لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، نووسەری نەمساوی “پیتەر هاندکە” لەدایکبووی ساڵی ١٩٤۲و خاوەنی چەندین خەڵات، کۆتا خەڵاتی، کە خەڵاتی نۆبڵ بووە بۆ ئەدەبی ساڵی ٢٠١٩، لەدوای دەرچوونی ڕۆمانی ” نەهامەتییە ئاساییەکان” ناوبانگێکی جیهانی بەرفراوانی بەدەست هێنا. ڕۆمانەکە، باس لە نەهامەتییەکانی دایکە خۆ کوژەکەی دەکات. دواتر چەندین ڕۆمانی، کە وایکرد ببێتە درەوشاوەترین ناوەکان لەجیهانی ڕۆمانە جیهانییەکاندا، بڵاوبوویەوە. شایەنی باسە لە نێو ئەو ڕۆمانانەدا، هەندێک ناو یاد بکەین، لەوانە: دڵەڕاوکێی گۆڵچی لە کاتی پەنارتیدا، نامەیەکی کورت بۆ ماڵئاواییەکی گەورە، کاسپا، نیوەڕۆی نووسەر، ژنانی چەپڕەو… چەندانی دیکە.
هاوکات چەندین شانۆیی نووسیووە، کە لە بەناوبانگترین تەختە شانۆییەکانی ئـەوروپا نمایش کراوە، بەناوبانگترینی:- ڕەشهبای هەمیشەیی؛ کە باس لە خێزانێک دەکات، دایکیان سلۆڤینییە و باوکیان نەمساوییە. پێش چەند ساڵێک، “پیتەر هاندکە”ی شەیدای گەشت و میوزیک، بڕیاری دا لە خانوویەکی کۆن لە کۆڵانەکانی پاریس کە جیای دەکاتەوە لە وێستگەی شەمەندەفەری ڕێگای دەشتی داپۆشراو بە گەڵا زەردی پایز و بەفری زستان، ئاکنجی ببێت. لێرەدا گۆڤاری ئەدەبی فەڕەنسی لە ژمارە ٥٣١ ی خۆیدا، کە دەرچووی مانگی مەی ٢٠١٣ەیە، دیدارێکی لەگەڵ سازداوە.
لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوو، حەوت دەقت بە وەرگێڕانی فەڕەنسی بڵاوبووەتەوە، پێت وانییە زۆر دەنووسی؟
هاندکە:- چوارساڵ پێش ئێستا “ڕەشەبای هەمیشەیی” و ساڵێک پێ ئێستاش دیداری “ڕۆژە خۆشەکانی ئارانگۆز” م نووسی. هەندێکجار بۆ ماوەیەکی زۆر لە نووسین دادەبڕێم.
هەست دەکەی کاردەکەی؟
هاندکە:- من بەڕێگاوەم بۆ پڕۆژەیەک، بەبێ پڕۆژە ژیان خەمە. بەلای منەوە پڕۆژە واتە ڕووناکی و جووڵە، ڕووناکی ناوەکی و دەرەکی و جووڵەش کە هەردووکیان پێکەوە گرێ دەدات، کاریگەری لەسەری دەبێت، ئاواز و زیندوێتییەکیان پێ دەدات. حەزم لەوە بوو هیچ شتێک نەکەم، بەڵام نەمتونی ئەم بەڵێنەم ببهمە سەر. شتێکی زۆر باشە کە مرۆ دۆسێیەک کە پێویستە چارەسەری بکات، هەیبێت. بەتایبەت کە دۆسێییەکی ئیپیک (epic) ێت: ئەم کەسایەتییە بە چ شێوەیەک بێت؟ ئەمەیان بە چ شێوەیەک بێت؟ ئەم چیرۆکە لەسەر چ ئاوازێک بێت؟ شانۆ لەکوێدایە؟ تراژیدیا لەکوێدایە؟ خۆشی لە کوێدایە؟ دڵخۆش دەبیت، وەختێک ئاوازەکەی دەدۆزیتەوە. بەڵام بۆ ئەوەی دەستی پێوە بگرین، دەبێت کاری زۆری بۆ بکەین، سرووشتە قووڵەکەم، ئیپیکە. سێ کتێبم بڵاوکردووەتەوە کە تەواو لەگەڵمدا جۆرن، ئەوانیش: ساڵەکەم لە خلیچ و هیچ کەس، لەدەستدانی وێنە، شەوی مۆراڤی
مەبەستت لە ئیپیک چییە؟
هاندکە:- لەڕێگەی ئیپیکی سەدەکانی ناوەڕاستەوە، لە سەردەمی ئێستاماندا دەژیم. ئەو دەمەی کرتیبیان دۆتریس، ڤۆڵڤرام ئیستنباخ، یان گۆتڤرید فۆن سترابۆرگم خوێندەوە، ئاوازێکی بەرفراوانم دۆزییەوە. هەروەها توانیم لە ژیانکردنی ئێستا دا، شوێن و کەسایەتی کە لەگەڵ ڕێگەکەمدا جۆرن بدۆزمەوە. من بە کەسایەتییەکانی ئێستا، ئەو شێوە ڕۆمانەی کە لە باوباپیرانمەو لە سەدەکانی ناوەڕاست؛ نەرویجی ئێستا ژیاون، توانیم وەریان بگرم و بەرەو پێشەوەیان ببەم. هەروەک کریتیان دۆتریس، ئەم کەسایەتییانە لەسەرکەوتن و تیر و لاکانی دارستان دادەێنم.
شوێنت لەلا دڵخوازە؟
هاندکە:- من نووسەری شوێنم. ئەوە شوێنەکانن کە کەسایەتی گەورە دەکەن و هەڵیان دەبژێرن، خەڵکی دەگۆڕێن و دوورییەکی دیکە دەگرنە بەر. بۆ نموونە: کاتێک خەڵکی لە دارستان دادەنێم، زۆر بە ڕوونی دەیانبینم. بەهەمان شێوەی کەسایەتییەکە هەست بە بارینی بەفر دەکەم لە دارستانەکەدا.
شوێنێک کە کەسایەتییەکان تێیدا دەربکەون، بەم شێوەیە دەست بە نووسین دەکەیت؟
هاندکە:- دەبێت ناوەڕۆکێک هەبێت، بەڵام من ئارەزووم لە شاردنەوەیەتی. بەکاریدەهێنم تاوەکو جووڵەیەک بەدەست بهێنم، نەک ئەوەی چیرۆکەکە لەسەر هەمان هێڵ بڕوات و بەردەوامی هەبێت. ئێستا لە نەمسا هیچ ڕێگەیەکی قیرتاوی خواروخێچ نییە، چوون هەموو شاخە، بۆیە دەبێت هەموو ڕێوشوێنێک لە مەترسی تۆفان و گۆڕانی کەشی ڕۆژ بگیرێتە بەر، من حەزم لە ڕێگای خوار و خێچە. بەڵام کاتێک هەست دەکەم شتەکان دەبێت ڕوون بێت. بۆ ئەوەی بگەم بە ڕوونییەک، هێڵێکی ڕاست بەکاردەهێنم تاوەکو وەک دکتۆر و جیۆلۆجییەکان بە ڕوونی و پاکی بنووسم، هەندێک جاریش دەگەم بەو شتە.
ئایا وێنە لەلای تۆ، خاڵی سەرەتایی نووسین نییە؟ لە کتێبەکانتدا پەسنی وێنەکە زۆر دەکەی.
هاندکە:- من پەسن ناکەم، بەڵکە وێنە دەگێڕمەوە. من حەزم لە پەسن نییە، حەزدەکەم جووڵەیەک هەبێت.
دیمەنی سرووشتی، لە نووسینەکانتدا ئاسمان و ڕووناکی، زۆر وورد و درشتن. چی دەکەی تاوەکو لە یادگەتدا وردەکارییەکان بهێڵیتەوە؟ وێنە دەگری؟ ڕاستەوخۆ لە وێنەکەوە دەنووسی؟
هاندکە:- من وێنە زۆر دەکێشم، ئەمەش بۆ ئەوە نا کە وێنەکان لە کتێبەکەمدا بەکاربهێن، یاخوود وەریانبگێڕمە سەر وشە، بەڵکە تاوەکو لەم سەردەمە بمێننەوە، تا ئەوەی گرنگی شوێن و تایبەتمەندییەکانی بدۆزمەوە. وێنەیەکی فۆتۆگرافی، ڕێگەم پێدەدات پەیوەندییەک بە شوێنەکە و ئەوەی لە کوێ لە شتێک دڵنیاببمەوە، گرێ دەدات. وێنە کێشانم پێ باشترە، شتێکی پشتگوێ خراوە، وەلێ هێشتاکە ڕێگە بە سەرکەشی دەدات. لە بەیانیاندا لەسەر وێنە جێگیردەبم، دواتر ڕێگە دەدەم شەو تێپەڕببێت. گەشتیارێک بووم لە ژێر پێی زەوییە زیادکراوەکان، بۆ ئەوەی وێنە و ڕووبەڕووبوونەوەکانی و ئەوەی دێنە ناوی بگێڕمەوە، لەکاتێک لە کاتەکان نووسیبووم: بۆ درککردن بەم جۆرە هەستە، گەشتکردن کاتێکی تایبەتە. بەتایبەت کاتێک گەشتکردن بە پێ دەبێت و ئێمە هیچ شتێک نازانین. کاتێک گەنج بووم، هەستم بە تاوان دەکرد، کە هیچ شتێک نازانم. بۆ نموونە لە بیران و سلۆڤینیا. دواتر بۆم دەرکەوت، چەند باشە هیچ شتێک نەزانم و تێبینی هەموو شتە بچووکەکانی کەناری بیران نەکەم، کە لە ڕاستیشدا شتی گەورە بوون.
ئێستا، کە بووم بە حەفتا ساڵ، زۆر زیاتر دەزانم. ئاشنای دارەکانم، وەلێ بەباشی گوڵ ناناسم، بەتایبەتی گوڵی چێنراو. بەردەکان دەناسم، دەتوانم هەست بە ئاوازەکانی ژێر زەویش بکەم. هەندێک جار، حەزدەکەم کەمتر لەوە بزانم کە دەیزانم.
دووبارە ڕۆحی منداڵی دەدۆزیتەوە.
هاندکە:- بەڵێ، بەڵام لەهەمان کاتیشدا، ئەو ساڵانەی کە ژیاوم، میوزیک هاوەڵ بووە. چەند ئارەزوومە؛ ئەو ئەزموونە، ئەو مەعریفە، ئەو ماددە تا مردنم بپارێزم. ئەو میوزیکەی لەسەردەمی کۆنە؛ لە پەیوەندیدایە لەگەڵ سەردەمی ئێستا و هەندێک جاریش گریان لەگەڵ خۆی ڕاپێچ دەکات شتێکی ناوازەیە، بەڵام زیاد لە پێویست بزانیت و بیربکەینەوە و قسە بکەین، هیچ سەرنجڕاکێش نییە. دەبێت بە جۆرێک بنووسین، وەک ئەوەی هیچ نەزانین و هێشتا مرۆڤایەتی لەسەروبەندابێت.
وەک دووبارە دۆزینەوەی جیهان.
هاندکە:- بەڵێ، هەر ئەمەشە لە ئیپیکی سەددەکانی ناوەڕاست ڕوویداوە.
ئایا بەلای تۆوە، نووسین سەرکەشییە؟
هاندکە:- لەگەڵ شعر و ڕۆمان، بەڵێ. بەڵام نەک لەگەڵ هەموو جۆرە نووسینێک، نەک ئەو ڕۆمانانەی کە جگە لەوەی ببێتە پڕ فرۆشترین هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە. مەبەسەتم لە ڕۆمانێکە کە لە ناخەوە هەڵقوڵا بێت، تێگەشتنێک جگە لە ڕای مرۆڤ، شتی دیکە لە خۆ بگرێت. وەختێ ڕۆمانی ڕاستەقینە: ئەو ئەندێشەیەی لە ڕابردوو، لە ئێستادا، لە داهاتوو ڕوویداوە و ڕوودەدات و پیشانی دەدات، ئەمە خۆی بۆ خۆی بەخششە. ئەمە شەرعییەتی نووسینە، کە ئەمڕۆ پەیڕەو ناکرێت. ئێمە هەموو شتێک تێکەڵ و پێکەڵ دەکەین. کاتێک سەرکەشییەک دەدۆزینەوە، دەتوانین لە چیرۆکێکدا، لە ڕووبەڕووبونەوەدا، لە بەفردا، لە با-دا، لە بوونەوەردا، لە کۆتا نیگادا، لە خۆشەویستیدا بەقووڵی هەڵی بکۆڵین و باسی لێوە بکەین. من بڕوام بە پێشەنگی و نوێکردنەوە نییە، بەڵام بڕوام بەو جووڵە هەیە، کە لە گلگامشەو بۆ هۆمیرۆس و بۆ تۆڵستۆی و بۆ من کات دەبڕێت. ( پێکەنین).
شوێنی ئەو سەرکەشییەی وێنە جێگەی دەگرێتەوە چییە؟ کارئەکتەری سەرەکی ڕۆمانی ” لەدەستدانی وێنە” نەک هەر پیشەکەی بەڵکە ژیانیشی ڕێکخست، بوونی وەک ” شازادە خاتوونێک” موتوربەیە بەو وێنەیەی لەپڕێکدا خۆی دەردەخات. لە چارەنووسێکدا دەژی، کە دەبوایە بە هەموو واتایەکی وشە وێنە بوایە، بۆ خۆشی دەژیا”. ئایا تۆ لەم کەسایەتییە دەچی؟
هاندکە: کاتێک وێنەکە لەناوەوەمدا خۆی دەردەخات، وەکو توخمێک لە توخمەکانی بوون هەستی پێدەکەم، نەک وەک توخمێک لە توخمەکانی کەسی. لەوانەیە ئەم هەستە شێوەیەک بێت لە شێوەکانی خۆبەزلزانین و بۆچوونی بەتاڵ، وەلێ وێنەکە گەردوونی دیارە. هەر ئەمەشە بە ئامانجی گێڕانەوەی مرۆ، وزە و توانای گەڕانی بەردەوامم پێ دەبەخشێ. لەهەمان کاتیشدا خرۆشییە کە بژیم و خۆشەویستی بکەم و کاربکەم. ئەوەی لە ” لەدەستدانی وێنە”یەکدا دەیگێڕمەوە، لە کاتێک لە کاتەکان هەستم پێکردووە: ئەو وێنەیەی لە ناخمدا هەبوو، لەلێواری هەڵوەرین و زەردبووندا بوو. ئەو وێنەیەی دەرەوە کە بەدرێژایی ڕۆژ گولـلە ڕێژمان دەکات، سەر بەرەو لەناوبردنی وێنەی ناوەوە دەکێشێت. دەکرێت ئەمە بگەڕێتەوە بۆ سەرەتایی پیر بوون. هەرچۆنێک بێت، هەستمکرد ئەو وێنەیەی بۆم دەردەکەوێت هەمان بروسکەی کۆنی نییە، ئەمەش وەک شۆکێک بوو بۆم. بۆیە نەهامەتی ئەو وێنەیەی لە مرۆدا نامێنێت، نووسیم و گێڕامەوە.
ئەو وێنەیە بینراو نەبوو؟
هاندکە: هەر بە سروشتی خۆی وانەبوو. نوێنەرایەتی ئەوی دی دەکات. من، خۆم و ئەویتر پێکەوە دەبینم، ئەمە وێنەیە بەلای منەوە.
ئێمە لەڕێگەی سێگۆشەکەوە پەی بەوە دەبەین: سروشت، من، ئەوی دی. ئەگەر یەکێک لە سوچەکانی سێگۆشەکە نەمێنێ؛ ئەوا هەموو شتێک لەکار دەکەوێت. هەر ئەمەشە وام لێدەکات پیادەڕۆی بکەم.
وەرز و کەسایەتییەکان و ڕووبەڕووبونەوەکان و پارچەبوون و ڕکابەریم لەپێشە، ئەمەیە ژیانی نووسەر. خوودی خۆمان سەرسام دەبین بەوەی ڕوودەدات. ئێمە دەتوانین ئەوەی لە ژیاندا نایدۆزینەوە، لە نووسیندا بیدۆزینەوە، چوون هەمیشە لەژیاندا؛ ژیان لەدەست دەدەین. هەر بۆیە ئێمە دەربارەی کاتی لەدەستچوو نادوێین، بەڵکە دەربارەی ژیانێکی لەدەستچوو دەدوێین. ئەمەش شتێکی بە ئازارە. بەلامەوە نووسین، ژیانی چڕ و لە پێشینەیە. هەموو ڕستەیەک گەواهی لەسەر بوون دەدەن؟ نا هەموو ڕستەیەک نا. گرنگە هەندێک جار ڕستەیەکی بێ بەها بدۆزینەوە، پێویستە تەنها لەسەر ئاواز بێت، چوون ئاواز مانا لەخۆ دەگرێت. ئەگەر خوێنەری بەلزاک بووبێتی، ئەوا تێبینی دەکەیت هەموو ڕستەیەک پڕ لە وێنە و ووردەکارییە. تەنانەت هەندێک جار، تووشی هەناسەبڕکێ دەبیت. هەموو ڕستەیەک لەلای بەلزاک، لەو چەکووشە دەچێت کە بەردەوام بۆجێگیرکردنی وێنەکە، دەکێشێ بە بزمارەکەدا. کاتێک کار دەکەم، تێبینی ئەوە دەکەم پێویستم بە بزمار نییە تاوەکو وێنەیەک دابکوتم، بەڵکە دەبێت چڕتر ببمەوە. زیاتر وشەکان بەیەکەوە موتوربە بکەم. هەرچەندە لە چیرۆکەکانی چیخۆف هیچ شتێک ڕوونادات، دەتوانین لەڕێگەی ئاوازەکەو بزانین شتێک لەوەدایە ڕووبدات. هەست بە هەموو شتێک دەکەین.
گەڕانت گەڕانە بۆ ئەوانی دیکە، هەروەک ژنەکەی ” لەدەستدانی وێنە”.
هاندکە: ئەمە وەهمە، بەڵام دەکرێت هەندێک جار ڕووبدات. هەموو شتێک وەهمە. هەندێک جار خۆمان دەبینینەوە کە لەلایەن کەسانی دیکەوە هاککراوین، بەڵام هەمیشە بەباشترین شێوە نا. وا پیر دەبم، مانای جوانیناسی بەلامەوە بووە بە دیاردەیەکی نەخۆشی. کاتێک بەدرێژایی ڕۆژ لە ماڵەوە دەبم یان لە دارستان، ئێوارانیش کاتێ سواری شەمەندەفەر دەبم، وەکو هونەرمەندێکی وابەستە بە جوانی، لەگەڵ هەموو دەنگ و سیمایەک ئاوێتە دەبم. یان بەلایەنی کەمەوە هەمیشە نا. ئەمما کار و ئاواز و وشەکان شوێنیان لەسەر جێ هێشتووم. وەختێک لە ئاوازەکان ووردنابینەوە، خۆمان بۆخوود و دەروونی هونەرمەندێکی گەمژەی عاشق بە جوانی، بەدەستەوە دەدەین. وای بۆ دەچم ” وشەی گەمژە” بۆ ئێرە بەجێیە.
گرنگی بە کەسانی دیکە دەدەی؟
هاندکە: نوسەرێکی نەمساوی هەیە بەناوی هایمیتۆ ڤۆن دۆدرێر. باشترین ڕۆمانەکانی نیوەی یەکەمی سەددەی بیستەمی نووسیوە. ئەوانیش :” شەیتانەکان، ڕێگای شترۆدڵهۆڤ، کەوتنە شێنەییەکان”، خەڵکی بەلاوە گرنگ نەبوو. وەک ئەوەی پەیوەندی بە کاریگەری ئاڵوگۆڕکردنەوە هەبێت، ڕێگەی پێ دان وەژوور بکەون. توانی لەڕێگەی پەسەندکردنی وێنەکان، شێوەکان و خەڵکی، زیاتر لە جاران کارەکتەری سەرنجڕاکێش دروست بکات. بەم شێوەیە بوو بە سەربازی مرۆ. ئەمەش پیشەیە. هەندێک جار پێویستە بەبێ بوونی ئاڕاستەیەکی دیاریکراو بڕۆین، بەڵام بەڕێگایەکی ڕێک و ڕەوان تا بگەین بە شوێنێک . ئەمە شتێکی زۆر گرنگە. لەڕاستیدا. بنەمایەک کە جڵەوی نووسەر بکات، نییە.
بەشێوەیەک لە شێوەکان، تێڕامانت بۆ “بوون” ڕەشبینانەیە. لەهەریەک لە ” کالی، لەدەستدانی وێنە”، وێنەی دوای جەنگی سێیەمی جیهانی دەکێشیت.
هاندکە: نە ڕەشبین نە تراژیدیم. لە هەندێک کاتدا، خۆم دەبینمەوە کە لەلایەن ئەوانەی لە مێژوویی مرۆڤایەتیدا تراژیدی بوون، هاککراوم. بە خۆم دەڵێم، سەردەمەکان سەردەمی ڕەشییەکی گشتگیرە. کاتێک ڕۆ دەچم لە کاردا، ڕەنگەکان دەگۆڕێن و زیندووییەک دەردەکەون، هەریەک لەم دەرکەوتنانەش لەگەڵ ئەوی دی دەجەنگێت. جەنگێکی دادپەروەرانەیە لەنێوان تاریکی و ڕووناکی. واشی بۆ دەچم تێڕامانی ڕەشییەکی گشتگیر بوونی هەیە، جگە لەوەی نەگەشتووم بە “بەدیهێنانی”. بەو مانایەی لەلایەن هونەرمەند سیزان هەیە؛ وێنەی بەدیهێناوە و بەدی دەهێنێت. من ئەم ئاوازەم لە نووسیندا نییە. کاتێک لە ” لەدەستدانی وێنە” دا پەسنی شارستانییەکی تووند و تیژ و بێ ڕێسا و یاسا و وێنە کە هیچ شتێکی تێدا نییە، دەکەم. ئەم هەموو توانایە وایلێکردم لە ” سیارا گرادۆس” شوێنێکی دیکە بەناوی ” لائەندریا”، کە خەڵکی وەکو گەمژەیەک و پڕ ویست لێیەوە دێت، دروست بکەم. لێرەدا، شتەکە پەیوەندی بە ڕۆمانە نەک ناوەڕۆک کە بتوانین بڵێین: ئەمە دەکرێت، چوون لەم سەردەمەماندا چەمکی زۆر هەن.
تۆ لە مێژووی باو باپیرانتەوە، بەردەوام لە تراژیدیادا چاڵ هەڵدەکەنی. ئەو گەلە سلۆڤینییەی لە شانۆیی “ڕەشەبایی هەمیشەیی” بەرزی دەنرخێنی.
هاندکە:- گەلی سلۆڤینی لە کۆرانثی دژی تراژیدیا بوون. کەچی خۆشیان قوربانی تراژیدیا بوون. ئەوەی لە جەنگی دووەمی جیهانی بەسەر سلۆڤینییەکاندا هات، کارەساتێکی جیهانی بوو. لەلایەن ڕایخی سێیەمەوە بوون بە یەکێک لە گەلە نەفرەتلێکراوەکان. ناچارکران بە زمانی خۆیان گۆ نەکەن. ئەوکات ئیتر ئەو جووڵە بەرەنگارییەی بەدرێژایی پێنج سەددە لە مێژووی سلۆڤینی نەبوو، دەرکەوت. سلۆڤینییەکان شارەزای هونەری جەنگی نەبوون. لە سوپای نازییەکان ڕایانکرد و خۆیان لە دراستانەوە گرتەوە. لەناو بەفردا دەجەنگان. ئەو شێوازەی ژیان، هەرخۆی تراژیدیا بوو. زۆر بەداخەوەم کە شانۆییەکە وەکو سەردەمی ئۆنایڵ و لوتینیسی ویلیامز و ئارثەر مۆڵەر نەبوو.
سهرچاوه؛
WWW.nizwa.com
وەرگێڕان : مەدینە ئەحمەد