پیشەی پەرستارەكان لێرە تەنها دانانی كانولە و دەرزی لێدان نییە، بەڵكو ئەركی گۆڕینی پێخەف و پاككردنەوەی ژورەكان و شۆردن و پاككردنەوەی نەخۆشەكان و هێنانی قاوە و خواردن و خواردنەوەشە بۆ ژوری نەخۆشەكان ئەگرنە ئەستۆ .
بەوپێیەی لێرە پیشەی پەرستاری فەرزكراو نییە و خوێندكار لەبەر كەمی دەرەجە هەڵی نابژێرێت، پەرستارەكان جگە لە هەڵبژاردنی خۆ ویست بۆ بژێوی ژیان، زۆرینەشیان لایەنێكی بەهێزی ئینسانییان تێدایە و حەزیان لە پیشەكەی خۆیانە.
پەرستارەكان لێرە بەرگەی توڕەبون و جنێوی نەخۆشەكان ئەگرن و لە خەندەكردن زیاتر كاردانەوەی تریان نییە.
كاتێك كە دێیتە نەخۆشخانەكانی نەرویج سەرت لەو خزمەتگوزارییە ئەسوڕێت كە پەرستارەكان پێشكەشی ئەكەن، هەمیشە دەم بەخەندەن و تەنانەت چا و قاوەش بۆ میوانی نەخۆشەكان ئەهێنن، بەڵام لە دەرەوەی نەخۆشخانە ئەگەر ڕێكەوتی نەخۆشێكی خۆیان بكەن، وا هەڵسوكەوت ئەكەن كە هەرگیز ئەو كەسەیان نەدیبێت و خۆیان لە گێلی ئەدەن!
بۆچی وائەكەن؟
نەخۆش كاتێك ئەكەوێتە نەخۆشخانە بێگومان توشی حاڵەتی خراپی دەرونی و جەستەیی ئەبێت، زۆرجار ئەكەوێتە دۆخی زۆر نالەبار و خۆپیسكردن و گریان و ڕوخان.
لێرەدا پەرستارەكان دۆخەكەی ئەبینن و پاكی ئەكەنەوە و لە حەمامدا ڕوتی ئەكەنەوە و ئەیشۆن، زۆرجار پەرستارەكان لە ئیشی خۆشیان زیاتر ئەكەن و هەرچی لە توانایاندا هەبێت بۆ یارمەتی نەخۆشەكە ئەیكەن.كەواتە نهێنی نەخۆش ئەكەوێتە لای پەرستارەكان ، بەڵام دوایئەوەی نەخۆش چاك ئەبێتەوە و ئەگەڕێتەوە دۆخی جارانی و لە جێگایەكی گشتیدا یەكێك لەو پەرستارانە ئەبینێت، ئەوپەرستارە خۆی وانیشانئەدات كە ئەو كەسە ناناسێت، ئەمەش بۆئەوەیە كەسەكە هەست بە شەرم یان هەست بە قەررزارباری نەكات بەرانبەر ئەو پەرستارە كە یارمەتی داوە!
پێچەوانەی پەرستارەكانی نەرویج ، هەندێك لە ئێمە ئەگەر نهێنی كەسێكمان بكەوێتە لا، لە هەرشوێنێكدا ئەو كەسەمان بینی وەكئەوەی جیوەمان تێكرابێت ئەكەوینە جوڵە و سەربادان بۆئەوەی سەرنجی ئەوانی تر بۆ لای ئەو كەسە ڕاكێشین!
هەندێك لە ئێمە لەسەر بنەمای وایان گوت،ئەگەر كەسێكی تۆمەت بۆهەڵواسراو ببینین لە جێگایەكدا بەدرۆوە پێكەنینێك ئەخەینە سەر لێومان بۆئەوەی ئەوەی تەنیشتمان بپرسێت بە چی پێئەكەنین و ئێمەش هەرچیمان بیستوە بیگێڕینەوە!
پێچەوانەی پەرستارەكانی نەرویج هەندێك لە ئێمە ئەگەر ڕۆژێك چاكەیەك لەگەڵ كەسێك بكەین ئیتر ئەمانەوێت ئەو كەسە بكەین بە كۆیلەی ئەو چاكەیە.
پێچەوانەی پەرستارەكان هەندێك لە ئێمە تەنانەت ئەوكاتانەش كە خەیرێك ئەكەین، ئەبێت كەسی خەیرپێكراو سوك و ڕسوابكەین، هێندە بیخەینە بەرچاو!
لە كاتێكدا پاراستنی نهێنییەك و شاردنەوەی عەیبەی كەسێك لە كەشفكردن و حەیابردنی ئاسانترە كەچی ئێمە ڕێگەی یەكەم هەڵئەبژێرین كە ڕێگا قورسەكەیە.
وەك پەرستارەكان بن، كاتێك نهێنی كەسێكتان لایە ئازایەتی و مرۆڤایەتی ئەوەیە كە لەبەرچاوی ئەو كەسە خۆت نیشانبدەیت كە هیچ نازانیت.
وەك پەرستارەكان كاتێك چاكەیەك لەگەڵ كەسێك ئەكەیت وا خۆت نیشاندە كە لە بیرت نایە هیچت بۆ ئەو كەسە كردبێت.
دوو تێبینی:
یەكەم: مەبەستەكەم باسكردنی سیستەمی تەندروستی نەرویج نییە ئەوەنەی مەبەستم دێڕەكانی كۆتاییە لە سەر چاكە و نهێنی.
دووهەم:
وێنەكان بە كامێرای خۆم گیراوە لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی نەرویجە.