“پێشه‌کی”
چین یه‌کێک له‌و شارستانییه‌ته کۆنانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات بووه که به هۆکاری زۆر و زه‌به‌ند له‌چاوه‌ی شارستانییه‌تی ڕۆژئاوا که‌متر که‌وتووه‌ته به‌ر سه‌رنجی ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان یان باشتر وایه بڵێین که‌متر که‌وتووته دانوستانی ژیاریی و کو‌لتووری له‌گه‌ڵ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و نزیک و بچووک. یه‌کێک له هۆکاره‌کان هه‌بوونی شارستانییه‌ته کۆنه‌کانی دیکه له‌م ناوچه‌یه له‌وانه شارستانییه‌ته‌کانی بابیل و مێزۆپۆتامیا و میسر بووه له چاخی که‌وناراو و پێش زاین و دواتریش پاش سه‌رهه‌ڵدانی مه‌سیحییه‌ت مێژووی ئایین و مه‌عنه‌ویه‌ت و هزر له‌م ناوچانه ڕێچکه‌ی خۆیان پێواوه. ئه‌گه‌رچی ته‌نانه‌ت هه‌ر له سه‌رده‌مه کۆنه‌کانیشدا ڕێگای ئاوریشم ده‌روازه‌یه‌کی مه‌زنی دانوستانی بازرگانی و کو‌لتووری و هزری بووه به‌ڵام هاوکێشه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی دوور و نزیک له لایه‌ک و هاوکات گرێدرانی زیاتری به ڕۆژئاوا به ناوه‌ندێتی یۆنان و ڕۆمی کۆنه‌وه وای کرد که فه‌لسه‌فه و دنیای چینی له ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک و ناوین نه‌ک ته‌نها نه‌ناسرێت، به‌ڵکوو هه‌ر تا سه‌رده‌مانێکی دواتری پاش سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلام له‌م ناوچه‌یه ئاگادارییه‌کیی ئه‌وتۆیان لێی نه‌بێت.
ئه‌گه‌رچی دوای سه‌رهه‌ڵدانی مۆدێڕنه و کرانه‌وه‌ی زیاتری کۆمه‌ڵگاکان به‌ڕووی یه‌کدا ئه‌م به‌ربه‌ست و له‌مپه‌رانه نه‌مان و چین له ململانێیه‌کی ئایدۆلۆژیی و بوون به بلۆکی ڕۆژهه‌ڵاتی کۆمۆنیست له هه‌مبه‌ر ڕؤژئاوای لیبرالیستدا که‌وته جه‌نگێکی ئایدۆلۆژی و شارستانی و پێشکه‌وتنانه و ته‌کنه‌لۆژیاییه‌وه له‌گه‌ڵ ڕؤژئاوا و خودی ئه‌م جه‌نگه‌ش که تا ئێسته‌ش به شێوازی نوێ له ئارادایه، بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی واقیعی زه‌ینییه‌ت و دنیای چینی بۆ کۆمه‌ڵگاکانی ده‌ره‌وه‌ی چین به چڕ و پڕی نه‌ناسرێت و ته‌نها ناوی که‌سانێکی وه‌کوو “کۆنفۆسیۆس و تائۆ” لێره و له‌وێ وه‌کوو ڕێبه‌ری مه‌عنه‌وی و ڕێبازی شێوه عیرفانی بهێنرێت، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها ڕووکه‌ش و ڕووکار‌ی واقیعی مێژوو و کو‌لتووری کۆنی چین و کۆی ئه‌و پرۆسه‌ی گۆڕان و پڕ هه‌واراز و نشێوه‌یه که له چینی پێش زایندا هاتووه‌ته ئاراوه و بنه‌مای کو‌لتووریی و گه‌شه‌ی شارستانییه‌تی نوێی چینیان له سه‌رده‌مانێکی زۆر کۆنتر له داهاتنی گوندی جیهانیی دیاری کردووه که له درێژه‌ده ده‌په‌رژێینه سه‌ری.
“فه‌لسه‌فه و نه‌ریته کۆنه‌کانی له چینی کۆن”
تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ره‌کیی فه‌لسه‌فه‌ی چین ئه‌مه‌یه که زیاتر له بابه‌ته تیۆری و بیردۆزه‌کان سه‌رنجی خستووه‌ته سه‌ر حیکمه‌تی کرده‌کی (واته سیاسه‌ت و ئه‌خلاق) و فه‌لسه‌فه له‌و وڵاته‌دا به‌پێچه‌وانه‌ی وڵاتانی دیکه به‌ر له‌وه‌ی بپرژێته سه‌ر په‌یوه‌ندیی ئینسان له‌گه‌ڵ سرووشت و میتافیزیک و باس و خواسه‌کانی په‌یوه‌ست به زانست و میتافیزیک گه‌ڵاڵه بکات، ده‌په‌رژێته سه‌ر په‌یوه‌ندیی تاک وکۆمه‌ڵگا. به هه‌مان شێوه که وڵاتی هیندستان گه‌وره‌ترین لانکه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی میتافیزیک و ئایینه، چینیش گه‌وره‌ترین نیشتیمانی فه‌لسه‌فه‌ی مرۆڤته‌وه‌ر یان نامیتافیزیکییه.
سه‌رهه‌ڵدانی فه‌لسه‌فه‌ی چین له سه‌رده‌می پاشایه‌تیی جوو(1122_256پێش زاین)دا بوو. نووسه‌رانی مێژووی فه‌رهه‌نگی چین چاخی جوو به (چاخی کلاسیک)ی فه‌رهه‌نگی چینی ناو ده‌به‌ن. چونکه له‌م چاخه‌دا چوارچێوه سه‌ره‌کییه‌کانی فه‌رهه‌نگ و پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌تایبه‌تی فه‌لسه‌فه‌ی چینی هاتنه ئاراوه و هه‌موو بزووتنه‌وه فه‌لسه‌فییه‌کانی دواتر له سه‌ر بنه‌مای ڕێبازی فه‌یله‌سووفه‌کانی ئه‌م چاخه به‌دیهاتن. سه‌رتاپای ئه‌م سه‌رده‌مه لێوان‌لێو بوو له ڕووداو و چالاکییه سیاسی وکۆمه‌ڵایه‌تی و هزرییه‌کان و له‌م سه‌ردمه‌دا ڕێکخراو و پێکهاته‌ی باو و زاڵ درایه به‌ر ڕه‌خنه‌یه‌کی تووند و تۆڵ. کۆمه‌ڵگای چین له‌م سه‌رده‌م و کاته‌دا به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام گیرۆده‌ی بشێوی و پاشاگه‌ردانی و شه‌ڕه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی چینی سه‌ره‌وه و فیۆداڵه‌کان بوو. هه‌ر له میانه‌ی ئه‌م بشێوی و پاشه‌گه‌ردانییه‌دا بوو که پێکهاته و ڕێکخستنی چینایه‌تیی کۆن پووکایه‌وه و له دواجاردا چینی سه‌ره‌وه که له‌سه‌ر بنه‌مای میراسی بۆماوه‌ییه‌وه حوکمیان ده‌کرد، که‌وتن و هه‌ڵوه‌شانه‌وه.
له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌سته‌یه‌ک له که‌سانی چینی سه‌ره‌وه له‌و پێکهاته فیۆداڵی و پاشایه‌تییه دابڕان و له ڕیزه‌کانی خوارووتری کۆمه‌ڵگاوه جێگیر بوون. به شێوازێک که به‌پێی نه‌ریتێک هه‌موو کوڕانی ئاغاوات ده‌بوو به‌شێک له قه‌ڵه‌مڕه‌وی باوکیان بۆ خۆیان هه‌ڵگرن یان له حکوومه‌تدا پۆستێکیان به‌رکه‌وێت. به‌ڵام به‌هۆی په‌ره‌سه‌ندنی فره‌ژنی هه‌ر زوو سه‌رده‌مێک داهات که بۆ ده‌سته‌یه‌کی به‌ربڵاو که ڕه‌چه‌ڵه‌کێکی پاشاییان هه‌بوو له ناو حکوومه‌تدا ئیدی پێگه و جێگه‌یه‌ک له‌ئارادا نه‌بوو. ئه‌مانه له ڕووی ڕه‌چه‌ڵه‌ک و خوێنه‌وه و هه‌روه‌ها له ڕووی په‌روه‌رده‌وه به چینی پاشا و خانه‌دان هه‌ژمار ده‌کران به‌لام له ڕووی سامان و پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له خه‌ڵکی ڕه‌شۆک و ئاساییه‌وه نزیک بوون. له‌م گرووپه‌ی خانه‌دانه هه‌ژاره‌دا هه‌ندێکیان بوون به جه‌نگاوه‌رانی مووچه‌خۆر و هه‌ندێکیشیان بوون به فه‌رمانبه‌رانی چینی خانه‌دانی ده‌سه‌لاتدار و دواتر ناڕازیبوونیان له دۆخی پووکاوه‌ی خۆیان هه‌لومه‌رج و فه‌زای بشێوه‌ی زاڵی زیاتر قووڵ ده‌کرده‌وه. هه‌ر له ناو ئه‌مانه‌دا بوو که فه‌یله‌سووفان و بیرمه‌ندانێکی گه‌وره ده‌رکه‌وتن و دۆخی زاڵ و باویان دایه به‌ر ڕه‌خنه. ئه‌م بیرمه‌ندانه ئازادیی هزریان له کۆمه‌ڵگای چیندا په‌ره پێ دا و له‌باره‌ی ئافات و خه‌ساره گه‌وره‌کانی سه‌رده‌می خۆیان و ڕێکخستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا بیریان کرده‌وه. ئه‌نجامی هه‌وڵه‌کانیان له‌دایکبوونی نه‌ریته‌کانی دواتری وڵاتی چین بوو که ڕێزی زۆریان بۆ زانستمه‌ندان و که‌سانی ئاریستۆکراتی پێشکه‌وتوو له ڕووی که‌لتووری و په‌ره‌سه‌ندنی په‌روه‌رده و فێرکاریی له ناو هه‌موو چین و توێژه‌کاندا داده‌نا. له سه‌رده‌می “ده‌وڵه‌ته دژبه‌ره‌کان” دا که خانه‌وات چۆنێتی و ئاستی کوالێتی و پله‌ی باڵای کو‌لتووری خۆیان له‌کیس دابوو و ته‌نها بووبوون به کۆمه‌ڵێک جه‌نگاوه‌ری مووچه‌گیر، فه‌یله‌سووفان و زانستمه‌ندان ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان په‌یدا کرد تاکوو مناڵانی سه‌ر به هه‌موو چینه‌کان له فێرگه‌که‌ی خۆیان قبووڵ بکه‌ن و په‌روه‌رده‌یان که‌ن. سیسته‌مه ئه‌خلاقی و فه‌لسه‌فییه‌کانی ئه‌م چاخه کاریگه‌رییه‌کی قووڵ و به‌رده‌وامیان (وه‌کوو ئه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی کلاسیکی یۆنان له‌سه‌ر ئه‌ورووپا) له سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی دوور دانا. هه‌ندێک له‌وانه وه‌کوو فه‌لسه‌فه‌ی کۆنفۆسیوس و تائۆخوازیی(Taoism) دواتر وه‌کوو ئایینێک ده‌رکه‌وتن و په‌ره‌یان سه‌ند.
سه‌رهه‌ڵدانی فه‌لسه‌فه له چین و یۆنان هاوکات بوو و فه‌یله‌سووفه گه‌وره‌کانی چین وه‌کوو کۆنفۆسیۆس و مێنشیۆس له‌گه‌ڵ فه‌یله‌سووفه گه‌وره‌کانی یۆنان وه‌کوو سوقرات و ئه‌فلاتوون هاوسه‌رده‌م بوون. له ڕاستیدا ئه‌مه‌ش شتێکی به‌هه‌ڵکه‌وت نه‌بوو، به‌ڵکوو له هه‌ر دوو وڵات‌دا ڕووداو و گۆڕانکاریی سیاسیی هاوشێوه زه‌مینه‌ی گه‌شه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی هه‌موار کردبوو. له‌م سه‌رده‌مه‌دا قه‌ڵه‌مڕه و وهه‌رێمه فیۆداڵییه‌کانی چین گۆڕانکارییه‌ک هاوشێوه‌ی “وڵات-شار”ه‌کانی یۆنانیان به‌سه‌ردا تێده‌په‌ڕاند. هه‌وڵی بیرمه‌ندان له هه‌ر دوو وڵات‌دا بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و بنه‌مایانه بوو که ئه‌م یه‌که کو‌لتوورییه جودا و دابڕاوانه بهێننه ژێر ڕکێفی حکوومه‌تێکی ئایدیالی یه‌کگرتووه‌وه. ئه‌گه‌رچی سیاسه‌ت بنه‌ماییترین مژار و باسی فه‌لسه‌فه‌ی چینه، به‌ڵام شێوازی ڕێکخستن و فۆرمی ڕێکخراوی سیاسیی هه‌رگیز نه‌که‌وته به‌ر سه‌رنج و باسوخواسی فه‌یله‌سووفه‌کان و هه‌ر بۆیه‌ش پاشایه‌تیی وه‌کوو فۆرمێکی سرووشتیی و ناچاره‌کیی حوکمڕانیی قبووڵ کراو بوو. هه‌موو بیرمه‌ندانی چینی له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه کۆک و هاوڕا بوون که تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌خلاقیی حوکمڕان هۆکاریی دیاریکه‌ری نرخی حکوومه‌ته‌که‌یه‌تی و هیچ کا‌میان وه‌ها بیرۆکه و بۆچوونێکیان گه‌ڵاله نه‌کرد که هه‌ر گۆڕانێک له فۆرمی حوکمڕانیدا ده‌بێته هۆی جێگیربوونی ده‌وڵه‌تێکی هاونه‌وا له‌گه‌ڵ که‌ماڵ و فه‌زیله‌ت و دادپه‌روه‌ریی مرۆیی‌دا. وێنا و تێگه‌یشتنی ئه‌وان له پاشایه‌تی ئاوه‌ها بوو. سه‌رووتر له پاشا تی ین (Tien)(ئاسمان) یان شانگ تی (Shang ti) (باپیری کۆن) هه‌بوو و فه‌رمانڕه‌وای زه‌وی نوێنه‌ری ئه‌و بوو که وه‌کوو ڕۆڵه‌یه‌ک له خوێن و گۆشتی خۆی له ژێر ڕکێف و کۆنترۆڵی ئاسماندا بوو و هه‌ر به‌م هۆیه‌ش ناویان لێنابوو تی ئین مینگ (Tien Ming) یان به‌غپوور. ئه‌م مافه درابوو به پاشایه‌کی حه‌کیم که فه‌زیله‌ت و سه‌رێتییه‌که‌ی پێگه‌یه‌کی شایسته‌ی ده‌روونی پێ دابوو تاکوو نوێنه‌رایه‌تی ئاسمان بکات و ڕۆله و میراسگرانی ئه‌ویش تا ئه‌و کاته له‌م مافه به‌هره‌مه‌ند ده‌بوون که فه‌زیله‌ته‌کانیان بیانکات به شایسته‌ی نوێنه‌رایه‌تیی “ڕه‌چه‌ڵه‌کی یه‌که‌مین یان باپیری کۆن”. بۆیه ئه‌وان ده‌بایه ئاگادار بن که زوڵم و سته‌مکاری و گه‌نده‌ڵی ئه‌م مافه‌یان لێ ده‌سێنێته‌وه و ڕه‌وایی و زه‌مینه‌ی هه‌ڵگیرسانی شۆڕش له دژیان به‌دی دێنێت. (واته مافی پیرۆزی شۆڕش). هه‌ندێک بنه‌ما و تایبه‌تمه‌ندی فه‌لسه‌فه‌ی چین له فه‌لسه‌فه‌ی ڕۆژئاوا هاوێر ده‌کات و زیاتر ده‌یدره‌وشێنێته‌وه:
یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که فه‌لسه‌فه‌ی ڕۆژئاوا زیاتر له‌گه‌ڵ زانست و ئاییندا گرێ دراوه و فه‌لسه‌فه‌ی چین زیاتر له‌گه‌ڵ ئه‌خلاق و سیاسه‌ت و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ده‌سته‌ویه‌خه بووه. دواتر ده‌بێت سه‌رنجی ئه‌مه‌ش بده‌ین که ئه‌م دوو فه‌لسه‌فه‌یه له ڕووی ناوه‌رۆکیشه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌کدی جیاوازن. فه‌لسه‌فه‌ی ڕۆژئاوا به زۆری به سه‌ر پێنج ته‌وه‌ر و مژاری لۆژیک، جوانیناسیی، ئه‌خلاق، سیاسه‌ت و میتافیزیکدا دابه‌ش ده‌بێت له حاڵێکدا ته‌وه‌ر و مژاره‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی چین به‌ده‌گمه‌ن له ئه‌خلاق و باسوخواسه‌کانی په‌یوه‌ست به حیکمه‌تی کرده‌کی جوێ ده‌کرێنه‌وه. به‌ڵام ئه‌مه به‌م مانایه نییه که له ته‌وه‌ر و مژاره‌کانی وه‌کوو لۆژیک و جوانیناسیی و میتافیزیک له فه‌لسه‌فه‌ی چیندا باسێک له ئارادا نییه، به‌ڵکوو ئه‌م باسانه به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام په‌یوه‌ست ده‌بن به بابه‌ته ئه‌خلاقییه‌کان و پرسه کرده‌کییه‌کان. فه‌لسه‌فه‌ی چین له ڕووی ده‌ربڕینیشه‌وه له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی ڕۆژئاوادا جیاوازه. و هه‌ربۆیه به‌شی زۆری به‌رهه‌مه فه‌لسه‌فییه‌کانی چین به شێوه‌ی قسه‌ی نه‌سته‌ق و مه‌ته‌ڵ و ئامۆژگاریی ده‌ربڕاون که زۆرتر وه‌کوو دیالۆگ له نێوان مامۆستا و قوتابیدا گۆڕاونه‌ته‌وه.
مه‌ودای نیوان سه‌ده‌ی شه‌شه‌م و سێهه‌می پێش زاین چاخی بووژانه‌وه‌ی چین و به ده‌ربڕینی چینییه‌کان چاخی سه‌رهه‌ڵدانی سه‌د ڕێبازی فه‌لسه‌فییه که له‌وانه چوار ڕێبازیان له هه‌موویان گرینگ‌ترن؛ ڕێبازی تائۆخوازی، ڕێبازی کۆنفۆسیۆس، ڕێبازی مودزو Mo Tzu، ڕێبازی یاساخوازی (Legalism). ئه‌م چوار ڕێبازه کاریگه‌رییه‌کی گرینگ‌یان له پێگه‌یاندنی هزری چینی‌دا هه‌بوو و پێکه‌وه و له‌سه‌ر یه‌ک، تایبه‌تمه‌ندی و نه‌خشه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی چینی ده‌نوێننه‌وه و سنوور و که‌وشه‌نه‌کانی دیاری ده‌که‌ن.
سه‌رچاوه؛
زبان، فلسفه.(مجموعه مقالات)نوشته و ترجمه‌ی ارنست کاسیرر، ڕوژه گارودی، مهرداد رهسپار، بزرگ نادرزاده، باقر پرهام. گزیده‌ی مقالات مجله‌ی رودکی. تهران، سازمان چاپ و انتشارات. چاپ دوم 1386
نووسین: میهرداد ڕه‌هسپار
وەرگێڕان: موحسین عه‌لیڕه‌زایی