“سەرکردایەتی جیھانی؛ پرسیاری ئەمریکی و وەڵامی ڕووسی”
پوختەیەک لە ناوەڕۆکی چاوپێکەوتنێک کە زیاتر لەمانگێکە پێشکەشکاری بەناوبانگی ئەمریکی “تاکەر کارلسۆن” ئەنجامیداوە لەگەڵ بیرمەندی بەناوبانگی ڕووسی “ئەلێکساندر دوگین”.
“کارلسۆن” لە دەستپێکدا “دوگین” وەک پیاوێکی تەمەن ٦٢ ساڵی و بە فەیلەسوفێکی ئەکادیمی ڕووسی دەناسێنێت. کە لە گەنجیدا دژە سۆڤیەت بووە، ژیانی لە مۆسکۆ بەسەردەبات و لەئێستاشدا کەسایەتییەکی سیاسی نییە، بەڵکو فەیلەسوفە کە لە ئینگلییزی بە مێکشی “پوتین” دادەنرێت. بیرۆکەکانی “دوگین” بە شێوەکی قووڵ هێرشبەرین (offensive) بۆ هەندێک کەس. “کارلسۆن”، “دوگین” بە ڕاوێژکارێکی نزیکی ڕۆژانەی “ڤلادیمێر پوتین” ناناسێنێت یان وەک سەرکردەیەکی سەربازی، بەڵکو نووسەرێکە دەربارەی ئەو بیرۆکانەی کە کتێبەکانی قەدەغەکراوە؛ لەلایەن ئیدارەی بایدن لەئەمریکا. چونکە لایان زۆر مەترسیدارە بۆسەر بنەماکانی دیموکراسی و ھاوکات وەک ڕاستڕەوێکی تووندڕەو دادەنرێت.
“کارلسۆن” سەبارەت بە ئایدیاکانی وڵاتانی جیهانی ئینگلیزی: وەک ئەمریکا، بەڕیتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا و…هتد، دەیخاتەڕوو کە هەموو لە یەک کاتتدا بڕیاریان داوە دژی ئەم ململانێیە بوەستن، کە لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و بەتایبەت ئۆکراین دەگوزەرێ، بۆ ئەم مەبەستە “کارلسۆن” دەیەوێت بۆچوونی “دوگین” بزانێت کە ئەمەی هەیە لە کوێ سەرچاوەی گرتووە، لە وەڵامدا “دوگین” بە تێڕوانینێکی تیۆری دەست پێ دەکات و دەریدەبڕێت کە هەموو شتێک لە تاکگەرایی ڕۆژئاواییەوە (individualism)ـەوە دەست پێدەکات، کە پێی وایە بریتیە لە تێگەشتنێکی هەڵە بۆ سرووشتی مرۆڤ، چونکە کاتێک تاکگەرایی دیاری دەکەی لە سرووشتی مرۆڤ ئەوا بە مانای بڕینی هەموو پەیوەندییەکانیان دێت لەگەڵ هەر شتێکی دیکە لە دەوروبەر. بۆیە بیرۆکەی “دوگین” ئەوەیە کە بابەتی فەلسەفی وەک تاک و هەموو شتێک لە جیهانی ئەنگلۆساکسۆندا (Anglo Saxon World) بە چاکسازی پرۆتستانت و بە ناوگەرایی (nominalism) دەستی پێکرد، کە پێش ئەوە هیچ بیرۆکەیەک نەبووە.
هاوکات بەپێی “دوگین”، تاکگەرایی (individualism) چەمکێکی سەرەکییە کە لە ناوەندی ئایدۆلۆژیای لیبڕاڵی دانراوە، لیبڕاڵیزم بە ڕای “دوگین” پرۆسەیەکی سیاسی، کولتووری، مێژوویی و فەلسەفی ئازادبوونی تاکە لە هەر جۆرە ناسنامەیەکی بەکۆمەڵ یان دەستەجەمعی (collective identity) کە تاک تێدەپەڕێنێت. ئەمەش دەست پێدەکات بە ڕەتکردنەوەی کڵێسای کاسۆلیکی وەک ناسنامەیەکی بەکۆمەڵی ئیمڕاتۆرییەتی ڕۆژئاوا. ئەمە ڕاپەڕینێک بوو دژی دەوڵەتی ناسیۆنالیستی وەک ناسنامەیەکی بەکۆمەڵ وەک لە بەرژەوەندی کۆمەڵگەیەکی تەواو مەدەنی، دوای ئەمە لە سەدەی بیست شەڕێکی گەورە هەبوو لەنێوان لیبڕاڵیزم، کۆمۆنیزم و فاشیزم. “دوگین” ئاشکرای دەکات “لیبڕاڵیزم” جارێکی دیکە سەردەکەوێت بەوەی بەرگێکی نوێی هەمەجۆر بەبەر خۆیدا دەکات، چونکە لە دوای هەرەسی یەکێتی سۆڤیەت تەنیا لبیڕاڵیزم بوونی هەبووە هەروەک “فرانسیس فۆکویاما” بە تەواوی لە کتێبی کۆتایی مێژوو دەریدەخات کە لەکۆتاییدا هیچ ئایدۆلۆژیایەکی تر نییە جگە لەلیبڕاڵیزم.
لەم ڕووەوە، “دوگین” باس لەوە دەکات دوو جۆر ناسنامەی بە کۆمەڵ هەبووە بۆ ڕزگاربوون لە ناسنامەی جێندەری، چونکە ئەویش ناسنامەی بە کۆمەڵە، ئەوەیە تۆ پیاویت یان ژن، بەشێوەیەکی بەکۆمەڵ، کە نەتدەتوانی تەنیا بیت. بۆیە لیبڕاڵیزم ڕزگاربوونێکە لە ڕەگەز کە بووەتە هۆی ڕەگەزگۆڕاوەکان، بۆ ئێڵ جی بی تی و فۆرمێکی نوێی تاکگەرایی سێکسی. لە درێژەی قسەکانی “دوگین” پێی وایە کۆتا هەنگاوی پرۆسەی لیبڕاڵیزم بە وردی مانای ئیختیاری مرۆڤ دێت بەوەی کە دەتەوێت ناسنامەیەکی تاکیەتی خۆت ھەڵبژێری، کە سەردەمی تاکایەتی، دوای تاکایەتی و زیرەکی دەستکردی پێ دەڵێن کە ئەمانە ئێستا و داهاتوویەکی حەتمی مرۆڤایەتین. بە خوێندنەوەی خۆی، “دوگین” قۆناغی ئێستا وەک دوا وێستگە دەناسێنێت کە دواجار پێنج سەدە لەمەوبەر سواری ئەم شەمەندەفەرە بووینە وەک قۆناغێکی گواستنەوەی مێژوویی، کە ھەموو ئەمانە بڕینی نەریتەکانن لەگەڵ ڕابردوو بۆ ئەوەی چیتر پرۆتێستانتی نەبێت، بەڵکو ببێتە سێکیولار و ماتریالیست. بەجۆرێک کە سەرەتا لیبڕاڵیزم هات دەوڵەت نەتەوەکانی ڕزگار کرد لە ئیمپڕاتۆریەتەکان، بەڵام ئێستا لیبڕاڵیزم مرۆڤ لە دەوڵەت نەتەوەکانیش ڕزگار دەکات یاخود دەیانهێنێتە دەرەوە یانیش ئازادیان دەکات.
زیاتر لەمەش، “دوگین” بیری لە لیبڕاڵیزم کردۆتەوە و دەیبینێ وەک ئازادی تاک، کە بژاردەکان تێیدا ئەوەن کەسێک دەتوانێ شوێن باوەڕ و ویژدانی خۆی بکەوێت دژی هەر دەوڵەت و تۆتالیتاریانیزمێک، یان بەوەی “دوگین” دژی شەڕی کردووە کە بەرجەستە ببوو لەسۆڤیەت، کەواتە جیاوازییەکە چییە لە نێوان بیری لیبڕاڵیزم و ئەوەی دوگین دژی بووە لەهەمبەر سۆڤیەت؟ “دوگین” ڕوونی دەکاتەوە کە کێشەکە لە نێوان دوو پێناسەدایە، لیبڕالیزمی کلاسیکی و نوێ (classical and neo-liberalism) لبراڵیزمی کلاسیکی لەبەرژەوەندی دیموکراسیدا بووە و دیموکراسی بەمانای هێزی کۆدەنگی زۆرینەی ئازادی تاک کە پێویستە تاڕادەیەک تێکەڵ بێ بە ئازادی ئەوانیتر، یان کەمینەکان. بەڵام ئێستا قۆناغی لیبڕاڵیزمی نوێیە، کە سەردەمی دەسەڵات و ھێزی کەمینەیە نەک زۆرینە، واتە تەنیا دەربارەی ئازادی تاک نییە، بەڵکو دەربارەی بەئاگابوونەوە و هۆشیارییە دژی نادادی (Woke-ism). هەروەها پێویستە نەک تەنیا ڕەخنە لە دەوڵەت بەڵکو دەبێ ڕەخنە لە تێگەیشتن و بیرکردنەوە کۆنەکانی تاکیش بگیرێ. هەروەک فۆکۆیاما لەبەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی لەگەڵ “دوگین” گوتبووی پێشتر دیموکراسی دەربارەی حوکمی زۆرینە بوو، بەڵام ئێستا حوکمی کەمینەیە بەرامبەر زۆرینە چونکە زۆرینە دەتوانێ هیتلەر یان پوتین هەڵبژێرێت. بۆیە “دوگین” لەبەر ئەمە دەڵێت ئەوان (ڕۆژئاواییەکان) پێیان وایە ئێستا پێویستە زۆر وریا بین بەرامبەر زۆرینە و حوکم و کۆنتڕۆڵی زۆرینە بکرێ. بۆیە “دوگین” ئەمە ڕاستەوخۆ بە تۆتالیتاری دادەنێ نەک دیموکراسی. ئێستاش ئێمە باس لە بەرگریکردن لە ئازادی تاکەکەسی ناکەین بەڵکو باسی ڕەچەتە دەکەین بۆ ئەوەی بەئاگا بین، مۆدێرن بین و پێشکەوتنخواز بین، کە ئەمەش وەک مافی تۆ نییە بەڵکو وەک ئەرکی تۆ دادەنرێت کە پێشکەوتنخواز بیت بۆ پەیڕەوکردنی ئەم ئەجێندایەی کە لە حوکمی کەمینەی ڕۆژئاوا هەیە بەوەی تۆ ئازادیت کە لیبراڵێکی چەپ بیت، ئیتر ئەوەندە ئازاد نیت کە لیبراڵێکی ڕاست بیت. “دوگین” وای دادەنێت لیبڕاڵیزم لە مێژووی خۆی شەڕی کردووە دژی هەر جۆرە ڕەچەتە و زۆرکردنێک بەڵام ئێستاش لە نۆرەی خۆیدا بووە بە تۆتالیتاری.
لەدوای ئەم بۆچوونانەی “دوگین”، “کارلسۆن” لێی دەپرسێت کە ئایا ئەمە حەتمی بووە و بڕیاربوو هەر دەبێت ڕووبدات ئەم پڕۆسەیە؟ دیدگای “دوگین” ئەوەیە هەست بە لۆژیکێک دەکات کە گەڕانەوە و لادانی نییە، بەجۆرێک باس لەوە دەکات دەتەوێت تاک ئازاد بکەیت کاتێک دەگەیتە ئەو خاڵەی کە دەکرێت و بەدی دێت، ئەوا بۆیە پێویستە زیاتر بەرەوپێشەوە بچین و دەست بکەین بە ڕزگارکردنی خۆمان لە تێگەیشتنە کۆنەکان لەبەرژەوەندی چەمکە پێشکەوتووترەکان. بۆیە ناتوانی ئاوا لێرە بوەستی، ئەگەر بڵێی من لیبڕاڵیزمی کۆنم ئەوا هەر ئەوان پێت دەڵێن ئەوە لیبراڵیزمی کۆن نییە و ئەوە فاشیزمە و بەرگری لە نەریتگەرایی و کۆنەپەرستی دەکات، بۆیە یان لێبڕالیزمێکی پێشکەوتنخوازبە یان تۆ تەواو بوویت، (ئەمە لێکدانەوەی وەڵامەکەی دوگینە).
“کەواتە ھەنگاو و قۆناغی داھاتووی دوای ئەمە چی دەبێت؟”
“دوگین” بەو وەڵامە دەدوێت کە داهاتوو لە وێنە و فیلمە ئەمریکییەکان وەسفکراوە، پێی وایە زانستی خەیاڵ بە نزیکەی هەموو سەدەی نۆزدەهەم بەدیهێنرابوون لە سەدەی بیستەمدا، بۆیە شتێک نییە واقیعیتر بێ لە زانستە خەیاڵییەکان، کەم تا زۆر ڤێرژنەکانی داهاتوو دەگۆڕێن، داهاتوویەک لەگەڵ دۆخی ئیختیاری مرۆڤ، دوای مرۆڤ و لەگەڵ زیرەکی دەستکرد. بۆیە ئەوان (ئەمریکییەکان) بە دروستی وێنای واقعی داهاتووی نزیک دەکەن. “دوگین” نمونەی ئەوە باس دەکات ئەگەر مرۆڤ یان سرووشتی مرۆڤ وەک ئاژەڵێکی ئەقڵانی بزانین، ئەوا ئێستا دەتوانیت بە تەکنەلۆژیا هاوشێوە بەرهەم بهێنیت، دەتوانیت دروستیان بکەیت و تێکەڵیان بکەیت بە زیرەکی دەستکردی بەهێز و تۆڕی دەماری لەگەڵ بنکەیەکی زانیاری زەبەلاح کە بەبەردەوامی مرۆڤ ئاڕاستەی ئەو داهاتووە نزیکە بکات، کە ئەمەش جۆرێکە لە پاشایەتی جیهانی بە بڕوای “دوگین”. ئەمەش کە نەک تەنها دەستکاری ئەوان دەکات، بەڵکو واقیعەکان دروست دەکات، چونکە واقیعەکان وێنەن و هەستەکانن، بۆیە “دوگین” ئایندەگەرایی دوای مرۆڤەکان دادەنێت بە جۆرێک لە نەک تەنها بە شێوەیەکی واقیعی وەسفکردنی داهاتوویەکی زۆر ئەگەری، بەڵکو هەروەها جۆرێکە لە مانیفێست و ئەجێندایەکی سیاسی، واتە جۆرێکە لە بیرکردنەوەیەکی مەبەستدار و خوازراو.
لەگەڵ ئەوەشدا “دوگین” زیاتر باس لە فیلمە ڕۆژئاواییەکان دەکات بەوەی کە هیچ داهاتوویەکی نەریتی گەشاوە نییە کە لە فیلمەکاندا باسکراوە لەسەر گەڕانەوەی ژیانی نەریتی، خۆشگوزەرانی و پاراستنی خێزانەکان و هەموو شتێک تەواو لە سێبەرێکی نادیار دایە. بۆیە لە ئێستاوە بژاردەکان لە دەرەوەی سنووری مرۆڤایەتین و ئەمەش تەنیا خەیاڵێک نییە بەڵکو جۆرێکە لە پڕۆژەی سیاسی. وەک کۆتا سەرنج “کارلسۆن” دێتە سەر ڕووسیا و دەپرسێت چۆن ئەو دیاردەیە ڕوون دەکەیتەوە؛ مەودای زیاتر لە ٧٠ ساڵە، کۆمەڵێک کەس لە ڕۆژئاوا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لیبراڵەکان، بە شێوەیەکی کاریگەر بەرگرییان لە سیستەمی سۆڤیەت و ستالینیزم دەکرد و زۆرێکیان بە شێوەیەکی شەخسی بەشدارییان لە ستالینیزمدا کردووە، سیخوڕییان کردووە بۆ ستالین یان پشتگیریان کردووە لە میدیاکاندا. تا ساڵی ٢٠٠٠ “بۆریس یێڵسینیان” خۆشدەویست چونکە سەرخۆش بوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٠ سەرکردایەتی ئەم وڵاتە گۆڕا و ڕووسیا بوو بە دوژمنی سەرەکی. بۆیە دوای ٨٠ ساڵی نامۆ لە بەرگریکردن لە ڕووسیا، ڕووسیایان خراپ کرد.
“دوگین” پێش ھەموو شتێک “پوتین” وەک سەرکردەیەکی نەریتی (Traditional leader) ناودەبات. کە پێی وایە دوای هاتنە سەر دەسەڵات، “پوتین” هەر لەسەرەتا دەستی کرد بە دەرهێنانی ڕووسیا لە هەژموون و کاریگەری جیهانی. بۆیە “پوتین” دەستی کرد بە ڕووبەڕووبوونەوە و دژایەتیکردنی ئەجێندای پێشکەوتنخوازی جیهانی و ئەو خەڵکانەی کە پاڵپشیی یەکێتی سۆڤیەتیان دەکرد کە دواجار پێشکەوتنخواز بوون، بۆیە هەستیان کردووە کە ئێستا مامەڵە لەگەڵ کەسێک دەکەن کە هاوبەشی ئەم ئەجێندای پێشکەوتنخوازانە نییە و هەوڵی گەڕانەوەی بەهای نەریتی و سەروەری دەوڵەتی داوە. ئەوەش لە سەرەتاوە دیار نەبوو لە دەرەوە، بەڵام کاتێک “پوتین” زیاتر و زیاتر پێداگری لەسەر ئەم ئەجێندا تەقلیدییە دەکرد، وەکو ڕۆحانیەت لەسەر شارستانیەتی ڕووسیا وەک جۆرێک لە ناوچەیەکی تایبەتی جیهانی کە ئێستا لێکچوونێکی زۆر کەمی لەگەڵ ئایدیاڵە پێشکەوتنخوازەکاندا هەیە، بۆیە ئەوان ئێستا دۆزیویانەتەوە کە بە وردی “پوتین” چییە. لەبەرئەوە جۆرێکە لە سەرکردەی سیاسی کە بەرگری لە بەها نەریتییەکان دەکات. بۆیە لەم دواییانەدا، ساڵێک لەمەوبەر “پوتین” فەرمانێکی بۆ بەرگری سیاسی لە بەها نەریتییەکان دەرکردووە. بە بڕوای “دوگین” ئەوە خاڵی وەرچەرخان بوو، چونکە کەمپی پێشکەوتنخوازەکان لە ڕۆژئاوا هەر لەسەرەتای دەسەڵاتییەوە لە “پوتین” تێگەشتبوون. کەواتە، ئەم ڕق و کینە تەنها شتێکی ئاسایی و مەزاجی نییە کە دژی هەیە.
لە کۆتا پێشبینی “دوگین” لە ئەگەری سەرەکی لەناوبردنی بەها تەقلیدیەکان، پەیوەندییەکان و بیروباوەڕەکان، لەلایەکی تریش کەسێک کە بە چەکی ئەتۆمی بەهێز بوەستێت بەرگری لە بەها تەقلیدیەکان بکات کە بڕیارە هەڵبوەشێنرێتەوە، پێی وایە هەندێک بنەما هەیە بەرامبەر ئەم ڕووسیافۆبیایە. بۆیە ئەوە بە ڕێکەوت نابینێ و تەنیا گۆڕانکارییەکی نا ئەقڵانیش نییە لە نزیکایەتی سۆڤیەتییەوە بۆ ڕووسیافۆبیایەک، بەڵکو شتێکی قووڵترە.
ئامادەکردن: ڕامیار ڕەشید