“لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی جوگرافیی شاهانەدا خوێندراوەتەوە، ٣ی نۆڤەمبەری ١٩١٩”
کوردستان وڵاتێکی زۆر کۆنە و پێدەچێت بەشێک لە دانیشتووانەکەی لە جوولەکەکانی یەکەم بەدیلگرتنەوە هاتبن و بەم شێوەیەش دەتوانن بانگەشەی ئەوە بکەن کە بەشێکن لە دە هۆزە ونبووەکە (چیرۆکێکی تەوراتییە – وەرگێڕ) بە ڕاستییەکی زیاتر لە ئەمریکییەکان. بۆ هەموو ئەوانە، تا ئەم دواییانە داوای گرنگیدانێکی زۆری بە خەڵکی ئینگلاند نەکردووە. ڕەنگە زۆربەمان ئایدیایەکی ناڕوونمان هەبێت کەوا کورد لە کۆمەڵکوژییەکانی ئەرمەندا بەشدار بوون، بەڵام ئێمە کەمتر ئەوە دەزانین کە بەشێکی زۆر گەورەی کریستیانەکان لە ڕۆژانی پێش جەنگدا (مەبەست جەنگی جیهانیی یەکەمە ١٩١٤ تا ١٩١٨ – و) تا ڕادەیەک بە خۆشی لە کوردستاندا ژیاون. پێش ساڵی ١٩١٤ ژمارەیەکی دیاریکراو لە ئینگلیزەکان گەشتیان بۆ ئەوێ کردبوو، لەنێویاندا کۆڵۆنێڵ ماونسێل، سێر مارک سایکس و کاپتن لۆریمەر. باسوخواسێکی کەم لەبارەی ئەم وڵاتەوە ئاشکرا کراون. یەکەمیان لەلایەن زینۆفۆنەوە بوو نزیکەی ساڵی ٤٠٠ پێش زایین و نوێترینیان لەلایەن قەشە دبلیو. ئەی. ویگرامەوە بوو، کە بە ماوەیەکی کەم لە پێش جەنگدا کتێبی “لانکەی مرۆڤایەتی”ی نووسیوە. کورد لەم نێوەندەدا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، هەرچەندە لەم دواییانەدا هەندێ لە داهێنانەکانی سەدەی بیستەمی بیستووە وەک بڕیاردان لە چارەی خۆنووسین و کۆمەڵەی گەلان. مستەر ویگرام سەر بە میسیۆنێریی کەنیسەی سەرەکیی کانتەربێری بوو لە نێو کوردە کریستیانەکانی وڵاتی نێوان دەریاچەی ورمێ و واندا. ڕەنگە ئەم نەستۆریانە سەرەتاییترین مەزهەبی کریستیانەکان بن لە جیهاندا و بەدڵنیاییەوە لەپێش پەیدابوونی موحەممەدەوە ئەوان لەوێ بوون. برسێتی و جەنگ و تورکەکان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەوانیان دەربەدەر کردووە بۆ ئەوەی داڵدە و پەنایەک بدۆزنەوە لە ژێر دەسەڵاتی ئێمەدا لە میزۆپۆتامیا و نیشتەجێکردنیان یەکێکە لە ئەرکە قورسەکانی ئێمە. من گەشتی ناوچەی کریستیانەکانم نەکردووە، بەڵام بیستوومە کەوا کاتێ نەستۆرییەکان ڕۆیشتن، کوردە موسڵمانەکان تاڵانیان کردوون و زۆربەی گوندەکانیان وێران کردووە. ئەم نەستۆرییانە نابێت لەگەڵ ئەرمەنییەکان تێکەڵ بکرێن و بە شێوەیەکی ئاسایی لەلایەن کوردە موسڵمانەکانەوە زۆر زیاتر لە دووەمیان ڕێزیان لێدەگیرێت.
ئەو ناوچە و وڵاتەی کە باسی دەکەم، بە شێوەیەکی سەرەکی لە باشووری ئەم پشتێنە بێ دانیشتووانەی نەستۆری و جیلو و ڕۆژئاوای سنووری تورکیا- وڵاتی فارس و باکووری ڕۆژئاوای دەڤەری سلێمانییە. ئەم ناوچەیە کە لە کاتی جەنگدا مەینەتی و ئازاری زۆری چەشتووە، توانای ئازاردانی کەسی نییە. کاتێ باس لەوە دەکەم کە تیرەیەک لە هۆزێک بە ناوی خواکورکەوە کە لە ساڵی ١٩١٤دا ژمارەیان زیاتر لە ١٥٠ خێزان بووە، ئێستا تەنها حەوت خێزانیان ماوەتەوە، دەبینیت جەنگ و تاعوون و برسێتی چ کاریگەرییەکی سەختی هەبووە لە سەریان. لەسەدا نەوەدی وێرانکاری و لەناوچوون باجێکی قورسە کە لە شەڕی کەسانی تردا بیدەیت. خاڵێکی دیکەی ئەم بەفیڕۆدانە گەورەیە ئەوەیە کە چینی هەرە هەژار و کرێکار لە هەموویان خراپتر زیانیان بەرکەوتووە. ڕزگاربووان بە شێوەیەکی سەرەکی کوردانی چینی گوزەران باشترن، کە بریتین لە سەرۆک عەشیرەتەکان و کوێخای گوندەکان و دەستوپێوەندەکانیان و.. تاد. زۆربەی کوردەکان کەم تا زۆر شەڕەنگێزن، واتە هەموویان چەکدارن و پێش جەنگیش بە شێوەیەکی بەرچاو لەسەر تاڵانوبڕۆ و هەڵکوتانە سەر یەکتری دەژیان. ئێستا زۆر کەم خێڵەکان هێزی ئەوەیان ماوە کە بتوانن بوار بە نەریت و خووە تاڵانکارییە کۆنەکانیان بدەن و ئەگەر بیانەوێت بژین، دەبێت بە جیددی نیشتەجێ و جێگیر ببن. هەموو خێڵەکان سەردەمانێک کەم تا زۆر کۆچەری بوون، بەڵام ئاڕاستەی ئێستا زیاتر ئەوەیە کە نیشتەجێ ببن و ئامانجی سیاسەتی تورکیا (دەوڵەتی عوسمانی – و) ئەوەیە کە سیستەمی ڕێکخستنی خێڵەکیی کوردەکان تێکبشکێنێت و بەرەو نیشتەجێبوون پاڵیان بنێت بۆ کاری کشتوکاڵی. بەڵام ئەمە زۆر لە بەرژەوەندیی کوردەکان نەبوو چونکە ڕێگر بوو لە ئەگەری پێکهێنانی ڕێکخراوی گەورەی کوردەکان و دروستکردنی کێشە و گرفت. سیاسەتی تورکیا مەیلی دابەشکردنی یەکەی خێڵەکیی هەبوو بۆ ژمارەیەک یەکەی گوند و تورکەکان پێیان وابوو کە لەبەر ئەوەی دوو هۆز یان خێڵی کورد بەدەگمەن یەکدەگرن، دوو گوندیش یەکناگرن و بەو پێیە ئەگەر یەکەکان چەندە بچووکتربن هەڕەشەکە کەمتر دەبێتەوە. بەڵام بەگشتی ئەم مەبەستە نەهاتەدی و پەرەسەندنی ڕێکخستنی خێڵەکی لە پیشەی کۆچەرییەوە بۆ نیشتەجێبوون و پیشەی کشتوکاڵی بەو نیاز و ئامانجەی دەوڵەت سەری نەگرت و ئێستا سەرۆک خێڵێک حوکمڕانی و خاوەندارێتیی ئەو ناوچەیە دەکات کە خێڵەکەی تێیدا نیشتەجێیە و خۆی سەرەوکاریی وەرگرتنی باجە کشتوکاڵییەکان دەکات و هەر خۆیشی بەرپرسە لە بانگکردن و ناردنی پیاوەکانی بۆ جەنگ.
بێجگە لەوەش هەندێک لە خێڵەکان تا ڕادەیەک هەر بە کۆچەری مانەوە و بەپێی وەرز لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگوێزنەوە، بە پێی پێویستیی لەوەڕخۆریی ئاژەڵەکانیان. لە هاویناندا بۆ لەوەڕاندنی مێگەلی ئاژەڵ و ماڵاتیان بەرەو بەرزاییەکانی “یایلاکەکانی” سنووری وڵاتی فارس دەڕۆن و لە زستانانیشدا بەرەو دامێنی چیاکان و دۆڵ و شیوەکان دادەکشێن بۆ لەوڕاندن و تاقەتکردنی ئاژەڵەکانیان. بۆ نموونە هەرکییەکان لە سەرەتای زستاندا لە سنووری وڵاتی فارسەوە (ئێران – و) دەچنە ناوچە نزمەکانی خوارووی ئاکرێ و لە پێش جەنگدا، لە ڕێڕەوی هاتوچۆی خۆیاندا خێڵە لاوازەکانیان تاڵان دەکرد و لە هەمان کاتیشدا لەلایەن ئەو خێڵ و هۆزە بەهێزانەوە تاڵان دەکران کە پێیاندا تێدەپەڕین. بەڵام زستانی ڕابردوو هەندێکیانمان بینی کە بێ دەستدرێژیی کردنە سەر کەس لە دۆڵی ناوچەکانی برادۆستدا هەواریان خستبوو، چونکە زۆر لەوە لاوازتر بوون کە بەرهەڵستییان بکەن و ڕێگەیان لێبگرن. هەندێ جار خێڵێک، بەشێکیان کۆچەری و بەشێکی تریان نیشتەجێ یان دانیشتوون، بۆ نموونە مەنگوڕ کە لە دەشتی پشدەردا دەیانبینین، بەشە دانیشتووەکەیان بەدرێژایی ساڵ لە گوندەکانی دەشتەکەدا دەژین، لە کاتێکدا کۆچەرییەکان تەنها بۆ زستان لە لەوەڕگە و پاوانەکانی سەر شاخە بەرزەکان دێنە خوارەوە.
لەم ناوچەیەی کوردستاندا کوردەکان تەنها دوو شارۆچکەیان هەیە، ڕەواندز و نەهری. پێش جەنگ یەکەمیان نزیکەی دوو هەزار ماڵی تێدابوو و ژمارەی دانیشتووانەکەی پانزە هەزار کەس زیاتر دەبوو، بەڵام نەهری بچووکتر بوو و لە ٢٥٠ ماڵ پێکهاتبوو. لە دوای ئاگربەست، ڕەواندز و شارەدێی قەڵا تێلوک تەنها شەست ماڵ و نەهری شتێک لە خوار دە ماڵی تێدا مابووەوە. ڕەواندز بە دیواری ماڵە ڕووخاوە بێ بنمیچەکانیەوە پتر لە هەندێ شارۆچکەی فڵاندەرزی لای ئێمە دەچێت. لە ڕاستیدا سەرلەبەری وڵاتەکە بە ئاگر و شمشێر و نەخۆشی و تاعوون و برسێتی وێران بووە. بۆ تەواوکردنی قۆرتی دەرد و نەهامەتییەکانیان، زستانی ڕابوردوو کاتێ سەردانی کوردەکانمان کرد، تازە خەریک بوو لە پەتای جیهانیی ئەنفلۆنزای ئیسپانی دەرباز دەبوون.
پێش ئەوەی باسی وڵاتە بکەم، بەکورتی باسێکی ئەو گۆڕانکارییانە دەکەم کە بەسەر ناوچەکەدا هاتووە لە کاتی جەنگدا. کاتێ شەڕ لە نێوان ڕووس و تورکەکاندا هەڵگیرسا، دیاریکردنی سنووری تورکیا و ئیران تازە تەواو بووبوو. ڕووسەکان ماوەیەک خەریکی ڕۆیشتن بوون و یەکەمجار بوو لە میزۆپۆتامیا بیستمان کەوا لە ١٠ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩١٦دا لە قەوقازەوە دەستیان بە پێشڕەوی کردووە. لە ١٦ی شوباتدا ئەرزڕوومیان گرت و لە ١٩ی نیسانیشدا ترابزۆنیان گرت. هاوکاتیش هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچە کوردنشینەکان بەرەو باشوور پێشڕەوییان کرد. هێزێک کە بنکەکەی لە هەمەدان بوو لە ڕێگەی کرماشانەوە بەرەو خانەقین ئۆپەراسیۆنی خۆی دەستپێکرد، هێزێکی دیکەش کە لەسەر گۆلی ورمێ مۆڵیدابوو بوو بەرەو ڕەواندز جووڵەی کرد. لە ٢٣ی ئابی ١٩١٦ چێرنۆزوبۆڤی جەنەراڵی ڕووسی، لە لاجان لە دیوی سنووری ئێرانەوە، تیپی چوارەمی تورکی شکست پێهێنا، و تورکەکانی بۆ ڕەواندز گێڕایەوە و دوو فەوجی تورک گیران و نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتووانی شارۆچکەکە هەڵهاتن. سەربازە ئەرمەنییەکان لەگەڵ ڕووسەکان نزیکەی پێنج هەزار ژن و پیاو و منداڵی کوردیان کۆمەڵکوژ کرد، بە بەر نێزەدانیان و خستنە خوارەوە و هەڵدانیان بەسەر بەردەکانی خەرەندی ڕەواندزدا. لێرە تەنانەت ئەرمەنیش دەتوانێت کەمێک خووی پڵنگ وەربگرێت کاتێ کە نێچیرێکی لاواز و بێ بەرگریی دەکەوێتە بەردەست.
وا ئێستا ڕووسیا دەستی بەسەر وڵاتەکەدا گرتووە. هەندێک لە هۆزەکان خۆشحاڵ بوون کە لە ژێر دەسەڵاتی خراپی تورکەکان ڕزگاریان بوو، هەندێکی تریش بەپێجەوانەوە. بۆ بەدبەختییش ڕووسیا لە وڵاتانی لەم جۆرەدا هیچ کارگێڕێک و هیچ ئەفسەرێکی سیاسیی بە هێزەکانیەوە نەبوو و هیچ شێوازێکی پەیوەندییشی لەگەڵ دانیشتوواندا نەبوو. لە پاش بەریەککەوتن کوردەکان ڕوویان لە ڕووسەکان وەرگێڕا. خێلەکان تاکە تاکە بێزار بوون لە پەیوەندییەکانی ڕووس و لێیان دابڕان و نەیاندەتوانی پێکەوە ئۆپەراسیۆن بکەن و لە ئەنجامدا بە پلەی جیاواز ئازار و مەینەتییان چەشت. کاتێ کە دواتر ڕووسەکان ناوچەکەیان چۆڵکرد، بۆ سەلامەتی خۆیان ڕێوشوێنی خۆپارێزییان گرتەبەر و نزیکەی تەواوی گوندەکانی سەر هێڵی پاشەکشەیان ڕاماڵی و هیچ گوندێک لە نێوان ڕەواندز و ڕاڕەوی گەرەوشینکێدا بەپێوە نەما و وێرانکران بە جۆرێک کەوا هێرش و پەلامارەکانی هۆلاکۆ خانیان بیربکەوێتەوە، کاتێ کە دەیدا بەسەر گوند و شارەکاندا و لە وێرانە بەولاوە هیچیتری بەجێنەدەهێشت.
کوردەکان جارێکی تر گەڕانەوە ژێر دەسەڵاتی تورک و بۆ ماوەیەکی کورت دڵخۆش بوون بەم گۆڕانکارییە، بەڵام لەم دەمەدا کۆمیسارێتیی تورک ئەوەندە بار بوو بەسەر وڵاتەکەوە کە وای لە دانیشتووانەکەی کردبوو بە سەدانیان لەبرسا بمرن و هەروەها درم و پەتاکانی تیفۆس و ئەنفلۆنزاش بوون بە هۆی گیان لەدەستدانی بەشێکی زۆری خەڵکەکە و پارساڵ لە ٣١ی ئۆکتۆبەردا ئاگربەست لە نێوان ئێمە و تورکەکاندا واژۆ کرا. یەک لەو مەرجانەی بەسەر فەرماندەکەی تورکیادا سەپێنرا ئەوەیە کە دەبوو هێزەکانی ناوچەکە چۆڵ بکەن و تەنها ڕێگەی پێدرا کارگێڕە مەدەنییەکانی لەوێ بمێنێتەوە، تا ئەو کاتەی ئێمە دەستمان بەسەرداگرت.
لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا من لەلایەن سەرۆکەکەمەوە، جەنەراڵ سێر ئەلێکساندەر کۆب، فەرمانم پێکرا بۆ سەردانیکردن و ڕاپۆرت نووسین لەسەر ناوچەکە و منیش لە ٢٨ی دیسەمبەردا گەیشتمە مووسڵ و مێجەر نۆئێڵ لە بەشی سیاسی پێشتر چووبوو بۆ سلێمانی و لەوێ لەلایەن کوردەکانەوە پێشوازییەکی پڕ لە جۆش و خورۆشی لێکرابوو، وا ئێستا ئەویش لەوێوە بەرەو ڕەواندز دەچێت. مێجەر س. موڕای، کە ئەفسەرێکی سیاسیی دیکەمانە، چووەتە هەولێر و ئێستا لەوێ جێگیر بووە. بڕیار درا کەوا لە ڕەواندز چاوم بە نۆئێڵ بکەوێت لەگەڵ دابینکردنی هەندێ پێداویستیی تایبەت و هیوادارم کە دوای ئەوە بتوانین پێکەوە گەشت و کار بکەین. لەگەڵ خۆمدا کاپتن ستیوارت موڕای، R.A.M.C. و دوو پیاوم بردبوو، کە سێرجنت بێرگێس و کۆرپۆراڵ (عەریف – و) سمیس و دوو سەربازی فەوجی سیانزە بوون و هەردوکیان خۆبەخشانە بەشدارییان لە گەشتەکەدا کردبوو. من نەمدەتوانی ئاواتی باشتر بخوازم بۆ هاوڕێکانی سەفەرم. کۆڵۆنێڵ لیچمەن، کە بە هۆی گەشتەکانیەوە لە عەرەبستان لەلایەن کۆمەڵەکەتانەوە باش ناسراوە، نوێنەری مەدەنیی بەریتانیایە لە مووسڵ و هەموو ئەو ئاسانکارییانەی کە دەمانویست بۆی ڕەخساندین. ئەوجا چوار ئەسپی شاخاویی بەهێزمان کڕی و بە کاروانێکی نزیکەی باری سی وڵاخەوە لە ٢ی کانوونی دووەم شاری مووسڵمان بەجێهێشت و بە ناو شوورە و دیوارەکانی نەینەوای کۆندا تێپەڕین و دەشتە بەپیتەکەمان بڕی. لە سێگۆشەی ئاشووریی کۆن و بۆ بۆشایی گردەکانی نێوان جەبەل مەقلوب و گردەکانی عەین ئەلسەفرە گوندی بەعشیقەی یەزیدی و دەیری کریستیانی مار مەتەی لە باکووری ڕۆژئاوامان بەجێهێشت. نەخشەکە هێڵێکی دووانەی جوانی پیشانداین، کە ئاماژەیە بۆ ڕێگایەکی گالیسکە لە بەردە ڕەشەوە بەسەر سێردریا تەپەدا بۆ زێی گەورە. لە ڕاستیدا، ئەمە بوونی نییە لە شوێنەکاندا و ڕێڕەوەکە بەزەحمەت دەتوانرێت تێپەڕێنرێت بۆ گواستنەوەی بارەکان. لە ئەستیریا گەیشتینە زێی گەورە، کە لە ڕێڕەوی ئاوەکەداچەندین بوار هەیە بۆ پەڕینەوە لە ڕووبارەکە، بەڵام لە مانگی یەکدا گەشتیار بەختی هەیە ئەگەر بوارێکیان بدەدۆزێتەوە. ئێمە دەمانتوانی تەنها بە سواری ئەسپەکانمان لە ئاوەکە بدەین و بارەکانیش لە ئاژەڵەکان دابگرین و بە کەڵەک بیانپەڕێنینەوە. ئەم کەڵەکە لە چواردە پێستی فووتێکراو پێکهاتبوو و بە داری چنارەوە شەتەک درابوو و تاکە ڕێگەی پەڕینەوە بوو کاتێ کە ئاوی ڕووبارەکە زیاد دەکات. هەر گەشتێکی تەواو، کەڵەک بیست و پێنج خولەکی دەویست و ئێمە هەشت گەشتمان پێویست بوو. ئەم کەڵەکە بەلەم ئاسایە (واتە قەیاخ – و) ئەڵتەرناتیڤێکی ئەوەیە کە لە نەخشەکاندا لە نێوان قەندیل و قەسرۆکدا پیشان دەدرێت، بەڵام هەردوکیان بە بەردەوامی کار ناکەن و گەشتیار هەمیشە پێویستە پێشتر پرسیار بکات کە کامیان بەردەستە. هەردوو گوندی قەندیل و قەسرۆک لەسەر هەموو نەخشەکان لە دیوی هەڵەی ڕووبارەکەدا نیشاندەدرێن، چونکە قەندیل دەبێ لە ڕۆژهەڵاتی زێ بێت و قەسرۆک لە ڕۆژئاوا. وەک وێناکردنێک بۆ ئەو وریاییەی کە پێویستە لە مامەڵەکردن لەگەڵ بوارەکانی پەڕینەوەدا، ڕەنگە ئەوەش زیاد بکەم کە هێسترە بارەبەرەکانمان لە کاتی گەڕانەوەیاندا لە ڕەواندزەوە دوای چوار ڕۆژ هەوڵیان دا هەمان بوار بەکاربهێنن دوای ئەوەی بارانێکی زۆر لە چیاکاندا باریبوو. دەرئەنجامەکەی ڕووداوێک بوو کە دوو هێستر و هێسترەوانێکی کورد نوقمی ئاوەکە بووبوون و خنکابوون.
تورکەکان ئەم ڕێگەیەی نێوان مووسڵ و ڕەواندزیان بەکارنەهێنا، بەڵکوو وایان پێباش بووە ئەو ڕێگەیە بگرنەبەر کە لە مووسڵەوە دەچوو بۆ گوێر و لەوێ بە پردێکی بەلەم (قەیاغ – و) زێیان بڕی و دواتر ڕێگایەکی باشیان گرتەبەر، چونکە ڕێگاوبانەکان کە بەم وڵاتەدا دەڕۆن بۆ هەولێر بەردڕێژ نەکراون. هەولێر لەسەر گردێکی وێرانەشاری ئاشووریی کۆنی ئاربا- ئیلۆ دروستکراوە، کە ناوەکەی بە سەرکەوتنە تێکشکێنەکەی ئەسکەندەر بەخشی بەسەر داریوشدا لە سەدەی چوارەمی پێش زاییندا. تا ئەم شوێنە تورکەکان گواستنەوەی بارهەڵگری سووکیان بەکاردەهێنا و لێرە بەدواوە ڕێگایەکیان بۆ ڕەواندز دروست کرد کە پێی دەگوترێت ڕێگای عەرەبانەی بابەچیچەک. لەم گەشتەماندا بۆ ڕەواندز ڕێگەیەکی چوار میل و نیومان لێدا لە ڕۆژهەڵاتی زێوە، وەک هێڵی پەیوەندیی سوپایەک لە مەیداندا زۆر شت بەجێبێڵێت، چونکە لە کەشوهەوای باراناوی و تەڕوتووشدا نزیکەی بەتەواوی ناتوانیت پێیدا تێپەڕبیت و ئێمە لە شوێنە خراپەکاندا پاکمان کردووەتەوە و چەوڕێژمان کردووە. ئەم ڕێگەیەش وەک زۆربەی شتەکانی تورک دەستی پێکردووە و هەرگیز تەواو نەکراوە و پارەکەی چووبووە گیرفانی بەرپرس و کاربەدەستە گەندەڵەکانەوە.
ملەیەکی پێچاوپێچ هەیە کە بە ڕاڕەوی سپیلک ناسراوە بۆ چیا بەردینە گەچۆڕەکانی limestone کوردستانی ناوەڕاست و زیاتر لە پەیژەیەکی سروشتیی گەورە دەچێت بۆ هەردە و تەپە و تەلانێکی شەپۆلاویی پڕ لە دۆڵ و دەربەند. لێرەوە گالیسکەڕێ تورکییەکە بە دۆڵێکی لاتەنیشتدا شۆڕدەبێتەوە بۆ چەمی خەلیفان و دەچێتە ناو گەرووی گەلیی عەلی بەگەوە. ئێمە شەوێکمان لە گوندی کەرەخین بەسەربرد (پێموایە کەلەکین بێت – و) و کاتێ گەیشتین تاریک داهاتبوو. وەک زۆر جار لە کوردستاندا ڕوودەدات، یەکێک لە هاوەڵە کوردەکانمان بە تەقەکردنێک لە تفەنگەکەیەوە گەیشتنی ئێمەی ڕاگەیاند و بە تەقەیەکیش وەڵام درایەوە و دەسبەجێیش خەڵکێکی زۆر تەقەی تفەنگیان بە ئاسماندا کرد. لە کوردستان هەموو کەسێک لە تەمەنی نزیکەی هەشت ساڵی بەرەو سەرەوە تفەنگی هەڵگرتووە و هەر یەکەیان دوو سێ پشتێنی زل و قەبە یان ڕەزنە فیشەکی لە خۆی بەستووە. ئەوان لە ڕێگر و جەردەی سەر شانۆ دەچن و پێموایە ئەوە نەریتێکی ئاساییە، بەو پێیەی جەردەیی خووی سروشتی و ئاسایی ئەوانە. من وای نابینم کە چۆن ڕێگری بکەین لە هەڵگرتنی چەک، چونکە “هیچ کەسێک لە ژێر دەسەڵاتی ئێمەدا ڕێگەی پێنادرێت لە میزۆپۆتامیادا ئەو کارە بکات، بەڵام لە کوردستان ئەگەر هەوڵی سەپاندنی چەکداماڵینمان دابێت کورد لە دیوی ئێرانی سنوورەوە بەردەوام هەڵیاندەکوتایە سەرمان”.
مایەی سەرسوڕمانە کەوا ئەم هەموو تفەنگ و فیشەکەیان لە کوێوە هێناوە و گەلێکیان زۆر مۆدێرن و هەندێکیان کۆن بوون. ڕەنگە کۆکراوەیەک لە یەکێک لە خێڵە گەورەکان نیو دەرزەن جۆری جیاواز پیشان بدات. جۆرەکانی تفەنگی تورکی و ئەڵمانی و ڕووسی زیاتر باوە، بەڵام ژمارەیەکی باش چەکی لێبڵی فەرەنسیش هەیە. بێگومان هەندێکیان لە قاچاخچییانی چەکی کەنداوی فارس کڕدراون یان بە قاچاخ هێنراون و هەندێکی تریان لە تورکیاوە هاتووە. پێموایە زیاتریش پێدەچێت لە بەرەکانی شەڕەوە هاتبێت و لە ئۆردووگاکانی میزۆپۆتامیا و قەوقازەوە، کە لە سەربازە کوژراوەکان یان سەربازە هەڵاتووەکانی تورک و ڕووسەوە دەستیان کەوتبێت. زەخیرە و فیشەک هێجگار زۆرە بەڵام ئەستەمە بڵێی کەوا لەکوێوە هاتووە. من ئاگام لێیە کەوا دوای شۆڕش (دیارە مەبەستی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ و گۆڕانکاریی شوباتی ئەو ساڵەیە – و) سەربازانی ڕووسیا چەک و فیشەکیان زۆر ئازادانە لە ئێراندا فرۆشتووە و کوردێک پێیگوتم کەوا چەک و فیشەکی خۆی لە بازاڕەکانی تەبرێز و تاراندا کڕیوە و یەکێکی تریان دەیگوت کەوا چەکەکەی خۆی لە بەغدا کڕیوە، بەڵام بە زۆری کوردەکان و عەرەبەکان دزی پسپۆڕ و شارەزای تفەنگن. من بیر و خەیاڵم بۆ ئەوە دەچێت کە ئەفسەرانی تەقەمەنی تورک و ڕووسی کۆگا و عەمبارەکانی زەخیرە و تەقەمەنی نهێنیی گەورەترین ئەو بابەتانە دەزانن. لەبیرمە کە دزییەک لەلایەن عەرەبەکانەوە لە یەکێک لە کەمپەکانمان لە میزۆپۆتامیا لە یەک شەودا زیاتر لە حەفتا سندووقی هەزار فیشەکی بووە، هەرچەندە من باوەڕم وایە کە شاردراوەتەوە و سەرباری ئەوەش هەموو ڕێوشوێنە ئاساییەکانی خۆپارێزی گیراوەتەبەر.
پێموایە دوا ڕێپێوان بۆ ناو ڕەواندز بە درێژایی ڕێگای عەرەبانە تورکییەکان یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین دیمەنەکانی ئەو ڕۆژگارە بوو کە تا ئێستا بینیومە و هێندەی تر بە زۆر خەیاڵی ئەو گەشتیارەی کە تازە لە بیابانە بێ تایبەتمەندییەکانی میزۆپۆتامیاوە هاتبوو، ڕاکێشا. لە کاتی دەرچوون لە سەربازگە یان کەمپی خەلیفان ڕێگاکە دەچێتە ناو گەرووی گەلیی عەلی بەگەوە کە پانییەکەی تەنها ٣٠ یاردە لە دەروازەی چوونە ژوورەوەوەدا. ڕێگاکە لە ئاستی ڕووبارەکەدایە و بە پردێکی دار لەسەر دەرچەی زبر و زەق و نیو میل لەودیوەوە دەپەڕێتەوە بۆ کەناری ئەوبەر. نزیکەی دوو میل زیاتر لەسەر ڕووبارەکە، کە ئێستا نزیکەی ٤٠ پێ لە خوار ڕێگاکەوەیە، بە چەمێکدا و بەسەر تاڤگەکانی سۆڕیادا تێدەپەڕێت، کە نزیکەی ٧٠ یان ٨٠ پێ قووڵە. مخابن نزیکە لە مەحاڵەوە بتوانیت وێنەی فۆتۆگرافی تاڤگە سەرەکییەکان بەدەست بهێنیت و من تەنها توانیم وێنەی ئاوە خوڕەکەی سەرەوەی تاڤگەکە بە شێوەیەکی دروست بگرم. بەرزیی ڕێگاکە لە سەد پێ زیاترە لە بنی دۆڵەکەوە و لەکاتێکدا وردە وردە بە قەدپاڵی چیاکەدا بەرزتر دەبێتەوە و پاشان تادێت بەرەو خەلیفان قووڵتر شۆڕدەبێتەوە تا دەگاتەوە بنی چیاکە. لە نزیک تێکەڵبوونی هەردوو ڕووباری خەلیفان و ڕەواندز ڕێگەکە سەختتر دەبێت، هەروەها بەردە زلە هەڵتۆقیوەکان وای لێدەکات کە سەلامەت نەبێت تەنانەت بۆ گالیسکە سووکەکانیش. لاپاڵی چیاکە زۆر کووڕە و دار و دەوەنی بەڕووی کورتەباڵا و جۆری تری دار دایپۆشیوە.
دەربەندی ڕەواندز، کە ئێستا دەچینە ناویەوە، دەکەوێتە شوێنگەلێکەوە کە پانییەکەی لە خوارەوە بە حاڵ دەگاتە ١٠ یاردە. پێدەچێت ڕێگەکە تەنها بە دەمە چەقۆ ڕووشابێت و پانییەکەی بە درێژایی لێژاییەکانی خوارەوەی دەربەندەکەدا شەش پێ بێت و لە گەلێ شوێنیشدا لە بەرزیی پێیەکەوەیە لە ئاوی چەمەکە. لە دەربەندەکەدا بە ناو بەردی گەچۆڕدا تێپەڕ دەبیت کە بە شێوەیەکی ئاسۆیی چین چین نیشتووەتە سەر یەکتر. لێرە پەیکەرە ئێسکی ئاژەڵ و گالیسکە کۆنی بە دارەوە هەڵواسراو دەبینیت کە بەڵگەیە بۆ ڕووداوی دڵتەزێنی پێشتر. ڕاستییەکەی ئەمە ڕێگەیەکی ناچارییە کە وەک هێڵی پەیوەندیی سەرەکیی بەکاردێت، بەڵام تورکەکان تەنها وەک کاروانەڕێی وڵاخ بەکاریان نەهێناوە بەڵکوو دەگوترێ کەوا ئۆتۆمبیلیشیان پێدا بردووە. خاڵێکی تری سەرنجڕاکێش هەیە کە پێش ئەوەی بگەیتە ڕەواندز ڕێگەکە بە لاپاڵی دۆڵێکی لاتەنیشتدا پێچدەکاتەوە و ئەویش ڕاڕەوی بەخارییە و سێ جار بە سەر کۆپریی نەریتیی کوردیدا دەپەڕێتەوە لە مەودای دووسەد یاردەدا. ڕاستەوخۆ لە ڕاسەری دوایین پرد یان کۆپریدا ئاوی چەمەکە لە چەند کانیاوێکەوە هەڵدەقوڵێت و لە بەرزایی حەفتا پێوە قەبارەیەکی زۆری ئاویان لێدێتە دەرەوە بۆ ناو چەم و شیوەکە و ناتوانی لەو قەدپاڵەوە بپەڕیتەوە کە ئاوەکەی پێدا دێتە خوارەوە.
لە ٧ی کانوونی دووەمدا گەیشتینە ڕەواندز کە لە دۆخێکی زۆر خراپ و وێرانەدا بوو، وەک پێشتر باسم کردووە. شارۆچکەکە خۆی تا ڕادەیەک چۆڵکرابوو و لە کۆی شەست ماڵ لە تەختاییە نزمەکەی شارۆچکەکەدا تەنها بیست ماڵی تێدا مابوو – کە لەبنەڕەتدا دوو هەزار ماڵ بووە لە پێش جەنگدا. ئەودوای ماڵەکان دەکەوتنە گەڕەکی قەڵا تیلۆکەوە لە شوێنێکی بەرزاییدا و ئێمە لە خانوویەکی قەراخ شاردا نیشتەجێ بووین. نۆئێڵی ئەفسەری سیاسییش تازە گەیشت و هەر ئەو ڕۆژەش قایمقامە تورکەکە ملی ڕێی گرت و ڕەواندزی بەجێهێشت و ئێمەش خانووەکەیمان داگیرکرد. ڕەواندز نەیتوانی هێستر و بەرزەوڵاخی گواستنەوەی کەلوپەل و بارەکانمان بۆ دابین بکات و بە هەمان شێوە کوردەکانی ئەوێش. کەواتە بۆ هەر گەشتێکی داهاتوومان دەبوو تەنها پشت بە وڵاخ و هێسترەکانی سواریی خۆمان ببەستین. لەبەر ئەوە دەسبەجێ وڵاخە بارییەکانی لای خۆمان گێڕایەوە و ڕێوشوێنی دابینکردنی بڕێک جۆ لە هەولێر گیرایەبەر، کە مەودای چوار فرسەخێک لێمانەوە دووربوو. پاشان فرەی نەبرد کەشوهەواکەی بە خراپی گۆڕا و لەبەر ئەم هۆیە و هۆکاری تری جیاواز بۆ چەند ڕۆژێک پەیوەندیمان بچڕا و بەهەمان شێوە ئالیکی ئاژەڵەکانیش نەگەیشت چونکە ڕێگە سەربازییە تورکییەکە گیرابوو.
لێرە پزیشکەکەمان، موڕای، کەوتە ئەنجامدانی هەندێ کاری سوودبەخش بۆ دانیششتووان و دەبوو خواردن دابین بکرێت بۆ نزیکەی سێسەد کەس لە کۆی شەشسەد کەس و خێرا ڕێوشوێنی فریاکەوتن و چارەسەری نەخۆشی گیرایەبەر. دکتۆر موڕای نەخۆشخانەیەکی کردەوە و نێردرا بۆ بەغدا بە مەبەستی هێنانی دەرمانی زیاتر و پێداویستیی نەخۆشخانەکە، چونکە ئێمە تەنها سندووقێکی نەخۆشخانەمان شکدەبرد بۆ حاڵەتی لەناکاو. هەروەها نۆئێڵ داوای لە بەغدا کرد کە پزیشکێکی هەمیشەیی دابمەزرێنێت بۆ چاودێری و ڕاییکردنی کاروباری نەخۆشخانەکە. ئێستا ئێمە بڕیارمان داوە کە بە سواری وڵاخ بە ناوچەکەدا بگەڕێین و تا پێمان بکرێت لەگەڵ سەرۆک خێڵە جۆراوجۆرەکاندا بمێنینەوە. مەسەلەکە پێویستی بە هەندێ ڕێکخستنی پێشوەخت دەکرد بە هۆی کەمیی زەخیرە و پێداویستییەوە و بڕیارمان دا یەکەمجار سەردانی ناوچەکانی خوارەوە بکەین کەوا کەمتر زیانیان پێگەیشتبوو. من باسی یەک بە یەکی گەشتەکان ناکەم بە دوورودرێژی، چونکە ڕۆتینی ڕێکردنی ڕۆژانە بەزۆری لێکتر دەچن. کورد بەیانیان زوو لە خەو هەڵناسێت و کارێکی ئاسان نییە بەیانیی زوو لە ماڵ دەریبکەیت (وا دیارە هەڵەیەک لەم بۆچوونەدا هەیە – و). خانەخوێکانمان هەمیشە حەزیان لەوە بوو ڕۆژەکەیان بە قسە و دەمەتەقێ بەسەربەرن پێش ئەوەی ئێمە دەستبەکاربین و گوندنشینان لە قەراخی ڕێگەکەمان هەوڵیان دەدا بانگهێشتمان بکەن بۆ چای یان قاوە خواردنەوە، خۆ ئەگەر هیچ کامێکیان نەبوایە ئەوە هەر بۆ دەمەتەقێ بانگیان دەکردین. ئەنجامیش ئەوە بوو کە ڕێکردنی ڕۆژانەمان بەزۆری تا تاریک داهاتنی ئێوارەی دەخایاند و ئەمەش بەتەواوی مایەی ڕەزامەندیم نەبوو بۆ نەخشەکەم لەبارەی ئەو وڵاتەوە. لە کاتی گەیشتنماندا بۆ شوێنی مەبەست بەگشتی دەبراین بۆ دیوەخانی سەرۆک عەشیرەت و خێرا ئاگریان دەکردەوە و چای دەمدەدرا. سەرۆکەکانی زۆربەی ئەم عەشیرەتانە لە قەڵای سەرەکیی گونددا دەژین، کە شوورەیەکی بەرزی بە دەوردایە و ئەستوورییەکەی دوو یان سێ پێیە و لە بەردی زل دروستکراوە و تاقە یەک دەروازەی هەیە کە بەشەودا بە دەرگایەکی قورس و توندوتۆڵ دادەخرێت. تۆ لە زەوییەوە دەستت ڕاناگات بە پەنجەرەکان و بەعادەت ئەو پەنجەرانەی لە نهۆمەکانی سەرەوەدان بە پلەی یەکەم وەک کون دروستکراون. هەروەها بەعادەت لە هەر سووچێکی قەڵاکەدا قوللەیەکی خڕی کوندار دروستکراوە و حەوشەیەک لە ناو شوورەکاندا هەیە و بەگشتی خانووەەکان لە دوو نهۆم پێکدێن و هەندێ جاریش سێ نهۆم و لە ناوەوە ڕوویان کردووەتە حەوشە. بە گشتی، هیچ دەرچەیەکی دووکەڵ نییە لە خانووی کورددا و بە ئاگرکردنەوە لە سەر زەویی ناوەڕاستی ژوورەکەدا دووکەڵێکی خەست لە ناو هۆدەکەدا پەنگدەخواتەوە و چاو دەتوونێتەوە و ئاو دەکات بە هۆی دووکەڵەکەوە. دانیشتن لەسەر زەوی زۆر خۆش نییە، بەتایبەتی درەنگانی شەو کاتێ کە پێویستە ڕاپۆرتەکان بنووسرێن و سەرلەنوێ نەخشەکان بکێشرێنەوە لەبەر ڕووناکیی کزی مۆمێک. لەبارەی شەوەوە من شتێکی ئەوتۆ ناڵێم و ئەوی ئەم وڵاتە دەناسێت دەزانێت سەردانیکەرانی شەویش چین و چۆنن.
هەڵبەت ئێمە لەم گەشتەماندا کەرەستەی چێشتلێنانمان لەگەڵ خۆمان نەبردبوو و ژەمە خواردنەکانمان لەسەر شێوازی کوردانە دەخوارد لەسەر زەوی و بە دەوری ئاگردا و لەسەر هەمان دەوری. من بەتایبەتی ئەو ئێوارەیەم بیرناچێت کە لە کۆڵیتی سەرەکیی گوندێکی بچووکدا بەسەرمانبرد. لەم حاڵەتەدا مانەوە نەبوو لەگەڵ سەرۆک خێڵێکدا لە ماڵێکدا و لە ژێر یەک ساپیتەدا و ئێمە هەر پێنجمان، خاوەن ماڵ و خێزانەکەی و بڕکە بزنێک و ئەسپ و وڵاخەکانی ئێمە و گوێدرێژێک و بێجگە لە هەموو جۆرە خشۆکێک. لە جیاتیی باسکردنی هەر گەشتێک، مەسەلەکە ڕوونتر دەبێتەوە ئەگەر نەخشەی وڵاتەکە بەگشتی بکێشم لەگەڵ خاسییەتە سەرەکییەکانی و باسکردنی هەر شتێک کە سەرنجی ئێمەی ڕاکێشابیت. من نەخشەیەکم بۆ ناوچەکە کێشا بە پێوەری هەر ئینجێک بۆ چوار میل کە چیاکان بە هێڵی کۆنتۆریی هاکەزایی پیشان بدات. ئەو مێتۆدەی کە بەکارمهێنا بریتی بوو لە وەرگرتنی شوێنی دیاریکراوی وەک ڕەواندز لە سەرەتاوە و کاتێ کە لە سنووری ئێران نزیکبوومەوە بە ئاڕاستەنوماکەم (کۆمپاسەکەم) چاودێریی خاڵەکانی کۆمیسیۆنی سنوورم دەکرد. من زۆرترین ژمارەی خاڵەکانم پشکنی و زنجیرەیەک خاڵم داخست لە سەر زنجیرە چیاکانی باشووری ناوچەکەمەوە کە بە هۆی سێگۆشەی دەستەی ڕووپێویی هندییەوە دەسنیشان کرابوو بە سەرکردایەتیی دی گراف هەنتەر، کە لە هەمان کاتدا لە لاپاڵی چیاکاندا کاریان دەکرد. من نزیکەی ٢٤٠٠ میلی چوارگۆشەم تەواوکرد، هەرچەندە ئیددیعای هیچ وردییەکی تەواو ناکەم لەوەدا. ڕەنگە هەندێ لە دۆڵەکان درێژ بووبێتنەوە یان چووبێتنەوە یەک، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم کەوا هەڵەی ترسناکیان تێدا بدۆزرێتەوە. من ڕووپێویم نەکردبوو و بێگومان بە تێپەڕینی کات نەخشەکە جێی دەگرێتەوە.
سەبارەت بە پێکهاتەی ناوچەکە، یەکەم شت کە سەرنجی گەشتیار ڕادەکێشێت ئەوەیە کەوا ناوچەکە لە دۆڵ و شیوی هاوتەریب پێکدێت و زنجیرە چیاکان لە باکووری ڕۆژئاواوە بۆ باشووری ڕۆژهەڵات کشاون. ئەمە چیاکانی هیمالایای ڕووتەنمان بیردێنێتەوە، بەڵام لێرە چیاکان ڕووتەن نین بەڵکوو داربەڕووی کورتەباڵا و دەوەن دایپۆشیون. بەگشتی زنجیرە شاخەکانی باشوور لە بەردی لمینی نەرم پێکدێن، لەکاتێکدا لە باکووری دەشتی هەریرەوە بۆ دەشتی ڕانیە زنجیرە چیا گەچۆڕ و هاوتەریبەکانی ناوەندی کوردستان دەبنە ئاوڕێژی هەردوو زێی گەورە و بچووک. ڕوودباری ڕەواندز و ڕوودباری ڕووکوچک (مەبەست هەردوو ئاوی ڕەواندز و ڕووکوچکە – و) دوو لقی سەرەکیی زێی گەورەن لە ناوچەکەدا و هەردوکیان لە سنووری ئێرانەوە سەرچاوە دەگرن، کەوا خاڵی کۆکەرەوەی ئاوی حەوزەکانی نێوان زێ و شنۆ – ورمێن لەم ناوچەیەدا. هەرچەندە ئەم دوو لقە دەکەونە بەری ئاوڕێژەوە بەڵام چەمە ئاودارەکانی کە دەڕژێنە ناویانەوە ئاڕاستەیان لە باکووری ڕۆژئاواوە بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتە و پێدەچێت هەردوو ئاوی ڕەواندز و ڕوکوچک بە نێو دۆڵ و شیوی شاخە گەچۆڕەکاندا تێپەڕن بەرەو زێ. ئێمە بەزۆری ئەو چینی گاشەبەردانە دەبینین کە بە شێوەیەکی کووڕ و ڕێکوپێک لاربوونەتەوە بەسەر تەواوی دۆڵەکەدا. وەک ئەنجامێکی سرووشتی ئاسانترین ڕێی گەشتکردن تا ڕادەیەک هەمیشە بە ئاڕاستەی باکووری ڕۆژاوا و باشووری ڕۆژهەڵاتە، بەدەر لەو شوێنانەی کە لە زێ نزیکدەبیتەوە کاتێ کە تەنها دۆڵ و دەربەندە قووڵەکان لە بەردەستدان و پێویست بە گەڕان دەکات بە دوای خۆلاداندا لێیان. لەم وڵاتەدا نە گالیسکە هەیە و نە ڕێگەوبانیش بە شێوە ئەوروپییەکەی، بەڵام ڕێگەی گالیسکەی سەربازی کە پێشتر باسی لێوەکراوە لە ڕەواندزەوە بەردەوامە بە ڕاڕەو یان دەربەندی گەراوشینکێدا لەسەر سنوور بەرەو شنۆ و لەوێشەوە بۆ ورمێ.
وڵاتەکە هێجگار شاخاوییە و بۆ هێڵی ئاسن دەست نادات و بۆ گەشەپێدانیش هەر دەبێت پشت بە ڕێگەوبان ببەسترێت. تەنانەت پاراستن و بەردەوامی پێدانی ئەمانەش باجێ زۆر دەخاتە سەر وڵات و سەرەتا لە شتە بنەڕتییەکان تێپەڕ نەکات. تا ئێستاش کورد بە ڕاڕەوەکانی پیادەڕێ ڕازین یان لە باشترین حاڵەتدا بە ڕێڕەوی کەر و وڵاخ ڕازین لە گوندێکەوە بۆ ئەویتر. لێرە یەکەم پێویستی ڕێگەیەکی باشی ڕاستەوخۆیە بۆ ڕەواندزی سەنتەری ناوچەکە. ڕێگە سەربازییەکەی ئێستا کە لە هەولێرەوە بۆی دەچێت ئەگەر چاک بکرێت و بەردڕێژ بکرێت دەکرێ بە درێژایی ساڵ کراوە بێت، چونکە بە ڕێرەوی بەرزدا ناڕوات بەفر بیگرێت، بەڵکوو بە گۆشەیەکی وەستاو بە هەموو لایەکدا بە سەر هەموو زنجیرە چیاکاندا دەڕوات. من پێموایە کە ئەو ڕێگە هاوینەییەی نێوان ڕانیە و ڕەواندز بە درێژایی دۆڵ و شیوە سروشتییەکان و بە دەربەندی گورمانجاندا کەڵکێکی باشی دەبێت وەک ڕێگەیەکی هاوینەی نزیک.
لە ڕەواندزەوە هێڵێکی باشی ڕاست هەیە بەرەو باکوور بۆ نەهری و بەرەو ڕۆژهەڵات بەرەو ئێران. لە ئێستادا لانی کەم چوار ڕێگە هەن بەرەو نەهری و بە هەر شێوەیەک بووە گەشتیار بە خوایشتی خۆی بە کاریان دێنێت. هەر هەموو ئەم ڕێگانە بە پردی شەق و شلۆقی باکووردا دەپەڕێتەوە کە درێژییەکەی ٣٠ پێیە و ٨٠ پێ لە دەربەندی ڕەواندزەوە بەرزە. یەکەمیان بە شەیتانە و دەربەندی خەجیجە و کانی ڕەش و چوماردا تێدەپەڕێت (٦٣ میل)، یەکێکی تر بە شەیتانە و دەربەندی گەرەوچاریا و کێکڵە و بێگژنیدا تێدەپەڕێت (٧٠ میل)، سێهەم بە شەیتانە و دەربەندی مێرگەسووردا دەڕوات و دواجار لە کێکڵە لەگەڵ ئەوی پێشوودا یەکدەگرێتەوە. چوارەمیش بە هێڵی تەلەگرافی سەربازیی کۆنی تورکیدا دەڕوات و بە ڕووباری دیبور و چوماردا تێدەپەڕێت. من هەرسێ ڕێگەی یەکەمیان شارەزام. بە دڵنیاییەوە دەربەندی خەجیجە باشترین ڕێگەیە بۆ گەشتی هاوینە، بەڵام لە مانگی کانوونی دووەمدا کاتێ کە بەفری زۆر دەبارێت ڕێگەکە دەگیرێت. لەبەر ئەوە کوردەکان بەگشتی ڕێگەی گەرەوچاریا یان مێرگەسوور بەکاردێنن. بۆیە ئەگەر هات و تەنها ڕێگەیەک دروست بکرێت بۆ ئەوەی بە درێژایی ساڵ کراوە بێت، ئەوە من ڕێگەی شەیتانە – مێرگەسوور – کێکڵە – کانی ڕەش – چومار بە گونجاو دەزانم. گەشتکردن بەم ڕێگەیەدا تا ڕادەیەک دوورودرێژە، بەڵام پێدەچێت گڵەکەی باشتر بێت بۆ ڕێگەیەکی هەمیشەیی و ڕووسەکانیش بە کردەوە لە کانی ڕەشەوە بۆ سەرەوە بەشێکیان دەستپێکردبوو.
لە زستاندا هەر ڕێگایەک هەڵبژێردرێت هەندێک بەربەستی گەورە هەن بۆ پەڕینەوە. بێجگە لە ڕاڕەوی تایبەتی بۆ هەریەکەیان، هەموو ڕێگاکان دەبێت ڕووبارەکانی بەرلەکیان یان دیبور و ڕوودباری بەرازگرد و حاجی بەگ ببڕن. هەموو ئەمانە بە شێوەیەکی ئاسایی بەو شوێنانەدا دەڕۆن کە ڕێگاکان دەستکاری دەکرێن و ئێمە لە زستانی ڕابردوودا هەموویانمان تێپەڕاند. بەڵام بارانبارینی چەند ڕۆژێک یان چەند کاتژمێرێک لەڕادەبەدەر ئاستەنگ دروست دەکات و زۆرجار بە هۆی لافاوەوە بۆ چەند ڕۆژێک پێدا تێپەڕبوونیان مەحاڵ دەبێت. لافاوی ڕووبارەکان چەند جارێک ئێمەیان پەکخستووە لەم ڕێگەوبانانەدا کاتی کە ئاوی ڕووبارەکان ڕێگەی پەڕینەوەیان لێگرتبووین. لێرە شوێنی باش و گونجاو هەن بۆ پرد و هەندێ لەو پردانەی کە هەن و شۆستە و دیواری بەردینیان هەیە و تێکچوون دەکرێ سەرلەنوێ چاک بکرێنەوە. هەر هەموو ئەمانە یەک جۆرن و شۆستە و ڕاگرەکانیان لە بەردی خاو (نەتاشراو یان ڕێکنەخراو – و) دروستکراون و ئەمبەر و ئەوبەر کاریتە و دەستەکی داریان خراوەتە سەر و بە لقەدار و ژاژ و قامیش داپۆشراون و ڕێگەکە لە بەرد و قوڕ دروستکراوە. هەڵبەت ئەم جۆرە گونجاو نییە بۆ ڕێگەی هەمیشەیی و پێویستی بە کەرەستەی باشتر و بەرگەگرترە.
بەهەرحاڵ، گەورەترین کۆسپی سەر ئەم ڕێگایە لە زستاندا دەربەند یان ڕاڕەوی زینیا بارییە. لە ساڵی ئاساییدا بەلای کەمەوە لە مانگی کانوونی دووەمەوە تا ئازار بەفر ڕێگە لە لە وڵاخی باربەر دەگرێت و بە زۆرییش زریانی زستانەی بەفر هەموو جارێک بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ڕێگەی پیادەش دەگرێت. ئێمە خۆمان لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا نەمانتوانی پێیدا تێپەڕ ببین و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە گوندی چنارە گیرمانخوارد. چنارە بنکەی سەرەکیی ئەحمەد ئاغای سەرۆکی دەسەڵاتداری کوردەکانی برادۆستە و لەو ماوەی مانەوەماندا لەوێ میوانی بووین. عەشیرەتەکەی ئەم پیاوە ئێستا لە زیاد لە هەزار خێزان و بنەماڵەوە کەمبووەتەوە بۆ ١٥٧ خێزان و ٥٢ گوندی لە کۆی ٨١ گوند کە لەلایەن ڕووس و تورکەکانەوە وێرانکراون یان بە هۆی نەخۆشی و برسێتییەوە چۆڵکراون. سەرۆکی بەساڵداچووی عەشیرەتە خۆیشی یەکێک بووە لە دیلەکانی ڕووس.
هەموو ئەو ڕێگایانەی کە دەچن بۆ نەهری دەبێ لە ناوچەکەی ئەم پیاوەوە تێپەڕ ببن و خانەخوێیەکی زۆر بە وێڵ و ماریفەت بوو لەگەڵمان. بەڵام پیاوانی خێڵەکەی بە هۆی جەنگەوە گرفتاری هەژارییەکی قورس و بێئامان بووبوون و ئێمەش تووشی کەمییەکی زۆر توندی خۆراک بووبووین لە ناوچەکەی ئەو و ناوچەکانی دراوسێیدا. ڕۆژانی گۆشت نەخواردنمان بووبوو بە شتێکی ئاسایی و بەزۆری ژەمە خواردنەکانمان لە چوپاتی پێکدەهات کە بریتی بوو لە بەڕووی هاڕاوەی کێوی و هەندێ جاریش خەستەی ماست و هەنگوینی کێوی. ئەم گەشتە هێند لەڕ و لاوازی کردم و باجەکەی چوار کون بوو کە کردمە پشتێنە قایشە سام براونە تایبەتەکەی پشتم.
لەودیوی سنوورەوە هەندێ ڕێگەی لاوەکی لە خەتی ڕەواندز – نەهری جیادەبنەوە. لێرە هەر دۆڵێک، حاجی بەگ، کاراوا، بەرازگرد و دیبور ڕێگەی خۆی هەیە بۆ “یایلاکان” (واتە کوێستان یان زۆزانەکان – و) یان پاکژ و پاوانەکانی سەر سنووری ئێران. هەر یەکە لەم ڕێگایانەش ڕاڕەوی خۆیان هەیە بۆ پەڕینەوە و تا ڕادەیەک زۆر گونجاوە بۆ ئاژەڵەکان لە هاویندا و دوا مەنزڵیان دەگاتە شنۆ یان قەڵا زێوە و لەوێشەوە بۆ ورمێ. ئەوپەڕی باکووری هەمووشیان، لە نەهری خۆیەوە دەچێت بۆ نووشەهر و گیورک بە ڕاڕەوی دۆڵەخانی زینیدا بۆ قەڵا زێوە، کە لە لایەن ڕووسەوە چاککراوە و لەوانەیە بە کارکردنێکی کەم بەکاربێت بۆ ڕۆیشتنی گالیسکە بەپێی قسەی کوردەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، گومانی تێدا نییە کەوا گەراوشینکێ ئاسانترین ڕێگەیە بۆ وڵاتی فارس (ئێران – و) لەم ناوەدا. لێرەوە ئەوخوارتر ناڕۆیت تا دەگەیتە ڤاسنێ. لێرە شاخێکی بەرز هەیە کەوا کوردی خێڵە کۆچەرە جۆراوجۆرەکان لە هاویندا لەوەڕخۆریی تێدا دەکەن و زۆر جار باس لەوە دەکرێت کە شوێنێکی گونجاوە بۆ ڕێگە لێدان و تەنانەت بۆ ڕێگای ئاسنیش. بەهەرحاڵ، زەوییەکەی لای ڕۆژاوای ئەم ڕاڕەوە هەرگیز ئاسان نییە و لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا ئەم ڕێگەیە داخرا کاتێ کە گەرەوشینکێ کرایەوە.
مێجەر کێنێس ماسۆن؛ ئەفسەری سیاسیی بەریتانی لە کوردستان
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق