لە بەشی یەكەمی وتارەكەم “پەیوەندییەكانی هاوسەرگیری” دەربارەی هاوسەرگیری گوتمان بۆ دەستنیشانكردن و هەڵبژاردنی هاوسەر كام خاڵانە باشترە ڕەچاویان بكەین، بۆ ئەوەی لە ژیانی هاوبەشیمان ئاشق و شادومان و سەركەوتوو تر بین. بۆیە لەم بەشە لەسەر پڕۆسەی پاش هاوسەرگیریی دەدوێم. پێویستە چی بكەین بۆ ئەوەی نەمامی ئەشقەكەمان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەشاوەتر بێت و لە سایەی درەختی ئەشق و خۆشەویستی و پێكەوە بوون”نەك وابەستە بوون” خۆشبەخت تر بژین و منداڵەکانیشمان و كۆمەڵگەكەشمان خۆشبەختتربێت. یەكەم شت دەبێ لەبەرچاوی بگرین ئەوەیە ئێمەی مرۆڤ وەك نێر و مێ “ژن و پیاو” جیاوازیی ڕەگەزیمان هەیە نەك تەنیا لە ڕووی فیزیكییەوە. بەڵكوو لە دنیابینی و بیركردنەوەشمان سەبارەت بە ڕەگەزی بەرانبەر و دنیاشەوە جیاوازین. هەر بۆیە جۆری خواست و داواكانیشمان لە ژیاندا لە یەكدی جیاوازن.
ئەوەی دەمەوێت لەم بابەتەدا تیشكی بخەمەسەر ڕەهەندێكی لە سەداسەد زانستی نییە. بەڵام لە ڕووی ئەزموونەوە بۆم ڕوون بۆتەوە لە كاتی پەیدا كردنی هاوسەر، خانمان لە شوێن ژیانێكی هێمن و دڵنیا دەگەڕێن، دڵنیابن هاوسەرەكانیان لە ژیاندا بتوانن بەرپرسیارەتی هاوسەردارییان لە ئەستۆ بگرن، واتە پیاوان بتوانن لە ژیانی هاوبەشیدا ئەمنییەت دابین بكەن بۆ خێزانەكانیان, تا هاوسەرەكانیان لە سایەی ئە منیەت و ئاسایشدا بتوانن گەشە بكەن و ئەركەكانی خۆیان وەكوو هاوسەرێك و ئەندامێكی بە سوودی كۆمەڵگە ئەنجام بدەن. بەواتایەكی دی خانمان لە هاوسەرگیریدا زیاتر لە شوێن ئە منیەت و ئاسایش دەگەڕێن ئەوان ئەمنیەتی ماڵە باوان جێ دەهێڵن بە مەبەستی ژیانێكی باشتر و دڵنیاتر لە تەنیشت هاوسەریاندا، بۆیە كاكی بەڕێز گەر دەتەوێت هاوسەرەت دڵخۆشبێت با كەشی ماڵەوەت لە ئاسایشدابێت. ئەوە بزانە ئەگەر تووڕەبی و هەڕەشە بكەیت و خوانەخواست دووچاری بێ ئەدەبی بیت و لەم جۆرە ڕەفتارانە بنوێنیت، ئەمنیەت لە ماڵەكەت دەڕوات و كاتێك ئەمنیەت لە ماڵت ڕۆشت، ڕۆحی ژنەكەشت دەڕوات، دروستە خانمان لە ڕووی جەستەییەوە بە بەراورد لە گەڵ پیاواندا “ناسكتر و جوانترن” بەڵام هەڵەیە گەر وابیر بكەینەوە خانمان بە سرووشتی “لاوازن” ئەم بیر و ڕایە زۆر دوورە لە ڕاستیەوە.
كاكی بەڕێز، ئەگەر لە ناخەوە هاوسەرەكەت خۆشی بوێیت و دڵی لە گەڵت بێت، بە پاشایی دەگەیت، بەڵام لە بیرت بێ پێویستە نەك تەنیا جەستەی بەڕۆح و هەموو بونییەوە خۆشی بوێیت و پەسەندت بكات، ئەوكات دەتوانیت ببیتە پیاوێكی خۆشبەخت. ئێمەی پیاوان زۆر خۆشبەخت دەبین بتوانین ڕێز لەم جیاوازیانە بگرین و بزانین “ئەمنیەت” گرنگترین شتە ژنان لە شوینی دەگەڕێن. لە بیرمان بێت هەڕەشە و گوڕەشە و بەكارهێنانی قسەڵۆكی وەك؛ تەڵاقت دەدەم. منداڵەكانت لێ دەسێنم. پارەت پێ نادەم. ڕێگە نادەم سەردانی ماڵە باوانت بكەیت و…هتد ئەم جۆرە قسانە ئەمنییەتی ژن هەڵدەوەشێنێت. لە بیرمانبێت خانمان بەهۆی جیاوازی ڕەگەزی و غەریزەوە درەنگتر بڕوا بە قسەی ئێمەی پیاوان دەكەن و درەنگتر دەمان بوورن. بۆیە ئەگەر باوەڕیان بە بەرانبەرەكانیان كرد و خۆشیانویست بە بەراورد بە پیاوان ئەوان درەنگتر لە دەستی دەدەن ئەمەش بەهۆی غەریزە و جیناتە كانیانەوەیە و بە ئەنقەست و بە هۆی بێ متمانەییان لەبەر هیچ كەسێك یاخود من و تۆ نییە.
ڕەنگە هۆی ئەمەش بێت زۆربەی پیاوان بە چاوی نێچیر لە ڕەگەزی مێینە دەڕوانن هەموو نێچیرێك لە ڕووی غەریزەوە لە هەرشوێنێك هەرچەند لە باریش بێت درەنگتر متمانە دەكەن ئێستا و ئەم سەردەمە لە بەرچاو مەگرن لە دێر زەماندا هەموو پیاوان “نێرەكان” وێڵ و سەرگەشتە بوون لە شوێن ئافرەتێكی جوان تا بیگرن و ڕاوی بكەن، نێچیریش لەڕووی ڕەگەز و غەریزییەوە, هەمیشە ئاگاداری خۆی بووە بۆ ئەوەی ڕاوی نەكەن. كەوابوو هەركات داوای لێوردنت كرد كە زۆر كارێكی جوانە چاوەڕەوان مەبە هاوسەرتان هەمان چركە بتان بە خشێت، بهێڵە بۆ چەند جارێ تاقیتان بكاتەوە كاتێ زانی كەسێكی جدیت و داواكاریە كانت ڕاستە و لە ڕووی دۆستییە، ئەوكات متمانەت پێ دەكات, خۆش بە حاڵت كاتێك هاوسەرت متمانەت پێبكات، بەڵام ئەی پیاوان لە ژیانی هاوسەرگیریدا لە شوێن چی دەگەڕین و چیان دەوێت؟ پێدە چێت سەرتان سوڕ بمێنێت “پێویسە دووبارە بەیادتان بهێنمەوە ئەمانە دنیابینی و ئەزموونەكانی منە دەكرێت سەداسەد وانەبێت” پیاوان لە هاوسەرگیریدا لە شوێن پشتگیری و پەسەندكردن و بەگرنگزانیندان لەلایە ن هاوسەرەكانیان، خانمی ئازیز و خۆشەویست، ئەگەر دەتەوێت دڵی پیاوەكەت بەدەست بێنی دانی پیابنێ و پشتگیریی بكە، ئەوكارانەی ئەنجامیان دەدات و لات پەسەندە دەسبەجێ دەستخۆشی لێ بكە و لایەنگری بە و پێی بڵێ ئەو كارانەت زۆرباشن، نابێت وابزانی منداڵێكی هاروهاج و شەیتانە چۆتە سەر درەختێكی بڵند دەبێت هەر بەشەڕ بێتەخوار لەبیرت بێ پیاوان چێژ لە شەڕو شۆڕ و ناڕەحەتیەكان و….هتد.
دەبینن بۆ بەدەست هێنانی كار و كاسبی و بژێوی و هەستكردن بە پاڵەوانیەتی كارگەلی زۆرمە ترسدار ئەنجام دەدەن تۆش چوونكە لە شوین ئەمنیەت دەگەرێی، دەڵێت: “خۆت مەخە مەترسیەوە. ئەم كارانەمەكە”. ئەم شێوە مامەڵە كردنەش ناكۆكی لێدە كەوێتەوە. ئەوی “پیاو” ئەمكارانە دەكات بۆ ئەوەی سەرنجی تۆ ڕاكێشێ دوای ئەوە دەبینێ هەر كارێك دەكات ناتوانێت سەرنجی تۆ دەستەبەركات. بۆیە دواجار دڵ سارد و توڕە دەبێت و كاردانەوەی ئەم حاڵەت و ڕەفتارەش دەبێتە هۆی تێكچوونی ژیانی هاوسەریتان. بەیادی خۆمانی بێنینەوە. پیاو بیەوێت تایبەتمەندیەكانی ژنی هەبێت ئیدی پیاو نییە. ژنیش گەر بیەویت تایبەتمەندیەكانی پیاوی هەبێت ئیدی ژن نیە. دەبێت ئەم جیاوازیانە قبوڵ بكەین و ڕێزیان بگرین. لە سایەی قبوڵكردن و ڕێزی ئەم جیاوازیانە و بەدی هێنانی ئەم پێوستیانەیە ژیان پڕ دەبێت لە ئەشق و ماناو پڕ بار و چێژبەخش و قەشەنگ دەبێت. منی پیاو نابێت سەلیقە پیاوانەكانی خۆم لە ماڵەوە بسەپێنم دەبێت بزانم ماڵ “پایتەختی ژنە” بۆ نموونە دەتوانم دیدگا و بۆچوونم لەسەر دیكۆری ماڵەوەمان دەرببڕم, بەڵام دەبێت بزانم ئەولەوییەت لەدەستی هاوسەرمدایە. زۆرجار بەزیادەڕەوی دەوترێت لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا ئەگەر ژنێك بڕیار بدات مێردەكەی تەمێ بكات، جانتای پیاوەكەی دەخاتە پشتی دەرگاوە و پێی دەڵێت: “بڕۆدەرەوە” بەڵام لەسەدا سەد وانییە. ئەگەریش وە هابێت كارێكی زۆر باشە، چونكە پیاو لە دەرەوەی ماڵ دەتوانێت خۆی بەڕێوە بەرێت بەڵام ژن ناتوانێت “نەك لە بەرئەوەی لەڕووی فیزیكیەوە بێتوانایە. بەڵكوو لە ڕووی دەروونییەوە. ماڵ بنكە و مەكۆی ئەو و منداڵەكانە. “بەخۆی دەڵێت: “ئەگەرلە ماڵ بچمە دەرەوە منداڵەكانم چیان لێ بەسەردێت؟” پیاوانی بەڕێز! تكاتان لێ دەكەم هیچكات هەڕەشە لە منداڵەكانتان و هاوسەرەكانتان مەكەن و لەماڵەوە دەریان نەکەن، نەتانەوێت لە ڕێگەی زۆر و دەسەڵاتەوە ڕاو بۆ چوونەكانتان بسەپێنن بە سەریاندا. گوێ لەڕا و بۆ چوونی هاوسەرەکانتان بگرن و بەسەرنج و دیقەتەوە بزانن چ داواكاری و ویستێكێان هەیە نرخ وبەهای داواكانیان بدەن تا هەڵۆی خۆشبەختی لە سەرتان بنیشێتەوە، لەو كاتەدایە ئێمەی پیاوان دەبین بە پاشای ژیانمان. پیاوان حەزدەكەن پاشا بن، ئەگەر خانمان وەزیرێكی شایستەبن كارەكان زۆرباش پێش دەچن و ڕێز و پلەی پاشایی پیاوەكانیان بە خۆشی و زەوقەوە دەپارێزن، بۆچی چونكە وەزارەتی بێ پاشا مانای نیە. ئەم قسانەم بۆ موجامەلەنیە، ئەگەر بڕوانین لە سرووشتی كەڵەشێر و مریشك، بۆ نموونە: كەڵەشێر شوێنێك ئەدۆزێتەوە كەتێدا دانیان لێ ڕۆكردووە. بەدەنگ و قوقەی تایبەتی خۆی، مریشكەكان بەرە و لای خۆی بانگ دەكات و ئەوانیش بەرە و لای دانەكە ڕادەكەن و دەست بە خواردنی دەكەن. كەڵەشێر لەمجۆرە “كەڵەشێر” بوونەی خۆی زیاتر چێژ وەردەگرێت تا خواردنی دانەكان، ئەمانەش سیفەتی سرووشتی ڕەگەز و غەریزەكانە بەشێكی تایبەتی ئێمەی مرۆڤیش دەگەڕێتەوە بۆئەم لایەنە سرووشتیە پیاو پێی خۆشە پشتیوانی ژنەكەی بكات و ژنیش پێی خۆشە پشتیوانی لێ بكرێت. ئەمانەش بە عەیب ناژمێردرێن، سیفەتە سروشتیەكانمانە و جێگا و ڕۆڵی تایبەتی گرنگیان بۆ ژیانمان هەیە.
ژن و پیاو بەهۆی جیاوازی ڕەگەزییانەوە، جۆرە ها ناكۆكی و ئاوات و ئارەزووی جیاوازیان هەیە. ئەگەر ئێمە یەكتر بناسین و ئارەزووەكانی یەكدی درك بكەینو ژیانمان زۆر خۆشتر دەبێتو پیاوی بە ڕێز! چاوەڕوان مەبە بە درێژایی مانگ، ئەخلاق و ڕۆحیەت و تایبەتمەندیەكانی هاوسەرەكەت یەكسان بێت. هەفتەیەك لە مانگدا. هاوسەرت ئەگەر تەندروست بێت “عادە” دەبێت لەم كاتەدا شیمی خوێنی دەگۆڕێت، دووچاری تێك چوون و شڵەژان دەبێت، لەوانەیە بەتەواوی ئەقڵ و هۆشی لە دەست بدات! لەوانەیە تووڕە بێتو لەوانەیە توشی خەمۆكی بێت لەوانەیە بێدەنگ و بێتاقەت و گۆشەگیر بێت … ئەو نەبووە بە مرۆڤێكی ترو تەنیا شیمی خوێنی گۆڕاوە و حاڵەتی جەستەیی و دەروونی گۆڕاوە و بەهۆی ئەم گۆڕانكاریە دەرونیەوە ناچار بووە ئەم جۆرە ڕەفتارانە لە خۆی نیشان بدات. بۆیە دركی بكەو سەرنجی بدە و ئەشق و خۆشەویستی پێشكەش بكە. ئینجا دەبینت چۆن ژیانت دەبێت بە بەهەشت. دەبێ بزانین شەریکی ژیانمان مرۆڤێکی جیاوازە. پێویستە بیناسین. دەبێت دركی بكەین و ئارەزووەكانی بناسین و وەڵامی گونجاو بە دواكانی بدەینەوە. ئەوانیش بە تێپەڕینی كات بمانناسن و دركمان بكەن. لە دۆخێکی وادا هەر دوولا یەكتر دەناسن, ژیانی هاوبەش دەبێت بە بەهەشت, بەواتای راستە قینە. دەبێت لەبیرمان بێت ژنان سەلاجە یان كەلوپەلی ناوماڵ نین كەسێك بێت و بیبات. ئێمە شەریكی ژیانین. تەسەوری ئەوەی بێن و هاوسەرەكەم بەرن، تەسەورێكی هەڵەیە. هیچ كەس ناتوانێت هاوسەرم ببات ئەگەر بەدڵ منی بوێت، هچ كەس ناتوانێت منیش بەرێت ئەگەر بە دڵ هاوسەرەكەم بوێت.
كاكی بەڕێز، هاوسەرەكەت سەلاجە نییە لە ماڵە وە زیندانی بكەیت, دەرگای لەسەر قوفڵ بكەیت، یاخود بەردەوام لە ژێركۆنترۆڵی تۆدا بێت. ئەشق منداڵی ئازادییە. ئەشق لە ژینگە و فەزایەكی ئازادا چرۆ و گەشە دەكات. لە ژینگەی داخرا و وتاریك، تەنیا میکرۆب و ترسەكان گەشە دەكەن و ترسیش دووژمنی ئەشقە. لە بیرمان بێت كاتێك هاوسەرەكانمان دووگیان دەبن ڕۆحیەتیان دەگۆڕێت، نیازەكانیشیان دەگۆڕێت. نابێت هەمان چاوەڕوانیی پێشومان لێیان هەبێ. دەبێت بزانین لەم دۆخەدا, هاوسەرەكانمان زیاتر پێویستیان بە خۆشەویستی و پشتگیری ئێمە هەیە زیاتر سەرنجی ئێمەیان دەوێت. هاوسەرمان پێویستە دڵنیا بێت لە ژینگە یەكی ئارامدایە و دە توانێ منداڵەكانی لە ژینگەیەكی ئەمن و ئارامدا گەورەبكات. پێویستە بزانین كاتێك منداڵی دەبێ لەوانەیە توشی خەمۆكی پاش زەیسان بوون بێت, دەكرێ سەرنج نەدات لە منداڵەكەی و خەم سارد بێت لە ئاستیدا. شەڕی لەگەڵ مەكە دەبێ ببرێت بۆ لای پسپۆر تاحاڵی باش دەبێت. وابیرنەكەیتەوە دایكێكی بێ وەفایە و منداڵەكەی خۆشناوێت! حاڵی گۆڕاوە، لە دۆخێکی وا دركی بكە و ڕەفتاری بەد مەنوێنە لەگەڵی. یاخوود ئەگەر زیاد سەرنجی منداڵەكەی بدات، ئیرەیی پێ مەبە، لەیادت بێت منداڵ منداڵی خۆتانە، هاوسەرتان پێویستە لە دۆخێکی وا دا ئەشق و سەرنجی زیاتر بە منداڵەكەی ببە خشێت. سەرت سوڕنەمێنێت و ئیرەیی مەبە. بهێڵە هاوسەرتان ئازاد بێت تا ئەشقی دایكانەی دەربڕێت. ئەشقی ئەو بۆ تۆ جێگا تایبەتی خۆی هەیە و كەسێكیتر ناتوانێت ئەو جێگایە بۆ خۆی بگرێت. ئەگەر ئازادی بكەیت بە ئەشقێكی زیاتر بەرە و لات دەگەڕێتەوە.
خانمی بەڕێز؛ تۆش بزانە ئەگەر مێردەكەت لە باڵاترین پلە و پایەی دەسەڵاتی كۆمەڵایەتیدا بێت هێشتا پێویستی بە پشتیوانی و لایەنگری تۆ هەیە. پێویستیەكانی بۆ جێبەجێ بكە، وابیر نە كەیتەوە بە هەیكەل لە تۆ مەزنترە، یاخود پیت وابێت مادام هێزی ماسولكەی لە تۆ زیاترە، پێویستی بە پشتگیری تۆ نیە. بێ گوومانبە پیاوان هەمیشە پێویستیان بە پەسەدندكردن و پشتیوانی خانمان هەیە، منی پیاو پێویستم بەوەهەیە كە هاوسەرەكەم پشتگیریم بكات، پیویستم بەوەهەیە پێم بڵێت من كەسێكی سەركەوتووم، پێم بڵێت من كەسێكی بە توانام، پێم بڵێت منی خۆشدەوێت، پێم بڵێت من دە توانم ژیانی هاوبەشیمان بەڕێوە بەرم. منی پیاو پێویستم بەوە هەیە هاوسەرەكەم هانمبدات. بۆیە خانمی بەرێز؛ ئەگەر مێردەكەت لەكارێك زەرەری كرد، ئەگەر كێشەیەكی ئابووریی بۆ پێشهات، ئەگەر ناكۆكی لەگەڵ دایكی دا ڕوویدا… پێی بڵێ: “خۆشم دەوێیت ئەزیزم! تۆ پیاوی ماڵەوەیت، ئێمە هەمووان تۆمان خۆشدەوێت. پێویستمان بە تۆهەیە!” نەوەك ناڕەحەتبیت و لەم حاڵەتی قەیرانەدا خوانە خواست سەركۆنەی بكەیت و بچووكی بكەیتەوە، دڵنیای بكەرەوە لە وەی كەم تا زۆر دەتوانن بژین. پێی بڵێ ئەم دۆخە كاتییە و تێ دەپەڕێت, ئەوكات ببینە مێردەكەت چۆن دڵی شێر پەیدا دەكات, چۆن بەرد و كێوت بۆ كون دەكات و خواستەكانی ژیانت لە دەمی شێر بۆ دەر دێنێ!
كاكی بە ڕێز، ئەگەر هاوسەرەکەت خۆشدەوێت، بیرت بێت ئەم بوونەوەرە خۆشەویستە بەرهەمی دایك و باوكێكە؛ ڕێز لە دایك و باوكی هاوسەرەکەت بگرە، ئەگەر لەگەڵیدا چێژ لە ژیان دەبەیت، بڕۆ سوپاسی دایك و باوكی بكە. بڵێ، “سوپاستان دەكەم كە منداڵێكی واتان پەروەردە كردووە” بزانە كە بەم قسانەت شتێك لە تۆ كەم نابێتەوە. ئەگەر ئەمانەت وت و زانیت دەیانەوێت خۆیان لە تۆ بە زیاتر دابنێن، بۆ جاری دواتر مەیڵێ. بڵێ: “ببورن ئێرە سنووری منە و ئە وەش سنووری ئێوەیە. من ئێوەم خۆشدەوێت و ڕێزم بۆتان هەیە. بەڵام تكاتان لێدە كەم ئەم سنوورانە مەبەزێنن” تكایە قسەكانتان بكەن, هیچ ڕوونادات! بە پێچەوانەوە ڕێزتان زیاتر دەبێت. لە بیرت بێت كە منداڵی باش، لە دامێنی دایكێكی ئاسوودە و تەندروست گەورە دەبێ، دایكێك كە زوڵمی دیووە، فشاری دیوە وڕەنجی كێشاوە, ڕەنج و دەرد و زوڵم بەمنداڵەكانی دەدات. تەواوی مرۆڤە دیكتاتۆرەكان، تەواوی مرۆڤە تۆڵە سێنەكان، تەواوی ئەومرۆڤانەی كە زوڵمیان كردووە و دەیكەن، دایكانێكی ناخۆشبەختیان هەبووە. ئەمەش لە ئەستۆی هەركۆمەڵگایەكدایە كە هەوڵبدەن شارۆمەندانیان و بە تایبەت دایكان تا بكرێت لە ژینگەیەكی ئارامدا بژین تاكوو كۆمەڵگەش خۆشبەختبێت. ئەگەر لە كۆمەڵگەدا دز و خراپەكار و ئاژاوەچی زۆرە، یەكێك لە هۆكارەكانی بوونی دایكانێكی ناڕازی و ناخۆشبەختن، بوونی باوكانێكی نا بەخشندە و ناخۆشبەختن. هۆی ئەوەیە كە ئەم كەسانە لە خانەوادە ناخۆشبەختەكاندا گەورەبوون. مامۆستای وتەی جوانی و شاعیری گەورە سەعدی شیرازی دەڵێت: شوكرانەی بازویەی بەتوانا بەگرتنی دەستێكی بێ توانایە. بۆیە دەبێت خۆشەویستی ببەخشین بەم جۆرەكەسانە، یارمەتیانبدەین و چاك ڕەفتاریان لەگەڵبكەین. بەسەرهاتی “ژانواڵژان” لە چیرۆكی”بێنە وایان” بەیادبێنەوە كە چۆن نیگایەکی خۆشەویستی مرۆڤێكی توڕە و ڕقاوی و دژبە كۆمەڵگە دەگۆڕێت بە مرۆڤێكی ژیاندۆست و خۆشەویست و بەكەڵك. خۆتان بەكەم مەگرن؛ دڵنیابە كە من و تۆ دەتوانین جیاوازییەكان بخولقێنین بەومەرجەی كە توانستەكانی خۆمان بناسین و بۆ دروست كردنی گۆڕانی ئەرێنی دەست بەكاربین.
كاكی ئەزیز، خانمی خۆشەویست، هاوسەرەكەت خۆشبوێت بەڵام هەروەك پێشتر ئاماژەم پێدا، خۆشەویستی بەمانای ئەوەنیە هەرچی هاوسەرت بیڵێ پێت وابێت دەبێت پەسەندبێت لات. زۆرجار، دۆخی هەست و سۆزەكانمان و ڕۆحیەتمان گۆڕانیان بەسەردێ. چۆن مانگانە بەهۆی گۆڕانی پێكهاتە شیمیاویەكانی خوێنەوە دەكرێت خانمان ڕۆحیەتیان دووچاری گۆڕان بێت، پیاوانیش بەهۆكاری جیاواز ڕۆحیەتیان توشی هەڵكشان و داكشان دەبێت. “توێژینەوە زانستیەكان و بەتایبەت وەرزشیەكان دەری دەخەن جەستەی مرۆڤەكان و توانستە جەستەیی و ڕۆحیەكانیان نەك تەنیا بەدرێژایی مانگ و ساڵ بەڵكوو لە ماوەی شەو و ڕۆژیشدا یەكسان نیە. بۆ نموونە تین و دژواری ئازارەكان و دەركەوتەی نەخۆشیەكان لە شەودا بەهێز و دژوارترن تا كاتژمێرەكانی ڕۆژ.” لە بیرمانبێت هەبوونی ئەشق و خۆشەویستی و پەیوەندیەكی دروست، نەك تەنیا تەندروستی ڕۆح و ڕەوان بەڵكوو سەلامەتی جەستەشمان بۆ دەستەبەر دەكات. مرۆڤ كاتێك كەسێكی خۆشبوێت, دڵفراوان دەبێت لە ئاستیدا و لە کێشەکاند پاڵپشتی دەكات. بەقەولی سەعدی شیرازی كە دەڵێت؛ ئەگەر یەك هونەرت هەبێت و حەفتا عەیب دۆست جگە لەو یەك هونەرەت نابینێ. كاتێك ژن و پیاو زیاد نەنگی و هەڵەكانی یەكدی دەردەخەن، حاڵ و ڕۆژیان تەم و لێڵ دەبێت و بەدبەخت دەبن. هاوسەرە بەڕێزەكان، ئەم درووشمە “مەكتەبی كەماڵ” بەیاد بسپێرن كە دەڵێت:- خۆتت خۆشبوێت و هاوكاریی ئە وانیتریش بكە تا زیاتر خۆیانیان خۆشبوێت. لە زۆربەی كێشەكانی خێزانیدا؛ گەندەكاریەكان لێرەوە سەرهەڵدەدەن چ بزانم یان نەزانم پەیوەندی هاوسەرم لەگەڵ خۆی تێك دەدەم بۆ نموونە دەڵێم: “تۆ دایكێكی لێوەشاوەنیت, هاوسەرێكی كەمتەرخەمیت, گیژ و وڕی، سەیری خۆت بكە چەندە قەڵەو و ناشرین بوویت” ئەویش لە بەرانبەردا دەڵێت: “خۆت گیژ و دەمپیسی و” بەم وتە نا دروستانە پەیوەندی ئەو لەگەڵ خۆیدا وێران دەكەم و ئەویش لە بەرانبەردا كاردانەوەی وێرانكەرانە لە خۆی نیشاندەدات. ئەم شێوە ڕەفتارانە, لەگەڵ ڕەفتاری ئاشقانەدا سەد و هەشتا پلە ناكۆكە.
ئەشقی راستەقینە لە ژیانی هاوبەشیدا، هەبوونی ئەم هونەرەیە كە هەركات بە هاوسەرمان دەگەین، پەیوەندی ئەو لە گەڵ خۆی باشتر بكەین؛ كارێك بكەین زیاتر خۆی خۆشتربوێت. بۆنموونە، پیاو ئەگەر ژنەكەی بینی خەمبارە دەبێ دەستی خۆشەویستی بێنێ بە پشتیدا و بڵێ: “ئازیزم رووناكیی ماڵەكەمی، تۆ نەبی ماڵ چ سوودێكی هەیە، بەبێ تۆ ماڵ سارد و بێ ڕۆحە. نەتبینم بە خەمباری، چیم لەدەست دێ بۆتی بكەم؟
كاكی بەڕێز؛ ئەگەر خانمت تاقەتی نیە چێشت لێنێ، لە دەرەوە خواردن بكڕە. یان ئەگەر خۆت هونەری ئاشپەزیت هەیە، هەستە و خواردن دروستكە، بە منداڵەكان بڵێ ماڵە كە ڕێك و پێك بكەن، قاپەكان بشۆرن. هیچ نەبێ با ڕۆژێك لە هەفتەدا خانمت پشوو بدات، بڵێ: “ئەمڕۆ تۆ دەست لە ڕەش و سپی وەرنادەیت، لە دەرەوە خواردن دەكڕم، ئیش و كاری ناوماڵ و شۆردنی قاپەكان و… هەمووی لەپای من و منداڵەكان” مۆڵەت بدە خانمت پشوو بدات، بهێڵە چێژ بەرێت لە ساتەكانی ژیانی، بهێڵە لەسایەی تۆدا گەشە بكات. گەر ئارەزوومەندە بخوێنێ, ڕێگە بدە بخوێنێت. ئەم وتەی حافزی شیرازی بەیاد بێنین كە دەڵێت:- بڕوانە كەماڵ و نهێنی خۆشەویستی، كەم و كوڕی مەبینە هەركەس بێ هونەربێ عەیبە دەبینێ. برایان و خانمانی ئازیز، كاتێك خەوشی یەكدی بەڕووی یەكدی دەدەن و یەكدی شەرمەزار دەكەن لەڕاستیدا كارێكی بێ هونەریی دەکەن؛ بە خۆتان نامۆ بوون و ڕێگاکەتان هەڵەیە. ئەگەر بەهەر هۆیەك هاوسەرتان ئازارتان دەدات، چركەیەك بوەستە. خێرا بەر پەرچی مەدەرەوە. بیربكەوە و لەخۆت بپرسە هۆی چیە حاڵی هاوسەرتان خراپە؟ هۆی چییە لەگەڵ خۆی تێكچووە؟ ئایا هۆكەی تۆی یان كەسێكی دیكەیە؟ كاكی بەڕێز؛ لەجیاتی توڕەبوون و پەچەكردار لە ئاستیدا، دەتوانی بڵێی: “ئازیزم، ئەمڕۆ جوانتر بوویت، ماڵەوە قەشەنگتربووە منداڵەكەمان چەند ڕێك پۆشە”
خانمی بەڕێز؛ تۆش دەتوانی بە هاوسەرت بڵێیت “ئەمڕۆ چەند بە كەیف و شادمانی گەڕایتەوە بۆ ماڵەوە و…هتد” گرنگ ئەوەیە خاڵێكی پۆزەتیڤ لە هاوسەرەكەماندا بدۆزینەوە و ڕاستگۆیانە بەیانی بكەین تا پەیوەندی لەگەڵ خۆی باشتربێت و بتوانێت لە بەرگی خەمۆكی و توڕەیی و بەد بینی بێتە دەرەوە. دەبینین دەست بەجێ كەشی ماڵەوەمان دەگۆڕێت بۆ دۆخیكی باشتر. كەواتە گۆڕینی بارودۆخەكان بەدەستی من و تۆیە. من و تۆ دەتوانین جیاوازیەكان دروستبكەین، بەمەرجێك لەم هێزەی خۆمان شارەزا و بە ئاگابین و هەنگاوی بۆ بنێین. پێم وایە ئەم ڕستە هی ئەفڵاتونە دەڵێ: ” زوڵم بۆ زاڵم دەگەڕێتەوە” لەو كۆمەڵگەیانەی ژن ڕێز و شایستەیی تەواوی پێ نادرێت، ئاسوودەنین؛ چوونكە هەموو پیاوێك لە نێوان لانیكەم دوو ژندایە: دایكی و هاوسەری، كچی و خوشكی، نەكردەیە پیاو لە ژێر كاریگەری دوو ژندا نەبێ لە ژیاندا. بۆیە لە بەرژەوەندی پیاواندایە، ژنان شادمان و ئازادبن. هەموو ئەمانەش لە بەرژەوەندی دنیایەكدایە كە تێی دا دەژین. من كارێكم نیە بە پێناس و لێكدانەوە و بیركردنەوەی فێمێنیستی؛ بەڵام ڕاستیەك درك دەكەم ئەگەر بە دروستی و دادگەری ڕەفتار بكەین, خۆشبەخت دە بین. نە ژن لە پیاو لەبەرترە و نە پیاو لە ژن لە بێشترە؛ هەركامیان لە جێگای خۆی توانستی تایبەت بە خۆی هەیە. بۆ نموونە ئەگەر لە ڕووی فیزیكییەوە من شتێكی قورس هەڵبگرم، ئەمە مانای لاوازی كەسێك نییە کە ناتوانێت ئەو شتە بەرز بكاتەوە. هەركەسە و لە بوارێكدا خاوەنی توانا و لێوەشاویە. پێویستە جیاوازیەكان قبوڵ بكەین و ڕێزیان لێ بگرین. هاوسەرانی ئازیز؛ ئەگەر هەركێشەتان هەیە, پێكەوە گفتوگۆبكەن. شەڕمەكەن، ئەگەر ناكۆكیەكانتان بە شێوەیەكە ناتوانن خۆتان كۆنترۆڵی بكەن كاكی بەڕێز تۆ لە ماڵ بڕۆ دەر؛ خانم نەڕوات، تۆ بڕۆ دەر و بهێڵە خانم لە ماڵەوە بێت، تا بڵێسەی ئاگرەكە خامۆشدە بێت و پاشان پێكەوە گفتوگۆ بكەن.
لەگەڵ شارەزایان ڕاوێژ بكەن، ئەوان دەتوانن ڕێنمایتان بكەن دروست ڕفتاربكەن لە ژیانی هاوسەرگیری و لە پەیوەندییە سێكسی و…هتد. هەروەها فێرتان دەكەن چۆن نیازەكانی یەكدی دەستنیشان بكەن و وەڵامیان بدەنەوە. ئەگەر لەگەڵ یەك ناكۆكن, بزانن هێشتاكە پێكەوە ژن و مێردن. ناكۆكیەكان لە جێگای خۆی، بەڵام دەبێت نیاز و ئارەزووەكانی یەكدی جێبەجێ بكەن. ئایا ئەگەر لە یەكدی توڕەبوون ئیدی نابێ خواردن بخۆن؟ ئیدی نابێ تێكەڵ بوون هەبێ؟ بیرتان بێ ئەگەر غەریزەی سێكس و خواردن …هتد بكەنە هەرەم بۆگەشتن بە داخوازیەكانتان زەرەر دەكەن. چوونكە مرۆڤ خێرا دەكەوێتە بیری پڕكرنەوەی بۆشایەكانی. كاكی بەڕێز؛ ئەگەر هەڕەشە لە هاوسەرەكەت بكەیت بە دەركردن، تەڵاقت دەدەم، منداڵەكانت لێ دەستێنم و.. ئەگەر ئاشتیش ببنەوە، هاوسەرەکەت لە قوڵایی هزری هەمیشە هەست بە مەترسی و خەم كات هەمیشە بیر لەوە دەكاتەوە چۆن ئەم هەڕەشانە قەرە بوو بكاتەوە؟ چی بكات بۆ ئەوەی نەتوانیت منداڵەكانی لێوەربگریتەوە؟ بۆیە دەرەنجام، لە بری ئەوەی سەرنجی كۆبكاتەوە بۆ ژیانكردن لە گەڵت، هەمیشە بیر دەكاتەوە چۆن پارەكانی پاشەكەوت بكات ئەگەر دەرتكرد، دۆش دانەمێنێ. تكایە هەرگیز هەڕەشە نەكەیت. قسە بكە؛ لە هەموو قۆناغەكانی ژیاندا ئێمە دەتوانین پێكەوە ناكۆكیكی و جیاوازی دنیابینیمان هەبێ لەسەر مەسەلەكان، بەڵام لە هەمانكات دەتوانین پێكەوە قسەبكەین، پێكەوە پەیوەندیمان هەبێت. هەتا ئەو وڵاتانەی لەگەڵ یەك لە شەڕدان, ڕێگای وتوێژ و دانووستان نا بەستن. لە خراپترین حاڵەتدا هێشتا نابێت پە یوەندیەكانمان بپچڕێنین. دواجار گەربینیتان ناتوانن پێكەوە بژین، سەردانی ڕاوێژكار یان ڕیش سپی و گەورەی خێزانەكانتان بكەن و داوای ڕێنماییان لێ بكەن. ئەگەر هەر نەگونجان دەتوانن لێك جیاببنەوە؛ بەڵام بە شێوەیەكی دۆستانە و بەڕێزەوە, نەك بە گرژی و توڕەی و ئاڵۆزیەوە. لە بیری منداڵەكاندابن چۆن سەر پەرشتی بكرێن؟ باوكان و دایكانی بەڕێز! هیچكات لای منداڵەكانتان باسی خراپی هاوسەركەتان مەکەن. چونكە منداڵان هەم پێویستیان بە دایكە و هەم پێویستیان بە باوكە. دایك ئەگەر بە خۆ مەزڵوم نیشاندان وا لە منداڵەكانی بگەیەنێت گوایا باوكیان خراپە، ئەو منداڵانە ئاسوودە نابن، بۆچی؟ چونكە هەمیشە بیر لە تۆڵە دەكەنەوە. باوكیش ئەگەر دایك لە بەرچاوی منداڵەكان كە نەفت و كەساس بكات, دیسان ئەو منداڵانە خۆشبەخت نابن. هەمیشە داوابكەن لە منداڵەكانتان ڕێز لە دایك و باوكیان بگرن و ڕێزیان پارێزراوبێت. ئەگەر ڕەچاوی ئەم خاڵە بچووكانە بكەین زۆر بە ئاسانی بەختەوەر دەبین. ئینجا كۆمەڵگەكەشمان خۆشبەخت دەبێت.
پێویستە هەموو لایەكمان یارمەتی یەكتری بدەین ئەگەر كێشەیەكیش روویدا، لە بەرژەوەندی هەردوولا سوودی لێوەربگرین نەك لەدژی یەكتر. ئەگەر دوو نەفەر بەگوێرەی پێویست پێكەوە یەكگرتووبن، هیچ كەس ناتوانێت كاریان تێبكات و نێوانیان تێك بدات. لە بەرانبەردا دەبێت هەمیشە لە یادمان بێت، ئامۆژگاریەكانی حەزرەتی حافزی شیرازی:- خۆمان دورە پەریز بگرین لە كەسانی خراپەكار و ناچیز. كەسێك كە ئاكار و عادات و ڕەفتارە كانی یارمەتیمان نادات، هەتا ئەگەر دۆستیشت بێ پێ بڵێن: “ماڵئاوا!” و پەیوەندیەكانتانی لەگەڵ بپچڕێنن. بیرتان بێت خۆتان بەرپرسن لە پاراستنی ژیانتان، بۆیە لە بەرخاتری دۆستەكانتان ژیانتان تێك مەدەن. لەبیرت بێت خۆشبەختی پڕۆسەیەکە و بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە. خۆشبەخت دەبیی ئەگەر بڕیار بدەیت و پابەندبیت بە بەڵێنەكەت و هەنگاوی بۆ بنێت. ئەم وتەی خانمە شاعیری ئێرانی”پەروینی ئیعتیسامی” هەمیشە بەیادی خۆمانی بێنینەوە دەڵێت: هەوڵەكانی تۆ بەننایە و خۆشبەختی تۆ بینایە.
نووسین: مەحموود موعەزەمی
وەرگێڕان: شاهۆ لەتیف