“كۆچی دوایی (مستەفا بارزانی)”
لەكاتێكدا كۆتایی هاتن بە ڕژێمی شاهەنشاهی ئێران، دەروازەییەكی بەڕووی كوردی باشووری كوردستان و شۆڕشەكەیدا كردەوە، رێبەری (شۆڕشی ئەیلول)و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە تەمەنی (76) ساڵی و لە (1ی ئازاری1979ز) لە نەخۆشخانەی (جۆرج واشنتۆن)ی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە نەخۆشی شێرپەنجە كۆچی دوایی كرد. بەو ڕووداوەش نەك تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان، دامەزڕێنەر و یەكەمین سەرۆكی پارتەكەی لەدەستدا، كوردی باشووری كوردستانیش سەركردە و ڕابەرێكی لەدەستدا، كە بۆ ماوەی زیاتر لە نیو سەدە، رابەرایەتی خەباتی چەكداری و سیاسی كوردی باشووری كوردستانی كرد.
(مستەفا كوڕی شێخ موحەممەد كوڕی شێخ عەبدولسەلام بارزانی)، ناسراو بە (مەلا مستەفا) لە (14ی ئازاری1970ز) لە گوندی (بارزان) لە بنەماڵەیەكی ئایینی و تێكۆشەری كورد لەدایكبووە، لەماوەی تەمەنیدا بەشداری و سەركردایەتی، چەندین شۆڕش و ڕاپەڕینی لە دژی دەسەڵاتدارانی ئێراق و ئێرانی كردووە. یەكەمێن دەركەوتنی بۆ بەهاری ساڵی (1919ز) دەگەڕێتەوە، كاتێك لەسەر داوای (شێخ موحەممەد)ی باوكی بە سەركردایەتی هێزێكی (300) كەسی نێردرا بۆ یارمەتیدانی شۆڕشەكەی (شێخ مەحموودی نەمر) لە ناوچەی (سولەیمانی)، بەڵام بەر لەوەی ئەو هێزە بگاتە ناوچەكەو بەهانای (شێخ مەحموودی نەمر)و دەسەڵات و هێزەكەیەوە بچێت، شەڕی (دەربەندی بازیان) ڕووی دابوو. هەروەها (شێخ مەحموود)و هێزەكەی تێكشكا بوون و خودی شێخیش بەدیلی كەوتبووە دەست بەریتانییەكان و ڕەوانەی شاری (بەغداد) كرابوو، بۆیە ئەو هێزەی (مستەفا بارزانی) تەمەن (16) ساڵ، سەركردایەتی دەكرد ، گەڕایەوە زێدی خۆی لە بارزان.
وێستگەی دووەمی خەباتی كەوتە ساڵی (1932ز)، كاتێك بەشداری ڕاپەڕینێكی ناوچەكەی كرد، كە لەلایەن (خەلیل خۆشەوی) دژ بە ڕژێمی پادشایەتی ئێراق، رابەرایەتی كرا. بەشداری سێیەمیشی سەركردایەتی (شۆڕشی بارزان) بوو لەساڵی (1943ز)، كە تا ساڵی (1945ز) دژ بە دەسەڵاتدارانی ڕژیمی پادشایەتی ئێراق وەستا. دوای شكستی ئەو شۆڕشەش بەناچاری لەگەڵ زۆرینەی هێزی بارزان و ماڵباتەكەی بەرەو خۆرهەڵاتی كوردستان پاشەكشەیان كردو لە ناوچەی موكریانی ئێران نێشتەجێ بوون. كاتێكیش (كۆماری كوردستان) لە (22ی كانوونی دووەمی1946ز) لە شاری (مەهاباد) دامەزرا، (مستەفا بارزانی) یەكێك بوو لە بەشداربووە سەرەكییەكانی و پلەی جنڕاڵی پێدراو كرایە فەرماندەیی تەواوی هێزەكانی بارزانی لە كۆماردا. دوای شكستی كۆماری كوردستانیش لە (17ی كانوونی یەكەمی1946ز) لەگەڵ (504) بارزانی، شاری (مەهاباد)ی پایتەختی كۆماری بەرەو یەكێتی سۆڤیەت بەجێهێشت و تا ساڵی (1958ز) نەگەڕایەوە زێدی خۆی. كاتێكیش لە (6ی تشرینی یەكەمی1958ز) گەڕایەوە ئێراق، كۆتایی بە ڕژێمی پادشایەتی هاتبوو وە كۆماری ئێراق دامەرزا بوو. هەربۆیە تا ساڵی (1961ز) لەگەڵ ئەو كۆمارو فەرمانڕەواكەی (عەبدولكەریم قاسم) مایەوە. كاتێكیش ئەو ڕژێمە نوێیە وەك ڕژێمی پادشایەتی، مافەكانی كوردی وەلانا، (مستەفا بارزانی)، نەك هەر شاری (بەغداد) بەجێھیشت و رابەرایەتی شۆڕشی ئەیلولی كرد، بەڵكو بۆ یەك ساتیش نەگەڕایەوە (بەغداد)و سازشی بۆ نەكردن. بەوەش شێلگیرانە و بۆ ماوەی (14) ساڵ بەرامبەر دەسەڵاتدارانی ئێراق وەستا، تا ئەو كاتەی بەهۆی رێكەوتنامەی جەزائیرەوە لە شۆڕشەكە درا، لەو ماوەیەشدا رێكەوتنامەی (11ی ئازاری1970ز) وەك دەسكەوتێكی مێژوویی بۆ خۆی و پارت و شۆڕشی ئەیلول و كوردی باشووری كوردستان تۆمار كرد.
دوای شكستی شۆڕشی ئەیلولیش، ئاوارەیی وڵاتی ئێران بوو، بەڵام زۆر لەوێ نەمایەوەو ڕووی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كرد، تا دەروازەییەك بۆ كیشەی كورد بدۆزێتەوە. هەر لەوێش بەهۆی هەڵكشانی تەمەنی و دووچاری بە نەخۆشی شێرپەنجە، پێویستی بە چارەسەر هەبوو. هەربۆیە لەنێوان ساڵانی (1975-1979ز)، سەرباری گەڕان بە دووی چارەسەری نەخۆشییەكەی و سازان لەگەڵ ئازارەكانی، كاروباری پارتی دیموكراتی كوردستان و شۆڕشی گۆڵانی بەرێوەبرد، كارەكانیشی لەرێگای هەردوو كوڕەكەی (ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی) بەڕێوە دەبرد. بەو شێوەیە، (چوار) ساڵی كۆتایی تەمەنی، بە ئازار و ناخۆشییەوە بەرێكرد، تا ئەو كاتەی لە (1ی ئازاری1970ز) ماڵئاوایی لە خێزان و بنەماڵە و كورد و كوردستان كرد.
دوای كۆچی دوایشی لەسەر وەسیەتی خۆی و بەكاتی هێنرایەوە خۆرهەڵاتی كوردستان و لەشاری (شنۆ) بەخاك سپێردرا. ئەوەش دوای ئەوەی لە بەرواری (4ێ ئازاری1979ز) تەرمەكەی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە هێنرایەوە وڵاتی ئێران و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی میهرئابادی تاران. لەوێشەوە بە ئۆتۆمبێل بە رێ و ڕەسمێكی شكۆداری گەورە بەرەو شاری (شنۆ) لە ئوستانی ئازەربایجانی خۆرئاوا بەرێكرا. ڕۆژی دواتر واتە لە (5ی ئازار) لە گۆڕستانی ئەو شارەو بە كاتی بەخاك سپێردرا. دیارە ئەوەش دوای ئەوەی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، ڕەزامەندی لەسەر هێناوەی تەرمەكەی و بەخاك سپاردنی بە شێوەیەكی شكۆدار دا. ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەموو تەمەنی بۆ خزمەتی نەتەوە و خاكەكەی تەرخانكرد و لەلایەن ڕژێمی پێشووی نەیارییەوە لێدرابوو. بەو شێوەیەش و لەو كاتە هەستیارەدا، كە ئاسۆیەك بۆ كورد بە گشتی و كوردی باشووری كوردستان بەدەی دەكرا، ئەو رێبەرە دیارەی كورد، كۆچی دوایی كرد. بەو ڕووداوەش ئایندەی پارتی و شۆڕشەكە و كێشەی كوردی بۆ هەردوو كوڕەكەی “ئیدریس و مەسعود” بەجێهێشت.