ب؛ رەخنەی فەلسەفی بێگانە.
لە رووی فەلسەفییەوە گرینگترین بەشی بێگانە، بەشی کۆتاییە. لەم بەشەدایە کە مۆرسۆ یەکەم جار وشەگەلێک بۆ دەربڕینی باوەڕی خۆی سەبارەت بە پووچی حاشا لێ نەکراوی ژیانی ئینسانی دەدۆزێتەوە. جێی سەرنجە کە ئەم وشانە بەهۆی هەوڵەکانی قەشەی زیندانە کە بە زەینی مۆرسۆ دا دێت. قەشە، وەکوو پاسکال، بەبیرمانی دێنێتەوە کە هەمووان مەحکوومن بە مەرگ، هەموو ئێمە، دێر یان زوو، دەبێت لەگەڵ داوەریی خوداوەند و چارەنووسی ئەبەدی خۆمان رووبەروو ببین. مۆرسۆ بەقەشە دەڵێت؛ بەخودا یان ژیانی دوای مەرگ باوەڕی نییە و نایەوێت ئەو تۆزە زەمانەی کە بۆی ماوەتەوە بە بیرکردنەوە لەسەر بابەتگەلێک کە بێگومان بۆی سەرنجڕاکێش نین، خەسار بکات. کاتێک قەشە پێداگری دەکات کە مۆرسۆ پێی بڵێت ئەو ژیانەی کە دوای مەرگ دەتوانێت خەونی پێوە ببینێت کامەیە، مۆرسۆ هاوار دەکات: “ئەو ژیانەی کە تێیدا بتوانم ئەم ژیانەم بە یاد بهێنمەوە”. .(Stranger،120) خۆشەویستی مۆرسۆ بۆ ئەم ژیانە زەمینییە، تەنانەت لەهەمبەر مەرگدا، بۆ قەشە زۆر شڵەژێنەرە. ئەو، کە قەشەیەکی کاتوولیکی رۆمی نەریتخوازە، ژیانی زەمینی بە دەربەندێک لەئەسرین کە داکەوتووەتە نێو جیهان دەزانێت، کە تێیدا بەختەوەری راستەقینە و جێگر بەدەست نایەت. ئەو مۆرسۆ دەخاتە ژێر زەخت و گوشارەوە و مۆرسۆ دەتەقێتەوە.
وشەگەلێک کە کامۆ بۆ باسکردنی ئەم تەقینەوەیەی مۆرسۆ هەڵیبژاردووە دەرخەری ئەوەن کە: “ئەوەی وا لەبنی دڵمدا بوو بە هەڵقووڵانی تووڕەیی و شادی بەسەریدا باراندم”. .(TRN،1208) مۆرسۆ لێرەدا تەنها قەشە ناداتە بەرجنێو، بەڵکوو بۆ یەکەمجار ئەوەی وا بەراستی لەدڵیایەتی دەیخاتە دەرەوە. بەمانایەک، ئەم بەرەوڕووبوونەوەیە، دانپێدانانیشە. ئەو بە هێنانە زاری قووڵترین بڕواکانی خۆی بۆ پووچی زاتیی ژیان، حاشاکەری پێویست بوون بە بەخشیشی خودایەو لەهەر جۆرە گومانێک لەبارەی مانای کۆتایی و غایی لەبارەی ئەو هەڵبژاردنانەی کە کردوویەتی پارێز و دووری دەکات.
پووچی زاتیی ژیان چییە؟مۆرسۆ لە بڕگەی ژێرەوە هەوڵ دەدات روونی کاتەوە؛ من بەم شێوەیە ژیابووم و دەشمتوانی بەشێوەیەکی دیکەش بژیابام. من فڵان کارم کردبوو و دەمتوانی فیسار کاریش جێ بەجێکەم، هیچ شتێک، هیچ شتێک بایەخێکی نەبوو، من دەمزانی بۆچی. ئەویش دەیزانی. لەسەرتاسەری ئەو ژیانە پووچەی کە ژیابووم، هەناسەیەکی رەش و تار لەو قووڵاییانەی داهاتووم، لە سەرووی ئەو ساڵانەی کە هێشتا نەهاتبوون، بەرەو پێخم دەشنایەوە. مەرگی دیتران، سۆزی دایک، ئەمانە دەکرا چ بایەخێکیان بۆ من هەبێت؟ خودای ئەو، یان ئەو ژیانانەی کە خەڵک هەڵیاندەبژارد، چارەنووسگەلێک کە هەڵیان دەبژارد، دەیانتوانی چ بایەخێکیان بۆ من هەبێت، منێک کە بە هەر حاڵ بەتەنها، تاقانە چارەنووسێکی یەکە دەیتوانی هەڵمبژێرێت، و هاوڕێ لەگەڵ مندا میلیۆنان ئینسانی خۆش ویستراویتر کە وەکوو ئەم قەشەیە خۆیان بە برای من ناوزەد دەکەن؟. دیتران هەموو رۆژێک مەحکووم دەبن، ئەویش مەحکووم دەبێت.(TRN،1208-9)
مانای ئەم بڕگە بۆ رەخنەی فەلسەفی بێگانە زۆر ژیانەکی(حیاتی)ە، چونکوو تەنها لەم بەشەی رۆمانەکەدایە کە مۆرسۆ، واتە وەگێڕ(راوی) و کەسایەتی سەرەکی رۆمان، تێدەکۆشێت باسکارییەکی فەلسەفی بۆ باوەڕەکانی خۆی سەبارەت بە دۆخی مرۆیی بخاتە روو، بەڵام لە هەمان کاتدا وادێتە پێش چاو کە باسکاریی پێشکەشکراو لەم بڕگەیەدا لە چەند لایەنەوە ناتەواو و نیوەچڵە. وەرن بزانین کە جێگای چ شتێک لەم بیچم بەندییەدا خاڵییە و هەوڵ بدەین بڵێین چۆنچۆنی ئەم بیچم بەندییە دەتوانێت یان دەبێت تەواو و کامڵ بێت. بنەڕەتی ترین وتەی مۆرسۆ ئەمەیە کە ئەم ژیانە خەڵک دەیبەنە سەر و بژاردەگەلێک کە دەیکەن “بێ بایەخە”، چوون هەمووان دێر یان زوو دەمرن. ئەوەی وا لەم بڕگەیەدا باس نەکراوە ئەمەیە کە مەرگ، کۆتایی ژیانی ئینسانە لە پێگەی تاکێک یان بوونەوەرێکی وشیار دا. ئەگەر ژیانێکی دوای مەرگ هەبێت، بۆنموونە بەهەشتێک یان جەهەنەمێک، ئەوکات هەر کاروکردارێک کە تاک لەدرێژایی ژیانی دا دەستی داوەتە ئەنجامدانی، دەتوانێت بە راستی بۆ ژیانی دواتری بایەخی هەبێت. بەڵام مۆرسۆ پێشتر حاشای هەرجۆرە باوەڕ بە خودا یان ژیانی دوای مەرگی کردووە و ئەم حاشاکردنە لە روونکردنەوەکەیدا گریمانەیەکی بە زار نەهاتووە. حاشاکردنی خودا هەروەها راڤەیەکی رەواقییانە بۆ ئەم روونکردنەوەیە پووچەڵ دەکاتەوە. رەواقییە رۆمی و یۆنانییەکان دەنگبێژ و راگەیەنەری”بێ دەربەستی” بە نیسبەت چەرمەسەری و بەختەوەرییەکانی ژیان بوون، بەڵام ئەم ئامۆژگارییەیان لەسەر بنەمای ئەم باوەڕە بوو کە هەموو رووداوەکان بەپێی مەشییەتی ئەقڵی ئیلاهی روو دەدەن.
دەبێت گریمانەیەکی بەزار نەهاتووی تر لە دووتوێی باوەڕی بێخەوشی مۆرسۆ بە خودی ژیان بدۆزینەوە. لە هیچ جێگایەکی رۆمانەکەدا نیشانێک لەمە نییە کە مۆرسۆ لە ژیانکردن وەڕەس و شەکەت بووە یان لە بیری خۆکوژی دایە. بە پێچەوانەوە، ئەو مرۆڤێکە کە هەر رۆژی ژیان و ساکارترین چێژگەلێک کە بارودۆخی ماددی دەوروبەری دەیخەنە روو، بە چێژەوە هەڵدەلووشێنێتە گیانیەوە. تەنانەت ژیانی لە زیندان دا دوای ماوەیەک ساکار و سانا دەبێتەوە و بیر دەکاتەوە کە دەتوانێت بە ژیانکردن لە بۆشایی کلۆری دارێکیشدا رابێت. راستەوراست لە کۆتایی رۆمانەکەدا، دەڵێت ژیانێکی خۆشی هەبووە و هێشتاش خۆش و بەختەوەرە. بۆیە، ئاشکرایە کە خودی ژیان بۆ مۆرسۆ “بێ بایەخ” نییە. لەراستیدا، دەشێت بگوترێ کە ئەو وا بیر دەکاتەوە ژیان بایەخێکی زاتی و جەوهەری بۆ هەموو ئینسانەکان هەیە.ئەوە چییە کە بایەخی نییە؟ “نموونە” گەلێک کە مورسۆ دەیهێنێتەوە ئەم وەڵامە دەدەن بە دەستەوە کە ئەوەی وا بایەخی نییە بژاردنەکان، کردارەکان، و ئەو رووداوە تایبەتانەیە کە ژیانی ئینسانە جۆراوجۆرەکان پێکدێنێت. چ بایەخێکی هەبوو ئەگەر ئەو تۆمەتبار بە قەتڵ دەکرا و بەهۆی ئەوەی کە لە رێوڕەسمی ناشتنی دایکی دا نەگریا بوو لە دار بدرابا؟ سەگی سالامانۆش بە هەمان ئەندازەی ژنەکەی بایەخی هەبوو. چ بایەخێکی هەبوو کە ریمۆن بەهەمان ئەندازە هاوڕێ و یاری ئەشکەوتم بوایە یان سێلێست، ئاخۆ زۆر لەو بەبایەخ ترە؟چ بایەخێکی هەبوو کە ئەمڕۆ ماری ماچی دەدایە مۆرسۆیەکی تازەتر؟. .(TRN،1209)
بەسەرنج دان بەم نموونانە، دەشێت بگوترێت کەئەم جەخت کردنەی مۆرسۆ کە “هیچ شتێک بایەخی نییە”، لەخۆگری ئەم مانایەشە کە “خودی ژیان بایەخی هەیە، هەرچەندە شێوازی ژیان و بژاردنە تاکییەکان بایەخێکیان نییە”. ئەم وتەیە لەگەڵ وتەیەکدا کەمۆرسۆ لەبەشی یەکەم دا بەسەرۆکەکەی دەڵێت یەکدەگرێتەوە: “هەر ژیانێک بەهەمان ئەندازەی ژیانێکی دیکە باشە”. (Stranger،40) بەهەموو ئەمانەشەوە، ئەمە هەموو بەسەرهاتەکە نییە. ئەوەی هێشتا دەبێت تێی بگەین چەشنی “بایەخێکە” کە مۆرسۆ لێرەدا قسەی لێ دەکات. وشەی “بایەخ” بەگشتی وشەیەکی پێوەندییە واتە(نواندنی پێوەندارێتیە). ئەمەی کە بڵێین “Xبایەخی هەیە” بەم مانایەیە کە “Xبایەخی بۆ y هەیە”. سەرەڕای ئەمەش، بۆیەX دەتوانێ بایەخی بۆ y هەبێت چونکوو ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە ئامانج، یان خۆی ئامانجە، یان هەر دووک. کامۆ لە سەرتاسەری بەشێکی زۆری ژیانی دا عەوداڵی چارەسەر و ساڕێژێک بوو بۆ نەخۆشی سیلەکەی. دەرمانکردنی سیل بۆ کامۆ بایەخی هەبوو چوونکوو ئامرازێک بوو بۆ گەیشتن بە ئامانجی ژیانێکی دوورودرێژتر و تەندروستتر. بەم پێیە دەبێت لەم بانگەشەیەی مۆرسۆ کە ژیان و بژاردنە تایبەتییەکانی ئێمە هیچ بایەخێکیان نییە چونکوو دێر یان زوو ئێمە هەموومان دەمرین، چ تێگە(درک)یەکمان هەبێت؟ ئەگەر مەبەستی ئەو لە “بایەخ” هەمان “بایەخ بۆ ژیانی دوای مەرگ” بێت، بەسەرنجدان بەم گریمانەیەی ئەو کە ژیانی دوای مەرگ بوونی نییە، بانگەشەکەی ئەو لەرووی لۆژیکییەوە دروستە، بەڵام ئەم ئەوەکی بێژانەیە (همانگویانە) “واتە بە پێی گریمانە یان پێناسە دروستە”. لەلایەکی ترەوە، بژاردنی تاک و دەرئەنجامگەلی بەرهەمهاتوو لە ئەم بژاردنانە بەزۆری بۆ خودی ئەو تاکە بایەخیان هەیە چوونکوو بۆ ئەو ئامراز یان ئامانجن. سەرەڕای ئەمەش، هەندێک لەم هەڵبژاردنانە دەتوانن بۆ دیتران، دوای مەرگی ئەو تاکە، بایەخیان هەبێت. تەنانەت خودی مۆرسۆش بە هیچ کڵۆجێک لەئاستی بزوێنەر و ختووکەدەرەکانی ماددی دەورووبەریدا بێ سەرەنج نییە. بە پێی پێ لێنانی خۆی، ئەو پیاوە عەرەبەکە لەبەر ئەمە دەکوژێت چونکوو گەرمای خنکێنەری هەتاو لەسەر وجوودی زاڵ بووە. دوای رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەشە، ئەوەی وا رۆحێک دەکات بەبەرییەوە “بۆنی شەو، خاک و شنەی خوێئامێز”ە کە “کەللەسەری فێنک دەکاتەوە”. .(Stranger،122) کاتێک لەخاولییە تەڕەکەی ئاودەستخانە سکاڵا دەباتە لای سەرۆکەکەی، سەرۆک شانێک هەڵدەکێنێت، یانی کە«بابەتێکی سووک و بێ بایەخە».(TRN،1141-1142) بەڵام بۆ مۆرسۆ راشکاوانە بایەخی هەیە.
سەرەڕای ئەمەش، بایەخ دەداتە روانینی دیتران بۆ خۆی. کاتێک کە سێلێست، دوای هەوڵە جیددی، بەڵام بێ ئاکامەکەی بۆ شایەتیدان لە دادگا، لێبووردوانە بە “لێوگەلێکی لەرزۆکەوە” تێی دەڕوانێت، مۆرسۆ دەڵێت: “جاری یەکەم بوو لە ژیاندا دڵم دەیخوازی پیاوێک ماچ کەم”. .(Stranger،93) ئێمە ناتوانین بزانین کە ژیان و بژاردنەکانی مۆرسۆ لە ژیانی دا، دوای مەرگی ئەو چ بایەخێکیان بۆ دیتران دەبێت، بەڵام ئاسان دەتوانین وێنای بکەین کە ئەم ژیان و بژاردنانە بۆ ماری یا ریمۆن، یان تەنانەت بۆ قەشەش کە دوا بە دوای رووبەرووبوونەوەی لەگەڵ مۆرسۆ دا«چاوەکانی ئەسرین رێژ ببوون»، بایەخی دەبێت. .(Stranger،122)
ئەگەر ئەم تیۆرەیە کە “شێوازی ژیانی ئینسان و بژاردنەکانی بایەخی نییە، چوونکوو مەرگ هاتنێکی لێبڕاوانە و بێ پێچ و پەنایە” ئەمئەوەکی بێژانە یان ناراست نەبێت، دەبێت “بایەخ” لێرەدا مانایەکی بەرینتر لە “بایەخ بۆ ژیانی دوای مەرگ” و مانایەکی وردتریشی لە “بایەخ بەهەموو چەشنییەوە” هەبێت. بەڵام ئایا دەکرێت ئاوەها بێت؟ یەکێک لەو نموونە باشانە بۆ ئاوەها راڤەیەک، “بایەخێک لەسەرووی خەون و بەرژەوەندی تاکەکانی مرۆڤ”ە. ئەوەی وا لەم راڤەیەی«بایەخ»دا لەدەرەوەی بازنە دەمێنێتەوە، هەر جۆرە پێکهاتێکی ئەخلاقی یان زنجیرەیەک لە پلە و ریزبەندی بەهاکانە، کە بە شتێک جگە لە خەون و بەرژەوەندییەکان “پێداویستییەکان، خەونەکان، سەرێتییەکان، و خولیاکان و هتد”ی تاکەکانەوە گرێدرابێت. بەم راڤەیە، بژاردن و کردارە مرۆییەکان لە خوداکان، چارەنووسەکان، بەها ئەبەدییەکان، مافە سرووشتییەکان، یان یاساکانی مێژوو نییە کە بایەخ بەخۆوە دەگرن. بۆیە، دەکرێت لە تێڕوانینی مۆرسۆوە ئاوەها حوکمێک هەڵبهێنجین:«بەهۆی لێبڕاوەیی مەرگ، شێوازی ژیانی مرۆڤ و بژاردنەکانی بایەخێکیان لەسەرووی بەرژەوەندی و خەونەکانی مرۆڤەوە نییە”. شتێک کە دەمێنێتەوە و دەبێت ئەوەش روون بێتەوە و لەسەری بڕۆین، ئەمەیە کە ئایا بە تێڕوانینی مۆرسۆ بایەخی خودی ژیانیش لەئەو چەشنە بایەخەیە کە بژاردنەکان و کردارە تایبەتییەکان هەیانە، یان وابیردەکاتەوە کە بایەخی خودی ژیان چەشنێک بایەخی زاتی و دەروونی یان گشتی و کۆییە؟ رەنگە بە هەمان شێوە کە مۆرسۆ بەسەرۆکەکەی دەڵێت هەر ژیانێک بە هەمان ئەندازە و بارستایی ژیانێکی دیکە باش بێت، بەڵام ئاخۆ خودی ژیان بۆ باشە؟ مۆرسۆ راشکاوانە بایەخ بە ژیانی خۆی دەدات و لە زیندوو بوون چێژ وەردەگرێت. بەڵام ئاخۆ بایەخ، تەنها رووخسار و دەرکەوتەیەکی دیکەی خواست و خەونێکی تاکییانەیە یان شتێکی گشتی و کۆیی رەنگڕێژ دەکات و دەنوێنێ؟ ئایا ژیان بۆ هەموو ئینسانەکان ئامانجێکە لەخۆیدا؟ و ئەگەر ئاوەهایە، بۆچی هەزاران هەزار ئینسان ساڵانە خۆیان دەکوژن؟ ئایا باوەڕ بەمەی کە هەر ئینسانێک دەبێت بۆ خودی ژیان بایەخ دابنێت بنەمایەکی هەیە؟ دەقی بێگانە ئەم پرسیارانە لە زەیندا دەورووژێنێت، بەڵام وەڵامێکیان بۆ رێکناخات. بۆ فامکردنی ئەندێشەکانی کامۆ سەبارەت بە بایەخی خودی ژیان دەبێت رووبکەینە خوێندنەوەی ئووستوورەی سیزیێف کە بەم رستەیە دەست پێدەکات: “تەنها یەک پرسی فەلسەفی راستەقینە بوونی هەیە و ئەوەش خۆکوژییە”.(Myth،3)
هەروەها، تێڕامانەکانی مۆرسۆ لە کۆتایی بێگانە دا دوو پرسیاری دیکەش سەبارەت بە دڵەڕاوکێ و دڵ بەدوایی تاکەکان بۆ دیتران دێنێتە پێشێ و کراوە و بێ وەڵام دەیانهێلێتەوە. پرسیاری یەکەم پەیوەستە بە پرسی خۆخوازییەوە. تا چ رادەیەک تاکەکان “دەست دەدەنە” ئەنجامی کردارگەلێک تاکوو وەڵامدەرەوەی خەون و بەرژەوەندی دیتران بن-دیترانێک کەخۆیان لەخۆیاندا غایەت و ئامانجن- و بەتەنها ئامانجیان وەڵامدانەوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان نییە؟ پرسیاری دووهەم پەیوەستە بە ئەرکی ئەخلاقی لەهەمبەر دیترانەوە. تا چ رادەیەک تاکەکان “دەبێت” دەست بدەنە کردارگەلێک کە وەڵامدەرەوەی خەون و بەرژەوەندییەکانی دیتران بێت؟- دیترانێک کە خۆیان لە خۆیاندا غایەت و ئامانجن- و تەنها مەبەستیان وەڵامدانەو و خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆیان نەبێت؟
ئێستاکە بوار بدەن بە بیردا بێنینەوە کە ئەم پرسیارانە بە شێوەیەکی سەرنج راکێش بەند دەبن بە تێڕامانەکانی مۆرسۆ سەبارەت بەمەرگ و پووچی ژیانەوە. ئەگەر، بەهەمان شێوە کە مۆرسۆ گریمانەی دەکات، ژیانی دوای مەرگ یان پێکهاتێکی ئەخلاقی دەرەوەیی بوونی نییە و تاک، بە خەون و بەرژەوەندی دیتران بێ سەرنجە، کەواتە دەکرێت بە سانایی تێبگەین کە بۆچی مەرگ، ژیانی ئەو لە هەر جۆرە بایەخێک بەتاڵ و بۆش دەکاتەوە. پرسەکە تەنها ئەوەنییە کە ئەو سەرەنجێک بەوەی کە دوای مەرگی خۆی بۆ دیتران روو دەدات نادات، بەڵکوو ئەمەشە کە ئەو لە درێژایی ژیانی دا بایەخێک بۆ هەر جۆرە دۆخێک کە لە داهاتوودا کاریگەریی بەسەر خەون و بەرژەوندییەکانی ئەوەوە نەبێت، دانانێت. لەلایەکی دیکەوە، ئەگەر خەون و بەرژەوەندی دیتران- ئەو دیترانەی وا خۆیان لە خۆیاندا غایەتن- بۆ ئەو بایەخی هەیە، کەواتە بۆ هەر دۆخێکیش وا لەداهاتوودا و دوای مەرگی ئەو لەسەر ژیانی دیترانێک کەبۆی گرینگن کاریگەری هەبێت، بایەخ دادەنێت، دوو نموونە بێننە پێش چاوی خۆتان. زۆربەی باوک و دایکەکان خۆیان دەکەن بە فیدای داهاتووی منداڵەکانیان و بەچۆنیەتی ژیانی منداڵەکانیان دوای مەرگیان بایەخ دەدەن. زۆرێک لە لایەنگرانی پاراستنی ژینگە لێبڕاوانە هەوڵ دەدەن تاکوو ژینگە بپارێزن چونکوو باوەڕیان وایە دەبێت سەرچاوەکانی گۆی زەوی لەگەڵ بەرەکانی داهاتوودا بەش بکەن و بۆ چۆنیەتی ژیانی ئەوانەی واهەرگیز نایانبینن و نایانناسن بایەخ دادەنێن.
ئەم تێڕوانینە بۆ مۆرسۆ غەوارە و نەناسراوە. هۆیەکی نییە کە بیربکەینەوە ئەو دڵەکورک و دڵبەستراوی شتێکە کە بۆ دیتران لە دوای مردنی ئەو روو دەدات. ئەو، لەئاستی خەون و خولیاکانی دیتراندا بەگشتی بێ سەرەنج نییە. بەڵام توانایی ئەو بۆ هاوسۆزی کەمتر لە زۆربەی مرۆڤەکانە و باوەڕی نییە کە “دەبێت” دڵکورک و دڵبەستەی خەون و خولیاکانی دیتران بێت. ئەو دڵی دەخوازێت دیترانێک کە لە هاودەمی و هاونشینی لەگەڵیاندا چێژ دەبات خۆشنوود بکات، بەڵام هۆگریی بۆ ئەو بەشە لە دیتران کە کەرتێک لە شوێنگەی ماددی ئەو نین، لەدەست دەدات.. ئەو، دوای جێگۆڕینەوەی دایکی بۆ خانەی بەساڵاچووان بە دەگمەن دەکەوێتەوە یادی و هۆگری و سۆزداریشی بۆ ماری لە درێژەی مانگەکانی زیندان بوونی لەدەست دەدات. ئان و سات بەر لە دیداری قەشە دەڵێت: یەکەمین جار دوای ماوەیەکی درێژ بیرم لەماری کردەوە. رۆژگەلێکی زۆر بوو کە ئیدی نامەی بۆ نەدەنووسیم. ئەو شەوە بیرم لەم بابەتە کردەوە و لەگەڵ خۆمدا گوتم حەتمەن لەوەی کە کچە هاوڕێی حوکمدراوێکی ئیعدامی بێت تاقەتی تێک چووە. بیریشم لەمە کردەوە کەرەنگە نەخۆش بێت یان مردبێت. لەدواجاردا ئەم رووداوانە دەقەومێن. چۆن دەبوایا بمزانی با، چوون جگە لە تێکەڵبوونی جەستەیی هیچ شتێکی دیکە ئێمەی بە بیری یەکدی نەدەخست. بەهەر حاڵ، دوای ئەم بیرکردنەوانە ئیدی ماری بۆم، هیچ بوو. .(Stranger،115) هەستی هاودەردی و دڵبەستراوەیی ئەخلاقی مۆرسۆ بۆ دیتران، بەبەراورد لەگەڵ زۆربەی مرۆڤەکان، بەراستی لاواز و نزمە. بەهەموو ئەمانەشەوە ئەو تواناییەکی ئێرەیی بزوێنی، بۆ چێژ وەرگرتن لە لاخت(بافت)ی خودی ژیان هەیە. کامۆ لە«هاوین لەئەلجەزیرە»دا دەنووسێت:«کامخوازی، هەڵکەوتووییەکی تایبەتی دەوێت». .(Myth،113) مۆرسۆ ئەم هەڵکەوتووییە زۆر تایبەتەی هەیە. دەڵێت ئەگەر پێمل بایە کە “لە کلۆری بۆشی دارێکی وشک هەڵاتوودا بژی، و کارێکی جگە لەمە نەبێت کە چاو لە ئاسمانی پشکووتووی ژوور سەری ببڕێت…پێی رادێت”.(Stranger،77)
لەم رووەوە، مۆرسۆ عەنتیکەیەکی دیار و روون لەو وێنایەی پاسکالە کە لە ئینسانی بێ خودا کێشاویەتی. مۆرسۆ لەوەی کە بە ئارامی لە ژوورۆچکەکەی خۆیدا بمێنێتەوە رازییە-تەنانەت ئەگەر ئەم ژوورۆچکە کلۆری بۆشی دارێک بێت. ئەو حەزی سەفەر، بەسەرهات، یا چەشنەکانی تری هەڵگەڕان لەیادی نییە. کاتێک کە سەرئەنجام “لە دۆخی لەرزۆک و تێپەڕمان بە وردی بیردەکاتەوە”. ئەم دۆخە بە ئامرازی بەختەوەریمان دەبینێت نەک بەدبەختییەکی بێ چارەسەر. هەر ئەم روانینە دانسقەیەیە کە وای لێدەکات لە کۆتایی رۆمان دا بگاتە هاودەنگی و هاوڕاییەکی ئاگایانە لەمەڕ “بێدەربەستی میهرەبانانەی جیهان”ەوە. .(Stranger،122)
پەرەگرافی کۆتایی بێگانە یەکێک لە هەست بزوێنەرترین بڕگەکانە لە تەواوی ئەدەبیاتی سەدەی بیستەمدا. بەڵام شیعری سادەی ئەم پەرەگرافە ئاڵۆزییەکەی لە بەر چاوان پەردەپۆش دەکات. بوار بدەن نیگایەکی وردتر لەو رەگەزە جۆراوجۆرانە بکەین کە ئەم پەرەگرافەیان پێکهێناوە. هەستم کرد دەڵێی ئێستا تێدەگەم بۆچی ئەو(دایە) لە کۆتایی ژیانیدا دەزگیرانی وەرگرتبوو و بۆچی لەنوێوە کایەکەی دەست پێکردبوو… دایە، کەئەم هەمووە لەمەرگەوە نێزیک بوو، حەتمەن هەستی کردبوو کە ئێستاکە ئازادە و ئامادەی ژیاندنەوەی هەموو شتێک. هیچ کەس، هیچ کەس بۆی نەبوو بەسەرییەوە بگرێت. منیش هەستم کرد کە ئامادەی بووژاندنەوە و ژیاندنەوەی هەموو شتێکم. .(TRN،1209) ئەوەی وا ئەم دێڕانە پێماندەگەیەنێت بەتەنها رێزدانان بۆ ژیان لە هەمبەر مەرگدا نییە، بەڵکوو ئەم بۆچوونەیە کە مەرگ دەتوانێت ئێمە ئازاد و ئامادەی “ژیاندنەوەی هەمووشتێک” بکات. وا دێتە پێش چاو کە دەشێت کامۆ لەکاتی هەڵبژاردنی ئەم رێکەوەندە “ژیاندنەوەی هەمووشتێک” تیۆرەی گەڕانەوەی ئەبەدی نیچەی لەزەیندا بوو بێت. کامۆ، سەردەمێ کە هێشتا لە خوێندنگەی ناوەندیدا بوو خوێندنەوەی بەرهەمە پڕجۆش و خرۆش و ناپێکهاتمەند(غیر سیستماتیک)ەکانی نیچە، ئەم فەیلەسووفە ئاڵمانییە کە رەسەنایەتیەکی سەرسووڕهێنەری هەیە، دەست پێکردبوو. نیچە لە هەندێک لە نووسراوەکانیدا ئەم گریمانەیەی خستۆتە بەر سەرنج کە جیهان کۆیەکی بەرتەسک لە وزە(ئینرژی) یە هاوڕێ لەگەڵ رێژەیەکی زۆر بەڵام کورت لە حاڵەتانێکی مومکین و شیاو (یان لێکدراو)دایە. نیچە دەڵێت: سەرئەنجام کۆی ئەم زنجیرە حاڵەتە مومکینانە دەگاتە کۆتایی و جیهان خۆی دووپات دەکاتەوە و دیسان تێهەڵدەچێتەوە(دەژێتەوە). ئەم رووداوە جارێک نا بەڵکوو زۆر جاران روو دەدات. ئەمەی کە نیچە ئاوەها بیردۆزییەک لە پێگەی تیۆرەیەکی کەیهان ناسانەی جیددی گەڵاڵە کردبێت یان نا، جێگەی هەڵوێستە و گومانە، بەڵام بەهەرحاڵ وەکوو ئەزموون وتاقیکردنەوەیەک بۆ داکۆکی کردنی ژیان و “خود” بەسوود دەبینییەوە. بۆنموونە لە زانستی شادان11 دا داوا لە خوێنەر دەکات کە وێنای ئەوە بکات کە ئەگەر لە ساتی تەنهایی رەهاماندا شەیتانێک دەرکەوتبایە و پیشانی بدایە کە بچووکترین وردەکارییەکانی ژیانمان دەقاودەق بە هەمان شێواز و تەکوزییەک کە هەبووە، زۆر جاران دووپات دەبێتەوە، چیمان دەکرد. ئایا ئاوەها شتێک ئێمە تێکدەشکێنێت؟ یان لێوانلێومان دەکات لەشادی؟ نیچە دەڵێت، زۆربەی تاکەکان لە دەرئەنجامی ئەم کەشفە دا تێکدەشکێن و دەڕووخێن. تەنها ئەو تاکە دانسقانە کە نە نیگایان بۆ خودی ژیان پڕداخ و خەمە و نە نیگایشیان بۆ ژیانی خۆیان، لەم کەشفە دا نوقم و نغرۆی شادی دەبن.
بەهەرحاڵ، سەرکەوتوویی مۆرسۆ لەمەی کە بە بێ داخ و دوو بژێت، بنەمایەکی بەتەواوەتی جیاوازی لەو بنەمایە هەیە کە نیچە وێنای کردووە(ئەلەکساندێر نیاماس13 لە کتێبی نیچە: ژیان وەکوو ئەدەبیات14 راڤە و شرۆڤەیەکی سەرنج راکێش لە روانگەکانی نیچە لەمەڕ ئەم بابەتە بەدەستەوە دەدات). لەروانینی نیچە دا، بنەمای دروستی هێز(قدرت)، ئیرادەیەکە کە ئینسان لە رێگەی هاوئاهەنگ بوون لەگەڵ بزوێنەر و هاندەرەکانیدا بەدەستی دەهێنێت. ئەمە بە مانای زاڵ بوون بەسەر خۆ و خەلق و داهاتنی خودێکی یەکتا و تاقانە یە. بەڵام لەمەڕ مۆرسۆوە بەڕاستی ناکرێت بگوترێت کە بەسەر خۆیدا زاڵ بووە یان خۆی دەئافرێنێت. مۆرسۆ تەنها دەگاتە هەواری ناسینی خۆی. رووبەڕووبوونەوە/پێ لێنانی ئەو لەگەڵ قەشە دا بوار و دەرفەتی ئەوەی دەداتێ کە بە روونی ببینێت کە چ شتێک لەم ژیانە خاکییەدا لە ئاستی تێگەی هەستەوەرانە(درک حسی) دا بایەخی بۆی هەیە. بەپێچەوانەی زۆربەی مرۆڤەکان، بێدەربەستی جیهان لەهەمبەر هەوڵ و تێکۆشانی مرۆیی بۆ دۆزینەوەی مانا و هومێد، بۆ ئەو هیچ بایەخێکی نییە. ئەو، بەهیچ شێوەیەک بەشوێن یەکگرتوویی و فامهەڵگریی جیهان دا نییە، پێویستییەکی نییە ئەمڕۆی بە رابردوو و داهاتوویەوە گرێ بدات. ئەو، جیهان زۆر لە شێوەی خۆی دەبینێت و هەر ئەمەش شادی دەکات “دڵم بەرووی بێدەربەستیی میهرەبانانەی جیهاندا کردەوە. بینیم کە جیهان بە شێوە چەندە لە خۆم دەچێت-وەکوو برام وایە- و هەستم کرد بەختەوەر بووم و جارێکی دیش هەر بەختەوەرم”. .(TRN،1209)
بەڵام رستەی کۆتایی رۆمان نەوایەکی نوێ و دژبەرانە درووست دەکات: بۆ ئەوەی هەموو شتێک لەبار و تەواو بێت و من کەمتر هەست بە تەنهایی بکەم، تەنها ئەمە مابوو کە هیوا بخوازم کە لە رۆژی لە سێدارەدانم دا بینەرانێکی زۆر هەبن و بە زایەڵەی نەفرەتەوە پێشوازیم لێبکەن. .(TRN،1210) لەمەدا چی تێدەگەین؟ لە ئووستوورەی سیزیێف دا، کامۆ پێداگری لەوە دەکات کە بچووکاندن(تحقیر) چەندە بۆ ئینسانی پووچ لە رووبەرووبوونەوە لەگەڵ دوژمنێک دا بایەخی هەیە و چەندە هێز و وزەی دەداتێ. دەڵێت بە دەسەڵاتی بچووکاندن تەنانەت دەکرێت بەسەر باری پڕووکێنەری بەردی سیزیێف دا زاڵ بین. “شتێک نییە کە نەتوانرێت لەرێگەی بچووکاندنەوە بە سەریدا زاڵ بین” .(Myth،90) بەڵام لە بێگانە دا ئەم ئەندێشەیە تا کۆتایی رۆمانەکە نایەتە کایەوە و دواتریش نابینین کە لە کردە و پراکتیک دا چی دەکات. مۆرسۆش پووچی دەژێت، بەڵام سەرکەوتنی لە ژیانی بێ هیوا دا فشۆکانە یان وەهم و وڕێنەی سەرچاوەگرتوو لە بێ سەرنجییە نەک زاڵ بوون. ئەو زۆرتر وەکوو کەسایەتی چیرۆکی”هونەرمەندی برسی” 15 کافکایە، کە دەتوانێت هەر چەندە کە دەیەوێت بە رۆژوو بێت-تەنانەت تا سنووری مەرگ- چوون هەرگیز چێشت و پێخۆرێک نابینێتەوە کە بە دڵی بێت و حەزی لێ بکات. هونەرمەندی برسی هەڵکەوتوویی و شێوەیەکی تایبەتی ژیاندن دادەهێنێت، کەلەسەر بنەمای بێحەزی ئەوە بۆ پێخۆر، بەڵام ئەم بێحەزیە لە زۆربەی ئینسانەکاندا نییە. مۆرسۆ ئینسانێکی پووچە و بەهۆی راستی رەهایەوە قارەمانێکی پووچیشە، بەڵام عەنتیکەتر و نەگونجاوترە لەوەی ببێت بەئایدیال و سەرچەشنی دیتران. بەهەر حاڵ، ئەم فەرمانبەرە رۆژپاتییە یەکێکە لە بەرچاوترین ئەزموونەکانی کامۆ بۆ نواندنەوەی جیهانبینی پووچ لە رۆچنە و دووتوێی ژیانی تاکێکەوە. کامۆ لەو دوو بەرهەمەی پەیوەست بە تریلۆژی(سێیانە) پووچییەکەی دا پەرژاوەتە سەر رووخسار و پێرسۆناژ گەلێک کە بلیمەتی و سەرنج فڕێنی زۆرتریان هەیە- ئیمپراتۆرێکی رۆمی و پاشایەکی ئووستوورەیی فێڵباز.
سهرچاوه و پەراوێزەکان؛
سهرچاوه؛ فلسفهی کامو. ریچار کمبر، ترجمه خشایار دیهیمی
1.Alceste
2.The Mianthrope
3.Marie
4.Belcourt
5.Cele’ste
6.Emmanuel
7.Salamano
8.Raymond
9.Gerald Kamber
10.The Allegory of the name in “L’Etranger”
11.Thomas perez
12.The Gay Science
13.Alexander Nehamas
14.Nietzche: Life as Literature
15.The Hunger artist
نووسین: ڕیچارد کامبێر
وهرگێڕان: عادڵ قادری