“وتارێکی ڕۆژنامەوانی بوو بە فیلمێکی ژیاننامەیی گەورە”
کاتێک ڕۆژنامەی واشنتن پۆست(Washington Post) لە ساڵی (۲۰۰۸)دا وتارێکی ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی ویڵ هایگود(Wil Haygood) بڵاوکردەوە، ناوەڕۆکی وتارەکە لەدەوری “یوجین ئاڵ” دەسوڕایەوە، مەیگێڕی کۆشکی سپی کە لە تەمەنی نەوەد ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، هیچکەس پێشبینی ئەوەی نەدەکرد ئەم بابەتە ڕۆژنامەوانییە ببێتە هەوێنی چیرۆکی بەرهەمێکی سینەمایی سەرکەوتوو، وەک فیلمی (The Butler)، هەڵبەتە بیرۆکەکەی (ویڵ هایگود) هەر لەسەرەتاوە قەشەنگ بوو، ئەگەر سەرنج بدەینە ئەو کەسایەتییانەی کە لە سێبەردا تێدەپەڕن و کەسایەتی پەراوێزین، ئەوە ئەوە ئاوڕدانەوەیەکی مرۆییە کە ڕۆژانە بەری ناکەوین.
بە تێکەڵەیەکی هونەری سەرسوڕهێنەر، دەرهێنەر و بەرهەمێنەری ئەمریکی (لی دانیڵز – Lee Daniels)، یەکەم دیمەنی فیلمی (The Butler) بە مۆسیقایەک دەسپێدەکات کە لەگەڵ فەزا و ئەتمۆسفیری کۆشکی سپیدا گونجاوە، دواتر دەستەواژەکەی مارتن لۆسەر کینگ “تاریکی ناتوانێت تاریکی دەربکات، بەڵکو تەنها ڕوناکی ئەو کارە دەکا ” دێتە نێو فیلمەکەوە، دواتر چاوی کامێرا دەچێتە سەر سیماکانی ئەکتەر “سیسل جاینز” کە (فۆریست ویتکەر) ڕۆڵەکەی دەگێڕێت، کە چاوەڕوانی بینینی سەرۆکی ئەمریکا دەکات، بەڵام پێش ئەوە یادەوەری خۆیمان بۆ دەکاتەوە، بۆ ئەوەی دەربارەی یەکێک لەو چیرۆکە سەرنجڕاکێشانە بزانین کە مرۆڤە ڕەشپێسەکانی ئەمریکا تێیدا ئازاریان چەشتووە، چیرۆکەکە لەسەر ژیانی “سیسل جاینز” کە لە کێڵگەی لۆکە لەگەڵ دایبابی دەژیا دەستپێدەکات، خاوەنی کێڵگەکە وەک هەموو ئاغا سپی پێستەکان شارەزابوو لە چەوساندنەوەی کۆیلەکانی، لەیەکێک لە دیمەنەکاندا بە بەرچاوی هەمووانەوە خاوەن کێڵگەکە دایکی سیسل دەبەت بۆ ناو کوخەکە بۆئەوەی دەستدرێژی سێکسی بکاتەسەر، لەنێوان هاواری منداڵەکە “سیسل” و بێدەنگی ئەو باوکەی کە سور دەیزانی قسەکردن و دەنگهەڵبڕین لە ئاستی خاوەن کێڵگەدا یەکسانە بە مەرگ و ئەمەش دوای یەکەم وشە کە لە زاری ترازا ڕوویدا و سیسل لە بەردەمیدا باوکی کوژرا، لەو چرکەساتەوە ژانی سیسل گۆڕا و کۆتایی بە پەیوەندییەکەی لەگەڵ چنینەوەی لۆکە هێنا و فێری کارکردن بوو لەنێو ماڵەکەدا، دوای ئەوەی بە باشی لە کارەکەیدا شارەزابوو بڕیاریدا بەدوای ژیانێکی باشتردا مژۆڵ بێت، برسێتی زۆری بۆدەهێنێت ناچار پەنجەرەی چێشخانەی هۆتێلێک بشکێنێت بۆئەوەی پارچە شیرینییەک بدزێت، هەڵبەتە ئەگەر میهرەبانی و بەخشندەیی خزمەتکاری هۆتێلەکە نەبایە ئەوا چارەنووسی سیسل بە تەواوی جیاواز بوو، سیسل داوا دەکات لەوێ کار بکات و بێگومان لەسەر دەستی ئەم خزمەتکارە میهرەبانە جگەلەوەی هونەری پێشکەش کردن فێر دەبێت، فێرە شتی دیکەی پەیوەست بە نهێنییەکانی کارکردن بۆ خێزانە ڕاقییەکان دەبێت، هەموو ئەمانە پاڵیان بە ناوبراوەوە نا کە بۆ کار ڕووبکاتە واشنتۆن، بوو بە خاوەنی هاوسەر و خانەوادە و خانوو کە ئەمەش سەخترین بەدیهاتنی حەز و ویست بوو بۆ ئەوکاتی ژیانی ڕەشێستانی ئەمریکا، سیسل لەگەڵ هاوسەرەکەی گلۆریا جاینز کە (ئۆپرا وینفری) ڕۆڵەکەی دهگێڕێت) کوڕەکەی دەژی، لە ڕێگای یەکێک لەو پەیوەندییە تەلەفونییانەی کە سیسل بە ترسێکی زۆرەوە وەڵامی دایەوە، بانگهێشتی کارکردن کردن لە کۆشکی سپی کرا، هەڵبەتە پێشئەوەی ببێتە خزمەتکار(پێشخزمەت)ی کۆشکی سپی، ناوبراو پتر لە سی ساڵ ژیانی لەوێ بەسەربرد واتە لەنێوان ساڵانی (۱۹٥۷ – ۱۹۸٦) گەواهی بینینی هەشت سەرۆکی ئەمریکا بوو.
چیرۆکەکە دوو دەلاقە دەکاتەوە یەکەم:- ژیانی سیسل لە کۆشکی سپی، دووەم:- ژیانی سیسل لەگەڵ خێزانە بچوکەکەیدا، سرووشتی کارەکەی لە ژیان و نهێنییەکانی سیاسەت و هەموو ئەو سەرۆکانەی ئەمریکای نزیک کردەوە کە خزمەتی دەکردن، بەڵام هەمیشە ئەو ئامۆژگارییەی لەپێش چاو بوو “نابێت کەس هەست بە بوون و ئامادەیی تۆ بکات”، سەبارەت بە ژیانی خۆی لە ماڵەوە، پەیوەندی سیسل لەگەڵ کوڕەکەی(لویس) ناکۆکی تێکەوت و دوای ئەوەی (لویس) گەیشتە زانکۆ وازی لە خوێندنی زانکۆیی هێنا و پەیوەندی بە پڕۆژەکەی (مارتن لوتەر کینگ)ەوە کرد کە بریتیبوو لە بەرهەڵستی لە دژی سیاسەتی ڕەگەزپەستی، بەڵام سیسل دژی ویست و داخوازی کوڕەکەی وەستایەوە وەک وەفا و ئەمەکدارییەک لەبەرامبەر پیشەکەی، ناچار کوڕەکەی لە ماڵەوە وەدەرنا، و ساڵانێک دووری لەگەڵ کوڕەکەی درێژە دەکێشێت، دوای ساڵانێک لەگەڵ کوڕەکەی لە گۆڕەپانی خەبات بەیەک دەگەن و سیسل داوای لێبوردن لە کوڕەکەی دەکات پشتیوانی هەڵوێستە سیاسییەکەی دەکات.
یەکەمین شت کە لەم فیلمەدا سەرنجی ڕادەکێشێت دەوڵەمەندی ژمارەی ئەو ڕووداوانەیە کە دەیخاتەڕوو، ژیانی سیسل لەنێو کۆشکی سپیدا وای لێکرد ببێتە گەواهیدەری هەشت سەرۆکی ئەمریکا “واتە لەگەڵ تەمەنی سیاسی هەشت سەرۆکی ئەمریکا بژێت” هاوڕێ لەگەڵ ئەوەی ببێتە بینەری هەموو ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی کە لەو ساڵانەدا کە لەناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکادا ڕویاندا لەوانە تیرۆرکردنی “جۆن کەنەدی” سەرۆکی ئەمریکا کە هەوڵیدا کۆتایی بە سیاسەتی ڕەگەزپەستی بهێنێت و جیاوازی ڕەگەزی ڕیشەکێش بکات، هەروەها ڕوداوگەلی وەک هەمووارکردنەوەی یاسای دەنگدان و تیرۆرکردنی (مارتن لۆسەر کینگ) و دەستگیرکردنی “نێلسۆن ماندێلا” لە باشووری ئەفریقیا، ئەوەی گرنگ و جێیبایەخە لەم فیلەمەدا ئەوەیە ڕوداوەکان بە تەرزێکی زۆر ناوازەی بەیەکداچوو دەخاتەڕوو و وا لەبینەر ناکات هەست بە قەرەباڵغی ڕووداو بکات لەنێو چیرۆکی فیلمەکەدا، بەلەبەرچاوگرتنی ماوەی فیلمەکە، هاوکات فیلمەکەش وەک وانەگوتارێکی پەند لێوەرگری مێژوویی دەرناکەوێت بەڵکو پتر لە دەروازەی کراوەیە بۆئەوەی گرنگترین ئەو ڕوداوانە وەبیربهێنینەوە کە تایبەتن بە خەباتی ڕەشپێستەکان لەپێناو بەدیهێنانی مافە مەدەنییەکانیان.
کوالێتی فیلمەکە بە بوونی ئەکتەری ئەمریکی (فۆریست ویتکەر) لەسەرەتای فیلمەکەدا دەرکەوت، کە هۆکارێک بوو بۆ سەرکەوتنی بەرهەمەکە، چونکە دواجار فیلمەکە لە ژانری ژیاننامەیە و توانی بە سەرکەوتوویی مامەڵە لەگەڵ ئەو هەلومەرجە جۆراوجۆرانەدا بکات کە چیرۆکی فلیمەکە بەسەریدا سەپاندوویەتی واتە قورسایی فیلمەکە کەوتووەتە سەرشانی ناوبراو، جا لە چۆنێتی ژینگەی ماڵەکەیدا بێت یاخود شوێنی کارەکەی، سەبارەت بە “ئۆپرا وینفری” دوو خزمەتی بە فیلمەکە کرد، یەکەم: کەسایەتییەکەی سەرچاوەیەکی گرنگی بە بازاڕی کردنی فیلمەکە بوو بەهۆی ناوبانگە جەماوەرییە بەرفراوانەی ئەمە بەدەر لەو نواندنە قەشەنگەی کە توانی زۆر شارەزایانە کرژی و ناسۆرییەکانی ناخی دەرببڕێت کە بەدەست غیابی مێردەکەی بۆ ماوەیەکی درێژخایەک لە شوێنی کەرەکەیدا دەیناڵاند هەروەها ئالودەی مەی بوو وە هەروەها ئەرکی بەخێوکردن و چاودێرکردنی منداڵاکانیشی کەوتبووە سەرشان، وە بەرەنگاری دراوسێکەی دەبێتەوە کە لە نەبوونی مێردەکەیدا هەوڵ دەدات سوودی لێوەربگرێت، لایەنێکی دیکەی سەرکەوتنی فیلمەکە ئەو بوو کە دەرهێنەر پشتی بە ئەکتەری باش و بەسەلیقە بەستبوو جا ئەکتەرانی لە ڕۆڵی سەرەکی و ڕۆڵی لاوەکیش.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە دەرهێنەر هەوڵی نەداوە هەمان نەریتی فیلمە ڕەگەزپەرستییەکان دووپات بکاتەوە کە پێش فیلمەکەی وی هەبوون کە فیلمی هونەری باشن و تەرگیز دەخەنە سەر لایەنی دەرخستنی ئازار و کۆژانەکانی مرۆی ڕەشپێشت، بەڵکو دەرهێنەر ڕێچکەیەکی دیکەی گرتووەتەبەر ئەویش ئەوەیە کە چاوی کامیرای ئاڕاستەی ئازارەکان دەکات و قوڵایی کۆژانەکان دەردەخات لەمیانەی ئەدگاری کارەکتەرەکانەوە و بەتایبەت لە ساتەوەختی گفتوگۆ بەهێزەکاندا کە باشترین گوزارشتی ئەو گرژییە ناخەکییەیە کە پاڵەوان و هەموو ڕەشپێستەکان تووشی ببوون، فیلمەکە ختوکەی سۆز و سۆزەکانی نەدا بەڵکو وەک چیرۆکێکی بەڵگەنامەیی خۆی پێشکەش کرد کە هەوڵیدا بڵێت:- ئەمە ئەو کۆژانەیە کە ڕەشپێستەکانی ئەمریکا چەشتیان، لێرەدا دانانی دیالۆگ بۆ خێراکردن و دەوڵەمەندکردنی ڕووداوەکان گونجاو بوو، لەم فیلمەدا ڕەنگەکان لەگەڵ چیرۆک و ڕوداوەکاندا یەکدەگرنەوە بەتایبەتی لەو ساتەوەختانەی کە ڕەنگەکان بەرامبەر یەکدی دەوەستانەوە کە تێیدا کامێرا خۆی لە زۆرێک لە ڕوناکییەکان بەدوور و بە تەنها کارەکتەرەکانی بە ڕوناکی دەستکردی تاریک(کاڵ) دەور دەدا.
لەم فیلمەدا دژوازییەکی سەیر هەیە سەبارەت بە ڕەهەندی ڕەنگەکان، بۆنمونە پارادۆکسی ئەوەی ڕەش (ڕەشپێست) کار لە کێڵگەی لۆکە(کە ڕەنگی سپییە) دەکەن، هەروەها پاڵەوانەکە ڕەشپێشتە و لە کۆشکی سپی کار دەکات و ئەم سپیاییەش دژی تاریکی ژیانی ڕەشپێستەکانە کە لێوانلێوە لە غەم و ئازار. ڕەنگە ژمارەی ڕووداوەکان زۆر بن، لەبەرئەوە پێویسته لە فیلمەکە بپرسین چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەم هەموو ڕوداوانەدا کردووە؟ کەواتە لێرەدا سودێکی دیکەی مونتاژ لەم بەرهەمەدا ئاشکرا دەکەین، دیمەکان و گرتەکان بە گواستنەوەیەکەی نەرمدا تێدەپەڕین بەبێ بڕینێکی ڕوون و بەرچاو کە گواستنەوەی نێوان ڕووداوەکان ئاشکرا ببن، بە سوودوەرگرتن لە تێپەڕبوونی ئەو ماوەیەی کە لەسەر شاشەکە نووسراون و لە بەرامبەر ئەو ڕوداوە زۆرانەی کە هاوتای تێپەڕبوونی ساڵەکانن هەماهەنگییەکی پتەو هەیە لە تیشک خستنەسەر گۆڕانکارییە شوێنی و کاتییەکان و هەروەها کارەکتەرەکان جا لە ڕێگای مەکیاژێکی وردەوە بێت یان و ئێکسسواراتەکان یان هەر گۆڕانکارییەکی دیکە بە تێپەڕبوونی کات. سەبارەت بە فیلمنامەنووسەکە (دانی سترۆنگ) ئەو هەرگیز نووسینێکی بە بەراود بەم فیلمە نەنووسیوە، نە لەڕووی بەها و نە لەڕووی هەوڵەوە، بابەتەکە پێویستی بەوە بوو لە وتارەکەی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستەوە دەستپێبکات و بە پشت بەستن بە سەرچاوە بەردەستەکان لە ڕووداوەکان قوڵ ببێتەوە، هاوکات لەگەڵ بیرهێنانەوەی بینەر لەو ئەو سزا و ناسۆرییانەی کە لە مێژوودا بەرابەر ڕەشپێستان کراوە بەوپەڕی وردێتییەوە، بەڵام وادیارە بابای فیلمنامەنووس(سیناریست) بە شێوەیەکی شاقوڵی و ستوونی مامەڵەی لەگەڵ ڕووداوەکان نەکردبێت بەڵکو مامەڵەی لەگەڵ زیرەکی هونەریدا کردووە، چونکێ وای کردووە ڕووداوەکان بە شێوەی خۆبەخۆ(ئۆتۆماتیکی) و فراوان بچنە پێشەوە و کە ڕێکارێکە لەگەڵ ژمارەی ڕوداوە پێشکەش کراوەکاندا گونجاوە.
لەکۆتاییدا فیلمی (The Butler) تاکە فیلم و دوایین فیلم نییە لەبارەی ڕەشپێستەکانەوە، لێ لەنێو تێکڕایاندا جیاوازییەکی گەورەی هەیە و تایبەتمەندی خۆی پاراستووە، ئەمەش بەهۆی دوورکەوتنەوە لە فیلمە ڕەشپێستییە تەقلدییەکان و بەهۆی بێلایەنییەکەیەوە، وە چۆنێتی کارکردن لەسەر چیرۆکێک کە کۆمەڵێک ڕەگەزی هونەری تێیدا یەکانگیرن.
نووسینی: سلێمان حەقیوی
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد