“ڕانانێک بۆ فیلمی گەڵا کەوتووەکان”
ئاکی کاوریسماکی مایسترۆیەکی فیلەندییە؛ ساڵانێکی زۆرە فیلمەکانی گرنگی پێدەدرێت، لەبەر ئەوەی دەربارەی هیومانیزم و ئەو لایانەنەی دیکە کاردەکات کە بە هیچ سیستەمێک ڕاو ناکرێت. کارەکانی هێشتا نوقمی تەکنەلۆژیا و ژیانێکی سەرمایەداری ڕەها نەبوون، دژ بە کاڵابوون و هەموو چاوە فیتشیزمەکان دەجەنگێت، دژ بەو ئامڕازانەی لە بەهای مرۆڤبوون کەم دەکەنەوە دەجەنگێت. لە کۆی کارەکانیدا ئاشقی خۆی بۆ مرۆڤ دوپاتدەکاتەوە. تا لە ‘ گەڵا کەوتووەکان’ کە کۆتا کارییەتی، بابەتی مرۆڤ بوونەکەی دەگاتە ترۆپکی خۆی، لەوێدا زۆر ڕاستەوخۆی لایەنگیرییەکەی دەردەبڕێت. تەواوی کاریگەرییە خراپەکانی مۆدێرنە چڕ دەکاتەوە تا “ئانسا و هۆپاڵا” زیاتر بەرگری لەو بەشە بکەن کە لە ناوەوەیدا قوڵپ دەدات. ئەمڕۆ تێمای مرۆڤبوونەکەمان لەهەر شتێک زیاتر ئازارمان دەدات، چونکە ئەوەی دروستمان کرد بوو بە دوژمنێک بۆمان، ئێستا لە هەموو شت زیاتر گیرمان لەدەستی داهێنانەکمان خواردووە. بوینەتەوە به کۆیلەی ئەوە شتانەی بەرهەممان هێناوە کردووە.
گەڵا کەتووەکان دەلاقەی نیشاندانی ژنە کارمەندێکی ماڕکێتە بە ناوی “ئەنسا”، ئەو لە لەکارەکەی دەردەکرێت بەهۆی ئەوە خواردنێکی لە جانتەکەیدا شاردۆتەوە، سەرخۆشێک کە بەمەی زانیووە شکاتی لێکردووە، هەر بۆیە ناچار دەبێت هەر چی زووە لە جێگایەکی دیکە کار بکات، لەو جێیەی کار دەکات تەنانەت موچەیەکیش وەرناگرێت، بەهۆی ئەوەی هەر مانگی یەکەم خاوەنەکەی بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر لەلایەن پۆلیسەوە دەگیرێت. “ئەنسا” لەم بارودۆخە ناخۆشەیدا کە هەندێک خواردنی باڕەکەی بردووە لەپێناو موچەکەیدا، لەشەقامێکدا چاوی بە کوڕێکی قۆز بە ناوی ”هۆڵاپا” دەکەوێت، ئەو دیدارەش وادەکات لێک نزیک ببنەوە پێکەوە بەرە و سینەما بڕۆن. ئەمە هەموو چیرۆکی گەڵا کەوتووەکانە، کە لە ناوەڕۆکەدا سادە و ساکار و بێگرێن، لێ کاتێک دەیخاتە سەر شاشەیەک و نیشانتی دەدات، یەک دنیا گرێ کوێرەت توش دەبێت. دەپرسیت کامانەن موعجیزەکان، ڕوداوەکان چیبوو، ئەوەندە لە چیرۆکەکانی دەکۆڵیتەوە، دواتر دەبینیت وەک لێکۆڵەرێکی بکوژی زنجیرەیی وایت. لە کەیسێکدایت یەک دنیا سەرهداوت پێیە و هیچیشیان بەکەڵکت نایەت. ئەمە تایبەتمەندی ئەو دەرهێنەرە فیلەندییە کە هەمیشە فیلمەکانی سادە و ساکار دەخاتە ڕوو.
بەگشتی پۆلێنبەندی ژانرای ناوەڕۆکی فیلمەکە دەگەڕێتەوە بۆ سینەمای مینی-ماڵیستی؛ کە لە بچینەدا ئەو شوێن و ناوچە و جێگایەنە بە بنەما دەگرێت کە ڕازاندنەوە و ئێسکسسواڕاتتیان کەمە، یاخود میزانسێنیان داماڵراوە لە سیمبول و بڕگە و بەها. بەمەش بەر چۆڵییەک لە فرەیم دەکەوین، لێیەوە بیلبیلەی چاومان بەرەو کارەکتەرەکانی چەقی ناو وێنەکە دەفڕێت. ئیدی مرۆڤ دەبێتەوە بابەت و هەیمەنەی خۆی دەکات بەسەر پانتییەکەدا. لەم بەستێنەدا سینەمای ئاکیش دەروێشی ئەو ڕەوتەیە، بۆ بەردەوام فرەیمەکانی ئەویش وەک ئەو ڤیدۆکۆنانەی خۆمان وایە کە لەساڵانی هەشتا و نەوتەکان بۆ بووک زاوای کوردیمان تۆمار دەکرد، بەدەگمەن تۆ لەشریتی ئەو ڤیدۆکۆنانە مرۆڤ گوناحبار و تاوانبار دەزانیت. مرۆڤ بە جالاد و قاتل دەزانیت، ڕەنگە پەیوەندیشی نەبێت بە زەمەنەکەوە، بەڵکو پەوەندیدارە بەو چۆڵەوانییەی لەچوار دەوری بووک هەبوو، مێزێکی پلاستیکی سوور و گوڵێکی سپی باغە و کۆمەڵێک هاووڵاتی، یان کەس و کاری ڕەشۆک بوون، زۆر لەوان بۆ لەفە خواردن و ساردیی هاتبوون. بۆیە لەم نێوەندەدا بووک و زاوەکە کارەکتەری سەرەکی بوون تۆ بەردەوام وەک مرۆڤە هۆمۆساکەرەکە( گوناحەکە) دەبیننین، بە تایبەت لەگەڵ بووکدا دەرگیر دەبوویت و بەزەیت پێیدا دەهاتەوە، لات وابوو دەبوایە زۆرتری بۆ بکرایە، خودی ئەم بەراورد کارییە ئەکتە بۆرژوازییەکەیە، تموحە پڕنەبووەکەی ئێستامانە کە بەو گۆشەنیگایەوە لەو کاتە دەڕوانین، لەسیاقی خۆیاندا نایبینن، لەوانەیە بۆ ئەو سەردەمە ئەوە زۆر بووبێت، یانیش دەگمەن بووکێک وای بۆ کرابێت. لای ئاکیش هەمان بەزم ڕوودەداتەوە کاتێک بە زەمەندا شۆڕ دەبێتەوە، فیلمەکانی دەباتەوە بۆ شەست و حەفتاکان. دەیەوێت هەمان هەستی بەراوردکاری چینایەتیمان پێبداتەوە، بە چاوی ئەمڕۆ بەزەیمان بە “ئەنسا” دا بێتەوە و سودیش لە هەڵکشانی سەقفی داواکارییەمان ببنێت. بووکی نەوەدەکانی ئێمە و “ئەنسا” هیچیان شایانی ئەو بەزەیی و مرۆڤە گوناحە نین، بوکەکە بە ژیانێکی ڕەفەهیاتی خۆشی دەگات، وەک چۆن “ئەنسا”ش لەگەڵ مەعشوقەکەیدا دەچێتە بۆ سینەما و جێژوان دەدانێت.
یەکێک لە تایبهتمهندییه گرنگەکانی سینەمای “ئاکی” لەو فیلمەدا ئەوەیە؛ کات بە هەمووشێوەیەک وەزیفەی لەدەستداوە. کات ناڕوات و کارەکتەرەکانی کێشەی کات بەسەر بردنیان هەیە، بەمەش ئەوان دەبێت خوو بدەنە شتێک کاتییان بۆ ئاسان بکات. چالاکی کردەیەکی جوڵانە هەروەها یارمەتیدارییشە بۆ تێپەڕاندی کات، کارکتەرەکان چالاکیان زیاد دەکات، دەبنە کارەکتەری چالاک ئەشق و دزی و دانیشن دەبێتەوە بە پڕۆژەی کات بەسەربردن، لەدیمەنی بەردەم سینەماکە “هۆلاپا” چاوەڕێیی “ئەنسا” دەکات، لەگەڵ ئەوەی دەزانێت نایەت کەچی ئەو هەر چاوەڕێی دەکات، بەمەدا ئاکی ئەوە نیشاندەدات کە خودی چاوەڕوانی بوون بە پڕۆژەی کات بەسەربردنە، ئەگەر چاوەڕێی نەکات چی بکات؟ ئەو هیچ شتێک وەزیفەیەکی تری نیە، مرۆڤبوون لەوێدا فەلسەفیەکی دیکەی بۆ دادەتاشرێ، ئەویش ئەوەیە هەموو مان لە بێ ئیشیدا و لەوەی کاتمان لێ ناڕوات ئەشق و کۆی زیندە چالاکییەکانی تر دەکەین، خۆ ئەگەر وەک ڕۆژگاری ئێستا سەرقاڵ بین، لەبەر ئەوەیە کە خۆمان لە ڕۆتین و کاڵابوونی دووربخەینەوە. هەردووکیان جیاوازن، لەڕۆژگاری ئاکیدا کات بۆ ڕۆشتن و بۆ بەسەربردن بەر پایە. بەوەش کات لەساتی چالاکییەکانیشدا هەر کابووسە، هەردووکیان دەچن دەرێ، هەڵدەسوڕێن، پێکەوە نان دەخۆن کە چی نوقتیان نایەت، گفتووگۆیەک و مشتومڕێک ناکەن، ئەمەش گێڕانەوەی زەمەنێکی سارد و سڕە. کە خودی ئەشقیش تایدا جڵەوی دۆخەکەی بۆ ناکرێت.
شت کڕین و وەستانی بەردەم فڕۆشگا و بانگهێشتی ماڵەو، هەموو ئەوانە لە فیلمەکدا بۆ وەستانن، لافاوێک دێت و درەختێک چەندێک بۆستێت و خوڕاگر بێت ئەوەندە زیاتر دەمێنتەوە. ئێستا دەوری لافاوەکە دەبنێت، مرۆڤ ڕادەماڵێت، مرۆڤ لە مرۆڤ بوون دەخات، هیچ شتێک وەک و وەستان گوزارشت لە مانەوە ناکات، یان هیچ بەڵگەیەکمان باشتر لەوەستان پێ نیە، هەر بۆیە بە نیسبەت ئاکییەوە مرۆڤبوون بەقەد “بەڵگە بۆ مرۆڤبوون” گرنگ نیە؛ ئەو سینەماکەی دژ بە وەهمی لەکارخستووی مرۆڤبوون سەرڕێ دەخات. هیچ کات کارەکتەرەکانی لە ئەشق و بەرەنگاریی و جێژوان و ژیانی مرۆڤانە و دوورناخاتەوە. ئەوەشیان جۆرە فەلسەفەیەکی هیومانیزم دەخوڵقێنێت، کە سانایی بوونە ڕووکەشییەکە یا بوونە ڕواڵەتدارییەکەی مرۆڤ بە بەراورد بە بونەورەکانی تر لێکبدرێتەوە. لەوێدا مرۆڤ بخرێتە کاتیگۆرییەک کە تەواوی قۆناغە گەشەییەکانی لە هاو پۆلەکانی جیابکرێتەوە، گەر ئەم کارە لەڕووە بایۆلۆژییەکەوە “داروین” بەجێی گەیاندبێ، هێشتا ئێمە لە ڕووه دەروونشیکارییەکەشییەوە فرۆیدیشمان بۆ گرنگە کە پێمان بڵێت:- مرۆڤ چ سیفەتێکی ناوەوەی هەیە وا لەوانی تر جیایی دەکاتەوە. ڕەنگ بێت مرۆڤ بوون هەر ئەوە نەبێت لەنامۆییە ناوەکییەکانمان بکۆڵینەوە، ڕەنگە ئەخلاقە ئەرستۆییەکان و ڕەفتارە کانتیەکانیش بن. دەبێت مرۆڤ بەدرێژای ساڵانی ژیانی بەڵگەی زۆری لەسەر خۆی کۆ کردبێتەوە، لەمێژە شتێکی زانیووە کە مرۆڤە، بۆیە ململانێکانی و مانەوەکانی لەخزمەتی ئەوەدا بووە. گەر مرۆڤ لەساڵانی زووییەوە تەقالای بۆ سەلماندنی مرۆڤ بوونی خۆی کردبێت، ئەوا ئەمڕۆ لەگەڵ هاتنی مۆدێرنەدا دیسان بۆ مرۆڤ بوونەکەی بە گژ تەواوی ئەو گۆمڵەزانە دا دەچێتەوە کە خۆی سازی کردووە، دژ بە سەرمایەداری و هەموو سیستەمە خۆ بەرهەم هێنەرەکانی دەجەنگێت، لە ئەدەب و شعر بەردەوامە، لەو فەزایانەدا دەوار هەڵ دەدات زامنی مانەوەیە، مرۆڤ سامپڵی مانەوەیە، لەڕاستیشدا بۆ ئەوەی لە مرۆڤ بوون نەکەویت، دەبێت سەرەتا لە وەهمی خەونی مانەوە نەکەویت، ئەمەیە مرۆڤ کە دایم هەوڵدەدات دەستی پێوەبگرێت.
دەرهێنەرە فیلەندییەکە کارەکانی لە وەهمی مانەوە و بەهەشتی ڕۆحی بەدەر نیە و بەدەریش نیە لە شەڕانگێزی و ڕووی خراپی دەرەوە، لەدەستدرێژیکار و مرۆڤی سەرسەری. تا پێکڕا فەزایەک دروستبکەن بۆ ئەکتەرە سەرەکییەکان، بەوەدا جیاوازییەک دێتە ئارەوە، تا لەدەرەوە خراپەکاری نەبێت تۆ چۆن قەدری ئەڵمان “هۆڵاپا” دەزانیت. ئەوان دوومرۆڤی زۆر جوانن کە تەنیایی لایان تەشەنەی کردووە، پێکەوە یەک دەبینن تا دەربارەی تەنیایی کۆکبن، ئەوە ئەشقێکی ڕۆحی دروستدەکات، جێگای تێفکرینە کە بزانین مرۆڤ تا بەسادەی لەناخەوە خۆی خۆشنەوێت ناتوانێت بەرامبەرەکەشی خۆشبوێت. هەموو ئەو جووڵە بچوک و پارچە پارچانە سەر ئەنجام بەشدار دەبن لە بوونیادنانی جۆرە نۆستالژییەکەدا کە وابەستەی هەستی بینەر دەبێت، پەیامەکەشی لەو کەلێن و درزە بچوکانەدایە. گەر نا گەڵا کەوتووەکان لەو فیلمانە نیە لەگشتدا پەیامێکی قوڵی ئامانجدار بداتە دەستەوە، بەگشتی ڕەخنەگرانیش لەم بارەیەوە هێندە بە فیلمێکی گەورەی نازانن. بەهۆی ئەوەی فەلسەفەیەکی قوڵی ئەوتۆی لە پشت نیە تا لێ ڕابمێنیت، بەڵام هەمیشە لەو فیلمانەیە هەست دەکەیت شتێکی تێدایە و تۆ نەتدیوە، یانیش گڕوتینێکی بۆ پارێزگاری لە ژیانی مرۆڤبوون تێدایە، دەکرێت وەک بیرخەرەوەیەک لە مرۆڤبوون، یاخوود دەستەگرتن بە مرۆڤ بوونەوە هەریەکە لەدەستەی کان و ئۆسکار بینێتیان، بەخاتری ئەوەش بوو فیلمەکە سەرکەوتنی بەدەست هێنا.
دواجار فیلمی باشیش بەوە نا پێورێت تا چەند فیلمەکە پەیامی قوڵە، بەڵکو بەوە دەپێورێت تا چەند توانیوێتی ئەوەی خۆی دەیەوێت بیڵێت، واتە لەخۆیدا پڕۆژیەکی کامڵ بێت، گەڵاکەتووەکان دەگونجێت وەک شاکارێک یان کارێکی گەورەی “ئاکی” لێی نەڕوانرێت، چونکە ئەو لە پێشدا بەرهەمی باشتری هەبووە، بەرهەمەکانی “پیاوێک بە بێ ڕابردوو ٢٠٠٢، ژنی ناو کارگەی یاریی ١٩٩٠، لایەکی تر هیوا ٢٠١٧” هەرسێکیان هەم لەڕووی فۆڕم و هەم لەڕوو ناوەڕۆکەوە تێگەیشتێنیکی باشتر و ئیستاتیکایەکی هونەری تر دەدەن بە دەستەوە.