بیرۆکراسی ئاماژەیە بۆ سیستەمێکی حکومەت یان بەڕێوەبردن کە بڕیارەکان لەلایەن بەرپرسانی سەرەوە دەدرێت نەک لەلایەن نوێنەر یان بەڕێوەبەری هەڵبژێردراوی خوارەوە. بەو پێیە هەرەمی کارگێڕیی ئەرکی تەنیا گەیاندنی فرمانە، لە باشترین بارودۆخ، لە. بەشێکی بەرچاوی دامەزراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە پێناسەی بیرۆکراسی دەکات، کە زۆرجار تۆڕێکی ئاڵۆزی ڕێکار و ڕێسای کارگێڕی لەخۆدەگرێت ئاڵۆزتر لە ناواخنی بیرۆکراسی. بە زاراوەیەکی سادەتر، سوود وەرنەگرتنە لە کارگێڕ و بەڕێوەبەرانی خوارەوە و خوارەوەتری هەرەمی کارگێڕیی بە هۆکاری سەپاندنی هەژموون، یاخود متمانە نەکردن پێیان، هەرچەندە ئامانجەکە بریتییە لە جێبەجێکردن یان سەپاندنی رێنمایی و رێکار و یاسا و رێساکان. بیرۆکراسی بە شێوازیی نەریتی بێ هاوسەنگی، کاریگەری نەرێنی لەسەر شوێنی کارکردنی دامەزراوە حکومییەکان بەجێدەهێڵێت. لایەنە خراپەکەی ئەوەیە بیرۆکراسی دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی پرۆسەی بڕیاردان و زیادەڕەوی لە رێنماییەکان و نەبوونی کاردانەوە بۆ پێشنیاز و سەرنجەکانی بەڕێوبەر و کارگێڕەکانی خوارەوە.
“خراپیی بیرۆکراسیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوەدایە نا بابەتییبوونی لێ دروست دەبێت”
بیرۆکراسی چەند جۆرێکی هەیە، لەوانە:-
یەکەم جۆری وێبیی:- ئەم مۆدێلە لەسەر بنەمای بیرۆکەکانی “ماکس وێبەر” دامەزراوە، جەخت لەسەر پلەبەندی و یاسا ڕوونەکان و پەیوەندییە ناکەسییەکان دەکاتەوە. بۆ نموونە زۆرجار دەزگاکانی حکومەت مۆدێلێکی وێبەری پەیڕەو دەکەن کە زنجیرە فەرماندەیی ڕوون و ڕێکارە ستانداردەکانی تێدایە. ئەمەیان شکۆی دامەزراوەکان دەپارێزێت و بەڕێوەبەران باش ئاراستە دەکات.
دووەم جۆری کۆنە و گرنگی بە کارایی و بەرهەمهێنان دەدات:- ئامانجی ڕێکخستنی پرۆسەکان و زۆرترین بەرهەمە.
سێیەم جۆری پەیوەندییە مرۆییەکان:- ئەمە جەخت لەسەر گرنگی پەیوەندییەکان، ڕەزامەندی کارمەندان و کارلێکی کۆمەڵایەتی لە ناو ڕێکخراوەکەدا دەکاتەوە. کۆمپانیایەک کە چالاکییەکانی بەکۆمەڵ و پەیوەندی کراوە بەرەوپێش دەبات، ئەم جۆرە پەیڕەو دەکات.
چوارەم جۆری دامەزراوەیی پێڕۆیی:- ئەمەیان ڕێکخراوەکان وەک بەشێکی بەیەکەوە گرێدراو سەیر دەکات کە پێکەوە کاردەکەن بەرەو ئامانجە هاوبەشەکان. بۆ نموونە دەتوانرێت نەخۆشخانە وەک سیستەمێک سەیر بکرێت کە بەشە جیاوازەکان هاوکاری بکەن بۆ دابینکردنی چاودێری نەخۆش.
پێنجەم جۆری باری دیاریکراو و گۆڕاوە:- ئەم جۆرە ئەوە پیشان دەدات کە ڕێگەیەکی باشتر نییە بۆ ڕێکخستنی کاروبار، بەڵکو پێکهاتەکە وابەستەی هۆکارە جیاوازەکانی وەک ژینگە و تەکنەلۆژیا و ئامانجەکان بێت.
سەرهەڵدانی بیرۆکراسی لە بەڕێوەبردن و کارگێڕی زیاتر لەو کاتە سەرچاوە دەگرێت کە دامەزراوەکە، وڵات و کۆمپانیاکان سیاسەتێکیان هەبێت گرنگی رەها بداتە پارە و ئابووری، ئینجا کەمکردنەوەی خەرجی بێت، کۆکردنەوەی داهاتی زیاتر بێت؛ سیاسەتێکی ئابوری-ناوەند یان سیاسەتێکی ناوەندگەرای پاوانخواز. رەنگە زەقترین کاریگەری خراپ و نەرێنی بیرۆکراسی ئەوە بێت بارودۆخێک دە ئافرێنێت کە نائاسایی و ناپیشەییە، بە تایبەت ئەگەر چاودێریی نەبێت. هاوکات ڕێگری لە داهێنان و خواستی بەردەوامیی بەڕێوەبەر و کارگێڕ و کارمەندان دەکات لە دامەزراوەکان.
“بیرۆکراسی زیاتر لە کاتە ناهەموار و بارودۆخە شلۆقەکان پەنای بۆ دەبرێت”
بە پێی توێژینەوە و بەدواداچوونەکان، دەرکەوتووە بیرۆکراسی زیاتر لەو قۆناغ و کات و ساتانە دێتە ئاراوە، کە گۆڕانکاریی کارگێڕی ڕووبدات یاخود قەیرانێک دروست ببێت، بەو پاساو و هیوایەی گۆڕانکاریی ریشەیی بێتە ئاراوە، بەڵام زۆر بە دەگمەنی سەرکەتوو بووە. بیرۆکراسی، شێوازێکی تایبەتی ڕێکخستنی ئاڵۆزییەکانە، دابەشکردنی کار، برەو و بەردەوامییدان، کە جڵەوی ناوەندیی و پلەبەندی و دەرکردنی کۆمەڵە فرمانێکی ناوەندیی توند و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی یاسایی پێناسە دەکرێت. بیرۆکراسی بە سروشت رەهاگەرا و نا ژیرانەیە.
پێشەنگی بیرمەندەکانی بیرۆکراسی کۆمەڵناسی ئەڵمانی “ماکس وێبەر” (١٨٦٤-١٩٢٠)ە، کە قسەی لەسەر تایبەتمەندییە ڕەهاکانی بیرۆکراسیی کردووە و ڕوونکردنەوەیەکی بۆ سەرهەڵدانی مێژوویی دامەزراوە بیرۆکراسیەکان پێشکەش کردووە. بە بڕوای وێبەر، تایبەتمەندییە دیاریکراوەکانی بیرۆکراسی بە شێوەیەکی رژد ئاراستەکردنە بە ئامانجی ڕێکخستن کە لەسەر بنەمای پێکهاتەکانی دەسەڵاتی نایاسایی دامەزراوە. وێبەر تێبینی ئەوەی کرد کە سوودی بیرۆکراسی ئەوەیە کە لە ڕووی هونەرییەوە، شارەزاترین فۆڕمی ڕێکخستنە، خاوەنی شارەزایی تایبەتمەند و دڵنیایی و بەردەوامی و یەکێتییە. سەرهەڵدانی بیرۆکراسی وەک فۆرمێکی پەسەندکراوی ڕێکخستن لەگەڵ سەرهەڵدانی ئابوورییەکی بنەمادار بە پارە.
“بیرۆکراسی جۆرێکە لە دەستێوەردان لە کاروباری کارگێڕەکانی خوارەوەی هەرەمی کارگێریی و بێمتمانەیی دروست دەکات”
بیرۆکراسی لە باشترین بارودۆخ بە دەستێوەردان لە کاری لق و پۆپەکامی دامەزراوەکان لەقەڵەم دەدرێت. بیرۆکراسی تایبەتمەندی نەرێنی پیشان دەدات وەکو ڕێگری کردن لە کارایی و کاریگەری لە حوکمڕانی. هەندێک لایەنی دیکەی ئەو بیرکردنەوە کارگێڕییە بەڕێوەبەرییە ئەوەیە ڕێڕەوی گەڵاڵە بوونی بڕیاردان و جێبەجێکردن خاو دەکەنەوە و بڕیارەکانیش لە ژێر ئەو تاریکاییە لەق و بێ بەها و ڕووکەشیی دەبن و شوێنی خۆیان ناگرن. دەکرێت بگوترێت بیرۆکراسی هاوشێوەی پەتایەکی کۆکوژە دووچاری پەیکەری کارگێڕیی و بەڕێوەبەریی دەبێتەوە. لایەنێکی دیکەی نەرێنی پێدانی پێناسە و ڕووێکی نەگۆڕە بە دامەزراوەکان، بە شێوەیەک کە ڕێگر بێت لەبەردەم گۆڕانکارییەکان، ئەمەش وایکردووە کە گونجاندن لەگەڵ بیرۆکراسی بۆ کارگێڕانی خوارووتر لە هەرەمەکە ئەستەم بێت و چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانیش ئەستەمتر.
بیرۆکراسی ڕووێکی پشت بە ستنە بە زانیاری کەم، خراپ ئاراستەکراو یاخود هەڵە، سەرەڕای ئەوەش، گەندەڵی بیرۆکراسی دەتوانێت کاتێک ڕووبدات کە تاکەکان دەسەڵاتی خۆیان لەسەر قسەی ئەم و ئەو بەکار دەهێنن. کارگێڕی خراپ بەهۆی بیرۆکراسی پێکەوەیی تێکدەدات و متمانەی گشتی لەناو دەبات.
“ڤێنیزوێلا زەقترین نموونەی شکستی بیرۆکراسییە لە جیهان”
نمونەی بیرۆکراسی زۆرن، لەوانە ڤێنێزوێلا و زیمبابۆی. ئەو دوو وڵاتە دووچاری خراپترین ئاستەنگ بوونەتەوە کە لە بیرۆکراسی و گەندەڵیەوە سەرچاوەیان گرتووە، کە بووەتە هۆی ناسەقامگیری ئابووری و نائارامی کۆمەڵایەتی و بێمتمانەیی. هەروەها لە دامەزراوە تایبەتەکان، لێمان براذەرز بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکە و پەیڕەوە داراییە مەترسیدارەکانەوە تووشی داڕمان بوون. ئەم نموونانە زیاتر دەرئەنجامەکانی بیرۆکراسی رەها لە ئاستێکی فراوانتر دەردەخەن. لە ڤەنزوێلا ناکارامەیی بیرۆکراسی و گەندەڵی بابەتی بەرچاو بووە، کە بووەتە هۆی بەرهەڵستی ئابووری و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی. بیرۆکراسی حکومەتی ڤێنێزوێلا ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە کە بەربەست بووە لەبەردەم حوکمڕانی باش و هۆکاری ناوەندیش بووە بۆ هێنانە ناوەوەی لە سەختییەکانی ئێستای وڵاتەکە.
لە زیمبابۆش بیرۆکراسی جێگەی نیگەرانی بووە، ناکارایی و گەندەڵی کاریگەری لەسەر حوکمڕانی و سەقامگیری ئابووری هەبووە. وڵاتەکە بەهۆی ئاستەنگە بیرۆکراسییەکانەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە وڵاتەکەی بەرەو دواکەوتن و پاشاگەردانێ بردووە. پەیوەست بە لێمان برادرز، پێکهاتەی بیرۆکراسی کۆمپانیاکە و پەیڕەوە داراییە مەترسیدارەکانی هۆکار بوون لە ڕووخانی کۆمپانیاکە لە کاتی قەیرانی دارایی جیهانی ساڵی ٢٠٠٨. بێجگە لەوەش هۆکاری بەدوادانەچوون و نەبوونی چاودێری و سزا و پاداشت، داڕمانی کۆمپانیاکەی خێرا کرد.
بە کورتی، بیرۆکراسی ئەوەیە فیرعەون-ئاسا لە سەرەوە فرمان بەسەر بەڕێوبەران و بەڕێوەبردنی ئاستەکانی خوارەوە هەمیشە وەڵامی بەڕێوەبردنی ئاستی سەرەوە دەداتەوە، هەمیشە زنجیرەیەکی هەرەم-ئاسا هەیە و ڕوون هەیە، بەردەوامیش ئەو رەخنەیەی لێدەگیرێت کە بیرۆکراسی مرۆڤ دەکاتە قوربانی یاسا و رێساکان و لێبوردە نیە.
“وڵاتانی جیهانی سێیەم بە دەست بیرۆکراسیی نەریتی و دیکتاتۆریی دەناڵێنن”
بیرۆکراسی لە وڵاتانی جیهانی سێیەم بەهۆکاری نەزانی، کەم شارەزایی و خزمایەتی و بەرژەوەند خوازی و بەندایەتی ئایدۆلۆژیا ڕووێکی خراپتری وەرگرتووە. دەرئەنجام زۆرینەی رەهای جیهانی سێیەم لە پەلەقاژەی بەڕێوەبردن و کارگێڕین، بێمتمانەیی بە حکومەت و دامەزراوەکان لە ترۆپکەوە و سەرنجام ژینگەیەکی لەبار بۆ توندڕۆیی ئایینی و سیاسیی ئافراوە، وەکو عێراق و سوریا و مسڕ و لیبیا و چەندین وڵاتی دیکە.
کەوایا ئێمە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست بیرۆکراسی و دیکتاتۆریی کارگێڕی لە دامەزراوە گشتی و تایبەتەکان دەناڵێنین، نەبوونی پەروەردەی کارگێڕیی ورد و نالەباری ژینگەی کۆمەڵایەتی رێگرن لەسەر بەرەوپێشبردنی نەریتی کارگێڕیی کراوە و مرۆڤسالارانە و یەکسانیخواز و یاسادۆست. دەکرێت بگوترێت چارەسەر بریتیە لە جێبەجێکردنی گرتنەبەری رێکاری چاکسازیی، زوڵاڵیی، خستنەبەرکاری لێپرسینەوە و پاداشت و سزا. سەرەڕای ئەوەش، پەروەردە و بەرجەستەکردنی زوڵاڵیی ئامانجی بڕیار و یاساکان و تەنانەت کەمێک نەرمیش لە نێو بیرۆکراسییدا دەتوانێت ببێتە هۆی بەڕێوەبردن و کارگێڕیی و حوکمڕانییەکی گونجاوتری هاووڵاتی-ناوەندیی.