وەک دەزانین، ماوەیەکی زۆرە باس و خواستی هەڵبژاردن لە گۆ ڕێ دایە، و ماوە ماوە دێتە بەر گوێمان بۆیە بە پێویستی دەزانم، ناوەڕۆک و سیستەمەکانی ئەو پرۆسەیە بخەینە بەر باس.
سەرەتا با پێتان بێژم: هەڵبژاردن چییە؟
هەڵبژاردن کرۆکی سیستەمی دیموکراسییە، کە سەرجەم ئەو هاووڵاتییانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە لەم پرۆسەیە بەشدار دەبن کە بەپێی ئەم سیستەمە دەبێت کەسی بەشدار لە پرۆسە کە تەمەنی لە هەژدە ساڵ {18} کەمتر نەبێت. کە تێیدا هاووڵاتییانی بەشدار لە پرۆسەکە، نوێنەرانی خۆیان بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەیان هەڵدەبژێرن، و وە خۆ کاندید کردنی نوێنەرەکان لەم سیستەمەدا بە چەند شێوازێکە، کە دیارترینیان لەڕێی حیزبەکانەوەیە یان بە شێوەیەکی سەربەخۆ، وە ئەگەر سیستەمی وڵات کۆماری بێت بە هەمان شێوەش سەرۆک کۆماری وڵات هەڵدەبژێرێت، لە حاڵەتێکدا ئەگەر سیستەمی وڵات پەرلەمانی بوو ئەوا نوێنەرانی گەل سەرۆکی وڵات لە پەرلەمانەوە دیاری دەکەن، ئەم پرۆسەیەش بە چوونە سەر سندووقی دەنگدان ئەنجام دەدرێت.
قۆناغەکانی هەڵبژاردن:
هەڵبژاردن، وەک خودی پرۆسەکە سێ قۆناغی سەرەکییە:
١-قۆناغی پێش هەڵبژاردن
٢-قۆناغی ڕۆژی هەڵبژاردن
٣-قۆناغی دوای هەڵبژاردن
قۆناغی یەکەم، قۆناخی پێش هەڵبژاردن:
لەم قۆناغەدا چوارچێوەیەکی یاسایی پەسەندکراو بۆ هەڵبژاردن هەیە، خودی سیستەمی هەڵبژاردن لە گرنگترین پێکهاتەکانیەتی، پێویستە لەم قۆناغەدا لایەنی سەرپەرشتیار سەرجەم پێداویستییەکانی پەیوەندیدار بە ئەنجام دانی پرۆسەکە دەستەبەر بکات، کە بریتین لە پێداویستی لۆجیستی و تەکنیکی لە یادیشمان نەچێت، پێویستە لەم قۆناغەدا سەرجەم بابەتەکانی پەیوەست بە تۆماری دەنگدەران، و تۆمارکردنی ناوی هاوپەیمانی و کاندیدی لیستەکان بە شێوەیەکی گشتی تەواو کرابێت و ئا ما دەبن.لە هەمووی گرنگتر، لەم قۆناخەدا بانگەشەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.
٢-قۆناغی دووەم، قۆناغی ڕۆژی هەڵبژاردن:
پاش ئەوەی قۆناغی یەکەم تەواو بوو، ئەم قۆناغە دەست پێ دە کات ئەویش لە کاتی تێکردنی کارتی دەنگدان بۆ ناو سندووقی دەنگدان دەست پێ دە کات، وە لە کاتی کۆتایی هاتنی دەنگدان، و دەستپێکردنی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان کۆتایی دێت. بێگومان لێرەشدا، لایەنی سەرپەرشتیار کاتی دەستپێکردن و کۆ تایی هاتنی پرۆسەکە دیاری دەکات.
٣-قۆناغی سێیەم، قۆناغی دوای هەڵبژاردن:
ئەم قۆناغە زۆر جار قۆناغێکی یەکلاکەرەوەیە، چونکە دیاری دە کات گەل کێی وەک نوێنەری خۆی هەڵبژاردووە، وە هەر لەم قۆناغەدا ئەگەر دەسەڵات جارێکی دیکە دەنگی گەلی بەدەست نەهێنابوو زۆر جار لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا، پەنا دە باتە بەر چەک و ئەنجام دانی شەڕی ناوخۆ، لەپێناو مانەوەی دەسەڵات و پێگەکەی!
پاش زانینی، قۆناغەکانی هەڵبژاردن ئێستا کاتی ئەوەیە شارەزای سیستەمەکانی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن ببین:
سیستەمەکانی هەڵبژاردن:
زیاتر لەدوازدە جۆری سیستەمی هەڵبژاردن هەیە کە بە شێوەیەکی با و لە سەرانسەری جیهاندا بە کار دەهێنرێت و لێرە دا بە بەکار هێنانی سەرچاوەی زانستی سەرجەم سیستەمەکانی هەڵبژاردن ڕوون دەکەینەوە، چونکە ئەگەر خودی پرۆسەی هەڵبژاردن شا دە ماری دیموکراسی بێت و ببێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ دروستبوونی گۆڕانکاری، بێ گوومان سیستەمی هەڵبژاردن بڕبڕەی پشتی ئەو پرۆسەیەیە، و دەروازە یەکی گرنگی گەیشتنە بە دیموکراسی و گۆڕانکاری وا دە کات متمانە بۆ دەنگ دەر و هاووڵاتییانی بەشدار لە پرۆسەی هەڵبژاردن دروست بکات.
ئەمەش ناوەڕۆکی سیستەمەکانی هەڵبژاردنە:
سیستەمەکانی هەڵبژاردن، بەپێی ڕای شارەزایانی بواری هەڵبژاردن بەسەر چوار (خێزان)ی سیستەمی هەڵبژاردن دابەش دە کرێت، و هەر خێزانێک کۆمەڵێک لقی تایبەت بە خۆی هەیە، و لێرە دا تەنیا ناوەڕۆکی دوان لە خێزانەکانی هەڵبژاردن دەخەینە ڕوو خێزانەکانی دیکە تەنیا ئاماژەیەکی کورتیان پێ دە کەین.
خێزانی یەکەم:
سیستەمی هەڵبژاردنی زۆرینە (فرەیی):
ئەم سیستەمە کۆنترین سیستەمی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە، و پێنج لقی سەرەکییە
١-سیستەمی براوی یەکەم
٢-سیستەمی دوو خولی
٣-سیستەمی دەنگدانی قەوارە
٤-سیستەمی دەنگدانی قەوارەی پارتی سیاسی
٥-سیستەمی دەنگی ئەڵتەرناتیڤ
لێرەدا ئاماژە بە دوو لقی سەرەکی و گرنگی ئەم سیستەمە دەکەین:
سیستەمی دوو خولی چییە؟
واتە پێویستە، کاندیدی سەرکەوتوو (%٥٠+١) دەنگەکان
بەدەست بهێنێت، و ئەگەر لە خولی یەکەم هیچ یەکێک
کاندیدەکان نەیانتوانی ئەو ئەنجامە بەدەست بهێنێت
ئەوا هەڵبژاردنەکە دەچێتە خولی دووەم، و بەڵام لەم کاتەدا کێبڕکێ لەنێوان دوو لەو کاندیدانە دا دە بێت کەلە خولی یەکەم زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە وەک ئەوەی لەدواین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ڕوویدا و ئەمڕۆش ئێران بەم سیستەمەدا تێ دەپەڕێت.
پێم باشە، بە نموونە یەک جوانتر لەم سیستەمە تێ بگەین: –
نموونەیەک لەسەر سیستەمی هەڵبژاردنی دوو خولی:
ژمارەی دەنگدەران: 9000 هەزار کەس
بازنەی هەڵبژاردن: 1 کورسی
ژمارەی کاندیدەکان: 5
دەنگی کاندیدەکان بەم شێوەیە دابەشبووە:
دەنگی کاندیدی A2500 دەنگ
دەنگی کاندیدی 3000B دەنگ
دەنگی کاندیدی 1700C دەنگ
دەنگی کاندیدی 300D دەنگ
دەنگی کاندیدی 1500E دەنگ
ئەم ئەنجامەی سەرەوە، بریتین لە ئەنجامی خولی یەکەمی دەنگدان و بە پێی سیستەمی خولی دوو هیچ کام لە کاندیدەکان سەر کەوتن یان بەدەست نەهێناوە چونکە بەپێی سیستەمە کە دەبێت کاندیدەکە (%٥٠+١) دەنگەکان بەدەست بهێنێت، پاشان خولی دوو لە نێوان کاندیدیA و B ئەنجام درا چونکە زۆرینەی ڕەهای دەنگەکانیان بە دەست هێنابوو لە خولی یەکەم ئەنجامەکان بەم شێوازە بوو:
کاندیدی 6000A دەنگی بە دەست هێنا
کاندیدیB 3000دەنگی بە دەست هێنا
ئەنجام:
کاندیدی A لە و بازنەیەی هەڵبژاردن سەرکەوتو بوو چونکە زۆرینەی دەنگەکانی بە دەست هێنابوو بە بەراورد بە ڕکابەرەکەی!
سیستەمی دەنگی ئەڵتەرناتیڤ چییە؟
سیستەمێکی زۆرینەیە، لە بازنەی یەک کورسی/ واتە یەک نوێنەردا بە کار دێت، لێرەدا دەنگدەر ژمارە بۆ کاندید دادەنێن لە باشترینەوە بۆ خوارەوە بەکورتی واتە لە و کەسانەی خۆیان کاندیدکردووە.
ژمارە [1] بۆ ئەو کاندیدە دادەنێت کە دڵی دەیخوازێت پاشان بەپێی هەمان ڕیزبەندی ژمارە بۆ کە سانی دوای ئەو دادەنێت کە دەیەوێت لە ئەگەری دەرنەچوونی کاندیدی پێشتر ئەم ببێتە نوێنەری بەپێی خواستی دڵی دەنگدەر.
لەم سیستەمەدا دەبێت بە هەمان شێوەی سیستەمی خولی دوو کاندیدی سەرکەوتوو (٥٠%+١) دەنگەکان بەدەست بهێنێت پاشان دەردەچێت، ئەگەر ئەنجامی هیچ کام لە کاندیدەکان بەم شێوازە نەبوو بەپێی ڕێژەی دەنگەکان کام لە کاندیدەکان کەمترین دەنگی هێنابوو ئەوا لە پرۆسە کە دوور دەخرێتەوە و دەنگەکانی دابەشی سەر دەنگی کاندیدەکانی دیکە دەکرێت.
نموونەی بەکارهێنانی ئەم سیستەمە بریتییە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێرلەندا.
خێزانی دووەم: سیستەمەکانی نوێنەرایەتی ڕێژەیی
کاتێک لە خودی ناوی سیستەمەکانی نوێنەرایەتی ڕێژەیی وردتر ببینەوە لەو ئامانجە دەگەین کە لە پشتی ناوەکەیەوەیە کە ئەویش بریتییە لە نوێنەرایەتیی ڕێژەیی قەوارە سیاسییەکان لە ئەنجوومەنە هەڵبژێر دراوەکاندا واتە هەر قەوارەیەکی سیاسی بەپێی ئەو دەنگانەی بەدەستی دەهێنێت ڕێژەیەک لە کورسییەکانی ئەنجوومەنە هەڵبژێر دراوەکان بەدەست دەهێنێت تەنیا ئەوانە نەبێت کە ژمارەی دەنگەکانیان ناگاتە بردنەوەی کورسییەک.
ئەو سیفەتانەی ئەم سیستەمەی پێ دەناسرێتەوە بریتین لە:
١: لە بازنەی فرە کورسی دا پیادە دەکرێت واتە نابێت بازنەی هەڵبژاردنەکە لە یەک کورسی پێک هات بێت.
٢: زیا تر پشت بە لیستی فرە پاڵێورا و دەبەستێت حاڵەتی باو ئەوە یە کە نابێت کۆی ژمارەی پاڵێوراوەکانی ناو هەر لیستێک لە کۆی کورسییەکانی بازنەی هەڵبژاردنەکە زیاتر بێت.
٣: دەنگدان تێیدا بە یەک خول تەواو دەبێت و خولی دووەمی نییە.
٤: هەر پارتێک بە شێوەیەکی نزیکەیی بە ئەندازەی ڕێژەی دەنگەکانی کورسی بەر دەکەوێت.
سیفەتەکانی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی دوو جۆرن:
یەکەم: لیستی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی
دووەم: یەکدەنگی گوازراوە
خێزانی سێیەم: سیستەمەکانی هەڵبژاردنی تێکەڵاو ئەم خێزانە خاوەنی دوو سیستەمە ئەوانیش بریتین لە:
- سیستەمی هاوتەریب
- سیستەمی هاوڕێژەیی ئەندامێتی تێکەڵاو
خێزانی چوارەم: چەند سیستەمێکی هەڵبژاردنی جیاوازە کەبریتین لە:
- سیستەمی یەکدەنگی نەگوازراوە
- سیستەمی دەنگدانی سنووردار
- سیستەمی بۆردا
وەک هەموومان ئاگادارین، لە ماوەی ڕابردوودا گەورەترین باسوخواس بابەتی هەڵبژاردن بریتی بوو
لەبابەتی کورسی پێکهاتەکان کە لێرەدا بە شێوەیەکی گشتی باسی پێکهاتەکان و کەمە نەتەوایەتییەکان
و کۆتای ئافرەتان دەکەین.
کورسی پێکهاتەکان چییە؟
لە بنەڕەتدا ئەم کورسییانە بۆ کەمە نەتەوایەتییەکان و پێکهاتە ئایینییەکان تەرخانکراوە بە ئامانجی گەیشتن بە ماف و زوڵم نەکردن لێیان، و لە نا و نەچوونیان.
سیستەمی کۆتای ئافرەتان، ئامرازێکە یان ڕوونتر بڵێین ڕێگایەکی مۆدێرنە بۆ گەیشتنی ئافرەتان بە پۆست و پێگە سیاسییەکان و بڕینی ئەو کۆسپ و تەگەرانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.ىهەر سیستەمێک کاریگەری خۆی لەسەر نوێنەرایەتی و حوکمڕانی دینامیکی سیاسی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن هەیە.
ڕەگەزە سەرەکییەکانی هەڵبژاردن:
لێرەدا باس لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی پرۆسەکە دەکەین کە ناوەڕۆکی پرۆسەکەیە، و هێندەی سیستەمەکانی پرۆسەکە گرنگە:
١-یاسای هەڵبژاردن:
کە سەرجەم ڕێکارەکانی پرۆسەکە و و هەڵوێستی بکەرەکانی بەشدار لە پرۆسە کە دیاری دە کات وەک کاندید و حیزب و هاوپەیمانییەت یەکان و لایەنگرانی حیزبەکان.
٢-بکەرەکانی هەڵبژاردن:
لێرەدا، مەبەستمان لە (دەنگدەران، و حیزبەکان، و هاوپەیمانییەتیەکان، و چاودێرانی ناوخۆ و بیانی ڕۆژنامەنووسان، ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان) ە
٣-پێداویستییە هونەری ولۆجیستییەکانی هەڵبژاردن:
وەک (وێستگەکانی دەنگدان، و بنکەکان و ناوەندەکانی دەنگدان، و تۆماری دەنگدەران مەرەکەب و کارتی دەنگدان)
٤- دیزاینی هەڵبژاردن:
بریتییە لە شێوازی دابەشکردنی وڵات بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن.
ئێستا دوای شارەزابوونمان ببە خودی پرۆسەی هەڵبژاردن و سیستم و ڕەگەزە کانی ئەو پرۆسەیە با بزانین چی دەبێت ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت لە هەر وڵاتێکدا؟
لەو وڵاتانەی کە هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت یان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوە ناچێت، بە شێوەیەکی گشتی چەند دەرەنجامێک سەر هەڵدەدات:
١-نەبوونی نوێنەرایەتی دیموکراسی: هاووڵاتییان لە بەهۆی ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە مافی هەڵبژاردنی سەرکردەیان لێ زەوت دەکرێت. ئەمەش بنەما دیموکراسییەکان تێک دە دات و دەتوانێت ببێتە هۆی حوکمڕانی تا کڕە وانە.
٢-ناسەقامگیری سیاسی: بەبێ هەڵبژاردنی شەرعی ڕەنگە حکومەتەکان شەرعیەتی جەماوەرییان نەبێت. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی ناسەقامگیری سیاسی و ناڕەزایەتی و ململانێی توند لە کاتێکدا هاووڵاتییان بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن بۆ دەربڕینی ئیرادەی سیاسی خۆیان.
٣-نیگەرانی مافی مرۆڤ: ئەو وڵاتانەی هەڵبژاردن ئەنجام نادەن زۆر جار ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوەی دەزگا نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەبنەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە لایەنێکی بنەڕەتییە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ، لە وانەش مافی بەشداری سیاسی.
٤-کاریگەرییە ئابوورییەکان: ناسەقامگیری سیاسی و نەبوونی حوکمڕانی دیموکراسی دەتوانێت کاریگەری خراپی لەسەر سەقامگیری ئابووری و گەشەکردن هەبێت لەوانەیە وەبەرهێنەران دوودڵ بن لە پابەندبوون بەو وڵاتانەی کە ژینگەی سیاسی نادیاریان هەیە، ئەمەش کاریگەری لەسەر گەشەسەندنی ئابووری دەبێت.
٥-نائارامی کۆمەڵایەتی: لە غیابی هەڵبژاردنی شەرعیدا ڕەنگە دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەکان قووڵتر ببنەوە ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژیی نێوان گرووپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان ئەمەش دەتوانێت ناسەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاتر گەورەتر بکات.
بە گشتی، ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن لێکەوتەی نەرێنی بەرفراوانی دەبێت لە سەر حوکمڕانی و سەقامگیری و بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئاسۆی ئابووری هەر وڵاتێک.
سەرچاوەکان:
ویکیپیدیا
کتێبی سیستەمەکانی هەڵبژاردن و شێوازەکانی دابەشکردنی کورسی