پێش چەندین هەزار ساڵ لە گەیشتنی کەشتییەکانی کریستۆفەر کۆڵۆمبس بۆ دوورگەکانی بەهاما، کۆمەڵە خەڵکانێکی جیاجیا ئەمریکایان دۆزیوەتەوە. باوباپیرانی کۆچەری ئەمریکییە ڕەسەنەکانی ئەمڕۆ کە زیاد لە ١٢ هەزار ساڵ لەمەوپێش بەسەر “پردێکی وشکاییدا” لە ئاسیاوە بەپێیان پەڕیونەتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە ئێستا بە ئالاسکا دەناسرێت.
لەڕاستیدا، بە تێپەڕینی ڕۆژگار کە تێیدا خەڵکە سەرکێشە ئەوروپییەکان لە سەدەی پانزەدا هاتوون، زاناکان مەزەندەیان وایە کە زیاد لە پەنجا ملیۆن کەس لە هەردوو ئەمریکادا ژیاون. لە نێو ئەوانەدا نزیکەی ١٠ ملیۆن کەس لەو ناوچانەدا ژیاون کە دواتر بە ویلایەتە یەکگرتووەکان ناسرا. لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا، ئەو کۆچبەرانە و نەوەکانیان بەرەو باشوور و ڕۆژهەڵات ڕۆیشتن و لەگەڵ کۆچکردنیان ڕاهاتن.
بە شوێنکەوتنی ئەم گرووپە جیاجیایانە، زانایانی ئەنسرۆپۆڵۆجیا و جوگرافیناسەکەن دابەشیان کردوون بەسەر “ناوچە کولتوورییەکان”، یان تا ڕادەیەک کۆمەڵ کۆمەڵی گەلانی دەراوسێ و لێکتر نزیکدا، کە لە نەریت و خاسییەتدا هاوشێوە بوون. زۆربەی زانایان ئەمریکای باکوور، بێجگە لە مەکسیکی ئێستا، دابەش دەکەن بەسەر ١٠ ناوچەی کولتووریی جیاوازدا: جەمسەری باکوور، نیمچە جەمسەری باکوور، باکووری ڕۆژهەڵات، باشووری ڕۆژهەڵات، پێدەشتەکان، باشووری ڕۆژاوا، حەوزی گەورە، کالیفۆرنیا، کەناری باکووری ڕۆژاوا و هەردە تەلانەکان.
“جەمسەری باکوور”
ناوچە کولتوورییەکەی جەمسەری باکوور، کە ناوچەیەکی سارد و تەختایی و بێ دار و درەختە و (لەڕاستیشدا بیابانێکی بەستەڵەکە) و نزیکە لە بازنەی جەمسەری باکووری ئالاسکا، کەنەدا و گرینلاندی ئەمڕۆوە و زێدی ئینویت و ئەلیوت بووە. هەردوو ئەم گرووپە پێشتر و ئێستاش بەو دیالێکتانە قسە دەکەن کە لەوانەوە هاتوون کەوا توێژەران بە بنەماڵەی زمانی ئەسکیمۆ – ئەلیوتی ناودەنێن. ئەوجا لەبەر ئەوەی ئەم خاک و ناوچەیە گونجاو نەبووە بۆ ژیان، ئەوە دانیشتووانی جەمسەر ئەگەر بەراورد بکرێن بچووک و تا ڕادەیەک پەرت و بڵاو بوون. هەندێ لە خەڵکەکەی، بەتایبەتی ئینویت لە بەشی باکووری ناوچەکە کۆچەر بوون و بە دوای سەگڵاو و ورچی جەمسەر و نێچیری ترەوە بوون لە کاتی کۆچکردنیان بە تەندرادا. لە بەشی باشووری ناوچەکەدا، ئەلیوتەکان تا ڕادەیەک زیاتر نیشتەجێ بوون و لەو گوندانەدا دەژیان کە لەسەر ڕاوەماسیی دەژیان لە کەنار دەریاکاندا.
تۆ ئەوەت دەزانی کەوا بە پێی بیرۆی ئاماری ئەمریکی، کەوا نزیکەی 4.5 ملیۆن کەس لە ئەمریکییە ڕەسەنەکان و دانیشتووانی ئەمریکیی ڕەسەنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمڕۆ بوون و ئەمە نزیکەی ١.٥ لە سەدی دانیشتووانی پێکدەهێنا. هەردوک ئینویت و ئەلیوت زۆرێک لە کۆلکەی هاوبەشیان بووە. زۆرێکیان خانووەکانیان لەسەر شێوەی گومەزێک لە گژوگیا و تەختەدار دروستدەکرد (یان لە باکوور پارچە سەهۆڵیان بەکاردەهێنا). هەروەها پێستی سەگڵاو و ڕێویی ناو ئاویان بەکاردەهێنا بۆ دروستکردنی جلوبەرگی گەرم کە بەرگەی کەشوهەوا بگرن و عەرەبانەی تاخۆڕک کە سەگ ڕایدەکێشان بەلەمی ڕاویی درێژ و کراوە (کە ئینویت کایاکیان پێدەگوت و ئەلیوت بایدەرکاس). بە تێپەڕینی کات، ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٨٦٧دا ئالاسکای کڕی. دەیەکانی ئەو ساڵانە پڕبوو لە ستەم و داپڵۆسین و بەرکەوتنی نەخۆشییە ئەوروپییەکان زیانی قورسیان لێکەوتەوە و ئەنجام بوو بە مایەی کەمبوونەوەی خەڵکی ڕەسەن بۆ تەنها ٢٥٠٠ کەس، کە تا ئێستاش نەوەی ئەو ڕزگاربووانە لەو ناوچەیەدا دەژین.
“نیمچە جەمسەر”
ناوچەی کولتووریی نیمچە جەمسەر بە زۆریی لە دارستانی هۆر و گۆماو (تایگا) و تەندرای بەئاو داپۆشراو پێکدێت و بەشێکی گەورەی ئالاسکای ناوەوە و کەنەنەدا دەگرێتەوە. زانایان دانیشتووانی ناوچەکەیان دابەشی دوو گرووپی زمان کردووە: قسەکەرانی ئاثاباسکی لەو کلکەیەی ڕۆژاواوە و لە نێویاندا قسەکەرانی تساتین (دەڵەک)، گویچین و دێگ خیناگ لە کلکەی ڕۆژهەڵاتەوە، کە ئۆجیبوا و ناسکاپی لە نێویاندا بوون. لە ناوچەی نیمچە جەمسەردا، گەشتکردن ئاسان نەبوو، چونکە تاخوڕکەکان و پێڵاوی سەر بەفر و بەلەمی سووک ئامرازی بنەڕەتیی گواستنەوە بوون و بەشێوەیەکی گشتی ژمارەی دانیشتووان کەم بوو و گەلانی جەمسەری باکوور نیشتەجێی هەمیشەیی گەورەیان نەبوو، بەڵکو لەبریی ئەوە گرووپی خێزانیی بچووک لە کاتی ڕۆیشتن و شوێنکەوتنی ڕانە کەڵەکێویدا بەیەکەوە دەنووسان. ئەوان لە خێوەتی بچووک بچووکدا دەژیان کە بەئاسانی جووڵەیان پێدەکرا، کاتێکیش کەوا کەش زۆر ساردی دەکرد و نەیاندەتوانی ڕاو بکەن، ئەوا لە حەشارگەی ژێر زەویدا دەژیان.
کاتێ گەشەکردنی بازرگانیی کەوڵ (فەرو) لە سەدەکانی ١٧ و ١٨دا بوو بە هۆی پەکخستنی ژیان لە ناوچە نیمچە جەمسەرەکاندا – کە لە ئێستادا لەبریی ڕاوکردن و بەرە درەخت کۆکردنەوەدا بۆ ژیان، هندییەکان بایەخی زیاتریان دا بە کۆکردنەوە و هێنانی پێستی ئاژەڵ بۆ بازرگانە ئەوروپییەکان – و ئەمەش لەکۆتاییدا بوو بە هۆی ڕاگواستن و لەناوبردنی زۆرێک لەو مرۆڤانەی کۆمەڵگە ڕەسەنەکانی ناوچەکە.
“باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات”
ڕاگەیاندنی ١٧٦٣
ناوچەی کولتووریی باکووری ڕۆژهەڵات، یەکێکە لە ناوچە یەکەمەکانی کەوا بەردەوام بوو لەگەڵ ئەوروپییەکاندا، لە کەناری ئەتڵەنتیکی کەنەدای ئەمڕۆوە درێژبووەتەوە بۆ کارۆلاینای باکوور و دوورگەی دۆڵی ڕووباری مسیسیپی. دانیشتووانی ئەندامانی دوو گرووپ بوون: ئیرۆکوا زمانەکان (کە کایوگا و ئۆنیدا و ئیری و ئۆنۆنداگا و سێنێکا و توسکارۆرا دەگرێتەوە)، کە زۆربەیان بە درێژایی ڕووبار و دەریاچەکانی ناوخۆدا دەژین لە گوندە تۆکمە و جێگیرە سیاسییەکاندا دەژین و بە زمانی ئەلگۆنکویان قسە دەکەن کە ژمارەیان زۆرە و (ئەمانەش خێڵەکانی پیکۆت و فۆکس و شاونی و وامپانواگ و دیلاوێر و مینۆمینی دەگرێتەوە) کە لە گوندە بچووکەکاندا دەژین لەسەر کشتوکاڵ و ڕاوەماسی بە درێژایی ئۆقیانووسدا. لێرە بەروبوومی وەک زوڕات و پاقلەمەنی و سەوزە دەڕوێنن.
ڕاستییەکەی ژیان لە ناوچەی کولتووریی باکووری ڕۆژهەڵات پڕ ململانێ بوو، کەوا گرووپەکانی ئێروکوا تا ڕادەیەک مەیلیان بە لای دوژمنکاری و جەنگەوە بوو، بۆیە باند و گوندەکانی دەرەوەی کۆنفیدراڵییە هاوپەیمانەکان هەرگیز دڵنیا نەبوون لە هەڵکوتانەسەر و شاڵاویان و ئەوەی زیاتر مەسەلەکەی ئاڵۆز کردبوو هاتنی کۆڵۆنیالە ئەوروپییەکان بوو. جەنگە کۆڵۆنیاڵییەکان بەردەوام دانیشتووانی ڕەسەنیان ناچار دەکرد کە بدەنە پاڵ لایەکیان و ئەمەش وا کەوتەوە کە گرووپەکانی ئیروکوا هان بدرێن دژ بە ئەلگۆنگییەکانی دراوسێیان. لە هەمان کاتیشدا بە هۆی فشاری نیشتەجێ سپیپێستەکانەوە بەرەو ڕۆژاوا، دواجار بوو بە هۆی ئاوارەبوونی هەردوو گرووپی دانیشتووانی ڕەسەن لە سەر خاک و زەویوزاری خۆیان.
“باشووری ڕۆژهەڵات”
ناوچەی کولتووریی باشووری ڕۆژهەڵات، باکووری کەنداوی مەکسیک و باشووری باکووری ڕۆژهەڵات، ناوچەیەکی کشتوکاڵیی شێدار و بەپیتە. زۆرێک لە دانیشتووانە ڕەسەنەکەی جووتیاری بەئەزموون بوون و بەروبوومی بنەڕەتییان چاندووە وەک زوڕات و پاقلەمەنی و کوولەکە و تووتن و گوڵەبەڕۆژە، کە ژیانیان لە گوند و بازاڕدا ڕێکخستووە. ڕەنگە زۆرترینی گەلە ڕەسەنەکان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵات بریتین لە خێڵەکانی چێرۆکی، چیکاسۆ، چۆکتاو، کریک و سێمینۆڵ، کە هەندێ جار بە پێنج خێڵە بەشارستانیبووەکە ناوزەد دەکرێن، کە هەندێکیان بە زمانی جۆراوجۆری مەسکوگیان قسە دەکەن.
ئەو کاتەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان سەربەخۆیی خۆی لە بەریتانیا وەرگرت، ناوچەی کولتووریی باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵات زۆرێک لە دانیشتووانە ڕەسەنەکەی لەدەستداوە بە هۆی نەخۆشی و ئاوارەبوونەوە. لە ساڵی ١٨٣٠دا، یاسای ڕاگواستنی فیدراڵیی هندییەکان ڕاگواستنی سەپاند بەسەر ئەوانەی کە مابوونەوە لە پێنج خێڵە بەشارستانیبووەکە بۆ ئەوەی نیشتەجێ سپیپێستەکان زەوییەکانیان دەستبکەوێت. لە نێوان ساڵانی ١٨٣٠ و ١٨٣٨دا، بەرپرسە فیدراڵییەکان نزیکەی ١٠٠ هەزار دانیشتووی ڕەسەنیان ناچارکرد لە ویلایەتەکانی باشوور دەربچن بۆ “هەرێمی هندی Indian Territory” (کە دواتر بوو بە ئۆکڵاهۆما) لە ڕۆژاوای مسیسیپییەوە. چێرۆکییەکان گەلێ جار ئەم گەشتە کوشندە و کارەساتبارەیان بە “کاروانی فرمێسک” ناوزەد کرد. هەڵبەت بەرکەوتنی سەخت و برسێتی و نەخۆشی خێڵەکانیان وێرانکرد لە کاتی ڕاگواستنی زۆرەملێدا بۆ ئۆکڵاهۆمای ئێستا.
“پێدەشتەکان”
کولتووری ناوچەی پێدەشتەکان دەشتایی پان و بەرفراوان لەخۆدەگرێت کە دەکەوێتە نێوان ڕووباری مسیسیپی و چیاکانی ڕۆکیدا، لە کەنەدای ئەمڕۆوە بۆ کەنداوی مەکسیک. لە پێش هاتنی بازرگانان و دۆزەرەوە یان تاقیبکارە ئەوروپییەکان دانیشتووانەکەی- کە بە زمانەکانی سیوان و ئەلگۆنکۆیان و کادوان و یوتۆ – ئەزتێکەکان و ئاثاباسکان قسەیان دەکرد – ڕاوچی و جووتیاری تا ڕادەیەک جێگیر بوون. لە پاش پەیوەندیکردنی ئەوروپییەکان و بەتایبەتی پاش ئەوەی کۆڵۆنیاڵە ئیسپانییەکان لە سەدەی هەژدەدا ئەسپیان هێنایە ناوچەکەوە، ئەوە گەلانی پێدەشتە گەورەکان زیاتر بوون بە کۆچەری.
گرووپەکانی وەک کراو، بلاکفیت، ساین، کۆمانشێ و ئاراپاهۆ ئەسپیان بەکاردەهێنا بۆ ڕاوەدوونانی ڕەوە گامێشی گەورە لە دەشتاییەکاندا. لێرە زێدی فرە باوی ئەو ڕاوچییانە ئەو خێوەتە قووچەکانە بوو کە بە تەپی tepee دەناسران و بریتی بوون لە خێوەتی چەرمی بیسۆن (گا یان گامێشی کێویی ئەمریکی – و) کە پێچانەوە و هەڵگرتنی ئاسان بوو لە هەر شوێنێکدا. هەروەها هندییەکانی پێدەشتەکان بە کڵاوی جەنگی دەناسرانەوە کە بەتۆکمەیی پەڕیان پێوە چەسپکراوە.
کاتێ بازرگان و نیشتەجێ سپیپێستەکان بەسەر ناوچەی پێدەشتەکاندا بەرەو ڕۆژاوا ڕۆیشتن، زۆر شتی زیانبەخشیان لەگەڵ خۆ هێنابوو: شمەک و کاڵای بازرگانیی وەک چەقۆ و کتری، کەوا گەلانی ڕەسەن پشتیان پێدەبەست چەشنی تفەنگ و نەخۆشی. بۆ کۆتایی سەدەی نۆزدە ڕاوچییە وەرزشوانە سپیپێستەکان نزیکەی تەواوی ڕەوە گامێشەکانیان لە ناوچەکەدا قڕکرد. لەگەڵ دەستدرێژیی نیشتەجێ سپیپێستەکان بۆ سەر زەویوزاری گەلە ڕەسەنەکان و نەبوونی دەرفەت بۆ پارە پەیداکردن، بە ناچاری دانیشتووانی ڕەسەنی پێدەشتەکان پەنایان بۆ مۆڵگە پارێزگارییەکانی (محمیات) حکوومەت برد.
“باشووری ڕۆژاوا”
گەلانی ناوچەی کولتووریی باشووری ڕۆژاوا، کە ناوچەیەکی بیابانی بەرفراوانە لە ئەمڕۆی ئەریزۆنا و نیو مەکسیکۆدا (لەگەڵ چەند بەشێکی کۆلۆرادۆ، یوتا، تەکساس و مەکسیک) کە دوو شێوازی تایبەتمەندی ژیانی پەرەپێداوە. جووتیارە جێگیرەکانی وەک هۆپی، زونی، یاکی و یوما بەروبوومی وەک زوڕات، پاقلەمەنی و کوولەکەیان دەچاند. زۆرێک لەمانە لە نیشتەجێی هەمیشەییدا دەژیان، کە بە پیبلۆ ناسرابوو و لە قوڕ و خشت و بەرد دروستکرابوو. ئەم پیبلۆیانە بریتی بوون لە خانووی جوان و نایاب بە چەند نهۆم وەک خانووبەرەی ئەپارتمانەکان. گەلانی تری باشووری ڕۆژاوا، وەک ناڤاهۆ و ئەپاچێ، زۆر کۆچەرتر بوون. ئەوان بە ڕاو و کۆکردنەوەی بەرە دارودرەخت و هەڵکوتانە سەر ئەو دەراوسێیانەیان دەژیان کە جێگیرتر بوون بە دەستکەوتنی بەروبوومەکانیان. ئەوجا لەبەر ئەوەی ئەم گرووپانە بەردەوام لە حاڵەتی کۆچ و گواستنەوەدا بوون ئەوە کەمتر لە پیبلۆکان بایەخیان بە ماڵ و خانووبەرە دەدا. بۆ نموونە، ناڤاهۆ وا دیزاینی خانووە خڕەکانیان کردبوو کە ڕوویان لە ڕۆژهەڵات بێت و بە هۆگان ناسرابوو کە لە قوڕ و توێکڵەدار دروستیان دەکرد.
لەو دەمەدا کە ناوچەکانی باشووری ڕۆژاوا بوون بە بەشێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە پاش جەنگی مەکسیک، زۆرێک لە گەلە ڕەسەنەکانی ناوچەکە کوژرابوون. (بۆ نموونە، کۆڵۆنیاڵ و مسیۆنێرە ئیسپانییەکان زۆرێک لە هندییەکانی پویبلۆیان کردبوو بە کۆیلە و تا مردن کاریان پێدەکردن لە کێڵگە و مەزرا بەرفراوانەکانیاندا). لە ماوەی نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەهەمدا، حکوومەتی فیدراڵی زۆربەی ئەو گەلە ڕەسەنانە کە مابوونەوە لە ناوچەکەدا لە مۆڵگەکانی پارێزگاریدا (محمیات) نیشتەجێی کردن.
“حەوزی گەورە”
ناوچەی کولتووریی حەوزی گەورە، کە هەرێمیکی بەرفراوانە و بریتییە لە چیاکانی ڕۆکی لە ڕۆژهەڵاتەوە و سیێرا نێڤادا لە ڕۆژاواوە و هەردەی کۆڵۆمبیا لە باکوورە و هەردەی کۆلۆرادۆ لە باشوورەوە و لە خاکێکی بیابانی ڕووتەن و ڕووبەری بەخوێ داپۆشراو و دارستان و کۆمەڵێک دەریاچەی سوێر پێکدێت. زۆربەی دانیشتووانەکەی بە دیالێکتی شۆشۆنی یان یوتۆ – ئەزتێکی قسە دەکەن (وەک بانۆک و پەییوت و یوتە بۆ نموونە)، کە بەدوای ڕەگی دارودرەخت و تۆو و گوێز و ئەم شتانەدا دەگەڕان و ڕاوی مار و بزنمژەک و خشۆکەکانی تر و شیردەرە بچووکەکانیان دەکرد. ئەمان لەبەر ئەوەی هەمیشە خەریکی کۆچ و کۆچباری بوون بۆیە ماڵەکانیان کەپڕ و چاتۆڵ بوون بە زۆری و شوێنی نیشتەجێبوون و کۆمەڵگەیان هەمیشەیی نەبووە و سەرۆکایەتیی کۆمەڵگەییان نافەرمی بوو.
لە پاش پەیوەندیکردن بە ئەوروپییەکانەوە، هەندێ لە گرووپەکانی حەوزی گەورە ئەسپیان پەیداکرد و دەستە و تاقمی ڕاوکردن و باندی هەڵکوتانەسەری ئەسپسوارییان پێکهێنا، هاوشێوەی ئەوانەی پەیوەست بوون بە گەلە ڕەسەنەکانی پێدەشتە گەورەکان. پاش ئەوەی تاقیبکار و دۆزەرەوە سپیپێستەکان لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا زێڕ و زیویان لە ناوچەکەدا دۆزییەوە، زۆربەی دانیشتووانی حەوزی گەورە خاک و زەویوزاریان لەدەستدا و گەلێ جار ژیانیشیان.
“كاليفۆرنيا”
لە پێش پەیوەندیی ئەوروپادا، ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی کالیفۆرنیای فێنک زۆرتر بوو لە هەر شوێنێکی تری ئەمریکای باکوور لەو سەردەمەدا و ئەو ژمارەیە لە ناوەڕاستی سەدەی شانزەدا گەیشتبووە نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەس. وا مەزەندە دەکرێت کە سەد خێڵ و گرووپی جۆراوجۆر بە زیاد لە ٢٠٠ زمان و دیالێکت قسەیان کردووە. ئەم زمانانە لە پێنوتییەکانەوە (مەیدو، میوۆک، یۆکوت) و هۆکان (چورماش، پۆمۆ، سالیناس و شاستا) و یوتۆ – ئەزەتێک (توبابولاباڵ، سێڕانۆ، کێناتێموک) و ئاثاپاساکان (هوپا و ئەوانیتر) سەرچاوەیان گرتووە. گەلێ لە “هندییە میسیۆنێرەکانیش” کەوا کۆڵۆنیالیزمی ئیسپانی لە باشووری ڕۆژاوا دەریپەڕاندبوون هەر بە دیالێکتەکانی یوتۆ – ئەزێتیک قسەیان دەکرد. سەرەڕای ئەم جۆراوجۆرییە گەورەیە، زۆرێک لە گەلانی ڕەسەنی کالیفۆرنیا ژیانێکی تەواو هاوشێوە ژیاون. ئەوان زۆر لایان لە چاندن و کشتوکاڵ نەدەکردەوە. لەبریی ئەوە خۆیان ڕێکخستبوو لە باندی بنەما خێزانیی زۆر بچووک و کۆکەرەوەی بەری دار و درەخت کە بە تریبێلێت ناسرابوو. پەیوەندییەکانی نێوان خێڵەکان بەند بوو بە سیستەمێکی چەسپاوی بازرگانی و مافە هاوبەشەکان بەگشتی ئاشتیخواز بوون.
لە ناوەڕاستی سەدەی شانزەدا دۆزەرەوە و گەڕیدە ئیسپانییەکان دزەیان کردبووە ناوچەی کالیفۆرنیا. لە ساڵی ١٧٦٩دا، پیاوی ئاینیی جونیپێڕۆ سێڕا نێردەیەکی ئاینیی لە سان دیاگۆ دروستکردبوو، کە بوو بە دەسپێکی سەردەمێکی بەتایبەتی سەخت و تێیدا کاری زۆرەملێ و نەخۆشی و ئەسیمیلە (تواندنەوە) تا ڕادەیەک بوون بە هۆی لەناوبردنی ناوچەی کولتووریی دانیشتووانی ڕەسەن.
“کەناری باکووری ڕۆژاوا”
ناوچەی کولتووریی کەناری باکووری ڕۆژاوا، بە درێژایی کەناری ئۆقیانووسی پاسیفیکدا لە کۆڵۆمبیای بەریتانییەوە بۆ سەرەوەی باکووری کالیفۆرنیا، بەهرەمەندە لە کەشوهەوایەکی فێنک و فرەیی لە سەرچاوە سروشتییەکاندا. بەتایبەتی، ئۆقیانووس و ڕووبارەکانی ناوچەکە، تا ڕادەیەک هەموو پێداویستییەکی خەڵکی دابینکردووە – ماسیی سەلمۆن بەتایبەتی و هەروەها نەهەنگ و ڕێویی دەریا و سەگڵاو و ماسی و سەدەف و هەموو جۆرەکانی تر. لە ئەنجامی ئەوەدا، بەپێچەوانەی زۆرێک لە ڕاوچییان و کۆکەرەوانی بەری دار و درەخت کە تێدەکۆشان بۆ بەدەستهێنانی پارووی ژیان و ناچار بوون شوێن ڕان و مێگەلی ئاژەڵەکانیان بکەون لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، هندییەکانی باکووری ڕۆژاوای پاسیفیک هێندە دڵنیابوون لە بنیاتنان و دروستکردنی ئەو گوندە هەمیشەییانەی کە سەدان کەسیان لەخۆدەگرت. ئەو گوندانە کە بەپێی سترۆکتوورێکی کۆمەڵایەتی و چینایەتیی توند بەڕێوەدەچوون، پەرەسەندووتر بوون لە هەر سترۆکتوورێکی دەرەوەی مەکسیک و ئەمریکای ناوەڕاست. لێرە دۆخی کەسەکە لە ڕێگەی نزیکییەوە بۆ سەرۆکی گوند دیاری دەکرا، بە پاڵپشتیی ژمارەیەک خاوەندارێتی کە لە ژێر دەستیدا بوو وەک بەتانی و سەدەف و چەرم (پێستە) و بەلەم و تەنانەت کۆیلەکانیش. (ئەم جۆرە شمەک و کاڵایانە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکاندا کە بۆ جەختکردنەوە لەسەر ئەم دابەشکردنە چینایەتییانە دیزاین کرابوون).
“هەرێمی هەردە و تەپۆڵکەکان”
هەرێمی کولتووریی هەردە Plateau دەکەوێتە هەردوو حەوزی ڕووباری کۆڵۆمبیا و فرەیزەرەوە لە یەکتربڕی نیمچە جەمسەر و پێدەشتەکان و حەوزی گەورە و کالیفۆرنیا و کەناری باکووری ڕۆژاوا (کە دەکاتە ئێستای ئایداهۆ و مۆنتانا و ڕۆژهەڵاتی ئۆریگۆن و واشنتۆن). زۆربەی خەڵکەکەی لە گوندی ئارام و بچووکدا دەژیان بە درێژایی ڕۆخی جۆگە و ڕووبارەکاندا و ژیانیان لەسەر ڕاوی ماسیی سەلمۆن و ڕاوی تر و کۆکردنەوەی بێرییەکان (هەموو ئەو بەرانەی وەک توو وان berries) و ڕەگ و گوێزەکان.
لە ناوچەی هەردەی باشووردا، زۆربەی زۆری خەڵکەکەی بەو زمانانە قسە دەکەن کە لە زمانی پێنوتییەوە سەرجاوەی گرتووە (وەک کڵامات، کلیکیتات، مۆدۆک .. تاد.). باکووری ڕووباری کۆڵۆمبیا زۆربەی خەڵکی سکیویچ و سالیش و سپۆکانێ و کۆڵۆمبیا) بە دیالێکتەکانی سالیشی قسە دەکەن. لە سەدەی هەژدەدا، گرووپەکانی تری گەلانی ڕەسەن ئەسپیان هێنابووە ئەم هەرێمی هەردەوە. دانیشتووانی ناوچەکە خێرا ئاژەڵیان تێکەڵی ئابووریی خۆیان کرد و جوغزی ڕاوکردنیان و کارکردن وەک بازرگان و نێردەی نێوان باکووری ڕۆژاوا و پێدەشتەکان فراوانکرد. لە ساڵی ١٨٠٥دا، هەردوک تاقیبکار لویس و کلارک بە ناوچەکەدا تێپەڕ بوون و ژمارەیەکی ڕوو لە زیادی نیشتەجێ سپیپێستەکان بە دوایاندا ڕۆیشتن. بۆ کۆتایی سەدەی نۆزدە، زۆربەی ژمارەی ئەو خێڵانەی لە هەرێمی هەردەدا مابوونەوە لەسەر خاکی خۆیان هەڵکەندران و ڕاگوێزران و سەرلەنوێ لە مۆڵگەکانی پارێزگاریی (محمیات reservations) حکوومەتدا نیشتەجێ کرانەوە.
سەرچاوە:HISTORY.COM EDITORS
Native American Cultures
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق