جەژن بە سروشتی خۆی بۆنەیەکی کۆمەڵایەتییە، هێزی خۆی لە پێکەوەیی تاکەکان و لێبوردەیی و خۆشی وەردەگرێ. لەو نێوەندەشدا، منداڵان بە جیهانی پاکی خۆیان جەژن جوانتر دەکەن و لە پارک و شاری یاری و کووچە و کۆڵانەکان، مانا و پەیامی جەژن جوانتر دەردەخەن.
ئەوەی جێی داخە و ساڵانە لە بۆنە و جەژنەکاندا دووبارە دەبێتەوە، کڕینی چەکی پلاستیکی و یاریە ئاگرینەکانە لای منداڵان لە ڕۆژانی جەژندا کە زۆر جار ئەو چەک و یاریانە کارەساتیان بۆ منداڵان و دەوروبەریش لێ كەوتووەتەوە.
لێرەدا گرنگە دوو قسە بخەینە ڕوو، هەم بۆ لایەنی بەرپرس و هەم بۆ خێزانەکان:
یەکەم- پێویستە حکوومەت لەسەر سنوورەکان بەجدی ڕێگریی توند بکات لە هاتنی ئەو جۆرە یاریە ترسناكانە بۆ ناو شارەکانی کوردستان، کە هەندێ بازرگانی تێرنەخۆر، بێ ڕەچاوکردنی تەمەن و تەندروستی و کەسایەتیی منداڵ بازرگانیی پێوە دەکەن و هاوردەی کوردستانی دەکەن، کە ئەوە بە هەموو پێوەرێکی ئەخلاقی و مرۆیی پێچەوانەی یاسا و مافەکانی منداڵە.
بۆیە گرنگە حکوومەت خۆی لەم بابەتە بە رژدی بێتە دەنگ و باجی گەورە بخاتە سەر هاوردەکردنی ئەو جۆرە چەک و یاریانە، کە سروشتی منداڵ تێک دەدەن و بەرەو ڕەفتاری شەڕانگێزی و لاساییکردنەوەی كاری بەدی دەبەن.
دووەم- ئەرکی خێزان و بەخێوکەرانی منداڵە، کە پەروەردە پێش بەخێوکردن بخەن، منداڵەکانیان بە ئارامی لە زیانی ئەو جۆرە یاریانە ئاگادار بکەنەوە، تا لە ڕۆژانی جەژندا بە باوەڕەوە لە کڕینی ئەو یاریانە بەدوور بن، جگە لەوە، دەبێت وریا بن منداڵ پارەی زۆری لا نەبێت، کە دوور لە چاوی خێزانەكەی بچێت ئەو یاریانە بکڕێت، چونکە لە ڕۆژانی جەژندا منداڵ بەهۆی وەرگرتنی جەژنانە لە دایک و باوک و کەسوکاریان، پارەی زۆریان دەکەوێتە دەست، بۆیە پێویستە دایک و باوکان لەم رووەوە چاودێر بن بەسەر منداڵەکانیان، چونکە منداڵ حەزەکانی زیاتر بەسەریدا زاڵە و کەمتر درک بە زیانەکانی ئەو یاریانە دەکات.
لایەنێکی دیكە ئەوەیە کە منداڵ زۆر چێژ لە لاساییکردنەوە دەبینێت، کە تێکەڵی منداڵانی دیكەی گەڕەکەکەی دەبێت، ئەوا ڕاستەوخۆ حەزی لاساییکردنەوە و بەکارهێنانی ئەو یاریانە لە مێشک و هۆشیدا چەکەرە دەکات، دیسان ئەرکی خێزانەکانە کە نابێت ڕێگە بدەن ئەو لاساییکردنەوەیە بەسەر هەست و بیرکردنەوەی منداڵەکانیان زاڵ بێت بۆ کڕین و بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەک و یارییانە لە ڕۆژانی جەژندا.
ئەوەی ماوە بیڵێین ئەوەیە کە بازرگانان و خاوەنی مارکێتی گەڕەکەکان بەویژدانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە هەستیارەدا بکەن و منداڵی وڵاتەكەیان نەکەنە سووتەمەنی بۆ زیادکردنی بڕێک پارە لە سەرمایە و داهاتەکانیان، بە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و ئایینی و مرۆیی لەو بابەتە بڕوانن و ڕێگە بە خۆیان نەدەن ئەو یاریانەی کە منداڵانمان بەرە و حەزی تاوان و شەڕانگێزی دەبەن، هاوردەی بکەن، یان لە مارکێت و مۆڵەکان و مینی مارکێتی گەڕەکەکان بۆ فرۆشتن دایبنێن.
جوبران خەلیل جوبران، بیرمەندی عەرەب دەڵێت: ”منداڵ لە خێزان دروست دەبێت، بەڵام بەتەنیا موڵکی خێزان نییە، بەڵکوو ئەوان کوڕی بەردەوامی و داهاتوویی ژیانن.“
بۆیە منداڵ خەڵاتی خودایە بۆ جوانکردنی ژیان، با لێگەڕێین لە دونیای بێگەردی خۆیاندا بژین و گوزارشت لە بوونی حەز و خۆشیەکانیان بکەن، بەتایبەتی لە ڕۆژانی جەژندا.