“سیستەمی هەڵبژاردنی تێکەڵ لە نێوان خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکان؛ وڵاتی ئەڵمانیا بە نموونە”
“پێشەکی”
سیستەمی هەڵبژاردن بە خاڵێکی گرنگ و جەوهەری هەڵبژاردن دادەندرێت، لە ڕێگای سیستەمەکانی هەڵبژاردنەوە ڕێکارەکانی گۆرینی دەنگەکان بۆ کورسی ئەنجام دەدرێ بەپێی سیستەمەکانی هەڵبژاردن پرۆسەی هەڵبژاردن لە وڵاتانی دیموکراسی ئەنجام دەدرێت، هەر وڵاتە و سیستەمێکی هەڵبژاردن بەکار دێنێ لەو سێ سیستەمی هەڵبژاردن کە لە جیهان پەیرەو دەکرێت، ئەوانیش بریتین لە سیستەمی زۆرینە و سیستەمی ڕێژەیی و سیستەمی تێکەڵاو، بەگشتی بەبێ بوونی سیستەمەکانی هەڵبژاردن لە سەردەمی ئەمرۆماندا ئەنجامدان و رێکخستنی هەڵبژاردن کارێکی ئەستەمە، ئێمە لەو بابەتەمان بەشێوەیەکی گشتی باس لە سیستەمەکانی هەڵبژاردن دەکەین، بەتایبەتیشی تیشک دەخەینە سەر سیستەمی هەڵبژاردنی تێکەڵاو لە نێوان خاڵە ئەرێنی و نەرێنیەکان و، ووڵاتی ئەڵمانیامان بە نموونە هێناوەتەوە، لەم بابەتە هەوڵدەدەین لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی سیستەمی هەڵبژاردنی تێکەڵاو بخەینە ڕوو.
“مێژووی هەڵبژاردن”
ههڵبژاردن وهك چهمكێكی دێرین و بهشێكی گرنگ له زانستی سیاسهت دادهنرێت، خاوهنی مێژوویهكی دهوڵهمهنده، له سهردهمانێكی زووهوه تاكهكان ئهزموونیان كردووه، وهك ئامرازێكی گرنگ و رێچارهیهكی گونجاو بهكاریان هێناوه، بۆ چارهسهری ئهو گرفت و كێشانه و بهربهستانهی هاتووهته پێشیان بۆ بهڕێوهبردنی كۆمهڵگه.(مەقسوود گەردی، ٢٠٢٤ ) مێژووی ههڵبژاردن دهگهڕێتهوه بۆ سهردهمی دهوڵهت شارهكانی یۆنان وهك ئهسپارتا و ئهسینا، بهڵام لهگهڵ گۆڕانكارییهكانی دنیا و زۆربوونی ژمارهی مرۆڤ، شێوازهكانی ههڵبژاردن گۆڕانكاری بهسهردا هاتووه، بهڵام بهگشتی تا ئێسته نهتوانراوه پێناسهیهكی گشتگیری بۆ بكرێت، بۆیه ههر توێژهر و نووسهرێكی زانسته سیاسییهكان، له دید و ڕوانینی جیاوازهوه پێناسهی دهكهن، بهگشتی ههموویان كۆكن لهسهر ئهوهی ههڵبژاردن به كرۆك و جهوههری دیموكراسی ههژمار دهكرێت، تاكهكان له ڕێی ههڵبژاردنهوه نوێنهرهكانیان ههڵدهبژێرن، بۆ پهرلهمان و ئهنجوومهنه خۆجێیهكان و سهرۆكایهتیی وڵات.(مەقسوود گەردی، ٢٠٢٤ )
“پێناسە و چەمکی هەڵبژاردن”
ئەنسکلوپیدیای ئەکادیمی ئەمریکی بەم جۆرە پێناسەی هەڵبژاردنی کردووە؛ هەلبژاردن بریتیە لە رێگایەک بۆ دیاریکردنی سەرکردەکان یاخود بڕیاردان لە ڕێگەی پرۆسەی دەنگدانەوە. ( حەسەن، ٢٠٠٧، ٨ ) هەڵبژاردن بەیەکێک لەو ئامرازە گرنگانە دادەندرێ، کە تێیدا هاووڵاتیان لە ڕێگای دەنگدان و هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیانەوە بەشداری لە دەرکردنی بڕیار و بەڕێوەبردنی وڵاتدا دەکەن.( مەقصود گەردی، ٢٠٢٣، ١٤ ) هەڵبژاردن بریتیە لە ڕێگایەک بۆ دیاریکردنی ئەو کەس و لایەنانەی کە لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێن بۆ نوێنەرایەتی کردن لە ماوەیەکی یاسایی دیاریکراودا. ( مقصود، ٢٠٢٢، ٦ )هەروەها هەڵبژاردن بریتیە لە پرۆسەیەکی بەردەوامی ئازادان و پاک و بێگەرد، بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتەکان لە ئاستی دەوڵەت و هەرێمی و پارێزگاکان، بەبەشداری دەنگدەران و پارت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، هەروەها هەڵبژردن جگە لەوەی پرۆسەیەکی نوێبوونەوە و گۆڕانکارییە، لە هەمان کاتدا کەنالێکی بەشداری ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆیە لە دروستکردن و بونیادنانی دەسەڵات بە شێوەیەکی دادپەروەرانە. ( جەوهەر عزیز، ٢٠٢٢، ٢٦ ) بە گشتی هەڵبژاردن بریتیە لە پرۆسەیەکی دیموکراسی، کە تێدا تاکەکان لە ڕێگای پرۆسەی هەڵبژاردنەوە بەشدار دەبن لە بەرێوەبردنی وڵات.
“سیستەمی هەڵبژاردن چییە”
لە سادەترین پێناسەی سیستەمی هەڵبژاردن؛ بریتیە لە چۆنیەتی گۆڕینی دەنگە دروست و هەژمارکراوەکان بۆ کورسی ئەنجومەنە هەڵبژاردراوەکان، واتا بەچ فۆڕمێک دەنگی هاووڵاتیان دەکرێتە کورسیە هەڵبژاردراوەکان چ لە ئەنجومەنی یاسادانان، یاخود ئەنجومەنە لۆکاڵییەکانی وەک ئەنجومەنی پارێزگاکان یاخود سەرۆکی وڵاتان یان هەرێمەکان. ( جەمال. محمەد، ٢٠١٤، ١٢ )
“سیستەمەکانی هەڵبژاردن”
- سیستەمی زۆرینە؛ سیستەمی زۆرینە بریتیە لەوەی ئەو کاندید یاخود ئەو لایەنی زۆرینەی دەنگەکان بەدەست دەهێنت، کە زیاترە لە دەنگی کاندید و لایەنەکانی تر کە بە براوەی هەڵبژاردن دادەندرێت، زۆر جار سیستەمی زۆرینە پەیڕەو دەکرێت لەو ولاتانەی دابەش دەبن بەسەر بازنەی بچوک بچوک وەک شانشینی یەکگرتوی بەریتانیا بەگشتی لە هەندێک یاسا و ڕێساکانی هەڵبژاردب بە دەست هێنانی زۆرینەیەکی دیاریکراو لە دەنگەکان بە مەرج دەگرن بە مەبەستی سەرکەوتن واتا (گەر هاتوو دەنگەکان تاکەکەسی یان بە لیست بێت)، گەر هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی زۆرینەی داوکاری و دەنگەکانی بە دەست نەهێنا ئەوە دووبارە هەڵبژاردن دەکرێتەوە.(جواد الکاضم. غالب العانی، ٢٠١٩، ٤٣ )
- سیستەمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی؛ ئەم سیستەمە کار لەسەر بنەمای سیستەمی هەڵبژاردن بەلیست دەکات، واتا ناگونجێت لەگەڵ هەڵبژاردنی تاکە کەسی، بە گوێرەی سیستەمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی کورسیە تەرخانکراوەکان بۆ هەموو بازنەیەکی هەڵبژاردن دابەش دەکرێت لەسەر لیستە ڕکابەرەکان لەسەر بنەمای ئەو ڕەێژە دەنگەی بە دەستیان هێناوە.( حنون خالد، ٢٠٢٠، ١١٣-١١٤ )
- سیستەمە تێکەڵاوەکان؛ لەبەر نەبوونی سیستەمێکی هەڵبژاردنی بێ کێشە لە جیهاندا، بە شێکی وڵات بەرەو و کۆکردنەوە و تێكەڵکردنی هەردوو سیستەمەکەی هەڵبژاردنی زۆرینە و رێژەی. (حنون خالد، ٢٠٢٠، ١٢٠) هەروەها سیستەمی تێکەڵەکان جۆرێکی تایبەتی سیستەمی هەڵبژاردن نین، کە خاسڵەت و تایبەتمەندییەکانیان لە سیستەمەکانی پێشوتر جیاوازبێت، بەڵکو ئەو سیستەمانە تێكەڵەیەکی لە خەسڵەت و تەیبەتمەندییەکانی هەردوو سیستەمی رێژەی و زۆرینە پێکدێن. هەندێک وڵات بەمەستی سوود وەرگرتن لەلایەنە ئەرێنیەکانی هەردوو سیستەمی زۆرینە و رێژەیی و بە مەبەستی بەدوور گرتن لە لایەنە نەرێنیەکانیان، هەوڵیانداوە سیستەمی نوێیە پێکبهێنن.( ئیبراهیم حەکیم، ٢٠٢٢، ٣٧ )، لە گرنگترین ئەو سیستەمانەی کە بەتێکەڵ کردنی ئەو دوو سیستەمەی پێشوو دروستبوون بریتین لەم مانەی خوارەوە:-
– سیستەمی تێکەڵی مەیلدار بەلای سیستەمی زۆرینەدا؛ یابان یەکیکە لە ووڵاتانەی سیستەمی تێکەڵی مەیلدار بەلای زۆرینە پەیڕەو دەکات، ئەمەش ڕێگای پەیڕەوکردنی سیستەمی زۆرینەی بەریتانی، بەڵام بە شێوەیەک تێکەڵ بکرێت لەگەڵ سیستەمی رێژەییدا بە جۆرێک سیفاتی سیستەمی زۆرینە بەسەریدا زاڵ بێت، بۆ ئەم مەبەستەش بازنەکانی هەڵبژاردن سنووریان فراوانە بە شێوەیەک هەر چەند کورسیەک بۆ بازنەیەک تەرخان دەکرێت نەک تەنها کورسیەک وەک ئەوەی لە بەریطانیا باوە، بەڵام بە هەمان شێوەی بەریطانیا دەنگدەر بۆی هەیە تەنها دەنگ بەیەک کاندید بدات، لەلایەکی دیکەش دابەشکردنی کورسیەکان بە رێگەی سیستەمی زۆرینە دەبێت، ئەم سیستەمەش ئامانجی ئەوەیە کە دەرفەت بە کەمینەکانیش بدات بۆ ئەوەی لایەنی کەم بە کورسیەکیش بێت نوێنەرایەتی هەبێت لە پەرلەمان. ( حەسەن، ٢٠٠٧، ٥٧ )
– سیستەمی هەڵبژاردنی تێکەڵاوی مەیلدار بەلای سیستەمی ڕێژەییدا؛ ئەم سیستەمە لە فەرەنسا لە ساڵی ١٩١٩ سەری هەڵدا، کاتێک یاسای فەرەنسی پەیڕەوی لەم جۆرەی سیستەمی ڕێژەی کرد بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەم سیستەمەدا دەبوایە پارتە سیاسیەکان بە شێوازی لیست کاندیدەکانیان پێشکەش بکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا یاساکە سیستەمی زۆرینەشی پەراوێز نەخستبوو، چونکە بەپێی ئەم یاسایە ئەگەر لیستێک زۆرینەی ڕەهای دەنگەکانی بە دەست هێنابا ئەوا بەپێی سیستەمی زۆرینە کورسیەکان دابەش دەکران، واتا سەرجەم کورسیەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەدەست دەهێنا، نەک بە گوێرەی رێژە و سەنگی دەنگە بە دەست هاتووەکانی خۆی، بەڵام ئەگەر بەپێی سیستەمی ڕێژەیی کورسییەکان دابەش دەکران، واتا هەر لیستێک بە گوێرەی سەنگ و ڕێژەی دەنگەکانی کورسی وەردەگرت و کورسیە ماوەکانیش بە ڕێگای بەهێزتری تێکڕا دابەش دەکران.( حەسەن،٢٠٠٧، ٥٧-٥٨ )
“سیستەمی هەڵبژاردنی ئەڵمانیا”
هەروەک لە بەشی دووەمی بابەتەکەمان ئاماژەمان بە سیستەمەکانی هەڵبژاردندا، بۆمان دەرکەوت کە بەتێکەڵکردنی لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی هەردوو سیستەمی ڕێژەی و زۆرینەی سادەدا، سیستەمێکی نوێ هەڵبژاردنمان بۆ دروست دەبێت هەروەها لە جۆری سیستەمی هەڵبژاردنی تێكەڵاو ئاماژەمان بە هەندێک وڵات دا، کە پەێرەوەی سیستەمی هەڵبژاردنی تێكەڵاو دەکەن ئەوانیش (یابان و ئەڵمانیا )، لێرەدا ئێمە تیشک دەخەینە سەر وڵاتی ئەڵمانیا، خوێندنەوەیەک بۆ لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی دەکەین.
سیستەمی تێکەڵاوی ئەڵمانی (سیستەمی دووگارتی)؛ ئەم سیستەمە لەسەر بنەڕەتی تێکەڵکردنی هەردوو سیستەمی زۆرینەی هەڵبژاردنی تاک و سیستەمی نوێنەرایەتی ڕێژەی هەڵبژاردنی لیست دروستبووە، بەپێی ئەو سیستەمە نیوەی ئەندامانی پەرلەمانی ئەڵمانیا، بە شێوازی هەڵبژاردنی تاک و سیستەمی زۆرینەی سادە هەڵدەبژێردرێن، نیوەکەی تری پەڕلەمان بەپێی سیستەمی ڕێژەیی بە لیست.( حەسەن، ٢٠٠٧، ٥٨) بە گوێرەی سیستەمی هەڵبژاردنی ئەڵمانیا، ووڵات دابەش دەبێت بۆ چەند بازنەیەکی یەکسانی هەلبژاردن هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن یەک نوێنەری دەبێت، هەر پارتێک زۆرینەی دەنگی بازنەیەک بە دەست بهێنی کورسی بازنەکە دەبات، هەرچی دەنگەکانی ترە کە پارتەکانی تر بە دەستی دێنن ئەوە لەسەر ئاستی نیشتیمانی کۆدەکرێنەوە بۆ دابەشکردنی بەسەر ئەو کورسیانەی کە لەسەر بازنەی گەورەی نیشتیمانی دابینکراوە بەکاردێت. واتا سیستەمی هەڵبژاردنی ئەڵمانیا هەردوو سیستەمی زۆرینە و رێژەیی لە خۆدەگرێت، هەندێک کات بەو سیستەمە دەوترێت (نوێنەرایەتی ڕێژەیی کەسی).(عمر عبداللە، ٢٠١٦، ٢٤١ ) بە جۆرێک نیوەی کورسیەکانی بۆندستاغ لە چوارچێوەی بازنەکانی هەڵبژاردن و بە گوێرەی هەڵبژاردنی تاکی و سیستەمی زۆرینەی یەک خولی ئەنجام دەدرێت، هەروەها بەشەکەی تری کورسیەکان بە گوێرەی سیستەمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی و لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی لیستەکان دابەش دەکرێت. ( عمر عبداللە، ٢٠١٦، ٢٤٢ )
هەروەها پارتەکان مافی ئەوەیان نیە هەڵسن بە دابەشکردنی کورسیەکان لەسەر بنەمای سیستەمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی تەنها لە حاڵەتی بوونی یەکێک لەم دوو مەرجە، یەکەم دەبێت بەلایەنی کەمەوە ٪٥ ی دەنگەکان لەسەر ئاستی هەموو دەوڵەتی فیدڕاڵی بە دەست بێنێ. دووەم، دەبێت بەلایەنی کەم سێ کورسی لە هەڵبژاردنی زۆرینە لەسەر ئاستی هەموو ووڵات بەدەست بێنێ.( عمر عبداللە، ٢٠١٦، ٢٤٢ ) واتا بە گوێرەی ئەم سیستەمەدا دەوڵەتی ئەڵمانیا دابەش دەبێت بەسەر دوو جۆر بازنەی هەڵبژاردن، جۆرێکیان بچووک و بەژمارە زۆر مەبەستی هەڵبژاردنی تاکەکەس، جۆرەکەی دیکەش سنووری فراوانترە و بازنە بچووکەکانیش دەگرێتە خۆی بەمەبەستی هەڵبژاردنی لیست، بۆیە بەپێی ئەم سیستەمە ووڵاتی ئەڵمانیا دابەش دەبێتە سەر ٢٩٩ بازنەی بچوک، بۆ هەر بازنەیەکیش یەک کورسی تەرخان دەکرێت لە ئەنجوومەنی نوێنەران، هەروەها ٢٩٩ کورسیەکەی دیکەی ئەنجوومەنی نوێنەران دابەش دەکرێت بەسەر ١١ بازنەی فراوانی هەڵبژاردن، کە دەکاتە ژمارەی ویلایەتەکانی ئەڵمانیا بەپێی سیستەمی رێژەی دابەش دەکرێنە سەر پارت و هێزە ڕکابەرەکان، هەروەها لەم سیستەمە دەنگدەر دوو جار دەنگدەدا لە یەک کات و شوێندا، دەنگێکیان دەدات بۆ هەڵبژاردنی کاندیدێک لە سنووری ئەو بازنە بچوکەی کە تێیدایە، دەنگی دووەمیشی بۆ لیستێکە لە نێوان لیستی کاندیدانی پارتەکان هەڵدەبژێرێت لە سنوری بازنە فراوانەکەی کە تێیدایە، لە سەرئەنجامدا لە سنووری هەر بازنەیەکی بچوکدا ئەو کاندیدانە سەرکەوتن بە دەست دەهێنن کە زۆرترین دەنگیان بە دەست هێناوە و دەبنە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەڵمانیا، بەڵام لە سنوری بازنە فراوانەکانیشدا هەر لیستێک هێندەی ڕێژە و قورسای ئەو دەنگانەی بەدەستی هێناوە کورسی دەدرێتێ لە ئەنجوومەنی نوێنەران. ( حەسەن، ٢٠٠٧، ٥٨-٥٩)
- لایەنە ئەرێنیەکانی سیستەمی تێکەڵاوی ئەڵمانیا؛ (عمر عبداللە، ٢٠١٦ ٢٤٢-٢٤٣ )
- ئەگەری چی لە ڕووکەش و تیۆرییەوە ئەم سیستەمە ئاڵۆزە، بەڵام لە ڕووی پڕاکتیکی جێبەجێکردنی ئەستەم نیە.
- ئەم سیستەمە دەبێتە فاکتەرێک بۆ پاراستنی ئازادی دەنگدەر، بەلایەنی کەم دەبێتە فاکتەری وون بوونی لیستە داخراوەکان، بە جۆرێک دەنگدەر ئازادن لە دیاریکردن و هەڵبژاردنی کاندیدی سەرکەوتوو لە هەڵبژاردنی تاکی زۆرینە.
- لە بازنە بچوکەکاندا دەنگدەر هەست بە سەنگ و بەهای دەنگەکەی دەکات، ئەوەش دەبێتە فاکتەرێک بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە نێوان دوو کاندیدی بەهێز کورت بێتەوە، ئەمەش وا لە پارتە سیاسیەکان دەکات، کە سەرنجی دەنگدەران بۆ خۆیان ڕابکێشن، لە سەرئەنجامیشدا، دەبێتە فاکتەرێک بۆ هاتنە کایەی سیستەمی دوو پارتی لە بازنە بچوکەکاندا، لەگەڵ پاراستنی سیستەمی نوێنەرایەتی رێژەیی، بەم جۆرەش خۆیان بە دووردەگرن لەلایەنە نەرێنییەکانی سیستەمی زۆرینە، وە دەبێتە فاکتەرێک بۆ کەمبوونەوەی کاریگەری پارتە بچوکەکان.
- بەپێی سروشتی ئەم جۆرە سیستەمە وادەکات کە ژمارەی پارتەکان کەم بێتەوە بۆ سێ پارت یان دروستتر بلێین دوو پارت نیو یاخود دوو پارت و چارگێک، چونکە ئەم سیستەمە وادەکات پارتە بچوکەکان لەگەڵ پارتە گەورەکان یەکبگرن، ئەزموونی هەڵبژاردن لە ووڵاتی ئەڵمانیا دەریخستووە ئەو پارتانەی کە ٥٪ دەنگەکان بە دەست ناهێنن، هیچ کاتێک سێ کورسی لە بازنە بچوکەکان بە دەست ناهێنن، بە درێژایی مێژووی هەڵبژاردنی ئەڵمانیا یەک جار حاڵەتێکی پێچەوانە ڕوویدا ئەویش بەهۆی هاوپەیمانی نێوان یەکێک لە پارتە گەورەکان بوو.
- ئەو جۆرە سیستەمە دەبێتە فاکتەرێک بۆ درووستبوونی زۆرینەیەکی پەڕلەمانی و حکومەتێکی بەهێز و سەقامگیر، ئەوەش بەهۆی هاوپەیمانی نێوان یەکێک لە پارتە گەورەکان لەگەڵ پارتێکی بچوک یان هاوپەیمانی دوو پارتی گەورە.
- لایەنە نەرێنیەکانی سیستەمی تێکەلاوی ئەڵمانیا؛ (عمر عبداللە، ٢٠١٦، ٢٤٣ )
- ئەم سیستەمە سیستەمێکی نوێیە کە لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم کاری پێکراوە، بۆیە تا ئێستا بە سیستەمێکی نا تەواو وەسف دەکرێت، لەوانەیە لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر ئەم سیستەمە ڕوون بێتەوە.
- ئەم جۆرە سیستەمە وادەکات یاخود دەبێتە فاکتەرێک بۆ ئەوەی بەشێک لە کاندید و نوێنەران ئینتیمایان بۆ دەنگدەرانی بازنەکان هەبێت.
- سیستەمی تێكەڵاو ناتوانێت جۆرێک لە هاوسەنگی دروست بکات، هەندێک لە هێز و لایەنەکان لە دەرەوەی بازنەی نوێنەرایەتی دەمێنەوە، سەرەرای بەدەست هێنانی دەنگێکی زۆریش.
- ڕەخنە لەم سیستەمەش دەگیرێت، چونکە دەنگدەر دەربارەی پرۆسەی هەڵبژاردن تووشی سەر لێشێواوی و ئاڵۆزی دەکات.
“کۆبەند”
- سیستەمی هەڵبژاردنی تێکەڵاو سیستەمێکی نوێ نیە لە هەڵبژاردندا.
- سیستەمی تێکەڵاو وەک هەر یەک لە دوو سیستەمەکەی پێشووتر لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە، کاریگەری دروست دەکات لەسەر پرۆسەکە و دەنگدەراندا.
- لە وڵاتی ئەڵمانیا ئەم سیستەمە دەبێتە فاکتەرێک بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی ئەو ووڵاتە هەست بە بوونی و بەهای دەنگەی خۆی بکات.
- ئەم سیستەمە لایەنە ئەرێنیەکانی هەردوو سیستەمەکەی تری لە خۆگرتوو، واتا ناتوانین بلێین جیاوازیەکی گەورەیان هەیە یاخود ڕوونتر بڵێین ئەم سیستەمە هاوشێوەی دوو سیستەمەکی تر، کەم و کوڕی هەیە و سیستەمێکی کامڵ و تەواو نیە.
لیستی سەرچاوەکان؛
- کتێبە کوردییەکان
- عمر عبداللە، خامۆش، ٢٠١٦، چوارچێوەی دەستوری لە یاسایی هەڵبژاردن،ژ چ یەکەم، هەولێر، چ شەهاب.
- حەسەن، چواس،٢٠٠٧، سیستەمەکانی هەڵبژاردن و پێوەرەکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد، هەولێر، چ موکریان.
- مەقصود گەردی، مستەفا، ٢٠١٦، پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان گرنگی و کاریگەریەکانی، زنجیرەی ١٨، لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی چاوی کورد بۆ پەرەپێدانی سیاسی.
- جەمال، ئارام. محمد، دەرباز، ٢٠١٤، سیستەمەکانی هەڵبژاردن و شێوازی دابەشکردنی کورسی، ژ چ یەکەم، سلێمانی، چ ڕەهەند.
- حنون خالد، حمید، ٢٠٢٠، سیستەمە سیاسیەکان، و/ عزالدین عبداللە یاسین، هەولێر ،تەبایی.
- جواد الکاضم، صالح. غالب العانی، علی، ٢٠١٩، و/ عزالدین عبداللە یاسین، هەولێر، چ رۆژهەڵات
- جەوهەر عزیز،جەلال،٢٠٢٢، دیموکراسی کوردستان لە نێوان نواندن و جێبەجێکردندا، سلێمانی، چ پیرمێرد.
- توێژینەوەکان
- ئیبراهیم حکیم، هۆگر، ٢٠٢٢، سیستەمی هەڵبژاردن و هاوکێشەی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان شێواز و سیناریۆ ئایندەکانی، ئایندە ناسی.
- گۆڤارەکان
- مقصود،مستەفا، ٢٠٢٢، کاریگەری درێژکردنەوەی ماوەی پەڕلەمان لەسەر پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، های پۆلەتیک، وەرزی یەکەم، زانکۆی سەلاحەدین، گۆڤاری فەرمی کۆلێژی زانستە سیاسیەکان، بەشی سیستەمی سیاسی و سیاسەتی گشتی، هەولێر.
- وتارەکان
- مەقسوود گەردی، مستەفا، ٢٠٢٤، هەڵبژاردن بۆچی گرنگە، ماڵپەری وشە.
https://www.wishe.net/detailsWtar.aspx?NusarID=915&Jmare=5140
Last visit: 7-5-2024.:12:55 AM