان و نیگارکێش، هەر یەک بە شێوازێک ئەم تووڕدرانە دەنووسنەوە و نڤیسکاری ئاوەڵناوی هاوبەش و هاوبوونی هەموویانە.
دەق؛ لێرەدا دەق بە پێکهاتەیەکی گشتی پێکەوەتەنراو و تێکەوەتەنراو، هەروەها لێکەوەتەنراو پێناسە دەبێت کە ئەمەش ئەو واتایە مۆدێڕن و پاش مۆدێڕنەی دەقە کە لە سەدەی بیستەم دا باس و خواس لەبارەیەوە شوێنگەی تایبەت و جێگەی دانسقەی خۆی وەرگرت، پێناسە و باس و خواس لەمبارەیەوە زۆرە و لێرەدا و لەم چەند لاپەڕەیە بوار نییە پانتابڵاوی و سنووردرێژی “دەق” بگێڕمەوە.
پیرۆزیی؛ قودسییەت یان پیرۆزیی ئەو شەبەنگ و خەرمانە پیرۆز و ستایشکراو و پەرەستش کراوەی دەوری هەر بەها و نرخ و بنەمایەکی کۆمەڵایەتی یان کولتوورییە کە لە باوەش و بەستێنی مێژوو و بەهۆکارگەلی وەکوو تابۆپەرەستی، توتم مەندبوونی کۆمەڵگا، جوگرافیای داخراوی کۆمەڵگا، نەبوونی تێڕامانێکی دەرهەست و ئازاد بیچم دەگرن، دواتر دەبێت بە رووگە و بوونگەی پاراستن و مان و نەمانی ئەو کۆمەڵەی کە لە دەوری خڕن و چووکترین هێزی بەرگریکار و پەرچدەری ئەم رووگە پیرۆزە بە خوێن وەرام و بەرسڤ دەبینێتەوە بۆیە پیرۆزیی و خوێن لە هەموو قۆناغەکانی گەشە و نەشەی هەر کۆمەڵگا و کۆمەڵەیەک(کە بەها و نرخ و بنەماکانیان بە ئاسمانی زانیوە و لەدەرەوەی مێژوو و کۆمەڵگا خاوەن و خودێکانیان بینیوەتەوە و باوەڕیان بە مێژووکردی و زەمەن مەندی چەمک و بنەما و نرخەکان نەبووە)دا هاوواتا و هاوبوونی یەک بوون، هیچ پیرۆزیی و قودسییەتێک نییە کە سەرچاوە و بنەوەنگەی خۆی بە خوێن سەرڕێژ و تێراو نەکردبێت. پیرۆزی لێرەدا پێداگری و بەرخۆدانی ئەو رووگە سوورەیە لە هەمبەر هەر ئیرادە و وزە و توانستێکی رەوایی و نڤیسکاری کە دەیەوێت ماناکان و رەهەندەکانی تری جیهان و بوون بخاتە مەزەندە و شیمانەکاریی گێڕانەوەوە.
“هەوڵ و ئاماژەیەکی تیۆریک بۆ دیاریکردنی شێواز و چۆنێتی ئامادەگی و بژاردنی واتای خوێنەری کوردی”
بەر لە هەر شتێک دەبێت هەڵوێست و رێڕەویی گێڕانەوەیی(دالان روایی) ئەم نووسینە لەمەڕ”خوێنەر”ەوە دەست نیشان بکەم. رەخنەی ئەدەبیی مۆدێڕن و پۆست مۆدێڕن بەرادەیەکی زۆر و زەبەند باس و خواسی لە سەر شوێنگە و پێگەی خوێنەر و پێوەندیی خوێنەر لەگەڵ دەق و (ماناو…) هێناوەتە گۆڕێ. لە گوتار و پانتای گێڕانەوەکانی رەخنەی ئەدەبی دا سەرنج و چاوبگێڕیی6 لەسەر خوێنەر تا ئەو ئاستە رۆشتووە کە “بوونێک” بەناوی خوێنەر چەقتر و ناوەندیتر لە دەق دادەنرێت و رێباز و رەوتێک لەرەخنەی ئەدەبیدا بەناوی رەخنەی خوێنەرتەوەر بابەتێکی چەسپاوە، بۆیە پۆلین بەندی و دابەشکاری خوێنەر لەژێر سەردێڕگەلی جۆراوجۆر وەکوو خوێنەری هێزەکی، خوێنەری کردەکی، خوێنەری شاراوە رووبەرێکی بەرینی رەخنەی ئەدەبی داگرتووە و بەگوێرەی ئەمەش کرانەوە و دەرکەوتن و گەشەی باس و بابەتگەلێکی پەیوەست بە خوێنەر وەکوو ئەزموونی خوێنەر، دەروون شیکاریی خوێنەر، ئاسۆکانی چاوەڕوانی پرسگەلێکی فەلسەفی و بنەمایی پەیوەست بە خوێنەرن کە لە دواتریش دا هۆکاری داهاتن و ڤەداندەریی زۆر پرس و بابەتیترن لە رووبەری رەخنەی ئەدەبی دا. بەڵام رێڕەویی گێڕانەوەیی و ئەرکی باسکاریی ئەم وتارە بەناو ئەم باسانە دا تێناپەڕێت و بەکەمترین حاڵەت خۆی لە قەرەیان دەدات، کە ئەمەش چەندین هۆکاری لە پشتە، کە بێگومان بەشێکیان هەمان هۆکارگەلێکن کە وەکوو لەمپەر و لاوازییەکانی بەردەم نووسینی وەها وتارگەلێکن:-
١-نەبوونی خشتەیەکی ئاماریی لە رێژەی خوێنەرانی کوردی(بەو واتایەی لە کلیل وشەدا پێناسەم کردووە) بۆ ناسینی بیچم و چەشن و جۆرەکانی سیمای خوێنەر.
٢-نەبوونی بنکەیەکی دیار و فەرمی و یاسایی و زانستی بۆ راهێنان و بەرهەمئانینی خوێنەرانێک کە بشێت ئاوەڵناوی”کوردی”یان لەسەر ساغ بکرێتەوە.
٣-نەبوونی پانتا و رووبەرگەلێکی رۆژنامەیی و میدیایی تایبەت بە ئەو کایانەی کە خوێنەر یەکێک لە بکەرەکانێتی، ئاوەها”نەبوونێک” دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئێمە نەزانین و نەتوانین شوێن پێ و رێگەوشوێنەکانی خوێنەر بەسانایی بدۆزینەوە.
٤-ون بوون یان دەعجانی بوونی سیمای شیکارانە و راڤەکارانەی رەخنەگران لە حاڵەتی نادیاربوونی رێژەیەکی دیاری خوێنەریی وێناکراو.
٥-کۆی ئەم هۆکارانە شتێک لە پەیوەندی نادروست لە نێوان نووسەر، دەق و “نانووسەر”ران دا برەو پێ دەدات کە تەنها بەشێک لەم نانووسەرانە دەشێت بە خوێنەری چاوەڕوان کراوی فەرزیی یان وەهمی وێنا بکرێت.
لەبەر ئەم هۆکارانە و زۆر هۆکاریترەوە لەرووی بیردۆزانە و لایەتی تیۆرییەوە درووست تر و لەبەرتر ئەوەیە کە شوێن پێ و رێ وشوێنی خوێنەری کوردی لەناو پرس و کێشە و هاوکێشە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان دا سۆراخ و چاوبگێڕیی بکەم.
“هاوکێشەی دیسپۆتیزم(ئاغا و کۆیلە/شێخ ومورید)و دووپات بوونەوەی لەقەوارەی”خوێنەری پیرۆز و خوێنەری ناپیرۆز”7
باسکردن لە خوێنەری کوردی لە رووبەری شیعری نوێی کوردی دا گرێدراوی لێکدانەوە و شەن و کەوکردنی ئەو بەستێن و بوارە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و کولتووریی و بگرە رامیارییەشە کە هەل و مەودای دەرکەوتنی خوێنەر و ململانێی چییەتی(ماهییەت)وەرگریی خوێنەرمان بۆ روون دەکەنەوە. هەر وەکوو لەسەرەوەش ئاماژەم پێدا لەرووی تیۆریکی و بیردۆزانەوە هەر جۆرە باسکردن لە خوێنەری کورد (بەتایبەتی لە پانتای دەقە نوێ و مۆدێڕنەکان) بە بێ باسکردن لە نووسەر و چییەتی نووسینی و هەروەها بەبێ گەڕان و پشکنین بۆ دەق و واتا و رەهەند و چییەتییەکانی، نەکردە و لاواز و هەڵەیە. واتە باسکردنی هەر کام لەم لایەن و “بوون”انە بەشێوەی ناڤرەیی8 و جوداواز و لێک بڕاو شیاو و کردە نییە، چونکوو مێژوو و زەمەن و تەنانەت رەنگە چرکەساتی دەرکەوتنی هەر کام لەم سێ کوچکەیە لەرووی تیۆرییەوە بە بێ وێناکردنیان بە شێوەی کۆیی دەچێتە خانەی ئەستێرە لە ئاودا ژماردن9 کە تەنها لایەن و رەهەندێک لێمانەوە بە دیار دەکەوێت. بۆ نەکەوتن لە وەها هەڵە و داوێکی تیۆریکییەوە دەشێت مێژووی سەرهەڵدان و باڵاکردن و ماهییەت وەرگرتنی خوێنەر لە پێوەندی لەگەڵ دوو بنەمای تر واتە “دەق” و “نووسەر” دا بخەینە بەر باس و گێڕانەوەوە. کەواتە هێڵی رەوایی ئەم نووسینە بەناو سێ کوچکە و بنەما دا کە هاوکێشەیەکی سێ گۆشە(موسەلەس)یی پێک دێنن تێدەپەڕێت و لە دواجار دا بارودۆخ و ئاست و ماهییەتی خوێنەر لە پێوەندی ئەم سێ بنەمایەدا واتە دەق، نووسەر و خوێنەر هەڵدەهێنجرێت. خوێنەر لە ناو کۆمەڵگای کوردی دا چارەنووس و شوناسی بەند بووە بە دەقێکی گەورەی ئاسمانی واتە قورئانی “پیرۆز” هەبوونی لەمێژینەی ئاوەها دەقێک لەکۆمەڵگایەک دا کە تا سەر ئێسقان نەخوێندەوار و نەریت پەرەست و تابۆتەوەر بووە بواری وەهای بە دەرکەوتن و سەرهەڵدانی ئیرادە و توانستێکی بکەرانە(فاعلانە) چ لە قەوارەی نووسەر دا بێت کە ئەنجامە و بەرهەمەکەی دەق بێت یان چ لە قەوارەی خوێنەر دا بێت کە هەمدیس ئەنجام و بەرهەمەکەی دەشێت دەق بێت، یان باشتر وایە بڵێم کە لێرەدا بوونی خوێنەر لە گەشەپێدان و کەڵەگەت کردنی جیهانی دەق دا رۆڵی بەرچاو دەبینێت. هەر وەک دەبینرێت بوونی ئەم سێ کوچکەیە بەناو و لەناو چەق و هەناوی یەکدی دا چەکەرە دەکات و دەبزوێت و هەر وەک لەسەرەوەش باسم کرد بۆیەشە کە ئەم سێ کوچکەیەم بە “هاوبوون” ناوزەد کردووە.
دەسەڵات و هەیمەنەی ئاوەها دەقێکی پیرۆز تەنها خوێنەران و راڤەکارانێکی قودسی و پیرۆزی دەویست لە جنس و توخمی دەق، وردەوردە و بەتێپەڕینی زەمان خوێنەرانی ئەم دەقە پێگە و جێگەیەکیان بۆ خۆیان پێناسە و دەستەبەر کرد کە هەڵوێست و ئاخافتن و لێدوانیان شەبەنگی پیرۆزایی دەقی گەورەی پیرۆزیی، تێدا دەبریسکایەوە و لە ژێر ناوی مەلا، سۆفی، و موجتەهید هەوڵیان دا هەموو ئەگەرەکان و شیمانەکانی بوونی خوێنەر بۆ خۆیان قۆرخ بکەنەوە و هەبوون بە خوێنەر و ئەنجامدانی کردەی خوێندنەوە و راڤە و بەگوێرەی ئەوەش بەرهەم ئانینی چەشنێک لە مانایان یاسامەند و پڕمەرج کرد و دواتر بانگەواز و خوتبەدانیان لەژێر تیشک و بەئاراستەی شەبەنگی کتێبی پیرۆز بە کارێکی تایبەت بە خۆیان و ئەرکێکی پیرۆز جێ خست. هەموومان لەیادەوەری نەفرە دوور و نەفرە نێزیکمان دەسەڵاتی مەلا و شێخ گەلێکمان لە بیرە کە بەهۆی هەبوونی “عەلامەتی حاکمی بوزورگ: میتی کومان10″(خوێنەرانی دەقی پیرۆز) شێخانە و مەلایانەیان لە دێکان و گوندەکان و قەوارە نەخوێندەوار و نەریت پەرەستە بچووک و گەورەکان مسۆگەر دەکرد.هەبوونی ئاوەها هاوکێشەیەک تاک و کۆیەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە بارودۆخێک دا راهێنا کە لانیکەم تا قۆناغێک قبووڵی ئەمە بکەن کە خوێندن و راڤەکردن و ئەنجامی ئەرکی خوێنەرایەتی لە چوارچێوەی بوون و کردەوەی ئەوان دا نییە و تەنها تاقمێکی تایبەتی پیرۆز کە پێوەندی راستەوخۆیان لە گەڵ ئەو سەرچاوە قودسییە دا هەیە بۆیان هەیە بڵێن دەق چی وتووە و چی دەڵێت، تا ئێرە هاوکێشەیەک درووست بووە کە خوێنەر بە دوو بەش و لایەنی پیرۆز و ناپیرۆز پۆلین بەندی کراوە.
واتە لە رەوتێکی مێژوویی تایبەت و لە هەڵوێستێکی تایبەت بە ئاوەها دەقێک دا تەنها یەک دەستە خوێنەری راستەقینە بوونی هەیە ئەویش خوێنەری پیرۆزە کە راڤەی پیرۆز لە دەقی پیرۆز بەرهەمدێنێت و بە شێوازێک هەوڵدەدات بە بە پیرۆزایەتی دەقی سەرچاوە و پیرۆزەوە بنووسێت و بخوێنێت، لێرەدا ئەم خوێنەرە تەنها و تەنها خۆی بە خاوەنی مەشرووعییەت بۆ پێوەندی لەگەڵ ئاوەها دەقێک دەبینێت و پردی پێوەندی نێوان ئەم دەقە پیرۆزە و ئاپۆرەیەک لە “بەردەنگان (خوێنەری هێزەکی، خوێنەری شاراوە، ناخوێنەر و…)” ئەم خوێنەرە پیرۆزەیە کە بەحوکمی جەوهەری واتای “پیرۆز” و چەمکی”موقەدەس” هیچ شتێکی نوێ و تازە و داهێنراو لە دەق دا بوونی نییە و بەشێک لەمەی کە ئەوان وەک خوێنەری پیرۆز پاسەوانانی واتا نەگۆڕەکانی دەقی پیرۆزن بۆ ئەوەیە کە تاقەمانایی و تاکەواتایی دەق خەوشی لێ نەکەوێت و مەترسی ئەوەی کە خوێنەرانێکی تازە بێنە سەر میحرابی دەق و مانای نوێی پێوە بلکێنن بەرەو رەهابوون و سەپەڕپەرەستی دەیانجمێنێت بۆیە تەنها بەرگری لە بوونی یەک تاقم خوێنەر کە پاسەوانی پیرۆزییە دەکات و باقی هەوڵ و ئیرادە راڤەخواز و خوێندن تەوەرانەکانی تر بە ناپیرۆز و نابەجێ و “نەوزوهوور”دەزانێت. لێرەدایە کە تریبۆنی راڤە و مانابینیی دەق تەنها بە مافی خۆی دەزانێ و تا ئەو شوێنەش توانایی لەبەرگەی دێت بوار نەدەن راڤە و خوێندنەوە و مانادۆزیی لە ژێردەست و کۆنترۆڵیان بێتە دەرەوە. ئەم چیرۆکەی پیرۆزیی و دیکتاتۆرییەت و رەهاخوازی(موتڵەق گەرایی) و دەرجالێدان دوور و درێژە و من ویستم بەشێک لەو ئەتومێسفرەی کە خوێنەر(تاک)ی کوردی تێدا هەڵخێزراوە نیگار بکەم و شوناس و ماهییەتی خوێنەر بە سانایی و ساکاریی ئامادە و لەبەردەست نەبینین و ئاگاداری چەند خاڵی زێڕین و بنەمایی بین:-
١- خوێنەر بەگشتی و بەگوێرەی ئەوەش خوێنەری کوردی خاوەن مێژوو و تەمەنە.
٢- خوێنەری کوردی لە دەمکوتگە و پیرۆزستانێک سەری وەدەر هێناوە کە دەشێت کاری زۆر لەسەر خۆی بکات بۆ گەیشتن بە ئازادی دال و، ونباریی(گمگشتگی) مانا و لەوێشەوە ئەزموونێکی جیهانی لە خوێندن.
٣- خوێنەری کوردی لە رووبەری ئەدەب و رەخنەی ئەدەبی دا کێشەدارترین و قەیرانمەندترین”بوون” و دەرکەوتەی بوونی کوردە.
٤- وشیاریی خوێنەر ئەرکی چی یان کێیە؟ ئەرکی دەق یان نووسەرە؟ دەبێت لەسەر ئەم پرسیارانە کاری تیۆریک و کردەی تێڕامان بێتە ئەنجام.
٥- خوێنەری کوردی هەنووکە لە بارودۆخێک دا هەناسە هەڵدەکێشێت کە پۆست مۆدێڕنیزم و ترانس مۆدێڕنیزم دێتە بەر چاو و دەستی واتە لە دۆخێکی پڕقەرەباڵغ و حەشامات لە جیهانێک دەژی کە بە هۆی رووداوی جیهانگیرییەوە بە گوندی جیهانی ناوزڕاو بووگە.
٦- خوێنەری کوردی لە چ بارودۆخێکی مەعریفی و زانیاریانە دا دەژی؟
“جیهانی نوێ، شیعری نوێ و خوێنەر”
وەکوو گێڕامەوە ئەو قۆناغە کۆمەڵایەتییانەی ململانێی لەدایک بوون و داهاتنی خوێنەری کوردی زۆری بە بەرەوەیە، بەڵام لێرەدا جێگای نابێتەوە کە لەسەری بڕۆم و تا هەنووکەی ئەزموون و وشیاری ئەو “بوونە”ی کە ئێستا ناوی”خوێنەری کوردی”یە باس بکەم و بگێڕمەوە، دەشێت بڵێم بەتێپەڕبوونی زەمەن و ئەزموون کردنی قۆناغگەلی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی و کولتووریی و رابوون لە هەناوی چەندەها هاوکێشەی دیالیکتیکی ناو تاقم و هێزەکانی کۆمەڵگای کوردی، مەزەندەی هەبوون و ئامادەگی خوێنەری کوردی لەسێ ئاست و پێگەدا دەکرێت، دەبێت ئاگاداری ئەوەش بین کە لەپشت ئەم تێپەڕین و گۆڕانکاری و سەرهەڵدانە دا کۆمەڵێک هۆکار چالاک بووگن کە گرینگترینەکانیان بریتین لە:-
ئەلف؛ شکان و لاواز بوونی سنوورە جوگرافی و ناجوگرافییەکان.
ب؛ گۆڕانی ئەتوموسفێری رامیاری و چەمانەوە(انعتاف)و کرانەوەی گوتاری رامیاری دەسەڵات.
پ؛ درووست بوونی “شار” لە پێکهات و قەوارەی کۆمەڵایەتی کوردیی.
ت؛ بیچم گیری تاقمێکی مامناوەند لە چەقی ئەو دۆخەی کە بە”شار” ناوزەد دەکرێت کە خوێندن بەشێکە لەو مافە ئینسانیانەی کە بۆ خۆیان پێناسە کردووە.
ج؛ پێوەندی لەگەڵ ناوەندە زانستی و زانیارییەکان وەکوو زانکۆ و خوێندنگە جۆراوجۆرەکان کە هۆکاری بەرهەمهاتن و لەدایک بوونی تاقم و، توێژێکی تایبەت و دانسقە بە ناوی”خوێندکار” بوون.
چ؛ چەکەرەی خواست و خوازیارێتی دۆزینەوەی شوناس و پرسە وجوودییەکان هەر چەند لە ئاستێکی زۆر خوار و کەمینەوەرانە دا.
لەم قۆناغە نوێ و داهاتووە دا کە بەناو چەندەها قۆناغە و وێستگەی کۆمەڵایەتی و کەلتووری و رامیاری دا بگردووە، دەشێت لە بوون و ئامادەگی خوێنەری کوردی لە سێ ئاست و پلەدا باس بکەین:1-خوێنەری سادە2-خوێنەری مامناوەند3-خوێنەری وشیار
بێگومان چییەتی و شێوازی چالاکی ئەم پلەیانە لە خوێنەر”سەرەڕای چلۆنایەتی پێوەندی گرتنی بە دەقەوە” پێوەندی بە کۆی گوتار و هەل و مەرجی تیۆریک و کۆمەڵایەتی پشتەوەی دەق هەیە کە میکانیزمگەل و لۆسە(اهرم)گەلێک بۆ دیتنەوە و کەشفی مانا و دواتر بیچم بەندی مانا و لەئەنجام دا بەرهەمهێنانی “دەق”، دەخەنە گەڕ. ئەم کەش و هەوا و بارودۆخە خوێنەرانی وشیاری دوێنێی بەرەو پلەی نووسەرانی مامناوەند، وشیار و…(دیاریکردنی هەر جۆرە ئاوەڵناوێک بۆ نووسەر، لێرەدا تەنها وەکوو رێکەوتێکی تیۆریک درێژەدان بە گێڕانەوەکەمە، ئەگینا نووسەر و جیهانی نووسەریش هەڵگری گێڕانەوەگەلێکن کە ئاوەلناوی تایبەت بە خۆی خاوەندارێتی دەکات)ی هەنووکە بزواند و دەقگەلێکی بەرهەمهێنا کە زۆرتر و خەستر لە پێش دەور و شوێنگەی “خوێنەر”یان بەرهەست کردۆتەوە. پێش گریمانەی ئاوەها دۆخێک ئەوەیە کە خوێنەرانی وشیار هەر ئەو نووسەرە هێزەکی و شیمانەییەیە کە لەبەستێنێکی زەمانی کورت یان درێژ دا دەبن بە نووسەرانی کردەکی و جیددی. لەدەرەوەی ئەم فۆرموول و قەوارە لە ئامادەگی خوێنەر دا دەشێت باس لە سەر بەردەنگان و خوێنەرانێک بکەین کە وەکوو خوێنەر رووبەڕووی دەق دەبنەوە، ئیدی ئەوەی کە سادە، مامناوەند و وشیار بن لە بەستێن و باوەشی زەمان دا بەرەو ئاراستە و هەوارێکی تر شوناسمەند دەبن. لێرە و لەپێوەندی لەگەڵ شیعری نوێی کوردی دا خوێنەر تەنها وەکوو تاق و بووگێکی تەنیا کە خاڵ و پنتی لەدایک بوون و بزووتنی هەنووکە تەنها خۆی و خواستە وردیلە ماناخوازانەکانێتی دەگێڕمەوە.