“پێشەکی”
بە سەرهەڵدانی داعش، قەزای شەنگال، شایەدی توندوو تیژییەکی بێوێنە بوو، کە لە ئاکامدا بووە هۆی هەزاران هاووڵاتی مەدەنی تێیدا گیانیان لە دەست بدەن و بە سەدان خەڵکی ئەم دەڤەرە بە تایبەتیش ئێزدییەکان وەک بارمتە گیران؛ لە ئەنجامدا ٢٨٠ هەزار کەس لە ئێستادا وەک ئاوارەی ناوخۆی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین، تەنانەت پێش ئەوەی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ دەست بەسەر شەنگال بگرێت، ئەم دەڤەرە ناوچەیەکی جێناکۆک و ململانێ لەسەر بووە لە نێوان هەر دوو حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
دەستووری ئێراق کە لە ساڵی ٢٠٠٥ دا بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی ئێراق (جیا لە ناوچە سووننەنشینەکان) پەسەندکرا، بەپێ مادەی ١٤٠، دەرفەتێک بوو بۆ چارەسەر کردنی ئیدیعا دووانەییەکانی ناوچە جێناکۆکەکان، بەڵام هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەت بەهێزترین توخمە پێکهێنەرەکەی (پارتی دیموکراتی کوردستان)، هەوڵی بێوەچانیدا بۆ دووبارە گەراندنەوەی ئەم ناوچانە بۆ سەر ئیدارەی هەرێمی کوردستان. هەر لەم سۆنگەیەشەوە، ئەم حزبە ئەم ناوچانە بە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەریمی کوردستان ناودەبات نەک ناوچە جێناکۆکەکان.
“تەوەری یەکەم؛ ڕێککەوتننامەی شەنگال”
لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، ڕێککەوتننامەی شەنگال لە نێوان حکومەتی فیدراڵی ئێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نوێنەرایەتی وەزیری ناوخۆی هەرێم، “ڕێبەر ئەحمەد” و جێگری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی ئێراق، حەمید رەشید فەلی بە پشتیوانی نەتەوە یەکگرتوەکان واژووکرا. ڕێکكەوتنەکە سێ پرس لە خۆ دەگرێت کە ئەوانیش پرسی کارگێڕی، ئاسایشی و ئاوەدانکردنەوەن.
پرسی کارگێڕی؛ بڕگەیەکی نوێ بۆ قەزای شەنگال هەڵدەبژێردرێت و پۆستە کارگێرییەکانی دیکەش لە لایەن لێژنەی هاوبەشەوە لەبەر چاو دەگیرێن کە لە لایەن هەردوو لایەنەوە پێکهێنراوە واتە حکومەتی هەریمی کوردستان وحکومەتی بەغدا.
پرسی ئاسایشی؛ پۆلیسی ناوخۆی و ئاسایشی نیشتیمانی و هەواڵگری بە تەنیا بەرپرسیارن لە ناوچەی شەنگال و لە دوورخستنەوەی هەموو گرووپە چەکدارەکانی دیکە؛ هەروەها دامەزراندنی ٢٥٠٠ کەس لە هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆ لە شهنگال. کە خەڵکی خودی ئەم ناوچەیە بن. ئەگەرچی تا ئێستا ١٥٠٠ کەس لە خەکی ئەم ناوچەیە وەک هێزی ئەمنی دامەزراون بەڵام ئەم ژمارەیە لە مووسڵ دەوام دەکەن نەک لە ناوچەی شهنگال. کە ئەمەش بە پێچەوانەی بڕگەکانی ئەم رێککەوتننامەیەیە. ئەم بڕگەیە واتە:- هەموو پرسێک کە پەیوهندی بە ئاسایشەوە هەیە دەکەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی ناوخۆی دوور لە هەر ڕۆڵیکی چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی و پەکەکە.
پرسی ئاوەدان کردنەوە: پێکهێنانی لێژنەیەکی هاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدان کردنەوەی شەنگال بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی ناوخۆی لە نەینەوا. هەروەها پێکهێنانی لێژنەیەکی مەیدانی هاوبەش بۆ بەدواداچوون بۆ جێبە جێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتننامەکە.
“تەوەری دووەم؛ کاریگەری ڕێککەوتننامەکە بۆ سەر ئەکتەرەکانی ناو دەڤەری شهنگال”
- حکومەتی فیدڕاڵی ئێراق:- ئەم ڕێککەوتنە لە ئەنجامی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی ئێراق مستەفا کازمی بۆ هەرێمی کوردستان بوو. مستەفا لەو بڕوایەدا بوو کە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێ پرسی شنگال چارەسەر بکرێت. بە دیوەکهی تردا ئەم روانگەیە وەک خاڵێکی چوونە ژوورەوە و جێگیر سەیر دەکرێت بۆ یەکلاکردنەوەی پەیوەندی نێوان بەغداد و هەولێر. هەروەها کازمی ئەم هەنگاووەی بە یارمەتیدەر هەژماردەکرد لە سنووردارکردنی کاریگەریی ئەکتەرە لاوەکییەکان لەسەر دەسەڵاتی دەوڵەت و حکومەت.
- هەرێمی کوردستان:- حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ئەرێنی و گەشبینانە سەیری ڕێککەوتنەکە دەکات، بەو پێیەی کە بەشدارە لە بنیاتنانەوە و بەهێزکردنی متمانە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، بەو مەرجەی کە هەنگاوی زیادتر بەدوایدا بێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو ناکۆکییەکان.
- ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا:- ئەمریکا پشتگیری لەم ڕێککەوتننامە دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەکانی کە بریتیە لە کۆنترۆڵی دەوڵەتی ناوەندی زیاتر دەکات و کاریگەریی ئێران لە باکووردا سنووردار دەبێت. هەروەها ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادی ئایینی، کە لە یەکەمی ئایاردا بڵاو کرایەوە، داوای لە ئەمریکا کرد کە کەناڵە دیپلۆماسیەکانی بەکار بینێت بۆ هاندانی بەغدا و هەولێر بۆ جێبەجێ کردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال. هەروەها لە مانگی حوزەیراندا، کونسولخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ دۆزینەوە و رزگار کردنی ٢٧٠٠ کچ و ژنە ئێزیدی و ئەو ئێراقیانەی کە لە لایەن داعشەوە بردرابوون.
- پارتی کرێکارانی کوردستان:- یەکەم ئامادەبوونی پارتی کرێکاران لە شەنگال و دەورو ەری لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ بوو؛ ئەمەش دوای کشانەوەی هێزی پێشمەرگە و کۆنترۆڵکردنی شارەکە لە لایەن داعشەوە. پەکەکە سوودی لە بۆشایی ئەمنی وەرگرت بۆ ئەوەی دەستبەجێ ژمارەیەک گرووپی چەکداری خۆبەخشە ئێزیدیەکان پێکبهێنن، وەک یەکینەکانی پاراستنی ژنان و یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال، کە بەپێی سەرچاوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو حزبانە پشتگیری لە حکومەتی ناوەندی وەردەگرن، بە تایبەت لە چەک و مووچە کە بۆیان دابین دەکرێت. بەپێی خەمڵاندنەکان هێزەکانی پاراستنی شەنگال (سنجار) لە دەوروبەری ٥٠٠٠ شەڕکەری ژن و پیاو دەبن.
- تورکیا:- لە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنامەی ئەدەنا لە نێوان حکومەتەکانی تورکیا و سوریا لە ساڵی ١٩٩٨، چەکدارانی پەکەکە لە کەمپەکانیانەوە لە خاکی سوریاوە ڕوویان لە ناوچەی قەندیل لە پارێزگای هەولێر لەسەر سنووری ئێران کرد. تورکیا پێشبینی دەکات کە ڕێککەوتنی شەنگال ببێتە هۆی هەماهەنگی زیادتری ئەمنی لە نێوان حکومەتەکانی هەولێر و بەغدا و لاوازکردن و نەهێشتنی کاریگەریی پارتی کرێکارانی کوردستان و داعش لە ناوچەکەدا. تورکیا پێیوایە ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی باری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان، کە چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕووبوونەوەیان هەبێت ئەگەر هەوڵی ئەوە بدەن چەکدارەکانی ناوچەکە ناچار بکات پێگەی خۆیان لەناو شار یان دەوروبەریدا چۆڵ بکەن. هەروەها ئەم ڕێککەوتنە یارمەتیدەر دەبێت بۆ لاوازکردنی کاریگەری لایەنەکانی حەشدی شەعبی هاوپەیمانانی ئێران، کە بە گوتەی تورکیا ئامادەبوونی ئەوانە، هێز دەداتە ئێران بۆ کێبڕکێ کردن و بۆ کاریگەری نواندن لەسەر باکووری ئێراق یاخود هەریمی کوردستان؛ بە تایبەت کە ئەم چەکدارانە بەردەوامن لە هەڕەشەکردن لە بوونی تورکیا لە ئێراق.
- خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتەکانی شەنگال:- خۆبەڕێوەبەرانی دیموکراتیی شەنگال کە نزیکن لە پارتی کرێکارانی کوردستان، تێیدا ژمارەیەک لە حزب و ئۆرگانە سیاسییە ئێزیدیەکان بەشداری تێدا دەکەن و لە ئێستادا بە ئیدیعای خۆیان بەڕێوەبردنی دادپەروەری دەگرنە ئەستۆ. ئەوان ڕێککەوتنی شەنگال ڕەتدەکەنەوە و پێیانوایە کە هیچ ڕێکكەوتنێک ناتوانرێت بەبێ خۆبەڕێوبەرانی شەنگال ئەنجام بدرێت و بەشداریکردنیان لە گفتوگۆکان پێویستە، بۆ ئەوەی حزبێکی سەرەکی بێت لەگەڵ بانگەواز بۆ هەموو پێکهاتەکانی شەنگال بۆ رەتکردنەوەی رێککەوتنەکە. بە پێچەوانەی سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، خۆبەڕێوەبەرییەکە هەڵوێستەکانیان بۆ پشتیوانی لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەگرنە بەر، لە هەمان کاتدا ئەوان ئەنجامی گشتپرسی سەربەخۆی هەرێمی کوردستانیش ڕەتدەکەنەوە.
- لایەنە سیاسیە شیعە هاوپەیمانییەکانی ئێران:- هێزەکانی شیعە پێیانوایە کە ڕێککەوتنەکە ژێردەستەییە بۆ ئیرادەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە بانگەوازیان بۆ ڕەتکردنەوەی ڕێککەوتنەکە کردووە، چونکە وەک ئەوان بانگەشەی بۆ دەکەن پێشێلی دەستووری ئێراق دەکات و دەبێتە هۆی ناکۆکی زیادتر.
“تەوەری سێیەم؛ ئالنگارییەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە”
شایەنی ئاماژە پێدانە کە ئامانجی ڕێککەوتننەکە هێنانی سەقامگیری و ئاشتەوایی بوو بۆ شەنگال، کە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا وێرانکرابوو ئەویش لە ڕێگەی گۆڕانکاری ئیداری و گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی پێویست و هەوڵەکانی ئاوەدان کردنەوە. بەڵام جێبەجێکردنی ڕێکكەوتنامەکە ڕووبەڕووی چەندین ئالنگاریی بووەتەوە کە ئەوانیش بریتین لە:-
١. نەبوونی ڕاوێژکاری ناوخۆیی:- ڕێکكەوتنەکە وەک پێویست کۆمەڵگەی ناوخۆیی شەنگالی لەخۆ نەگرتووە، کە ئەمەش دەکرێ لە داهاتوودا گرفت لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتننامەیە دروستبکات.
٢. ناکۆکییەکان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانی نوێ:- ڕێککەوتنەکە داوای دانانی سەرۆکی شارەوانی سەربەخۆ دەکات، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێرەوە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
٣. گرفتی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە شهنگال:- ڕێکكەوتنەکە ئاماژە بە کشانەوەی پەکەکە لە شەنگال دەکات، بەڵام یەکگرتنی گرووپەکە لەگەڵ بەشێک لە هێزەکانی چەکداریی ئێزدی ئەمەی قورس کردووە.
٤. رەتكردنەوەکانی حەشدی شەعبی بۆ كشانەوە:- رێككەوتنەكە داوای كشانەوەی حەشدی شەعبی لە شەنگال دەكات، بەڵام ئەم هاوپەیمانەی ئێران رەتی كردووەتەوە ئەو كارە بكات.
لە هەمان کاتدا جێگای باسە کە چەندین فاکتەر و هۆکاری تر هەن کە ڕۆڵیان هەبووە لە جێبەجێنەکردنی لە لایەن بەغداوە، ئەویش بە هۆی کاریگەری ئەکتەرە دەرەکییەکان بەسەر ئێراقەوە، لەوانەش ئێران. ئێران ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە رێگریکردن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شەنگال. گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، بە تایبەت حەشدی شەعبی، ئامادەیییەکی بەهێزیان لە شەنگالدا هەیە. ئەمەش ڕێگەی بەم گرووپانە داوە بەردەوام بن لە کاریگەری لەسەر ناوچەکە، هەر بۆیە ئامانجەکانی سەقامگیری و ئاشتەوایی ڕێککەوتنەکە تێکدەدات. جگە لەمانەش بەغدا هەوڵی تاک لایەنەی داوە لە شەنگال کە ئەمەش دوورە لە ناوەرۆکی رێکكەوتننامەکە، لە نیسانی ٢٠٢٣، سەرۆکوەزیران “محەمەد شیاع سودانی” فەرمانی بە حکومەت کرد کە هەڵمەتێکی ئاوەدانکردنەوە بۆ شەنگال دەست پێ بکات، بە تەرخانکردنی ٥٠ ملیار دیناری ئێراقی بەڵام ناکۆکییە سیاسیەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگرن لە بەردەم کارە خزمەتگوزارییەکان. لە کاتێکدا ژێرخانی تێکچوو و خزمەتگوزارییە خراپە سەرەکییەکان ڕێگریان لە گەڕانەوەی زیاتر لە ٢٠٠،٠٠٠ کەس کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە ئاوارە بوون لە قەزاکە.
لە کۆنفرانسی ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە له زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک بەرێوەچوو، “ڕێبەر ئەحمەد”، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد کە رێککەوتننامەی شەنگال باس لە هەموو ئەو کێشانە دەکات کە ڕووبەڕووی شەنگال دەبنەوە و چارەسەریان بۆ دابین دەکات. بەڵام رێککەوتنەکە لەلایەن حکومەتی ئێراقەوە جێبەجێنەکراوە، چونکە وەک خۆی دەڵێت: ئێراق ئیرادەی سیاسی نییە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە. هەروەها رێککەوتننامەی شەنگال لە چوار بەش پێکدێت، کە بریتین لە ئیدارەدان، ئاسایش، ژێرخانی ئاوەدانکردنەوە و پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە نوێنەرانی حکومەتی هەرێم و بەغدا بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە. بەڵام بەشی چوارەم سەبارەت بە کۆمیتەی یەکگرتوو گرنگترین بەشە، چونکە ئەوە نیشان دەدات کە ئەم ڕێکەوتنە لە نێوان دوو حکومەتدایە. بەڵام بەغداد بەم بەشە پابەند نەبووە و بە شێوەیەکی تاکلایەنە دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی هەندێک لە بەشەکانی ڕێکەوتنەکە بەبێ ئەوەی حکومەتی هەرێم ئاگادار بکەنەوە.
هاوکات پێویستە ئاماژە بە ڕۆڵی تورکیاش بدرێ رۆڵی تورکیا لە جێبەجێکردنی ڕێکكەوتنی شەنگال گرنگە، تورکیا بەهۆی نەبوونی پێشکەوتن لە بەغدا لە دەرکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان لە شەنگال بێهیوا بووە، چونکە ئامادەبوونی گرووپەکە لە ناوچەکەدا وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی لە ناوخۆ و لە ئێراق و سوریادا سەیردەکات. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە لایەنی جیۆپۆلەتیکی ناوچەی شنگال گرنگە بۆ زیادتر سەپاندنی هێزەکانی وەک حەشدی هاوپەیمانانی ئێران و پەکەکە.
“دەرەنجام”
لە دەرەنجامدا؛ هۆی جێبەجێنەکردنی رێککەوتننامەکە خۆی لە کاریگەری ئەکتەرە بەهێزەکانی ناو قەزای شەنگال دەبینێتەوە، وەک پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزەکانی حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپپشتیدەکرێن. تا ئێستا رێککەوتنەکە نەیتوانیوە داینامیکی بارودۆخەکە بگۆرێت و سەقامگیرییەکەشی بە زەحمەت هێشتۆتەوە. ئەم شکستە تا ڕادەیەکی زۆر لە ئەنجامی مامەڵەکردنی ئەکتەرە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکانە کە ململانێکان لە شەنگال وەک پرسێکی ناوخۆی مامەڵەی لەگەڵدا ناکەن. هەرچەندە ڕێکكەوتنەکە پشتیوانی بەهێزی ئەندامانی کاریگەری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دەست هێناوە (واتە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و بەریتانیا). بەڵام شتێکی گرنگ ئەوەیە کە لە کاتێکدا حەشدی شەعبی پەیوەندی بە حکومەتی ئێراقەوە هەیە، کەچی بڕیاڕەکانی سەربەخۆیە لە بەغدا. ئەمەش بەو مانایەیە کە حکومەتی ئێراق کاریگەرییەکی کەمی لەسەر ئەو گرووپانەدا هەیە کە لە شنگالدا بوونیان هەیە. ئەم گرووپانە بەربەستیان بۆ گەڕانەوەی ئەو ئێزدییە ئاوارانە و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە دروستکردووە. ڕێککەوتنەکە خۆی وەک نەخشەڕێگایەک بۆ سەقامگیری و ئاشتەوایی لە شەنگال سەیر دەکرێت بەڵام بە گشتی، رێکكەوتنی شەنگال بەهۆی کاریگەری گرووپە چەکدارە بەهێزەکان، نەبوونی ڕاوێژکاری ناوخۆیی و ناکۆکییە بەردەوامەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم لەسەر ئیدارە و ئاسایشی قەزاکە جێبەجێ نەکراوە.
چی بکرێت؟ بۆ جێبەجێکردنی رێککەتننامەی شەنگال دەکرێ حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک هەنگاو بگرێتەبەر کە بریتین لەمانەی خووارەوە:-
یەکەم:- باشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی زیاتر دەرببڕێت بۆ جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێکكەوتنامەکە.
دووەم:- باشترە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گوشاری زۆرتر بخاتە سەر حکومەتی ئێراق بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی رێکەوتنامەکە.
سێیەم:- پێویستە پرسی ئاسایکردنەوەی دۆخی ئەمنی دەڤەری شەنگال لە پێشینەی ڕێککەوتننامەکە بێت، بۆ بە دەستهێنانی متمانەی خەڵکی شەنگال و گەڕانەوەی دانیشتوانەکەی.
چوارەم:- گرنگە دووبارە پێداچوونەوە لە بڕگەکانی ڕێکكەوتننامەکە بکرێ بۆ چارەسەر کردنی بەربەستەکان.
پێنجەم:- باشترە لێژنەی هەردوو حکومەتی بەغدا و هەولێر، نەک تەنیا لە کورد و عەرەب پێکبێن بەڵکوو باشترە چەند کەسایەتییەکی پەسەنکراو لەلایەن کۆمەڵگەی ئێزدییەوە تێیدا بەشداربن بۆ ئەوەی کە هەندێ لایەنی ئێزدەی کە زۆربەیان سەربە پەکەکەن لە دژی ئەم رێککەوتننامەیە نەوەستنەوە.