ئاشکرایە کەم تا زۆر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چ لەسەر ئاستی ناوخۆ چ لەسەر ئاستی دەرەوەی ئەمریکا بێت ئەوە جێگای بایەخ و تێڕامانە کە ئەمەش خۆی لە 3 خاڵی گرنگدا دەبینێتەوە کە ئەمانەن.
1- دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
2- ڕۆڵی سەرۆک کۆمار لەسەر ئاستی ناوخۆ.
3- ڕۆڵی سەرۆک کۆمار لەسەر ئاستی دەرەوە.
دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا: دەستوور بە سەرەکی ترین هۆکار دادەنرێت لە دیاریکردنی دەسەڵاتەکان و تایبەتمەندییەکانی هەرسێ دەسەڵاتە سەرەکی و فەرمییەکەی دەوڵەت کە مەبەست لێی دەسەڵاتی جێبەجێکردن یاسادانان کۆنگرێس دادوەرییە. هەرچەندە هەرسێ دەسەڵاتەکە تا ڕادەیەکی تەواو سەربەخۆن لە کار و بارەکانیانداو تا ڕادەیەکی باشیش هاوسەنگن، بەڵام پشکی شێر بەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەکەوێت لەبەر ئەوەی سیستەمی سیاسی ئەمریکا کۆماری فیدراڵی دەستوورییە. جگە لەوەی باوانی ئەمریکا بە جۆرێک دەستووری ئەمریکایان داڕشتووە کە سەرۆک ڕۆڵی باوکێک دەبینێت لەسەر ئەرزی شانۆی سیاسەتی ئەمریکادا. کە ئەمەش وا دەکات دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە سەرۆک کۆمار و کابینەی سەرۆک کۆمار دەگرێتەوە لە بەڕێوەبردنی کاروبارە حکومییەکان ئەوە سەرۆک کۆمار دەسەڵاتێکی باش و بایەخداری هەبێت بەپێی ئەوەی کە دەستوور بۆی دیاریکردووە. ماددەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمی دەستووریش تایبەتە بە دابەشکردنی دەسەڵات بەسەر هەرسێک دامەزراوە فەرمییەکە و تایبەتمەندییەکانی هەرسێک دامەزراوەکەی دیاری کردووە بەڵام لێرەدا زیاتر گرنگی بە ماددەی دووەمی دەستوور دەدەین کە تایبەتە بە تایبەتمەندییەکان و ڕۆڵی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بە تایبەتی دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار دەخەینەڕوو.
ماددەی دووەم: تایبەتمەندییەکان و ڕۆڵی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی دیاریکردووە بۆ نموونە: سەرۆک کۆمار سەرۆکی دەوڵەتەو لە هەمان کاتدا سەرۆکی حکومەتیشە بۆ 4 ساڵ لە پێگەکەی دەمێنێتەوە و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە لایان خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت. سەرۆکی گشت هێزە چەکدارەکانە و لە کاتی جەنگدا ڕۆڵی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دەبینێت و گەورەترین نوێنەری سەرجەم ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و چ لەسەر ئاستی دەرەوە لە هەمان کاتدا لە دەسەڵاتی دا هەیە کە ڕێکەوتننامەکان واژۆ بکات و پەیماننامە لەگەڵ دەوڵەتان ببەستێت لە هەندێ حاڵەتدا دەبێت ڕەزامەندی کۆنگرێسی لەسەر بێت ئەگەریش هاتوو زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرێس سەر بە پارتی سەرۆک کۆمار بن ئەوە کار و بڕیارەکانی سەرۆک کۆمار سانا تردەکات. تەنانەت هەڵدەستێت بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە لەلایەن کۆنگرێسەوە دەردەکرێت و لە لایەکی ترەوە دەسەڵاتی لێخۆشبوونی هەیە و چەندان دەسەڵاتی تریش بە هەمان شێوە.
ڕۆڵی سەرۆک کۆمار لەسەر ئاستی ناوخۆ: گرنگیی پێگەو ڕۆڵی سەرۆک کۆمار زۆر بە باشی دەردەکەوێت لە خاڵی یەکەمدا کە باسمان لە دەستووری ئەمریکا کرد کە هەر دەستووریش وا دەکات سەرۆک ڕۆڵێکی زۆر بەرچاو و کاریگەر ببینێت لەسەر ئاستی ناوخۆ کە بێگومان سەرۆکیش لە ڕێی پیادەکردنی ئەو دەسەڵاتەی کە بە پێی دەستوور پێی دراوە دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە لە سەر ئاستی ناوخۆ بهێنێتە کایەوە هەر لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و تەندروستییەوە بێت یاخود لە ڕێی ئەو خزمەتگوزارییانەوە بێت کە سەرۆک و کابینەی سەرۆک پێشکەشی دەکەن بە ویلایەتەکان ئیدی کەمکردنەوەی باج بێت یاخود ڕەخساندنی هەلی کار و دروستکردنی ڕێگاوبان و توند کردنی ئاسایشی نەتەوەیی بێت یاخود وەڵامدەری داخوازییەکانی ویلایەتەکان بێت کە ئەمەش وا دەکات کە لەسەر ئاستی ناوخۆ سەقامگیرو بەهێزبن و ڕەنگدانەوەی لەسەر ئاستی دەرەوەش هەبێت بۆ نموونە سەرۆک هاری ترۆمان لە ڕووی سەربازییەوە لە تەممووزی ساڵی 1948 بڕیاری دا کە بە شێوەیەکی یەکسان مامەڵە لەگەڵ سەرجەم سەربازەکاندا بکرێت و هیچ سەربازێک بێبەش نەکرێت لە خزمەتگوزارییە سەربازییەکان ئەویش بەبێ ڕەچاوکردنی ئایین و ڕەگەز و نەتەوە کە پێش ئەم بڕیارە تا ڕادەیەک جیاوازی لە نێوان سەربازەکاندا دەکرا.
ڕۆڵی سەرۆک کۆمار لەسەر ئاستی دەرەوە: بێگومان کۆشکی سپی بە ناوەندی دەرکردنی بڕیارە گرنگەکان دادەنرێت لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێگە بەهێز و هەژموونە فراوانەی کە ئەمریکا هەیەتی لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا کە دەکرێت ڕۆڵی ئەمریکا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەک ڕێکخراوە سەربازییەکان و ئابوورییەکان و کۆمەڵایەتییەکان و تەندروستییەکان و هتد… ڕوون بێتەوە تەنانەت وەک دەوڵەتێک خۆی دەناسێنێت و ناساندووە کە هەوڵی بەدیهێنانی ئاشتی دەدات دەیەوێت دیموکراسی پراکتیزە بکات لە سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە دیموکراسییان تێیدا پراکتیزە نەکراوە کە ئەم باسەش زۆر هەڵدەگرێت و زۆر جاریش ئەم سیاسەتە ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە لەم کەین و بەینەشدا سەرۆک کۆمار ڕۆڵی سەرەکی و بەرچاو دەبینێت لە پیادەکردنی ئەم سیاسەتەدا کە سەرۆک کۆماریش لە ڕێی سیاسەتێکی حەکیمانە و بەرژەوەندیخوازانەوە هەوڵ دەدات ئامانجەکانی دەوڵەتەکەی بپێکێت لەسەر ئاستی دەرەوە بە پێچەوانەی زۆرێک لە دەوڵەتان کە سیستەمی سیاسییان پەڕلەمانییە ئەوە سەرۆک کۆمار ڕۆڵێکی ئەوتۆی نییە جگە لە ڕۆڵێکی نەریتی و پرۆتۆکۆڵیانە نەبێت. جێگای ئاماژەشە ئەوە بگوترێت کە سەرۆک کۆمار هەرچەندە لە ڕێی دەستوورییەوە کۆمەڵێک تایبەتمەندی و دەسەڵاتی پێدراوە، بەڵام ئەگەر هاتوو کەسایەتییەکی بەهێزی نەبێت ئەوە ناتوانێت سیاسەتێکی باش پیادە بکات لە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. گرنگی سەرۆک کۆمار لەسەر ئاستی دەرەوە ڕوونتر دەتوانین جەخت لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک کۆمار لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە بکەینەوە هەر لە ڕووی ڕێکەوتننامە و پەیماننامەکانەوە بێت یاخود سەپاندنی سزای ئابووری بێت بەسەر وڵاتاندا وەک ئەوەی کە جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕۆژی 22 شوباتی 2022 سزاکانی بەسەر ڕووسیادا ڕاگەیاند لە ئەنجامی ئەو دەسدرێژییانەی ڕووسیا کە بۆ سەر ئۆکرانیا کرا کە تاوەکوو ئێستاش سزاکان بەردەوامە جگە لە ڕووسیاش سەرۆکەکانی دیکەی ئەمریکا سزایان بەسەر چەندان وڵاتی دیکەش سەپاندووە لە قۆناغە جیاوازەکاندا وەک ئێران- ئێراق- ئەفغانستان- کوبا- کۆریای باکوور و هتد…
پوختە
سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێی دەستوورییەوە پێگە و دەسەڵاتێکی باشی هەیە کە بە پێی ئەوەی دەستوور بۆی دیاریکردووە دەتوانێت پیادەی بکات. هەر ئەمەش وا دەکات لەسەر ئاستی ناوخۆ کاریگەر بێت و جگە لەوەش بەهۆی ئەوەی سەرۆک لە پێگەیەکی گرنگدایە ئەوە بڕیارەکانی کاریگەرە لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا و دەبێتە مایەی گۆڕانکاری لە سیاسەتی نێودەوڵەتییدا.