“دەربارەی فیلمی ترومان شۆ”
فیلمی “ترومان شۆ” لە ڕێگەی سیناریۆ بەهێز و سەرنجڕاکێشەکەی “ئەندرۆ نیکۆل” ەوە، کە دەرهێنەری ئوسترالی “پیتەر وای” کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، شاکارێتی خۆی لە جیهانی سینەمادا دەسەلمێنێت. “ترومان بۆربانک” کاراکتەری سەرەکی فیلمەکەیە و پیاوێکی ئاساییە، ئێمە لەسەرەتا یان قۆناغی یەکەمی فیلمەکەوە، بینەری ئەوە دەبین کە چۆن ئەم کاراکتەرە تێدەکۆشێت، تا ئەو باوەڕە لە خۆیدا دروست بکات، هەموو شت ئاساییە و ژیانێکی ئاسایی بەڕێدەکات. لێ ڕاستییەکەی ئەوەیە، بێ ئەوەی ئەم کاراکتەرە خۆی بزانێت، هەر لەسکی دایکییەوە ئەکتەری زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنییە و بەردەوام بە لایڤ پەخشدەکرێت. تەواوی ژیانی دەستکرد و کۆنترۆڵکراوە. “کریستۆف” کە بەرهەمهێنەری خودی ئەو زنجیرەیەیە، ستۆدیۆیەکی گەورەی بەئەندازەی شارێک دروستکردووە و لەڕێگای زیاد لە 5000 کامێراوە، کە لە هەموو شوێنێکی شارەکە (سیهاڤن)دا دانراون، وێنەی ترومان و سات بە ساتی ژیانی ئەو دەگرێت و دەیگوازێتەوە. تەواوی ئەو شارەی ئەوی تێیدا دەژی: ڕۆژ و شەو، خۆر و مانگ، هەور و باران و…هتد. هەموو شت، دروستکراو و دەستکردن. مامۆستاکانی، دراوسێکانی، هاوڕێکانی، تەنانەت ژنەکەشی، پێکڕا هەموو دروستکراون و ئەکتەری ئەو زنجیرە تەلەفیزیۆنیەن، وە لە هەوڵ و خەباتی بێوچاندان تا کاراکتەری ترومان هیچ زانین و ئاگاییەک لە بەرامبەر ئەو دونیا ساختەیەی خۆیدا بە دەست نەهێنێت. هەموو کەس دەزانێت کە دونیای ترومان ستۆدیۆیەکی گەورەیە، ترومان خۆی نەبێت. تا ئەوەی لە کۆتاییەکانی فیلمەکەدا، هەموو شت بۆ ئەم کاراکتەرە ڕوون دەبێتەوە و هوشیار دەبێتەوە لە بەرامبەر ئەو دونیا و ژیانەی کە تێیدا دەژی.
“ترومان شۆ” فیلمێکە دەربارەی سیستەم و کۆمەڵگای سەرمایەداری، وە ئامڕازە زۆرەکانی ئەم سیستەمە و توانای گەورەیان لە چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی ژیانی مرۆڤ. شاری (سیهاڤن) میتافۆڕی ئەم سیستەمەیە، نموونەیەکی تەواو و بێ کەموکوڕییە بۆ بەکاڵاکردنی هەموو شتێک، لەوێدا هەموو شتێک دروستکراو و ساختەیە، تەنانەت خۆرئاوابوون و کەش و هەواش، لە پێناو دەستکەوت و قازانجی مادی و بازرگانی، کۆنترۆڵە و دەستی بەسەردا گیراوە. ئەوە جگە لە دەستێوەردان لە سەربەخۆیی و ئازادی کەسی و بە ئاڕاستە بردنی ئەو سەربەخۆییە، بەرەو ئەو خواست و قازانجەی کە سیستەم دەیەوێت.
“واقیعی ساختە”
لە ڕاستیدا تا ئەو جێگایەی لە فیلمەکەدا، دەست بەسەر هۆشیاری و تێگەیشتنی تروماندا گیراوە، وە ئیرادەی ئازادی لێ زەوت کراوە، ترومان مرۆڤێکی ئاسایی و بێ ئاگایە. کاردانەوەیەکی گرنگ و ئەوتۆی لە بەرامبەر ڕووداو و ڕۆتیناتەکانی دەوروبەرییەوە کە پەیوەستن بە خۆیەوە، نییە. ژیانێکی گشتی و ڕێکخراو، دووبارە، دیسپلین و بێ سەرئێشەی هەیە، ئەو واقیعەی ئەوی تێدا دەژی، واقیعێکی گشتیی ساختە و نمایشییە، دەرهاویشتەی کۆمپانیا و میدیایە، داڕێژراوە تا بەو شێوەیەی دەزگا و دامەزراوە میدیایی و کۆمەڵایەتییەکان دەیانەوێت، دەستکاری هێڵەکانی ئەو واقیعە بکەن، وە تایبەتمەندییەکانی بسڕنەوە و مۆر و دەسەڵاتی خۆیانی بەسەرەوە جێبهێڵن. هەر بۆیە قۆناغی یەکەم و سەرەتایی ئەم فیلمە، جگە لە ڕۆتینات و شتی ڕۆژانەیی و ئاسایی، شتێکی گرنگی ئەوتۆ ڕوو نادات، کەش و هەوا و ڕیتمێکی هێمن، لەسەرەتای فیلمەکەدان. ئەمەش بەو هۆیەوەیە، کە ترومان لەنێو ئاگاییدا نییە، بەڵکو لەو ژینگەیەدایە کە دەسەڵات و میدیا پێیان بەخشیوە. ڕیتمی جێگیرو ئارامی سەرەتای فیلمەکە پەیوەستە بە ئارامیی و بێ ئاگایی ترومانەوە. کاتێکیش ترومان هێدی هێدی گومان دەکات و هۆشیار دەبێتەوە، ڕیتمی جێگیر و هێمنی فیلمەکە دەگۆڕێت، تا گومان، یاخیبوون و توڕەیی ترومان زیاتر بن، تا قووڵتر بچێتە ناو هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی وەڵامەکان، زیاتر لە سروشتی ناڕاستەقینە و واقیعی ساختەی خۆی تێدەگات و گرژییە دەرونییەکانی دەست پێدەکات. بەوەش فیلمەکە گەشە دەسێنێت و ڕووداوەکان دەتەقنەوە و ئاژاوە دروست دەبێت.
دیارە ئەم تەقینەوە و پشێوییەش، لە بەرژەوەندی سیستەم و کۆمپانیا و دام و دەزگاکانی دەوروبەری تروماندا نییە، هەر بۆیە لەگەڵ هەر پشێوییەکی تروماندا، ئەو دەزگایانە زیاتر خۆیان کۆ دەکەنەوە و هێزێکی زیاتر دەدەنەوە خۆیان، تا کاراکتەرەکە لەسنووری دەسەڵاتەکانی خۆیاندا بهێڵنەوە. گومانی تێدا نییە، ئەم ململانێیەش لە نێوان دەزگا گشتییەکانی دەرەوەی ترومان و خودی تروماندا، هەمان ململانێی نێو مۆدێرنە و ژیانی ئەمڕۆیە. هەمان ئەو سیستەمەی نێو فیلمەکە، کە دەیەوێت دەسەڵاتی گشتیی خۆی بەسەر ئیرادە و بونیادی کەسایەتیی تروماندا بسەپێنێت، هەمان سیستەمی نێو مۆدێرنەیە، کە هێزی خۆی لە کۆمپانیا و دام و دەزگا گشتیی و کۆمەڵایەتیەکانەوە وەردەگرێت، وە دەیەوێت جیاوازییەکانی لە نێوان ژیانی گشتیی و تایبەتیمان بسڕێتەوە و سەربەخۆیی و ئیرادەو ئازادیمان له ناوبەرێت. لە ڕاستیدا کێبرکێی گەیشتن بە دەسەڵات و سەپاندنی خودی ئەو دەسەڵاتە، شوناسی ڕاستەقینەی مۆدێرنەیە. بێگومان ئەو خواست و ئارەزووەش لە هەناوی مۆدێرنەدا بە بێ وەهم، فریودان، بیانوو و درۆکانییەوە، بە ئاکام ناگات. هەر بۆیە دەتوانین لە “ترومان شۆ”دا، کە میتافۆڕی دونیای ئێستایە، “کریستۆفی دەرهێنەری زنجیرە تەلەفزیۆنییەکە” بە نوێنەری ئەو دەسەڵات و دیکتاتۆریەتە دابنێین، کە لە مۆدێرنە و سیستەمەکەیدا بەرجەستەیە، وەهم و بیانووەکانی ئەو سیستەمەش، بۆ کۆڵۆنیالیزەکردنی دونیا، هەردەم ئامادەن. هەروەک ئەوەی «کریستۆف» لە دەستپێکی فیلمەکەدا، ڕوو لە بینەر دەکات بە مەبەستی فریودانمان، وە بیانووەکانی بۆ دروستکردنی ئەو زنجیرە تەلەفزیۆنییە دەردەبڕێت: ”بێزاربووین لە سەیرکردنی ئەو ئەکتەرانەی که هەست و سۆزی ساختەمان دەدەنێ، ماندوو بووین لە بینینی یاری ئاگرین و ئیفێکتی تایبەت. لە کاتێکدا ئەو جیهانەی ئەوی تێدا دەژی، تا ڕادەیەک ساختەیە. بەڵام هیچ شتێکی ساختە بوونی نییە لە بارەی خودی “ترومان”ەوە. هیچ دەقێکی نووسراو، هیچ کارتێکی ئاماژە. هەمیشه کەسێکی ئەدەبی و ڕۆشنبیر نییە، بەڵام ڕەسەنە، زیندووە“
“کریستۆڤ” وەک نوێنەری دەسەڵات و دیکتاتۆر، نایەوێت ترومان لەو ناگاییە بێتە دەر و بە ئاگا بێتەوە. لێرەوە ئاماژە زاڵەکانی ئەم فیلمە دەردەکەون: ئایا ئەوە شوناسی زاڵی مۆدێرنە و ژیانی نوێ نییە کە تایبەتمەندی خۆی لە ڕێگەی کۆمپانیا گەورەکان و میدیا زەبەلاحەنەوە وەردەگرێت؟ ئایا دونیای ئێستا، دونیای دوالیزمە و لێکدژییەکان نییە؟ دونیایەک نییە لەسەر بنەمای سڕینەوەی ئەوی دیکە؟ سڕینەوەی تاکانەیی و ستایشی گشتێتیی و وەک یەک بوون؟ ئایا دونیای (ترومان شۆ) دونیای ئێمە نییە؟ هەمان ئەو دونیا ڕووکەشە نییە کە میدیا و شاشە هەڵیدەسوڕێنن و دەتوانن کاریگەری تەواویان هەبێت لەسەر تێڕوانینی گشتی و قبوڵکردنی ئەو واقیعەی کە ئەوان دایانمەزراندووە؟ ئەو ئێستایەی ئەمڕۆ نییە کە لەڕێگەی فریودان، وەهم و درۆکانییەوە هەردەم لە هەوڵی کۆنترۆڵ کردن و دەسبەسەرداگرتنی تێگەیشتن و ژیانی مرۆڤدایە؟
“ئازادی و ڕاپسکان”
قۆناغی دووەمی ئەم فیلمە قۆناغی بە ئاگا هاتنەوە و ڕاپسکانی ترومانە دژ بە هێزە دەرەکی و فریودەرەکانی دەرەوەی خۆی، دژ بە کۆمەڵگا، نەریت و دیوارەکانی (سیهاڤن). ئەگەرچی هەمووان لەم فیلمەدا، بەردەوام لە هەوڵ و فشاری هێشتنەوەی تروماندان لەو ژینگەیەی کە بۆی دروستکراوە و دەیانەوێت وەها لە ترومان بگەیەنن، کە ئەو واقیعەی ئەوی تێدایە، واقیعێکی ڕاستەقینەیە، ئاماژەکانی ئەم خواستەش، لە هەموو شوێنێکی فیلمەکەدا هەن و گوێبیستیان دەبین، وەک ئەوەی لە زاری یەکێک لە کارەکتەرەکانەوە بەرگوێمان دەکەوێت: ”ئەوە هەمووی ڕاستییە، ڕاستەقینەیە، هیچ شتێکی ساختە بوونی نییە، هیچ شتێکی ساختە نابینی لەم بەرنامەیەدا“ یاخود، لە شوێنێکی دیکەدا و لە ڕێگەی ڕادیۆی ئۆتۆمبێلەکەی ترومانەوە، گوێبیستی مەترسیەکانی فڕین و گەشتکردن دەبین. ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ تێگەیاندنی ترومان لەوەی هیچ شتێک ساختە و مەترسیدار نییە، تەنیا فڕین و گەشت نەبێت. دیارە فڕین و گەشتیش لەوێدا، ئاماژەیە بە ئازادی و ڕاپسکان. ساتی بە ئاگا هاتنەوەی ترومان بەڕووی ئەو ژینگەیەدا، ساتی کەوتنی ماسک و دەرکەوتنی ڕوخساری ڕاستەقینەی “کریستۆڤە” ساتی دەرکەوتنی گومانەکانی بینەر، لە بەدئەخلاقیەکانی دونیای (سیهاڤن). هەروەها ساتی دەرکەوتنی پارادۆکسە لە یۆتۆپیاو هەر پێشکەوتنێکی تەکنۆلۆژی، کە لە ڕاستیدا ئەگەری قازانجویستی و خراپ بەکارهێنانی ئەم تەکنۆلۆژیایە بۆ بەکاڵاکردنی ژیانی مرۆڤ، ئەگەرێکی هەردەم کراوەیە. ئەگەر دونیای (سیهاڤن) میتافۆڕی کولتووری کۆڵۆنیالیزمی بێت، ئەوا گەشتی ترومان میتافۆڕی سڕینەوەی کولتوری کۆڵۆنیالیزمییە.
گەشت و یاخیبوونی ترومان لە پێناو بەدەستهێنانەوەی ئازادییەکەیدایە، دەیەوێت لەو دونیایەی کە گشتیی و کاڵایی بۆتەوە و ڕەهەندە تاکانەییەکەی ونکردووە، بەرەو دونیای تایبەت و ئۆتۆنۆمی کەسیی بپەڕێتەوە. ئەگەرچی لەو پێناوەشدا ڕووبەڕووی مەترسی گەورە دەبێتەوە. چونکە توانای سیستەم و هێزە دەرەکیەکانی دەرەوەی ئەو، توانایەکی گەورەیە، لێ ڕاوەستان لە بەردەم ئەو هێزە دەرەکیانەدا، پێشمەرجی ئەو گەشتە مێژووییەیە. لێرەدا دابڕان گرێدراوی کۆسپ و ئازارەکانیەتی. چونکە دونیایەک کە دابڕاوە و بەرەو وەرگرتنی ئۆتۆنۆمی کەسیی و تایبەتمەندی تاکانەیی وەردەگەڕێت، دەبێت ڕووبەڕووی دۆخ و دیسپلینەکانی دونیای گشتیی دەرەوە ببێتەوە. ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیەش بۆ ترومان، بە تایبەت لەو قۆناغەی کە دونیای دەرەوەی ئەوی تێدا بەرجەستەیە و بە مۆدێرنە گەیشتووە، هەموو هێزی خۆی لە پێناو بەرهەمهێنانی ڕوخسارێکی گشتیی و کاڵابوونەوەیی بووندا دەخاتە ڕوو، ئاسان نییە، ئەگەر تێگەیشتن نەبێت.
تێگەیشتنیش خۆی، زیاتر لەوەی خەسڵەتێکی گشتی بێت، خەسڵەتێکی تایبەتە. کاتێکیش تێگەیشتن هەیە، ڕازیبوون و خۆبەدەستەدان نییە، واتە ڕووبەڕووبوونەوەکە لە نێوان دۆخی گشتی و دۆخی تایبەتیدا سەرهەڵدەدات، بەوەش دابڕان دروست دەبێت، کەواتە دۆخی دابڕان بە نیگەرانی و قبووڵکردنی مەترسیەوە گرێدراوە، کاتێک تێگەیشتن بووتە بنەما و نیگەرانە لەو دونیایەی که پشتی لە بوون وەرگێڕاوە و ڕووی لە شمەک و هەبوونە. بەوەش ئەو دونیایەی کە گەیشتۆتە نێو بوون، بێگومان بە مەترسیدا تێپەڕیوە و بە ئازارەوە هاتووە. هەروەک ئەوەی بۆ ترومان دێتە پێش. ئازارەکان و مەترسییەکانی بەردەم ترومان، ئەو ناخەنە نێو دۆخی تەسلیمبوونەوە. ئەگەرچی کۆمەڵگای “کریستۆڤ” بە هەموو هێز و توانایەکییەوە، دەیەوێت پارێزگاری لە دیوار و کولتووری ناوەکی خۆی بکات لە بەردەم ڕاپسکانی تروماندا، تەنانەت ئاستەنگییەکانی لەبەرامبەر تروماندا، دەخاتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، کە دواین هەوڵیەتی بۆ مردن و لە ناوبردنی ئەم کاراکتەرە. لێ هێز و ئیرادەی کەسیی ترومان بۆ سەربەخۆیی، وە پەرۆشییەکەی بۆ جێهێشتنی دونیای کاڵاییی ( سیهاڤن) و گەڕانەوەی بۆ نێو بوون، ئازارەکانی خامۆش دەکەن.