چارلی چاپلن کە ناوی تەواوی “چاپلن سپێنسەر چاپلین” ە ، لە ١٦ ی نیسانی ١٨٨٩ لە لەندەن بۆ ٢٥ کانوونی دووەمی ١٩٧٧ ژیاوە، ئەکتەر و سینەماکار و ئاوازدانەرێکی ناودار بووە و ژیانی پیشەیی چاپلن زیاتر لە ٧٥ ساڵی خایاند، لە تەمەنێکی بچووکەوە دەستی بە نمایشی مۆسیقا کردووە دواتر وەک ئەکتەر نمایشی کردووە، لە ساڵی ١٩١٨ یەکێک بوو لە کەسایەتییە ناسراوەکانی جیهان، ئەم سەرەتا لە باسکردنێکی گشتیەوە بەرەو جیهان و کارە هونەرییەکانی چاپلندا بچین، دەبێت لەوە بدوێین کە لە چەند ساڵی دواتردا چەندین فیلمی گرنگی لە سەردەمی سینەمای بێدەنگ بەرهەم هێناو و خودی چاپلن خۆشی وەک ئەکتەر لە فیلمەکانی خۆیدا پیشەی ئاکتینی دەکرد نموونەی فیلمەکانی سەردەمی سینەمای بێدەنگ وەک؛ The kid (1921) Paris woman (1923) The gold Rush (1925) The cirus(1928)
لە پاش هاتنە ناوەوەی دەنگ بۆ سینەمای بێدەنگ، چاپلن بەرهەمهێنانی سینەمای دەنگداری رەتکردەوە، چونکە ئەو پێی وابوو سینەمای بێدەنگ کە لە رێگەی زمانی جەستەوە چیرۆکێکی جیهانی دەگەیەنێت لەگەڵ هاتنە ناوەوەی دەنگ بۆ سینەمادا خاسڵەت و تایبەتمەندییە گشتگیر و جیهانییەکەی لەدەست دەدات و ڕاستەقینەیی سینەما دەشێوێت، هەربۆیە لە سەردەمی سینەمای دەنگداردا هەردوو فیلمی کۆمیدیای بیدەنگی بەرهەمهێنا وەک؛ City lights (1931) Modern times (1936) ، بەڵام دواتر هەمیشە بەو جۆرە بەردەوام نەبوو، یەکەم فیلمی دەنگداری “چاپلن” لە ساڵی ١٩٤٠ بەرهەمهێنا بە ناوی “دیکتاتۆری گەورە” کە تەنزێک بوو بەرامبەر “ئەدۆلف هیتلەر” هەر لەبەر ئەوەش بە هاوبەشی کۆمۆنیستەکان تاوانبار کراو و ئەمریکای جێهێشت و لە سویسرا نیشتەجێ بوو، دواتر هەر لەوێ دوور لە کۆمپانیا و ستافە تایبەتەکەی خۆی فیلمی بەرهەمدەهێنا، بەڵام ناوبانگ و کارەکانی وەک پێشوو بەرهەم نەدەهات و نەدەبینرا و تا ئەو ساتەی کۆچی دوایی کرد، منداڵی “چاپلن” بە قۆناغێکی پر لە ئەشکەنجەی هەژاری بردۆتە سەر، هەربۆیە فیلمەکانی بابەتی کۆمەڵایەتی و سیاسیان لەخۆگرتووە ئەمەش وەک دەرخەری یادەوەرییەکانی خودی خۆی کە لە چیرۆکی فیلمەکانیداو هاوکات لە شیوازی نواندن و بەکارهێنانی جەستەی پەیامی سیاسی بە ڕۆشنی دەبینین، لەم بابەتەدا رووناکی دەخەینە سەر شێوازی نواندنی “چاپلن” کە چۆن بە بەکارهێنانی هەر ئاماژەیەکی جەستە بێ هیچ دیالۆگێک پەیامێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مافی مرۆیی لە ریگەی کۆمیدیاوە بۆ ئێمە دەگەیەنێت، لە ڕێگەی کارەکتەری “ترامپ” ەوە بە جلو بەرگی ئەرستۆکراتی و کڵاو و گۆجان تایبەت و ڕۆشتنە تایبەتەکەیەوە، بەر لە هەر شتێک پێوستە قەلەم بخەینە سەر تەکنیکی نواندن لە سینەمای بیدەنگدا کە بەوە ناسراوە زمانێکی گشتگیر و جیهان بوونی هەیە کە زمانی جەستەیەو ئەکتەر لە رێگەی ئاماژە جەستەیی و رووخسارەوە چیرۆک و پەیام و مەبەست دەگەیەنێتە بیری بینەر ئەگەر چی لە سینەمای بێدەنگدا تەکنیکەکانی نواندن زیاد لە پیویست هەست پێ بکرێت، بەڵام ئەو جۆرێک لە ستایڵی کارکردنیان بووە، چاپلنیش هەربەو جۆرە بووە.
هەموو هەستێک بە بێدەنگی دەوروژێنێت لە ڕێگەی کارەکتەری “ترامپەوە” کە بە کارەکتەرێکی تایبەت بە “چاپلن” ناسراوە و لەناو هەموو سەردەمێکی جیهاندا بە خۆشەویستییەوە جێگای خۆی لە هەریەک لە دڵەکان کردۆتەوە، بەهۆی بوونی کارەکتەرێکی راستگۆ کە بە کارەکتەرێکی بە رووکەش گەمژە وێنای کردووە کاتێک تەماشای دەکەین دەتوانین لەگەڵیدا پێبکەنین، توڕە ببین، بگرین، بەزەیمان هەبێت، تەنها لە رێگەی ئاماژە جەستەییەکانی “ترامپی چاپلن”ەوە کە هەمیشە کارەکتەرێکی منداڵانە و چەقۆکێشە بەڵام بەگشتی دڵخۆشە و هەوڵدەدات وەک ڕەوشت و شێوازی پیاوێکی ئەرستۆکراتیدا ڕەفتار بکات سەرەڕای پێگەی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینەی بۆ ئەوەی بتوانێت بژی و جەنگێکی سارد و راپەرین و کودەتایەکی ساردە دژی ماتریالیست و نزمکردنەوەی سیستەمی ئەرستۆکراتی و جیهانی کەپیتاڵیزم و مۆدێرن ئەنجام بدات لە ڕێگەی زمانی جەستەوە بە ئامانجی گۆڕینی مرۆڤەکانی کۆمەڵگە لە ژیانێکی ناواقعی ماتریالیستەوە بۆ ژیانێکی راستەقینەی بە ئاگاوە لە هەریەک لە فیلمەکانیدا. لیرەدا پرسیارێک پیویست دەکات بوروژێنرێت کە بۆچی “چاپلن” بیری لە هەڵبژاردنی کارەکتەرێکی بە رووکەش گەمژە کردۆتەوە؟ هەمیشە وەک کەسێکی گەمژە نواندن دەکات لە فیلمەکانیدا و وەک ئامانجێک بۆ گەیاندنی پەیامێکی سیاسی بەکار دەهێنێت؟ بێگومان وتن زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام گرنگترین هۆی دەگەڕێتەوە بۆ سادەیی کارەکتەرەکە، کە هەمیشە ئەو کەسانەی وەک گەمژە کردار دەنوێنن بە رووکەش کەسانی سادە دەردەکەون و هەموو ئەزموونی بی ترس و بی جیاوازی تاقی دەکەنەوە و هەروەها لەگەڵ هەموو کەس وساتێک و شوێنیکدا مامەڵە بکات، چونکە “زمانی گەمژە” ڕێگەیەی بەهێزە بۆ ئەوەی هەموو جیهان بەیەکەوە گرێبدرێت، بەو پێیەی پەیوەندی بە خۆ نمایشکردنی هەموو هەستەکانی مرۆڤەوە هەیە، لە کارەکتەری ترامپی بە ڕووکەش گەمژەوە ئێمە ئاشنای چەندین تەکنیکی زمانی جەستە دەبین کە گرنگترینیان شێوازی ڕۆشتنیەتی (ئەو ڕۆشتنەی قسە دەکات)
شێوازی ڕۆشتنی “چاپلن” جێ پەنجەیەکی لەسەر ئەم جیهانە بەجێهێشت نەک تەنها بۆ بەدیهێنانی ئارەزووی کات بەسەربردنی بینەران وەک کۆمیدیاییەکی بێ بابەت، بەڵکو بۆ تیشک خستنە سەر بوونی مرۆڤی ئاسایی و مانەوە و بوژانەوەی لە جیهانێکی ئەرستۆکراتی و کۆمەڵگای سەرمایەداری، ڕەنگە شێوازی ڕۆیشتن و ئاماژەکانی چاپلین جووڵەی زیادەڕەوی بن، بەڵام هەست و سۆزی دونیا دەهێنێتە ئاراوە کە هیچ سنوورێکی کولتووری، سێکس، تەمەن و کۆمەڵایەتییان نییە. پیاسەی “چاپلن” جیهانی کۆکردەوە، پێکەوە بۆ پێکەنین و جوڵاندنی جیهان، هەموو جووڵەیەکی قاچەکانی چرپە دەکات هەرچەندە وشەکان بێدەنگ بوون بەڵام جووڵەکان بە دەنگی بەرز دەنگ دەدات ، ئەم جۆرە بزووتنەوەیە گەیشتە هەموو گۆشەکانی جیهان، بینەرانی بە شەقامەکانی پێکەنیناویدا برد بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی خۆی بۆ مافی ژیان بۆ ناو جیهان، ترامپی بە ڕووکەش گەمژە وەک ئاژەڵ دەڕوات وەک پەنگوینێک لە کەناری ڕێگاکە، دوپشکەکە لەسەر ڕێگایەکی لادێ یان کۆتر لە شەقامێکی تەنیادا کە ڕەنگە ئەو پێی باشتر بێت سەر بە جیهانی ئاژەڵەکان بێت زۆر باشتر لە جیهانی مرۆڤەکان.
جووڵەکانی ترامپی چاپلن لە روانگەی فیلمەکانییەوە دەتوانین بە جەند جۆرێک ناو لێبنێین وەک ڕۆیشتنی هەڵهاتن بەپەلە ڕۆیشتن بۆ ڕزگاربوون لە دۆخێکی تاریک کە زۆربەیان لە چاوی پۆلیسێکەوە. پیاسەی خۆنمایشکردن کە وا نیشاندان کە وەک ئەرستۆکراتەکان دەڕۆن یان وا خۆیان نیشان دەدەن کە تاوانبار نین بە کردەوەیەکی خراپەکارانە. ڕۆیشتنی بێدەسەڵات بۆ وێناکردنی بێهیوایی دوای خۆشەویستییەک یان مەحاڵبوونی مانەوە لە جیهانی ماددیدا، چەمانەوەی هەردوو ئەژنۆ لەکاتی ڕۆیشتن بۆ شلکردنەوەی ڕۆیشتن کاتێک و ئەگەر بتەوێت کۆمیدیای جەستەیی دروست بکەیت.
“چاپلن” زۆرترین سوود لە زمانی جەستە وەردەگرێت بۆ دەربڕینی هەموو بڕگەیەکی تراژیدیا بە تۆنی کۆمیدی و وە بە پیجەوانەوە هەر بڕگەیەکی کۆمیدی بە تۆنی تراژیدی، کەواتە جوڵەی قاچەکانی “چاپلن” و خێرا ڕۆشتنەکەی دەیەوێت وێنای مرۆڤێکی ئاسایمان بۆ بکات لە جیهانی مۆدێرندا کە چۆن هەمیشە ڕادەکات و چۆن دەکەوێت و دووبارە شانازی بەخۆیەوە دەکات، بەدەر لە جووڵەی جەستە ئەکتەرانی فیلمی بێدەنگ وەک “چارلی چاپلن” پشتیان بە دەربڕینی دەموچاوی دەربڕین بەستبوو بۆ مەبەستی درامی و گێڕانەوە، “چاپلن” هەمیشە لە فیلمەکانیدا ئەگەر سەرسوڕمان نیشان بدات چاوەکانی بە گەورەیی دەکاتەوە و لێوەکانی دەکاتەوە هاوتای جولەکانی جەستەی، ئەگەر ترس نیشان بدات لە ڕێگەی جووڵەکانی جەستەیەوە نیشانی دەدات کە ڕادەکات یاخوود بەهۆی زیرەکییەوە فێڵ ئەنجام دەدات، کاتێک لە خۆشەویستیدا بێت پێکەنین و زەردەخەنە دەچیتە سەر رووخساری و شانازیکردن بە خۆیەوە نیشان دەدات، هەر سات وەک کەسێكی ئەرستۆکراتی خۆی نیشان بدات بە خۆ بەرز کردن و خۆ گەورەکردن دەرواتە ڕێ، چاوەکانی هاوتای چاوی مرۆڤە پایە بلندەکان دەسووڕێنێت، هاوتای جوگرافیای ئەوان ڕێدەکات و جووڵە دەکات، تاکوو هاوسەنگی لە نێوان خۆی و کارەکتەرکانی دیکە بخولقێنێت، کە هەمیشە دەیەوێت کارەکتەرێکی گەمژە بخولقێنێت، زۆرترین کات کارەکتەرێکی خەیاڵ ڕۆشتوو نیشان دەدات کە بەهۆیەوە تووشی چەندین بەرەنگار بوونەوە دەبێت، تاکوو کۆمیدیایەک بەرهەم بهێنێت، بۆ پیشاندانی جیهانی ماتریالیستی کە چۆن مرۆڤەکان بوونەتە بەشێک لە ئامێرەکان و شێوازی بینییان لە چاوی مرۆڤە ئەرستۆکراتییەکانەوە هەمیشە هاوتای جووڵەی ئامێرەکان جووڵە دەکات و بە ئاراستەی ئەوان بە شوێن جێگەی ئەوان هەنگاو دەنێت، هەموو ئەم جوڵانە بە ڕۆشنی لە فیلمی “کاتە مۆدێرنەکان” دەبینین، هەرکات قەلەقی و شلەژاوی نیشان بدات، چاوەکانی زۆر دەجوڵینێت بە هەموو گۆشەکانی ژیاندا جوڵەی پێ دەکات ئەمە نەک تەنها بۆ کارەکتەری ترامپی “چاپلن” بەڵکو هەر کارەکتەرێکی دیکە بەو جۆرە دەبینین بە جووڵە و نواندنە فیزیکییەکی ئۆڤەرەوە کە ئەمە بەشێکە لە کارکردنی جاپلن و ئاکتینی سینەمای بیدەنگ بەر لەوەی وشە و دەربڕینی گوفتار بهێنرێتە نیو وێنە سینەماییەکانەوە، چاپلن لە رابردوودا تاکوو ئیستاش و دواتریش بەو جۆرە هەمیشە دەمێنێتەوە کە کارەکتەرێکی پڕ لە خۆشەویستییە کارەکتەرێک مافی مرۆڤ بوونی بەر لە هەر شتێک پێ باشتر و گرنگتر بووە، جووڵە و نواندن و جەستە و کڵاو گۆچانەکەی “چاپلن” هەمیشە بناغەیەک دەبێت بۆ سینەمای بیدەنگی و سینەمای کۆمیدیا، هەمیشە ئەوەی ویستویەتی پیکەنین بووە بۆ بینەران پیکەنینێک لە بۆشایی و بێ هۆی نا بەڵکو پێکەنینێک کە هەموو مرۆڤێک لە هەر سوچێکی ژیانەوە بە ئاگا بێتەوە لە جیهانێک کە شایەنی پێکەنین بێت، جیهانێک مۆدێرن و ماتریالیستی کە هەموو کات پەیام و پرسی ئەم جۆرە لە هەریەک لە فیلمەکانی “چاپلن” و نواندنی “ترامپی چاپلن” بەروونی دەبینین و دێتە زەین و مەعریفەمانەوە.