دیاردەیی دانانی وێنەی شەهیدەکان لە بازگەکاندا، بە تایبەت لە دوایی شەڕی داعشەوە سەریهەڵداوە. وێنەکان لەسەر فلێکس چاپکراون و هەر یەکەیان بە قەبارەیەکی جیاواز و ناقۆڵا لەسەر چوارچێوەی ئاسنی ژەنگاوی بە ناشیرینی دانراون. ئەو فلێکسانە توانای مانەوەیان نییە، تيشکی خۆر وێنەکانی کاڵکردۆتەوە، ڕەشەبا بەشێکیانی دڕاندووە، خۆڵ و تەپ و تۆزی دنیایان لێنیشتووە!
ئەم دیاردەیە، هێندەی سوکایەتییە بە شەهیدەکان، هێندە ڕێزگرتن نییە لە خەبات و قوربانیدانیان، ئەوان گیانی خۆیان پێشکەش بەم وڵات و نەتەوەیە کرد و بە خوێن بەرگرییان لە ئازادی کرد، دەکرێ وەفای ئێمە بۆ شەهیدان ئەوەبێ، کە وێنەکانیان بەم شێوەیە نمایش بکەین؟! جگە لەوەی هەر کەسێکی گەشتیار یاخود شاندێکی بیانی کە سەردانی شارەکان دەکات و لە بازگە و دەروازەی شارەکاندا چاوی بەم فلێکسانە دەکەوێت کە هەر یەکە و بە جۆرە چەکێکەوە وێنەی دانراوە، جل و بەرگی جیاوازییان لەبەردایە، دەبێت چ تێڕوانینێکی لەسەر کورد و کێشە ڕەواکەی بۆ درووست ببێت؟! ڕەنگە وابزانێ دەچێت بۆ شارێک کە دیاردەی چەکداری تێدا زاڵە! ئەم دیاردەیە لە سەرەتای ڕاپەڕیندا ئاسایی بوو، بەڵام بۆ ئێستا و لە دوایی زیاتر لە (٣٠) ساڵ حوکمڕانی خۆماڵی دیاردەیەکی نامۆ و ناشارستانییە.
باشترین کارێک یاخود وەفایەک بۆ شەهیدان، ئەوەیە ئەم فلێکسانە لاببرێن. لە شارەکاندا یاخود لانی کەم لە سەر ئاستی کوردستان مۆنۆمێنتێکی گەورە، بەشێوازێکی هونەری هاوچەرخ، بە پرس و ڕا بە کەسانی شارەزا و هونەرمەند درووستبکرێت، کە ببێتە سومبول و ڕەمزی شەهیدان، جیاواز لە مۆنۆمێنتی کیماباران و ئەنفال، کە لە هەڵبجە و چەمچەماڵ درووستکراون، ئەم مۆنۆمێنتە تایبەت بێت بە پێشمەرگە، وێنە و ژیننامەی سەرجەم شەهیدەکان بەبێ جیاوازی: لایەنی ڕامیاریی، ئایینی، بیر و ڕا، مێژووی شەهیدبوونیان، بە دیزاینێکی شایستە، لەگەڵ تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفادا دابنرێت، یاد و یادەوەرییان لای نەوەکانی داهاتوو و میوانانیش بۆ هەمیشە بەرز ڕابگیرێ و بە شکۆ وە بمێنێتەوە.