“پێشەکی”
هەڵوێستی ئێستای تورکیا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا لە دژایەتی ڕژێمی ئەسەدەوە گۆڕاوە و پەرەی سەندووە بۆ ڕێبازێکی پراگماتیکتر بە ئامانجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان. لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا پەیوەندی تورکیا لەگەڵ سوریا زۆربەی کات لە گرژییدا بووە، بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی لە سوریا و دواتر هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی ٢٠١١، کە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان تورکیا و سوریا هەبوو. ئەنقەرە سەرەتا هەوڵی رووخاندنی حکومەتی دیمەشقی دەدا و پشتیوانیی لەو گرووپانە کرد کە دژی ئەسەد چەکیان هەگرت. ئەردۆغان، ئەسەدی بە “بکوژ” وەسفکرد. جەنگی ناوخۆی سوریا بووە هۆی سەرهەڵدانی شەپۆڵێکی ئاوارەبوون و کۆچکردنی سورییەکان لە ناوخۆ و بەرەوە دەرەوەی وڵات. تورکیا میوانداری ملیۆنان پەنابەری سوریای کرد، ئەمەش بووە هۆی لێکترازانی زۆرتری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەر دوو دەوڵەت کە لە دوای ڕێکەوتنی ئادانا لە ساڵی ١٩٩٨، تا ئیستا پەیوەندیی سوریا و تورکیا بەم چەشنە گرژیی تێنەکەوتووە.
تورکیا چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکووری سوریا ئەنجامدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و میلیشیا کوردەکانی وەک یەپەگە کە تورکیا وەک درێژکراوەی پەکەکە تەماشای دەکات، ئەم ئۆپەراسیۆنانە زۆرجار هێزەکانی تورکیایان گەیاندە ململانێی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سوریا و هاوپەیمانەکانیان. یەکێک لەو ڕووداوە سەرەکیانەی کە ئەم گرژییەی تووندتر کرد کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی سەربازیی تورکیا بوو لەلایەن سوریاوە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٢، کە سوریا بانگەشەی کردبوو کە چووەتە ناو ئاسمانی وڵاتەکەیەوە. تورکیا لە ترسی بەرفراوان بوونی یەکە خۆسەرییەکانی رۆژئاڤای کوردستان ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات (٢٠١٦-٢٠١٧) دەستپێکرد بە بیانۆی پاککردنەوەی چەکدارانی داعش لە سنووری تورکیا و ڕێگریکردن لە فراوانکردنی خاکی هێزە کوردییەکان. ئەم ئۆپەراسیۆنە یەکەم هێرشی گەورەی تورکیا بوو بۆ سەر سوریا. ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا بەردەوامبوون بۆ نموونە ئۆپەراسیۆنی چڵەی زەیتون لە ساڵی٢٠١٨ و ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی ٢٠١٩. ئەم ئۆپەراسیۆنانە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد لە عەفرین و بەدرێژایی سنوورەکان کردە ئامانج بەمەش گرژییەکانی سەر پەیوەندییەکانی سووریا و گرووپە کوردییەکان چڕتر بوونەوە.
تورکیا ئەمڕۆ بەدوای چارەسەرێک دەگەڕێت بەهۆی درێژەکێشانی ململانێکان و لێکەوتەکانی، وەک لێشاوی بەرفراوانی پەنابەران و زیادبوونی ناسەقامگیری ناوچەکە، هەر بۆیە لە ئێستادا تورکیا ئامانجی سەقامگیرکردنی سنووری باشووری خۆی و چارەسەرکردنی هەڕەشە ئەمنییەکان و گەڕانە بەدوای دەرفەتە ئابوورییەکان لە سوریای دوای جەنگ. ئەم گۆڕانکارییە لەڕێگای پەیوەندیکردن لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد و کارکردن و هەوڵدان لەگەڵ ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ باشترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان. چەند هۆکارێک هەن کاریگەریان هەبووە لەسەر پێوەندی نێوانیان ئەم دوو وڵاتەدا، لەم وتارەدا هەوڵدراوە بە ڕوونی بخرێتە ڕوو.
“هۆکارە سەرەکییەکانی بارگرژی”
یەکەم: نیگەرانیە ئەمنییەکان: نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا لە چەندین سەرچاوەوە هەڵدەقولێن کە بریتین لە:-
- پرسی کورد:- پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوەیە بەتایبەتی سەبارەت بە پرسی کورد لە باکووری سووریا. لەم ناوەندەشدا نیگەرانی سەرەکی تورکیا پەکەکە و گرووپەکانی سەر بەم حزیبن کە لە ئیستادا لە رۆژئاڤای کوردستان دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە. پەکەکە حزبێک یاخود ڕێکخراوێکی چەکداری کوردییە و لەمێژە یاخیبوونێکی دژ بە تورکیای ئەنجامداوە و پەیوەندی لەگەڵ هێزە کوردییەکان لە سوریادا دروستکردووە. تورکیا بوون و بەهێزکردنی ئەو گرووپانە وەک هەڕەشەیەکی جیدیی لەسەر ئەمنیەتی نیشتیمانی خۆی دەزانێت، لە ترسی ئەوەی زیادبوونی ئۆتۆنۆمییان ببێتە ئیلهامبەخش بۆ بزووتنەوەی هاوشێوە لە نێو دانیشتوانی کوردانی تورکیا. ئەم نیگەرانییە وایکردووە تورکیا لەگەڵ ئەسەد بەدوای پەیوەندییەکی نزیکتردا بگەڕێت بە ئامانجی ڕێگریکردن لە پێشڕەوی زیادتری کورد لە نزیک سنوورەکانی. هاوپەیمانی و هەماهەنگی گەورە هەیە لە نێوان گرووپەکانی سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات کە زۆرینەیان کوردن و بەشێکی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریایان بەدەستەوەیە، بەڵام ئەسەد نایەوێت بەدەر لە خۆی کەسی تر لە سووریا دەسەڵاتی ڕەها وباڵای هەبێت، چونکە ئەمە زیان بە ناوبانگی ئەسەد و دەسەڵاتەکەی دەگەیێنێت. تورکیا دەیەوێت سازش بکات تا ڕێگری بکات کورد لە سووریا پێگەیەکی هەبێت. هەر بۆیەشحکومەتی سووریا و تورکیا ئامانجی هاوبەشیان هەیە لە گۆڕینی دیمۆگرافی لە سووریا، و هاوڕان لەسەر ئەوەی ڕێگە نەدەن هیچ کوردێک شەرعیەتی لە باکووری سوریا هەبێت.
- گرووپە تیرۆرستییەکان:- بەرژەوەندییەکانی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا بە بەهۆی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی تیرۆریزمە کە لە خاکی سوریاوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی ناوخۆی تورکیا هەبووە بۆیە باشتر کردنی ئەم پێوەندییە وەک ئامرازێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ تورکیا هەژمار دەکرێت. ڕێکخراوەکانی وەک داعش و ئەندامانی سەر بە ڕێکخراوی قاعیدە پێگەیەکی پتەویان لە سوریا دامەزراندووە و کە ئەمەش کاریگەری لەسەر تورکیا هەبووە. هاوسنووریی تورکیا و سوریا ڕێگەی بەو گرووپانە داوە دزە بکەنە ناو خاکی تورکیا کە مەترسییەکی بەردەوامی لەسەر سەلامەتی هاووڵاتیانی تورکیا و سەقامگیری ناوچەکە دروستکردووە. ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نیوان ئەردۆغان و ئەسەد دەکرێ ببێتە هۆی هاوبەشکردنی زانیارییهەواڵگری و هەوڵە سەربازییە هاوبەشەکان بۆ شکست پێهێنانی ئەو گرووپانەی کە تورکیا بە تیرۆریست هەژماریان دەکات. ئەم کارەش، بەشێک لە فشارە ناوخۆییەکان لە توریکا کەم دەکاتەوە و هەستی ئاسایشی زیاتر لە نێو دانیشتوانی هەردوو دەوڵەت بەرزدەکاتەوە.
“قەیرانی پەنابەران”
یەکێکی تر لە پاڵنەرەکانی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا بەهۆی کاریگەری قەیرانی پەنابەرانە کە ئەمەش پرسێکی ئاڵۆزە. بەگوێرەی ئاماری کۆمیسیارانی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) تورکیا میوانداری زۆرترین ژمارەی پەنابەرانی جیهانە، تا ساڵی ٢٠٢٣ زیاتر لە 3.6 ملیۆن پەنابەری سوری تۆمارکراوە. توێژینەوەکان تیشکدەخەنە سەر ئەوەی کە حکومەتی تورکیا لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریاوە زیاتر لە ٤٠ ملیار دۆلاری وەک هاوکاری بۆ پەنابەران خەرج کردووە، ئەمەش جەخت لەسەر ئەو بارگرانییە ئابوورییە دەکاتەوە کە دەوڵەت لە ئەستۆیدایە ئەمەش چەند کاریگەریەکی هەبووە لەوانە دوو هۆکاری گرنگ کە لە خوارەوە باس کراوە:-
- کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان:- لێکۆڵینەوەکانی دامەزراوەی سیاسەتی کۆچ ئاماژە بەوە دەکەن کە تێکەڵکردنی پەنابەرانی سوریا لە کۆمەڵگەی تورکیادا بۆتە هۆی دروست بوونی ئالنگارییەکی جیددی لەبەردەم حکومەتی ئەنقەرە، بەهۆی زیادبوونی گرژییە کۆمەڵایەتییەکان و هەلە رەگەز پەرەستییەکان.. ڕاپرسییەکان ئاشکرای دەکەن کە بەشێکی بەرچاو لە دانیشتوانی تورکیا پەنابەران وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆشگوزەرانی ئابووری و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتییان سەیر دەکەن. ئەم هەستە گشتییە وەرگێڕدراوە بۆ فشاری سیاسی لەسەر حکومەتی تورکیا بۆ گەڕان بەدوای چارەسەر بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەران، لەگەڵ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سوریا وەک ڕێگایەکی ئەگەری سەیر دەکرێت.
- لە ڕووی ئابوورییەوە:- بوونی ئەم ژمارە پەنابەرە هەم کاریگەری ئەرێنی و هەمیش لێکەوتەی نەرێنی هەبووە. لە کاتێکدا هەندێک لێکۆڵینەوە، وەک ئەوانەی کە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار (ILO) ئەنجامیانداوە، پێشنیاری ئەوە دەکەن کە پەنابەرانی سوریا بەشدارییان لە هەندێک کەرتی ئابووریدا کردووە، بەتایبەتی کشتوکاڵ و بیناسازی، بەڵام کاریگەرییە گشتییەکەی فشارێکی زۆر بووە لەسەر سەرچاوەکان. بە پێی راپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی، لێشاوی پەنابەران ڕکابەری لەسەر ئەو کارانەی کە پێویستی بە پسپۆرێتی و شارەزایی تەکنۆلۆژیایی نییە زیادی کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی کرێ و بێکاری لەنێو هاووڵاتیانی تورکیادا. ئەم گرژییە ئابوورییە هۆکارێکی سەرەکییە کە تورکیایە خوازیارە بۆ دروستکردنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی پەنابەران لە ڕێگەی باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا.
“کاریگەری هێزە دەرەکییەکان”
ئەوەی لە گۆڕەپانی سیاسیی سوریا دەبینرێت بریتییە لەوەی کە لە ئێستادا چەندین ئەکتەری نادەوڵەتی، هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لە سوریادا رۆڵ دەگێڕن کە سەرەکیتیرینیان رووسیایە.
ڕووسیا:- مانەوەی رژێمی بەشار ئەسەد لە رێگەی پشتگیرییەکانی “ڤلادیمێر پوتین” بووە، دەستێوەردانی سەربازیی ڕووسیا لە سوریا لە ساڵی ٢٠١٥ەوە فاکتەری مانەوە و دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئەسەد بوو. ئامانجی “پوتین” بە پشتگیریکردنی ئەسەد هەبوونی هاوپەیمانێکی ستراتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستەبەر بکات بەتایبەتی لە ڕێگەی بنکەی هێزە دەریاییەکانی رووسیا کە لە ئێستادا لە تارتوس جێگربووە هەروەها لە رێگەی بنکەی سەربازیی هێزە ئاسمانییەکانی رووسیا لە خمەیمیم. ئەم بنکانە زۆر گرنگن لە گەیشتنی ڕووسیا بۆ دەریای ناوەڕاست و ئامادەبوونی سەربازی هەمیشەیی لەناوچەکەدا.
لە ڕووی دیپلۆماسیەوە؛ ڕووسیا ڕۆڵی سەرەکی بینیوە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریا، بەتایبەتی لە میانەی گفتوگۆکانی ئاستانا کە ڕووسیا و تورکیا و ئێرانی تێدا بەشدارن، وەک چوارچێوەیەکی دیپلۆماسی کە ئامانج لێی چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی سوریایە، ئەم گفتوگۆیانە لە ٢٠١٧ەوە دستیپێکردووە. بەپێی راپۆرتێکی گوروپی قەیرانی نێودەوڵەتی، دانوستانەکانی ئاستانا لە کەمکردنەوەی ئاگربەستەکان و کەمکردنەوەی تووندوتیژی و ڕێگە خۆشکردن بۆ یەکلاییکردنەوەی سیاسی رۆڵی گرنگیان گێراوە. سەرەڕای هەندێک سەرکەوتن، گفتوگۆکانی ئاستانا ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە بەهۆی بەرژەوەندییە جیاوازەکانی لایەنەکانی بەشدار لەم گفتوگۆیانە و ئاڵۆزی ململانێیەکانی سوریا، چونکە ڕووسیا و تورکیا و ئێران ئەجێندای جیاوازیان هەیە. سەرەڕای ئەوانەش، گفتوگۆکانی ئاستانا وەک میکانیزمێکی گرنگ لە دیمەنی فراوانتری هەوڵەکانی ئاشتی سوریادا دەمێنێتەوە. ئەم دانوستانانە ڕووسیای وەک ناوبژیوانێکی چارەنووسساز لە نێوان تورکیا و سوریادا جێگیر کردووە و هانی هەردوو وڵاتی داوە بۆ گفتوگۆ لەسەر ململانێکان. ئەم ڕۆڵە نێوەندگیرییە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ڕووسیا دەباتە پێشەوە چونکە ئاوەدانکردنەوەی سوریا دەرفەت بۆ بازرگانییەکانی ڕووسیا و تورکیا دەکاتەوە.
ئێران:– ئێران بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەر بووە بۆ نزیککردنەوەی پێوەندیەکانی سوریا و تورکیا وەکو پڕۆسەی ئاستانا کە ڕۆڵێکی بەرچاوی تێدا بینیوە. ئێران ئامانجی دامەزراندنی ڕێگای بازرگانییە کە سنووری شالامچەی خۆی لە ڕێگەی ئێراقەوە بە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاستی سووریا ببەستێتەوە. هەربۆیەش ئێران گرنگییەکی زۆر بەو پڕۆژە ئابووریانە دەدات کە دەتوانێت سوریا و ئێراق و خۆیان یەکبخەن و ببنە بلۆکێکی ئابووری بەهێز. ئێران ئامانجی ئەوەیە پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێزتر بکات و هاوکات بەرژەوەندییە ستراتیژی و ئابووری و جیۆپۆلەتیکیەکانی بەرەوپێش ببات بۆیە تاڕادەیەک پەرەپێدانی ئەم پێوەندیانە لە بەرژەوەندی ئێراندایە سەرەکیترینیان لەبەر ئەم دوو خاڵەیە کە لە خوارەوە ئاماژەی پێدراوە:-
یەکەم:- یەکێک لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی ئێران کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی سعودیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. سعودیە پشتگیری لە گروپە جیاوازەکانی ئۆپۆزسیۆن کردووە لە سوریا بە پاڵپشتی دارایی و لۆجستیکی ئەو گروپانەی کە دژی ڕژێمی ئەسەد شەڕ دەکەن. ئێران بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا دەیەوێت هەوڵەکانی سعودیە تێکبدات و کاریگەری لەسەر ململانێکانی سوریا کەم بکاتەوە، ئەم هەنگاوە پێگەی ڕژێمی ئەسەد بەهێزتر دەکات. ئێران بە دڵنیابوون لە مانەوەی هاوپەیمانێکی بەردەوامە لە پشتگیریکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا.
دووەم:- ئێران نزیکبوونەوەی نێوان ئەو دوو وڵاتە وەک ئامرازێک دەبینێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەری و چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە سووریا. ئیسرائیل چەندین هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئامانجەکانی ئێران و حزبوڵڵا لە سوریا ئەنجامداوە، بە ئامانجی کەمکردنەوەی سەربازی ئێران لەوێدا. بە پتەوبوونی پەیوەندی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق دەتوانێت ببێتە هۆی هەماهەنگی باشتر و دژایەتییەکی بەهێزتر بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل. ئێران بە پەرەپێدانی ئەم یەکڕیزییە دەیەوێت ڕێگرییەک لە دژی کردەوەکانی ئیسرائیل دروست بکات، بەمەش پێگەی خۆی لە سوریا بپارێزێت.
“ڕێگاكانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و تورکیا”
- دەستپێشخەری دیالۆگە دیپلۆماسییەکان:- هەردوو حکومەتەکە پێویستە بەشداری گفتوگۆی ڕاستەوخۆ بکەن بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە هاوبەشەکان و دامەزراندنی چوارچێوەیەک بۆ ئاساییکردنەوە، ئەمەش لە ڕێگای لێکتێگەیشتن و کۆبوونەوەی دیپلۆماسی و دروستکردنی متمانە بە دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و بنەمای هاوکاری.
- دەستنیسانکردنی پرسە سەرەکییەکانی ململانێ:- پێویستە دانوستان بکرێت لەسەر پرسە سەرەکییەکانی نێوانیان لە پێناو دڵنیابوون لە سەقامگیری و چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی هەردوو وڵات.
- دووپاتکردنەوەی پەیوەندی دیپلۆماسی و کونسوڵگەری:- باڵیۆزخانەکان و کونسوڵخانەکان لە وڵاتانی یەکتردا دووبارە دابمەزرێنەرەوە.
- پەرەپێدان بۆ هاوکاری ئابووری:- دەستپێکردنی ڕێککەوتنە بازرگانییەکان و هاوکاری ئابووری لە پێناو سوودی هاوبەش کە ئاماجی سەقامگیری و پاراستنی پەیوەندییە ئەرێنییەکان . ئەمەش دەتوانێت پڕۆژەی ژێرخانی هاوبەش و وەبەرهێنان لەخۆ بگرێت.
- دروستکردنی متمانە-: هەنگاونان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دروستکردنی متمانە، وەک پڕۆژەی هاوبەشی مرۆیی و هەوڵە هاوبەشەکانیان لە چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەران. ئامانج لەم کردارانە نیشاندانی پەرەپێدان و دووپاتکردنەوەی نیازپاکی و پابەندبوون بە پەیوەندییە ئاشتی و هاوکارییەکان.
- بەدەستهێنانی پشتگیری نێودەوڵەتی:- بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەکتەرە جیهانییەکان بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری بۆ پرۆسەی ئاساییکردنەوە.