ژیان بە گشتی لەسەر هاڕمۆنیا و ریتمی موزیکی دەڕوات، سروشت خۆی دایکی موزیکە و هەموو ستاتیکا و جوانییەکان و ئاوازەکان لەوێوە لەدایک دەبن.
با بپرسین، ئایا کەس هەیە وەک مرۆڤ بژیێت و حەزی لە دەنگی باران نەبێت؟ یان حەزی لە خوڕەی ئاو و کانیی قەدپاڵی شاخ و کێو و دۆڵەکان نەبێت؟ بە پێچەوانەوە، حەزی مرۆڤ بۆ موزیک لە سروشتەوە سەرچاوەی گرتووە، سروشت هەمیشە و هەموو کات هێزی مانەوە و ئارامیی دەروونی بووە بۆ مرۆڤ لە هەموو قۆناغەکاندا.
پسپۆڕانی بواری موزیک دەڵێن: ”هەر حەوت دەنگەژێیەکەی موزیک لە سروشتەوە وەرگیراون“ کە مرۆڤ بەپێی وەرزەکان و شەو و ڕۆژ و ساتەکانی خەم و دڵخۆشی دایهێناون، بۆیە پسپۆڕانی بواری دەروونزانی بایەخی زۆر تایبەتیان بە موزیک داوە وەکوو چارەسەرێکی دەروونیی کاریگەر بۆ چەندین نەخۆشی، لەوانە (لەبیرچوونەوە، پشێویی کەسایەتی، ترسی کۆمەڵایەتی، هەڵوەسەی ژیری و خەمۆکی و چەندانی دیكە).
باڵانسی دەروونیی تاک هەموو کات لە یەک ئاستدا نامێنێتەوە، بەپێی بارودۆخی ژیان سەقامگیریی دەروونییش دەگۆڕێت، ئەگەر تاکێک مێشکی ماندوو بێت بە ژیان و کارکردن، یان فشارەکانی ژیانی زۆر لەسەر بێت، ئەوا بەدڵنیایی دەروون و مەزاجی تێک دەچێت و ناتوانێت بە ژیری و تێگەیشتنێکی مرۆڤانە وەڵامی پێداویستییەکان بداتەوە و کار و چالاکیی ڕۆژانە وەک مرۆڤ ڕایی بکات، لێرەوە گوێگرتن لە موزیک مرۆڤ بەرەو خاوبوونەوەی دەروونی و کەمکردنەوەی فشارەکان دەبات، کە کەڵەکەبوونە بەسەر ڕۆح و دەروون و هەستەوەرەکانی مرۆڤ.
گوێگرتن لە موزیک مرۆڤ دەباتەوە بۆ ناوەوەی خۆی، کە زیاتر لە خۆی تێبگات و بە ئاگامەندییەوە وەڵامی هەستەکانی بداتەوە، کە چۆن بتوانێ نەرمتر لەگەڵ ژیان و ڕووداوەکان بڕوات.
گوێگرتنی هونەرمەندانە و مرۆڤانە بۆ موزیک، مرۆڤ نزیک دەکاتەوە لە هەستە بەرزەفڕەکان و چێژی دەروونیی پێ دەبەخشێت، وەکوو هەستکردن بە خۆشەویستیی خودا و سروشت و ژیان و باڵندە و گیانلەبەران و گوڵ و سەوزایی.
مرۆڤ، کە مێشکی تێر کرد بە دەنگەژێیەکانی موزیک ،کەمتر تووڕە دەبێت، کەمتر بە هەڵچوونەوە وەڵامی کێشەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکانی دەداتەوە، لە بەرامبەردا باشتر دەتوانێت بیر بکاتەوە، پلان دابڕێژێت بۆ هاتنەدیی خەون و ئامانجەکانی لە ژیاندا.
بۆیە نیتچەی گەورە فەیلەسووفی ئەڵمان دەڵێت: ”پشتگوێخستنی موزیک، پشتگوێخستنی ژیانە، ڕق لەخۆبوون و بێهیوابوونە“
پسپۆڕانی دەروونی لە سەردەمی ئاڵۆزی تەکنەلۆژیای ئێستادا گوێگرتن لە موزیک بە بژارەیەکی گرنگ و کاریگەر دەبینن بۆ خاووبوونەوەی دەروون و ڕزگاربوون لە خەمۆکیی توند، کە بە هۆی زۆریی فشارەکانی ژیان و کێشەکان تووشی مرۆڤ دەبێت.
بۆیە زۆر گرنگە لە ژیانی ڕۆژانەدا مرۆڤ چەند کات و ساتێک لە کەشێکی ئارامدا تەرخان بکات بۆ گوێگرتن لە موزیک، ئەگەر لەناو سروشت بێت، هاوشان لەگەڵ دەنگی سروشتی خوڕەی ئاو و باڵندەکان، ئەوە زۆر باشتر و کاریگەرتر دەبێت بەسەر دەرووندا.
موزیک وەک موعجیزەی ژیان وایە بۆ یارمەتیدانی دەروونی مرۆڤ، کە بتوانێ دۆخە سەخت و دژوارەکان تێپەڕێنێت، بەڵام چەند گوێگرتن لە موزیک گرنگە، دوو ئەوەندە مەعریفەی ژیان و ڕۆشنبیریی خودی گرنگە، کە مرۆڤ بباتەوە ناو قووڵایی هەستەکانی.
بۆیە موزیک ئەگەر ببێتە بەشێکی گەورە لە فەرهەنگی هەر گەل و میللەتێک، ئەوا بەدڵنیایی کاریگەریی زۆری دەبێت بەسەر گەشەسەندنی ئاستی ژیاری و مرۆیی ئەو میللەتە، ئێمەی کوردیش لە هەموو گەلانی دونیا زیاتر پێویستمان بەوەیە لە ڕێی موزیکەوە جارێکی دیكە ئاشت بینەوە لەگەڵ خۆمان و ژیاندا، واز لەو هەموو تووڕەیی و توندوتیژی و کاردانەوە ڕەق و توندە بێنین کە ژیانی لێ تاڵ کردووین، تا بە خۆشەویستییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان و سروشت و مرۆڤەکاندا بکەین.