چەند تێبینییەکی گشتی:
- ئەلفبێی هیچ زمانێک بێ کێشە نییە. نووسین بە ئەلفبێی کوردی/ئارامی کێشەی هێندە دژواری نییە کە چارەسەر نەکرێن. نووسین بە ئەلفبێی کوردی/لاتینی بۆ زاری کوردیی سەروو تا ڕادەیەک بێکێشەیە، لێ بۆ زاری کوردیی ناوەندی کەموکورتیی فرەس.
- بۆ ئەوەی لە کێشەکانی ڕێنووسی کوردی بکۆڵینەوە و تێبگەین، پێویستمان بەوە دەبێت هەردوو ئەلفبێ بە چاکی بزانین.
- پیت هێمایە بۆ دەنگ، دەنگیش بە گوێرەی ناوچە کەمێک جیاوازە، بەڵام لە بەر نەبوونی زمانێکی یەکگرتوو هەندێ کێشە دروست دەبن کە دەکرا ڕێیان لێ بگیرێت یان چارەسەر بکرێن.
- لە ئەلفبێی کوردی/ئارامیدا دوو دانە (ی)مان نییە، واتە (یی). بۆیە پێویست ناکات وەک کێشەیەکی ئەلفبێ باس بکرێت، دەکرێت وەک کێشەی ڕێنووس باس بکرێت. کەواتە یەک هێمامان هەیە هەم بۆ (ی) بزوێن و هەمیش بۆ نەبزوێن.
- لە ئەلفبێی کوردی/ئارامیدا دوو دانە (و)مان هەیە، واتە (وو) بۆ دەنگی درێژی (و)ی بزوێن، بەڵام جاری وا هەیە کاتی دوو دانە (و) بە دووی یەکدا دێن یەکێکیان بزوێنە و ئەوی تر نەبزوێن، واتە ئەو (وو)ە نییە کە لە ئەلفبێدا هەیە.
- کێشەی پیتەکانی (ی) و (و) کە جارێک دەبن بە بزوێن و جارێکیش نەبزوێن، ئەگەر چارەسەر بکرێت چاکە، ئەگەر نەکرێت کێشەیەکی زۆر گەورە نییە. ئەوەی کێشەی گەورەیە نەبوونی هێمایەکە بۆ نیوەبزوێنی بزرۆکە، کە لە ئەلفبێی کوردی/لاتینیدا پیتێکیان بۆی داناوە.
- بۆ ئەوەی زیاتر ڕوون بم، پیتە کێشەدارەکانی ئەلفبێی کوردی/ئارامی لەگەڵ بەرانبەرەکەیان لە ئەلفبێی کوردی/لاتینیدا لێرە دەنووسم:
(و)ی نەبزوێن: Ww
(و)ی بزوێن: Uu
وو: Ûû
(ی)ی نەبزوێن: Yy
(ی)ی بزوێن: Îî
بزرۆکە: Ii
زۆر جار کە دوو دانە (ی) بە دوای یەکدا دێن دووەمیان (ی)ی خستنە سەرە و بە هیچ شێوەیەک نابێت لا بدرێت. ئەگەر تۆ باسی (ماسی) دەکەیت کە برژاوە، دەبێت بنووسیت:
ماسیی برژاو، ناکرێت بنووسیت (ماسی برژاو) چونکە لە دووەمدا ئەوەی برژاوە (ماس)ە نەک (ماسی)، (ماس)یش یانی (ماست).
ئەگەر سێ دانە (ی) بە دوای یەکدا هاتن سێیەمیان (ی) خستنەسەرە. کاتی خۆی کۆڕی زانیاریی کورد لە بەغدا بڕیاری ئەوەی دا ئەگەر سێ دانە (ی) بە دوای یەکدا هاتن با یەکێکیان لا بدرێت، کە من پێم وایە ئەمە هەڵەیە. بۆ نموونە:
هەڵەبجەیی، وا دەنووسرێت (هەڵەبجەیی) نەک (هەڵەبجەی)، ئەگەر (هەڵەبجەیی) لە شێوەی کۆی ناسراودا بنووسرێت ئەو کاتە دەبێت وا بنووسرێت (هەڵەبجەیییەکان) نەک (هەڵەبجەییەکان) بڕوانە بە ئەلفبێی کوردی لاتینی چۆن دەنووسرێت:
هەڵەبجەیی: Helebceyî
هەڵەبجەیییەکان: Helebceyîyekan
لێرەدا ناتوانین هێج یەک لە (ی)یەکان لا بدەین، چونکە بڕگەکان هەڵەیان تێدەکەوێت. بە پێی پێکهاتەی وشە لە زمانی کوردیدا دەبێت هەر بڕگەیە یەک دانە بزوێنی تێدا بێت. هەر کام لەو (ی)یانە لا بدرێن ئەم یاسایە تێک دەچێت.
هە/ڵەبـ/جە/یی چوار بڕگەیە: He/leb/ce/yî
هە/ڵەبـ/جە/ییـ/یە/کان: He/leb/ce/yî/ye/kan
کێشەی سێ دانە (و)، واتە (ووو)
وشەی بەڕوو، وا دەنووسرێت (بەڕوو) نەک (بەڕو)، ئەگەر بەڕوو لە شێوەی کۆدا بنووسرێت ئەو کاتە دەبێت بنووسرێت (بەڕوووان) لە شێوەی نەناسروا و (بەڕوووەکان) لە شێوەی ناسراودا.
بە/ڕوو: Be/rû
بە/ڕوو/وان: Be/rû/wan
بە/ڕوو/وە/کان: Be/rû/we/kan
لێرەشدا هەندێک پێیان وایە سێ دانە (و) بە دوای یەکدا جوان نییە و پێویستە یەکێکیان لا بدرێت، ئەمەشیان بە لای منەوە هەڵەیە.
ئەم باسە خۆی لە خۆیدا باسێکی درێژە، زیاتر کاری ئەوانەیە کە خۆیان مامۆستای زمانی کوردین، چالاکانە دەیڵێنەوە و شارەزای هەردوو ئەلفبێن.
تێبینی: باسەکە دووبارەیە، بەڵام سوودبەخشە.