دیدارساز: پیتەر پۆگمان.
لە ڕۆژنامەی ” لیستی” چیکۆسڵاڤی بەناونیشانی “ئێمە تەنانەت لە ئەدەبیشدا لە جیهانی سێیەمین”. لەم دوایەدا سێ لە ڕۆمان نووسە لاتینییەکان بۆ یەکێتی نووسەران بانگهێشت کران. ئەوانیش: خولیۆ کۆرتاسەری ئەرجەنتینی، کارڵۆس ڤۆینتسی مەکسیکی و گابریاڵ گارسیا مارکیزی کۆڵۆمبی بوون. ڕۆژنامەی “لیستی” ئەم هەلەی قۆستەوە و دیدارێکی لەگەڵیاندا سازاند.
خولیۆ کۆرتاسەر؛ لەساڵی ١٩١٤ لەدایکبووە و کۆمەڵەی ئەدەبی بەناوی “ڕاوەدوونان و چەند چیرۆکێکی دیکە” ی بەزمانی چیکی بڵاوبووەتەوە. هەندێکی لە Sverovaئەدەبی بڵاوبووەتەوە. چەندین بەرهەمی دیکەشی هەیە، گرنگترینیان ڕۆمانی “خەتخەتێن”ە. گابریاڵ گارسیا مارکیز؛ لە ساڵی ١٩٢٧ لەدایک بووە و تاوەکو ئێستا خوێنەرانی چیکی ئاشنای نین، بەڵام بەمزووانە گرنگترین ڕۆمانی بەناوی “سەد ساڵ تەنیایی” بە زمانی چیکی بڵاو دەبێتەوە. کارڵۆس ڤۆینتس؛ لەساڵی ١٩٢٨ لەدایکبووە، بەرهەمەکانی بە پێشەنگەکانی ئەدەبی مەکسیکی دادەنرێت. تاوەکو ئێستا دوو ڕۆمانی بەناوەکانی “ڕوونترین ناوچە، مردنی پاڕتمنیۆ کرۆس” ی بەزمانی چیکی بڵاوبووەتەوە.
ئایا پێتان وایە ئەدەبی لاتینی سەربەخۆیە یان موتوربەیە بە ئەدەبی ئەوروپی؟
کۆرتاسەر:- پرسیارێکی زۆر دژوارە. وەکو ئەرجەنتینییەک بێگومان پێموایە پەیوەندییەک بە ئەدەبی ئەوروپی بوونی هەیە. هەروەک دەزانی، هەمیشە دەوترێت ئەرجەنتین و چیلی و ئۆرۆگوای ئەوروپیترین وڵاتن لە ئەمریکای لاتین. ئەمەش لەبەرئەوەی لەو وڵاتانە، ڕوونتر کاریگەری کۆچی ئەوروپی دیارە. ئەمما بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی مەکسیک و کۆڵۆمبیا زیاد لە هەر وڵاتێکی دیکەی کیشوەرەکە توانیویانە جەخت لە ناسنامەی خۆیان بکەنەوە، بۆیە شتەکە بۆ ئەم دووە جیاوازە.
ئەدەبی ئەرجەنتینی، هەمیشە مەیل و ئاسۆیەکی ئەوروپی هەیە. لەوانەیە ئێستا شتەکە جیاوازبێت، جۆرێک لە تێکەڵەیەک هەیە کە دەتوانێت سەرلەنوێ ناسنامەی سنوورداری ئەرجەنتینی دروست بکات. ڕۆژێک لە ڕۆژان فرە لاتینی دەردەکەوێت. بەڕای کەسی خۆم، نامەوێت بەشێوەیەکی فراوان ئەمە ڕووبدات. هەمیشە زیاترلە یەکگرتوویی، گرەو لەسەر فرەیی دەکەم. بەڕای من باشترین یەکگرتووی بۆ ئەمریکای لاتین ئەوەیە لە سیاسی و ئابووریدا ڕووبدات.
ڤۆینتس:- گاڵتەیەکی کۆن هەیە دەڵێت:- ئێمەی مەکسیکی لە خوێن ئارتیکەکانین کە خوێنی ئەرجەنتینییەکانی ناو کەشتی کۆچبەرەکانی تێدایە. بەدڵنیاییەوە هەمیشە ئەدەبی ئەرجەنتینی ئاسۆیەکی ئەوروپی هەبووە، بەڵام هێشتا بە لاتینی دایدەنێین. بۆ نموونە دەوترێت پۆرخێس نووسەرێکی ئەوروپییە، بەڵام ئەمە ڕاستییەکی یەکلاکەرەوە نییە، لەهەمان کاتدا ڕاستییە و ڕاستیش نییە. هەر ڕایەک کە لەم بابەتەدا دەیدەین دەکرێت بەشێوەیەک لە شێوەکان نەرێنی بکەین و بەشێوەیەکی دیکەش ئەرێنی. پۆرخێس نوسەرێکە زیاتر لەهەر نووسەرێکی ئەوروپی کە لە ناسنامە ئەوروپییەکەی تێدەگات، تێدەگات. ئەمەش لەبەرئەوەی ئەوروپییەکان ناتوانن هەست بەم سۆزە بۆ ئەوروپا بکەن، هەربۆیە هەندێ جار پۆرخێس زیاتر لەهەر نووسەرێکی دیکەی ئەوروپی ئەوروپییە. هەمان هۆکاریش وای لێدەکات ئەرجەنتینی بێت.
مەودایەکی لە لێکچوون و جیاوازی هەیە. زمانێکی هاوبەش لەنێوانماندا هەیە کە ئەویش ئیسپانییە. هەر لەبەرئەوەی هەمان زمان و کولتوورمان هەڵگرتووە، وامان لێدەکات ڕووبەڕووی هەمان کێشەش ببینەوە. بۆیە مارکیزی کۆڵۆمبی و کۆرتاسەری ئەرجەنتینی و منی مەکسیکی، وا هەست دەکەین پێویستمان بەوەیە لە ئاسەواری زمانی ئەکادیمی ئیسپانی هەڵبێین. حەزدەکەین زمانێکی نوێ کە لە نێوان هەموومان هاوبەش بێت دروست بکەین، وەلێ لە هەمان کاتیشدا هەر وڵاتە و دەست بە ناسنامەی خۆیەوە بگرێت.
پێت وایە لەبەرئەوەی ئەمریکا نزیکترە، مەکسیک زیاتر بە ئەدەبی ئەمریکی کاریگەرتر بێت؟
ڤۆینتس:- مەکسیک وڵاتێکە دوو چوارچێوەی “کات”ی هەیە. هێڵێکی “کات”ی هەیە کە لەهەر داگیرکردنی ئەوروپا و گەلە ڕەسەنەکەیەوە درێژ بووەتەوە. لێرەدا دەتوانی هەستانەوەی چاکسازی و شۆڕشی فەڕەنسی کە ئێمە هەموومان بەشێکین لەم هەموو جوڵە، یادبکەین. لەگەڵ بنەماکانی شۆڕشی فەڕەنسی و جەنگی سەربەخۆیی لە ویلایەتە یەکگترووەکانی ئەمریکا و فەلسەفەی کۆنت.
ناتوانیت وێنای ئەوەبکەیت کە فەلسەفەی ئۆگۆلست کۆنت چەند کاریگەری هەبوو لەسەرمان. هەموو ئەمە هێڵێکی درێژی مێژووییە و لێرەدا دەتوانین باشی کاریگەری گەورەی ئەمریکا بکەین. لەژێر ئەم هێڵە زەمەنییە چوارچێوەیەکی بازنەی مێژووی هەیە کەخۆی لە چەمکی کات بەلای گەلـلە ڕەسەنەکانەوە دەبینێتەوە. ئەم دوو چوارچێوەش هەرگیز پێشتر چاویان بەچاوی یەکدی نەکەوتووە، ئەگەر بمانەوێت کولتوورێکی ڕاستەقینەی مەکسیکیمان هەبێت، ژمارەی ئەو هونەرمەند و کتێبانەی پەی- یان بە گرنگی پەیوەندی ئەم دووچوارچێوە داوە کەمن.
چ شتێک ئەدەبی کۆڵۆمبی جیادەکاتەوە؟ هەست بە پەیوەندییەک بە ئیسپانیا و کلتووری ئیسپانی دەکەیت؟
مارکیز:- کۆڵۆمبیا، جیاواز لە هەر وڵاتێکی ئەمریکای لاتینی تووشی گەورەترین کاریگەری ئەدەبی و کولتووری ئیسپانی بووەتەوە و تاوەکو ئێستاش هەر ڕووبەڕووی دەبێتەوە. زۆرێک لە کۆڵۆمبیا دەیانویست بە ئاسۆی ئەدەبی ئیسپانی بڕۆن بەبێ ئەوەی ئاوڕ بدەنەوە بۆ ئەو سیمایەی کە ئەدەبی کۆڵۆمبی جیادەکاتەوە. بەڵام ئێستا شتەکان گۆڕاون، بێگومان ئەدەبی ئیسپانی لەپتشمانەوە نابینین، بەڵام لە وڵاتەکەی خۆمانادا زۆر هەزم دەکەین. هەروەک کورتاسەر وتی کاریگەری ئەوروپی بوونی هەیە. ئەدەبی ئیسپانی لەپێشەوە بوو. ئێستا من ناتوانم بڵێم ئیسپانیم بەڵام ئەوەش لەبیرناکەم باوباپیرانم ئیسپانی بوون. کۆڵۆمبیا وڵاتێک بوو کە لەلایەن ئیسپانیاوە بەکارهێنرا، پێش ئەوەش هیچ کولتوورێکی ڕەسەنی نەبوو.
بەڕێز کۆرتاسەر:- پێت وایە فرە زمانی لە ئەمریکای لاتین هەبێت یان پڕۆسەیەکی یەکگترن هەیە؟ وڵاتی سەربەخۆی زۆر لە ئەمریکای لاتین هەیە، ئایا ئەوانە خەسڵەتی ئەدەبێکی دیاریکراویان دەرخستووە؟
خولیۆ کۆرتاسەر:- هەرخۆی لە فەرهەنگدا؛ لەسەرەتادا جیاوازی زۆر هەبوو، گەلی ئەم وڵاتانە بەجیا جیا دەژیان. بۆ نموونە لە مەکسیک، بەڕادەیەکی زۆر زمانی ئیسپانی تێکەڵ بوو بەو وشانەی کە دەگەڕێنەوە بۆ گەلە ڕەسەنەکەی. مەکسیکییەکان هەندێک دەستەواژە و چەمک بەکاردەهێنن کە ئەرجەنتینییەکان لێی تێ ناگەن. دۆخەکە لە کۆڵۆمبیا وانییە. لە ئەرجەنتین زۆر ئاڵۆزترە. لەدوای ئیسپانییەکان وڵاتەکەم ڕووبەڕووی لێشاوێکی گەورەی کۆچی ئیتاڵییەکان بوویەوە. لێرەوە زمانێکی نوێ کە سێبەری خۆی لەسەر زمانە ئەدەبییەکەمان دانا دەرکەوت، بەڵکە تەنانەت کاریگەری لەسەر شێوازی بیرکردنەوەمان هەبوو. دوای ئەمانەش، فەڕەنسی، ئینگلیزی و ئەڵمانییەکان هاتن. بێ هیچ شتێک کاریگەریان لەسەر زمانەکە هەبوو. ئەمە لە ئۆرۆگوایش ڕوویدا.
کێشکێکی زۆری دەوێت مێژووی تایبەت بەخۆتت هەبێت. بۆ نموونە، شێوازی تێگەشتن بۆ دونیا، لەلایەن هەریەک لە مەکسیک و کۆڵۆمبیا و ئەرجەنتین جیاوازە. من لە باسکییەکانی ئیسپانیم، سەرێکیشم فەڕەنسی و ئەڵمانییە، لە دەرئەنجامی ئەم تێکەڵەیە دەتوانم ناوی بنێم ئەرجەنتینی ڕەسەن. کێشە کلتوورییەکانمان لە کۆڵۆمبیا ئاڵۆزتر بوو. وا ڕاهاتووین کە ئەمریکای لاتین بە جیهانی سێیەم ناو ببرێت ئەمەی کە دەیڵێم نازانم دروستە یان نا، بەڵام قسەکردن لەسەر جیهانی سێیەم هەر بەتەنها موتوربە نییە بەلایەنی دارایی، بەڵکە پەیوەندی بەلایەنی ڕۆشنبیری و ئەدەبیشەوە هەیە.
مارکیز:- نا، ئێمە کاتێک باسی جیهانی سێیەم دەکەین، تەنها مەبەستمان لایەنی داراییە.
کۆرتاسەر:- ئەم وەهمانە مەڵێ، من خۆم بەنووسەری جیهانی سێیەم دادەنێم و دەبێت زۆر وریا بین. زۆربەی جار و بەتایبەت بە کوپییەکان ئەمە دەڵێم. لەڕاستیدا بوونی ژمارەیەکی زۆری باشی کتێب، هەندێک جار سەردەکێشێت بۆ شەپۆلێکی قەومی و بڕوابوون بەوەی سەر بە جیهانی سێیەم نییە، بەڵام ئێمە لە ئەدەبیشدا لە جیهانی سێیەمین.
لەماوەی ئەم دە پانزە ساڵەی کۆتایی، بیست سی نووسەر دەرکەوتن، کە کارەکانیان سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا. لەگەڵ ئەمەشدا ئەم وەهم و زیادەڕۆیانە دەردەکەوێت وەک چۆن ئێستا لەفەڕەنسا ڕوودەدات. لە فەڕەنسا کتێبە لاتینییەکان بەشێوەیەک سەرکەوتوون، کە زۆر لەسەروی بەرهەمەکانی ئیسپانیاوەیە. با وایدابنێین لە دەرئەنجامی کارەساتێکی ئاسمانی؛ پێنچ شەش کتێبی لاتینی دەردەکەون، یەکانگا دەزانین ئێمە چەند لەجیهانی سێیەمداین. لێرە لە چیکۆسڵۆڤاکیا، لەگەڵ بوونی جیاوازی، بەڵام کولتوورێکی دامەزراو بوونی هەیە. وێڕای ئەوەی پەرجوویەکی کولتووری کە هیواخوازم بەردەوام بێت، بەڵام شتەکە لەئەمریکای لاتین وانییە. کتێبە گەورەکانی کیشوەرەکە سەرکەوت لەوەی جیهانێکی خوێنەر بۆ خۆیان دروست بکەن. پێش ئەوە خوێنەریان نەبوو، خەڵکی کتێبە ئەوروپییە وەرگێڕدراوەکانیان دەخوێندەوە. کتێبی یەکەمی پۆرخێس زیاتر لە ٣٠٠ چاپی لێ دەرچوو، تاوەکو ئێستاش هەر بەردەوامە. ئێستاکە ئاپۆڕایەکمان هەیە کە ئاماددەیە بەرهەمی وەرگێڕدراوی گەنجەکان بخوێننەوە. ئامێر و بزوێنەرێک کە لە جیهانی سێیەم دەرمان دەکات، هەیە.
ڤۆینتس:- ئێمە هێشتا لە جیهانی سێیەمین، لەبیری مەکە ئێمە لەبارەی ئەدەبەوە قسەدەکەین. ملیۆنان و ملیۆنان برسی لە ئەمریکای لاتین هەن. ٪٩٠ دانیشتووانی لاتین بەهەمان ئاستی ژیانکردنی ئاسیاوییەکان و ئەفریقییەکان دەژین.
دەمەوێت بپرسم، چ شتێک ئەدەبی مەکسیکی و لاتینی جیادەکاتەوە؟ چ شتێک ئەدەبێک کە ئامانجی ئەدەبی نییە جیادەکاتەوە لەوە ئەدەبەی کە ئامانجی ئەدەبی پوختی هەیە؟ چوون ئەم پەیوەندییە دەرخەری دۆخی وڵاتە.
ڤۆینتس:- بەچەند قۆناغێک تێ پەڕیووین. مێژووی نوێمان بە شۆڕشی مەکسیکی ساڵی ١٩١٠ دەست پێ دەکات. ئەم شۆڕشەی ئەوروپا دووبارە خوود دۆزینەوەی بۆ کێشاین. مەکسیکییەکان لەوەی لە کولتوورێکی لاسایکەرەوە و سەپێنراودا دەژین، بەخەبەر هاتن. شۆڕشەکە، دووبارە دەنگ و ڕەنگ و با-ی تایبەتی بە وڵات دۆزییەوە. ئەم دیاردە ئەرێنییە جۆرێک لە کاریکاتێری قەومی دەرخست. دوای ئەمە، قۆناغی دیماگۆگیDemagogy لە ئەدەب و وێنە دەستی پێ کرد. کارەکان بەشێوەیەکی دیماگۆگی کێشەکانی کۆمەڵایەتی لە خۆدەگرت، ئەوکات ئەدەبێکی خراپیان دەنووسی. دواتر قۆناغی هونەر لەپێناو هونەردا دەرکەوت و شتێکی باشی تێدا دەرنەکەوت. ئەدەبی باش لە قۆناغی فشار کە باسم لێوەکرد و بە زیرەکی ئەدیبی گەورە دەستی پێ کرد. تێگەشتین کە خوودی خەیاڵ پاساو نییە. بۆماوەی چوار سەدە لە کەشی وتاری قێزەون و درۆی دیکتاتۆرەکاندا دەژیاین. نووسین بەواتای تێکدانی دیوارە گەورەکەی درۆ، دەهات.
پۆرخێس نە نووسەرێکی شۆڕشگێڕ بوو نە خاوەن دۆسییە، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو ئەدەبەی کە دەینووسی باشبوو، چوار سەددەی لە زمانی ساختە شکاند. ڕووناکی بەتاریکی گەیاند. کاتێک لەبارەی واقعی خەیاڵەوە دەنووسین، لەبارەی ڕاستییەوە دەنووسین.لەهەمان کاتیشدا ئەو ڕاستییانەی لەڕێگەی ڕۆژنامە و میدیا دەگوازرێتەوە و زۆربەیان لەژێر جڵەوی ئەمریکا یان چینی ئۆلیگارکییەکانن، ڕەتدەکەینەوە. ئەوان ئەندێشەیان نییە ئێمە هەمانە. کیشوەری ئەمریکا بەدرێژایی سەددەکان لەپێناو دوو بنەما تێدەکۆشا: سەربەخۆیی و کۆڵنەدان بوو. هەربۆیە زۆر سرووشتی و تێگەشتووانەیە هەماهەنگ بین لە گەڵتاندا.
یەکانگا= دەسبەجێ .
سهرچاوه؛
https://www.google.com/url?sa=t&source=web&rct=j&opi=89978449&url=https://akhbarelyom.com/news/newdetails/4380589/1/%25D8%25AD%25D9%2588%25D8%25A7%25D8%25B1-%25D9%2584%25D8%25A7%25D8%25AA%25D9%258A%25D9%2586%25D9%2589-%25D9%2585%25D8%25B9-%25D8%25B5%25D8%25AD%25D9%258A%25D9%2581%25D8%25A9-%25D9%2584%25D9%258A%25D8%25B3%25D8%25AA%25D9%2589-%25D8%25A7%25D9%2584%25D8%25AA%25D8%25B4%25D9%258A%25D9%2583%25D9%2588%25D8%25B3%25D9%2584%25D8%25A7%25D9%2581%25D9%258A%25D8%25A9&ved=2ahUKEwiPzMCcupKHAxWiQ_EDHaXmDDwQFnoECBUQAQ&usg=AOvVaw15tzVE97PVHAvNewO5qw8H
دیدارساز: پیتەر پۆگمان.
وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد