فێردیناند تونێس و مۆدێرنیزاسیۆن (Ferdinand Tönnies, 1855-1936)
پەرتووکی تونێس بە ناوی ‘گزلشافت و گیمێنشافت’ (Gemeinschaft und Gesellschaft) لە زمانی ئینگلیزیدا هەم بە (communication and association) و هەمیش بۆ (community and society) وەرگێڕدراوە. لۆمێس (Loomis) وەرگێڕی پەرتووکی تونێس بۆسەر زمانی ئینگلێزی، لەو پێشەکیەی کە بۆ پەرتووکەکەی تونێس نووسیوە، دەڵێت تونێس هەوڵیدا وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە: ئێمە چین؟ ئێمە لە کوێین؟ ئێمە لە کوێوە هاتوین؟ ئێمە بەرەو کوێ دەڕۆین؟
ئەم پەرتووکەی تونێس، سێنتیزێک بوو لەهەمبەر بیرۆکەکانی ئەقڵگەرایی، ڕۆمانتیزم، ئایدیالیزم و مادەگەرایی، ڕیالیزم و نۆمینالیزم. هەروەها بیرۆکاکانی تۆنێس نەک لە ئایدیالیزمی ئەڵمانی، بەڵکو ڕەگی لە ئابوور و مێژووی یاساکاندا داکوتابوو و تێکەڵ بە نەژادناسی (ethnology)، دەرونناسی، فەلسەفە و کۆمەڵناسی کرابوو. تونێس هەر وەک مارکس گرنگی زۆڕی بە شرۆڤەکردنی ئابووریانە بۆ مێژوو دەدا. هەر بۆیەش بە بڕوای ئەو بە پەرەسەندنی بازرگانی، دەوڵەتی مۆدێرن و زانست، ئیرادەی سروشتی و خەسڵەت و بەها کۆمەڵایەتییەکانی گیمنشافت لەناو دەچن و جێگە بۆ ئێرادەی ئەقڵانی و خەسڵەتەکانی گزلشافت چۆڵ دەکەن. بە پێچەوانەی مارکس کە لەو بڕوایەدا بوو هەلومەرجی تەکنیکی بەردی بناغەی گۆڕانی کۆمەڵایەتین، لە ڕوانگەی تونێسەوە، بازرگانی لە قەبارەیەکی بەرفراوندا، کە لە میانەیدا پارە بۆ دەستەبەرکردنی قازانج دەخرێتەگەر و دەبێتە هۆی گەشەسەندنی کاپیتالیزم، ڕۆڵی سەرکی لە گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا هەیە.
لە کاتێکدا کە دۆرکهایم، گوزار بەرەو کۆمەڵگای مۆدێرنی لە گوزار لە سۆلیدارێتی میکانیکییەوە بەرەو سۆلیدارێتی ئۆرگانیکی لە سەر ئاستی کەلتور و کۆمەڵگای دەزانیی؛ و ڤێبریش مۆدێرنیتەی لە چوارچێوەی پرۆسەی بە ئەقلانیی بوونی دامەزراوەکانی کۆمەڵگای دەزانی، تۆنێس لە پێناو گەیشتن بە مۆدێرنیزاسیۆن بە شێوەی سەرەکی جەختی لەسەر سایکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی دەکردەوە. لە ڕاستیدا، پەرتووکی تونێس خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسانەیە لەسەر کامڵبوونی کۆمەڵگا و یەکەم بەرهەمە کە لەو سەردەمەدا هەوڵیدا لەبری خوێندنەوەیەکی نۆرماتیڤانەی کۆمەڵگا، لە ڕێگەی سۆشیۆلۆژیای زانستیانەوە تیشک بخاتەسەر گۆڕانی کۆمەڵگا و مۆدێرنیتە (Deflem in Tonnies, 2014). ڕێک بە پێچەوانەی دۆرکهایم کە کۆمەڵگای تەقلیدیی بە کۆمەڵگای مکانیکی ناو دەبات و کۆمەڵگای مۆدێرن بە ئۆرگانیک، تۆنێس کۆمەڵگای تەقلیدیی (گیمێنشافت)بە ژیانی ئۆرگانیک و حەقیقی دەشوبهێنێت و کۆمەڵگای مۆدێرن (گزلشافت) بە میکانیکی و دەستکرد.
تونێس لە یەکەم دێڕی دەستپێکی بابەتی سەرەکی پەرتووکەکەیدا دەڵێت کە ‘ئیرادەی مرۆڤ’ بناغەی گشت پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانە. لە ڕێگەی ئەم ئیرادەیە هەر جۆرە پەیوەندییەک نێوان گروپە کۆمەڵایەتییەکان دوو جۆر تایپۆلۆژیای ژیانی لێدەکەوێتەوە: گیمێنشافت (community)واتە کۆمەڵگای ئۆرگانیک و گزلشافت ( (societyواتە کۆمەڵگای میکانیکی. گیمێنشافت قۆناغی پیری و گزلشافت قۆناغی گەنجیە. بۆ تونێس کۆمەڵگاکان، هەر وەک تاکەکان بە هۆی پیریەوە دەمرن و هیچ پزیشکیک ناتوانێت ڕزگاری بکات. گیمێنشافت (کۆمەڵ) لە ڕێگەی یەک زمان، داب و نەریتی هاوبەش و خاوەندارێتی هاوبەشی کێڵگە دەناسرێتەوە. ژیان لەم کۆمەڵگایەدا بە پێی سیستمێکی پشتبەستراو بە خێزان، خزم، دراوسێ و ئایین بەڕێوە دەچێت. خەسڵەتی سەرەکی ئەم کۆمەڵگایە بریتییە لە بوونی ئێرادەی حەقیقی یاخود ئیرادەی سروشتی (real will or natural will). ئیرادەیەک کە لە خوو و حەز و مەیلە سروشتییەکانی مرۆڤ هەڵقوڵاوە بۆ پەیوەندی بەستن لەگەڵ ئەوانیتر وەک پێویستییەکی مرۆیی. ئیرادەی سروشتی کە ئێرادەیەکی نائەقڵانی یاخود کەمتر ئەقڵانییە، زۆرتر لە نێوان جوتیاران، هونەرمەندان و عامەی خەڵک دەبینرێت. ئەندامانی کۆمەڵ لە گشت زیان و سوودەکان هاوبەشن. هەر بۆیەش کۆگەرایی (collectivity) بەسەر ئەم کۆمەڵانەدا زاڵە. لەم کۆمەڵانەدا، یاسا بریتییە لە یاسای سروشتی و ئەرک و مافی تاکەکان بە پێی ئەم یاسایە ڕێکدەخرێت. خانوو، خێزان، گوند و شارۆچکە (town) و ئابووریی کشتوکاڵ سیمای سەرەکی گیمێنشافتە. زەوی (land) بە سەرەکیترین دارایی هەژمار دەکرێت و لەگەڵ ئەمەشدا، خاوەندارێتی زەویی بوونی نییە و زەوی موڵکی گشتییە.
دابینکردنی پێداویستی بە پێی ڕادەی کارکردن و داوا و خستنە ڕوو نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی تەقلیدیی و بە پێی پێداویستی ئەندامانی خێزانە. هەر بۆیەش شتێک بە ناوی ئاڵوگۆڕ لە نێوان ئەندامانی خێزاندا بوونی نییە و ئاڵوگۆڕکردن تەنیا لە نێوان دوو یان سێ خیزاندا ڕوودەدات، ئەویش لە چوارچێوەیەکی زۆڕ بەرتەسکدا. کاتێک کە ئاڵوگۆڕکردنیش لە ئارادانەبێت، شتێک بەناوی گرێبەست (contract) بوونی نییە. هەر وەک ئاشکراشە گرێبەست لە نێوان دوو کەس یان دوو لایەنی خاوەن ئیرادەی ئازاد لەسەر کاڵایەک یان بابەتێک لە پێناو دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیی گرێ دەدرێت (Aldous, 1972). کارکردن لەم گیمێنشافتدا لە پێناو بەدەستهێنانی پارە نییە، بەڵکو وەک ئەرکێکی سروشتی سەیری کار دەکرێت. شار (city) و ئابوریی بەپیشەسازیی کراو، سیمای سەرەکی گزلشافتە کە هەندێ خەسڵەتی ژیانی خانوو خێزانیش لەخۆ دەگرێت. مەبەست لە خانوو خێزان بریتییە لەوەی کە لە شار ژمارەی ئەو خێزانانەی کە لە خانووە لێک دوور و جیاکاندا دەژین کەم دەبن و ژیان لە خانووە لێک نزیک و شوقەکاندا پەرە دەسێنێت.
شارۆچکە کە سیمای ژیانی سروشتییە دەگوازرێتەوە بۆ شار کە سیمای گزلشافت (کۆمەڵگا)یە. زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان فاکتەریی سەرەکییە بۆ گوزار لە کۆمەڵ بەرەو کۆمەڵگا. لەم گوزارەدا زانست، بازرگانی، پیشەسازیی و شارنشینی سەرهەڵدەدات. لەم دۆخە نوێیەدا تاک کەمتر پابەندی نەریت و بەرژەوەندیی هاوبەش دەبێت و زۆڕتر جەخت لەسەر بەرژەوەندیی تاکەکەسی دەکاتەوە. هەربۆیەش ئەگەر لە گیمێنشافتدا ‘گشت’ بەسەر ‘بەش’دا، زاڵ بوو، لە گزلشافتدا، ‘بەش’ بەسەر ‘گشت’دا زاڵ دەبێت.
یاسا لە گیمێنشافتدا یاسای هاوبەشە (common law) کە لە مومارسەکردنی داب و بەها باوەکان هەڵدەقوڵێت، بەڵام یاسا لە گزلشافتدا یاسای دانراوە (statutory law) کە لە لایەن دەوڵەتەوە و بە مەبەستی دەستەبەرکردنی کۆمەڵێک ئامانجی دیارکراو داڕێژراوە. تونێس تەنانەت باس لە یاساکانی تاوانناسی دەکات و بەو دەرەنجامە دەگات کە تەنانەت لە پێشکەوتووترین گزلشافتەکاندا (کۆمەڵگا)، تێکهەڵکردنێک لە نێوان یاساکانی هاوبەش کە لە داب و نەریتەوە سەرچاوەی گرتووە و لە نێوان یاسا دانراوەکاندا کە لە لایەن دەوڵەتی مۆدێرنەوە داڕێژراوە بوونی هەیە. بە واتایەکیتر، تونێس دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت کە تەنانەت لە پێشکەوتووترین کۆمەڵگاکانیشدا، دەکرێت بەها تەقلیدییەکان لەگەڵ بەها مۆدێرنەکان کۆبکرێنەوە، بۆ ئەوەی کە نە کۆمەڵگا و نە تاک تووشی لێکترازان یاخود نامۆبوون یان ئەوەی کە مارکس بە ‘لەخۆ بێگانە بوون’ ناوی دەبات، نەبن.
هەر بۆیەش بە بڕوای دۆرکهایم گزلشافتەکەی تۆنێس هەر وەک گیمێنشافتەکەی لە دۆخی سروشتیدان (Aldous, 1972). بە بڕوای ئالدۆس (Aldous)، لە ڕوانگەی تۆنێسەوە ئەندامانی گیمێنشافت بریتی نین لە کۆمەڵە تاکیکی سەربەخۆ، بەڵکو بریتین لە کۆمەڵە کەسێکی پێکەوە گرێدراو کە لە دەرەوەی ئەم پێکەوەیی بوونەدا، هیچیان پێناکرێت، بە دەستەجەمعی خۆیان بەڕێوە دەبەن و ئاراستە دەکەن، یاخود ئەم ئەرکە بە کەسێک لە ناوخۆیاندا دەسپێرن کە متمانەیان پێ هەبێت. ئەوەی کە ئەندامانی ئەم کۆمەڵگایە پێکەوە گرێدەدات بریتییە لە سازان (consensus). خۆشی و ناوخۆشییەکانیش گشتیان دەستەجەمعین.
تونێس، باس لە دابەشکردنی کار دەکات. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە لە هەر شوێنێک کۆمەڵە کەسێک کۆببنەوە، بە پێی بارودۆخی گشتی، دابەشبوونی کار و تەنانەت دابەشبوونی جۆری خۆشگوزەرانیش دێتەکایەوە. هەر لە گیمنشافتدا، ڕەگەز و توانایی جەستەیی و توانایی بیرکردنەوە، ئەرکی تاکەکان و ئەرکی ڕەگەزی نێر و مێ دیاردەکات. بۆ ئەوەی کە هاوسەنگی لە نێوان خۆشی (enjoyment) کار بپارێزرێت، باشترە ئەو کەسەی کە کاری قورس دەکات، خۆشگوزەرانی زۆرتری هەبێت و ئەو کەسەش کە کاری سووکتر ئەنجام دەدات، خۆشگوزەرانییەکەی کەمتر بێت. سەبارەت بە جۆرەکانی دەسەڵاتیش لە گیمنشافتدا، تونێس دەسەڵات دابەشدەکاتە سەر دەسەڵاتی تەمەن، دەسەڵاتی هێز و دەسەڵاتی ئەقڵ. لە گیمنشافتدا هەر سێ دەسەڵات لە دەست باوکدا کۆبوونەتەوە.
گزلشافت لەسەر بنەمای جۆڵە (moving) زانست، بازرگانی، سەربەخۆیی تاکەکەسیی و دامەزراندنی ئەنجومەنگەلی نوێ دامەزراوە، کە گشتیان بریتین لە سیمای ژیانێکی دەستکرد (artifact life)؛ بە واتایەکیتر ژیانی شارنشینی. لە گزلشافتدا ئەگەرچی تاکەکان پێکەوە کار دەکەن و وەها دێتە بەرچاو کە پێکەوە گرێدراون، بەڵام لە ڕاستیدا تاکەکان لێکدابڕاون و دۆزینەوەی بەهای هاوبەش بوونی نییە. لە گزلشافتدا تاکەکان کارێک بۆ کەسی بەرامبەر ئەنجام نادەن ئەگەر بێت و هیچ دەسکەوتێکی نەبێت. لە ڕاستیدا گزلشافت (کۆمەڵگا) لە لایەن بازرگان و پارەدارەکان (financiers)بەڕێوە دەبردرێت. لە گزلشافتدا وەها دەردەکەوێت کە تاکەکان لە پێناو دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیی تاکەکەسیدا کار دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان بۆ خودی گزلشافت کار دەکەن. لە گزلشافتدا، ئیرادەی مرۆڤ ئیرادەیەکی ئەقڵانییە (rational will) کە گرنگی بە پێشکەوتنەکانی داهاتوو دەدات. یاخود ئەو وێنەیە، وێنا دەکات کە لە داهاتوودا چۆن پێشکەوتن دەستەبەر بکات. گزلشافت (کۆمەڵگا) لە شار، نەتەوە یاخود لە چەندین نەتەوە (جیهان) پێکدێت. شار بە مەڵبەندی کۆمەڵگا هەژمار دەکرێت کە لەسەر سیستەمی ئاڵوگۆڕی سەرمایە، بازرگانی و دابەشکردنی کۆمەڵگا لە نێوان خاوەندار و کرێکاردا دامەزراوە. بازرگانان، زانایان (scientists) و دەسەڵاتداران، بەرجەستەکاریی ئێرادەی ئەقلانین. دابەشکردنی تونێس بۆ ئیرادەی سروشتی و ئیرادەی ئەقلانی بەستراوەتەوە بە مەبەستی تونێس لە پێکەوە گرێدانی ‘ئامراز و ئامانج’. واتە چ جۆرە ئامرازێک، چ جۆرە ئامانجێک بەدیدێنێت. بۆ نموونە، ئامانج لە بەستنی پەیوەندیی لە نێوان بازرگاناندا دەستەبەرکردنی قازانج و بەرژەوەندییە. لە کاتێکدا کە ئامانجی پەیوەندیی لە نێوان جوتیارانی گوندێک، زۆرتر هەڵقوڵاویی مەیلە تا دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیی و ئامانجێکی دیارکراوە.
تونێس گرنگی زۆر بە نەزمی کۆمەڵایەتی (social order) دەدات و جیاوازی دادەنێت لە نێوان نەزمێک کە لەسەر بناغەی کۆدەنگی لە نێوان ئیرادەکان دامەزراوە کە پشتبەستراوە بە هارمۆنی و بۆچوونی جەماوەری (folkways) و نەریت و ئایین؛ و ئەو نەزمەی کە پشتبەستراوە بە یەکێتی نێوان ئێرادە ئەقڵانییەکان کە لەسەر ڕەزامەندی و ڕێککەوتنی نێوان تاکەکان بونیاتنراوە. ئەم نەزمە لە ڕێگەی یاسای سیاسییەوە گەرەنتی دەکرێت و لە ڕوی ئایدیۆلۆژییەوە پشت بە ڕای گشتی (public opinion) دەبەستێت. ئامرازی پاراستنی ئەم گەرەنتیەش دەوڵەتی مۆدێرنە.
تونێس وەک بیرمەندانی پەیمانی کۆمەڵایەتی (هۆبز و ڕۆسۆ) ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەرچی پەیوەندیی پتەو لە نێوان ئەندامانی گیمێنشافتدا (کۆمەڵ)هەیە و کولتور و ژیانی جەماوەریی (folk life and culture) لە ناو گیمێنشافتدا پارێزراوە، بەڵام لە ڕاستیدا چونکە دەوڵەتێک نییە کە پارێزگاریی لە ئەندامەکانی بکات بۆیە، ئەندامەکانی گیمێنشافت تەنانەت لەگەڵ دراوسێی خۆیان لە دۆخێکی ترسدا دەژین. بۆیە بارودۆخی گیمێنشافت، بارودۆخێکی جەنگاوییە و لە هەر ساتێکدا ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵ لە ئارادایە، بەڵام لە گزلشافتدا کە کۆمەڵ بەرەو شارستانییەت هەنگاو دەنێت و کۆمەڵگا پێکدێنێت یاسا و سیاسەت لە ڕێگەی دەوڵەتەوە پارێزگاریی لە گشت ئەندامانی کۆمەڵگا دەکات. لێرەدا دەردەکەوێت کە تونێس تەنانەت جیاوازیش لە نێوان بۆچوونی جەماوەری و ڕای گشتی دادەنێت. بە بڕوای ئەو، ڕای گشتی کە لە دەرەنجامی بەرفراوان بوونی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن، بازرگانی و بەرژەوەندیی تاکەکەسی دێتە ئاراوە، جیاوازە لە بۆچوونی جەماوەری کە پشت بە ئایین و داب و نەریتی کۆمەڵایەتیی و خێزانیی دەبەستێت. ئەم نەزمە جیاوازە، کاریگەری لەسەر ئاکاریی کۆمەڵایەتی و نۆرمە کۆمەڵایەتیەکانیش دروست دەکات، چونکە لە دوو سەرچاوەی جیاواز هەڵدەقوڵێن.
تونێس بەم شێوەیە باس لە گوزار لە گیمێنشافتەوە بەرەو گزلشافت دەکات:
کۆمەڵە بێ شوناسەکان (anonymous mass)، هێزی ڕەسەن و باڵادەستن کە خانوو، گوند و شارۆچکەکانی وڵاتیان بونیاتناوە. لێرەشەوە کۆمەڵێک تاکی بەهێز و پشت بەخۆ بەستوو (self-determined) سەر هەڵدەدەن؛ بۆ نموونە، پرەنسەکان، دەرەبەگەکان، جەنگاوەران، پیاوانی ئایینی، هونەرمەندان و توێژەران. تا ئەو کاتەی کە دۆخی ئابوری ئەم تاکانە لە دەست کۆی گشتی خەڵکدایە، کەواتە کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتیشیان لە ژێر ئێرادە و هێزی خەڵکدایە. یەکێتی ئەم تاکە تازە سەرهەڵداوانەش لە سەر ئاستی نەتەوەیی، کە دەکرێت دواتر وەک گروپی باڵادەستیش هەژمار بکرێن، پش بەستراو بە بارودۆخی ئابوورییە. کەواتە کۆنترۆڵی حەقیقی و جەوهەریی ئەم تاکانە، کۆنترۆڵێکی ئابوورییە؛ کە لە پێش ئەوان و لەگەڵ ئەوان و هەندێ جاریش لە دژی ئەوان، بازرگانەکان (merchants) ئەم کارەیان کردووە [واتە ئابوریان کۆنترۆڵکردووە]، ئەویش لە ڕێگەی زیان گەیاندن بە هێزی کاری نەتەوەکە. دەکرێت بە چەندین شێوازە ئەم جۆرە کۆنترۆڵکردنە ئابورییە بەدیبهێنرێت، باڵاترینیان کە پلانیشی بۆ داڕێژراوە، بریتییە لە بەرهەمهێنانی کاپیتالیستی یاخود پیشەسازیی زەبەلاح (large-scale industry). لە ڕێگەی بازرگانەکانەوە هەڵومەرجی تەکنیکی بۆ یەکێتی نەتەوەیی تاکە سەربەخۆکان و بۆ بەرهەمهێنانی کاپیتالیستی دێتەئاراوە. ئەم بازرگانانە هەر بە سروشت و بە ڕەسەن، سروشتێکی نێودەوڵەتی و نەتەوەیی و شارییان هەیە، کەواتە ئەوان سەر بە گزلشافتن نەک گیمێنشافت. دواتر گشت گروپە کۆمەڵایەتییەکان و کاربەدەستەکان، گشت خەڵک، بەلانیکەم بە ڕواڵەتەوە، ڕوو لە خەسڵەتەکانی گزلشافت دەکەن (p,263-264).
بەمجۆرەش گزلشافت بۆ تونێس حەتمیەتێکی میژووییە کە ڕووبەڕووی گشت کۆمەڵەکان (گیمێنشافت) دەبنەوە و کۆمەڵ بۆ پاراستنی خۆی ناچارە بەرەو کۆمەڵگا (گزلشافت) هەنگاو بنێت. تونێس ژیانی هەر یەک لە گیمێنشافت و گزلشافت بەم جۆرەی خووارەوە پوخت دەکاتەوە:
گیمێنشافت (کۆمەڵ):
١. ژیانی خێزانی= دەست بەسەرداگرتن (concord). تاک لەم کارەدا بە گشت هەست و بیریەوە بەشدارە. لەم ژیانەدا بریکاری (agent) ڕاستەقینەی کۆنترۆڵکردنی تاک، خەڵکە (folk).
٢. ژیانی گوند= بۆچوونی جەماوەری و نەریتەکان (folkways and mores). ئەم بۆچوون و نەریتانە بە تەواویی لە دڵ و هزری تاکدا دەچەقێت. بریکاریی سەرەکی کۆنترۆڵکردن بریتییە لە بەرژەوەندیی هاوبەش (commonwealth).
٣. ژیانی شارۆچکە= ئایین. لەم ژیانەدا ئایین گشت وژدانی مرۆڤ پێکدێنیت. کەنیسە بریکاریی سەرەکی کۆنترۆڵکردنی تاک و ژیانە.
گزلشافت (کۆمەڵگا):
١. ژیانی شار= ڕێکەوتن (convention). نیەتی مرۆڤ بڕیار لە هەڵبژاردنی ئەم جۆرە ژیانە دەدات. بریکاری ڕاستەقینە لە کۆنترۆڵکردن خودی گزلشافتە.
٢. ژیانی نەتەوەیی= یاسا. لێکدانەوەکانی مرۆڤ، واتە چی لە بەرژەوەندیی مرۆڤدایە بڕیار لەسەر ئەم جۆرە ژیانە دەدات. دەوڵەت برێکاری سەرەکییە لە کۆنترۆڵکردن.
٣. ژیانی گەردوونیی (cosmopolitan life)= ڕای گشتی. لە ڕێگەی ئاگایی (consciousness) مرۆڤەوە بەرهەمدێت. کۆماری تۆێژەران (republic of secholars) بریکاری سەرەکی کۆنترۆڵکردنە.
تونێس لە چۆنیەتی دابەشکردنی کۆمەڵگاکاندا، کاریگەری بەسەر تیورییەکانی مۆدێرنیتەدا هەبووە؛ بە تایبەتیش لەسەر پارسۆنز و پەیڕەوەکانیدا. بە بڕوای تونێس لە هەر کۆمەڵگایەکدا، ستراکتۆریی کۆمەڵایەتی بۆ جۆرێکیتر لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی دەگۆڕدرێت. واتە ڕەوتی پێشکەوتن ڕەوتێکی بەردەوامە و بە پێشکەوتنی هەمە لایەنەی کۆمەڵگا، جۆری ڕێکخستن و ستراکتۆری کۆمەڵایەتیش گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. تونێس هەوڵیدەدا لە ناو جەستەی ڕێکخراوەکانی گزلشافت (کۆمەڵگا)دا جەخت لەسەر بەهاکانی گیمێنشافت (کۆمەڵ) بکاتەوە (Appelbaum, 1970). پێویستە ڕەچاوەی ئەوە بکەین کە سەختە کۆمەڵگایەک بدۆزینەوە کە بەتەواوەتی گیمشافت بێت یاخود بە تەواوەتی گزلشافت بێت. واتە لە هەر سیستەمێکی کۆمەڵایەتیدا، خەسڵەتی هەر دوو جۆری کۆمەڵ و کۆمەڵگا بوونی هەیە. ئەمەش بە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگا لە بزاڤ و جوڵەیەکی بەردەوامدایە و چەق بەستوو نییە. هەر بۆیەش خودی تونێس دان بەوەدا دەنێت کە هەندێ خەسڵەتی شاروچکە (twon) کە دوایین قۆناغی پێشکەوتنی گیمێنشافتە لە ناو شار(city)، کە خەسڵەتی گزلشافتە دەمێنێتەوە.