ماوەیەکی زۆرە تورکیا بەتایبەت سەرۆک كۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان، کار لەسەر جۆرە سیاسەتێک دەکات لە بەرامبەر سووریا، بە مەبەستی ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەکانیان، ئەمە لەکاتێکدایە، کە لە دوایین لێدوانی حکوومەتی دیمەشقدا هاتووە، هەر ئاسایکردنەوەیەک لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرەدا، دەبێت لەسەر بناغەیەک بنیات بنرێت کە لە پێشەنگی ئەو بناغانەدا کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە باكووری سووریا و وەستاندنی پشتیوانیكردنی “گرووپە تیرۆریستییەکان”ە.
ڕاپۆرتەکان لەمبارەیەوە پلانێکی دوولایەنەی تورکیایان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەرانی سووریا ئاشکرا کرد کە لەسەر ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا بنیات نرابوو، ئەم هەوڵەی سەرۆک کۆماری تورکیا، بەرمەبنای ئەو شکستە جەماوەرییە بوو کە لەدوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا لەسەر ئاستی تورکیا بەدی کرا.
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن میدیاکانی تورکیاوە بڵاو کراونەتەوە، سەبارەت بەو پلانەی کە ئەنقەرە لەپشت پەردەوە باسی دەکات، لەژێر ناونیشانی ”یەکگرتن و گەڕانەوە“ لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت و بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەکرێت. یەکەمیان یەکخستنی ئەو سوورییانەی کە نایانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، دووەمیان دڵنیا بوونە لە گەڕانەوەی سەلامەتی ئاوارەکان، لە ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی سووریا.
ڕۆژنامەیەکی توركیی نزیک حکوومەت ڕایگەیاندووە، لەژێر ڕۆشنایی زیادبوونی ئەگەرەکانی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و هاوتا سوورییەکەی، بەشار ئەسەد، چەند خاڵێكی گرنگ هەن.
نوورای باباجان ڕۆژنامەنووس و نووسەری دیاری تورکیا، لە وتارێکدا لەژێر ناونیشانی “سووریا و قەیرانی پەنابەران، پلانی فرەلایەنی ئەسەد” لە ڕۆژی ١٤ی تەمووزدا لە وێبسایتی ڕۆژنامەی (پەنجەرە) بڵاو کراوەتەوە. ئاماژە بە چەند خاڵێكی گرنگ دەکات، لەوانە:
١- ڕاسپاردنی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە بۆ ئامادەکاریی کۆبوونەوەی ئەردۆغان لەگەڵ ئەسەد.
٢- دیراسەتکردنی بابەتی گەڕانەوەی پەنابەرانی سووری لەلایەن فەرمانگەی کۆچبەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا.
٣- راسپاردنی جەودەت یەڵماز جێگری سەرۆک کۆمار، بە مەبەستی ئامادەکاریكردن بۆ دامەزراندنی “ئەنجوومەنی هەماهەنگی” سەر بە سەرۆکایەتیی کۆمار کە کار لەسەر نەخشەڕێگایەک دەکات، کە هەموو وەزارەتەکانی پەیوەندیدار بە قەیرانی پەنابەران و کۆچبەران لەخۆ دەگرێت.
باباجان ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، ئەو ئاژاوەگێڕییەی کە دەکرێت لە ئەنجامی قەیرانی ئابووری و کێشەی پەنابەران و کۆچبەرانەوە بێتە ئاراوە، حکوومەت دەترسێنێت، هەروەها پلانە نوێیەکە پەیوەستە بە دامەزراندنی پەیوەندیی باش لەگەڵ دیمەشق، بەڵام ئەمە بە تەنیا بەس نابێت. لەژێر ڕۆشنایی ئەوەی هەبووە لەم دواییانەدا تێبینی ئەوەی کردووە، کە ئۆپۆزسیۆنی سووریا ڕوو لە ناوچەی ئارام بکاتەوە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی، کە لە سەرچاوە فەرمییەکانی تورکیاوە بڵاو کراونەتەوە، کۆبوونەوەكەی ئەردۆغان و ئەسەد چەند بابەتێک لەخۆ دەگرێت، لەوانە: “پاراستنی یەكێتیی خاکی سووریا، دڵنیابوون لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بە سەلامەتی و دەستەبەرکردنی مەرجی گونجاو بۆ گەڕانەوەیان، دڵنیابوون لەوەی کە حکوومەتی سووریا موڵکی ئاوارە گەڕاوەکان دەگەڕێنێتەوە و نەهێشتنی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییانەی کە ناوچەکەیان کۆنترۆڵ کردبوو.”
شارەزایان و شرۆڤەکارانی سیاسەتی دەرەوە لە تورکیا خوازیاری ئەوە بوون کە یەکێتیی ئەورووپا ببێتە بەشێک لە پڕۆسەی پەیوەست بە پرسێکی وەها فرەڕەهەند و گرنگ، لەبەر ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، تورکیا بۆ وڵاتانی ئەوروپا وەک سندووقێک، یان ناوچەیەکی پارێزراو بەدی کراوە بۆ ئاوارە و کۆچبەران، چونکە بەپێچەوانەوە ئەگەر تورکیا ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەرانی ناوچەکە بەگشتی و سووریای بەتایبەتی لەخۆ نەگرتبا، ئەوا بۆ تەواوی دەوڵەتانی ئەورووپا ئەم پرسە دەبووە سەرئێشەیەکی گەورە.
ئەگەرچی بەپێی هەواڵە فەرمییەکان، کە لە ئەنقەرە و دیمەشقەوە دراوەتە میدیاکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەربارەی کۆبوونەوەی نێوان ئەردۆغان و ئەسەد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە تا ئێستا زۆر جێگەی متمانە نییە، بۆ ئەوەی لەسەر ئەرزی واقع ڕوو بدات، لەبەر ئەوەی کۆمەڵێك دەستەواژە و چەمک بەکار دێن، کە وەک مەترسی لەسەر بابەتی ئاسایبوونەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ئەنجامدانی کۆبوونەوە بەدی دەکرێت، لەوانە تورکیا هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی، کە دەڵێت “با ئاسایش لە سووریا بەدی بهێنرێت، ئینجا باس لە پرسی کشانەوە دەکەین”. ئەم دەستەواژانە لەلایەن حکوومەتی سووریا وەک پێویست پێشوازیی لێ نەکراوە.