کاریگەری ماددە هۆشبەرەکان لەسەر کۆمەڵگەی کوردی بەگشتی و گەنجان ولاوان بەتایبەتی. حەتمەن هۆکاری سەرەکی نوسینی ئەم وتارە دەگەڕێتەوە بۆ زۆربوونی حاڵەتەکانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان کەلەم دواییەدا بۆتە ترێندی نێو سۆسیال میدیا و ڕاگەیاندنەکان بەجۆرێک کەم ڕۆژ هەیە هەواڵی گرتنی باندەکانی ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بڵاونەبێتەوە، پەرۆشی مان بۆ کۆمەڵگەکەمان وادەکات بە هەرجۆرێکبێت هەوڵی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیانی کۆمەڵگەکەمان بدەین. بەڕێزان: سەرەتا باس لە پێکهاتەی ئەم ماددە ترسناکە دەکەین کە چۆن بووەتە ماڵ وێرانییەکی خراپ بۆ کۆمەڵگەکەمان و کوردستانی ئازیزمان.
ماددەی هۆشبەر چییە؟ ماددەی هۆشبەر یاخود دەرمانی بێهۆشکەر، بریتین لەو ماددانەی کە ئەگەر بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و ڕونتربڵێین نەزانانە و بە ڕێگای هەڵەبەکاربهێندرێن دەبنە هۆی توش بوونی زیان بەبەکارهێنەر یان تاکەکانی چواردەوری بەکارهێنەر بەگشتی ئەگەر بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکان بەزووی و پێش ئاڵودەبوون چارەسەرنەکرێن ئەوا دەبنەهۆی کارەسات و تێکچوونی شیرازەی خێزان و کولتووری کۆمەڵگەی کوردی کە لەدواییدا باس لە جۆرەکانی ئەو کارەساتە دەکەین و لەیادیشمان نەچێت، بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بەخۆشحاڵییەوە تووشی سزای یاسایی دەبێت! برا لە خۆیشکم بپرسە ئەم ماددیە کاریگەری چییە؟ منیش پێ و ئێژم: دەرمانەکان کاریگەری جیاوازیان هەیە بەپێی خودی دەرمانەکە و ئەو کەسەی کە دەیخوات و دەوروبەرەکەی دەکەوێتە سەر جەستەی بەکارهێنەر چۆن دەرمانەکان پرۆسێس دەکات و کاریگەری دەردەکەوێت بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان نەک تەنها کاریگەری لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی بەکارهێنەر، بەڵکو کاریگەری لەسەر هەموو ژیانی دەبێت تەنها یەک حەب دەتوانێت تەواوی ژیانی بەکارهێنەرتاریک بکات! کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەکەمان چییە؟ بێگومان وەک زۆربابەتی تر کە نامۆیە بەکولتوری کۆمەڵگەی کوردی بەکارھێنان و تەنانەت بەکارهێنەرانی ماددەهۆشبەرەکان نامۆن بەکولتور و خێزانی کۆمەڵگەی کوردی، چونکه ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کولتوری کۆمەڵگەکەمان بەردەوام خێزان و تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی پابەندن بە ئەخلاق و بنەما باڵاکانی خوڕەوشتی خێزانی کوردی بۆیە بێگومان کاریگەری خراپ و درێژخایەنەکانی دەبێت لەسەر خێزان و کولتوری کۆمەڵگەکەمان!
کاریگەری لەسەر گەنجان و لاوان چییە؟ لەو ڕوانگەیەی کە زۆربەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەچینی “گەنجانن”، بۆیە پێم وایە ئەم بەشە گرنگترین بەشی وتارەکەیە: بەداخەوە ئەگەر چاو پیاخشاندێکی بچوک و سادە بەئامارەکانی بەکارهێنەرانی ماددەهۆشبەرەکان بکەین دەبینین زۆربەیان لەچینی گەنجانن هۆکاری سەرەکی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێکی جیاوازکە گرنگترینیان هۆکاری ساویلکەیی گەنج وە بوونی هاوڕێی خراپ و بێ سانسۆر بەکارهێنانی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییە، لەسەر و هەمووی شییەوە بێئاگایی هەندێک لەخێزانەکانە لە منداڵ و ڕۆڵەکانیان ئەمەش وادەکات کە گەنجان لەئەنجامی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانەوە نەتوانن ببنە نمونەی گەنجانی بەرهەم هێن و بنیادنەر بۆپێشخستنی کۆمەڵگە وە ناتوانن ئەرکەکانی خۆیان بەباشی تێبپەڕێنن!
پێم وایە، لەگەڵ ئاشنابوونمان بە ماددەهۆشبەرەکان و کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی گەنجان و تاکەکانی کۆمەڵگاکەمان پێویستە باس لە ئاڵودەبوون وجۆرکانی وە هاوتەریب لەگەڵیدا باس لەرێگاکانی وازهێنان لە ماددەهۆشبەرەکان بکەم:
ئالودەبوون و جۆرەکانی ئالودەبوون: سەرەتاخودی ئالودەبوون واتە خوپێوەگرتن ونەبوونی توانا بۆ وازهێنان لەکردارێک دەکرێت ئەوکردارە خراپ بێت بەزیان بۆخودی کەسەکەو وەهەندێکجاریش بۆ کۆمەڵگا و وڵاتەکەش بشکێتەوە دەشکرێت سوودبەخش بێت بۆیە بۆ ڕوونکردنەوەی جۆرەکانی ئالوودەبوون زیاتر پشت بەبەکارهێنانی سەرچاوەی زانستی دەبەستین. پاشان لەکۆتاییدا ئاماژە بە سەرچاوەکان دەکەین
پێویستە جۆرەکانی ئالوودەبوون بزانین
ئاڵوودەبوونی جەستەیی: وەڵامی فسیۆلۆژیی جەستەیە بەرامبەر بە داخڵبوون و کاریگەریی ماددەی نوێ بۆ جەستە كە بەگشتی دیاردەی قبووڵکردن ((Tolerance))ی لێ دەكەوێتەوە واتە لەبەر زیادبوونی وەرگرە دەمارییەکان و کەمبوونەوەی نێوەنجییە دەمارییەكان لە سیستمی ناوەندیی دەماردا، کەسی ئالودەبوو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پێویستی زیاتری بە کێشانی ماددەی هۆشبەر دەبێت وازهێنان لە ماددەی هۆشبەر دەبێتە هۆی ئازاری جەستەیی، بێخەوی، زۆرخەوی و ناهۆشیاریی جەستە. ماوەی وازهێنان لە ئالوودەبوونی جەستەیی زۆر كورتترە لە ئالوودەبوونی دەروونی. ئەو تیۆریستانەی کەکاردەکەن لەسەر هۆکارەکانی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر، لە ڕوانگەی زیندەناسییەوە باوەڕیان وایە کە مرۆڤ لە ڕووی فسیۆلۆژییەوە ئامادەیی سەبارەت بە ئالودەبوون تێدایە. بە بۆچوونی جاروڤیک (Jarvik)، هەندێک لە مرۆڤەکان لە ڕووی فسیۆلۆژییەوە ئامادەییەکیان تێدایە کە ئەمەش خۆی دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر چێژ لە خراپ بەكارهێنانی کێشانی ماددەی هۆشبەر وەربگرن و هەر ئەم ئامادەیەش دەبێتە هۆکاری ئالوودەبوونی ئەوان. بە واتایەکی تر: سیستمی ناوەندیی دەماری، ماددە هۆشبەرەكان لە ڕێگەی گەیەنەرە دەمارییەكانەوە بە چەشنێك پرۆسێس دەكات کە ببێتە هۆی ئەزموونێكی چێژبەخشی دەگمەن.
ئالوودەبوونی دەروونی: ئالوودەبوونی دەروونی بە هۆی چێژ و سەرخۆشیی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوەیە لە درێژمەودادا بەپوختی بەهۆی تێكچوونی شیرازەی ڕژانی نێوەنجییە دەمارییەكانەوە، تاك تووشی زیان یان دژیەكییە ڕۆحییەكان دەبێت. بۆ نموونە؛ مادەی هۆشبەری مێتائامفتامین (شیشە)، دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕژێنی دوپامین لە مێشكدا و ڕوودانی حاڵەتی ورووژێنەر، سەرخۆشی، تەركیز هتد… پاش وازهێنان لە بەكارهێنان یان كەمكردنەوەی ئاستی دوپامین، كەسی ئالوودەبوو تووشی خەواڵوویی، خەمۆكی و بێتەركیزی و… دەبێت. ماوەی خولی گەڕانەوەی ئەم نێوەنجییە دەمارییانە بۆ حاڵەتی ئاسایی زۆر درێژتر و تەنانەت هەندێك پێیان وایە كە گەڕانەوەیان نییە. لە ئەنجامدا ئالوودەبوونی دەروونی زۆر كوشندەتر و کاریگەری زیاترە ئالوودەبوونی دەروونی دەبێتە هۆی ئەوەی كە زۆرێك لەو كەسانەش كە پێشتر كۆرسە درێژخایەنەكانیان بینیوە، دیسانەوە دڵیان بۆی لێ بداتەوە، بەڵام بەداخەوە كە هەندێك كەسی هەلپەرست بۆ ڕیكلامكردن بۆ ماددەی هۆشبەر، بانگەشەی ئەوە دەكەن كە بەكاربەرەكان ئالوودە ناكات، بەڵام لە واقیعدا هەموو ماددەیەكی هۆشبەر ئالوودەبوونی دەروونییشی لەگەڵ دەبێت تەنانەت ئەگەر هەندێك لە ماددەكان نەبنە هۆی ئالوودەبوونی جەستەیی لە كەسەكاندا.
بەپێی ئەوەی لەبواری گەشەپێدانی مرۆییشەوە حەزدەکەم کۆمەڵگەکەمان هۆشیار بکەمەوەپێم وایە ئەم چەند دێڕەی خوارەوە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ئەوکەسانەی متمانەیان بەخۆیان نییە و بەردەوام لەشڵەژانی دەروونیدان بۆیە هیوادارم ئەم چەندێڕەش ببێتە هۆکارێک بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی متمانە بەخۆبوونیان!
لە ڕوانگەی زانستی سایکۆلۆژییەوە چەندبۆچوونێكی تایبەت هەیە بۆ هەموو بابەتە جیاوازەکانی ژیان بۆئەوکەسانەی کە بەردەوام لەدڵەڕاوكێدان و متمانەیەکی کەم یان بەخۆیان هەیە. لەڕووی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانەوە دەروونناسەکان بۆ ئەم جۆرەکەسانە بۆچوونێکی تایبەتیان هەیە، پێیان وایەئەم کەسانە بۆ کەمکردنەوەی ئەو دڵەڕاوکێ و شڵەژانی دەروونییە لەڕووی دەروونییەوە ئامادەییەکی زۆرتریان تێدایە بەوەرگرتن و بەکارهێنانی ئەم ماددە ترسناکە!
با بێینە سەر ڕێگاکانی وازهێنان،لەم ماددە ترسناکە لێرەدا بەپێویستی دەزانم چەند ڕێگایەکی کورت و کاریگەر بخەمە بەرباس:
یەکەم: نیشتەجێبوونی کەسی تووشبوو لە نەخۆشخانەیەک یان جێگایەکی تایبەت بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و وەرگرتنی چارەسەری پێویست لەلایەن پسپۆڕانی ئەو بوارە.
دووەم: باشبوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی کەسانی تووشبوو بەم ماددەیە، لەگەڵ خانەوادە وکەسانی دەوروبەری.
سێیەم: متمانە بەخۆبوون و هەبوونی ئیرادە بۆ وازهێنان لەم ماددە ترسناکە.
لەم خاڵانەی سەرەوە گرنگتر باسی بکەم بریتییە لەوەی سزای کەسانی بەکارهێنەر و فرۆشیاری ماددەهۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان لەڕووی یاساییەوە بخەمەڕوو:
کەسی بەکارهێنەر: سزای تاوانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان سزای بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان بەپێی مادەی 30 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر و کارتێکەرە ئەقڵییەکان بریتیە لە بەندکردن کە لە “ساڵێک” کەمتر نەبێت وە لە “سێ ساڵ” زیاتر نەبێت وەپێبژاردن کە لە “پێنج ملیۆن” دینارکەمترنەبێت و لە “دە ملیۆن” دینار زیاترنەبێت.
کەسی فرۆشیار:بەپێی ماددەی 26ی هەمان یاسا هەرکەسێک بەمەستی بازرگانیپێکردن بەهەر شێوەیەك بێت بەدەرلەوحاڵەتانەی یاسا مۆڵەتی پێداون، ماددەی هۆشبەریان کارتێکەری ئەقڵیی هاتوو له خشتەکانی دووەم، سێیەم، چوارەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم، هەشتەم، نۆیەم و دەیەمی هاوپێچ لەگەڵ ئەم یاسایە یان ڕووەكێك لەو ڕووەكانەی که ماددەی هۆشبەر یان کارتێکەری ئەقڵیی لێ بەرهەم دێت، به خاوەنی بووبێت یان بەدەستیهێنابێت یان دەستداری کردبێت یان کڕیبێتی یان فروشتبێتی یاخود ڕادەستی کردبێت یان وەریگرتبێت یان گواستبێتیەوه، یاخود دەستی لێی هەڵگرتبێت یان ئاڵوگۆڕی پێکردبێت یان سەرفی کردبێت بەهەرسیفەتێك بێت یان نێوەندگیری له هەر كردەیەك له وانەی سەرەوەکردبێت بە بەندکردنی توند و به پێبژاردنێك كەمترنەبێت له (15000000) پازده مليۆن دينار و زیاتر نەبێت له (30000000) سی ملیۆن دینار سزادەدرێت. لەکۆتاییدا خودا خۆمان و گەنجان ولاوانی کوردستانی ئازیزمان بپارێزێت.
سەرچاوەکان:
سایتی پەڕلەمانی کوردستان
ویکیپیدیا
کتێبی “تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان”