لە ئێستادا کێشەی ووڵاتانی جیهانی سێیەم بە گشتی و ووڵاتانی عەرەبی بەتایبەت لەوەدایە کە لە جەنگ و ڕووبەڕوو بوونەوەکانیاندا کار لە سەر وروژاندن و سوربوونەوەی جمهورەکانیان دەکەن وەك لە سەر ستراتیج و کێبڕکێی تەکنەلۆجی. بنەمای دروست بوون و مانەوە و گەشەسەندنیان بەندە بە خۆسورکردنەوە و ڕاکیشانی سۆزی چواردەور وەك لە خوێندنەوە و پلاندانانی واقیعی دور مەودا. بە سۆز و عاتیفە بیردەکەنەوە نەك بە ئەقڵ، بەمەش دەنگێکی بەرز دروست ئەکەن بێ ئەوەی بەرەوپێشچوونێکی کردارەکی ڕوون بێتە کایەوە.
بزوتنەوەی حەماس، کە ناوەکەی دەرخەری ستراتیجی کارکردنەکەیەتی، لە (٣٧) ساڵی تەمەنیدا “بژاردەی بەرەنگاربوونەوەی سەربازی” کردووە بە دروشمی کارکردنی. لەم ماوەیەدا (١١) جار بە قورسی کەوتە ڕووبەروووبوونەوەی سەربازییەوە و لەهەر (١١) جارەکەشدا شکستی هێنا لە دروستکردنی گۆڕانکارییەکی ڕووندا لە سەر زەوی. لەم ڕووبەڕوو بوونەوانەش دا نەهامەتی زیاتر بۆ فەلەستینیەکان دروست بووە و زنجیرەیەك سەرکردەی فەلەستینیش بەشێوەی تراجیدیا بوونەتە قوربانی یەك لە دوای یەك کە دیارترینیان (شێخ احمد یاسین و عبدالعزیز رنتیسی و اسماعیل هەنیە)ن. ئەمەش بەهۆی نابەرابەریەکی گەورە لە توانای سەربازی و تەکنەلۆجیای هەردوولا دا. تاکە شتێك کە خەڵك دڵی خۆی پێخۆش دەکات لەم بەریەكکەوتنانەدا ئەوەیە کە “کێشەی فەلەستینییەکان” هاتۆتەوە بەر مەیان.
ئێرانییەکان زۆر ئاقڵتر لە عەرەب بیردەکەنەوە و جوان خوێندنەوەیان بۆ توانای بەرامبەرەکانی خۆیان کردووە و هەتا عەرەبێك مابێت لە ژیاندا هەرگیز خۆیان راستەوخۆ ناچنە شەڕەوە لەگەڵ رۆژئاوا و ئیسرائیلدا، بەڵکو شەڕەکە بە حەماس لە فەلەستین و حیزبوڵا لە لوبنان و حوسیەکان لە یەمەن و حەشدی شەعبی لە ئێراق دەکەن. ئەوان بۆ کوشتنی “قاسم سولەیمانی” هیچیان نەکرد، بۆیە بۆ “اسماعیل هەنیە”ش بەدڵنیاییەوە هیچ ناکەن و دەیکەن بە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان. ئەم جۆرە بیرکرندەوەیەش لەلای تورکیا و قەتەر و سعودییە و میسریشەوە پەسەندە کە نەچنە شەڕێکەوە کە سەری ئەوسەری زۆر بەڕوونی دیارە چۆنەبێت، بۆیە دەنگێکی بەهێزیان بۆ هەڵبڕیوە و بەس.
وڵاتێکی وەكو چین، بەو گەورەییەی خۆیە وە دەزانێت کە شەری خۆرئاوای پێناکرێت بە شێوە کلاسیکییەکەی، بۆیە هاتووە بە شێوەیەکی ئابووری کێبڕکێیان دەکات. بۆیە تاکە چارەسەر بۆ فەلەستینییەکان لە ئێستادا بە بۆچوونی من تەسلیم بوونیانە بە واقیعی حاڵ لەم شەڕە کلاسیکیەدا تا ساتی هاوتابوونیان لەگەڵ نەیارەکانیان لە ڕووی سەربازی و تەکنەلۆجییەوە، تاوەکو ڕێگری بکەن لەو کوشتارگە و نەهامەتیانەی رۆژانە بەسەریاندێت، ئەو خەڵکە دەبێت ڕێگەی پێبدرێت بژی. ئەو چەك و تەکنەلۆجیایەی بزوتنەوەی حەماس شەڕی ئیسرائیلی پێدەکات هی (١٠٠) ساڵ پێش ئێستەیە و تەنها ختوکەی نەیارەکانی پێدەکات.
فەلەستینییەکان دەبێت سود لە ئەزموونی ئەڵمانیا و یابان و کۆریای باشور و تایوان بکەن. ئەڵمانیا چ زەرەرێکی کردووە لە تەسلیمبوونی بە ئەمەریکا کە تاوەکو ئێستاش بنکەی سەربازی ئەمەریکی “ڕامشتاین” ئاراستەی ستراتیج و هەنگاوی ئەڵمانیا و هەموو ئەوروپا دەکات. یابان چ زەرەریکی کردووە لە تەسلیم بوونی بە ئەمەریکا کە لە ساڵی ١٩٤٥ ەوە تاوەکو ئەمڕۆ ئەمەریکا دەستی بەسەر هەموو جومگەیەکی سەربازی ئەو ووڵاتەدا گرتووە. هەمان شت بۆ کۆریای باشوور و تایوانیش ڕاستن. لە بەرامبەر ئەمەشدا دەبێت بپرسین کە ئێراقی سەردام و ئێستا و حوسییەکانی یەمەن و حیزبوڵای لوبنان چیان دەسکەوتووە لە ڕووبەڕوو بوونەوەکانیان لە گەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل و رۆژ ئاوا جگە لە سەرگەردانی هاوڵاتییەکانیان و داتەپینی ئابووری ووڵاتەکانیان.
ئەو خەڵکە ئەبێت لە بازنە عاتیفەوە بهێنرێنە دەرەوە و لە دوورەوە سەیری وەزعەکە بکەن. من و هاوشێوەکانم ڕۆژی یەك ملیار وێنەی فەلەستین و سەرکردەکانیان بڵاو کەینەوە تەنها یەکتری پێهێوردەکەینەوە و هیچ خزمەتێکی جیوستراتیجی بە کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل ناکەین. تا ئیشتاش زمانی هیز و تەکنەلۆجیا حوکمی جیهان دەکات و ئەم هیز و تەکنەلۆجیایەش بە فەلەستین نییە، بەڵکو بە ئیسرائیل و رۆژئاوایە. بۆیە هەر جۆرە شەڕێکیان لەگەڵ بکەیت دۆڕاویت پێش ئەوەی دەستپێبکەیت. ئەو هەڵەیەی بزوتنەوەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی پار کردی، دەریدەخات کە جوان خوێندنەوەیان بۆ دەرئەنجامەکانی ئەو هێرشەیان نەکردبوو، حەماسەتیان زاڵ بوو بوو بەسەر بیرکردنەوەیان، دەرخەری ئەم ڕاستییەش دەربڕینی ڕەزامەندیانە بە ئاگربەستێك لەگەڵ ئیسرائیل کە تێیدا نەمانی حەماس لە غەزە مەرجی سەرەکییەتی.