“بەشی یەکەم؛ ئەمریکا”
كاتێ كۆڵۆمبس هه‌رچی ده‌ریا و زه‌ریایه تهی كرد و له ساڵى 1492دا له‌نگه‌ری له‌و كیشوه‌ره پان‌و پۆڕهدا گرت كه دواتر به ئه‌مه‌ریكا ناسرا هه‌روا چۆڵه‌وانی نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌مسه‌ر تا ئه‌وسه‌ر پڕبوو له خه‌ڵكێك كه ژیانێكی خێڵه‌كیی ساده ده‌ژیان و بنه‌مای ئابوورییان ئاژه‌ڵداری و ڕاوی گامێشه كێوی بوو، كه به هه‌زارانیان له‌و مێرگ و پێده‌شته بهرینانهدا ده‌له‌وه‌ڕان. ئه‌م خێڵانه كۆڵۆمبس به هه‌ڵه به هندیی له قه‌ڵه‌می دان به‌و حیسابه‌ی كه ئه‌م خاكه‌ی پێی خستووه‌ته سه‌ر به‌شێكه له هندستان. كه‌چی له‌ڕاستیدا ئه‌مانه خێڵی جیا و ناوی جیاجیان هه‌بوو، كه گه‌وره‌ترین خێڵیان چێرۆکی Cherokee و به دوای ئه‌ودا سێمینۆڵ Seminol و كریك Creeck و چۆكتاو Chocktaw و چیکاسۆ Chikasaw و چه‌ندینی تر بوون. دیاره مێژووی دروستبوونی ئه‌مه‌ریكا ڕوونه و كۆڵه‌كه هه‌ره بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی كۆچی هه‌زاران خه‌ڵكی سپیپێستی ئه‌وروپایه به دریژایی چه‌ندین سه‌ده و پاشان كۆچی هه‌زاران كه‌سی تری سه‌ر زه‌وى بۆ ئه‌و وڵاته و گه‌ڕان به دوای نان و ژیان تێیدا. به‌شێكی به‌رچاوی خه‌ڵكه‌كه‌شی ئه‌و ڕه‌شپێستانه‌ی ئه‌فریقا بوون كه وه‌ك كۆیله بۆی گوێزرانه‌وه پاش ڕاوكردنیان له كیشوه‌ری ڕه‌شدا و ڕاپێچكردنیان بۆ ئه‌م كیشوه‌ره نوێیه له پرۆسه‌ى بازرگانییه‌كی به‌دناودا كه به بازرگانیی كۆیله ناسرا له مێژوودا.
من ناڵێم شارستانی بنیات نه‌نراوه له‌م خاكه پانوپۆڕه‌دا، وه‌لێ ئه‌وه ده‌ڵێم كه ئه‌م شارستانییه له سه‌ر حیسابی قڕكردنی میلله‌تێك دروستكرا كه خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی ئه‌و وڵاته بوون و چه‌ندین هه‌زار ساڵ بوو له‌و وڵاته‌ى خۆیاندا ئه‌و ژیانه سوننه‌تی و ساكاره ده‌ژیان و زیانیشیان بۆ كه‌س نه‌بوو. ئه‌م میلله‌ته‌ش خێڵه‌كانی هندییه سووره‌كان بوون كه به ده‌ردێك بران تائێستاش به نه‌نگی ده‌ژمێردرێ له مێژووی ئه‌مه‌ریكادا. سپیپێستهكانی ئه‌وروپا خۆیان له تاو زوڵم و سته‌می كه‌نیسه و دادگاكانی پشكنین و توندوتیژی ڕه‌ویان كرد بۆ ئه‌مه‌ریكا كه‌چی له‌وێ كه‌وتنه ته‌نگ پێهه‌ڵچنین و پاشان قڕكردنی خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی وڵاته‌كه و به‌درێژایی چه‌ندین سه‌ده هه‌رچی ته‌فره‌دان و فڕوفێڵ و ساخته بوو له گه‌ڵیاندا كردیان و ئه‌نجام به قڕكردنیان شكایه‌وه له پرۆسه‌یه‌كی جینۆسایدیی كه‌موێنه له مێژوودا. به‌رچاوترین خاڵی ئه‌و قڕكردنه ئه‌وه‌یه كه له مێژووی ئه‌مه‌ریكادا به كاروانی فرمێسك ده‌ناسرێTrial of Tears و تێیدا هه‌زارانیان لێ قه‌تڵوعام كردن. هه‌موو تاوانی ئه‌مانه‌ش ته‌نها ئه‌وه‌بوو كه‌وا خاكه‌كه‌یان به‌پیته و دنیایه‌ك كانه ئاڵتوونی تێدا دۆزرایه‌وه و ئه‌مه سه‌ری خواردن وه‌ك چۆن نه‌وت له خاكی كورداندا خه‌ریكه سه‌ریان ده‌خوات. خۆ وه‌نه‌بێ ئه‌م خێڵانه هه‌روا به ئاسانی ملیان بۆ چه‌قۆی قه‌سابی سپی‌پێست درێژ كردبێت و له به‌رانبه‌ریاندا ده‌سته‌وسان بووبێتن، به‌ڵكو مێژووی به‌ره‌نگاری و ململانێ‌یان پڕه له فیداكاری و خه‌بات و خۆبه‌ختكردن له پێناوی ژیان و مانیاندا و به درێژایی مێژووی ئه‌و بەرخۆدان و ململانێیه به سه‌دانیان له‌و سپیپێستانه قهڵاچۆكردووە، به‌ڵام دواتر به شیر و تیر و ڕم و تەوری تۆماهۆک هیچ نه‌كرا له‌گه‌ڵ چه‌ك و ته‌كنیكی سه‌ربازیی پێشكه‌وتوودا.
ڕێکەوت وایهێنا كه من له ئه‌مه‌ریكادا (ساڵانی ١٩٩٦ – ١٩٩٨) بكه‌ومه ئه‌و شوێنه‌ی كه‌وا سه‌رده‌مانێكی دوورودرێژ قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتى گه‌لی چیرۆکی بێت و له‌و شاره‌دا نیشته‌جێ بم كه ده‌كه‌وته نزیك شوێنێكه‌وه پێشتر نیو ئیكۆتاى ناو بووه New Echota کە ماوه‌یه‌كی زۆریش پایته‌ختی به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری ئه‌و گه‌له بوو. شاره‌كه ناوی ڕۆزوێڵ بوو و ده‌كه‌وته سه‌ر به‌شى باكوورى ڕووباری چاتاهووچی Chattahoochee، كه به زمانی هندییه سووره‌كان یان ڕاستتر بڵێم به زمانی گه‌لى چێرۆکی مانای “به‌ردی زه‌رد” ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌م ڕووباره له دامێنى چیاكانی سمۆکیی گەورە و ئهپهلاشیاوه سه‌رچاوه ده‌گرێ و به سه‌ر ویلایه‌ته‌كانی كارۆلاینای باكوور و جۆرجیا و ئه‌له‌باما و فلۆریدادا تێده‌په‌ڕێ و ده‌ڕژێته كه‌نداوی مه‌كسیكه‌وه. ئه‌م ناوچه‌یه ڕۆژگارێك چێرۆكى ناویان نابوو “خاكى دڵگیر”. به پێى یاساکانی حکوومەتی فیدراڵیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە دانی نابوو بە شەرعییەتی ئەم گەل و وڵاتەدا، نه‌ده‌بوو سپیپێستهكان بچنه ناو خاك و وڵاتى چێرۆکییهوه، به‌ڵام به زۆریى ئه‌مه‌یان پشتگوێ ده‌خرا. پایته‌ختى چێرۆکی له نیو ئێكۆتا كێشه‌ى بۆ ویلایه‌تى جۆرجیا دروستكردووه به هۆى ڕێكه‌وتننامه‌ى ساڵى 1802 له گه‌ڵ حکوومەتى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كاندا بۆ ڕاگواستن و ده‌رپه‌ڕاندنى چێرۆکییهكان له‌و سنووره‌دا و دوورخستنەوەیان بۆ شوێنێک لە ڕۆژاوا کە تەرخانیان کردبوو بۆ نیشتەجێبوونی گەل و خێڵە جۆراوجۆرەکانی ئەوانە کە ناویان لێنابوون “هندییە سوورەکانred Indians ” و بە خاکی هندییەکان ناوزەدیان کردبوو. ناوى ئه‌م شاره‌ى ئێستا، کە نزیکی نیو ئیکۆتای پایتەختە کۆنەکەی گەل و وڵاتی چێرۆکی بوو، ده‌گەڕێته‌وه بۆ ڕۆزوێڵ كینگ، كه ده‌وڵه‌مه‌ندێكى سپیپێستی ناوچه‌كه بووه و ساڵى 1838 یه‌كه‌م كارگه‌ى لۆكه‌ى لێره دامه‌زراندووه و ماڵى كرێكارى كارگه‌كه و بازرگانى تر‌ى تێهاتووه و ورده ورده خانووبه‌ره، كه‌نیسه، بازاڕ و قوتابخانه‌ى تێدا كراوه‌ته‌وه و گه‌شه‌ى كردووه.
كاتی خۆی و له ساڵی 1540 به‌ملاوه وڵاتی چێرۆکی له ڕووباری ئۆهایۆوه له باكوور درێژ ده‌بووەوە تا ئه‌م ڕووباره‌ی چاتاهووچی و خەڵکی ئەمریکی بە چاراهووچی گۆی دەکەن، كه ئێستا له ویلایه‌تی جۆرجیایه له باشوور و ته‌واوی دۆڵی ته‌نه‌سی و زنجیره چیای سمۆكیی گه‌وره و هه‌ردوو ویلایه‌تی كارۆلاینای باكوور و کارۆلاینای باشوورى ئه‌مڕۆی ده‌گرته‌وه. ئه‌م گه‌وره خێڵه‌ی چێرۆکی به‌رده‌وام له شه‌ڕدا بوون له گه‌ڵ خێڵه هندییه‌كانی تری ده‌وروبه‌ریاندا، وه‌ك كریك و چۆكتاو. هه‌روه‌ها له ململانێى ئینگلیز و فه‌ره‌نسییه‌كاندا دابوویانه پاڵ ئینگلیز و ساڵی 1812 ش دایانه پاڵ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان، کە ئەو دەمە تەنها سیانزە ویلایەت بوو لە قۆڵی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکادا، له ژێر ئاڵای ئه‌ندرو جاكسۆنداAndrew Jackson و ئه‌گه‌ر ئه‌مان نه‌بوونایه ئه‌وه تۆماهۆكێكی خێڵى كریك سه‌ری جاكسۆنی له‌ت ده‌كرد (تۆماهۆك چه‌كێكی كۆنی كاریگه‌ری هندییه سووره‌كان بوو له شێوه‌ی تەور یان پاچێكی زل و قه‌به‌دا و ئێستا بووه به ناوی مووشه‌كێكی پێشكه‌وتووی ئه‌مه‌ریكا). كه‌چی هه‌ر ئه‌م جاكسۆنه پاش ئه‌وه‌ی ساڵى 1830 بوو به سه‌رۆكی حه‌وته‌می ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پشتی تێكردن و به ده‌ردێكی زۆر خراپی بردن. سپیپێسته ئەوروپییەکان کاتێ کە لە وڵاتانی ئەوروپاوە کۆچیان دەکرد به زۆری له كه‌نار ده‌ریای ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوای كیشوه‌رى به‌رینی ئه‌مه‌ریكادا هه‌واریان ده‌خست و نیشتەجێ و شاریان دروست ده‌كرد و ئیتر تا دووسه‌د پێش ئێستا شوێنه‌كانی ناوه‌وه‌ی کیشوەرەکە به زۆری كه‌س پەیی پێ نه‌ده‌برد و زیاتر خێڵه ڕەسەنە هندییه‌كانی تێدا ده‌ژیان، ئه‌گه‌رچی ڕاوكردن و قڕتێخستنیان هه‌ر به‌رده‌وام بوو و كه شه‌پۆلی كۆچی سپی‌پێست زیادی ده‌كرد فشاری زیاتر ده‌كه‌وته سه‌ر ئه‌مان. مۆركی ویلایه‌ته‌كانى كه‌نار زه‌ریا یان ئۆقیانووسی پاسیفیک لە ڕۆژئاوا زیاتر ئیسپانی و پورتوگالی بوو چونكه ماوه‌یه‌كى زۆر كۆڵۆنیى ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته بوون، به‌ڵام ویلایه‌ته‌كانی كه‌نار ئۆقیانووسی ئه‌تڵه‌نتیك زیاتر مۆركی ئینگلیز و فه‌ره‌نسای پێوه دیار بوو. هه‌ڵبه‌ت سیانزه ویلایه‌ته‌كه‌ش كه ناوكی پێكهێنانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان بوو له كه‌ناری ئۆقیانووسی ئهتڵهنتیكهوه ده‌ستی پێكرد و پاشان به‌ره‌به‌ره ناوچه و هه‌رێمی تری ئه‌مه‌ریكا بوون به ویلایه‌ت و خرانه سه‌ر ئه‌مانی تر.
ئه‌و ساڵانه ئێمه له ڕۆزوێڵی نیشته‌جێ دێرینه‌كه‌ی خێڵی چێرۆکی جێگیر بووین، هیچ ئاسه‌وارێكی ئه‌وتۆی ئه‌و گه‌له‌ی تێدا نه‌مابوو، ته‌نها ناوی ڕووباری چاراهووچی وه‌ك خۆی مابۆوه و له سه‌ر ئه‌و ڕووباره‌ش بوارێك هه‌بوو له زه‌مانی پێش ته‌كنیكی پرد دروستكردندا خه‌ڵك لێى په‌ڕیونه‌ته‌وه و ئه‌مه‌ش به ناوی ویلیۆى ناوداری ئه‌و خێڵه‌وه بووه و تا ئێستاش ئه‌و ناوه ماوه. بهنكێك هه‌یه به ناوی ئێتاوا واته بورجی به‌رز به‌و زمانه و چێشتخانه‌یه‌كیش به ناوی چێرۆکییهوه هەبوو، هەروەها چەند شوێنێکی تریش کە ئاسەوار و ناوی ئەو گەلە دێرینەی هێشتا هەر پێوە مابوو. له كتێبخانهكانیشدا گه‌لێ سه‌رچاوه‌ی ههمهجۆر هه‌ن له باره‌ى فۆلكلۆر و کو‌لتوور و ئه‌فسانه و مێژووى ئه‌و گه‌له‌وه. ئه‌وه‌ی سه‌ره‌نج ده‌درێ تا ئێستاش گه‌لێ ناوی شوێن و شار و شاخ و ڕووبار و چەم هه‌ر پاشماوه‌ی سه‌رده‌می هندییه سووره‌كانن و سه‌رباری تواندنه‌وه و قڕكردنیان وه‌ك تهعریبهكهی لای خۆمانی پێ نه‌كرا و ناوەکانین نەگۆڕین. گه‌لێ ناوی دیاری وه‌ك ویلایه‌تی ته‌نه‌سی Tennessee و شاری چهتهنووگا Chattanooga و شاری تهلههاسی Talahassee و دەیان ناوی تری شوێن و شار و گوند و شتی تر هه‌روه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه و ده‌سكاری نه‌كراون، ئەگەرچی خەڵکە ڕەسەنەکەش نەماون و لەناوچوون.
تا ساڵانی سییەكانی سه‌ده‌ی نۆزده‌ش چێرۆکی له‌و وڵاته‌ی خۆیدا كه پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كرد هه‌رچۆنێك بوو گوزه‌رانیان ده‌كرد و خەریکی ئاژه‌ڵداری و كشتوكاڵ بوون به‌تایبه‌تی چاندنی گه‌نمه‌شامی و ڕاوكردن بوون، بەتایبەتی ڕاوی گامێشە کێوی و كه‌متر سپیپێستە ئەوروپییە کۆچبەرەکان فشاریان بۆ ده‌هێنان. به‌ڵام له‌و ده‌مه به‌دواوه به‌ڵا و نه‌گبه‌تییه‌كی نوێ ڕووی تێكردن و ساڵى 1828 ئاڵتوون له خاكه‌كه‌یاندا دۆزرایه‌وه. ئه‌و شوێنه‌ی كه كانه ئالتوونهكهی لێدۆزرابووهوه ناوی دههڵۆنیگا Dahlonega بوو، كه نزیكه‌ی سه‌عاتێكی سه‌یاره له ئێمه‌وه دوور بوو. هەمان ئەم بارودۆخە لە کالیفۆرنیاش، لە ڕۆژئاوای ئەمریکا ڕوویدا و دۆزینەوەی زێڕ بوو بە هۆی تەنگ پێهەڵچنین و لەناوبردنیان. ئه‌م دههڵۆنێگایه (كه ناوه‌كه‌شی هه‌ر هی ئه‌و سەردەمەی خێڵە هندییەکانە) ئێستا شارێكه و ده‌كه‌وێته لای باكووری ده‌ریاچه‌یه‌كه‌وه پێیده‌وترێت لێنییر Lake Laneir كه ئێستا سه‌یرانگایه و جارێكیان منداڵه‌كانی منیش له گه‌شتی وه‌رزی هاوینی قوتابخانەكهیاندا برابوونه شوێنی ئه‌و كانه ئاڵتوونه و له كه‌ناری ده‌ریاچه‌كه لمیان پێ بێژابوونهوه و به ئه‌ندازه‌ى ده‌نكه لمێكى بچووك ئاڵتوونیان دۆزیبۆوه و وه‌ك یادگار له شووشه‌یه‌كى بچووكى ئاودا هه‌ڵیانگرتبوو. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و كانه ئیستا له ڕووی ئابووری و بازرگانییه‌وه بایه‌خێكی نه‌ماوه و له‌و ده‌مه‌وه هه‌موو ئاڵتوونهكهیان ده‌رهێناوه و ئێستا ته‌نها وه‌ك شوێنێكی گه‌شتوگوزاری مێژوویی ته‌ماشا ده‌كرێت.
ئه‌و ده‌مه كه هه‌واڵی دۆزینه‌وه‌ی ئاڵتوون له‌و شوێنه‌دا بڵاوبووه‌وه ئیتر خه‌ڵكی سپی‌پێست به لێشاو ڕوویانكرده وڵاتی چێرۆکی و به زۆر و به خوایشت جێی خۆیان ده‌كرده‌وه و زه‌ویوزاریان بە ناو ده‌كڕی یان زیاتر بە پشتیوانی حکوومەتی فیدراڵیی ئەمریکی زەوتیان دەکرد و تا دەهات پتر ته‌نگیان به خێڵه هندییه‌كان هه‌ڵده‌چنی. من له كتێبێكی مێژووی ڕۆزوێڵدا خوێندمه‌وه كه‌وا سپێپێستهكان له هه‌موو لایه‌كه‌وه به پاپۆڕ له كه‌ناری باشووری ڕۆژهه‌ڵاته‌وه له ویلایه‌تی جۆرجیا و به تایبه‌تى له به‌نده‌ری ساڤاناSavana له‌نگه‌ریان ده‌گرت و له‌وێوه ده‌هاتنه شاری ئه‌تڵه‌نتا و پاشان هه‌نگاو به هه‌نگاو به‌ره‌و ژوور ده‌بوونه‌وه و ده‌بوو له‌م گه‌شته‌یاندا له ڕووباری چاراهووچی بپه‌ڕنه‌وه و په‌ڕاندنه‌وه‌ی عه‌ره‌بانه و هێستر و ئاژه‌ڵ و ڕه‌شه‌وڵاخ و ماڵی ئه‌م كۆچبه‌رانه بوو به بازرگانییه‌كی باش بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاش و بواریان هه‌بوو له سه‌ر ئه‌و ڕووباره و چه‌ند قات زیادی كردبوو (واتە ئاش یان ئاسیا‌و و شوێنی تەنکاوی پەڕینەوە لەو ڕووبارە) . هه‌ڵبه‌ت ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ده‌ڕژانه ئه‌وێ هه‌ر ته‌نها بۆ ئه‌و كانه نه‌ده‌چوون به‌ڵكوو به‌نیازی دۆزینەوەی كانە زێڕی تریش بوون و هه‌روه‌ها ته‌ماحیان كردبووه زه‌وی و زاری بهپیتیشیان. ساڵی 1830، وه‌ك پێشتر باسم كرد، ئه‌ندرو جاكسۆن بوو به سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و پشتگیریی سپیپێستهكانی كرد و خێڵه هندییه‌كانی ناچاری كۆچ و ڕاگواستن كرد به‌ره‌و ڕۆژئاوا و مه‌سه‌له‌كه‌یان له سه‌ر كردن به یاسا و چه‌كدار و سه‌رباز ده‌یانگرتن و ڕاپێچی ئۆردووگای تایبه‌تیان ده‌كردن و له‌وێشه‌وه له ڕێگای ئاوی ڕووبار و وشكاییه‌وه به ڕێگایه‌كی دوورودرێژی زیاتر هه‌زار و پێنجسه‌د كیلۆمه‌تردا ڕه‌وانه‌ی “هه‌رێمی هندییەکانیان” لەو شوێن و خاکەی کە ئێستا بووە بە ویلایەتی ئۆكڵاهۆما. ئه‌م كاره‌ساته له ساڵانی 1838- 1839دا به‌رپاكرا و نزیكه‌ی شانزه هه‌زار كه‌سیان لە خێڵی چێرۆکی گرت و پاش بەندکردنیان، تاقم تاقم به پیاده‌ڕۆیی و هەندێک بە عەرەبانە و بەسەر پشتی وڵاخ بە ناچاری و زۆرەملێ ئه‌و گه‌شته دووره‌یان پێكردن و دوا تاقمی ئاواره‌كان له ساڵی 1839دا گه‌یشتنه ئۆكڵاهۆما و نزیكه‌ی چوار هه‌زاریان له ڕێگا گیانیان له‌ده‌ستدا، كه زۆربه‌یان ژن و منداڵ بوون و به‌درێژایی ئه‌و ڕێگا دووره زنجیره‌یه‌ك گۆڕ به‌مبه‌ر و بهوبهریدا ته‌رمی ئه‌و خه‌ڵكه كارهساتبارهیان شارده‌وه کە شایه‌تی زوڵمێكی سامناكه له مێژوودا. ئه‌م ڕێڕه‌وه به كاروانی فرمێسك Trial of Tears ناوده‌برێ له مێژوودا. ئەم دۆخە تراجیدییە بۆ خێڵەکانی تریش تا ساڵی ١٨٥٠ی خایاند. ئه‌وانه‌ی كه له ده‌ست مه‌رگ ڕزگاریان بوو له هەرێمی هندییەکان لە ئۆكڵاهۆما نیشته‌جێبوون و به كاری ئاژه‌ڵداری و كشتوكاڵه‌وه خه‌ریك بوون به‌ڵام دواتر لێره‌ش نه‌یانهێشت به ئاسووده‌یی دانیشن و دیسانه‌وه زه‌وی و زاریان لێ داگیركردنه‌وه و هه‌رچی گامێشه كێوی بوو ڕاویان کردن و قڕیان تێخستن چونكه سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی خۆراكی ئه‌م خێڵانه بوون، بۆ ئەوەی خواردیان دەست نەکەوێ و لەبرسا بمرن. له كاره‌ساتی قڕكردن و په‌رته‌وازه كردنى چێرۆکیدا نزیكه‌ی هه‌زار كه‌سێكیان “به‌خت” یاوەریان بوو و له ڕاپێچكرنهكه ده‌ربازبوون به هۆی خۆشاردنه‌وه یان لێبووردنی تایبه‌تی و دایانه چیاكانی سمۆكی گه‌وره‌دا وGreat Smoky و دواتر بوون به بناغه‌ی عەشیرەت یان باندی ڕۆژهه‌ڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکان. ئێستا له پاش نزیکەی دووسەد ساڵ نه‌وه‌ی ئه‌وانه له ویلایه‌تی كارۆلاینای باكوور مۆڵگەی پارێزگاری‌یان (محمیةreservation ) بۆ كراوه‌ته‌وه و تێیاندا ژیانی نه‌ریتپارێزی و خێڵه‌كیی خۆیان ده‌به‌نه‌سه‌ر و زۆر تێكه‌ڵی خه‌ڵكی تری کۆمەڵگەی ئەمریکی نابن و له سه‌رانسه‌ری ئه‌و وڵاته‌دا ژیانی ئه‌و خه‌ڵكه ڕهسهنەی کە لە مەرگەساتی کۆچ پێکردنە و لەناوبردن دەربازبوون هاتووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی له چه‌ند مۆڵگەیەكی پارێزگاریی تایبه‌تدا گوزه‌ران بكه‌ن و تا ئێستاش داب و ده‌ستووری خێڵه‌كیی خۆیان پاراستووه و ده‌ڵێن گوایه نوێنه‌ریشیان له كۆنگرێسدا هه‌یه.
سه‌یر ئه‌وه‌یه ئه‌م خێڵ و گەلە ڕه‌سه‌نه به‌ناو هیندییانه‌ی كیشوه‌ری ئه‌مه‌ریكای باشوور و ناوه‌ڕاست و مه‌كسیك به‌و ده‌رده نه‌چوون وه‌ك ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان و کەنەدا، بەڵکوو ئه‌و وڵاتانه‌ی له سه‌ره‌تاوه بوون به کۆڵۆنی و ژێرده‌سته‌ی پورتوگاڵ و ئیسپانیا ئاوێته‌بوونێكی به‌رچاو له نێوان خه‌ڵكه ئه‌وروپایی و خێڵه ڕه‌سه‌نه‌كاندا دروستبووە، به جۆرێك وا هه‌ست ده‌كه‌یت خه‌ڵكه ڕه‌سه‌نه‌كه بارودۆخیان له ژیانى ساكار و سه‌ره‌تاییه‌وه به‌ره‌و شارستانییه‌ت په‌ره‌یسه‌ند و فه‌رهه‌نگ و كولتوور و زمانی ئیسپانی و لە حالەتی بەرازیلدا پورتوگالی باڵاده‌ست بوو تێیاندا و زیاتر ئامێزی بۆ ئه‌و ئاسیمیلە و ئاوێته‌بوونه كرده‌وه. جارێكیان له دوورگەی گوام، کە هەرێمێکی بندەستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بوو لە ئۆقیانووسی پاسیفیکدا و یەکەم وێستگەی ئێمە بوو لە کۆچکردنمان بۆ ئەمریکا، مامۆستایه‌كی زانكۆ موحازه‌ره‌یه‌كی پێداین له سه‌ر پێكهاته و مێژووی ئه‌مه‌ریكا و زۆر ڕاشكاوانه پێی لێنا و وتی: “نه‌نگترین و شه‌رمه‌زارترین مێژوومان هه‌یه له بواری مامه‌ڵه‌كردنمان له گه‌ڵ خێڵه ڕه‌سه‌نه‌كانی ئه‌مه‌ریكادا”!.
دەگێڕنەوە کەوا لە سەرەتای کۆچی سپیپێستە ئەوروپییەکانەوە بۆ ئەم خاکە بەپیتەی ئەمریکا هۆڵەندییەکان لە ناوچەی مانهاتن و نیویۆرکی ئێستا دەگیرسێنەوە و ناوی نیوئەمستردامی لێدەنێن و سەرەتا دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکە کە خێڵە هندییەکان بوون بە پێی نەریتی خێڵەکییان پێشوازی و میواندارییان دەکەن و قەل و گامێشی کێوییان بۆ سەردەبڕن و ئەم میوانە نیشتەجێ نوێیانە سەرەتا دۆستانە لەگەڵ خێڵە ڕەسەنەکاندا دەژین و وردە وردە دام و دەزگای دەوڵەت وەک کارگێڕی و دادگا و دامەزراوەکانی تر لە سەر شێوازی وڵاتە ئەوروپییەکانی خۆیان دروست دەکەن و پاشان بە فڕوفێڵ ڕێککەوتنیان لەگەڵ کردوون و تەواوی ناوچەی نیویۆرک و نیمچە دوورگەی مانهاتنی نزیکیان لێ کڕیون بە نرخێک کە یەکسان بووە بە بیست و چوار دۆلار و هەندێک متومووروو بۆ سەرۆک خێڵە دڵپاکەکانیان بەو پێیەی کە ئەوان بە خوایشتی خۆیان لەو ناوچانەدا ڕاو بکەن و ئەمانیش لە چەند شوێنێکی بەپیت کشتوکال بکەن و کارگە و پیشەسازیی خۆیانی لەسەر دامەزرێنن و پێیان گوتبوون با لەو دادگایەدا کە خۆیان داینمەزراندبوو بەڵێننامەیەک ئیمزا بکەین. خێڵە هندییەکانیش دەسبەجێ و بە نیازی پاک و بێمەبەستەوە ئیمزایان کردبوو، چونکە لە فەرهەنگی ئەواندا خاوەندارێتیی تایبەت نەبووە بۆ زەوی و ئاسمان و ئاوی ڕووبار و دەریاکان و سەرپاکی ئەوانە مڵکی گشتی بوون و بۆ خۆیان ڕاوی ئاژەڵ و باڵندەی کێوییان کردووە و بەری ڕووەک و داریش هی هەمووان بووە و ئەگەر گەنمە شامیشیان چاندبێت بەروبوومەکەی بۆ هەمووان بووە. دواتر پاش ساڵانێک کەوا کۆچبەرە ئەوروپییەکان دامەزراون و دەزگاکانی ئیدارەیان بەهێز کردووە و بوون بە خاوەنی سەرمایەی خۆیان، ئیتر کەوتوونەتە شەڕفرۆشتن بە خێڵە ڕەسەنەکان و تەنگیان پێهەڵچنیون کە چیتر ناتوانن لە فڵان و فیسار شوێندا ڕاو یان کشتوکاڵ بکەن چونکە مڵکی ئەوانە و ئەوە بەڵێننامەی یاسایی مۆرکراوی نێوانیشیانە و ئەمان بە چەکی مۆدێرنی ئەروروپی و ئەوانیش بە تیر و کەوان و باشترین چەکیشیان پاچ یان تەوری تۆماهۆک بووە، کە سەرەڕای جەنگ کردن و گیانفیداییان بەڵام شتێکی ئەوتۆیان بەرانبەر کۆچبەری سپیپێستی چاوچنۆک پێنەکراوە و ئەنجام زۆربەیان بەرەو ناوچە بیابان و دوورەدەستەکانی ناوەوەی ئەمریکا ڕاگوێزران و لەو کاتەدا و دواتریش لە دڵڕەقترین و نامرۆڤانەترین پرۆسەی درێژخایەنی جینۆسایددا لەناوبران و ئەوانی کە بە هەر هۆکارێک ماونەتەوە لە مۆڵگەی تایبەتدا نیشتەجێ کراون (محمیات) کە تێیاندا فەرهەنگ و نەریتی خۆیان دەپارێزن و بە کەمی تێکەڵی کۆمەڵگەی ئەمریکی دەبن.
ئێستا لە جەژنی سوپاسگوزاریدا thanksgiving کە ساڵانە لە مانگی نۆڤەمبەردا لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و لە ئێوارەی ئەو جەژنەدا ملیۆنان قەل (عەلەشیش)ی تێدا لێدەنرێت وەک نەریتێکی کۆنی ئەو سەردەمەی مێژوو کە تێیدا کۆچبەرە مەسیحییە پرۆتستانتەکان لە دەست ستەمکاریی مەسیحییە کاسۆلیکەکان لە ئەوروپاوە هەڵاتوون و ڕوویان لەم کیشوەرە بەرفراوانە کردووە و لێرە لەلایەن دانیشتووانە ڕەسەنەکەیەوە پێشوازیی کراون و وەک نەریتێکی ڕێزگرتن لە میوان سفرە و خوانی گۆشتی گاکێوی و قەلیان بۆ ڕازاندوونەتەوە، بەڵام ئەوروپییە کۆچبەرەکان پاش ئەوەی دامەزران شوێنیان بە خەڵکە ڕەسەنەکە لێژ کرد و دواتر زۆربەیان قڕکردن و لە جەژنی سوپاسگوزاری نەریتی قەل خواردنی هندییە سوورەکانیان هێشتەوە بەڵام ئەوانیان لەناوبرد.
شیاوی باسە کەوا حکوومەتی فیدراڵیی ئەمریکا، لە سەردەمی جۆرج واشنتۆنی یەکەم سەرۆکەوە، پێنج خێڵی هندییە سوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکای بە “پێنج خێڵە بەشارستانیبووەکە Five Civilized Tribes” ناوزەد کردبوو و ئەوانیش خێڵەکانی چیرۆکی، چۆکتاو، چیکاسۆ، کریک، سێمینۆڵ بوون، کەچی سەرەڕای ئەوەش دەستیان لێ نەپاراستن و هەموویان ماوەی سەدان کیلۆمەتر بۆ ناوەوەی ئەمریکا ڕاگواستن و لە ئەنجامی کوشتنی ڕاستەوخۆ و بەرکەوتنی سەرمای سەخت و گەرما و نەخۆشی و بڕینی سەرچاوەی بژێوی و گەلی هۆکاری تر لەناویانبردن. سەبارەت بە ناوی “هندییە سوورەکان”، ئەو گەل و خێڵانە دانیشتووی ڕەسەنی هەردوو کیشوەری ئەمریکا بوون لە چەندین هەزار ساڵەوە و کو‌لتوور و نەریتی تایبەتی ژیانی خۆیان هەبووە. کاتێ کۆڵۆمبس لە ساڵی ١٤٩٢دا بە کەشتییەکەی ئۆقیانووسی ئەتڵەنتیک دەبڕێت و ڕێی لەم کیشوەرە دەکەوێت وا دەزانێت کە ئێرە بەشێکە لە هندستان و خەڵکە ڕەسەن و نیشتەجێکەی بە هندی تێدەگات و لەوە بەدواوە ئەوروپییە سپیپێستەکان کە بە لێشاو ڕوویان لەم کیشوەرە کرد هەر ئەم ناوەیان هێشتەوە پاش ئەوەی کە بۆیان ئاشکرابوو کە ئەمانە نە هندین و نە خەڵکی هندستانیشن و لە ئەدەبیاتی دواتریان و تا ئێستاش هەر ئەم ناوە بەکاردەهێنن و بە هۆی ڕەنگی پێستیانەوە ناوی “هندییە سوورەکان”یان بەسەر هەموو گەل و خێڵە ڕەسەنەکانی ئەم دوو کیشوەرەدا بڕیوە.
مێژوو باس لەوە دەکات کە وڵاتی چێرۆکی Cherokee Nation یەکەمجار لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەدا دامەزرا و لە بەشی ڕۆژئاوای چیاکانی ئەپەلاشیا و سمۆکیی گەورەوە دەیگرتەوە تا ویلایەتەکانی ئێستای هەردوو کارۆلاینای باکوور و باشوور و جۆرجیا و بەشی ڕۆژهەلاتی تەنەسی و وەک وڵاتی چێرۆکی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵیی ئەمریکییەوە دانپیانانی دەستەبەر کردبوو، بەڵام پاش ڕاگواستنیان بۆ ‘هەرێمی هندییەکان’ لە ڕۆژئاوای ڕووباری میسیسیپییەوە و لە شوێنی ئێستای ویلایەتی ئۆکڵاهۆمادا لە ساڵانی ١٨٣٠کان بەدواوە وڵاتی دووەمی چێرۆکییان بۆ دامەزراندن و ئەوەی ئێستا لەوێ و لە سیاسەتی قڕکردن و لەناوبردن ماوەتەوە نزیکەی ٤٥٠ هەزارن و لە هەرێمـێکی ویلایەتی ناوبراودا نیشتەجێن و کولتووری خێڵەکیی کۆنی خۆیان پاراستووە.
مۆنۆمێنتی یادەوەریی “کاروانی فرمێسک” – ئەمریکا – نێوان هەردوو ویلایەتی
ئەلەباما و تەنەسی
“بەشی دووەم؛ کەنەدا”
هاوینی ساڵی ٢٠١٤ ڕێکخراوی شارەزایانی جینۆسایدی جیهانی International Association of Genocide Scholars (IAGS) کۆنفرانسی ساڵانەی خۆی (کە ئێستا بووەتە دوو ساڵ جارێ) لە شاری وینیپیگی کەنەدا سازدا و منیش لەگەڵ چەند برادەرێکی کوردی بایەخدەر بە مەسەلەی جینۆسایددا، بانگهێشتی ئەو کۆنفرانسە کرابووم و لەوێ توێژینەوەیەکم بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد بە ناونیشانی “ئەنفال وەک جینۆسایدی کورد” و خانمێکی کوردی دانیشتووی کەنەداش بە ناوی گولستان ئەبوزەید باسێکی لە سەر جینۆسایدی کورد پێشکەش کرد بە ناونیشانی “چاو داخستن لە جینۆسایدی کورد” و برادەرانی تریش گەلێ کەرەستە و بڵاوکراوەیان لە سەر جینۆسایدی کورد لە پێشانگەیەکدا نمایش کرد لەپاڵ لۆبیکردندا بۆ ئەم بوارە. ڕێکخراوی شارەزایانی جینۆساید ناحکوومییە و هەر جارە و کۆنفرانسەکانی لەگەڵ زانکۆیەکی ئەو وڵاتەدا سازدەدا کە کۆنفرانسەکەی تێدا دەبەسترێت و ماوەی پێنج ڕۆژ دەخایەنێت و چەندین باسی بەنرخی جینۆسایدی جیهانی تێدا پێشکەش دەکرێت لەو ماوەیەدا و بێگومان ئەو باس و لێکۆڵینەوانە گفتوگۆی زۆریش لەخۆ دەگرن و دۆکۆمێنت دەکرێن و ڕێکخراوەکە پێگەیەکی بەرزی نێودەوڵەتیی هەیە. بۆ ئەو ساڵە کۆنفرانسەکە بە هەماهەنگی و هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی مانیتۆبادا لە شاری وینیپیگ ئەنجامدرا، کە دەکەوێتە بەشی باشووری ناوەڕاستی کەنەداوە و پایتەختی ویلایەت یان هەرێمی مانیتۆبای وڵاتی کەنەدایە. ئەم ڕێکخراوە بە عادەت کۆنفرانسەکانی خۆی لەو وڵات و هەرێم و شارانەدا دەبەستێ کە پێشتر جینۆسایدی تێدا ئەنجامدراوە، وەک هێمایەکی مۆراڵی بۆ ڕەتکردنەوە و بەرهەڵستی کردنی جینۆساید لە ئاستی جیهاندا و دانانی بەربەستێک بۆی. شاری وینییپیک و ئەم هەرێمی مانیتۆبایەش مەڵبەندی هەوڵدان بۆ لەناوبردنی یەکێک لەو شەش گەلە ڕەسەنەی کەنەدا و باکووری ئەمریکا بووە بە ناوی ساگکینگSagkeeng ، (واتە دەمی ڕووبار بە زمانی ئەم گەلە) لەسەر دەستی کۆڵۆنیالیستە ئەوروپییەکان و بەتایبەتی بەریتانی و فەرەنسییەکان بە درێژایی سەدەکانی هەژدە و نۆزدە و بیست و بە هاوکاریی کەنیسەی مەسیحی بە ڕێبازە جیاجیاکانیەوە.
لێرەش خەڵکە ڕەسەنەکەی وڵاتەکە وەک ئەودوای نەیتیڤ یان گەلە ڕەسەنەکانی هەردوو کیشوەری ئەمریکا نەریتیان وابوو کە زیاتر لەسەر ڕاوە ماسی و ڕاوی ئاژەڵی کیوی بژین و بە تایبەتی گامێشی کێوی، کە ئەم جۆرەیان هەندێ جیاوازیی لەگەڵ گامێشی لای خۆمان هەیە کە پتر حەزی لە ئاوە و ئەمانی کیشوەری ئەمریکا و بەتایبەتی باکووری کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و کەنەدا دەگرێتەوە گامێش و گای ئەمریکیشی پێدەوترێت (buffalo, bison) کە بەشی پێشەوەی پشتی و سینگی پان و تووکنە و سەرچاوەی سەرەکیی بژێوی و گوزەرانی گەلان و خێڵەکانی ‘هندییە سوورەکان’ بووە و شیر و گۆشتەکەیان وەک خۆراک و پێست و تووکەکەشیان بۆ پۆشاک و ماڵ و خێوەت بەکارهێناوە، کە شێوەیەکی قووچەکی هەیە و بە زمانی خۆیان تەپیی tapee پێدەڵێن. ئەوان تەنانەت سوودیان لە شاخەکانی ئەم گا کێوییانە دەبینی بۆ مەبەستی ئایینی و جوانکاری. لەم سۆنگەیەوە بۆ سپیپێستە ئەوروپییە داگیرکەرەکان ڕاوکردن و قڕکردنی گامێشی کێوی باشترین هۆکار بووە بۆ لەناوبردنی خێڵە هندییەکان و دەستگرتنی تەواو بەسەر خاکی وڵاتەکەدا. مەزەندەی ئەوە هەیە کە لە نێوان ٢٥ – ٣٠ ملیۆن لەم گامێشانە لە سەدەی شانزەدا لە کیشوەری ئەمریکای باکووردا هەبووە و هەندێ مەزەندەش دەیگەیەنێتە ٥٠ ملیۆن. لەبەر ئەوە تا کۆتایی ساڵانی ١٨٧٠کان زۆربەی ئەم گامێشانە لەلایەن سپیپێستەکان و خێڵە ڕەسەنەکان خۆیانەوە ڕاوکران، ئەوانی کە لە پێدەشتەکاندا دەژیان و بە نرخێکی باش پێستەکانیان لێدەکڕین و بێئاگابوون لەوەی مەبەستی سەرەکیی سپیپێستەکان وشککردنی سەرچاوەی خۆراک و پێداویستیی تری ئەوان بوو بۆ ئەوەی لەبرسا بمرن و لەناوبچن.
هۆکارێکی تری لاوازکردن و قڕکردنی ئەم گەلە ڕەسەنانە، پەیڕەویکردنی سیستەمی قوتابخانەی بەشە ناوخۆییەکەن residential school بوو، کە بە ناو بۆ پێخوێندنی منداڵانی ئەو خێڵ یان گەلە ڕەسەنانە بە زۆر و زۆرداری لە خێزانەکانیان دادەبڕاندن و لەم قوتابخانانەدا دەبوو فێری خوێندەواری و کولتووری شارستانیی ڕۆژاوایی ببن و کەنیسەی مەسیحی و مسیۆنێرەکانیش بە زۆرەملێ دەیانکردن بە مەسیحی و وازیان پێدەهێنان لە نەریت و کو‌لتوور و ئایینی خۆیان. هەروەها دەخرانە بەر کاری تاقەت پڕووکێن کە نەدەگونجا لەگەڵ تەمەنیان و بەردەوام دەیانخستنە ژێر ئازاردانی جەستەیی و دەروونی و سووکایەتی پێکردن و تەنانەت دەستدرێژیی سێکسیش و ڕێگەیان نەدەدا بچنەوە لای کەسوکاریان لە پشووەکانیشدا و جاری وا بووە بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە دایک و باوک و کۆمەڵگەی خۆیان دایانبڕیون بۆ ئەوەی کولتووری خۆیان بیربچێتەوە و تێکەڵ بە کو‌لتوور و شارستانیی ڕۆژئاوایی ببن. لە بەر ئەوە زۆرێکیان تووشی تراوما و نەخۆشیی دەروونی دەبوون و خۆیان دەکوشت یان پەتا و نەخۆشی تیایاندا بڵاو دەبووەوە و لەبەر بێ چارەسەری و گەلێ جاریش برسێتی و سەرما و گەرمای لەتاقەت بەدەر دەمردن و بە نهێنی دەنێژران بێ هیچ نیشانەیەک لەسەر گۆڕەکانیان و مەسەلەکەشیان لە خێزانەکانیان دەشاردەوە. ئەوانەشیان کە دەمانەوە و دواجار ڕێگەیان پێدەدان بچنەوە لای کەسوکاریان گەلێکیان وایان لێهاتبوو تازە لە کەڵک کەوتبوون و ئالوودەی بەدمەستی و بەنگکێشی و چەندین جۆر نەخۆشیی جەستەیی و دەروونی بووبوون. دەسەڵاتداران و کەنیسە لەم جۆرە قوتابخانانەیان زۆر کردبووەوە بۆ ئەو منداڵانە و لە ماوەی سەدەی نۆزدە و بەشێکی سەدەی بیستدا لە کۆی ١٥٠ هەزار لەو منداڵانە ٣٠ – ٦٠%یان لەناوچوون و تا ئێستاس ژمارەی ڕاستەقینەی لەناوچوونیان نازانرێت.
با بێمەوە لای کۆنفرانسەکەمان، کە هەڵسووڕێنەرانی بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی مانیتۆبا ڕۆژێکیان لە بەیانیی زووەوە تا دواینیوەڕۆیەکی درەنگ بۆمان تەرخانکرد بۆ سەردانی مۆڵگەی پارێزگاریی (محمیة – reservation) گەلی ڕەسەنی ساگکینگ، کە دەکەوتە دووریی نزیکەی ١٢٠ کیلۆمەتری باکووری شاری وینیپیگ و هەموو ئەندامانی کۆنفرانسیان بە پاس گواستەوە بۆ ئەوێ. شایانی باسە ئەم گەلە ڕەسەنە لە ئێستادا نزیکەی هەشت هەزار و ئەوەندەیەکیان لێ ماوەتەوە و لە ناوچەی فۆرت یان قەڵای ئەلیکساندەردا دەژین لە سەر ڕووباری وینیپیگ و لە لای باشووری دەریاچەیەکەوە کە ئەمیش هەر ناوی دەریاچەی وینیپیگە و حکوومەتی ئێستای کەنەدا ڕووبەری نزیکەی ٢٢ هەزار دۆنمی بۆ تەرخان کردوون و نزیکەی ٣٦٠٠ کەسیان لەو مۆڵگە یان مەحمییەدا دەژین و شوێنی نیشتەجێ و قوتابخانەی سەرەتایی و ئامادەیی و دەزگای تەندروستی و ئاسناکاریی تری ژیان و گوزەرانی بۆ دابین کردوون. نزیکەی ٤٥٠٠ کەسیشیان لە دەرەوەی ئەو شوێنە و گوند و شارەکانی دەوروبەردا دەژین. ئێمە لە مەڵبەندێکی تایبەتی کولتووریدا، کە دیسان حکوومەت بۆی دروستکردوون و بریتی بوو لە هۆڵێکی زۆر گەورەی لە تەختەدار دروستکراو و بە کەرەستە و تفاقی نەریتیی گەلی ساگکینگ ڕازێنرابووەوە. لێرە پێشوازییان لێ‌کردین و هەموو سەردانی شوێنەواری قوتابخانەی بەشە ناوخۆییە کۆنەکە و ئەو گۆڕستانەمان کرد کە ژمارەیەک لە منداڵە قوربانییەکانی ئەو مەکتەبە بەدناوەی تێدا نێژرابوو، کەوا هەندێکیان ناو ونیشانی بەسەرەوە بوو و هەندێکیشیان بێ ناونیشان و گۆڕی منداڵی نەناسراو بوون. لە مەڵبەندە کولتوورییەکەدا لەلایەن ئامادەکارانی کۆنفرانس و سەرۆک و کاربەدەستانی مۆڵگەکەوە، کە هەموویان سەر بە گەلی ڕەسەنی ساگکینگ بوون، وتاری بەخێرهاتن درا و باسی ئەو مێژووە ڕەشە کرا کە لە سەدەکانی ڕابوردوودا بەسەریاندا هاتووە و ئێستا ئەم کەمە خەڵکەیان لێ ماوەتەوە. پاشان هەر هەموومان بە شێوەیەکی بازنەیی لە دەوری تەپڵێکی نەریتیی هێجگار گەورەی لە چەرم دروستکراو دانیشتین و سەرۆکی مۆڵگەکە کە دەمسپیی خێڵەکەش بوو لەگەڵ تیمێکی شەش حەوت کەسیی ئەو گەلە ڕەسەنە هەر یەکە و بە کوڵە دارێکی بچووک لێیاندەدا و بە زمانی خۆیان و بە جووڵە و دەنگ و ئاوازێکی تەواو کاریگەر باسی بەسەرهاتی پڕ لە تراجیدیا و مەرگەساتی خۆیان دەکرد. هەڵبەت پێویستی بەوە نەدەکرد کەوا کەس ئەو سۆز و لاواندنەوە کاریگەرەمان بۆ تەرجەمە بکات و هەموو ئەندامانی کۆنفرانسەکە کە هەر یەکە و هەر گرووپەیان لە وڵاتێکەوە هاتبوون و زمانی هاوبەش ئینگلیزی بوو، بەڵام کەس پێویستی بە زمان نەبوو بەڵکوو لە جووڵەی ئەو تیمە و شێوازی لێدانی پێکەوەیی تەپڵە زەبەلاحەکە و ئاوازی لاواندنەکەیان تێدەگەیشتین کە لە ڕابوردوودا چی‌یان بەسەرهاتووە و چ دەرد و سزایەکیان چەشتووە بەدەست داگیرکەری سپیپێستی ئەورووپی و کەنیسەی مەسیحییەوە. ئەوان ئاواز و لەرەی دەنگیان و شێوەی تەپڵ لێدانەکەیان لە فرەڕووەوە لە سۆز و حاڵ لێهاتنی دەروێشی کوردەواریی لای خۆمان دەچوو بە دەوری شێخەکەیدا، بۆیە برادەرەکانی ئێمە بەدەم ئەو تەپڵ لێدان و ئاوازە دڵتەزێنەوە سەریان دەلەقاند و هەندێکیشیان هەر بە ڕاستی جەزبەی پیرانی تەریقەت گرتبوونی و هەر ئەوەی مابوو دەست بکەن بە تیغبازی و هەڵبەزینەوە.
دواتر هەر یەکە و کۆمەڵێک دیاریی نەریتی و سیمبۆڵیی خۆیان پێداین و بۆ نانی نیوەڕۆش خوانێکی ڕازاوەیان بۆ ئامادەکردین کە تێکەڵەیەکی زۆر بەتامی بە قەولی کوردەواریی خۆمان وابزانم حەوت جۆر تەعام بوو. ماوەتەوە بڵێم کە لەم ساڵانەدا سەرۆک وەزیرانی پێشتر و ئێستای کەنەدا و پاپای ڤاتیکان پۆزشیان بۆ گەلانی ڕەسەنی ئەو وڵاتە هێناوەتەوە و بۆ ئەوانەی کە لە دەست ئەو ستەمکارییە بێ مۆراڵ و بێ ئامانە دەرباز بوون کە لە سەدەکانی پێشتردا و تا ساڵانی ئەم نزیکانەش بەسەریان هاتبوو، بەشێکی باشی قەرەبووی مادی و مەعنەوی کراونەتەوە و ئێستا لە کەنەدا بە شێوەیەک ڕەفتاریان لەگەڵ دەکەن کە وەک پاکانەیەکە بۆ ئەو گوناح و تاوانە گەورەیەی لە ڕابوردوودا بەرانبەریان کراوە و ئەوەی کە ئێمە بینیمان لەو خزمەت و ناز هەڵگرتنەی مۆڵگەی پارێزگاریی گەلی ڕەسەنی ساگکینگ لە ناوچەی فۆرت ئەلیکساندەری نزیک شاری وینیپیگ، بەشێک بوو لەو قەرەبووە مادی و ڕۆحییە. بەڵام لە ڕاستیدا ژمارەیەکی زۆر لە تاکەکانی ئەو گەلە ڕەسەنانە بەتەواوی لێبوونەتەوە و سەرباری پاڵپشتیی جۆراوجۆری حکوومەتی کەنەدا کەچی زۆرێک لەوانە ئێستا بەدمەست و شێواوی دەروونین و هیچ کەڵکێکیان نەماوە تەنات بۆ کۆمەڵگەکەی خۆیشیان. بەمەش نیاز و مەبەستی ئەودەمی کۆڵۆنیالیستەکان هاتووەتەدی کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد “هندییەک بکوژە و مرۆڤایەتی ڕزگار دەکەیت”
نایشارمەوە من زۆر لەوە دەترسم لە داهاتوویەکی نزیک یان دووردا ئێمەی کوردیش وەک ئەو خەڵکە ڕەسەن و دڵپاکەمان بەسەر بێت، چونکە گەلێ ماکی هاوبەشمان لەگەڵیان هەیە چ وەک مامەڵەی دەسەڵاتە ملهوڕەکانی دەوروبەرمان و چ وەک ڕەفتار و هەڵسوکەوتی خۆشمان، با سەردەم و ڕۆژگاریشمان جیاواز بێت، چونکە ئەوەی کە لەگەڵمان دەگوزەرێت و ئێمەش لێی بێباکین دەمانخاتە خانەی میللەتە هەڕەشە لەسەرەکانی ئەم جیهانەوە کە ئەگەر هەڕەشەکان بەجیددی و بایەخەوە وەرنەگرین و بە وردی و لۆجیکی ژیرانەوە کاریان لەسەر نەکەین ئەوە بە هیچ جۆرێک ملهوڕی و خۆ گیڤکردنەوە دادمان نادات. بێگومان مێژوو شایەتی فەوتان و لەناوچوونی چەندین نەتەوە و ئیتنیک و زمانە و پێویستە ئێمەش پەندیان لێوەربگرین.
تێبینی: بۆ ئەم باسوخواسە، بێجگە لەوەی کە خۆم تێیدا شایەتحاڵ بووم، بەڵام هەندێ زانیاری و ژمارەی ناو باسەکەم لە سەرچاوەی جۆراوجۆری ئینتەرنێتەوە وەرگرتووە، بەتایبەتی ئەو سەرچاوە و سایتانەی کە بە زمانی ئینگلیزین.
مەڵبەندی کولتووری و نەریتیی گەلی ڕەسەنی ساگکینگ
کەەنەدا – شاری وینیپیگ – ناوچەی فۆرت ئەلیکساندەر – مۆڵگەی پارێزگاریی پاشماوەی گەلی ڕەسەن ساگکینگ