“پێشەکی”
لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، کە بووە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل، لەو کاتەوە بزوتنەوەی حەماس لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و گوشاری زۆر بووەتەوە. بنکەی سەرەکی حەماس لە دەرەوەی فەڵەستن، لە دەوحەی قەتەرە. قەتەر؛ دەوڵەتیکە کە ڕۆڵێکی بێ وێنەی بینی لە ناوبژیوانی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان، تا دواجار لە ٢٩/١/٢٠٢٠، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رێکكەوتنێكی لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبان بە ئامادەبوونی نوێنەرانی پتر لە سی دەوڵەت لە دەوحەی پایتەختی قەتەر واژووکرد.
بوونی بنکەی سەرەکی حەماس لە قەتەر و ئەزموونی قەتەر لە ناوبژیوانی نێوان تاڵیبان و ئەفغانستان لەلایەک و تاڵیبان و ئەمریکا لەلایەکیتر و هەروها خواستی قەتەر بۆ خۆنمایشتکردن وەک هێزیكی عەرەبی کە لە ناوچەی کەنداو دەتوانێ کێشە هەریمایەتییەکان چارەسەر بکات، وایکرد کە هانی قەتەر بدات بۆ ئەوەی هەوڵی هێنانەدی ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بدات، کە تا ئێستا لە هێنانەدی ئاگربەستی کاتی سەرکەوتوو بووە. بەڵام بە هۆی ناساندنی حەماس بە گرووپێکی تیرۆریستی لە پێش و لە دوای رووداوەکانی هەفتی ئۆکتۆبەر، قەتەر هەوڵدەدات بارگرانی حەماس لەسەر شانی خۆی کەمبکاتەوە، چونکە هەم دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی قەتەر لەلایەن کۆمەلگای نێودەوڵەتی و هەمیش ڕاستە کە قەتەر پەیوەندی سیاسیی راستەوخۆی لەگەل ئیسرائیل نەبووە، بەڵام لە ڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دیپلۆماسی پشتی پەردە ئەم دوو وڵاتە لە پەیوەندی دابوون. قەتەر کەوتووەتە ژێر گوشار و ئەمەش وایکردووە سەرکردەکانی حەماس بەدوای جێگرەوە بۆ دامەزراندنی بنکە و بارەگاکانیان بگەڕێن. پێشتر حەماس هەوڵیدا لە تورکیا نووسینگەی نوینەرایەتی بزوتنەوەکەی بکاتەوە بەڵام سەرەڕای گوتارە ئاگرینەکانی ئەردۆغان بۆ پشتگیریی لە حەماس و گەلی فەڵەستن، بەڵام تورکیا نایەوێت توشی کێشە بێت و ئامادەیی نیشان نەدا بۆ کردنەوەی نوسسینگەی حەماس لە ئیستانبۆل یان ئەنقەرە، چونکە تورکیا پەیوەندیی بەهێزی دیپلۆماسی، بازرگانی و سەربازی / هەواڵگریی لەگەڵ “تەل ئهبیب” هەیە.
دەنگۆی ئەوە هەیە کە بنکەو بارەگاکانی حەماس بۆ ئێراق بگوازرێنەوە. ئێران لایەنگری ئەم هەنگاوە دەکات و ملیشیاکانی ئێراقیش کە سەر بە ئێرانن، بەتایبەتیش حزبولای ئێراق لایەنگری ئەم هەنگاوە دەکەن هەرچەندە فادی شەممەری، راوێژكاری سیاسی سەرۆك وەزیرانی ئێراق بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتى راگەیاندوە کە كردنەوەی هیچ بارەگایەكی فەرمی بزوتنەوەى حەماس لە ئێرقدا بوونی نییە وەك ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكرێت، هەروەها داواكارییەكیشیان پێنەگەیشتوە لەبارەی گواستنەوەی سەركردەكانی بزووتنەوەی حەماس یان كردنەوەی نوسینگەیەكی فەرمی لە ئێراق. هاوکات سایتی هەواڵی ”زە ناشناڵ” بڵاویکردەوە کە ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی حەماس مانگی ڕابردوو لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی ئێراق و ئێران کۆبووەتەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە و ئاماژە بەوە دەدات کە حکومەتی ئێراق بە گواستنەوەی سەرکردەکانی حەماس بۆ بەغدا ڕازی بووە و ئێرانیش بەرپرسیارێتی خۆی نیشانداوە بۆ پاراستنیان. لەم گوتارەدا تیشک دەخەینە سەر لێکەوتەکانی ئەگەری گواستنەوەی نووسنگەی نوێنەرایەتی حەماس بۆ ئێراق.
“یەکەم؛ کاریگەرییە ستراتیژی و جیۆپۆلەتیکیەکان”
1- هەڵوێستی قەتەر:- قەتەر لە نووسینەگەی بۆ سەرکردایەتی سیاسی حەماس دابینکردووە و تەنانەت تێچووی ئەم نووسینگەیە لە ئەستۆی حکومەتی قەتەرە بەڵام پێگە و سیاسەتی قەتەر لە گۆڕاندایە، بەتایبەتیش لە دوای دەرکردنی لە رێکخراوی هاریکاری کەنداوی عەرەبی و دووبارە گەڕانەوەی بۆ ناو ئەم رێکخراوە، پرسی سوریا و یەمەن، مەترسی سەر بۆڕییە نەوتییەکان و بارهەڵگرانی دەریای سوور، ململانێی ساراوی نیوان قەتەر و عەرەبستان لەلایەک و قەتەر و ئیمارات لەلایەکیتر و چەندین پرسیتر. هەر بۆیە هەوڵدەدات هاوپەیمانییە ناوچەییەکانی خۆی ڕێکبخاتەوە، بەتایبەتی لە ژێر رۆشنایی پێشهاتە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئەم دواییەدا.
هەربۆیە پەنابردنی بزوتنەوەی حەماس بۆ ئێراق دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی قەتەر یان وەڵامدانەوەی گوشارە نێودەوڵەتییەکان، چونکە جووڵەی بارەگای حەماس لە قەتەرەوە بۆ ئێراق گۆڕانکارییەکی بەرچاو دروست دەکات. بڕیاری قەتەر بۆ دوورکەوتنەوە لە حەماس لە ژێر کاریگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و چەندین دەوڵەتی کەنداودایە، لەنێویاندا ئیمارات و سعودیە. بەتایبەت لەدوای ئەوەی دەوڵەتەکانی ئیمارات بەئاشکرا لە چوارچێوەی ”رێکكەوتنامەی ئیبراهیم” کە بە رێککەوتننامەی سەدە ناونرا و سعودیەش بەنهێنی پەیوەندییەنیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردۆتەوە ئەمە ئاماژەیە بۆ ڕەوتێکی فراوانتری بەرەو هاوکاری و سەقامگیری ناوچەیی، کە قەتەر نایەوێت بخاتە مەترسییەوە. قەتەر بە دەرکردنی نووسینگەی حەماس لە خاکەکەی، ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسییە دیپلۆماسی و ئەمنییەکانی خۆیەتی و زیادتر لەگەڵ دراوسێکانی کەنداودا خۆی یەکبخاتەوە و پێگەی خۆی لەناو گۆڕانی ژینگەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێز دەکات. ئەمەو سەرەڕای ئەویە کە قەتەر ترسی لەوە هەیە کە ئیسرائیل هێرشبکاتە سەر سەرکردەکانی حەماس لە ناو خاکی قەتەر. چونکە ئیسرائیل نەیشاردوەتەوە کە سەرکردەکانی حەماس لە هەر شوێن و دەوڵەتیک بن بە ئامانج دەگیرێن. ئەمەش هەڵوێستێکە کە قەتەر تووشی شپرزەیی دەکات.
لە لایەکیتر، قەتەر ترسی ئەوەی هەیە کە ئەمریکا و ئیسرائیل هاوپەیمانێتیان لەگەڵ سعودیە و ئیمارات بەهێزتر بکەن، کە دوو زلهێزی ناوچەیین و ڕەخنەیان لە پشتیوانی قەتەر بۆ حەماس و گرووپە ئیسلامییەکانی دیکە دەربڕیوە. ئەمەو سەرەڕای ناکۆکی نێوان عەرەبستان و ئیمارات لەگەل قەتەر بەهۆی پشتیوانی دەحە لە بزوتنەوە تووندڕەوەکانی وەک ئیخوان ئەلموسلمین. گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی گۆشەگیری بۆ قەتەر. هەر لەبەر ئەم هۆکارانە قەتەر بە دوورکەوتنەوەی خۆی لە حەماس، ئامانجییەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و دراوسێیەکانی لە کەنداوی عەرەبی باشتر بکات.
2- پشتگیری ئێران:- ئێران پشتگیری گۆڕینی گواستنەوەی بارەگای حەماس لە قەتەرەوە بۆ ئێراق دەکات. تاران هەوڵدەدات کاریگەریی ناوچەیی خۆی بەهێزتر بکات و تۆڕێکی لۆجستی بەهێز مسۆگەر بکات، لەگەڵ ئەوەی ئێراق لە ڕووی جوگرافیاوە لە ئێران نزیکترە وەک لە قەتەر. بوونی حەماس لە ئێراق ڕێگە بە هەماهەنگی و نزیکبوونی زیادتر دەدات بۆ گەیشتن بە گروپەکانی دیکەی سەر بە ئێران، وەک حزبوڵلای لوبنان و میلیشیا جیاوازەکان لە سوریا گۆڕانکاری لەم ستراتیژییە ژینگەیەکی پارێزراوتر و جێگیرتر بۆ حەماس و کردەوەکانی دابیندەکات، دوور لە گوشارە سیاسییەکان و سنووردارکردنەکان کە لە قەتەر ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. ئەم هەنگاوە ڕێگە بە ئێران دەدات کاریگەرییەکانی لە سەرتاسەری ئەم وڵاتانەدا بچەسپێنێت، بەهۆی فراوان بوونی ستراتیژیەکەی تۆڕێک لە هاوپەیمانی گروپە هاوتەریبەکان دروست بکات، بەمەش ئێران ئاسانتر هەنگاو دەنێت بۆ بەرەو پێشبردنی هیلالی شیعە و بەمجۆرەش گروپێکی سووننەی وەک حەماسیش بەشدار دەبێت لەم پرۆسەیەدا.
ئەگەر ئێران ڕووبەڕووی گوشارێکی بەرچاوی نێودەوڵەتی بێتەوە دەتوانێت کاریگەری خۆی لەسەر حەماس وەک کارتێکی موزایەدە بەکاربهێنێت و لەو شوێنانەی کە پێویستە حەماس وەک بریکارێک بۆ گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکانی بەکاربهێنێت. ئەم مانۆڤەڕە ڕێگە بە ئێران دەدات کە رێچکەیەکی نەرم بگرێتەبەر و، خۆی لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخەکاندا بگونجێنێت لە هەمان کاتدا دڵنیابێت لەوەی کە بەرژەوەندییەکانی پارێزراون.
“دووەم؛ لێکەوتەکانی لەسەر ئێراق”
ئەگەر حەماس نووسینگەی لە ئێراق بکاتەوە، ئەوا وڵاتەکە دەتوانێت ڕووبەڕووی ئاستەنگی ئاسایشی ناوخۆیی و پەیوەندییەکانی دەرەوە و زیادتر دووچاری ئاڵۆزی بێتەوە لە بەڕێوەبردنی ژینگەی ئاسایشی خۆی.
لە ئاستی ناوخ؛ ئێراق ڕووبەڕووی زیادبوونی ئاستەنگی ئەمنی دەبێتەوە، بوونی حەماس دەتوانێت گرژی و ململانێیە لایەنە جۆراوخۆرەکانی لەناو ئێراقدا تووندتر بکات، بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی دیمەنی ئاڵۆزی تائیفی و سیاسی لە وڵاتەکەدا. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی تووندوتیژی یان ناسەقامگیری، چونکە ڕەنگە لایەنە جیاوازەکان کاردانەوەی جیاوازیان هەبێت بەرامبەر بە چالاکییەکانی حەماس.
لە ئاستی دەرەوە؛ لە ئاستی پەیوەندی دەرەکی ئێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تووشی کێشە دەبێت. زۆرێک لە وڵاتان، بەتیابەتیش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپی، حەماس وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی هەژماردەکەن. حکومەتی ئەمریکا مێژوویەکی هەیە لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەهێز دژی ئەو ڕێکخراوانەی کە بە هەڕەشەی تیرۆریستی دەزانێت، لەوانەش گرتنەبەری رێکاری سەربازی لە دژی ئەم گرووپ و رێکخراوانە. ئەگەر ئێراق وەک پشتگیرییەکی لۆجستی یان بنکەیەکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ حەماس سەیر بکرێت، لەوانەیە ببێتە هۆی گرژیی دیپلۆماسی، کاردانەوەی ئابووری، یان تەنانەت ڕێوشوێنی ئەمنی کە لەلایەن ئەم وڵاتانەی کە دژی حەماسن لە دژی ئێراقیش بگیڕێتەبەر. ئەمەش دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر پێگەی نێودەوڵەتی ئێراق هەبێت، هەروەها لێکەوتەی نەرێنیشی دەبێت لەسەر وەبەرهێنانی بیانی و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ نەتەوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
“سێیەم؛ وەڵامدانەوەی ئەمەریکا و ئیسرائیل”
گواستنەوەی بارەگای حەماس بۆ ئێراق، ئەمریکا و ئیسرائیل بەهۆی بەرژەوەندی و نیگەرانی هاوبەشیان سەبارەت بە چالاکیی و کاریگەرییەکانی حەماس لە ناوچەکەدا وەڵامێکی هەماهەنگیان دەبێت. لە کۆتایدا هەردوو وڵات ئامانجیان ئەوەیە کە ئێراق نەبێتە پەناگەیەکی سەلامەت یان بنکەیەکی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ چالاکییەکانی حەماس کە سەقامگیری ئیسرائیل یان ناوچەی دیکە بکاتە ئامانج. هەرچەندە هاتنی حەماس بۆ ئێراق دەستی ئەمریکا و ئیسرائیلییەکان بەباشی دەکاتەوە بەرامبەر حەماس بەتایبەت کردنە ئامانجی سەرکردەکانیان لەناو خۆی ئێراق زۆر ئاسانترە وەکو ئەوەی لەقەتەر لەبەر ئەوەی عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەری تەواو نییە.
١- ئەمریکا گواستنەوەی بارەگای حەماس وەک پەرەسەندنی ناسەقامگیری ناوچەیی دەبینێت. ئەمریکا حەماسی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان کردووە و بەردەوام دژی چالاکییەکانیەتی. گواستنەوەی بارەگاکە بۆ ئێراق ڕەنگە وەک مانۆڕێک سەیر بکرێت بۆ خۆدزینەوە لەو گوشارانەی کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەیخاتەڕوو. ئەم گۆڕانکارییە دەتوانێت هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئاڵۆز بکات، چونکە حەماس لە ئێران و میحوەرێکی بەرگری نزیکتر دەکاتەوە و کاریگەریی گروپەکانی وەک حزبوڵڵای ئێراق لەخۆدەگرێت.
٢- ئیسرائیل گواستنەوەیەکی لەو شێوەیە وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی خۆی لەقەلەم دەدات. ئیسرائیل مێژووی ململانێی سەربازی و نیگەرانی ئەمنی لەگەڵ حەماس هەیە، بەتایبەتی لە غەززە. ئەگەر حەماس بارەگاکەی لە سنوورەکانی ئیسرائیل نزیک بکاتەوە یان لە ناوچەیەکدا کە بتوانێت پشتیوانی لە ئەکتەرە دەوڵەتییەکانی وەک ئێران وەربگرێت ئەوا تەحەدای ڕاستەوخۆ بۆ بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل سەیر دەکرێت. بۆیە ئیسڕائیل ناچارە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی و ئامادەیی سەربازی بەدرێژایی سنوورەکانی و لەناو خاکەکانیدا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک لەلایەن حەماسەوە. کەواتە ئەگەری کردنەوەی بارەگای حەماس لە ئێراق، دواجار ئەمریکا بە راستەوخۆ و ئیسرائیل بە ناراستەوخۆ هاندەدات گوشاری فرەلایەن بخەنە سەر ئێراق کە بریتین لە
- گوشاری دیپلۆماسی؛ ئەمریکا و ئیسرائیل گوشاری دیپلۆماسی لەسەر ئێراق زیاددەکەن، ئەم دوو دەوڵەتە دەتوانن کۆڕبەندە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکان، وەک نەتەوە یەکگرتووەکان یان ڕێکخراوە ناوچەییەکان وەک کۆمەڵەی عەرەبی، بەکاربهێنن بۆ کۆکردنەوەی پشتگیری بۆ فشارخستنە سەر ئێراق بە شێوەیەکی دیپلۆماسی بۆ ڕێگریکردن لەو هەنگاوە یان بۆ سنووردارکردنی چالاکییەکانی حەماس لە سنوورەکانیدا.
- سزای ئامانجدار؛ ئەمەریکا دەتوانێ سزای نوێ بچەسپێنێ بەسەر ئێراقدا یان هانی دەزگا نێودەوڵەتییەکان بدات کە هەر لایەنێکی تر کە پشتگیری لە حەماس بکەن، ئەمەش دەتوانێت بریتی بێت لە سنووردارکردنی بازرگانی، یان قەدەغەکردنی مامەڵە داراییەکان لەگەڵ گرووپە تایبەتەکان/ چەکدارەکان یان کەسانی تایبەت.
- ئامادەبوونی سەربازی؛ ئەمریکا ڕەنگە بوونی سەربازی خۆی لە ئێراق یان ناوچەکانی نزیک لە ئێراق بەهێز و زیادتر بکات بۆ چاودێریکردن و بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی هەستپێکراوی حەماس. هەروەها ئیسڕائیل دەتوانێ ئۆپەراسیۆنی شاراوە لە دژی ئامانجەکانی حەماس لە ئێراق ئەنجام بدات.
- هاوبەشی پێکردنی زانیاریی هەواڵگری؛ ئەمەریکا و ئیسڕائیل هەڵدەستن بە زیادبوونی هاوکاری و ئاڵۆگۆڕی زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ هاوپەیمانان لە ناوچەکەدا بۆ چاودێریکردنی چالاکیی و جووڵەکانی حەماس.
“پوختە”
گواستنەوەی بارەگاکان بۆ ئێراق دەتوانێت حەماس بخاتە بەردەم مەترسی زیادترەوە. ئەمەش لەلایەن نەیارەکانی وەک ئیسرائیل و ئەمریکا و هەروەها ململانێی لەگەڵ گرووپەکانی دیکەی ناوچەکە دەگرێتەوە. لە کاتێکدا بوونی لە ئێراق دەتوانێت سوودی ستراتیژی هەبێت وەک پەیوەندییەکی نزیکتر لەگەڵ هاوپەیمانەکانی وەک ئێران و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە ئاسانتر. لەهەمان کاتدا دەتوانێت حەماس بخاتە بەردەم مەترسی سەربازی و سیاسییە گەورەکان، لەوانەش بەرزبوونەوەی دژایەتییەکانی نەیارەکانی و سزا نێودەوڵەتییەکان. هەروەها سەرکردایەتی حەماس دەکەوێتە مەترسی زۆرەوە بۆیە پێویستی بە پاراستنی بەردەوام هەیە لە بەرامبەر ڕکابەرییە ناوخۆییەکان، ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکان، و هەوڵەکانی دزەکردنی ئەگەری لەلایەن فراکسیۆنە رکابەرەکان یان دەزگا ئەمنییەکانەوە.
هەروەها حەماس ناتوانێ بۆ هەمیشە پشت بە ئێران ببەستێت، ڕاستە ئێران لە مێژووە و هەتا ئێستا بەردەوام بووە لە پێشکەشکردنی پشتیوانی بۆ حەماس، بەڵام تاران ئەولەویەت و مەترسییەکانی ستراتیژی خۆی هەیە کە دەبێت لەبەرچاو بگرێت. رژێمی ئێران لە ژێر گوشارێکی بەرچاودایە لە سزا نێودەوڵەتییەکان و نائارامییەکانی ناوخۆ، بۆیە دوور نییە پشتگیرییەکانی بۆ حەماس سنووردار بکات.