“پێشه‌کی وه‌رگێڕ”
ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر به‌دوای ئه‌و ڕوانگه و گێڕانه‌وانه‌دا بگه‌ڕێین که له‌م دوو ده‌یه‌ی دواییدا سه‌باره‌ت به کورد وه‌کوو ده‌رکه‌وته‌یه‌کی ئۆنتۆلۆژی و بوونناسانه‌دا قسه‌یه‌کیان کردبێت، یان ته‌نانه‌ت ئاوڕیکیان دابێته‌وه جگه له چه‌ند که‌س “له کورد و ناکورد” که ئه‌ویش به شێوه‌یه‌کی سه‌رپێی و هه‌واڵئامێزانه نادۆزینه‌وه. بۆ زه‌مه‌نی پێشتریش هه‌ر باس ناکرێت. ڕه‌نگه دۆخی سیاسیی و ئه‌و چاویلکه ئه‌منییه و ئه‌و هاوکێشه‌ی مان و نه‌مان و گوتاری مانه‌وه وای کردبێت ئێمه له دۆخه ئۆنتۆلۆژی و وجوودییه‌که‌ی خۆمان وه‌کوو کورد یان وه‌کوو مرۆڤی کورد هه‌ڵوێسته‌مان نه‌کردبێت و کێش ناڵێت به‌شێکی سه‌ره‌کیی و بنه‌مایی قه‌یرانی دۆخی ئێمه وه‌کوو کورد هه‌ر بۆ ئه‌م بابه‌ته ناگه‌ڕێته‌وه؟ خۆشبه‌ختانه ورده‌ورده کورد خه‌ریکه ئه‌و چاویلکه ڕه‌ها سیاسییه ده‌گۆڕێت و به چاویلکه‌یه‌کی دووربڕتر و چه‌ندڕه‌هه‌ندتر ده‌یه‌وێت خۆی وه‌کوو شوناسی مرۆیی و نه‌ته‌وه‌یی له‌پانتای به‌رینی زه‌مه‌ن و هێڵی شێوێنراوی مێژوودا بدۆزێته‌وه. چه‌ند ساڵ پێش ئێسته که “د. جه‌لال حاجی زاده” وه‌کوو یه‌کێک له‌و که‌سانه که ئاوه‌ها که‌ڵکه‌ڵه‌یه‌ک له وتاره‌کانیدا ڕه‌نگی دابووه و له شه‌وێکی ناوه‌ختدا بۆ هه‌میشه ماڵاوایی لێ‌کردین و به‌جێی هێشتین، هاوڕێیان و دۆستان خولیای ئه‌وه‌یان بوو یه‌کێک هه‌بێت ئه‌و کۆمه‌ڵه وتاره جێسه‌رنجانه‌ی که به ئاوه‌ها خه‌م و په‌رۆشییه‌کی وجوودییه‌وه نووسراون لیره و له‌وێ کۆ بکاته‌وه و له دووتوێی کتێبێک‌دا چاپیان بکات که تا ئێسته‌ش ئه‌مه نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌نجام.
شتێکی که ده‌بێت لێره‌دا ئاماژه‌ی پی بده‌م ئه‌مه‌یه که وتاره ئاکادیمییه‌کان و توێژینه‌وه فیکرییه‌کانی “د. جه‌لال” به زمانی فارسی نووسراون به‌ڵام خه‌ون و خولیایه‌کی ته‌واو کوردانه‌یان به میتۆدێکی زانستی و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی ڕادیکاڵ (که بیگومان بێبه‌ریی نییه له ڕه‌خنه و دووباره هه‌ڵسه‌نگاندن) له خۆیاندا هه‌ڵگرتووه. بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێت ئه‌م که‌سایه‌تییه (ناسراو یان که‌م ناسراو) به‌ڕاده‌ی خۆی له‌و بواره‌دا ژانی کوردبوون نووسی و گێڕایه‌وه و شایسته‌یه ئاوڕ له‌م هه‌وڵانه‌ی بدرێته‌وه و هاوکاتیش هه‌م له بیرکردنه‌وه‌کانی سوود وه‌رگیرێت و هه‌میش ڕه‌خنه‌یان لێ بگیرێت. له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌م وتاره‌دا که لێره‌دا ده‌خرێته ڕوو و له فارسییه‌وه وه‌رمگێڕاوه پێویسته چه‌ند ئاماژه‌ی سه‌رپێی بخه‌مه ڕو. ئه‌و ڕسته به‌ناوبانگه‌ی که ده‌ڵێت ئه‌رکی فه‌لسه‌فه برین دروستکردن یان وه‌ژان خستنه نه‌ک تیمارکردن و نه‌وازشتکردن بۆ ئه‌م دۆخه‌ی که منیش و زۆربه‌مان به دۆخی قه‌یرانی کورد ڕه‌نگه فامی بکه‌ین، چاوساغ و ڕینیشانده‌ره. له هه‌ندێ شیکاریدا قه‌یران به دوو واتا هاتووه که یه‌کیان نه‌رێتییه و یه‌کیان ئه‌رێنی و هه‌ردووکی ئه‌و واتایانه‌ش خزمه‌تی چاکسازیی یان باشتر وایه بڵێین گۆڕانکاری ده‌که‌ن. ئه‌م جۆره وتارانه به‌رجه‌سته‌کردنه‌وه‌ی قه‌یران و هاوکات خستنه‌ڕووی پرسیار و هه‌وڵدانه بۆ بینینه‌وه‌ی ڕێگاش.
لێره‌دا نووسه‌ر چه‌ند بابه‌تی گرینگ په‌یوه‌ست به دۆخی قه‌یراناویی کورد ده‌خاته ڕوو و به تۆڕێک له په‌یوه‌ندیی نێوانیان ئه‌و دۆخه‌ی که کورد له جیهانی مۆدێڕن تێیدا خۆی ده‌بینێته‌وه بۆمان ڕوون ده‌کاته‌وه. تا ئێسته‌شی به‌ده‌مه‌وه بێت فه‌لسه‌فه و فیکری ڕۆژئاوایی هێشتا له ململانێ و کێشمه‌کێشه له‌گه‌ڵ نه‌ریت و ترادیشێنه‌کانی خۆیدا و ئه‌مه‌ش وه‌کوو یه‌کێک له میتۆده‌کانی به‌رهه‌مهێنانی فیکر و بینینه‌وه‌ی ڕیگاچاره‌ی کرده‌کیبۆ کێشه‌کانی ڕه‌چاو کردووه. چاره‌نووسی هه‌ر گرووپ، ده‌سته، نه‌ته‌وه، زمان و…له جیهانی ئێستاماندا په‌یوه‌سته به جۆری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ مۆدێڕنه و ئه‌و پرده دیالیکتیکییه‌ی که له نێوان مۆدێڕنه(پۆست مۆدێڕنه و…) ئێسته و نه‌ریتی ڕابردوو دروستی ده‌کات، له‌م دیالیکتیکه‌دا و به‌پێی توانسته مێژوویی و زمان ومه‌عریفییه‌کان نه‌ته‌وه‌یه‌ک خۆی و شوناس و جیهانبینییه‌که‌ی مانیفێست ده‌کات، له‌م وتاره‌دا ده‌بینین که په‌یوه‌ست به نه‌ریت، مۆدێڕنه، ڕۆشنبیر، ڕۆشنبیریی، کورد و کوردیی(وه‌کوو ئاوه‌ڵناو و تایبه‌تمه‌ندییه‌کی گرینگی وجوودبه‌خش به بوونی نه‌ته‌وه‌یی و مرۆیی) گێڕانه‌وه و شیکارییه‌کی فه‌لسه‌فی و هزریی ده‌خاته ڕوو که ئه‌گه‌رچی له هه‌ندێک شوێندا به‌رته‌سکبینی پێوه دیاره، به‌ڵام بوێرییه‌کیشه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ دۆخی کورد له جیهانی مۆدێڕن و ئه‌و که‌مایه‌سیی و نوقسانییه مه‌عریفی و وجوودییه‌ی که قه‌یرانه‌کانی به‌رهه‌م هێناوه‌ته‌وه. ئه‌م وتاره به‌رده‌نگ پرسیار ئاژنگ ده‌کات تاکوو برین له زه‌ینیدا دروست بکات و ختووکه‌ی بدات بۆ بیرکردنه‌وه له‌و”بۆچی؟”ییه گه‌ورانه‌ی که ده‌بوو نه‌بایان به‌ڵام ئێسته‌ش هه‌نه. ئه‌م جۆره ڕوانگانه ده‌روازه‌یه‌کن بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه ڕه‌خنه‌گرانه چاو له زه‌ین و ئه‌قڵی کوردی بکه‌ین و له دڵه‌ڕاوکێ و که‌ڵکه‌ڵه‌ی وجوودی داهاتووماندا بۆ بوونیادنانی سیسته‌مێکی مه‌عریفی و هزریی کوردیی یۆنیڤێرساڵ به‌شدار و چالاک بین.
مه‌به‌ستی هه‌موو ئه‌م ڕه‌خنه‌کاری و پرسیارئاژنگکردنه‌ش دۆزینه‌وه و که‌شفی زه‌ینی کوردییه. زه‌ینی کوردی چ تایبه‌تمه‌ندیگه‌لێکی هه‌یه؟ ئایا سووژه‌ی کوردی به مانا دیکارتییه‌که‌ی له‌ئارادا هه‌یه؟ زه‌ینی کورد له‌گه‌ڵ زه‌ینی کوردیی چ جیاوازییه‌کی هه‌یه؟ هه‌روه‌ها “ڕۆشنبیری کورد” بۆ نه‌یتوانیوه “ڕۆشنبیرییه‌کی کوردیی” که هه‌ڵگریی خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه‌مه‌عریفی و وجوودییه‌کانی خۆی بێت به‌رهه‌م بهێنیت؟ گرینگه له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م واتره‌دا خوێنه‌ر به‌وردی سه‌رنجی جیاوازیی نێوان ڕۆشنبیر، ڕۆشنبیریی، کورد و کوردی بدات تاوه‌کوو بابه‌ته‌که له ڕه‌هه‌نده فه‌لسه‌فیی و مه‌عریفییه‌که‌ی دوور نه‌که‌وێته‌وه. له درێژه‌دا و به خوێندنه‌وه‌ی وتاره‌که گه‌شتێک ده‌که‌ین به ناو مێژووی وجوودی پڕ قه‌یران و که‌لێنی کورد و ده‌رکه‌وته و دیارده کوردییه‌کاندا و هه‌روه‌کوو مه‌زنده ده‌کرێت له کۆتایی ئه‌م وتاره‌دا خوێنه‌ر هێنده‌ی که جۆرێک تێڕامان و دڵه‌راوکی و په‌رۆشی به‌ری ده‌که‌وێت هێنده‌ش هیواخواز و ئیراده‌گه‌را ده‌بێت.
“پێشه‌کی”
چه‌مکی مۆدێڕنیتی ڕۆشنبیری (Intellectual) وه‌کوو میراسی سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری پێویستی به ڕوونکردنه‌وه هه‌یه و تێگه‌یشتن لێی پێویستی به شیکردنه‌وه‌ی ڕه‌چه‌ڵه‌که فه‌لسه‌فی و مه‌عریفه‌ناسییه‌که‌ی له به‌ستێنی مۆدێڕنه و بنه‌ماکان و پێویستییه‌کانی هه‌یه. له‌م سۆنگه‌یه‌وه، ده‌کرێت بابه‌تی ڕۆشنبیری و چۆنێتی پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ مۆدێڕنه له چوارچێوه‌ی نه‌ریتی هزریی ڕۆژئاوادا لێکبدرێته‌وه و بناسرێت. بۆ باس‌وخواس له‌باره‌ی ڕۆشنبیریی له نه‌ریتیه ناڕۆژئاواییه‌کان له‌وانه‌ش کوردستان ده‌بێت شێوازی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌ریته هزرییه‌کان له‌گه‌ڵ مه‌نزوومه‌ی هزری و سیسته‌می فه‌لسه‌فیی ڕۆژئاوا شه‌نوکه‌و بکرێت. ئه‌گه‌ر ڕۆشنبیر له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌کانی هزر، ئه‌ندێشه و کرده‌وه‌ی مه‌عریفیدا سه‌روکاری هه‌بێت پێویسته ماهییه‌تی په‌یوه‌ندی هزر و ئه‌ندێشه و کردار له‌گه‌ڵ شێوه ژیانی مێژوویی و نه‌ریت و کو‌لتووری گشتی(نه‌ته‌وه‌یی) هه‌ڵسه‌نگێندرێت. به بێ ناسین و ڕه‌خنه‌کردنی بنه‌ماکان و کۆڵه‌که‌کانی نه‌ریت(Tradition) له ڕۆشنبیریی کوردی تێناگه‌ین. بیرکردنه‌وه له‌سه‌ر پرسی وجوودیی کوردی له دۆخی هه‌نووکه‌یدا له‌گه‌ڵ پرسی ئیتنیک و زاتگه‌راییدا مه‌ودایه‌کی ئۆنتۆلۆژیکی هه‌یه. دیارده‌ی ڕۆشنبیری و بابه‌تی مۆدێڕنه له کوردستان به‌شێکن له قه‌یران و پرسگری کوردی که پێویسته له‌سه‌ریان بوه‌ستین.
به‌مانایه‌ک هه‌م ڕۆشنبیری و هه‌م مۆدێڕنه له کوردستان ده‌رئه‌نجامی ئه‌زموونی مرۆڤی ده‌رده‌دار و نوخبه‌ی کورد نه‌بووه، به‌ڵکوو ئه‌زموونی ئه‌وان به نێونجی و له چوارچێوه‌ی نه‌ریتی هزریی ئێرانی و ڕۆژهه‌ڵاتی و قه‌یرانه‌کانی هاوچه‌رخدا بیچمی گرتووه. دووباره خوێندنه‌وه‌ی نه‌ریتی هزریی کوردی و دووباره ناسینه‌وه‌ی هێڵه‌کانی له بابه‌ت دۆزینه‌وه و که‌شفی زه‌ینی کوردی له‌و ڕووه‌وه گرینگه که به بێ ناسینی نه‌ریت و تێگه‌یشتن و ڕه‌خنه‌کردنی، ئه‌گه‌ری بیرکردنه‌وه‌ی ئازادانه له ئارادا نییه. پرسیاری فه‌لسه‌فی له نه‌ریتی هزریی کوردی له جیهانی هاوچه‌رخدا ده‌رخه‌ری پێویستیی تۆژینه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی قه‌یرانی کوردی له بوار و باڵه جیاجیاکاندایه. له بابه‌ت ئه‌ندێشه‌وه ملدان یان به‌پێچه‌وانه‌وه ملبادان بۆ ئه‌ندێشه و بیرکردنه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاستی ڕزگاربوون له‌م نه‌ریته و خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی. ئه‌م بابه‌ته‌ش شایه‌تیده‌ره له سه‌ر قه‌یرانێک که پرسی وجوودیی کورد له‌گه‌ڵیدا ده‌سته‌ویه‌خه‌یه. له‌م ڕووه‌وه لایه‌نی بوونناسانه و مه‌عریفیی قه‌یرانی کوردی پێویستی به تێگه‌یشتن و ڕوونکردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه هه‌یه. یه‌کێک له به‌دواداهاته‌کانی ئه‌م قه‌یرانه، سه‌رهه‌ڵنه‌دانی سووژه‌ی کوردی و به‌پێی ئه‌وه‌ش پێواری و ونبوونی پێویستییه ئه‌خلاقی و ئه‌قڵانییه‌کانێتی. دۆزینه‌وه و که‌شفی زه‌ینی کوردی ڕێگه‌یه‌که بۆ ده‌رچوون و ده‌ربازبوون له‌م دۆخه قه‌یراناوییه و کردنه‌وه‌ی ئاسۆی نوێ. به‌هۆی دواکه‌وتن و دێرداهاتنی مه‌عریفی کورد له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ دیارده مۆدێڕنه‌کان، ڕۆشنبیری کورد هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندیی دێرگه‌یشتنی مێژووییه. به‌مه‌به‌ستی باس و گه‌ڕان و پشکنین له‌باره‌ی ڕۆشنبیریی له کوردستان، له‌م وتاره‌دا له نێوان “ڕۆشنبیری کورد” و “ڕۆشنبیریی کوردی” جیاوازی کراوه. بۆ گه‌ڕانێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی گوتارناسانه له‌باره‌ی ڕۆشنبیریی کوردی، پێویسته پرسیار له فۆرمی کوردیی مۆدێڕنه و یان لایه‌نی کوردیی ڕۆشنبیریی بکرێت.
تا ئه‌و شوێنه‌ی که په‌یوه‌سته به کوردستانه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسیارانه به‌ره‌وڕووین:- ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بیرمه‌ندان و ده‌سته‌بژێرانی کورد له‌گه‌ڵ مۆدێڕنه و لێکه‌وته‌که‌ی واته ڕۆشنبیری له چوارچێوه‌ی کام نه‌ریتدا بووه؟ ئایا ڕۆشنبیرانی کورد له‌باره‌ی نه‌ریتی کوردی مه‌عریفه و ناسیاویی پێویستیان هه‌بووه و ئایا هه‌ر له بنه‌مادا له‌گه‌ڵیدا که‌وتووه‌نه‌ته گفتوگۆوه؟ ده‌سته‌بژێر و نوخبه‌ی کورد له کام گۆشه‌نیگا و ده‌لاقه‌وه له‌گه‌ڵ ڕۆشنبیری و مۆدێڕنه‌وه که‌وتووه‌ته گفت و گۆوه؟ په‌یوه‌ندی و خزمایه‌تیی ڕؤشنبیریی له‌گه‌ڵ مۆدێڕنه له نه‌ریتی هزریی کوردی‌دا چییه؟ له ڕووی فه‌لسه‌فییه‌وه، ڕۆشنبیریی کوردی چییه و چ په‌یوه‌ندییه‌کی له‌گه‌ڵ پرسی مۆدێڕن‌دا هه‌یه؟
“وشه سه‌ره‌کییه‌کان؛ ڕۆشنبیریی کوردی، مۆدێڕنه، نه‌ریتی هزریی ڕۆژئاوا، پرسگره کوردییه‌کان”
“داڕشتنی پرسه‌که”
له‌ڕووی مێژووییه‌وه چه‌مکی ڕۆشنبیریی له مێژووی هزری ڕۆژئاوادا ده‌رکه‌وتووه و له‌گه‌ڵ نه‌ریتی فه‌لسه‌فیی ڕۆژئاوادا په‌یوه‌ندییه‌کی تووندوتۆڵی هه‌یه. بۆ ناسین و تێگه‌یشتن لێی ده‌بێت نه‌ریتی فه‌لسه‌فیی ڕۆژئاوا بخوێنرێته‌وه و شیکاریی له‌سه‌ر بکرێت. به ده‌ربڕینێکی دیکه جۆری په‌یوه‌ندیی و شوێنگه‌ی ڕۆشنبیریی به مانا گشتییه‌که‌ی ده‌بێت له‌ڕێگه‌ی نه‌ریتی هزریی ڕۆژئاوادا بخوێنرێته‌وه و فام بکرێت. پرسیارێک که دێته پێشه‌وه ئه‌مه‌یه که ماهییه‌تی ڕۆشنبیری و بنه‌ماکان و توخمه‌کانی کامانه‌ن؟
ئه‌گه‌ر به‌پێی بیردۆزی “مارتین هایدێگێر” مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی ڕۆژئاوا به مێژووی گه‌شه‌ی سووبژیکتیڤیته دانه‌نێین و له ڕوانگه‌ی کانته‌وه سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆشنبیریی له‌گه‌ڵ دروستبوونی سووژه‌ی خۆدامه‌زرێن و ڕه‌خنه‌گری ڕۆشنگه‌ری له به‌ستێنی مۆدێڕنه به هه‌ڵپێکراو و په‌یوه‌ست بزانین، ده‌گه‌ین به‌م بابه‌ته که ڕۆشنبیریی له‌دایکبووی نه‌ریتی فه‌لسه‌فیی ڕۆژئاوایه. هه‌ر بۆیه پێویسته ڕۆشنبیری له نه‌ریتی هزریی ڕۆژئاوادا بخوێنرێته‌وه و لێک بدرێته‌وه. چاخی ڕۆشنگه‌ری چاخی زاڵبوونی ئاوه‌زێکی نوێ بوو که پێشه‌نگی گۆڕانکاریی بنه‌مایی له هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانی مرۆیی‌دا بوو. له‌گه‌ڵ جیاوازبوونی گێڕانه‌وه‌کانی ڕۆشنگه‌ریی له ئه‌ورووپای ڕۆژئاوادا (فه‌رانسه، ئاڵمان و ئینگلیز) به‌ڵام هه‌ر سێ گێڕانه‌وه‌که له ڕووی جێگیرکردنی بنه‌ما تیۆرییه‌کانی دنیای نوێ‌دا یه‌کگرتوو و یه‌کانگیرن. تایبه‌تمه‌ندیی چاخی ڕۆشنگه‌ریی بیرکردنه‌وه‌ی ئازاد یانی ئازادبوون یان ڕزگاربوون له ئوتۆریته و هه‌یمه‌نه جۆراوجۆره‌کانی لایه‌نه جیاوازه‌کانی نه‌ریت (دین و کڵێسه، پاشا و فیۆداڵه‌کان و ته‌نانه‌ت نه‌ریتی بیرکردنه‌وه‌ی زاتگه‌رایه‌نه‌ی ئه‌ره‌ستوویی) بوو. ئه‌گه‌رچی ڕه‌خنه‌ی ڕادیکاڵی ئایین له ڕۆشنگه‌ریی فه‌ره‌نسه‌دا له‌ڕێگه‌ی جۆرێک ئاشتکردنه‌وه (Reconciliation) له‌گه‌ڵ نه‌ریتی مێژوویی له ئایدیالیسمی ئاڵماندیدا، خاو و شل کرایه‌وه یان هاوسه‌نگی بۆ گه‌ڕایه‌وه. یه‌کێک له بنه‌ماکانی ڕۆشنبیریی ئه‌قڵی ئۆتۆنۆم و سنوورداری مرۆڤی مۆدێڕن ئه‌مه‌یه که خۆی له ئه‌قڵی گشتیی و میتافیزیکیی ئایینی و گه‌ردوونناسی ئازاد ده‌بینێت و پێی وایه که ئۆبژه و گرێدراوێتییه‌کانی ئه‌ندێشه‌ی خۆی ده‌ناسێت و گه‌یشتووه به پله‌یه‌ک له باڵقبوونی هزری که بوێریی بیرکردنه‌وه‌ی هه‌بێت. له ڕوانگه‌ی نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه‌وه ڕۆشنبیری له‌دایکبووی ئه‌م دۆخه‌یه. ڕۆشنبیری ڕۆژئاوایی له‌گه‌ڵ قه‌یرانگه‌لێکی جۆراوجۆر و به‌رده‌وام ڕووبه‌ڕوویه که ده‌بێت به‌رده‌وام بیریان لێ بکاته‌وه و له‌گه‌ڵ به‌دواداهاته‌کانی ده‌سته‌ویه‌خه بێت. هه‌ربۆیه ڕۆشنبیران و بیرمه‌ندانی ڕۆژئاوایی له‌گه‌ڵ مۆدێڕنه و قه‌یرانه‌کانیدا له ده‌لاقه و گۆشه‌نیگای جۆراوجۆره‌وه ڕووبه‌ڕوون که له دواجاردا جۆرێک له ڕۆشنبیریی گه‌شه په‌یدا ده‌کات که وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی قه‌یرانه‌کانی ڕۆژئاوا بێت.
ئه‌گه‌رچی سووژه‌ی ڕۆشنبیری ڕۆژئاوایی یه‌کده‌ست و دوور له ئاڵۆزی نییه به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له ئاسۆیه‌کدا گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت که له بنه‌مادا له‌گه‌ڵ نه‌ریتی هزریی ڕۆژئاواییدا هه‌ڵپێکران و په‌یوه‌ندییه‌کی توندوتۆڵ و دانه‌بڕاوه‌ی هه‌یه.
له‌و ڕووه‌وه که کوردستان و به‌تایبه‌ت ده‌سته‌بژێر و نوخبه‌ی کورد له‌گه‌ڵ قه‌یرانی تیۆریک و پرۆبلماتیک ڕووبه‌ڕوویه چاوله‌چاوکردن و به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ئایدۆسی ڕۆشنبیری له ڕه‌گه‌زی ملبادان و خۆلادانه تاکوو ئه‌گه‌ر و ئیمکان! له‌م سۆنگه‌یه‌وه ناکرێت باس له “ڕۆشنبیریی کوردی” بکرێت. ئه‌م پرسگره به مانای نه‌بوونی “ڕۆشنبیری کورد” نییه به‌ڵکوو به‌م مانایه‌یه که ئه‌گه‌ری له‌دایکبوونی چه‌مکی”ڕۆشنبیریی کوردی” به‌هۆی نه‌بوونی نه‌ریتی هزریی کوردی له‌ئارادا نییه. هه‌ربۆیه ناکرێت به بێ هه‌بوونی دیالۆگ و دانوستان له‌گه‌ڵ ده‌ق و نه‌ریتی کوردی، هیوایه‌ک به سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆشنبیری له نه‌ریتی هزریی کوردی‌دا هه‌بێت. له سۆنگه‌ی بیرکردنه‌وه‌وه، ملدان(قبووڵکردن) یان ملبادان(پشت‌تێکردن) له ئه‌ندێشه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاستی ڕزگاربوون له‌م نه‌ریته و دووباره خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی ئه‌م نه‌ریته. ئه‌م بابه‌ته ده‌لاله‌ت له قه‌یرانێک ده‌کات که پرسی وجوودیی کورد له‌گه‌ڵیدا ده‌سته‌ویه‌خه‌یه. له‌م سۆنگه‌یه‌وه، لایه‌نه بوونناسانه و مه‌عریفییه‌کانی قه‌یرانی کوردی پێویستی به تێگه‌یشتن و ڕوونکردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه هه‌یه. یه‌کێک له لایه‌نه‌کان و لاپاڵه‌کانی ئه‌م قه‌یرانه دروستنه‌بوون یان سه‌رهه‌ڵنه‌دانی سووژه‌ی کوردی و پێویستیی و ده‌بێته ئه‌خلاقی و عه‌قڵانییه‌کانێتی. که‌شف و دۆزینه‌وه‌ی زه‌ینی کوردی ڕێگه بۆ ده‌ربازبوون له‌م دۆخه قه‌یراناوییه و کردنه‌وه‌ی ئاسۆ تازه‌کان خۆش ده‌کات.
تا ئه‌و شوێنه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ باسی ڕۆشنبیری له ناو کورد و به‌ستێنه‌که‌ی له کوردستاندا، ناسین و تێگه‌یشتن له بابه‌تی ڕۆشنبیری له ئاڵۆزترینی ئه‌و چه‌مکانه‌یه که کورد له‌گه‌ڵیدا ڕووبه‌ڕوویه. ئه‌م پرسه ده‌لاله‌ت له دۆخێک ده‌کات که ده‌ربڕی قه‌یرانی ئۆنتۆلۆژی و ئیپیتسیمۆلۆژی له نه‌ریتی کوردیدایه. هه‌ربۆیه ئه‌م وتاره له‌سه‌ر پێویستی و زه‌رووره‌تی تێڕامان له‌باره‌ی خودی بابه‌تی ڕۆشنبیری و پێویستییه مه‌عریفییه‌کانی پێداگری ده‌کات. به مانایه‌ک خودی ڕۆشنبیری و چۆنێتی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مۆدێڕنه له نه‌ریتی هزریی کوردی‌دا ده‌بێت ببێت به بابه‌تی تێڕامان و بیرکردنه‌وه. له سۆنگه‌ی مێژووی ئه‌ندێشه‌وه، بیرکردنه‌وه له‌باره‌ی ڕۆشنبیریی کوردی و ڕوونکردنه‌وه‌ی پێویستییه‌کان و تێگه‌یشن له بنه‌ماکانی له ئاسۆی مۆدێڕنیته‌دا، پرسێکه که ده‌بێت توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکرێت و لێک بدرێته‌وه. هه‌ربۆیه له‌م وتاره‌دا پێناسه باو و فه‌رمییه‌کانی ڕۆشنبیر وه‌لاده‌نرێت و هه‌وڵ ده‌درێت که‌ڵکه‌ڵه‌ی سه‌ره‌کیی له‌و باره‌یه‌وه فۆرمووله بکرێت. خالێک که پێویسته ئاماژه‌ی پێ بکرێت ئه‌مه‌یه که له‌م وتاره‌دا تاڕاده‌یه‌ک له‌سه‌ر پێکهاته و ده‌سکه‌وته تیۆریک و کرده‌کییه ئاشکرا و کاریگه‌ره‌کان له شێوه ژیانی مێژوویی کوردی‌دا پێداگریی ده‌کرێت و نموونه‌کان و به‌ستێنه لێڵه‌کان، خاڵه جێگه‌ی مشتومڕه‌کان و لایه‌نه ڕاڤه‌هه‌ڵگره‌کان که پێویستیان به هاوده‌نگیی هه‌یه، به‌رمه‌به‌ست نییه.
“نه‌ریتی کوردی”
به‌شێوه‌یه‌کی گشتی مه‌به‌ست له نه‌ریت (Tradition) سامان و میراسی هزری و به‌رهه‌م و به‌روبوومی تیۆریک و پراکسیسیی مرۆڤی کورد له گشتییه‌تی خۆ‌یدایه. تێڕوانینی فه‌لسه‌فی بۆ کو‌لتوور و ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌کان و به‌رهه‌مه مه‌عریفییه‌کانی، ده‌ربڕی جۆرێک له نه‌ریته که ده‌کرێت له نه‌ریتێکی دیکه جوێ و هاوێر بکرێت. نه‌ریتی هه‌ر ئیتنیک و نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌لاله‌تکه‌ره له‌سه‌ر شێوازێک له ژیان که ده‌ربڕی ئه‌ندێشه و کرده‌وه و دۆخی وجوددییه‌تی له ئاسۆی مێژوودا. له‌م سۆنگه‌یه‌وه ده‌توانین باس له نه‌ریتی هزری ئێرانی و یان نه‌ریتی هزریی ئاڵمانی و هتد قسه بکه‌ین. به‌م پێیه ئایا ده‌کرێت باس له نه‌ریتی هزریی کوردیی بکرێت و ماهییه‌ت و توخمه پێکهێنه‌رکانی بناسرێنه‌وه؟ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌بێت نه‌ریت به سه‌ر دوو چه‌مکی هزری و کرده‌کیدا دابه‌ش بکه‌ین که له درێژه‌دا ده‌په‌رژێینه سه‌ری.
مه‌به‌ست له نه‌ریت مانا باوه‌که‌ی و خوێندنه‌وه بناژۆخوازانه‌که‌ی نییه؛ به‌ڵکوو نه‌ریت کۆی ئه‌و میراس و به‌رهه‌مه هزری و کرده‌کییه‌کانه‌یه که له سه‌ره‌تای دامه‌زرانییه‌وه تاکوو ئێسته له چوارچێوه و فۆرمی “ده‌ق”دا ده‌رده‌که‌وێت به شێوه‌یه‌ک که کو‌لتوور، هونه‌ر و زانست تێیدا شکڵ ده‌گرێ و له‌ڕێگه‌یه‌وه دروست ده‌بێت. ده‌کرێت توێژ و لایه‌نی جۆراوجۆر و ڕه‌چه‌ڵه‌کی جیاواز بۆ نه‌ریت وێنا بکرێت که به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام له حاڵی گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندن دایه. نه‌ریتی هزریی کورد به‌شێوه‌یه‌ک دابڕا و پارچه‌پارچه و هه‌ڵشێلاو و شێواوه که ئه‌گه‌ری به‌ده‌قکردنی نه‌کرده و مه‌حاڵ ده‌کاته‌وه که هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕه‌چه‌ڵه‌که هزری و نه‌ریتییه‌کانی “ئه‌ویدی”یه‌کان و ڕۆڵی پێکهێنه‌رانه و سوبژیکتیڤیته‌ی ئه‌وان. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه شتێک نییه که ناوی نه‌ریتی هزریی کوردی بێت، به‌ڵکوو ته‌نها ده‌کرێت شێوه ژینی کوردی و کو‌لتووری نه‌ته‌وه‌ی کورد له چوارچێوه‌ی ئه‌م نه‌ریته به هه‌موو ڕه‌چه‌ڵه‌که جیاواز و لێکدژه‌کانییه‌وه لێک بدرێته‌وه. ناسینه‌وه‌ی ڕه‌چه‌ڵه‌که جۆراوجۆره‌کانی نه‌ریت و دووباره‌بیرکردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه له‌باره‌یانه‌وه به مه‌به‌ستی کردنه‌وه‌ی ئاسۆ نوێکان ئیش و ئه‌رکی ڕۆشنبیری کوردییه. بۆیه به هه‌مان شێوه که باس له نه‌ریتی هزریی ئێرانی یان عه‌ره‌بی و ڕۆژئاوایی ده‌کرێت ناکرێت باس له نه‌ریتی هزریی کوردی بکرێت. به مانایه‌ک که ئێمه ناتوانین توخمه مه‌عریفی و بنه‌وا بوونناسانه‌کان که له نه‌ریتی هزریی کوردییدا بیچمبه‌ندی کرابن و نه‌ریتی کوردی ده‌رهاوێشته و ڕۆنراویان بێت، بدۆزینه‌وه.
هه‌ربۆیه دانوستان و گفت و گۆ له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌ریته ده‌بێت له ڕه‌گه‌ز و فۆرمێکی دیکه بێت. نه‌ریتی هزریی کوردی فۆرم و ڕوخساره ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کانی نه‌ریتی(ئێرانی، عه‌ره‌بی، ئیسلامی و…) له کو‌لتوور و پانتای زه‌ینی و ڕۆحیی کورده. ناسینی ڕه‌چه‌ڵه‌که جۆراوجۆره‌کانی دیکه و کاریگه‌رییان له‌سه‌ر ڕۆح و زه‌ین و کو‌لتووری کورد و دواتر ڕه‌خنه‌کردن و دیکانستراکشین(هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه)یان ڕێگایه‌ک بۆ جۆرێک له بیرکردنه‌وه و دامه‌زراندنی نه‌ریتی هزریی ده‌کاته‌وه که هه‌ڵگری پێگه و سیما و کرۆکی کوردی بێت و له‌م سۆنگه‌یه‌وه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ دیارده‌ی مۆدێڕنی ڕۆشنبیریی له فۆرمه ڕۆژئاواییه‌که‌یدا سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌ی ڕۆشنبیری کوردی ده‌پۆڕێنێت. ڕۆشنبیری کورد ده‌بێت له سێ ئاست و پێوه‌ردا تێڕامان و گفتوگۆ ده‌ست پێ بکات تاکوو تێبگات له کوێی دنیادا وه‌ستاوه و جێگیر بووه: یه‌که‌م: ئاستی خود، دووه‌م: ئاستی ئه‌ویدی و سێیه‌م: ئاستی مۆدێڕن.
“نه‌ریتی هزریی کوردی”
تا ئه‌و شوێنه‌ی که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شێوه ژینی هزری کوردی باسکردن له‌باره‌ی نه‌ریت و ناسینه‌وه‌ی پاژ و به‌شه‌کان و موفره‌داته بنه‌ماییه‌کانی تووشی ئاڵۆزییه‌کی زۆرمان ده‌کات تا ڕاده‌یه‌ک که به‌ره‌و ئه‌م تێگه‌یشتنه ده‌مانبات که شتێکی وا بوونی نییه، به ده‌ربڕینێکی ڕاشکاوانه‌تر، کورد خاوه‌نی نه‌ریتێکی ڕێکوپێک، دامه‌زراو و ئیپیستیمۆلۆژیک نییه که تاموبۆ و کرۆکێکی کوردیی هه‌بێت و بکرێت ڕۆح و ڕوخساری له‌گه‌ڵ نه‌ریته هزرییه‌کانی دیکه جوێ بکرێته‌وه. ئه‌م گوزاره‌یه حه‌تمه‌ن به‌م مانایه نابێت که مرۆڤی کورد له پێگه‌ی کوردبوونییه‌وه نه‌ریتی هزریی نییه به‌ڵکوو زیاتر مه‌به‌ست شوێنگه‌ی کوردی و پێگه‌ی کولتوورییه‌تی له ڕووه ئۆنتۆلۆژیک و ئیپیستیمۆلۆژییه‌که‌یه‌وه. هه‌وڵنه‌دانی مرۆڤی کورد به ئاڕاسته‌ی ئاوه‌زمه‌ندێتی و نه‌گونجانی له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه و به‌رهه‌مه هزریی و مه‌عریفییه‌کانی، نه‌ته‌وه‌ی کوردی وه‌ها گرێداوه به شێوازێک له ژیان که کرده‌ی سرووشتمه‌ند و ئاره‌زوومه‌ندێتی له تایبه‌تمه‌ندییه دیاره مێژووییه‌کانێتی. فون هایک؛ مه‌عریفه‌ناس و ئابووریناسی لیبراڵ(لیبێرتارین) به جیاوازی‌دانان له نیوان دوو جۆر ئه‌قڵ له نه‌ریتی لیبراڵی واته ئه‌قڵی دروستکه‌ر (constructive)ی دیکارتی و ئه‌قڵی به‌رهه‌ست و مێژوویی له جۆره مونتسکیۆییه‌که‌ی، یه‌که‌مینیان به ڕووخێنه‌ر و دووه‌مینیشیان به پاسه‌وانی لیبرالیسمی ڕاسته‌قینه ده‌ناسێنیت به‌ڵام ئه‌م جیاوازیدانانه له‌م ڕووه‌وه مشتومڕهه‌ڵگره که به ده‌ربڕینی هانا ئارێنت مودێڕنه یانی مرۆڤی دروستکه‌ر، بۆیه ده‌بێت بپرسین ئه‌گه‌ر ئه‌قڵی یه‌که‌م له مێژوودا سه‌ری هه‌ڵنه‌دابا ئه‌قلی دووه‌می چۆن ده‌یتوانی ده‌رکه‌وێت؟ “ئیرنیست کاسیرێر” به ئاماژه‌دان به‌و گۆڕانکاریی بنه‌ماییه که به‌هۆی دیکارته‌وه له مێژووی فه‌لسه‌فدا هاتووه‌ته ئاراوه ده‌نووسێت: “له ساڵه‌کانی ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌یه‌م به‌م لاوه ڕۆحی دیکارتی به‌ره و هه‌موو پانتا و قه‌ڵه‌مڕۆکانی مه‌عریفه په‌لی هاوێشت و نه‌ک ته‌نها به‌سه‌ر فه‌لسه‌فه به‌ڵکوو به سه‌ر ئه‌ده‌ب و ئه‌خلاق و زانستی سیاسه‌ت و بیردۆزه‌ی ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌لناسیشدا زاڵ بوو و ته‌نانه‌ت له قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئه‌ده‌بیشدا کاریگه‌ریی دانا و فۆرمێکی نوێی به ئه‌ده‌ب به‌خشی” (کاسیرێر، فه‌لسه‌فه‌ی ڕۆشنگه‌ر لاپه‌ڕه‌ی 90). ڕۆشنبیری کورد به‌هۆی نه‌بوونی په‌یوه‌ندیی مه‌عریفه‌ناسانه له‌گه‌ڵ نه‌ریتی هزریی کوردی و به گوێره‌ی ئه‌وه‌ش نه‌بوونی ڕوون و ڕاشکاوی پاژ و به‌شه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره له “ئه‌قڵ” و ئه‌قڵانییه‌ت نامۆ و بێگانه بووه.
مرۆڤی کورد له پێگه‌ی گشت یان کۆیه‌کدا، بوونه‌وه‌رێکی ژینکه‌ر بووه و کرده‌وه‌شی کرده‌وه‌یه‌کی ژینگه‌رایانه. لۆژیکی ناوه‌کیی ئه‌م نه‌ریته کرده‌کییه وابه‌سته‌ی لۆژیکی ئاره‌زووه‌کان و پێداویستییه سرووشتییه‌کان بووه. له‌م نه‌ریته کرده‌کییه‌دا، پراکسیس و حیکمه‌تی کرده‌کی زۆر که‌م و کاڵه. هه‌ر به‌م هۆیه‌وه و به‌م مانایه کورد خاوه‌نی نه‌ریتی هزریی نییه و ته‌نها ده‌کرێت له نه‌ریتی کرده‌کیی کورد قسه بکرێت. ئه‌گه‌ر له سۆنگه‌ی هونه‌ر و ئه‌ده‌به‌وه ئه‌مه قبووڵ بکه‌ین که ڕۆحی نه‌ریتی کوردی، “فولکلۆر” بێت و ڕۆحی فولکلۆریش به‌یت و حه‌یران بێت به سه‌ختی ده‌کرێت ئه‌و توخم و چه‌مکانه بدۆزرێنه‌وه که ده‌لاله‌تن له‌سه‌ر جۆرێک بیرکردنه‌وه‌ی ئاوه‌زمه‌ندانه، ئه‌مه له حاڵێکدایه که پاراوترین و دره‌وشاوه‌ترین به‌رهه‌می کورد که تا ڕاده‌یه‌ک شوێنگه و پێگه و تایبه‌تمه‌ندیی وجوودیی و مێژوویی کوردی هه‌بووه هونه‌ر و فولکلۆره به‌م حاڵه‌شه‌وه ئه‌م شوێنگه و زیندوویه‌تی و تایبه‌تمه‌ندییه وجودییه زیاتر په‌یوه‌سته به فۆرم و چۆنێتی ده‌ربڕینه‌وه. ئه‌م حاڵه‌تانه له‌و قه‌یرانه بنه‌ماییانه‌ن له پرسگره کوردییه‌کاندا. تا ئه‌و شوێنه‌ی که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌ریتی هزریی کوردی ڕۆشنبیرانی کورد هێشتا له‌گه‌ڵ نه‌ریتی کوردی‌دا نه‌که‌وتوونه‌ته گفت و گۆ و دانوستانی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه و هه‌ربۆیه ناسیاوه‌تییه‌کی دروستیان له‌سه‌ری نییه و به‌م هۆیه‌ش ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆشنبیریی کوردی بابه‌تێکی نادیار و هه‌ڵپه‌سێردراوه. پێویستیی تێگه‌یشتن له دیارده‌یه‌ک به ناوی ڕۆشنبیریی کوردی له‌ڕێگه‌ی ناسین و ڕوونکردنه‌وه‌ی چه‌مکه ڕۆشنبیرییه‌کان له نه‌ریتی هزریی کوردی و چاوله‌چاو بوون له‌گه‌ڵیان مسۆگه‌ر ده‌بێت. به‌شێوه‌ی گشتیی مرۆڤی کورد ئایدۆس و ئایدیای میتافیزیکیی نه‌بووه و هه‌ر به‌م هۆیه‌ش ڕۆشنبیرانی کوردیش ئایدۆسی کوردی‌یان نییه. ئه‌مه له حاڵێکدایه که ڕۆشنبیری کورد له نه‌ریتی هزریی ئه‌ویدی(ئێرانی، عه‌ره‌بی و…) ئاماده بووه و له هه‌ندێ حاڵه‌تیشدا دیار و دره‌وشاوه بووه، به‌ڵام ڕه‌چه‌ڵه‌کی مه‌عریفی و گرێدراویی مێژوویی کوردیی نه‌بووه. ئایدۆسی کوردی واته ئه‌وه‌ی که له‌سه‌ربنه‌مای ئه‌وه رۆحی کورد له دۆخ و شوێنگه‌یه‌ک وه‌ستاوه و ئه‌و شته‌ی که ئه‌و له ئایدۆسی ده‌وێت و ئه‌وه‌ش که ئایدۆس له‌وی ده‌وێت. به‌م پێیه ده‌شێت بپرسین ڕۆشنبیری کورد له کوێی مێژوودا وه‌ستاوه و چۆناوچۆن نوخبه و بیرمه‌ندی کورد، له ڕۆشنبیری و بابه‌ته‌کانی… تێده‌گات؟ رۆشنبیری کورد له‌گه‌ڵ چه‌مکی ڕۆشنبیریی له نه‌ریتی مۆدێڕنیته‌دا چ جۆر په‌یوه‌ندییه‌ک ده‌بینێته‌وه؟
تۆژه‌ر و نوخبه‌ی کورد هێشتا په‌یوه‌ندییه‌کی له‌گه‌ڵ نه‌ریتدا نه‌گرتووه تاکوو بتوانێت له‌وێوه له‌گه‌ڵ بابه‌ت و وته‌زاکانی دیکه له‌وانه مۆدێڕنه و ڕۆشنبیری بێته ناو گفت و گۆ و لێک تێگه‌یشتنه‌وه. ئه‌گه‌رچی به ده‌ربڕینی “مانهایم” ڕۆشنبیران سه‌ر به چینێکی تایبه‌ت نین و ڕه‌چه‌ڵه‌ک و چاوگی جۆراوجۆریان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌مووان له شوێنێکدا وه‌ستاون که په‌یوه‌ستن به گفت و گۆی ڕه‌خنه‌گرانه له‌گه‌ڵ نه‌ریتی هزریی ڕۆژئاواوه. “هایدێگێر” و زیاتر له‌و “هانس گیۆرگ گادامێر” سه‌رنجی ئێمه‌یان بۆ ئه‌م بابه‌ته گرنگه ڕاکێشا که بۆ تێگه‌یشتن له مۆدێڕنه و فامکردنی ڕه‌وتی گۆڕانکارییه‌که‌ی ده‌بێت به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ نه‌ریتدا ده‌سته‌ویه‌خه بین. ڕۆشنبیری ڕۆژئاوایی به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ نه‌ریتی هزریی خۆی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی هه‌یه و به‌شێوه‌ی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ دوو ئاسۆی نه‌ریت و مۆدێڕن‌دا ڕووبه‌ڕوو و ده‌سته‌ویه‌خه‌یه. چونکه تێگه‌یشتن له بابه‌تی مۆدێڕن و هه‌روه‌ها پۆست مۆدێڕن به بێ سه‌رنجدان به نه‌ریت و ناسینه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی نه‌ریت ناپۆڕێت. له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه ده‌بێت بپرسین ڕۆشنبیری کورد که هێشتا نه‌یتوانیوه سرووشتی نه‌ریتی وجوودیی خۆی و پێکهێنه‌ره‌کانی بناسێت له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک ده‌توانێت له‌گه‌ڵ بابه‌تی مۆدێڕنی ڕۆشنبیری ڕووبه‌ڕوو بێته‌وه و چۆنچۆنی ده‌یه‌وێت لێی تێبگات؟ ئایا ده‌کرێت له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌ی ڕۆشنبیرانه‌ی کوردیی مۆدێڕنه و کردنه‌وه‌ی ئاسۆیه‌ک له‌م باره‌یه‌وه هیوایه‌ک هه‌ڵچنین؟
“ڕۆشنبیریی له نه‌ریتی هزریی کوردی دا”
ڕۆشنبیریی کوردی ده‌سته‌واژه‌یه‌که که ده‌شێت ”کوردبوون”ه که‌ی ده‌رخه‌ر و ده‌ربڕی نه‌ریته هزرییه‌که‌ی بێت. به ده‌ربڕینێکی دیکه ده‌بێت لایه‌نی مه‌عریفی و ڕۆحی خودئاگایانه‌ی کوردیی هه‌بێت تاکوو بکرێت له ڕۆشنبیرییه‌کانی دیکه جوێی بکه‌ینه‌وه. ڕۆشنبیریی کوردی ده‌بێت له هه‌ناوی نه‌ریتی هزریی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌ویدی دانوستان، هه‌ڵسوکه‌وت و گفت و گۆی هه‌بێت. ڕۆح و خودئاگایی مێژوویی شێوه ژینی کوردی ده‌بێت بابه‌ت و مژاری ڕۆشنبیریی کوردی بێت. به‌م مانایه بیرکردنه‌وه له‌سه‌ر ده‌سته‌واژه‌ی ڕۆشنبیری له ئاسۆی نه‌ریتی هزریی کوردی‌دا زه‌مینه‌خۆشکه‌ر و دنه‌ده‌ری ڕۆشنبیریی کوردییه. به هۆی ئه‌وه‌ی که نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌م مانایه ئاوه‌ها نه‌ریتێکی نییه و نه‌خشه و گۆڕه‌پانی ئه‌م نه‌ریته هزرییه هێشتا لێڵ و پێڵ و شێواوه ناتوانین به‌رگری له “ڕۆشنبیریی کوردی” بکه‌ین و پێویسته باس له “ڕۆشنبیری کوردی” بکرێت به‌و شێوه‌یه‌ی که بابه‌ته بیرلێکراوه‌کانی خۆی “ڕۆشنبیریی کوردی”یه. ئه‌وه‌ی که وه‌کوو ڕۆشنبیری کوردی ناوی لێ ده‌برێت جۆرێک هه‌ڵگۆسته‌ی خاو و ده‌ڵه‌مه له نه‌ریتی ڕۆشنبیریی ڕۆژئاوایه که له ناو ده‌سته‌واژه‌ی “ڕۆشنبیر له خۆدا” نه‌ک” ڕۆشنبیر بۆ خۆ” جێی ده‌بێته‌وه. تێپه‌ڕین له‌م دۆخه پێویستیی به سه‌رهه‌ڵدانی خودئاگایی به مانایه‌که که خودئاگایی خۆی بابه‌تی به‌رمه‌به‌ستی خۆی بێت. به‌هۆی نه‌بوونی ڕه‌سه‌نایه‌تیی مێژوویی بیرمه‌ند و نوخبه‌ی کورد، و هه‌روه‌ها نه‌بوونی ره‌سه‌نایه‌تیی تێڕوانینی ڕه‌خنه‌گرانه بۆ نه‌ریت له ئاسۆی جیهاندا، هه‌روه‌ها نه‌بوونی شوێنگه‌ی پته‌و و متمانه‌پێکراو یان ئاوتێنتیسیتی (Authenticity)ی وجوودی و په‌یوه‌ندیی ئۆرگانیک له‌گه‌ڵ نه‌ریتی کوردی، ڕۆشنبیری به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام بابه‌تێکی ده‌ره‌کی و لاوه‌کی بووه. ڕۆشنبیری کورد نه‌ک ته‌نها هیچ کاتێک له دۆخی گفت وگۆ له‌گه‌ڵ ده‌قی خۆیدا نه‌بووه به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت به‌رده‌نگی ده‌قی خۆیشی نه‌بووه و ته‌نانه‌ت به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام ده‌قه‌کانی ئه‌ویدی پێمل و په‌لکێشی گفت و گۆ و په‌رچه‌کرداری کردووه. به‌پێی سیسته‌می چه‌مکیانه‌ی هیگیل و بیرمه‌ندانی دیکه‌ی بواری مێژووی ئه‌ندێشه ده‌کرێت نیشان بدرێت که خودئاگایی له چاوله‌چاوبوون و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ نه‌ریت و ده‌قی کوردی‌دا به‌دی دێت و وشیاریی ڕۆشنبیرانه به‌م شێوه‌یه دادێت. ڕۆشنبیر به‌رده‌وام به‌شێکه له ده‌قی خۆی و سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆشنبیرانی کورد له جیهانی هاوچه‌رخدا ده‌رئه‌نجامی گفت و گۆی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی به‌رده‌وام له گه‌ڵ نه‌ریتی هزری و سامانی تیۆردیک و کرده‌کیی خۆی نه‌بووه، ئه‌م کێشه و قه‌یرانه له گوتاری ڕۆشنبیریی له کوردستاندا زاڵ و دیار بووه.
هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک پێویستییه‌کانی خۆی هه‌یه و به ده‌ربڕینی فوکۆ هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک خاوه‌نی ڕژێمگه‌لی حه‌قیقه‌تی تایبه‌ت به خۆیه‌تی که له چوارچێوه‌ی گوتاره پێکهاتووه‌کانی زانست، هێز و هه‌قیقه‌تی خۆیشی به‌رهه‌م دێنیته‌وه. کۆمه‌ڵگای کوردی به‌شێک له جیهان ژینی کوردییه که ده‌بێت تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی و خسڵه‌ته دیاره‌کانی بناسرێته‌وه تاکوو بتوانرێت له‌گه‌ڵ دیارده مۆدێرن و ناخۆماڵییه‌کان ڕووبه‌ڕوو ببێته‌وه. یۆرگێن هابێرماس(1987) بۆ جیهان ژین سێ به‌شی پێکهێنه‌ر دیاری ده‌کات که له‌خۆگری “کو‌لتوور، کۆمه‌ڵگا و که‌سایه‌تی” یه. ئه‌و وشه‌ی کو‌لتوور بۆ ئه‌و خه‌زێنه مه‌عریفییانه به‌کار ده‌هێنیت که به‌شدارکه‌ران له کاتی گه‌یشتن به تێگه‌یشتنێک له‌باره‌ی شتێک له ناو جیهاندا به‌گه‌ڕانه‌وه بۆی خۆیان به کۆمه‌ڵێک ڕاڤه و ته‌فسیر پڕچه‌ک و ته‌یار ده‌که‌ن. وشه‌ی کۆمه‌ڵگا بۆ ئه‌و نه‌زم و ڕیکخستنه مه‌شرووع و ڕه‌وایانه به‌کار ده‌هێنیت که له‌ڕێگه‌وه به‌شداریکه‌ران ئه‌ندامێتی خۆیان له گرووپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ڕێک ده‌خه‌ن و به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وامی به تاقانه‌یی و یه‌کانگیریی گرووپه‌که ده‌ده‌ن. وشه‌ی که‌سایه‌تیش وه‌کوو ئه‌و شایسته‌یی و پێگانه تێده‌گات که بکه‌رێک له کردار و قسه‌کردندا ته‌یار ده‌کات و ده‌یخاته دۆخێکه‌وه که له پرۆسێسه‌کانی گه‌یشتن به تێگه‌یشتن و له ڕێگه‌ی ئه‌وه‌شه‌وه جێگیرکردنی شوناسی خۆی به‌شداریی بکات.
به‌م مانایه ڕۆشنبیر و بیرمه‌ندی کورد له‌گه‌ڵ جیهان ژینی خۆی مه‌ودایه‌کی ئۆنتۆلۆژیک و ئیپیستیمۆلۆژیکی هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌کی گشتی کورد چونکه به بێ نێونجی و له کڵاوڕۆژنه‌ی کۆمه‌ڵگا و دۆخی وجوودی کوردییه‌وه له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه چاوله‌چاو نه‌بووه و جیهانێکی بۆ خۆی نییه به‌پێی کام گرێدراوێتی و خه‌ونی وجوودییه‌وه چاوه‌ڕوانه تاکوو زانسته مرۆییه‌کانی نوێ له‌گه‌ڵ بنه‌ما و ئامانجه‌کانی ئه‌وادا گونجاو و ڕێنیشانده‌ر بێت؟ زۆربه‌ی خوێنده‌واران و ده‌سته‌بژێره زانستی و ئاکادیمییه‌کان له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا بیر له‌م بابه‌ته ناکه‌نه‌وه و واده‌زانن له‌ڕێگه‌ی چه‌ند بیردۆزی کۆمه‌ڵناسی یان مێژوویی و سیاسی ده‌توانن جیهانێک بۆ کورد درووست بکه‌ن که ده‌ربڕی گرێدراوێتی وجوودیی ئه‌وان بێت. له‌م نێوانه‌دا ڕۆشنبیرانی ئه‌ده‌بی له هه‌مووان بوێراتر و هاوکات ڕووکه‌شتر بوون. هه‌ر به‌م هۆیه‌شه که زۆربه‌ی ئه‌م نوخبه و ڕۆشنبیرانه ئایدۆلۆژی زه‌ده ده‌بن. هه‌رچه‌ند نابێت ئه‌م بابه‌ته به دژایه‌تیکردنی ئایدۆلۆژیی بخوێنرێته‌وه. وا دێته به‌رچاو که ڕۆشنبیری کورد ده‌بێت له ئاستی جیهانیدا، ئێستا و داهاتوو و ڕابردوو بخوێنیته‌وه و لێکی بداته‌وه و که‌ڵکه‌ڵه هه‌نووکه‌ییه‌کانی له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕابردووی له سه‌ر بنه‌مای ئاسۆی داهاتوو به شێوازێک بهزرێنیت.
نووسین: د.جه‌لال حاجی زاده
وەرگێڕان: حه‌بیب ساڵحی