“فیلمی جەنگۆی ئازادکراو (Django Unchained)”
لەم دەیان ساڵەی دواییدا؛ هۆڵیوود مەیلی ئەوەی هەبووە چەندین فیلم لەمەڕ مێژووی ڕەشپێستەکان پێشکەش بکات، ئەم مەیلە بە دوو شێوە گوزارشتی لێکرا:- یەکەم، گەڕانەوە بۆ دووبارە دروستکردنەوەی ئەم مێژووە بە کارەسات و ئازارەکانییەوە، دووەم:- لە بەخشندەییەکی گەورەدا ڕەنگی دایەوە کە بریتییە لە تەرخانکردنی ڕۆڵی سەرەکی بۆ ئەکتەرە ڕەشپێستەکان، ئەمەش بوەهۆی کەڵەکەبوونی تیماتیکی گرنگ لەم لایەنەدا جگەلە دەرکەوتنی ژمارەیەک ئەکتەری ڕەشپێست لەوانە (مۆرگان فریمان، سموێل جاکسۆن، دینزڵ واشنتۆن، هاڵی بێری، … هتد)، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چارەسەرکردنی ئەم پرسە ڕەگەزییە وەک پرسێکی ئاڵۆز دەمێنێتەوە چونکە دووبارە دروستکردنەوەی فیلم دەربارەی مێژووی تراژیدی ڕەشپێستەکان ئازارەکە ناسڕێتەوە بەڵکو تەنها یادی دەخاتەوە.
سینەما زۆر وریا بووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم باسیارەدا، چونکە باسیارێکە ڕووبەڕووی توێژێکی بەرفراوانی کۆمەڵگای ئەمریکی دەبێتەوە، خۆشبەختانە هۆڵیوود زۆر بە جوانی دەستوپەنجەی لەتەک ئەم تەوەرەدا نەرم کرد لەبەرئەوە دەتوانین بڵێین “چارەنووسی ڕەشپێستەکان وایە کە ببنە تێمای فیلمی باش”، بەڵام ئەم وریاییە بۆ دەرهێنەر هیچ مانایەکی نەبوو، چونکە هەر لە دەستپێکی کارەکەدا لەبارەی فیلمی (جەنگۆی ئازادکراو – Django Unchained)ەوە ڕایگەیاند کە نیازی دروستکردنی فیلمێکی لەو چەشنەی هەیە و باسی چۆنێتی فیلمەکەیشی کرد و چۆن کار لە تێمای بابەتەکەدا دەکات، چونکە “کوینتین تارانتینۆ” بە سەرشێتی سینەما ناسراوە، هەر لەسەرتاوە دەستی دەرهێنەر کەشف بووە کە ناونیشانێکی نامۆی بۆ فیلمەکەی هەڵبژار “جەنگۆی ئازادکراو”، هەڵبەتە بۆئەوانەی کە یادەوەرییەکی سینەمایی بەهێزیان هەیە ناونیشانی بەشی یەکەم فیلمەکە (جەنگۆ – Django) هەمان ناونیشانی فیلمە ڕۆژئاوایی (وێسترن – کاوبۆیی)ەکانە، بەڵام بەشی دووەمی ناونیشانی فیلمەکە (ئازادکراو – Unchained) لە فیلمی (هێرقلی ئازادکراو)ەوە هاتووە، چیرۆکی ئەم فیلمە هەر لەلایەن دەرهێنەر نووسراوە و لێوانلێوە لە تایبەتمەندی هونەری و بەوەش ناسراوە، ئەم فیلمە ئێمەی بردەوە بۆ ڕۆژئاوای ئەمریکا و بە دیاریکراوی پێش دوو ساڵ بەر لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی ئەمریکا، لەوێوە یەکێک لە چیرۆکە تراژیدییەکانی ڕەشپێستەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە، ئەم چیرۆکە بە دەرکەوتنی (دکتۆر شۆڵتز – لە ڕۆڵگێڕانی کریستۆف واڵتز) دەستپێدەکات کە لەنێوان چەندین شوێندا جموجوڵ دەکات بە نیازی بەدەستهێنانی خەڵات و پاداشتی ماددی دوای کوشتنی ئەو کەسانەی کە لە دادگا داواکراون، لە چوارچێوەی ئەم کارە خوێنینەدا (جانگۆ – لە ڕۆڵگێڕانی جیمی فۆکس) ئازاد دەکات چونکە تاکە ڕێگایە بۆ دۆزینەوەی ئەو سێ برایەی کە (دکتۆر شۆڵتز) دەیەوێت بیانکوژێت، لێرەوە چیرۆکی (جەنگۆ) دەستپێدەکەین، کە (دکتۆر شۆڵتز) پێشنیاری ئەوەی بۆ دەکات کە لە کارەکانیدا هاوبەشی لەگەڵدا بکات و لەبەرامبەردا ئەمیش هاوسەرەکەی (بڕۆمیلدا – لە ڕۆڵگێڕانی کیری واشنتۆن) بۆ ئازاد دەکات، کە کراوەتە کۆیلەی یەکێک لە گەورەترین دەرەبەگەکان بەناوی (کالڤن کاندی – لە ڕۆڵگێڕانی لیۆناردۆ دی کاپریۆ)، هەردووک پلانێکی ورد دادەڕێژن و بەرنامەی پلانەکە بە خوێنێکی زۆر کۆتایی دێت و هاوسەری جانگۆش ئازاد دەبێت.
شێوازی تارانتینۆ لە هەموو قۆناغەکانی فیلمەکەدا ڕوون بوو، بۆنمونە بوونی تووندوتیژییەکی زۆر(زاڵ بوونی فەزایەکی تووندوتیژئامێز)، ڕەنگکردنی فیلمەکە بە ڕەنگی خوێن، کە لە زۆرینەی فیلمەکانیدا ئەم دیاردانە دەبینین و بۆنمونە هەر لە فیلمی (زۆڵە بێشکۆکان – Inglouriosu Basterds)دا خوێن و کوشتن و یەکێکە لە سیما سەرەکییەکانی فیلمەکە، تەنانەت دەرهێنەر گاڵتە بە ڕووداوی مێژوویش دەکات و ئەمە لە فیلمی (جەنگۆی ئازادکراودا) ناشارێتەوە کە ڕۆڵی هەریەکە لە ڕەشپێش و سپیپێست ئاوەژوو دەکاتەوە و بابای ڕەشپێست دوای ئەوەی کە کۆیلە بوو کردە پاڵەوانی فیلمەکە و لە کۆتایی فیلمەکەدا تۆڵەیەکی بۆ کردەوە کە بە ئەندێشەی کەسدا نەدەهات وەک چۆن لە فیلمی (زۆڵە بێشکۆکان)دا هەمان شتی کرد کاتێک جولەکەکان تۆڵەیان لە هیتلەر کردەوە، لەگەڵ ئەوەشد جیاوازی زۆر هەیە لەنێوان ئەم دوو فیلمەی تارانتینۆدا. جولەکە لە زۆر فیلمدا ئامادەییان هەیە و دۆزی ئەوان بە ڕادەی پێویست ئاوڕی لێدرایەوە و بایەخی پێدرا، بەڵام سەبارەت بە ڕەشپێستەکان ئێمە بەدەگمەن فیلمێک دەبینین کە کرابنە پاڵەوان تەنانەت ئەگەر هاوڕاش بین لەسەر ئەوەی ئەوان لەسەر خاوەن هەقن، لەبەرئەوە ئەوەی تارانتینۆ کردوویەتی کارێکی ئێجگار ناوازەیە، چونکە پیاوێکی ڕەشپێستی کردووەتە پاڵەوانی سەردەمێک کە تێیدا شاهیدی قۆناغی بە کۆیلەکردنی و ئەشکەنجەدان و سوکایەتی پێکردنی ڕەشپێستەکان بووە بەتایبەتی لە سەردەمی کۆیلایەتی(کۆیلەگەریی)دا.
سەرەڕای گرنگی چیرۆک و وردەکاریی فیلمەکە، بەڵام دەرهێنەر لایەنەکانی وێنا کردنی ئەشکەنجەدانی ڕەشپێستانی لەیاد نەکردووە، بۆنمونە تاتۆکردنی کۆیلە بە ئاسنی گەرم، هەروەها سزادان لەسەر هەڵەیەکی بچوک، هەروەها سەگلێبەردان، … هتد، ڕاستە هەندێک فیلم لە پیشاندانی ئازار و کۆژان سەرکەوتوو بوون لێ فیلمی (جەنگۆی ئازادکراو) وەک بوێرترین فیلم دەمێنێتەوە کە ڕەشپێستان شانازی پێوە بکەن چونکە کراونەتە پاڵەوان و خراونەتە شوێنی سپیپێستان(سەردەست و باڵادەستان)، لەم بەستێنەشدا هێندە بەسە کە باس لەو دیمەنێک بکەین کە دەرهێنەر خۆی بەشداری تێدا کرد و خۆی کردە قوربانییەک لە قوربانییەکانی جەنگۆ.
وەک هەمیشە وردێتی و زیرەکی دەرهێنەر لە هەڵبژاردنی ئەکتەرەکاندا دەردەکەوێت، بۆنمونە لەنێو ستافی ئەکتەراندا ناوگەلێکی پڕشنگدار دەبینین لەوانە (جیمی فۆکس) کە ئێستاکێ یەکێکە لە ئەکتەرە ناودارەکان ڕۆڵی سەرەکی بینی، هەروەها پشتی بە (لیۆناردۆ دی کاپریۆ) بەست بۆ پتر سەرەنجڕاکێشانی فیلمەکە و بەشداری بە (کریستۆف واڵتز) کرد، کە یەکێکە لە ئەکتەرە دڵخوازەکانی دەرهێنەر و بۆ ئەم فیلمە ئۆسکاری لە ڕۆڵی لاوەکی وەرگرت، سەبارەت بە (ساموێل جاکسۆن) کە یەکێکە لە ئەکتەرە لاوەکییەکانی ئەم فیلمە، ئەگەرچی هەوادارانی ناوبراو حەزیان لەو ڕۆڵەش نەبێت کە پێیدەسپێردرێت بەڵام لەم فیلمەدا ڕۆڵەکەی قایلکەر بوو .
هەر لە سەرەتاوە بە ڕوونی دەرکەوت؛ کە دەرهێنەر ویستویەتی چیرۆکێکی تۆڵەسەندنەوە بۆ پیاوە ڕەشپێستەکە دروست بکات، بۆیە لەڕێگای باڵادەستی چیرۆکی سەرەکی بەسەر ڕوداوە لاوەکییەکانی دیکەدا ڕەوتی ڕووداوەکانی کردە یەک لەدوای یەک و هەرگیز نەیهێشت پاڵەوانی فیلمەکە لە چاوی کامێرا ون بێت، بۆ پتر ناوەندێتیکردنی پاڵاوانەکە تایبەتمەندییەکی سەرنجڕاکێشی پێبەخشی کە پێشتر لە فیلمەکاندا نەمابینیوە مامەڵە لەگەڵ هەمان تێما و زەمەندا بکات، ئەگەر چیرۆکەکەی دەرهێنەر دژ بێتەوە لەگەڵ ڕووداوە مێژووییەکاندا ئەوا مەلەسەکە بۆ ئەو ئاساییە و هەر یەک شتە چونکە گاڵتەجاڕی و قەشمەریکردن لە تایبەتمەندییە دیارەکانی تارانتینۆیە، چونکە ئەم دەرهێنەرە لە پەیمانگا و زانکۆکانەوە نەهاتۆتە نێو کایەی سینەماوە بەڵکو لە دوکانێکی بەکرێدانی فیلمەوە هاتۆتە نێو ئەم جیهانە، لەبەرئەوە هەر لە سەرتاوە ئەو سنوورانە دەشکێنێت کە سینەمای لەسەر بوونیادنراوە و لەو چوارچێوە کلاسیکییەکانی فیلم دەردەچێت و ستایلێکی بۆخۆی دروست کرد کە جیاواز لە زۆرینەی سینەماکارانی دیکە، یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی دیکەی ئەوەیە کە خۆی چیرۆکی زۆرینەی فیلمەکانی نووسیوە، بۆئەوەی هیچ کەسێک لەو سەرشێتییە سینەماییە هەیەتی هاوبەشی پێنەکات، ئێمە وەک بینەر دەبینە قوربانی سیتایلەکەی و بەسۆزێکی زۆرەوه دەرگیریی هەڵوێستەکانی جەنگۆ دەبین و داوای چەسپاندنی دادگەریی دەکەین، ئەم داگەرییە جەنگۆ بەدەستی خۆی بەدیدەهێنێت، دوای ئەوەی تۆڵەی خۆی دەکاتەوە بەبێ گوێدانە بڕی ئەو خوێنەی کە دەڕژێت، کە لە ڕوانگەی بینەرەوه جگەلە وەرگرتنەوەی قەرزێکی کۆن چیدی نییە .
ئەگەر ئەم فیلمەی بە فیلمەکانی دیکەی دەرهێنەر بەراورد بکەین پێویستە ئەوە بڵێین و نەیشارینەوە کە بەشێک لە جادووەکەی لەدەستداوە بەهۆی نەبوونی هاوسەنگی لەنێوان بەشی یەکەم و بەشی دووەمی فیلمەکە، بە جۆرێک کاریگەری لەسەر سەرنجڕاکێشی فیلمەکە هەبوو، بۆنمونە – بەبێ پێویستییەکی هونەری – بڕینی گەورە(مەودا فراوان)ی نێوان دیمەنەکان، بەکارهێنانی زووم لە شوێنی نەگوجاو(زووم کردنی هەندێک دیمەنی نەگونجاو)، هەڵبەتە مەشانە شتگەلێک بوون کە لە فیلمی (Kill Bill)دا – هی دەرهێنەری ناوبراو – دا نەمانبینین. هەڵبەتە سەرەڕای بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین سیناریۆی ڕەسەن، بەڵام سیناریۆکە لە هەندێک شوێندا خراپ دەرکەوت بەتایبەتی لە هەندێک وێنە – دیالۆگدا کە زۆر لەگەڵ کارەکانی دیکەی دەرهێنەر یەکانگیرە، ڕەنگە لەبەرئەوە بووبێت کە زیاتر بیری لەلای پاڵەوانەکەی بوو لە هەر کارەکتەرێکی دیکە، لەلایەکی دیکەوە لێهاتوویی زۆری لە بیرهێنانەوەی شێوازی کلاسیکی فیلمە ڕۆژئاواییەکان(وێسترن) پیشاندا، سەرکەوتوو بوو لە پێداگریی لەسەر شێوازی گێڕانەوەی یەک بەدوای یەک، هەرچەندە ئەم گێڕانەوە یەک بەدوای یەکە ناکەوێتە نێو چوارچێوەی شێوازی نووسینی ئاسایی ئەوەوە واتە ئەمە بەشێک نییە لە خووی نووسینی.
ئەم بەرهەمە وەک یەکێک لە گرنگترین بەرهەمە سینەماییەکان دەمێنێتەوه کە دادگەریی بۆ ڕەشپێستانی ئەمریکا بەرجەستە کرد، چونکێ هەندێک لەو دادگەرییە بەدەستهێنا کە لە زۆرینەی فیلمە ڕەشپێستەکاندا ون بوو کە تەنها و تەنها گوزارشتیان لە ئازاری ڕەشپێستان دەکرد، هەرچەندە لێرەدا دادگەرییەکە دادگەرییەکی سینەماییە نەوەک واقیعی لێ بەدڵنیاییەوە بەشێک لە مێژووی پڕ ئازار و ناسۆری ڕەشپێستانی نووسییەوە.
نووسینی: سلێمان حەقیوی
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد