“فیلمی دوازدە ساڵ کۆیلایەتی (Years a Slave 12)”
فیلمەکانی سەبارەت بە پرسە مرۆییە گەورەکان هەمیشە بە ئاهەنگێکی گەورە پێشوازییان لێدەکرێت، لەنێو ئەو پرسانەی کە سینەما بە گەرمی لە ئامێزی گرتووە پرسی جیاکاری ڕەگەزییە(ڕەگەزپەرستی)، لەکاتێکدا هوڵیوود بەردەوامە لە بەرهەمهێنان و دووبارە کردنەوەی کۆمەڵێک چیرۆک کە گەواهی بەشێکی تراژیدی مێژووی ئەمریکا بوون.
زۆرینەی ئەو بەرهەمە سینەماییانەی کە باس لە چیرۆکی ڕەشپێستان دەکەن لە ڕیزی شاکارە سینەماییەکاندا پۆڵێن دەکرێن، زۆر دوور ناڕۆین بەڵکو ئاوڕ لە چەند ساڵی ڕابردوو دەدەینەوە، چونکە قۆناغێکی بە بڕشت بوو بۆ بەرهەمهێنانی فیلمگەلێکی لەمەڕە ئەم تەوەرەیە وەک فیلمی (The Help) و فیلمی (Django Unchained) و فیلمی (42)، و … هتد، هەموو ئەمانە فیلمی هونەری بەهێزن، لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە سەبارەت بە هۆکاری گەڕانەوە بۆ تەوەری ڕەگەزپەرستی بە دیاریکراوی لەم ساتەوەختەدا، پێدەچێت پرسیارێکی ڕەواش بێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پرسیارێکی سیاسییە، چونکە ئەم تەوەرە تەوەرێکی ئەبەدییە نابێتە تەوەرێکی زەمەنییە و پەیوەستە بە سەردەمێکی کۆنینەوە، چونکە تەوەرەکە پشتی بەوە بەستووە کە پرسێکی مرۆییە، لەبەرئەوە بینەر هەرگیز فیلمێکی مرۆیی زەدە ڕەدناکاتەوە مەگەر لەڕووی هونەرییەوە لاواز بێت، وەک زۆرینەی چیرۆکی ئەو ڕووداوانەی کە لەدەوری جیاکاری ڕەگەزی(ڕەگەزپەرستی) فیلمی (دوازدە ساڵ کۆیلایەتی) و هەروەها چیرۆکی ئەو ڕووداوانەش کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا ڕوویانداوە، هەر لە سەرەتاوە پاڵەوانەکە وەک چەقی ڕوداوەکان دەردەکەوێت.
لەم فیلمەدا ڕاستەوخۆ بەر کارەکتەری (سۆلمۆن – لە ڕۆڵگێڕانی چویتڵ جوفور)، کە کەمانچەژەنێکی بەتوانا کە ژیانێکی ئاسودەی لەگەڵ هاوسەرەکە (ئان – لە ڕۆڵگێڕانی کێلسی سکۆت) و منداڵەکەیان لە باکووری ویلایەتی نیویۆڕک بەسەردەبرد، بەڵام ئەم تەمەنی ئاسودەییە درێژنابێت و کاتێک (سۆلمۆن) وەک هەر کۆیلەیەک دەڕفێندرێت بۆ ئەوەی بفرۆشرێت، ئەمە بۆ وی وەک مۆتەکەیەک وایە و پاش چەند کاتژمێرێک واقیعی کۆیلایەتییەک قبوڵ دەکات کە جیاوازە لەو واقیعەی کە پێشتر تیا ژیابوو، لەبەرئەوە لەم واقیعە نوێوە هەوڵی بەدەستهێنانی ئازادی دەدات، بەڵام پێداگرییەکەی لەسەر ئازادی ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی دەکاتەوە، دواجار ئامۆژگاریی یەکێک لە کۆیلەکان لەگوێ دەگرێت ” مەڵی خوێندەواریت یان ئازادیت “، دواتر ناوی (سۆلمۆن) دەگۆڕێت بۆ (پلات) و بە (فۆرد – لە ڕۆڵگێڕانی بێنێدیکت کەمبێرباچ) دەفرۆشرێت، کە خاوەن کێڵگەیەکە لە (نیو ئۆرلینز)، لەوی چەندین ئەرکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدات کە وا دەکات لە خاوەن کێڵگەکە نزیک ببێتەوە، لێ ئەمە بوەهۆی هەراسانکردنی و ئیرەیی بردنی (بیتیس – لە ڕۆڵگێڕانی پۆڵ دانۆ) کە بەرپرسی سەرپەرشتیکردنی کرێکارەکان بوو.
“سۆلمۆن” دەستاودەست دەفرۆشرا، ئەمجارەیان دەبێته کۆیلەی کەسێک بەناوی (ئێپس – لە ڕۆڵگێڕانی مایکڵ فاسبێندەر)، بەوە ناسرا بوو ژیانی کۆیلەکان دەکردە دۆزەخ، کاتێک بڕی ئەو لۆکەیەی کە یەکێکیان کۆیدەکردەوە کەمتر بوایە لەوەی کە لێیداوا کراوە، ئەم کێڵگەی لۆکەیە شانۆی تووندترین سزا و قۆرغکردن و باراندنی خەشم و قین و ستەم بوو، بۆ ڕزگاربوون لەمەش (پلات) تکای لەیەکێک لە کرێکارە سپیپێستەکان کرد کە نامەیەک بۆ هاوسەرەکەی لە باکور بنێرێت، بەشێک لەو پارەیەی کە لە ڕێگای کەمانچەژەنینەوە پەیدای کردبوو بیداتە هاوسەرەکەی، بەڵام خاوەنەکەی بەم کەینوبەینە دەزانێت، ئەگەر درۆی نەکردایە لەو کاتەدا دوورنەبوو خاوەنەکەی بیکوشتایە، بای چارەنووس دارتاشێکی کەنەدی ناسی بەناوی (باس – لە ڕۆڵگێڕانی براد پیت)، کە داکۆکیکارە لە هەڵوەشاندنەوەی یاسای کۆیلایەتی(کۆیلەگەریی)، دوای کۆمەڵێک گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەنێوان (پلات) و(باس) لە میانەی کارکردندا، (پلات) کۆی چیرۆکی دەردەسەری خۆی بۆ دەگێڕێتەوە و داوا لە (باس) دەکات کە نامەیەک بۆ هاوسەر و هاوڕێکانی بنوسێت تا قەباڵەی ئازادکردنی بۆ بهێنن، ئەویش بەڵێنەکەی بەجێدەهێنێت و نامەکەی نووسی و ناردی و پاش چەند ڕۆژێک سکرتێری پۆلیس و بە یاوەری یەکێک لە هاوڕێکانی (پڵات) دێت و پاش لێکۆڵینەوەیەکی سادە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەکەی ئیدی ئازاد دەبێت و خۆشحاڵە بە گەڕانەوەی بۆ نێو خانەوادەکەی پاش دوازدە ساڵ کۆیلایەتی.
کورتکردنەوەی ئەم چیرۆکە بۆ چەند ڕستەیەک کارێکی سەختە، بەتایبەتی ئەو چیرۆکانەی کە تایبەتمەندن بە جوڵاندنی هەست و وروژاندنی سۆز بە هەموو ئاڕاستەیەکدا، دواجار هیچ وشەیەک جێی تەماشاکردنی فیلمەکە ناگرێتەوە، ڕەنگە پتر لە جارێکیش، وەک چۆن “سۆلمۆن” گەواهی تووندترین جۆرەکانی ئەشکەنجە و ئەو ستەم و چەوساندنەوەیەی کە میلۆنەها ڕەشپێست چەشتییان بووە، تەنها لەبەرئەوەی “پێستیان ڕەشە”، هەرچەندە فیلمەکە دیدێکی شاقوڵی ئازارەکانی “سۆلمۆن” و چەند حاڵەتێکی دیکەش بە هەمان شێوە پێشکەش دەکات، لێ ڕێگامان پێدەدات بەراوردی بکەین و تێیبپەڕێنین بەبێ ئەوەی سەقفێکی دیاریکراوی بۆ دابنێین لەبارەی ئەو ستەمەی کە لەم مێژووەدا ڕووبەڕووی خەڵکانی ڕەشپێست بووەتەوە، ئەم چیرۆکە هەروا بە ناوازەیی دەمێنێتەوە و سەرچاوەی ناوازەییەکەشی ئەوەیە کە لە ژیاننامەیەکی بەهەمان ناونیشانەوە وەرگیراوە، لە نووسینی “سۆڵمۆن نۆرسپ” کە لە ساڵی (۱۸٥۳) بڵاوبووەتەوە، ڕووداوەکانی ئەم کتێبە دەوڵەمەندە بە ڕاستگۆیی و سۆز و ئازار، بەو پێیەی کە لە یەککاتدا تیشک دەخاتەسەر چەندین ژیان، بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر فەزای پاڵەوان هەبێت لە فیلمەکەدا.
بهگوێرەی ئەوەی کە تێمای سەرەکی فیلمەکە لەسەر تەوەرێک کار دەکات کە ئێمە باش ئەو تەوەرە دەناسین و پێی ئاشناین، کەواتە دەبێت هەندێک بەراوردکاری بێتەبەرچاو، من پێموایە ئەم فیلمە بە بەراورد بەو فیلمانەی کە کارییان لە هەمان تەوەردا کردووە فیلمێکی باڵاتر نییە، بەگوێرەی ئەوەی کە فیلمێکی ژیاننامەییە ئەمەش وای لێدەکات بە قوڵی بچێتە نێو ململانێی بەراوردکارییەوە لەگەڵ فیلمی دیکەی هەمان گرێچن(Plot)دا، بەڵام ئەم بەراوردکارییە تەنها بۆ چیرۆکی فیلمەکە گونجاوە، لێ لایەنە هونەرییەکانی دەبێت دووبارە چاوی پێدا بخشێنینەوە و ئەوەی پڕئاشکرایە ئەوەیە کە ئەوەی لەم تەوەرەدا گرنگە پیشاندانی لایەنی کۆژان و ئازارە جەستەیی و ڕۆحییە، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێم کە ئەم فیلمە لە خستنەڕووی ئەم ئازارە جەستەیی و دەرونییەدا سەرکەوتوو نەبوو، چونکە ئێمە وەک بینەر قوڵایی ئازار و کۆژانەکەمان نەدی، بەڵکو دەرهێنەر (ستیڤ مەککوین) نوێنەری وێنەی سپیپێستانی ستەمکارە کە چۆن هونەری لە ئەشکەنجەدانی ڕەشپێستاندا بەرکارهێناوە، هەروەها چۆن (پاتسی – لە ڕۆڵگێڕانی لوپیتا نیۆنگۆ)ی بەکارهێناوه و شەقی لە هەرکەسێک داوە کە ویستویەتی بەبێ هۆکار، لە بەرابەر ئەم وێنەیەدا تیشکی خستوەتەسەر بڕێک لە میهرەبانی خاوەن کۆیلەکانی وەک (فۆرد) و (باس)، کە بەبێ کۆمەکی ئەمەی دووەمیان (پڵات) تا لە ژیاندا مابوو کۆیلە دامایەوە، بەگشتی هەرکەسێک بە یادەوەرییەکی خاڵی لەم چەشنە فیلمانە ڕەنگە زۆر سەرسام بێت بە فیلمەکە بەڵام بۆ بینەری زرنگ و خاوەن باکگراوندی سینەمایی بەوجۆرە نییە و ناهەژێت، بەڵکو هەستەکەی تەنها لەنێوان دڵنیابوونەوە و ڕەزامەندیدا ئۆقر دەگرێت.
هەڵبەتە جگەلە ناوەڕۆک، کەموکوڕییەکانی فیلمەکە هونەری بوون، لەلایەک فیلمنامەنووس (جۆن ڕێدڵی) هەوڵی گەورەی نەدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم دەقە ژیاننامەئامێزە، واتە دەقەکە وەک چۆن دەقێکی ژیاننامەییە، ئەویش هەروا دەقی بۆ فیلم داڕشت، بڵکو پانتاییە بەهێز و لاوازەکانیش لەگەڵ دەقەدا ڕۆیشت، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو چیرۆکەکەی بە خاوی جێهێشت بەبێ ئەوەی دەستبخاتە نیو وردەکارییەکانی دەقەکە کە دەکرا ئاستی کوالێتی هونەری فیلمەکە بەرزبکرایەوە دوای ئەوەی کە ناواخنی دەقەکە گرنتی ئەم کوالێتییەی کردبوو، بۆنمونە سەرەتای فیلمەکە پێویستی بە دەستێوەردانی دەرهێنەر و فیلمنامەنووس پێکەوە بوو لە فیلمەکەدا، لێرەدا مەبەستم لەوە نییە کە هەردووک ڕوداوی نێو دەقە ڕەسەنەکە بگۆڕن و دەستکاری بکەن، بەڵکو تەنها هەنێک کاری تەکنیکی وەک بڕین و داڕشتنی هەندێک دیمەنی هونەری، سەبارەت بە باقی ڕووداوەکان بە خاوی بەرە و پێش دەچن و نزیکن لە بێزارکردنی بینەر، چونکە چیرۆکە کە بەو شێوەیەیە کە “سۆڵمۆن نۆرسپ” نووسیوبوی وەک ئەوەی لەگەڵیدا دانیشتبیت و پێت بڵێت لەو ساڵانەدا چی بەسەر هاتووە و چی لەبەرابەر کراوە، ئەمەش شتێکە لە ژێر ڕۆشنایی بوونی دەقێکدا کە لە ساڵی (۱۸٥۳)ەوە نووسراوە پێویستمان پێینییە، لەلایەکی دیکەوە ئەم بەرهەمە سێیەم فیلمی دەرهێنەرە دوای دوو فیلمی (برسێتی – Hunger) و (شەرم – Shame)، بەڵام لە فیلمی “دوازدە ساڵ کۆیلایەتی”دا ڕووی لە ژانری درامای مێژوویی کردووە، وی وەک دەرهێنەری کورتە فیلم ناسراوە، بەڵام لە فیلمە درێژەکانیشیدا سەرکەوتوو بووە، بەڵام لەم فیلمەدا سەرەڕای گرنگی ئەو دەقەی کاری لەسەر کردووە دەرهێنانێکی جیاوازی پێشکەشی بینەر نەکردووە.
دەقی ئەو ژیاننامەیەی کە فیلمەکەی لەسەر دامەزراوە هەڵبژاردنی هونەری سەرسوڕهێنەری تێدا نییە(واتە لە دەقەکەوە زۆر شتی هونەری لێوە هەڵنەگۆزیوە) بەڵکو ئەو لایەنەی هەڵبژادووە کە چیرۆکەکە وردە وردە بۆخۆی بدوێت، لێرەدا دەکرێت دان بەوەدا بنرێت کە دەرهێنەر خۆی لە بەرپرسیارێتی دەستکاریکردنی ڕووداوە مێژووییە گرنگەگان لاداوە، لێ خۆگرتن و زیادەڕۆیی لە ویادا وای لێکردین لە هەندێک دیمەندا هەست بەوە بکەین کە ئەم پیاوە هیچ هەژەندە(سوپڕایز)یەکی هونەری سەرسوڕهێنەر پێشکەشی بینەر نەکرد کە فیلمەکەی بکاتە بەرهەمێکی نایاب، ئەمە بەو واتایە نییە کە بەرهەمەکە خراپە، بەپێچەوانەوە فیلمێکی باشە، لێ دەرهێنەر دەیتوانی زۆر باشتری بکات، ڕاستییەکە ئەوەیە کە دەرهێنەر بە نازیرەکی مامەڵەی لەگەڵ چیرۆکەکەدا کردووە چونکە زۆرجار نزیک بوونەوە لەم چەشنە چیرۆکانە پێویستی بە وریایی تەواو هەیە، بۆیە دەرهێنەر بەرپرسیارێتی ئایەتی هونەری لە ئەستۆ نەگرێت، ئەم ڕاکردنە لە بەرپرسیارێتی هونەری ڕەنگە ڕووبەڕووی ڕەخنەی تووندی بکاتەوە، بۆنمونە جەنجاڵییەکی زۆر لەسەر پۆستەری فیلمەکە هەبوو تەنها لەبەرئەوەی ناوی (برات پیت و ماکڵ فاسبیندەر) لەسەر پۆستەری فیلمەکە دەربکەون، لەکاتێکدا لەسەر پۆستەرەکە لایەکی ڕوخساری ئەکتەری سەرەکی (جیوتڵ جوفور) دەرکەوتووە، هەندێک پێیان وایە ئەمەش بۆخۆی جۆرێک لە ڕەگەزپەرستی، بەڵام ڕەنگە بابەتەکە سادەتر بێت و ڕەچاوی بە بازاڕیکردنی فیلمەکە کرابێت و مەبەستیش لێی تەنها و سوود وەرگرتن بووبێت لە ناوبانگی (برات پیت و مایکڵ فاسبیندەر)، ئەم نمونەیە وێنایەکمان لە بڕی ئەو وریاییە پێدەدات کە ئەم تەوەرە سەپاندوویەتی، ئەمەشە وای لە هەریەکە دەرهێنەر و فیلمنامەنووس کردووە زیادەڕۆیی لە دڵسۆزییان بۆ دەقە ڕەسەنەکە بکەن.
یەکێک لە لایەنە گرنگەکانی ئەم بەرهەمە نواندنە، سەبارەت بە (جیوتڵ جوفور)، سەرەڕای ستایشێکی زۆر بۆ نواندنەکەی بەڵام ئاستێکی جیگێری پێشکەش نەکرد، چونکە لەسەرەتادا نواندنێکی ئاسایی بوو بەڵام بە خێرایی ئاستی نواندنی باڵاتر دەبوو لەگەڵ ڕویشتنی ڕووداوەکاندا، جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئەکتەرە لاوەکییەکان نواندنێکی ناوازەیان پێشکەش کرد بەتایبەتی “لوپیتا نیۆنگۆ”، بەڵام “مایکڵ فاسبیندەر” دیارترین نواندن بوو لە فیلمەکەدا، لەکاتێکدا بوونی “برات پیت” تەنها بە مەبەستی بە بازاڕیکردنی فیلمەکە بوو نەوەک زیاتر، هەر خۆیشی بەشداری لە بەرهەمهێنانی فیلمەکەدا کردووە، هەرچییەک بێت و سەرەڕای ئەوەی گوتمان، فیلمەکە بووە براوەی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین فیلم و سوودمەند بوو لە پشتیوانییەکی گەورەیی میدیایی، بێگومان ئەم سەرکەوتنە سەرکەوتنێکی هونەری مەعقوڵە، لێ ئەمە ئەوە ناشارێتەوە کە فیلمەکە دەیتوانی بەسەریدا زاڵ بێت، ئەگەر بە وێنەیەکی گشتی تەماشای فیلمەکە بکەین ئەوە فیلمێکی باشە و دەستکەوتێکی سینەمایی دەوڵەمەندە.
نووسینی: سلێمان حەقیوی
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد