هەروەک دەڵێن سینەما وێنەیەکی ڕاستەقینەی ژیانە، هەڵگری شەش هونەری پێش خۆی و مەعریفە و زانستە، سینەما وەک هونەرێکی هۆیەکی دەکرێت بێتە هۆی گەیاندنی مێژوو و ئێستامان، بەهەمان شێوە لە ڕووی سۆسیۆلۆجییەوە دەبێتە ئاوێنەیەکی کۆمەڵگەو ڕەنگدانەوەی ژیان و ئەزموون و ناخی هەر تاکیکی ئەو کۆمەڵگایەی سینەمایەکی لێوە بەرهەم دەهێنرێت.
منداڵانیش کە بەشێکی گەورە و گرنگی هەر کۆمەڵگەیەکن بناغەی درووستبونی کۆمەڵگەیەکی پڕ مەعریفە و ئازاد و خاوەن زانینن، بێ بەر نین لە سینەمایەکی تایبەت بە خۆیان و ئەو ئەزموون و ساتانەی لە ژیاندا هەر تاکێکیان ئەشێت پیای تێپەر ببن، بێگوومان بە بوونی چەند تایبەتمەندییەکی جیاکاری و تایبەتمەند بە جیهانی منداڵان کەلە سینەمایەکی دیکە جیای دەکەنەوە، ئەگەر لە پێناسەیەکدا بۆ سینەمای مندالان ورد ببنەوە بەم جۆرەیە؛ کە سینەمای منداڵان بریتییە لە بەرهەم هێنانی ئەو جۆرە فیلمانەی کە پەیوەندی بە منداڵ و جیهانی منداڵ و ئەزموون و بیرکردنەوەی منداڵ دادەنرێت چیرۆکی فیلمەکان لە چوارچێوەی ماڵ و خێزان و ئەزموون و مێژوو و قۆناغەکانی زانینەوە دەسووڕیتەوە، ئەم جۆرە فیلمانە جیاواز لە فیلمە خیزانییەکان کە بەشێوەیەکی گشتگیر بەرهەم دەهێنرێت ئەم جۆرە سینەمایە بۆ بینەرێکی گشتی دابین ناکرێن، بەلکوو تایبەتمەندە بە تەمەنێکی دیاری کراوە، بە جۆرێکی تر و لە پێناسەیەکی تردا دەکرێت بڵێین سینەمای منداڵ سینەمایەکی لایەندارە بە منداڵ. لە رووی شێوازی دروستکردنی فیلمی منداڵان بەر لە هەر شتێک پیویستە قەڵەم بخەینە سەر جۆری ئەو ژانرانەی لەم جۆرە سینەمایە بەکاردەهینرێت کە ئەوانیش “ڕیالیزم-فەنتازیا-سەرگەرمی-میوزیکاڵ-درامی-زانستی-ئەدەبی تایبەت بە جیهانی ئەدەبی منداڵان-مێژووی”.
هەریەک لەم جۆرە لە هەردوو جۆری فیلمی سینەمایی-فیلمی ئەنیمیندا بەکاردەهینرێت و هەریەک لەم ژانرانە و کارکردنیان لێی دەکرێت ببنە هۆی بوونیادنانی کەسێتییەکی پڕ زانست و مەعریفە و زانین و سۆز و ناخێکی پڕ هیواو ئەزموون لە منداڵاندا، هەروەها بەهۆی بوونی مەیلی بایۆلۆژی هاوبەش لە نێوان منداڵاندا هەربۆیە چیرۆکەکانیان تا ڕادەیەک گشتگیرە، لە چیرۆکێکی هاوبەش ئەزموونەکانیان کۆ دەکرێتەوە و دەکرێت خواست و هیواو ئەزموون و ترسەکانیان گشتگیری پێ بکرێت ئەمەش بە سوود وەرگرتن لە هەریەک لەم مەیلە سرووشتیانەی تایبەت بە منداڵان. گرنگە باس لەوە بکەین ئەو پرس و بابەتانەی لە سینەمای منداڵاندا بەدیدەکرێن چین، ئەو چیرۆکەی کە هەڵدەبژێردرێت بەر لەهەرشتێک پێویستە چیرۆکێکی سادە بێت هیج ئاڵۆزییەکی تێدا نەبیت، بە شیوازی کلاسیکی سێ ئاکت بنووسرێ، زۆرترین کاتیش هەرسێ ئاکتەکە بەدای یەکدا بێن، چونکە ڕەنگە بەشیوەیەکی گشتی منداڵان توانای کردنەوەی گرێی فیلمەکانیان نەبێت هەروەها پیویستە کۆتایی و ئەنجامێکی هەبێت و کۆتاییەکی کراوە، نەبێت تاکوو مندالان بتوانن ئەزموونێک ئەزموون بکەن و ئەنجامی هەر کردارێک بە باش و خراپەوە ببینن، جونکە لیرەدا کار بۆ درووستکردن و گەیاندنی پەیامێکی سادەی ژیان دەکەین کە هەر مندالیک بۆ ئاسانکردنی ژیانی پیویستە فێر ببێت بێگوومان ئەو بابەتانەی لە چیرۆکی فیلمەکە کاری لەسەر دەکەین پیوێستە ئەم بابەتانەی لەخۆ گرتبێت:-
* ئاگادارکردنەوەی منداڵێک لە مەترسی کردارێک و ئەنجامی کردارەکە.
* بوونی چاکە بەرامبەر خراپە.
* چۆنییەتی دروستکردن و هەڵبژاردنی هاوڕێیەتی.
* بوونی گرنگی خێزان و ڕێزگرتن لێیان.
* هاوکاریکردنی هەموو مرۆڤێک لە هەموو ئاست و تەمەنێکدا.
* خۆشویستی شتە سادەکانی ژیان و شانازیکردن پێیان.
* متمانە بەخۆ بوون.
* مرۆڤێکی بەسۆز بەرامبەر هەر شتێکی ژیان.
* خۆشویستنی نیشتمان.
* دروستکردنی مەعریفە لە ڕێگەی زانستەوە.
* مێژووی وڵات و کەسایەتییە دیارەکانی نیشتیمان.
* ناسینی کولتوور و دابونەریتی کۆمەڵگەکەی.
* متمانە بەخۆ بوون و شانازیکردنی بە خود.
* خۆشویستن و هاوڕێیەتی و هاوکاریکردن و ناسینی ئاژەڵە جیاوازەکان.
* کارکردن لەسەر خولیاکان.
* ناسینی ڕێگای سەرکەوتن.
*مەترسییەکانی ژیان ..
* ناسینی تایبەتەمەندییە دەروونی و جەستەییەکانی ڕەگەزی بەرامبەر.
* یەکسانی نێر و مێ.
* مافەکانی مرۆڤ.
* بنەما گرنگەکانی کەسێتی مرۆڤ.
* ئەنجامی درۆکردن و خۆشویستنی راستی…هتد.
بەم شێوەیە لە چیرۆکێکی سادەدا مامەڵە لەگەڵ هەندێک لایەندا دەکەن، کە تەنها بوونیادنانی کۆمەڵایەتی نین بەڵکو هەست و سۆزگەلێکن کە پەیوەندییان بە منداڵانەوە هەیە و لە روانگەی مندالانەوە دەگێردرینەوە هەریەک لەم بابەتانە بریتین لە جیهانی منداڵ لە ڕێگەی هەریەکێکیانەوە. هەریەک لەم بابەتانە پیویستە بە بوونی ئەنجام و ئەزموونێکی دیاریکراوەوە بگەیەنرێتە منداڵ تاکوو هەر تاکێک لە منداڵدا بتوانێت ئەو ئەزموونانە بە لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانەوە لە ژیانیدا کەڵک وەربگرێت، لەم ڕووی چیرۆک بەم جۆرە هەریەک لەم چیرۆک و بابەتانە بەشێوازێکی ڕیالیزم کاری لەسەر دەکرێت، ئەگەر هەریەک لەم بابەت و چیرۆکانە بگەیەنینە وێنەیەکی بینراو ئەوا پێویستە هەندێک شتی تایبەتمەند لەبەرچاو بگرین؛ وەک لایەنی دەرهێنان و شیوازی گێرانەوە لەم جۆرە سینەمایەدا، بێگوومان وەک هەر سینەمایەکی دیکە شیوازی بەرهەمهێنان و گێڕانەوەی هاوبەشە، بەڵام پێوستە ئاماژە بە چەند تایبەتمەندییەکی گرنگ بە منداڵ و سینەمای منداڵەوە بکەین کە لە سینەماکانی دیکە کەمترین کات بەدی دەکەین ئەوانیش:-
پێویستە ئەو گرتانەی لەم جۆرە فیلمە بەکاردەهێنرێت بە گوێرەی بینینی منداڵیکی تایبەت بەو تەمەنەوە نیشان بدرێت، چۆنییەتی بینینی قەبارەی گرتە، جۆری گرتە، ماوەی گرتە، جووڵەی کامێرا بە گوێرەی ڕوانگەی منداڵانەوە بێت بۆهەر یەکێکیان. بەکارهێنانی ڕووناکی دەبێت بەشێوەکی سادە و رووناکییەکی سرووشتی دابڕێژرێت لە جێی ڕووناکییەک کە پەیام و مەبەستێکی هەڵگرتبێت، هەروەها لە ڕووی بەکارهێنانی ڕەنگەوە پێویستە زۆرترین رەنگ و بەخشینی هیواو ببەخشرێتە نێو هەریەک لە دەرکەوتەکانی نێو فیلمەکە، چونکە ڕەنگ بەشێکی دانەبراوی جیهانی منداڵانە، هەروەها پیویستە فیلمەکە دووربێت لەهەریەک له ئاماژەیەکی نیشانەیی و رەمز و کۆدێک کە منداڵێک شی بکاتەوە، هەروەها ئەو ئەکتەرانەی بەکاردەهێنرێت پێویستە لە رووی فیزیکەوە زۆر سادە و شێوەیەکی گشتگیریان هەبێت و بەڵام بتوانێت لە بەردەم کامێرادا بوێری ئەنجام بدات، هەست و سۆز بگەیەنێت، هەروەها بەشداری پێکردنی زۆرترین منداڵ لەهەر ڕۆڵێکی جیادا، واتە بوون بە ئەستێرە و دیاریکردنی ئەستیرەیەکی دیاریکراو لە جیهانی مندالاندا بوونی نییە، چونکە لە سینەمای منداڵدا ئەوەی دەگەیەنرێت ئەزموون و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ژیانی تاکێکە لە کۆمەڵگەیەکدا کە چۆن خۆی بدۆزێتەوە، نەک لەو ڕێگەیهوە هەوڵ بۆ بەرجەستەکردنی سیستەمێکی کەپیتاڵیزم و سەرمایەداری و ڕیکلام و بانگەشە بدرێت، چونکە هەریەک لەم چەشنە شتانە بەدوورە لە جیهانی منداڵ.
سینەمای منداڵ لە هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئەوروپا لە سالەکانی ١٩٣٠ دەستی بە ناوبانگێکی رێژەیی کرد، بەڵام لە کوردستاندا هیج فیلمێکی تایبەت بە جیهانی منداڵانمان نییە، ئەمە جگە لەوەی لە قوتابخانەکان و بنکە فیرەکارییەکان نەکراوەتە پڕۆژەیەکی گرنگی فێرکردنی منداڵ کە لەو ڕێگهیەوە دەتوانن زۆرترین ئەزموون و زانین بە منداڵ بگەیەنن و کەسایەتییەکی پڕهێز بخرێتە کۆمەڵگەوە، چونکە سینەما دەتوانێت منداڵێک بوونیاد بنێت لە ڕێگەی هەریەک لەو چیرۆکانەی ئاماژەمان پێدا، منداڵیش کە دروستکەری کۆمەڵگەیەکی داهاتووی نزیکە، دەتوانن لەو ڕێگهیەوە زۆرترین گۆڕان لە پیشخستنی هەریەک لە کۆمەڵگایەک بکەن.
ئەمانەش نموونەی چەند فیلمێکی (سینەمایی – ئەنیمی)گرنگی تایبەت بە سینەمای منداڵ:-
E.T the Extra – Terrestrial
Harry potter and the sorcerers stone
Back to the future
How to train your dragon
The karate kid
Beauty and the beast
The princess bride
Freaky Friday
Home alone
Matilda
Elf
The sandlot
Big hero 6