هانا وار:- ئایا دەروونشیکاری شتێکمان دەربارەی خۆشەویستی فێردەکات؟
جاک:- زۆر زۆریش؛ بزووێنەری سەرەکی لە ئەزموونی دەروونشیکاریدا خۆشەویستییە. زۆربەی جار پەیوەندی بە خۆشەویستی نا ئاگایانە و دهستبهجێوه هەیە، کە دەروونشیکار بۆ شیکاری دەهێنێت و ناودەبرێت بە گواستنەوە، لەهەمان ماددەی خۆشەویستی ڕاستەقینە دروستکراوە. تیشک دەخاتە سەر میکانیزمی خۆشەویستی؛ خۆشەویستی ڕوو لەو کەسە دەکات، کە پێی وایە هەقیقەت پێ دەزانێت. خۆشەویستی وات لێدەکات، پێت وابێت ئەو هەقیقەتە خۆشویستراوە یان پەسەندکراوە، لەکاتێکدا لەڕاستیدا هەڵگرتنی دژوارە.
هانا وار:- کەواتە مانای چییە بەڕاستی خۆشەویستی بکەین ؟
جاک:- کەسێکت بەڕاستی خۆشبوێت، مانای ئەوەیە بڕوات بەوە هەبێت لەڕێگەی خۆشەویستییەکەیەوە دەگەیتە هەقیقەتی خوود. ئێمە ئەو کەسەمان خۆشدەوێت، کە وەڵامێکی پێیە یان دەتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارەمان بداتەوە: من کێم؟
هانا وار:- بۆچی هەندێک کەس دەزانن خۆشەویستی بکەن و لەهەمان کاتیشدا هەندێکی دیکە لێی بێ ئاگان؟
جاک:- چ پیاو چ ژن، هەندێکیان دەزانن چۆن خۆشەویستی لەلایەن کەسانی دیکەوە بەکاربهێنن. دەزانن دەست بدەن بە چ دوگمەیەکدا تاوەکو خۆشەویستی بە دەست بهێنن. بەڵام پێویست نییە ئەوانیش خۆشەویستی بکەن، چوون زۆربەی جار یاری مشک و پشیلە لەگەڵ نێچیرەکانیان دەکەن. بۆئەوەی خۆشەویستی بکەی پێویستە کەموکوڕتی خۆت و پێویستبوونت بە کەسێکی دیکە و ئەوەی تۆ بیری دەکەیت، بزانیت. ئەوانەی کە ئەوەیان هەیە و پێیان بەسە، یان بەدوای ئەمەوەن، بێ ئاگان لەوەی چۆن خۆشەویستی بکەن، هەندێک جار بە ئازارێکی زۆرەوە ئەم هەقیقەتە دەزانن. ئەوان یاری دەکەن و بە توندی دەزووەکە دەگرن و لەسەر پەت سەمان دەکەن، ئەمما لەبارەی خۆشەویستی و مەترسییەکەی و چێژەکەی هیچ نازانن.
هانا وار:- “ئەوەی هەیانە بەسییانە” تەنها پیاوان وەها بیردەکەنەوە.
جاک:- دەستکاریکردنێکی چاکە زۆربەی جار لاکان دەیوت ” خۆشەویستی ئەوەیە، ئەوە ببەخشی کە نیتە”. ئەمەش بەواتای ئەوە دێت: خۆشەویستی ئەوەیە کەموکوڕتی خۆت بزانیت و بیبەخشی بە کەسێکی دیکە، یان ڕادەستی کەسێکی دیکەی بکەیت. قسەکان لێرە دەربارەی ئەوە نییە ئەوەی پێتە لە دیاری و کەرەستە بیبەخشی، بەڵکو قسەکان لەسەر ئەوەیە شتێکی جیاواز ببەخشی کە نیتە. وەک فرۆید دەڵێت ” کەموکوڕتی خۆت، گریمانە بکە. کەسێک دەتوانێت هەر لە شێوازی خانمێتییەکەیەوە، بکەوێتە خۆشەویستییەوە. خۆشەویستی دەبێتە مێینە. هەر لەبەر ئەمەشە، هەمیشە خۆشەویستی لەلای پیاو جۆرێکە لە کۆمیدیا. بەڵام ئەگەر ترسی ئەوەی بەهۆی ئەم خۆشەویستییەوە ببێتە گاڵتەجاڕ داگیری بکات، ئەوکات پیاو لە هەقیقەتەکەدا دەبێت، دڵنیا نییە لە پیاوەتی خۆی. خۆشەویستیم بۆ تۆ، تەنها پەیوەندی بەمنەوە نییە بەڵکو پەیوەندی بە تۆشەوە هەیە. خۆشەویستیم بۆ تۆ، شتێکت لەسەر دەڵێت لەوانەیە تۆ بێ ئاگا بیت لێی.
هانا وار:- کەوایە خۆشەویستی لای پیاو دژوارترە؟
جاک:- بەڵی بەدڵنیاییەوە، تەنانەت پیاوێکی ئاشقیش، خۆبەزلزانی و تەقینەوەی تووندی بەرانبەر بابهتی خۆشەویستی هەیە، چوون خۆشەویستی دەیخاتە دۆخێکی وابەستەیی و ناسەقامگیری. ئەمەش هۆکارەکەی ئارەزووکردنی ئافرەتێکە کە خۆشی ناوێت؛ کاتێک خۆشەویستی دەکات دەگەڕێتەوە بۆ دۆخێکی پیاوەتی کە هۆگری دەکات یان ڕێگری لێدەکات. فرۆید ئەمەی ناو ناوە “کەمکردنەوەکانی ژیانی خۆشەویستی” لای پیاو: سوودی جیاکردنەوەی خۆشەویستی و ئارەزووی سێکسی”.
هانا وار:- ئەی چی دەربارەی ژن؟
جاک:- لەلای ژن کەمتر باوە. زۆربەی جار ڕۆڵی هاوبەشە نێرینەکە لەیەکدان دەکات، ئارەزووی پیاوێک دەکەن بۆ چێژبینین، بەڵام پیاوێکی خۆشەویستیش. دەبێت تەنها ئەوەمان بیربێت کە ئەمە تەنها ناوچەی سەرکردایەتی نییە کە ئاگادارکردنەوە دەدات: لایەنێکی ژن هەیە کە نێرینە بەخێوی دەکات و ژمارەیان لەزیادبوونە. پیاوێکیان بۆ خۆشویستن لەماڵەوە هەیە؛ پیاوێکی دیکەش بۆ چێژ بینین.
هانا وار:- “خۆشەویستی هەمیشە لە ئاڵوگۆڕکردندایە” لاکان خاوەنی ئەم قسەیە. ئایا لە کاتی ئێستاماندا دروستە؟ واتای چی دەدات؟
جاک:- بەردەوام ئەم وتەیە دووبارە دەکرێتەوە، بەبێ ئەوەی تێگەشتنی بۆ بکرێت یان بەپێچەوانەوە تێگەشتنی بۆ دەکرێت. وتەکە مانای ئەوە نادات کە تۆ دەبێت کەسێکت خۆشبوێت تاوەکو ئەویش لەلایەنی خۆیەوە ئاڵوگۆڕی بکات لە گەڵتدا، شتێکی ساویلکانەیە”.
واتای وتەکە ئەمەیە: ئەگەر تۆم خۆشدەوێت، ئەمە مانای ئەوەیە تۆ شایەنی ئەم خۆشەویستییەی. بەڵێ منم خۆشەویستییەکە دەکەم، وەلێ تۆش پێیەوە گرێدراویت، چونکە شتێکت تێدایە وام لێدەکات تۆم خۆشبوێت. ئاڵۆگۆڕە، چوون هاتووچۆ دەکات: خۆشەویستیم بۆ تۆ شوێنەوارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خۆشەویستییەی کە تۆ بەلای منەوە دروستی دەکەیت. بەمشێوەیە تۆش گرێ دراویت پێیەوە. خۆشەویستیم بۆ تۆ، شتێکت لەسەر دەڵێت لەوانەیە تۆ لێی بێ ئاگا بیت. تەنانەت گرەنتی ئەوەی خۆشەویستی کەسێکی دیاریکراو بەخۆشەویستی لایەنەکەی دیکە وەڵام بدرێتەوە، ناکات! کاتێک ئەوە ڕوودەدات، بەردەوام دەبێتە لێدانێکی سەرسامبوون، ناکرێت پێشوەختە هەژمار بکرێت .
هانا وار:- ئێمە هەرگیز “یەک کەس” بەڕێکەوت نادۆزینەوە، ئەم کوڕە بۆ؟ ئەم کچە بۆ؟
جاک:- ئەمە فرۆید ناوی ناوە، مەرجی خۆشەویستی، هۆکاری تایبەتمەندییەکی تایبەتە- یان ڕستەیەکە لە تایبەتمەندییەکان – هەڵبژاردنی خۆشەویستی لەلای مرۆڤ ئەرکێکی هەستیارە. کارێکە بە ڕێک و ڕەوان لە چنگی زاستی دەروونیدا دەکرێت، چوون لەلای هەر کەسێک کارێکی نایاب و تایبەتە و مێژووییەکی سۆزداری تاکی هەیە. هەندێک جار، تایبەتمەندی زۆر بچووک و تروهات ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت. بۆ نموونە، فرۆید هۆکاری ئارەزووی لە نەخۆشێکدا بەهۆی بریقەی لوتی ئافرەتێکەوە دەستنیشان کرد.
هانا وار:- ئەستەمە لەسەر بنەمای ئەو شتە بچووکانە، باوەڕ بە خۆشەویستی بکەین.
جاک: واقعی نائاگایی خەیاڵ تێدەپەڕێنێت. ناتوانێت بزانێت ژیانی مرۆڤ چەندێک بوونیادنراوە بەتایبەت کە پەیوەندی بە خۆشەویستییەوە هەیە. دروستە کە لەلایەن پیاوانەوە هۆکار گەلێک کە بە پلەی یەکەم دێن، کە بەوشێوەیە ئارەزووی دەکەن بدۆزیتەوە. لەبابەتی خۆشەویستیدا ووردەکاری بچووک؛ کە بە باوک، دایک، خوشک، برا یان کەسێکی مناڵی بیربخاتەوە، کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی ژنێک دەبێت.
بەڵام خاڵی خۆشەویستی لەلای ژن، نزیکە لە ئەرۆنۆمانیی و فیتشمیس، ژنان دەیانەوێت خۆشویستراو بن. خەمیان ئەوەیە، ئەو خۆشویستییەی کە دەردەبڕێت یان چاوەڕێی دەکەن لە کەسی بەرانبەر، مەرجێکی حەتمییە بۆ ورژاندنی خۆشەویستی لەلایان، یان بەلایەنی کەمەوە بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندییان. ئەم دیاردەیە خۆی لە بنەڕەتی گفتوگۆی نێوان ژن و پیاو دەبینێتەوە.
هانا وار:- هیچ ڕۆڵێک بۆ خەیاڵ کردن ناگەڕێتەوە؟
جاک:- خەیاڵ-چ ئاگا یان نائاگا بێت- لەلای من ڕۆڵێکی بەرچاو لە چێژ بینین وەک لە هەڵبژاردنی خۆشەویستی هەیە، لەکاتێکدا لای پیاوان پێچەوانەیە و جیاوازە. بۆ نموونە، با وای دابنێین ژن لەکاتی سێکس-بابڵێین ئۆرگازم – دەگاتە چێژ، تەنها بە خەیاڵکردنی ئەوەی ڕووبەڕووی لێدان یان شتێک یان تەنانەت لە شوێنیکی دیکە، یان وونە.
هانا وار:- خەیاڵی نێرانە؟
جاک:- لە یەکەم نیگاوە جیاوازی زۆر لە خۆشەویستیدا نیشان دەدات. نموونەیەکی کلاسیکی هەیە، کە لاکان ئاماژەی پێ داوە، لە ڕۆمانی گیتی، کاتێک ڤیرتەر یەکەم جار شارلۆت دەبینێ خواردن دەدات بە کۆمەڵێک منداڵی دەورووبەری، خرۆشییەکی تێدا دروست دەبێت. لەم نموونەدا، ئەو شتەی گڕی لە خۆشەویستییەکە بەردا، تایبەتمەندی دایکایەتییە. نموونەیەکی دیکە کە لە نۆڕینگەکەم ڕوویداوە، ئەویش بەڕێوهبەرێکی پەنجا ساڵە، چاوی بەو کەسانە دەکەوێت کە هاتوون بۆ چاوپێکەوتنی کاری سکرتێری، کچێکی گەنجی بیست ساڵە و یەکانگا بەڕێوبەرەکە خۆشەویستی خۆی دەردەبڕێت. تووشی دەستەپاچەیی دەبێت و پەنا دەباتە بەر دەروونشیکاری. لێرەدا پەردەکە هەڵماڵڕا: تایبەتمەندییەکانی وایان لە بەڕێوبەرەکە کرد بگەڕێتەوە بۆ یەکەمین چاوپێکەوتنی کاری خۆی لە تەمەنی بیست ساڵیدا. بە تێگەشتنێکی دیکە، کەوتبووە خۆشەویستی خۆیەوە. لەم دوو نموونەدا دەتوانین ئەوە ببینین کە فرۆید جیایی کردوونەتەوە: کەسێکت خۆشبوێت بتپارێزێت وەک دایک، یان وێنەی خوود ئەڤینی خۆتت خۆشبوێت!
هانا وار:- وادیارە لە خوێنماندایە!
جاك:- نا، چوون هیچ شتێکی پێشوەختە لەلای پیاو و ژن نەنووسراوە و هیچ هێڵ و پەیوەندییەک نییە کە پێشتر بوونیادنرابێت. یەکتربینینیان بێ پڕۆگرام بووە، پیاوان و ژنان قسەدەکەن، لە جیهانی قسەکردندا دەژین و هەر ئەمەش شتە هەستیارەکەیە. بەشێوەیەکی زیادەڕۆیانە، خاڵەکانی خۆشەویستی بەو سەقافەتەی دەوری داوە، هەستیارە. هەموو شارستانییەکیش تایبەتمەندە بە پەیوەندی ئەو دوو ڕەگەزەی تیایدا بەشدارە. لە کۆمەڵگای لیبڕاڵیماندا، کۆمەڵگای بازاڕ و لەناوبردن، ” فرەیی” لەڕێگەی گۆشەگیرییەوە تێپەڕیووە. نموونەی نموونەیی “بۆ خۆشەویستییەکی گەورە و هەمیشەیی”لەڕووبەڕووبونەوەی چاوپێکەوتنێکی خێرا و خۆشەویستییەکی خێرا ووردە ووردە خل دەبێتەوە.
هانا وار:- کێشەکە ئەوەیە پیاوان دەڵێن: تێناگەن ژنان چیان دەوێت، ژنانیش تێناگەن لەوەی پیاوان چاوەڕێیی چیان لێدەکەن.
جاک:- بەڵێ، ئەوەی دژایەتی چارەسەری ئەرتۆتاڵی دەکات، لەڕاستیدا ئەوەیە گفتوگۆی نێوان دوو ڕەگەز ئەستەمە. هەر ئەمەشە لاکان ئاماژەی پێ داوە، لەڕاستیدا چارەنووسی دوو ئاشق ئەوەیە، لەزانینی زمانی ئەوی دی بۆ چارەنووسێکی ناو لێ نەنراو بەرەو پێشەوە دەچن. دەست لە ڕێگای خۆیان بدەن و بەدوای کلیلدا بگەڕێن- کلیل گەلێک کە هەمیشە شایەنی شکان بێت. ئەم چاوپێکەوتنە لە ٢٠٠٨ لە گۆڤارێکی فەڕەنسی دەروونشیکاری بەناوی Frensh Edition Of Psychologies Magazine”، بڵاوبووەتەوە. دواتر لە ئازاری ٢٠١١ وەرگێڕدراوە بۆ ئینگلیزی لە HORLY_burly کە ئەمە خولێکی قوتابخانەی لاکانییە. بپێ وەسێتی لاکان، جاک ئاڵین میراتگری شەرعییەتی.
سهرچاوه؛ Qadita.com
وەرگێڕانی بۆ عەرەبی : خلیل سبیت
وەرگێڕانی : مەدینە ئەحمەد