(بیركردنەوەی بەرەجەژنان)
وێڕای جەژنە پیرۆزەم لە هەمووان
1- باسكردنی تەنیایی مرۆڤی كورد بە شێوەیەكی بوونخوازانە (eksistentialistisk)، واتای دەربڕینی ئەو هەستە قووڵ و کەسیی و کولتووریی و گۆشەگیری و بێماناییەی، کە دەکرێت بە هۆکاری جۆراوجۆری وەک ململانێی سیاسی و پەراوێزخستنی کولتووری و قەیرانی شوناسەوە سەرهەڵبدات. بۆیە قسەكردن لەسەر كورد و تەنیایی یەكێكە لە قورسترین بابەتەكان و یەكێكە لە گرنگترینیشیان.
2- باسكردنی تەنیایی و كورد، یان تەنیایی كورد، دەكرێت وەك ئەزمونێکی بوونخوازانەی قووڵ وەسف بکرێت، کە ڕەگ و ڕیشەی لە ئازاری تاکەکەسیی و بەکۆمەڵدا هەیە. ئەم تەنیاییە تەنیا گۆشەگیرییەکی جەستەیی نییە، بەڵکو هەستکردنە بە جیابوونەوە لە چوارچێوەیەکی گەورەتری واتار. مرۆڤ وەک کورد زۆرجار لە جیهانێکدا گیری خواردووە کە دان بە بوونی تەواوی خۆی یان مافی چارەنووسی خۆیدا نانرێت، ئەمەش نامۆبوونێکی بنەڕەتی دروست دەکات. ئەمە جگە لەوەی لە نیشتیمانی خۆیدا، لە ماڵەكەی خۆیدا و لە ناخی خۆیدا نامۆ دەكردێت بە كوردبوونی خۆی: لە نیشتیمانی خۆیدا نامۆیە چونكە باش دەزانێت نیشیتمانی ئەو هێشتا داگیر كراوە. لە ماڵەكەی خۆیدا نامۆیە چونكە میدیاكان واقیعی داگیركراوی نیشتمانەكەی بۆ دەهێننە كونی ژوورەوە، لە ناو خودی خۆیشدا نامۆیە، چونكە سوور دەزانێت زمانەكەی بەهای ئەوەی نەماوە خۆی لەبەر زمانە بیانییەكاندا ڕاگرێت.
3- لە ڕووە بوونخوزانەكەیەوە، ئەم تەنیاییە وەک ململانێیەک لە پێناوی ڕەسەنایەتی و بوونێکی واتادار لە جیهانێکدا ئەزموون دەکرێت، کە بەردەوام کولتوور و ناسنامەكەی بەرەوڕووی یەخانگیریی و ژێردەستەیی دەبێتەوە. ئەمەش دووچاری جۆرێ لە ململانێی لەگەڵ ناخی خۆی دەكات تا بەردەوام لە خۆی بپرسێت: كوردبوون لە جیهانێکدا واتای چییە، کە زۆرجار مافی بوونە مرۆڤیشی وەكئەوەی كە هەیە، ڕەتدەكرێتەوە؟
4- وێڕای ئەوەش ئەم مرۆڤە كوردە هەستکردنێكی قووڵی بە دابڕانێكی هەمیشەیی لە مێژوو و کولتوورەكەی خۆی هەیە. مێژووی کورد بە مێژوویەكی دزراو، پەراوێز و گۆشەگیركراو و دابڕاو و لە هەمان كاتیشدا بە میژوویەكی پڕ لە ململانێ لە پێناوی دانپێداناندا ناسراوە، كە ئەمەش دەردێکی بەکۆمەڵ دروست دەکات و دەبێتە هۆی بەهێزكردنی تەنیاییە كەسیی و خودییەكە. هەستی تەنیابوونی بوونخوزانەی مرۆڤ، كە تیایدا شووناسەكەی دەبەسترێتەوە بە ململانێیەكی بەردەوام بۆ مانەوە و دادپەروەر، هەستێكی فرە قووڵ و پڕ كۆژانە.
5- تەنیایی كورد هەر بەوەشەوە ناوەستێت، چونكە تەنیایی بەهۆی دابەشبوونی نێوان تاک و كۆمەڵ بەهێزتر دەبێت. وەک کوردێک هەمیشە لە خەبات و تێكۆشانەكانتدا بۆی هەیە هەست بە تەنیاییەكی ناخەكیی بکەیت، تەنانەت کاتێک كەسانێك دەورەیان داویت، کە هەمان پاشخانی کولتووریی خۆشتیان هەیە. وەك باوكێك كە ناتوانیت كرێی خوێندنی منداڵەكانت بدەیت، وەك هاوسەرێك كە ناتوانیت هاوكاری خێزانەكەت بیت، وەك ژنێك كە ناتوانیت بەرگریی لە ژیانت بكەیت و… لە هەموو ئەم دۆخانەدا تازە چیتر “پەیوەندییە كوردییەكان” و “بەهاكوردەوارییەكان” لە (بەزەیی، هاوكاری و لێكتر حاڵیبوون) كاری خۆیان ناكەن و یاسای قوتابخانە و نەخۆشخانە و پەیوەندییە فەرمییەكان حاكمن. سەرمایەدارییەتی نوێ و یاساكانی حوكمت دەكەن. تۆ ئیتر وەك كوردێك لە وڵاتی خۆتدا نیت تا بە پێی عورفی وڵاتی خۆت بژیت و داوای یارمەتی لە دەوروبەرەكەت بكەیت و ئەوانیش بە گەڕانەوەیان بۆ “ویژدانی كوردییانە” دەستی هاوكارییت بۆ ڕابكێشن. لەم ژیانە تازەیەدا تۆ بویتە یەكێك لە هەمووان و لەو (ئێمە) مێژووییەكە دابڕاویت كە كوردبوونی تۆ بەڕێوەی دەبرد. ئەم دابڕانە ناكۆكێكە (پارادۆکسیکە)، کە ئاشكرای دەكات هێشتا لەگەڵ ئەوانیتر پێکەوەیت، بەڵام زۆر بە قووڵی تەنیایت، ئەمەش بەشێکی هەرە بنەمایی و تەنیایی بوونخوازانەیە.
6- بەڵام تەنیایی بوونخوزانە لە تەنیایی جەستەیی، كۆمەڵایەتی و كولتووری و هەرجۆرە تەنیاییەكی دیكە جیاوازە، چونكە تەنیاییەكی بیركەرەوەیە. لەو جۆرە تەنیاییەدا تاكەكەس لە ئاست دۆخی بوونی خۆیدا بێدار دەبێتەوە و بیری لێدەكاتەوە. بیر لە بوونی خۆی، واتای ژیان و ڕۆڵی مرۆڤ لە ژیان و جیهاندا دەكاتەوە. بوونی خۆی لە ڕێگەی ئەم بیركردنەوەیەوە لە بوونێكی فڕێدراوەوە بۆ نێو ڕووداوەكان، هەڵدەگێڕێتەوە بۆ بوونێك كە بەدوای واتا و ئامانجێكدا دەگەڕێت و بوون دەكاتە چالاكیی و داهێنان. واتە ڕێك لەو ژیانە بێ مانایەوە كە ئەوی فڕێدابووە نێو بێ واتاییەوە، هیوایەك بۆ خۆی و ئامانجێك لە ژیانیدا دەدۆزێتەوە. ئەم دۆخە لە یەك كاتدا ئازار و كۆژانێكی گەورەیە و لە هەمان كاتیشدا دەستكەوتێكی مەزنە لە پێناوی گەشەی خودێتی و دۆزینەوەی ڕەسانەیەتی لە بوونی خۆماندا.
7- بەم پێیەش وەسفکردنی تەنیایی مرۆڤی كورد بە شێوەیەکی بوونخوزانە، دانپێدانانە بەو هەستە قووڵەی گۆشەگیری و نامۆبوون و بێماناییەی، کە لە کولتوورێکی پەراوێزخراو و داگیركراودا بەهەڵە تێگەیشتن دێنێتە ئاراوە. ئەو بە هەڵە تێگەیشتنەش بەشێكی ئەو تەنیاییەیە كەوا دەزانرێت بریتییە لە دابڕانی تاكەكەس لە كۆمەڵگە. لە ڕوانگەی بوونخوازییەوە؛ ئەوەی مەترسیدارە دابڕانی تاكەكەس نییە لە كۆمەڵگە؛ بەڵكو دابڕانی تاكەكەسە لە خودی خۆی. تەنیا لەو كاتەدا كە تاكەكەس دەبێتە خودی خۆی دەتوانێت ببێتە تاک و دەتوانێت بوونی ڕەسەنی خۆی بژی و “ئەندامێكی ڕەسەنی ڕەگەزی مرۆڤایەتی”یش بێت.
8- پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە: ئایا كورد مرۆڤێكی بە واتا كۆمەڵایەتی و دەروونیی و كولتوورییەكەی كەسێكی تەنیایە، یان بە واتا بوونخوازییەكەی؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە دەبێت هەر كەسێك لە خودی خۆی بكات تاكو بتوانێت پێناسەیەكیش بۆ كوردبوونی خۆی نا، بۆ مرۆڤبوونی خۆی بكات.