هەرچەندە زۆر کەس لەبارەی جەنگی ڤێتنامەوە دەزانن، بەڵام زۆر کەمتر “هۆ چی مین” دەناسن، ئەو پیاوەی کە سەرکردایەتی ڤێتنامی باکووری کردووە و هەوڵیدا ڤێتنام لە ژێر کۆمۆنیزمدا یەکبخاتەوە.
دوای جەنگی جیهانی دووەم، شکستی ژاپۆن ڤێتنامی گەڕاندەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی فەرەنسا. بەڵام زۆرێک لە ڤێتنامییەکان ئامادە بوون بۆ خەبات بۆ سەربەخۆیی. لە ساڵی ١٩٥٤ فەرەنسییەکان شکستیان هێنا و ڤێتنامی سەربەخۆش دابەش بوو بۆ دوو بەرە؛ باکوورێکی هاوپەیمانی کۆمۆنیست و باشوورێکی ناکۆمۆنیست. لە باکوری ڤێتنام پاڵەوانێکی کۆمۆنیستی ئینگلیزی زمانزان بە ناوی “هۆچی مین” بوو بە سەرۆکی دەوڵەت. لە کۆتاییەکانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو تا کۆچی دوایی لە ساڵی ١٩٦٩، “هۆ چی مین” سەرکردایەتی جەنگێکی کرد بۆ یەکخستنەوەی ڤێتنام لە ژێر دەسەڵاتی کۆمۆنیستەکاندا. دوای سەرکەوتنی ڤێتنامی باکوور بەسەر ڤێتنامی باشوور لە ساڵی ١٩٧٥، پایتەختی پێشووی ڤێتنامی باشوور، سایگۆن، ناوی گۆڕدرا بۆ شاری هۆ چی مین. بەردەوام بن لە خوێندنەوە بۆ سەیرکردنی ئەو پیاوەی کە میراتەکەی لە کۆتاییدا سەرکەوتنی لە سیاسەتی دەرەوە بەسەر ئەمریکادا بەدەستهێنا.
“لە سەرەتادا؛ هۆچی مین و کۆمۆنیزم”
“هۆ چی مین” لەدایکبوو بە ناوی “نگوین سین کونگ” لە ساڵی ١٨٩٠، لە ساڵی ١٩١٢دا لە گەنجیدا چووە فەرەنسا – فەرمانڕەوای ئیستیعماریی ڤێتنام. لە جەنگی جیهانی یەکەمدا لە هەردوو وڵاتی لەندەن و ئەمریکا ژیاوە لەکاتێکدا لەناو کەشتییە بارهەڵگرەکاندا کاردەکات کە لەنێوان بەریتانیا و ئەمریکا کە بۆ فەرەنسادا گەشتیان دەکرد. لە ئەمریکا پێدەچێت “هۆ چی مین” بۆ ماوەیەکی کورت لە بۆستن دەژیا لەکاتێکدا کاری چێشتلێنەری دەکرد. کاتێک جەنگی جیهانی یەکەم کۆتایی هات، هۆ گەڕایەوە بۆ فەرەنسا و بوو بە یەکێک لە ئەندامانی دامەزرێنەری پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسی. بۆ چەند ساڵی داهاتوو لەگەڵ دەربەدەرە تووندڕەوەکانی دیکەی ئیستیعماری باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیای فەرەنسا کاری دەکرد پێش ئەوەی گەشت بکات بۆ مۆسکۆ.
لە مۆسکۆ، “هۆ چی مین” چاوی بە ڤلادیمێر لینین، سەرکردەی یەکێتی سۆڤیەت و ئەو کەسە کەوت کە لە ساڵی ١٩١٧ شۆڕشی بەلشەفییەکانی هەڵگیرساندبوو، بۆ ماوەی چەند ساڵێک هۆ لە چین بە ناوی یەکێتی سۆڤیەت کار دەکات پێش ئەوەی بگەڕێتەوە مۆسکۆ. دواتر گەشتێکی کرد بۆ هۆنگ کۆنگ بۆ ئەوەی پارتێکی کۆمۆنیستی بۆ ناڕازییەکانی ڤێتنام لە شاری ئیستیعماری بەریتانیا دابمەزرێنێت. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1931 دەستبەسەر و زیندانی کرا. حاکمی بەریتانی لە هۆنگ کۆنگ هۆچی مینی بە یەکێک لە “مەترسیدارترین بریکارەکانی مۆسکۆ لە ڕۆژهەڵاتی دوور” وەسف کرد لەگەڵ دەربەدەرکردنی هۆ لە شارەکە لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٣٣. دوای گەڕانەوەی بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لەوێ بەشداری لە حەوتەمین کۆنگرەی Comintern (Communist International) کرد لە ساڵی ١٩٣٥. هۆ لە ساڵی ١٩٣٨ گەشتێکی بۆ چین کردووە و وەک ڕاهێنەری شەڕی گەریلا کاری کردووە.
“لە سەرەتادا؛ هیندۆچینی فەرەنسی”
پێگەی ڤێتنام وەک ئیستیعماری فەرەنسی کاریگەری قووڵی لەسەر گەشەی سیاسی “هۆ چی مین” هەبوو. دوای جەنگی جیهانی یەکەم، “وودرو ویلسۆن”، سەرۆکی ئەمریکا گەشتێکی کرد بۆ پاریس بۆ داکۆکیکردن لە هاوکاری و ئاشتی نێودەوڵەتی. یەکێک لە چواردە خاڵەکەی ویڵسن بریتی بوو لە ئازادی و سەربەخۆیی بۆ پۆڵەندا و مافی چارەی خۆنووسین بۆ هەموو مرۆڤەکان. ئەمەش ئیلهامبەخش بوو بۆ زۆرێک لەو کەسانەی کە لە ئیستیعماری ئەوروپا لە ئەفریقا و ئاسیا دەژین کە داکۆکی لە سەربەخۆیی خۆیان بکەن. لە ساڵی ١٩١٩ هۆ چی مین نامەیەکی بۆ ڕۆبەرت لانسینگ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نووسی و داوای چاکسازی لە ئەندۆچینای فەرەنسی کرد. ئەم نامەیە دواتر بەسەر سۆسیالیستە فەرەنسییەکاندا دابەشکرا.
قووڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی “هۆچی مین” لەگەڵ کۆمۆنیزم لە نێوان کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم و ساڵانی ١٩٣٠دا زۆرجار پەیوەستە بە ئامانجەکەیەوە کە سەربەخۆیی ڤێتنام بوو. لە کاتێکدا لە چین لە کۆتاییەکانی بیستەکان و سەرەتای سییەکانی سەدەی ڕابردوودا، “هۆ” دەستی کرد بە داکۆکیکردن لە ڕووخاندنی فەرەنسییەکان لە ڤێتنام، دواتر دابەشکردنەوەی زەوی بەسەر جووتیاراندا. لە ساڵی ١٩٤٠ جەنگی جیهانی دووەم دەرفەتێکی هێنایە ئاراوە؛ فەرەنسا دوای لەشکرکێشییەکی لەناکاوی ئەڵمانیای نازی بە خێرایی شکستی هێنا. ژاپۆن، هاوپەیمانی ئەڵمانیای لە زەریای هێمن، بە شێوەیەکی کاریگەر دەستی بەسەر ئەندۆچینای فەرەنسیدا گرت دوای هەندێک دانوستانی گرژ لەگەڵ ڤیچی فەرەنسا. لەگەڵ ئەوەی فەرەنسا وەک زلهێزێکی جیهانی بە شێوەیەکی کاریگەر لەناوچوو، ئایا کاتی ئەوە پێگەیشتبوو کە ئیستیعماری سەربەخۆیی ڕابگەیەنن؟
“هۆ چی مین شەڕ لەگەڵ ژاپۆنییەکان دەکات”
لە ساڵی ١٩٤١ “هۆ چی مین” بزووتنەوەی سەربەخۆیی (ڤێت مین)ی لە دژی ژاپۆنییەکان لە ڤێتنام پێکهێنا. لە ساڵی ١٩٣٩ەوە، ناوە بەناوبانگەکەی ئێستای خۆی وەرگرتووە کە بە واتای “ئەو کەسەی کە ڕۆشنگەری دەکات” دێت. ساڵی دواتر گەڕایەوە بۆ ناوچەی سنووری باکووری ڤێتنام کە بە فەرمی لەلایەن ڤیچی فەرەنساوە کۆنترۆڵکرابوو بەڵام تاڕادەیەکی زۆر لەلایەن ژاپۆنی ئیمپراتۆرییەوە زاڵ بوو. هەرچەندە ئەڵمانیای نازی لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٤٢دا شاری ڤیچی فەرەنسای هەڵوەشاندەوە، بەڵام ئیدارەی ئیستیعماری ئەو وڵاتە هەر مابووەوە. بەڵام لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٤٥دا ژاپۆن لەناکاو کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی ڤێتنامی کرد و سەرکردەی ئیستیعماری فەرەنسای ڕووخاند. ئەمریکا کە لە ئێستادا جەنگی هەبوو لەگەڵ ژاپۆن، ئێستا دەبوو لەگەڵ ڤێتنامییەکان لە دژی ژاپۆنییەکان کار بکات لەبری ئەوەی تەنیا پشت بە فەرەنسییەکان ببەستێت. یەکێک لەو سەرکردانەی کە ئەمەریکا پەیوەندی پێوەکرد “هۆچی مین” بوو، کە یارمەتی فڕۆکەوانێکی ئەمریکی دابوو لە خاکی ژاپۆنی هەڵبێت و بچێتە ناو چینی هاوپەیمانانەوە. لە ساڵی ١٩٤٤، هۆ یارمەتی ئۆفیسی خزمەتگوزارییە ستراتیجیەکان (OSS) دەدا بە پێدانی زانیاری لەسەر کەش و هەوا و باری سەربازە ژاپۆنییەکان، وە لە بەرامبەردا (OSS) ڤێت مینی ڕادەهێنا و بۆ شەڕکردن لەگەڵ ژاپۆنییەکان. لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٤٥دا دوو بۆمبە ئەتۆمییەکە فڕێدرانە سەر ژاپۆن و کۆتایی بە جەنگەکە هێنا پێش ئەوەی ڤێت مین شەڕ ببینێت. تا کۆتایی مانگەکە ڤێت مین بۆشایی دەسەڵاتی لە ڤێتنام پڕکردەوە. لە ٢ی ئەیلوولی ١٩٤٥، ئەو ڕۆژەی کە ژاپۆن بە فەرمی خۆی ڕادەست کرد و کۆتایی بە جەنگی جیهانی دووەم هێنا، هۆ چی مین بە ئاشکرا ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ڤێتنامی خوێندەوە.
“یەکەمین جەنگی ئیندۆچینی و هۆ چی مین”
بەڵام فەرەنسا ئامادە نەبوو دەستبەرداری ئیستیعمارەکانی بێت و ئەمریکا و بەریتانیا کۆنترۆڵی فەرمی ڤێتنامیان ڕادەستی فەڕەنسا کردەوە. “هۆ چی مین” داوای لە “هاری ئێس ترومان”، سەرۆکی ئەمریکا کرد بۆ داننان بە سەربەخۆیی ڤێتنام لە دوای دروستبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان. بەڵام نامەکەی ساڵی ١٩٤٦ پشتگوێ خراو ئەمریکا لە کاتی پەرەسەندنی جەنگی یەکەمی هیندۆچین لە نێوان ڤێت مین و فەرەنسا بێلایەن بوو. لە ساڵی ١٩٥٠ ترومان لە ترسی بڵاوبوونەوەی کۆمۆنیزم بڕیاریدا پشتیوانی فەرەنسا بکات لە شەڕەکەدا. جەنگی کۆریا بەردەوام بوو و ترسی سووری دووەم لە ماڵەوە لە دروستبوون دا بوو.
لە کاتێکدا ئەمریکا پاڵپشتی فەرەنسای دەکرد، ڤێت مین لەلایەن چینی “سوور” (وەک ئەو کاتە ناسرابوو) و یەکێتی سۆڤیەت پشتیوانی دەکرا. تا ساڵی ١٩٥٣ فەرەنسییەکان خەریک بوو زەمینەیان لە ململانێکان لەدەست دەدا و خەباتیان دەکرد بۆ ئەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ دۆزی خۆیان بپارێزن. لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٥٣دا، کۆتا ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان ڤێت مین و فەرەنسییەکان دەستیپێکرد. فەرەنسییەکان باشترین هێزەکانیان لە دین بیەن فۆ جێگیر کرد، ڕەنگە بەو هیوایەی “ڤێت مین” ڕابکێشن بۆ ناو تەڵەیەک. بەڵام فەرەنسییەکان لەبری ئەوەی سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە بەدەستبهێنن کە ڕێگەیان پێبدات لە پێگەیەکی بەهێزەوە دانوستان بکەن، دوای گەمارۆدانی چوار مانگە شکستیان هێنا. دوای ڕووخانی دین بیێن فۆ لە ٧ی ئایاری ١٩٥٤، فەرەنسییەکان ڤێتنامیان بەجێهێشت.
“ڕێککەوتنەکانی جنێڤ لە ساڵی ١٩٥٤”
لەو هاوینەدا، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە جنێڤی پایتەختی سویسرا بەڕێوەچوو بۆ دیاریکردنی دۆخی ڤێتنام دوای جەنگ. کۆنفرانسی جنێڤ کە ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتی لەخۆگرتبوو، “هۆ چی مین” وەک سەرۆکی ڤێت مین ئامادەی بوو. لە کۆنفرانسەکەدا “هۆ چی مین”ی سوپاسی نوێنەرانی چین و یەکێتی سۆڤیەت کرد بۆ هاوکاریکردنیان لە کاتی جەنگی یەکەمی هیندۆچین بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ڤێتنام. لە ٢١ی تەمموزی ١٩٥٤ بڕیاردرا سەبارەت بە خاکەکانی ئەندۆچینای فەرەنسی کە ڤێتنام و لائۆس و کەمبۆدیای لەخۆگرتبوو. هاوشێوەی کۆریای دوای جەنگی جیهانی دووەم، وڵاتی ڤێتنام بۆ نیوە دابەش بوو، نیوەی باکوور بۆ کۆمۆنیستەکان دروستکرا و نیوەی باشوور بۆ ئەوانەی دژایەتی کۆمۆنیزمن، دروستکرا. لە ساڵی ١٩٥٦ هەڵبژاردن بۆ یەکخستنەوەی وڵات لە ژێر یەک سیستەمی حوکمڕانیدا ئەنجام دەدرا. وەک سەرۆکی ڤێت مین کە کۆلۆنیالیستە فەرەنسییەکانی شکست پێهێنابوو، بە شێوەیەکی مەجازی گەرەنتی ئەوە بوو کە هۆ چی مین لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٥٦دا سەربکەوێت. ڤێتنامی باشوور بە پشتیوانی ئەمریکا، ڕەتیکردەوە هەڵبژاردنی تەمموزی ١٩٥٦ ئەنجام بدات وەک پلانی بۆ دانرابوو، بەو پێیەی ڕێککەوتنەکانی جنێڤ پابەند نین بەو پێیەی نە ڤێتنام باشوور و نە ئەمریکا واژۆیان نەکردووە. سەرکردەی ڤێتنام باشوور، نگۆ دین دیێم، ڕەتیکردەوە چاکسازییەکانی زەوی جێبەجێ بکات کە جووتیاران ئارەزووییان دەکرد و بەمجۆرە جیاوازییەکی دیار بوو لەگەڵ هۆ چی مین.
“هۆچی مین وەک سەرکردەی ڤێتنامی باکوور”
وەک سەرکردەی ڤێتنامی باکوور، “هۆچی مین” دەستی کرد بە ڕێوشوێنی کۆمۆنیستی نەریتی وەک چاکسازی لە زەوی و بەکۆمەڵکردن. ڕەخنەگران حکومەتی مینیان بە سەرکوتکردنی تووند تۆمەتبار کرد، هاوشێوەی ئەوانەی جۆزێف ستالین لە یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵانی ١٩٣٠دا ئەنجامیاندا. بە پێچەوانەی ڤێتنامی باشوور، ڤێتنامی باکوور لە سەردەمی “هۆ چی مین”دا سەرکردایەتییەکی بەهێز و یەکگرتووی هەبوو، لە کاتێکدا ئەو هاووڵاتییانەی کە ڕەنگە دڵسۆزی کۆمۆنیستێکی تەواویان نیشان نەدابێت سزادرابێن، هۆ پاکتاوکردنی لە دژی سەرکردەکانی حکومەتەکەی خۆی ئەنجام نەدەدا. ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ پاراستنی پشتیوانی دڵسۆز تەنانەت لە کاتی سەختییەکانی جەنگی ڤێتنام. لە سەرەتای شەستەکاندا ڤێتنامی باکوور دەستی کرد بە گرنگیدان بە پیشەسازی نەک تەنها چاکسازی کشتووکاڵی و زەوی. هۆچی مین کە لەلایەن مەکتەبی سیاسی هاوڕێی سەرکردە کۆمۆنیستەکانەوە دەوردرابوو، ناوەندگەرایی بوو (لەناو سەرکردایەتی کۆمۆنیستەکاندا) کە لە هیچ بوارێکی سیاسەتدا بە شێوەیەکی تایبەت بە شەڕانگێز هەژمار نەدەکرا. زۆربەی سەرکردایەتی ڕۆژانەی ڤێتنام باکووری ڕادەستی مەکتەبی سیاسی کرد و لە هەمان کاتدا وەک سەرۆکی فەرمی دەوڵەت مابووەوە. لە ئەنجامدا هۆ توانی زیاتر سەرنجی لەسەر سیاسەتی دەرەوە و پاراستنی پشتیوانی دەوڵەتی سۆسیالیستی بێت بۆ بەردەوامی ململانێ دژی ڤێتنام باشوور.
“هۆ چی مین” و ڤێتنامی باکوور زۆر پشتیان بە هاوکارییەکانی چین و یەکێتی سۆڤیەت بەستبوو، بەڵام پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاک بە تاکی سەرکردە کۆمۆنیستەکان پڕ بوو لە گرژی. جۆزێف ستالین، دیکتاتۆری یەکێتی سۆڤیەت لە کاتی جەنگی یەکەمی هیندۆچین، گوایە هیچ هەوادارێکی هۆ نەبووە. پەیوەندییەکان لە ساڵی ١٩٦٠ەوە لەگەڵ دابەشبوونی چین و سۆڤیەتدا ئاڵۆزتر بوون، هۆ چی مین هەوڵیدا پەیوەندییەکی باش لەگەڵ هەردوو زلهێزەکەدا بپارێزێت. سەرەڕای هەندێک بێزاری لەلایەن چینەوە بەهۆی بەردەوامی ستایشکردنی ڤێتنام باکوور بۆ یەکێتی سۆڤیەت، پشتگیری بەردەوام بوو و ڕەخنە لە حکومەتی هۆ ڕێگەپێنەدراوبوو. لە ساڵی ١٩٦٤ نیکیتا کروشچێف، سەرۆک وەزیرانی سۆڤیەت کە جێگەی ستالین گرتبووەوە، خۆی لە دەسەڵات دوورخرایەوە. ئەمەش گرژییە سیاسییەکانی کەمکردەوە کە ڕووبەڕووی هۆشی مینی بووەوە، چونکە لیبرالیزمی ڕێژەیی “کروشچێف” بە بەراورد لەگەڵ ستالین کاریگەری لەسەر دابەشبوونی چین و سۆڤیەت هەبوو. ئیدارەی هۆ بە خێرایی هەنگاوی نا بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ بۆ ئەوەی یارمەتی سەربازی زیاتر بۆ شەڕی ڤێتنام کە بەردەوامە، کۆبکاتەوە. لە هەمان کاتدا ڤێتنامی باکوور پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ چین پاراست، بەتایبەتی بۆ یارمەتییەکانی پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری. هەرچەندە ئەو دووانە هەرگیز یەکتریان نەبینیوە، بەڵام هۆچیمین پەیوەندییەکی گەرمی لەگەڵ فیدڵ کاسترۆ، سەکردەی کۆمۆنیستی کوبادا هەبووە. هەردوو ڤێتنامی باکوور و کوبا هەستیان بە هاودەنگی کرد لە تەحەدای ئەمریکا، هەروەها دەوڵەتی بچووکی سۆسیالیستی بوون کە پشتیان بە نیازپاکی یەکێتی سۆڤیەت بەستووە.
“هۆ چی مین و ئەمریکا”
ڕەنگە زۆرێک لە ئەمریکییەکان وا بیربکەنەوە کە سەرکردە کۆمۆنیستەکان بە تەواوی لە کولتووری ئەمریکی دوور کەوتوونەتەوە و پڕن لە سووکایەتی و بێڕێزیکردن بە هەموو ئەو چەمکانەی کە لە ئەمریکادا ڕێزیان لێدەگیرێت. به ڵام “هۆ چی مین” هه واداری زۆرێک لە سەرکەوتنه مێژووییهکانی ئه مریکا بوو، به تایبه تی شه ڕی سه ربه خۆیی له دژی به ڕیتانیا. لە هەردوو ساڵی ١٩١٩ و ١٩٤٦دا هۆ دەستی بۆ سەرۆکێکی ئەمریکا درێژ کرد بۆ پشتیوانیکردن لە سەربەخۆیی ڤێتنام بەڵام پشتگوێ خرا. هەندێک لە مێژوونووسان پێیان وایە، لە ئەنجامدا هۆ بۆ پشتیوانی ڕووی لە دەوڵەتە کۆمۆنیستەکان کردووە بەڵام ئەگەرنا کۆمۆنیستێکی سەرسەخت نەبووە. لە ساڵی ١٩٦٩ و کەمێک پێش مردنی، “هۆ چی مین” وەڵامی نامەیەکی دایەوە کە ڕیچارد نیکسۆنی سەرۆکی ئەمریکا بۆی نووسیبوو، کە تیایدا خەمباری خۆی تێیدا دەربڕی بۆ ئەو هەموو کوشتنەی کە لە ئێستادا ڕوودەدات لە کاتی شەڕی ڤێتنام کە بەردەوام بوو لەنێویاندا ژیانی ئەمریکییەکان. هۆ هەروەها ئاگاداری پشتگیرییە چەقبەستووەکانی گشتی ئەمریکا بوو بۆ جەنگی ڤێتنام، کە لە نامەیەکی ساڵی ١٩٦٧دا بۆ سەرۆکی ئەمریکا لیندۆن بی جۆنسۆن ئاماژەی پێکردووە. وەک کەسێکی یەکجارەکی دانیشتووی هەردوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا، هۆ چی مین دەیتوانی بە زمانی ئینگلیزی قسە بکات و بنووسێت. بەڵام بە پێچەوانەی فیدڵ کاسترۆی هاوڕێی زمانزانی ئینگلیزی، هۆ دوای ئەوەی بوو بە سەرکردەیەکی سیاسی، هەرگیز سەردانی ئەمریکای نەکرد.
“مردن و بەردەوامبوونی جەنگی ڤێتنام”
تەندروستی “هۆچی مین” لە ساڵانی شەستەکاندا دەستی بە خراپ بوون کرد، بەتایبەتی لە ساڵی ١٩٦٧. لە ٢ی ئەیلولی ١٩٦٩ بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد، کە بیست و چوارەمین ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ڤێتنام بوو. سەرەڕای ئەوەی ئارەزووی دەکرد تەرمەکەی بسووتێنرێت، بەڵام تەرمی هۆ لە گۆڕستانێکدا نمایشکرا، هاوشێوەی تەرمی شۆڕشگێڕی کۆمۆنیستی ڕەسەن ڤلادیمێر لینین. جەنگی ڤێتنام دوای مردنی هۆ بە کەمترین پچڕان بەردەوام بوو، کە پێدەچێت بەهۆی ئەو سەقامگیرییە بەهێزەوە بووبێت کە لە ئیدارەکەیدا پەروەردەی کردبوو. ئەمریکا لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٣ دوای ڕێککەوتنەکانی ئاشتی پاریس لە جەنگی ڤێتنام دەرچوو و یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی هۆشی مینی بەدیهێنا. دوای دوو ساڵ ڤێتنامی باکوور لە جەنگی ڤێتنامدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا بە گرتنی سایگۆن کە پایتەختی ڤێتنامی باشوور بوو. ڕووخانی سایگۆن لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٧٥ گورزێکی گەورە بوو لە ڕۆژئاوا و یەکێک بوو لە دوا فراوانبوونی کۆمۆنیزم. ناوی سایگۆن گۆڕدرا بۆ شاری هۆ چی مین وەک ڕێزێک بۆ سەرۆکی پێشووی ڤێتنامی باکوور کە شانازیی پێدەکرا کە میللەتەکەی بۆ سەرکەوتن لە شەڕە درێژخایەنەکەدا دامەزراند.
“میراتی هۆچی مین”
وەک کەسایەتییەکی مێژوویی، “هۆ چی مین” میراتێکی سەرنجڕاکێشی هەیە. بە شێوەیەکی تایبەت بەهۆی بۆچوونەکانی دژە کۆلۆنیالیزم و دژە ئیمپریالیزمەوە ستایشی دەکرێت، هەروەها ئامانجی بێ چەواشەکاری سەربەخۆیی بۆ ڤێتنام. زۆرجار زانیاری دروست سەبارەت بە ئەنجامی سیاسەتە ناوخۆییەکانی هۆ ئەستەمە، چونکە میراتی هۆ لەلایەن حکومەتی ڤێتنامەوە بە تووندی پارێزراوە. لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، هۆ چی مین بە کەمتر لە جۆزێف ستالینی یەکێتی سۆڤیەت یان ماو زیدۆنگی چین بە دڕندەتر سەیر دەکرا و زیاتر سەرنجی لەسەر باشترکردنی بارودۆخی وڵاتەکەی بوو نەک پابەندبوون بە ئایدۆلۆژیای سۆسیالیستی توند. لە ناوخۆدا زۆرجار سەرکردەکە بە “مام هۆ” ناودەبراو وەک کەسایەتییەکی ژیر و ڕێنماییکار سەیر دەکرا.
هەرچەندە زۆرێک دان بەوەدا دەنێن کە ئیدارەی هۆچی مین لە کاتی چاکسازییەکانی زەویدا کردەوەی ترسناک و سەرکوتکردن و دڕندەیی ئەنجامداوە، بەڵام زۆرجار خودی هۆ بە ڕووناکییەکی هاوسۆزیتر دەبینرێت. هەروەها بە خۆڕاگری لە شەڕدا بەناوبانگە و لە ڕێگەی وتە بەناوبانگەکەیەوە لە ساڵی ١٩٤٦دا لە بیری هەموواندا دەمێنێتەوە کە دەڵێت، “دەتوانیت دە لە پیاوەکانم بکوژیت بۆ هەر کەسێک کە من لە تۆ دەکوژم. بەڵام تەنانەت لەو ئەگەرانەشدا تۆ دەدۆڕێیت و منیش سەردەکەوم”. و ئەوەش ڕاستە کە ڤێتنامی باکوور و هاوپەیمانەکانی گەریلای ڤێت کۆنگ نزیکەی دە هێندەی ئەمریکا لە جەنگی ڤێتنامدا کوژراون. زۆرێک لە ژیاننامەنووسان باس لەوە دەکەن کە هۆ چی مین بە کەسێکی ڕۆح سوک و زیرەک و قسەخۆشی ناسرابوو…بەڵام هەرچەندە دەیتوانی دڕندەیی بەکاربهێنێت بۆ دڵنیابوون لەوەی ئامانجە سیاسییەکانی وەدەستدەکەوێت.
سهرچاوه؛
https://www.thecollector.com/who-was-ho-chi-minh
وهرگێڕانی؛ ئهحمهد ڕێبوار