ئهلف؛ خوێندنەوەی فەلسەفیی بێگانە:
ڕستە دەستپێکەکانی رۆمانی بێگانە لە ناودارترین ڕستەگەلی ئەدەبیاتی سەدەی بیستەمن؛ ئەمڕۆ دایە مرد. رەنگیشە دوێنێ، نازانم. لەخانەی بەساڵاچووانەوە تەلەگرافێک گەیشتە دەستم: “دایە مرد. ناشتن سبەینێ. لەگەڵ رێز” ئەمە هیچ مانایەک نادات. رەنگە دوێنێ بوو بێت. .(Stranger،3) راکێشەری و کاریگەری زۆری ئەم چەند رستە کورتە لەوەدایە کە هەستێکی کتووپڕ و راچڵەکێنەر لە هەمبەر بێگانەیێک بەئێمە دەدات کە لەگەڵیدا رووبەروو بووینەتەوە. وشەی فەرەنسی “دایە”، وشەیهکە کە مناڵان بۆ قاوکردنی دایکانیان بەکاری دەبەن، بەم پێیە رستەی یەکەم شێوازێکی خۆماڵییانەی هەیە. لەم رستەیە دا وادەردەکەوێت کە “بێژەر” لەگەڵ دایکی دا هاوڕێ و تەبا بووە و نەبوون و لەکیس دانی خەمگین و خەمۆکی کردووە. بەڵام رستەی دووەم شتێکی بەتەواوەتی جیاواز دەدات بە دەستەوە. رستەی دووەم سەرنجمان لە خودی مەرگ بەرەو مێژووی مەرگ دەگەڕێنێتەوە. باقی رستەکانی تریش هەر جەخت لەسەر ئەم هەستە دەکەن. بێژەر زۆرتر وەکوو فەرمانبەرێک دێتە پێش چاو کە سەرقاڵی لێکدانەوەی مێژووی مەرگە نەک وەکوو رۆڵەیەک کە رەشپۆش و داخداری مەرگی دایکیەتی. هێنانی تەلەگرامی خانەی بەساڵاچووان لەم بڕگەیەی دەسپێکدا، تا رادەیێک بە گاڵتەجاڕییەوە، ئاماژەیەکە بۆ شێواز و ستایلی تەلەگرامیانە ی بێژەر؛ رستەگەلی کورت و لەیەک هەڵبڕاو. زۆربەی کات، تەلەگرامەکان بەکەمترین ئاستی دەربڕینی وشەوە دەنووسن چوونکوو بەپێی زۆری و کەمیی وشەکان پارەی تەلەگرامەکە دیاری دەکرێت. بێژەری ئەم رۆمانەش هەر بەهەمان شێوە لەدەربڕینی وشەکانیدا چاوچنۆکی دەردەخات. هەر بەهەمان شێوە کە “ژان پۆل سارتەر” لەساڵی 1943 دا لەپێناسەکردنی کتێبەکە دا بەبیرمان دێنێت، رستەکانی بێگانە هەرکامەیان دوورگەیێکن. .(LE،24)
وەگێڕی(راوی) رۆمانی بێگانە کێیە؟ رۆمانەکە کە بەرەو پێشەوە دەچێت، وردەوردە بۆمان دەردەکەوێت کە بێژەر یان وەگێڕ لاوێکی سەڵت و قەیرەیە کە لەوڵاتی ئەلجەزایر دا دەژی و فەرمانبەری کۆمپانییایەکی گچکەیە. دەزانین کە نازناوی بێژەر مۆرسۆیە، بەڵام هەرگیز بۆمان دەرناکەوێت کە ناوی بچووکی چییە. لەرابردووشی شتێکی ئەوتۆمان دەست ناکەوێت. تێدەگەین کە باوکی خۆی نەبینیوە و تاسێ ساڵیش بەر لە مەرگی دایکی، لەگەڵیدا پێکەوە لە بینایەکدا ژیاون. دەڵێت لە کاتێکەوە پێملی ئەوە بووە کە دەست لە خوێندن هەڵگرێت خەون و خولیاکانی لە کیس داوە. هەر چەندە ئەم قسەیەی بۆ فامکردنی بێدەربەستی ئەو لە مەڕ داهاتوویەوە بەس نییە. دەڵێت کە سەردەمێک لە پاریس ژیاوە. بێجگە لەم چەند شتە کورتانە، ئیدی لە ساڵانی پێش مەرگی دایکی شتێکی ئەوتۆ بە ئێمە ناگوترێت و ئەم سات و ساڵانە بۆ ئێمە سپی و بێ ناوەرۆک دەمێننەوە. رۆمانەکە بەسەر دوو بەشی تا رادەیەک هاوسان دا، دابەش کراوە.
بەشی یەکەم لە شەش کەرت پێکهاتووە؛ بەشی دووەم لە پێنج کەرت. بەشی یەکەم لەخۆگری یانزە رۆژە؛ بەئاگاداربوونی مۆرسۆ لە مەرگی دایکی دەست پێدەکات و بەکوژرانی پیاوێکی عەرەب لەرۆخی زەریادا کۆتایی پێدێت.
بەشی دووەم یانزە مانگ لەخۆ دەگرێت؛ کە بە لێپرسینەوە لە مۆرسۆ لە پۆلیسخانەوە دەستپێدەکات و بەتێڕامانەکانی سەبارەت بە پووچی، کاتێک کە لە زیندانی تاکەکەسی دا چاوەڕوانی ئەوەیە ئایا سزای ئیعدامەکەی دەگۆڕێت یان نا، کۆتایی پێ دێت.
لەبەشی یەکەمدا رەوتی ژیانی رۆژانەی مۆرسۆ بۆ ئێمە روون و ئاشکرادەبێت. دەخوات، دەخەوێت، جگەرە دەکێشێت و لە فەرمانگە ئیش دەکات. رۆژانی پشوو یان دەچێت بۆ رۆخی زەریا یان لەسەر بانیژەی ماڵەکەیەوە چاو لە رێبواران دەبڕێت. زۆر قسە ناکات و کاتێک دێتە قسەکردن، هەمیشە راست و رەوان و ئاشکرا ئەو شتەی کە بیری لێدەکاتەوە دێنێتیە زار. لەم رووەوە مۆرسۆ لە ئالسێست1 ی ناو شانۆنامەکە ی مولێر واتە، خەڵک بێز2 دەچێت. بەڵام ئالسێست بە ئەنقەست راستی و روونیی هەڵبژاردووە چوونکوو بۆ ئەو وەکوو پرەنسیپ وایە، لە حاڵێکدا مۆرسۆ خۆی لە خۆیدا بەو چەشنەیە. مۆرسۆ لە ئاست خەڵکدا ئەو شتەی وا بیری لێدەکاتەوە دێنێتە زار، نە بۆ ئەوەی لە رووبەروویان دا بوەستێ یان خەمناکیان بکات، بەڵکوو لە بەر ئەوەی نایەوێت رەنجی ئەوە وەبەر خۆی بدات کە بێجگە لەمە شتێکی دیکە بکات. تەنانەت کاتێکیش کە بەرژەوەندیشی لەوەدایە کە درۆ بکات یان هەموو حەقیقەت نەڵێت، هەمدیس باوەڕەکەی ناشارێتەوە. مۆرسۆ بەدەگمەن بیر لەرابردوو یان داهاتوو دەکاتەوە. ئەو هەر رۆژی ژیانی بە هەمان شێوە کە دێتە پێشەوە دەژێت و ئەوەی زۆرتر لەهەر شتێک بۆی گرینگە چێژەجەستەییەکان یان نائاسوودەگی بەرهەمهاتوو لە دۆخەکەیەتی. بە تایبەتی بە خۆرەتاوی ئەفریقای باکوور زۆر هەستیارە؛ هەندێ جار لە تیشکی درەوشاوە و گەرماکەی چێژ وەردەگرێت؛ هەندێكجاریش لە گڕی تیژ و سووتێنەری دەهری و تووڕە دەبێت. لەهەمبەر کچە هاوڕێکەی، واتە ماریش3 دا، زۆر هەستمەندە. بزە شیرینەکەی، پێستە برۆنزییەکەی و بەژن وباڵا جوانەکەی خۆش دەوێت، زۆر سەرنج دەدات بەرواڵەت و سیمای و سوپاس و ستایشی بۆ رواڵەتی دێنێتە زمان. بۆ نموونە دەڵێت: “جلێکی کەتانی ئەسپی پۆشیبوو و زوڵفەکانی بڵاو کردبووەوە. پێم گوت کە جوان بووە، لە خۆشیانا پێکەنی”. .(Stranger،47)
بەڵام مۆرسۆ سەرنج دەداتە وردەکارییە ماددی و لەشییەکانیش، وردەکاریگەلێک کە زۆربەی مرۆڤەکان بێسەرنجن پێی یان لە روانینیاندا زۆر بەردەستەکی و پەراوێزییە. بۆ نموونە نیوەڕۆیان، کاتێ کە بە خاولی دەستی وشک دەکاتەوە و خاولییەکە وشکە و شێدار نییە زۆر کەیف خۆشە و پیێ دەگەشێتەوە، بەڵام دوای نیوەڕۆیان کە خاولییەکە نەختێک شێدارە تووڕە و قەڵس دەبێت. مۆرسۆ، لەگەڕەکێکی کرێکاریی فەرەنسی لەوڵاتی ئەلجەزایر دا دەژی، وەکوو گەڕەکی بەلکوور4 واتە گەڕەکی سەردەمی منداڵیی خودی کامۆ. هاوڕێ و هاوساکانیشی نە پارەیان هەیە و نە خوێندەواریش. ماری، بەردەستە(منشی) ;سێلێست5، کافەیەکی بچووکی لەگەڕەکدا هەیە ؛ئیمانۆئێل6، فەرمانبەری پۆستخانەیە؛ سالامانۆ7، خانەنشین کراوێکە کە تەنها لەگەڵ سەگەکەی دا دەژی؛ ریمۆن8، بۆ خۆی دەڵێت کە بەڕێوەبەری عەمبارێکە بەڵام خەڵک دەڵێن کە جاکەشە. جێراڵد کامبێر9، لە “هێمای ناوەکان لە بێگانە دا” پیشانی داوە کە ناوەکانی ئەم رۆمانە ماناگەلێکی ورد و ناسکیان هەیە. بۆنموونە ماری هەر هەمان ناوی مەریەمی عوزرای هەیە، سێلێست،کە ناوەکەی بەمانای “ئاسمانی” دێت، چێشت کەرێکی قەڵەوی واقیعبینە کە هێمایە بۆ سۆزی مرۆڤانە. ئیمانۆئێل، کە تا رادەیەک گەوجە، ناوێکی هەیە کە بۆ تەوسیفی مەسیح بەکار دەبرێت. ناوەکەی لە زمانی عیبری دا واتای “خواوەند لە گەڵماندایە”دەدات.
لەگەڵ ئەوەی کە مۆرسۆ و هاوڕێکانی مرۆڤگەلێکی سادە و ساکارن، رووداوەکانی بەشی یەکەم بەهیچ شێوەیەک سادەوساکار نین. بە درێژایی یازدە رۆژ مۆرسۆ هەموو ئەم کارانەی کە دەیڵێین ئەنجام دەدات. لە رێو ڕەسمی ناشتنی تەرمی دایکیدا بەشدار دەبێت، بەسەرهاتێکی ئەڤیندارانە لەگەڵ ماریدا دەست پێدەکات و قبووڵ دەکات کە لەگەڵی ببێتە هاوسەر. لەگەڵ ریمۆن دەبێتە هاوڕێ و قبووڵ دەکات تاکوو بۆ ئەدەبکردنی خۆشەویستە پێشووەکەی کە هەڵیفریواندووە، یارمەتی بدات. برای خۆشەویستەکەی ریمۆن بە گووللەیێک دەکوژێت؛ ئەمانە بۆ مرۆڤێک کە نوقمی ژیانی رۆژانەیە، رۆژانێکی پڕ رووداون. لەلایەکی دیکەوە، شێوازی هەڵقورتانی مۆرسۆ لەم رووداوانەدا نیشاندەری جۆرێک لە داهێزراوی و ناکارامەییە. هەر جارەو رووداوەکان بە هەڵکەوت روودەدەن، نەک بەپێی پلان و گەڵاڵەیەکی پێشوو، پەرچەکرداری مۆرسۆ لەهەمبەریاندا ئەمەیە کە رێگایەک هەڵدەبژێرێت کە هەست دەکات ئاسانترین رێگەیە. دایکی دەمرێت و ئەو بە بێ مەیلییەوە بەشداری لە رێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی دەکات، بە هەڵکەوت لەگوێی زەریا دا ماری دەبینێت، مەلەی لەگەڵ دەکات، بۆ سینەما داوەتی دەکات، لەگەڵ خۆی دەیبات بۆ بیناکەی و شەو پێکەوە رادەبوێرن. حەزی ئێرۆتیکیانەی مۆرسۆ بۆ ماری ناکارامە نییە، بەڕای ئەو ماری راکێشەر و ویستراوە. بەڵام کاتێک کەماری حەوتوویەک دواتر سەرێکی لێدەدات و لەپڕێکدا لێی دەپرسێت کە ئایا دەیەوێت پێکەوە ببنە هاوسەر یان نا، وەڵامی مۆرسۆ بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر و ناباوەڕانە ناکارامە و ئینفیعالییە.
“شەو ماری هاتە لام و پرسی کە ئایا دەخوازم لە گەڵیدا ببم بە هاوسەر. گوتم کە بۆ من تۆفیرێکی نییە و ئەگەر ئەو بیەوێت دەتوانین ببینە هاوسەر. دواتر بەتەما بوو بزانێت کە ئاخۆ من عاشقی هەم یان نا. هەمان وەڵامی پێشووم دایەوە گوتم: ئەمە هیچ پێوەندییەکی نییە بە مەسەلەکەوە بەڵام وای بۆ دەچم کە ئاشقی نەبم. پرسی: ئیدی بۆ ببین بە هاوسەر؟ بۆم روون کردەوە کە لەراستیدا ئەم مەسەلەیە گرینگ نییە و ئەگەر ئەو بیەوێت دەتوانین ببین بە هاوسەر. ئیدی ئەو ئەمەی باسکردبوو و من کارێکم نەکردووە بێجگە لەوەی کە گوتوومە باشە. دواتر بە بیری دا هانیمەوە کە هاوسەرگیری شتێکی جیددیە. گوتم: “نەخێر”. دەم و دەست بێدەنگ بوو بە ماتییەکەوە لێمی روانی. دواتر هاتە قسە. دەیەویست بزانێت کە ئەگەر ژنێکی دیکەش هەر بەم بارودۆخەی ئەوەوە ئەم پێشنیارەی دەکرد ئایا قبووڵم دەکرد یان نا. گوتم، بەناچاری. مۆرسۆ لە گەڵ ریمۆنیشدا بە هەڵکەوت دیدار دەکات. ریمۆن داوەتی دەکات بۆ ژوورەکەی تاکوو مۆرسۆ لە دەردەسەری چێشت لێنان رزگار کات. دوای نانی شێوان، ریمۆن داوای لێ دەکات کە نامەیەک بۆ کۆنە خۆشەویستەکەی بنووسێت. ریمۆن خۆشەویستەکەی خستۆتە بەر زەبر و لێدان تاکوو خوێناوی بووە بەڵام هەنووکەش دەیەوێت بەم نامەیە هەڵیخەڵەتێنێت تاکوو دیسان بیگەڕێنێتەوە و بتوانێت بەخەستی ئەدەبی کات! مۆرسۆ قبووڵ دەکات. “نامەکەم نووسی. بەشێوازێکی سەرسەری، بەڵام هەموو هەوڵی خۆم دا کە ریمۆن پێی بگەشێتەوە، چوون هیچ هۆیەکی نەبوو کە نەمەوێت ریمۆن بگەشێتەوە و پێی کەیف خۆش بێت”. (Stranger،41-2)
پێکگەیشتنی مۆرسۆ لەگەڵ برای کۆنە خۆشەویستەکەی ریمۆن لە رۆخی زەریا دا هەمدیس بە هەڵکەوتە. ئەگەرچی مۆرسۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە دواجار دوو عەرەبی تێدا بینیوە، بەڵام لەوەی کە دەبینێت کەسێک لەوێیە تێکدەچێت.”تا شوێنێک کە پێوەندی بە منەوە هەبوو مەسەلەکە کۆتایی پێ هاتبوو و من بێ ئەوەی تەنانەت بیری لێبکەمەوە رۆشتبووم بۆ ئەوێ.” (Stranger،58). بەڵام یەکێک لە عەرەبەکان هێشتا لەوێیە.(جێی خۆیەتی سەرنج بدەین کە قوربانییەکەی مۆرسۆ واتە برای کۆنە خۆشەویستەکەی ریمۆن، تەنها بە “ئەو عەرەبە” ناوی لێدەبرێت. ئەوەی کە کامۆ ئەم کارەی کردبێت تاکوو بێ سۆزی ئەلجەزایرییە فەرەنسییەکان پیشان بدات یان بێ سۆزی و بێ هەستی خۆی، لە هەر حاڵدا جیاوازییەکی نییە، ئەنجامی بابەتەکە ئەوەیە کە مرۆڤێک دابەزیوتە سەر ئاستی لەقەمێک). کاتێک کە “عەرەبەکە” دەست دەکات بە گیرفانیدا و چەقۆی ناو پانتۆڵەکەی دەگرێت، مۆرسۆش ئان و سات پەنجەی لەسەر دەمانچەی گیرفانی کۆتەکەی دا دەنێت. لەم ساتە بە دواوە ئیدی مۆرسۆ (بەپێی رێکەوەندی خۆی)، خۆی داوەتە دەست تووڕەیی خۆرەتاو. شکست خواردووی گەرما و تیشکی کوێرکەری خۆرەتاو، چەند هەنگاوێک دەچێتە پێشێ و لە کابرای عەرەب نێزیک دەکەوێتەوە؛ عەرەب چەقۆکەی لێ دەڕاسێنێت. تیشکی تیژی خۆرەتاو لە تێغەکەیەوە دەگوازرێتەوە بۆ نێوچەوانی مۆرسۆ. مۆرسۆ، کوێر و شڵەژاو، دەمانچەکەی دەستی دەگوشێت و پەلەپیتکەکەی دەکرچێنێت. گوللە بەر پیاوی عەرەب دەکەوێت. مۆرسۆ هەڵوێستەیێک دەکات و دواتر چوار جاریتر تەقە لە جەستەی بێجووڵەی کابرای عەرەب دەکات.
ئەستەمترین کار روونکردنەوەی ئەم کردەوەیەی دواییە- چوار جاری زێدە تەقەکردن لە تەرمەکە. بەپێچەوانەی تەقەی یەکەم کە دەشێت شتێکی بەرووداو بێت: “پەرچەکردارێکی ناوشیارانە یان لەرزینی دەستەوە”، ئەو چوار تەقەکەی دیکە کردەگەلێکی وشیارانەن. بۆچی مۆرسۆ هەڵوێستەی کرد و دواتر کاتێک کە دەیتوانی بڕیار بدات کە ئەم کارە نەکات، چوار جاری دیکە تەقەی لە لاشەکە کرد؟ پاڵنەری مۆرسۆ چی بوو؟ مەبەستی چی بوو؟ بەپێچەوانەی گرینگی ئەم پرسیارانە لە کاتی لێپرسینەوە و دادگاییەکەیدا، مۆرسۆ ناتوانێت روونکردنەوەیێکی سەلمێنەرانە بدات بەدەستەوە. ئاشکرایە مۆرسۆ بێ ئەوەی کە بزانێت یان لەبەر چاو بگرێت کە کابرای عەرەب زیندووە یان مردوو، چوار جاری دیکە دەستی تەقەی لێ کردۆتەوە. بە هەموو ئەمانەشەوە هیچ بەڵگەیەکمان نییە کە وا بیر بکەینەوە کە ئەو لە ژێر کاریگەری هەستێکی خەست وەکوو رق، تووڕەیی و یان ترس ئەم کارەی کردووە. ئەگەرچی تەقەی ئەو لە پیاوە عەرەبەکە بێسۆزی ئەو لە هەمبەر پیاوێکدا کە هیچ خراپەیەکی دەرهەق نەکردووە دەنوێنێت، بەڵام وا نایەتە پێش چاو کە ئەو خولیای کوشتنی ئەو پیاوەی لەسەر بووبێت. لە رووبەرووبوونەوەکانی پێشوویدا لەگەڵ عەرەبەکان لە رۆخی زەریادا، مۆرسۆ وا بە زەینی دا دێت کە« مرۆڤ دەتوانێت تەقە بکات یان نەیکات”. (TRN،1164). وادیارە ئەو چوار تەقەیەی دوایی بە هۆی خۆبەدەستەوەدانەوەیە نەک لەسۆنگەی بڕیارەوە.
لە بەشی دووەمی بێگانەدا، بەرپرسانی دادگای تاوانەکانی ئەلجەزایر ئەم رووداوە بە هەڵکەوت و لەناکاوانە، گرێدەدەنەوە بە پەرچەکرداری سست و داهێزراویانەی مۆرسۆوە و روخسارێکی سامناک و تۆقێنەر لە مۆرسۆ دروست دەکەن. رەوتی لێکۆڵینەوە یان لێپرسینەوەی جیددی ڤەپرس(بازپرس) لە مۆرسۆ دەست پێدەکات. کاتێک کە مۆرسۆ ناتوانێت روونی بکاتەوە کە لە بەرچی دوای تەقەی یەکەم هەڵوێستەی کرد و دواتر چوار گوللەی دیکەی پەستاوتۆتە نێو لەشی کابرای عەرەب، ڤەپرس خاچێکی زیوین کە وێنەیێکی مەسیحی لەسەر هەڵکۆڵراوە، دەگرێت بەدەستییەوە و لەبەرچاوی مۆرسۆ دا دێنێ و دەیبا. لێی دەپرسێت کە ئایا باوەڕی بە خودا هەیە و کاتێک مۆرسۆ لە وەڵام دا دەڵێت : «نەخێر» کابرا رق دای دەگرێت. گوتی: “مەحاڵە، هەموو مرۆڤەکان باوەڕیان بە خودا هەیە تەنانەت ئەوانەش وا لێی روو هەڵدەگەڕێنن. ئەمە بیر و باوەڕی ئەو بوو و ئەگەر گومانی تێدا بکردایە، ژیانی بۆش و بێمانا دەبوو. هاواری کرد: دەتەوێت ژیانی من بێ مانا ببێت؟”. (Stranger،69) لە کۆتایی ئەم لێکۆڵینەوەیە دا ڤەپرس ئیدی مۆرسۆ بە “جەنابی دەجال” بانگ دەکات. هۆی دابڕاندن و بەخشینی ئەم ناتۆرەیە بە سەر مۆرسۆ فامهەڵگرکردنی کردە و ئاکارە روون نەکراوەکەی مۆرسۆ بۆ مەسیحییە بەڕێزەکانە. ئەگەر کەسێک وابیر بکاتەوە کە مۆرسۆ وێناکراو و هێمای شەڕە، ئەو کات هەموو کردەوەکانی ئەو لە بەشی یەکەمدا هەر بەم پێوانە و سەنگەوە روون دەکاتەوە.
رەوتێک کە بە لێپرسینەوەی ڤەپرس دەستی پێکردووە دادوەر لە دادگا درێژەی پێ دەدات. دادوەر بە تێروتەسەلی دەپەرژێتە سەر هەڵس وکەوتی مۆرسۆ لە رێوڕەسمی ناشتنی دایکییەوە و لە جێگایەکدا بەوە تاوانباری دەکات کە: “دایکی بە شێوەیەکی کارەساتاوی لە دڵدا دەفن کردووە”. و لەدواجار دا تاوانباری دەکات کە« لەرووی ئەخلاقییەوە گوناحی کوشتنی دایکیشی بەئەستۆیە» .(Stranger،101-2) دادوەر سەربووردەی ئاشقانەی مۆرسۆ لەگەڵ ماری و نامەنووسینی بۆ ریمۆن گرێدەدات بە پاڵنەری ئەو بۆ کوشتنی پیاوە عەرەبەكهوه، هەر ئەم مرۆڤەی کە لە سبەینێی مەرگی دایکییەوە دەست دەداتە شەرمناکترین فسق و فجوور، بە هۆکارگەلی زۆر لاوەکی مرۆڤ دەکوژێت، ئەوەش بۆ پێکەوەنان پیسی و گەندەڵییەکەوە کە شیاوی باسکردن نییە”. (Stranger،101-2) دادوەر لە دوا کۆبەندی وتەکانی دا لە کۆتایی دادگاییکردنەکە بەم خاڵەشەوە ناوەستێتەوە. ئەو کە لە زمانبازیی و دەمکراوەیی خۆی هاتبووە جۆش و خرۆش، هەوڵدەدات “گوناە”ی مۆرسۆ هەڵپێکێت بە دانیشتنێکی دواتری دادگاوە، کە دادگاییکردنی پیاوێکە تۆمەتبار بە کوشتنی باوکی؛ مرۆڤێک کە لە رووی ئەخلاقییەوە تاوانی کوشتنی دایکی لە ئەستۆیە خۆی لە کۆمەڵگا دادەبڕێت، دەقاودەق هەر ئەو جینایەتکارەیە کە دەستی تاوان لە باوکێک دەکاتەوە، کە بوونی پێ بەخشیوە. بە هەر حاڵ، ئەمەیان رێگەی بۆ کردارەکانی دووەهەمی خۆش کردووە، لەراستیدا یەکەمینیان سەرمەشقی ئەویتریانە و پاساوی بە جینایەتەکەی ئەو داوە. دواتر دەنگی هەڵبڕی و گووتی:« بەڕێزان، من دڵنیام لە سۆنگەی ئێوەوە زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم کە ئەو پیاوەی وا ئێستە لە جێگەی تۆمەتباران دانیشتووە، گوناهی کوشتنێکیشی بە ئەستۆیە کە سبەینێ دانیشتنی لەسەر دەکرێت.(Stranger،102)
دادوەر دەڵێت: ئەمە “ئەرکی پڕئازار”ی ئەوە کە داواکاری سزای ئیعدام بێت، بەڵام بەم حاڵەشەوە دەڵێت: “بەدڵێکی ئاسوودەوە ئەم داوایە دەکەم. چوونکوو، لە درێژایی ژیانم دا هیچ کات ئەوەندە ئێستا ئیمانم لەسەر ئەم حوکمە پیرۆزە قورستر نەبووە، هیچ کاتیش بە قەد ئێستا ئەوەندە هەستی سامناکیم نەبووە لەکاتی بینینی رووخساری ئەم پیاوە دا کە جگە لە ئاژەڵێکی دڕندە هیچی تێدا بەدی ناکەم و هەر ئەمەش ئەو ئەرکە پڕئازارە بۆ من ساکارتر و سووکتر و روونتر دەکاتەوە. .(Stranger،102،TRN،1198) دەستەی دادوەران پێمل دەبن و مۆرسۆ سزا دەدرێ کە لەمەیدانی گشتیدا بدرێتە دەست تێخی گیوتین. لە موحاکەمەی مۆرسۆ دا چیمان بۆ دەردەکەوێت؟ کامۆی گەنج، کاتێک هەواڵنێری رۆژنامەی ئالجێر رێپۆبلیکەن بوو، زۆربەی کات راپۆرتگەلێکی لەبارەی موحاکەمە جیناییەکان لە ئەلجەزایر کۆدەکردەوە و زانیاریگەلێکی سەرەکی لە بارەی لاوازی و ناتەواوییەکانی سیستەمی قەزایی(دادوەریی) هەبوو. ئەو تەنانەت لە بڕگەیەکی زەق دا خۆی دێنێتە نێو رۆمانەکەوە. لە سەرەتای دادگایی کردنەکەدا، مۆرسۆ سەرەنجی بۆ گەنجترین هەواڵنێری ناو هۆڵەکە رادەکێشرێت، پیاوێک بە پانتۆڵی فەلانێلی خۆڵەمێشی و بۆینباخی شینەوە، کە چاوی بڕیبووە ئەو. “ئەوەی کە لە رووخساری تا رادەیێک ناڕێکی دا بەدیم دەکرد دوو چاوی زۆر گەشاوە بوون کە بڕابوونە من و ئەم هەستە نامۆیە دامی گرت کە دەڵێی خۆم خەریکم چاو لە خۆم دەبڕم”.(Stranger،85) بێگومان، یەکێک لە ئامانجەکانی کامۆ لە دانیشتنی دادگاییکردنی مۆرسۆ بەدەستەوەدانی لێکدانەوەیەکە سەبارەت بە رەوتی دادوەری جینایی. ئەو بە ئەزموون دەیزانی کە چۆن چۆنی پارێزەران، بەڵگەکان دەئاڵۆزکێنن تاکوو رەوتی موحاکەمە ببەنە پێشەوە. ئەو دەیزانی کە ئەوان خودا، دایک، و وڵات دەکەن بە بڕوبیانوو بۆ مەبەستەکانیان. ئەو دەیزانی کە دادوەران و دەستەی دادوەران دەتوانن چەندە کوشندە و بەرواڵەت حەق خواز بن.
لەگەڵ ئەمانەشدا، ئەم موحاکەمە لایەنێکی فەلسەفیشی هەیە. ئەو تۆمەتە سەیر و سەمەرانەی ڤەپرس و دادوەر راستە بەشێوازێک تەشەرلێدانە لە دادوەریی جینایی، بەڵام بێ واتاش نین. مۆرسۆ مەترسییەکی راستەقینەیە. راستە کە ئەو نە پیاوکوژێکی دڵڕەقە و نە دەجالیش، بەڵام وێنا و ئیماژی قارەمانێکی پووچە. شتێک کە لەم مرۆڤەدا (دۆڵپا)ییانەیە، ئامادەگی ئەو بۆ ئەنجامدانی جینایەت یان دەست بردنە کارگەلی خراپە نییه، بە پێچەوانەوە، بایەخ نەدانی ئەو بۆ ئومێدەکان، ئیمان و ئامانجگەلێکە کە زۆربەی خەڵک پێیانەوە دەژین. مۆرسۆ بە بایەخ نەدان بە خوا، داهاتوو و یان بە تێڕوانینی ئینسانە بەڕێزەکان سەبارەت بە خۆی، مروڤێکی مەترسیداری لێدەرچووە، سەربزێوێک. بێگومان ئەو یاسای مرۆیی دژە مرۆڤکوژی، خستۆتە ژێر پێوە بەڵام ئەم یاساشکێنییە، بەنیسبەتی بێدەربەستی ئاشکرای ئەو بۆ دین و پێکهاتەی ئەخلاقی جیهانەوە، لاکەوتە و پەراوێزە. هاوبەش نەبوونی مۆرسۆ لە باوەڕەکانی خەڵکدا خراپە، بەڵام خراپتر ئەمەیە کە تەنانەت لەرواڵەتیش دا وەها نانوێنێت کە لە باوەڕەکانیاندا هاوبەشە. ڤەپرس کاتێک مۆرسۆ نکووڵی باوەڕی بەخودا دەکات، هاوار دەکات: “ئایا دەتەوێ ژیانی من بێمانا بکەیت؟”. (Stranger،69) و لە راستیدا بەم رستەیە ئاماژە بەم مەترسییە دەکات. راستە کە رەنگە ئەوانەی وا دادوەری لەسەر مۆرسۆ دەکەن بەدروستی تێناگەن مەترسییەک کە مۆرسۆ بۆ کۆمەڵگا هەیەتی فەلسەفییە و نەک جینایی، بەڵام بە هەر حاڵ مەترسییەکەی ئەو هەست پێ دەکەن.
راستە کە مۆرسۆ بێ هیچ پاڵنەرێکی ئەقڵی مرۆڤی کوشتووە تەنانەت بێ ئەوەی هەست بە پەشیمانی بکات کە ژیانی کەسێکی وەرگرتووە، بەڵام دەشێت دادوەرییەکی جیاواز وێنا بکرێت کە تێیدا مۆرسۆ مەحکوم دەبێت بە چاوەدێری کران لە نەخۆشخانەیەکی رەوانیی تایبەت بە جینایەت کارەکان چونکوو توانایی جیاکردنەوەی راست و هەڵەی نییە و کرداریی پێشبینی هەڵگر نییە. بەڵام موحاکەمەیەک کە لە کردەوەدا روو دەدات لەم چەشنە موحاکەمانە نییە، گریمانەی نەدرکاوی موحاکەمە راستەقینەکە، رەگەزپەرەستی لە ئەلجەزایری ژێر پۆستاڵی فەرەنسەیە. چونکوو مۆرسۆ سپی پێستێکی ئەورووپاییە و کوژراو عەرەبێک، ئەم گریمانەیە هەیە کە هەلی زێدە دەدرێتە مۆرسۆ. رەنگە ئەمە بتوانێت بە جۆرێک روونی کاتەوە کە بۆچی پارێزەری مۆرسۆ لە سەرەتاوە ئەوەندە دڵنیایە کە ئیشەکان بەباشی دەڕۆنە پێشەوە. بەڵام مۆرسۆ بە نکۆڵی لە جەخت کردن بە باوەڕە مەسیحییەکان، سەرپێچی لە خەمگین نواندنی خۆ بۆ مەرگی دایک، یان دەربڕینی پەشیمانی لە کوشتنی ئەو پیاوە عەرەبە، خۆی لەم بەزەیی و هەلە بێبەش دەکات. ئەو پیشانی دەدات کە “بێگانە” یەکە (un e’tranger) کە لەزمانی فەرەنسی دا سەرەڕای مانای بیانی و غەریبە بەواتای مرۆڤێکیشە کە نایناسن. بەم پێیە ئەو لە چینی دەسەڵاتدار کە دەیتوانی یارمەتی بدات دابڕاوە. بۆیە مەحکووم بوونی ئەو بە ئیعدام بە گیۆتین، بە پێداگری دادوەر لەسەر “گوناهباریی ئەخلاقیی” ئەو لە کوشتنی دایکی و باوکی ئەو پیاوە(رەنگ)ە سپی پێستەی تۆمەتبار بە باوک کوژی، جۆرێک لەشەرعییەتی رەگەزی پەیدا دەکات. مۆرسۆ دوای موحاکەمە دەگوازنەوە بۆ زیندانێکی دیکە، زیندانێک لە بەشی سزادراوان بەمەرگ، تاکوو چاوەڕوانی جێ بەجێ بوونی سزای ئیعدام بێت. ئەو داوای پێداچوونەوە و لێبووردنی کردووە. بەڵام هیچ وێنایەکی نییە کە ئایا داواکەی قبووڵ دەکرێت یان نا. شەو و رۆژی بە خەونی رێگەی هەڵاتنێک لە ئیعدام رادەبوورێت و چاوەڕوانە بزانێت بەر لێبووردن دەکەوێت یان ئیعدامی دەکەن.
ئەگەرچی مۆرسۆ زۆرجار خۆی لە دیدار لەگەڵ قەشەی تایبەت بە زیندانیان دەبوارد، بەڵام بەهەر حاڵ قەشە دێتە ژوورەکەی ئەوەوە. مۆرسۆ سەرەتا لەرز دای دەگرێت، چوون وادەزانێت ساتی ئیعدامەکەی گەیشتووە. قەشە دڵنیای دەکاتەوە کە ئاوەها نییە و دڵنیایی خۆی لەمەڕ وەرگرتنی داوای لێبووردنەکەی دەردەبڕێت. دەڵێت ئامانجی لەم هاتنەی بۆ ژوورەکەی مۆرسۆ، هەڵگەڕاندنەوەی سەرەنجی مۆرسۆ لە دادی(عەدالەت) ئینسانی بۆ دادی ئیلاهی و لە گوناهی یاسایی بەرەو گوناهی کەبیرەیە. مۆرسۆ وەڵام دەداتەوە باوەڕی بەخودا نییە و ناشخوازێت ئەم دەرفەتە کورتەی کە بۆی ماوەتەوە بە خەون و ختوورەی ژیانی دوای مەرگ بەفیڕۆ بدات. کاتێک کە قەشە مۆرسۆ دڵنیا دەکاتەوە کە سەرەڕای دڵی تاریکی، ئەو دۆعای بۆ دەکات، مۆرسۆ خۆی بۆ ناگیرێت. مۆرسۆ لە باتی ئەوەی وەکوو هەمیشە و بەپێی خووی باوی خۆی بە وانواندنێک بۆ هاوکۆک بوون لەگەڵ قەشە یان گوێ نەدان پێی لەرووبەرووبوونەوە لەگەڵیدا پارێز بکات، چنگ لە جامانەکەی وەردەدات و بە هەراوهۆریاوە بەر جنێوی دەدات. بەقەشە دەڵێت “هیچ کام لە دڵنیاییەکانی بایەخی تاڵە قژی ژنێکیان نییە» و تەنانەت نازانێت کە زیندووە«چونکوو وەکوو مردووان دەژی”. (TRN،1208) . پاسەوانەکان دێنە ژوورەکەوە و قەشە لە چنگی مۆرسۆ رزگار دەکەن.
مۆرسۆ، شەکەت و وڵەکەت لەم پێداهەڵشاخانە، لەسەر سیسەمەکەی خەوی لێدەکەوێت. کاتێک لە خەو هەڵدەستێت “ئەستێرەکان لە سەر روخساری دەزریوێنن”. (Stranger،122). شنەیەک هەڵدەکاتە ژوورەکەیەوە کە بۆنی شەو، خاک و هەوای خوێئاوی(نمکی)هەیە. مۆرسۆ جارێکی دی لە پێوەندی لە گەڵ جیهانی ماتریاڵی دا، گیانی وەبەر دەکەوێتەوە. وتەکانی کە زۆربەی کات وشک و بێ رۆح بوون، شێواز و قەوارەیێکی تەغەزوولی دەگرنە خۆیان: “ئەوکات لەو تاریکییەی پێش بوولێڵدا زەنگەکان هاتنە دەنگ، زەنگگەلێک کە جاڕی کۆچیان بەرەو جیهانێک لێدەدا کە هەنووکە و بۆ هەمیشە هیچ مانایەکی بۆ من نەبوو”. (Stranger،122) بۆ یەکەمین جار لەدرێژەی حەوتەکان دا بیر لە«دایە» دەکاتەوە و دەکەوێتەوە یادی پێوەندی ئەڤیندارانەی ئەو لەگەڵ تۆما پرێز10ی پیر، واتە “دەستگیران” ی لە خانەی بەساڵاچووان دا. مۆرسۆ تێدەگات کە ئەویش ئامادەیە تاکوو ژیانی سەر لەنوێ بژێت. “دەتگووت ئەم رقە پڕخرۆشە منی لە هەرجۆرە خراپی و گەردێک پاقژ کردبۆوە، لە هیوا بەتاڵ و قوتاری کردبووم، بۆ یەکەمین جار، لەو شەوەی گەش و رۆشن بە نیشانە و ئەستێرەکان، دڵم بە رووی بێڕەحمی و بێدەربەستی میهرەبانانەی جیهان دا کردەوە. دیتم کە جیهان بە شێوە چەندە لە خۆم دەچێت-وەکوو برام وایە- و هەستم کرد بەختەوەر بووم و جارێکی دیش هەر بەختەوەرم”. .(TRN،109) مۆرسۆ، تامەزرۆی ژیان بەڵام دۆست لەگەڵ مەرگ، هیوادارە کە لە رۆژی ئیعدامی دا بینەرانێکی زۆر هەبن و بە “زایەڵەگەلی نەفرەت” پێشوازی لێبکەن. .(Stranger،121)
نووسین: ڕیچارد کامبێر
وهرگێڕان: عادڵ قادری