“دەستپێك”
ڕەوڕەوەی شارستانی و میژوویی هەر گەل و نەتەوەیەك ئەوە دەخوازێت، بایەخ بە كەل و پەل و كەرەستە و پاشماوەوە و یادەوەریەكانی خۆی بدات، لە دونیادا هیچ گەلێك نییە خاوەن شوناس و شانازی میژوویی و نیشتیمانی و نەتەوەیی و سەرمایەی رەمزی خۆی نەبێت، جا چ لە سەر ئاستی گشتی فەرهەنگ و شارستاینەتەكەی بێت یاخود لەسەر ئاستی كارەكتەریی و كاریزمایی…هتد
ڕەنگە مرۆڤ بەپێ گۆڕانكاری لە قۆناغەكانی پێشكەوتنی ڕەوتی دیرۆكی و ژیاری مرۆڤایەتی و لەوكاتەوەی كە دەركی بە گرنگی ئەرشیفكردن و پاراستنی یادەوەریەكانی كردبێتەوە مۆزەخانەی كردبێت بە دیاری و سیمبوڵ بۆ نمایشكردنی بەها شارستانی و شكۆ مرۆییەكەی، ئەمەش دیاری و یادگاریەكی نایابە، هەتا ئەو كاتە هێزی مانەوەی هەیە كە مرۆڤ بایەخی پێبدات و پارێزگاری لێ بكات، ئەمەش بیانوویەكی باشە لەلایەك بۆ پارێزگاری كردن لە مانەوەی ڕابردووی خۆی، لەلایەكی تر بۆ پیشاندانی تواناو لیهاتوویەكانی لەمەڕ ئاڵنگارییەكانی ژیان. ئەمە ئەو هەستەمان پێدەبەخشێت كە مۆزەخانە بەتەنها شوێنێك نییە بۆ نمایشكردرن واتا بە تەنها سیفەتێكی “شوێن”ی نییە، بەڵكو بەشێكە لە قوتابخانەی مرۆڤایەتی و سیفەتی “كات”یشی هەیە و ڕابردوو ئیستامان پێكەوە گریدەدات، بە تەنها ماددە(كەرەستە)نییە و جەستەیەكی مردوو و خانەیەكی بێدەنگ لەخۆ بگرێت، نها هەڵگری مانای قوڵی مەعریفیە، هەمیشە بەسەردانیكردنی شتی نوێی لێوە فێردەبین، باشتر لە ڕابردووی خۆمان تێدەگەین دەتوانین لەوێوە كۆدەكانی ژیانی ڕابردووی خۆمان بدۆزینەوە. لەگەل هەموو ئەمانەشدا ئەمرۆكە مۆزەخانەكان بوونەتە ناوەندێكی تەرفیهی و گەشتوگوزاری بۆ ئەو ڕێبوار و گەشتیارانەی كە وەك سەرخانێكی گەشتیاری لە مۆزەخانە دەڕوانن و بەشێك لە وێستگەی گەشتەكانیانی بۆ تەرخان دەكەن. ڕەنگە ئەمەش بۆ وڵاتی خانەخوێ خراپ نەبێت بە دیوە ئابوری و پیشەسازی و بازاڕسازیە گەشتیاریەكەیدا.
“چەمكی مۆزەخانە”
مۆزەخانە؛ لە زمانی عەرەبیدا بە (متحف)، لە زمانی ئینگلیزیدا بە (Museum) ناوبراوە، هەرچی ڕێشەی وشە ئینگلیزیەكەیە لە وشە گریكی (Mousein) یاخود (مۆزە)وە وەرگیراوەكە وشەكە لە شارستانیەتی یۆنانی كۆندا بەواتای “گردێكی ئاینی”كۆن دێت لە یۆنان كە تایبەت بووە بە پەرستگای خوداوەندی هونەر و پیشەكان، بەدی لە ئێستادا مۆزەخانە؛ دیاردەیەکی مرۆیی و کولتووری و فەرهەنگییە، سیمبوڵێکی یادگاری کردە، یادەوەری و کەلوپەلە مێژوویی و نەتەوەیی و فۆلکلۆریەکانی ڕابردوی میللەتانی تێدا دەپارێزرێت، هەندێک کات مۆزەخانە دەبێتە نمایشی تۆمارێکی هاوبەشی دیرۆكی پیشاندراوی گەلانی جیهان، تێیدا بەرهەمی شارستانی و کولتووری تێکڕای گەلانی جیهانی تێدا دەپارێزرێت. واتا وابەستە نابێت بە مێژوو کولتووری و شارستانیەتی شوێنگە و جوگرافیایەکی دیاریکراو، وەک ئەوەی لە مۆزەخانەکانی لۆڤەر لە پاریس، مۆزەخانەی لەندەن لە بەریتانیا…هتد دا دەبینرێت. هەندێک لە وڵاتانیش مۆزەخانەکانیان تایبەتمەندن بە وێنە نمای کولتوور و شارستانیەتی میللەت و سنوری جوگرافیاکردی وڵاتانی خۆیان. واتا لێرەدا مۆزەخانە دەبێتە پارێزەر و پەناگە و ژوانی فەرهەنگی ڕابردووی گەلانی وڵاتێکی دیاریکراو.
“پۆلێنبەندی مۆزەخانەكان لەسەر ئاستی میراتی شارستانیەتی مرۆڤایەتی”
بەم پێیە دەتوانین مۆزەخانە لەسەر ئاستی میراتی مێژوویی و فەرهەنگی و شارستانی مرۆڤایەتی لەمەڕ ئاستی جیهان دابەشبکەین بۆ-:
1. مۆزەخانە جیهانیەکان:- لێرەدا ئەم مۆزەخانانە میراتێکی مێژوویی شارستانیەتی تێکڕای گەلانی جیهانە تایبەتە بە پاراستنی ئەو کەرەستە و تابلۆ و کەل و پەلە بەجێماوانەی کە موڵکی مرۆڤایەتین و لەو مۆزەخانەدا پارێزراون. نموونە بۆ ئەم تایپە لە مۆزەخانە: مۆزەخانەی لۆڤەرە لە پاریس.
2. مۆزەخانە نیشتیمانیەکان:– ئەم مۆزەخانانە بەرهەمی مێژوویی و شارستانی گەلانی جوگرافیا و وڵاتێکی تایبەتی تێدا دەپارێزرێت، زۆربەی وڵاتانی جیهان خاوەنداری هاوشێوەی لەم جۆرە مۆزەخانانەیان هەیە، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە خاوەن ژیارێکی و کۆنی مێژوویین. ڕەوڕەوەی شارستانییەت لێیانەوە سەری هەڵداوە یان شارستانیەت پێیاندا تێپەڕیووە. ئەم وڵاتانە بەهۆی دێرینی شوێنگە ژیاری و مێژووەکەیانەوە خاوەن سەرمایەیەکی ڕەمزی و پاشماوەی ڕەسەنی کۆنی مێژوویین و کە خۆی لە بەرهەمی چاخەکانی پێش مێژوو و چاخە مێژوویەکان و چاخەكانی دواتردا دەبینێتەوە، نیشتیمانی ئەم وڵاتانە پڕە لە داستان و کەرەستە و سامانی ماددی و مەعنەوی، هەروەک شارستانیەت لە سادەترین پێناسەیدا بریتیە لە کۆی پاشماوە و کەرەستە ماددیەکانی وەک ئەشکەوت و پەناگە و كوخ و هەڵکۆڵرا و هۆکار و پێداویستیە ژیانیەکانی وەک قاپ و قاچاخ و نەخش و نیگار و کەرەستەی جەنگی و هۆکاری خۆپارێزی…..هتد و کەرەستە مەعنەویەکانی وەکو بیروباوەڕ و هونەر و ئەدەب(شیعر، چیرۆک، داستان، ئەفسانە) و بیروئەندێشەو…هتد. کە میرات و موڵکی مرۆڤایەتین.
هەرچی نموونەی مۆزەخانەی نیشتیمانیە، ئەوا ئەم جۆرە مۆزەخانە لە زۆر وڵاتانی خاوەن شارستانی وەک میسۆپۆتامیا(عێراقی ئێستا) و شارستانیەتی دۆڵی نیل(میسری ئێستا) و..هتد دا گرنگی پێدەدرێت وەک مۆزەخانەی نیشتیمانی بەغدا و مۆزەخانەی نیشتیمانی میسر. ئەوەش ڕاستە كە مەرج نییە مۆزەخانە نیشتیمانییەكان تەنها تایبەت بێت بەو وڵاتانەی كە مێژوویەكی كۆنیان هەیە بەڵكو ئەم مۆزەخانە ناوەندێكە بۆ ئەو كەرەستانەی كە سەرمایەیەكی ڕەمزی و بەهایەكی نیشتیانیان هەیە لە لای وڵاتان.
3. مۆزەخانە لۆكاڵیەكان(کەسییەکان):- ئەم مۆزەخانانە، ڕەنگە لەلایەن کەسێک یان دەزگایەکەوە بەڕێوەببرێت، تایبەتن بە پاراستنی کەرەستە و بەرهەم و یادەوەرییەکانی کەسێک یان گرووپێکی دیاریکراو، بەگشتی تواناکانی ئەم جۆرە مۆزەخانانە سنووردارە لەڕووی دەوڵەمەندی کەرەستە و فراوانی شوێن و تەکنیکەکانی پاراستنی یادەوەریەکان، دەکرێت کەمتر ڕەگێکی قوڵی دیرۆکی و ژیاریان هەبێت خاوەن مێژوویەکی نزیک بن، ئەمەش ئەو مۆزەخانانە دەگرنەوە کە لێرەو لەوێ بایەخیان پێ دەدرێت، دەگونجێت زۆر هۆکاری مێژوویی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشبیری و نیشتیمانی و کارێزمابوون لەپشت سەرهەڵانیانەوە هەبێت، بە نموونە ئەم مۆزەخانانە بۆ ڕێزگرتنە لە هەوڵ و تێكۆشان و خەباتی ئەو کەسانەی کە وەک سیمبوڵێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی تەماشا دەکرێن لە مێژووی گەلاندا. لە کوردستاندا ئەم جۆرە مۆزەخانانە زۆر برەوی پێدەدرێت، بە نموونە مۆزەخانەی “شێخ مەحمودی نەمر”، مۆزەخانەی “مەلا مستەفای بارزان”، مۆزەخانەی “کهریم ئاغای هەمەوەند”…هتد.
“جۆرەکانی مۆزەخانە”
لە ئێستادا وەزیفەی مۆزەخانەکان جیاوازە و لەڕووی بابەتی و جۆراوجۆریەوە، بەچەندین شێوە دەرکەوتوون و خراونەتە خزمەت مرۆڤایەتییەوە دەکرێت بەلەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیبوون جۆرەکانی مۆزەخانەکان دابەش دەکەین بۆ:-
1. مۆزەخانە مێژوویەکان:- ئەم جۆرە هەر مۆزەخانە گشتی و نیشتیمانیەکان دەگرێتەوەکە دەکرێت کەرەستە مێژوویی و شارستانییەکانی کۆی مرۆڤایەتی یاخود جوگرافیا و وڵاتێکی دیاریکراوی تێدا پارێزرا بێت.
2. مۆزەخانە فۆلکلۆرییەکان:- ئەم جۆرە مۆزەخانانە عەنتیکەخانەشیان پێدەوترێت، کە بەزۆری کەرەستە لۆکاڵی و فۆلکلۆریەکانی ناوچەیەکی تێدا نمایش دەکرێت بە مەبەستی بینین یان قازانج و ئاڵوگۆڕ و بازرگانی و کڕین و فرۆشتن، ئەو کەرەستانەی لێرەدا دەست دەکەوێت کەمتر بەهای مێژووییان هەیە بەڵکو زیاتر بەهایەکی فۆلکلۆریان هەیە هەربۆیە ڕێگە پێدراوە کڕین و فرۆشتنیان پێوە بکرێت. وەک عەنتیکەخانەی هەولێر لە سەرقەڵای هەولێر. لەئیستادا ئارەزوی كردنەوەی ئەم جۆرە مۆزەخانە بچوكانە لە پەرەسەندندایە، بەجۆرێك لە زۆر گەڕەك و شار خەڵكانێك هەن بایەخ بەكردنەوەیان دەدەن
3. مۆزەخانە تراژیدیەکان(مۆنۆمێنت):- لایەنی مێژوویی و شارستانی مرۆڤایەتی پڕە لە دەستکەوت و بەهای بەرزی مرۆڤایەتی هەر لە پێشکەوتنە بەرچاوەکانی جۆر و شێوازی ژیان لە ڕووی کوالێت و چۆنایەتی و چەندایەتییەوە ئەم پێشکەوتنە بە پێی پێداویستی و قۆناغەکانی ژیان چاخ لەدوای چاخ گەشەی بەخۆوە بینیوە بە ئێستاشەوە، بەدی ئەوەی مایەیی نەنگییە مێژووی مرۆڤایەتی لەپاڵ دەسکەوتە زۆروزەوەندە شارستانیەتییەکەیدا سیخناخە بە هەستی شەڕەنگێزی و بەربەریەت، و کوشتن و جینۆسایدکردن، ئەوەی مایەیی داخە ئەمە بەشێکە لە ڕووە دزێوەکەی شارستانیەتەکەمان، هەروەک عەلی عیزەت بیگۆفیچ دەڵێت: (ناکرێت هەرگیز، شارستانیەت ڕەت بکەینەوە، بەڵکو تەنها شتێک کە بە ئێمە دەکرێت ئەوەیە ئەو ئەفسانانە تێک بشکێنین کە دەوری شارستانیەتەکەمانی داوە).
ئەمە وای کرد مرۆڤایەتی بۆ پاراستنی یادەوەری قوربانییەکانی بیر لە مۆنۆمێنت یاخود مۆزەخانەی تراژیدی بکاتەوە، بۆیە مۆنۆمێنتەکان بوون بە دەزگایەکی کولتووری لە کۆنەستی مرۆڤەکاندا بۆ ئەرشیفکردن و پاراستنی مێژووی ڕووداوەکان و کەرەستە و یادەوەری و ڕووفاتی قوربانیەکان هەتا لەلایەک مێژوو لەیادیان نەکات و لەلایەکی تر بۆ ئەوەی جینۆساید و ڕووداوە تراژیدیەکان دووبارە نەبنەوە و دیسانەوە بەرۆكی مرۆڤایەتی نەگرنەوە. بۆیە لەچوارچێوەی گەشتوگوزاریدا و لە فەرهەنگی گەشتیاریدا، مۆزەخانەی تراژیدیەكان بووەتەهۆی سەرهەڵدانی چەند دەستەواژەیەکی وەک گەشتوگوزاری ڕەش یان گەشتوگوزاری تاریک، یاخود گەشتوگوزاری خەم و پەژارە، ساڵانە ژمارەیەكی زۆر گەشتیار ئارەزووی ئەم مۆزەخانانە دەكەن و گەشتی بۆ دەكەن. ئەوەی جێی سەرنجە لە مۆزەخانەی تراژیدیەکاندا مەرج نییە شوێنەواری قوربانیەکان جێدەست و بکەری مرۆیی بێت وەک شەڕ و کۆشتن و قڕکردن، بەڵکو هەندێکجار رووداو كارەساتەكان سرووشتییە وەک ڕووداوەکانی لافا و گرکانەکان و تسۆنامی و نەخۆشی و پەتا بان مرۆییەکانن.
ئەم مۆزەخانانە دەکرێت سنووربەند بن لە بینایەکدا یاخود لەچوارچێوەی شار و ناوچەیەکدا پارێزگاری لێبکرێت. نموونە بۆ ئەم مۆنۆمێنت و مۆزەخانە تراژیدیایانە زۆرە وەک مۆنۆمێنتی هۆڵۆکۆستی جوەکان، شانۆی ڕۆمانی، شاری پۆمپی لە ئیتالیا…هتد، گەلی کوردیش لە مێژووی دوور و نزیکدا بەزۆر شێوە ڕووبەڕوی جینۆساید و قڕکردن بوەتەوە، گرنگترینیان کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالە، بۆیە خاوەن زۆر تابلۆی یادەوەری و مۆزەخانەی تراژیدی وەک مۆزەخانەی تراژیدی و مۆنۆمێنتی هەڵەبجە و مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ و ئەمنەسورەکە لە سلێمانی و مۆنۆمێنتی بەرزانیەکان لە بارزان و چەندین دیواربەند و تابلۆی یادەوەری تر. دەکرێت ئەوە بڵێین ئەو کەسانەی حەزی سەرانی ئەم مۆزەخانانەیان هەیە کەسانی تایبەتمەندن، وەکو (گەشتیاران، نووسەر و توێژەران، هونەرمەندان، مێژوونووسان، قوتابیان و خوێندکاران، شوێنەوارناسان، ئەو کەسانەی ئارەزووی بینینی تراژیدیاکان دەکەن….هتد). وەلێ ئەوەی لێرەدا مایەیی تێڕامانە گەشتوگوزاری ڕەش، بۆ خۆشگوزەرانی نییە، بەڵكو گەشتیاران تەنها بۆ حەزی بینینی شوێنی قوربانیەكان و زانینی پلەی کاریگەری ڕووداوەکان و هەروەها بۆ پەند لێوەرگرتن سەردانی دەکەن.
4 . مۆزەخانە وەرزشیەکان:- ئەمانە ئەو مۆزەخانانەن کە تایبەتن بە پاراستنی شانازی و دەسکەوت و کەل و پەلە وەرزشیەکانی هەڵبژاردەی وڵاتان و یانەکان و ئەستێرە و کەسایەتیە وەرزشیەکان، بە هەموو جۆرە جیاوازەکانی وەرزشەوە، بە نموونە مۆزەخانەی وەرزشی هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەڕازیل، مۆزەخانەی یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و بەرشەلۆنەو…هتد، مۆزەحانەی ئەستێرە مێژووییەکانی تۆپی پێی وەک پێلیە و دیگۆ ئەرماندۆ ماڕادۆنە…هتد.
5. مۆزەخانە ڕۆشنبیری و هونەریەکان: – ئەمانە ئەو ناوەندە ڕۆشنبیری و هونەریانە دەگرێتەوە کەدەکرێت ببن بە سەرچاوەی وشیاری و بەخشینی چێژ بە مرۆڤ، جا پاراستنی کەل و پەل و ئارامگەی ڕۆشنبیران و نووسەران بێت، یاخود شاری سینەمایی و هونەری و وەک (شاری سینەمایی هۆلیۆد، مۆزەخانەی هونەری میترۆپۆلیتان لە نیۆرك و مۆزەخانەی شاکارەکانی هونەرمەندانی وەک لێۆناردۆ داڤنشی و مۆزارت…هتد. واتا لەم مۆزەخانانەدا ئەو پاشماوە و کەرەستانە نمایش دەکرێت، کە بەهایەكی بەرزی ڕۆشنبیری و هونەریان هەیە، گەشتیاران و ڕێبواران خەون بەوەوە دەبینن سەردانیان بکەن.
“ویستی نۆستالیژیا و گەڕانەوە بۆ مۆزەخانە”
هەروەک لەم ساڵانەی دوایدا، بەهۆی دەوڵەمەندی میراتە شارستانی و کولتوورییەکانی وڵاتانەوە مۆزەخانەش لە زۆرئاستدا گەشەکردنی زۆری بەخۆوە بینیوە و لەکاتێکدا یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی سەردەمی نوێ، گۆڕانکارییە خێراکان و پێشکەوتنە بەردەوامەکانە لە ڕەوتی شێوازی ژیان و حەزکردن و ڕەوایەتیدان بە تایبەتمەندی بوون. مرۆڤی سەردەمی نوێ ئەگەرچی لەزۆر ڕووی خۆشگوزەرانیەوە دەسکەوتی باشی بەدەستهێناوە بەدی لەگەڵ ئەوەشدا ویستی نۆستالیژیا و گەڕانەوە بۆ ڕابردوی هەیە، بە سرووشت مرۆڤێکی فزوڵییە و عەوداڵی کەڵکەڵەی پرسیار کردنی لە ئەندێشەدایە و حەزدەکات بزانێت لە ڕابردوودا چی ڕوویداوە؟ مرۆڤایەتی لە چ گۆشە و کەنارێکدا ئۆقرەی گرتووە؟ بەکوێدا گوزەری کردووە؟ ئەی ئێستا لە کوێدایە؟ ئەی داهاتووی چۆن دەبێت؟ واتا مرۆڤی سەردەمی نوێ، ئەگەرچی لە ئێستادا دەژێت جەستەی مەوجودە بەڵام هەمیشە بیری لەلای ڕابردوە و خەیاڵی لای داهاتووە. ئەمە وای کردوە شارستانیەت و کولتوور(فەرهەنگ) و فۆلکلۆری ڕابردوی مرۆڤایەتی و وڵاتەکەی لا شیرین بێت. هەست بە گرنگی مۆزەخانە بكات، لەویستگەی گەشتەكانیدا كات تەرخان بكات بۆ سەردانیكردن و بینینی مۆزەخانەكان.
“پرسی شارستانییەت و بەهای گەشتیاری مۆزەخانەکان”
مۆزەخانەکان لەمڕۆدا بوونەتە جێ سەرنجی بەشێکی زۆر لە ڕێبواران و گەشتیارانی خانەخوێ و بیانیان، بەهۆی ئاسانی هۆیەکانی گەشتکردن و تاڕادەیەک بەرزی ئاستی داهاتی تاکەکەس و بوونی پشوو، قۆستنەوەی کاتەکانی دەستبەتاڵی و فەراهەمبوونی ئازادی گەڕان و باشبوونی بارودۆخی ئاسایش و پەرەپێدانی ژێرخان و سەرخانە گەشتیاریەکان، ئەمە دۆخێکی تەواوکاری گەشتیاری دروست کردوە و بووەتە بازاڕێکی گەشتیاری بۆ کێشکردن و سەرنج ڕاکێشانی ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران، ئەوەی لێرەدا گرنگە ڕێبوار کاتێک ڕوودەکاتە هەر وڵاتێک، جا بۆ هەر مەبەستێک چ مەبەستەکە گەشتیاری بێت یان مانەوەیەکی کاتی بێت، مەحاڵە سەرێک لە شوناسی میراتی شارستانی وڵاتی خانەخوێ نەدات ئیتر مۆزەخانەکان بێت یان هەڵکۆڵراو پێگە شوێنەواری و مێژوویەکان وەیاخود جێدەستی بەرهەمە فۆلکلۆری و کارە دەستیەکان و…هتد
لە ئێستادا و لە فەرهەنگە گەشتوگوزاریەکاندا و بە زمانی گەشتیاری، مۆزەخانەکان و دەزگا کولتووری و فۆلکلۆری و ڕۆشنبیرییەکان بە بەشێک لە توانستە سەرخانیەکانی گەشتوگوزار دادەنرێن. بۆ زۆر وڵات بە سەرچاوەیەکی داهاتی بەردەوام و ڕەخساندنی دەرفەتی کارو هاتنەناوەوەی دراوی قورسی بیانی دادنرێن و بەشێک لە پەیکەربەندی ئابوری وڵاتانی پێكهێناوە، ئابوریەک کە کۆکە لەگەڵ سرووشت و ژینگەدا، سەرچاوەیەکی سامانی نیشتیمانی نوێ بووەوە و قۆستنەوەی دەرفەتی کارە. دەكرێت بڵێین پیشەسازی گەشتوگوزاری تەنها کەرتێکە کە بە پەرەپێدانی توانا گەشتیاریەکان سەرجەم کەرتەکانی تری وەك پیشەسازی بازرگانی و گواستنەوە و..هتد پێشکەوتن و بووژانەوا بەخۆیانەوا دەبینن، بەبێ ئەوەی هیچ جێکەوتێکی سلبی لەسەریان بەجێبهێڵێت.
بۆ ئەم نووسینە سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:
- ویل دیورانت، مێژووی شارستانیەت، خۆرهەڵات لانكەی شارستانیەت، وەرگێڕانی: عەبدوڵڵای ڕەسولی، چاپخانەی چوارچرا، چاپی یەكەم، سلێمانی، 2010.
- كلاریس سۆیشەر، ڕۆژهەڵاتی نزیكی كەونارا، وەرگێڕانی: عەبدولڕەحیم مەعریفەتی، چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، پرۆژەی هاوبەشی دەزگای توێژینەوە و بڵاوكردنەوەی موكریانی و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەولێر، بێ ساڵی چاپ.
- نادر ڕۆستی، گرنگی جۆرەكانی گەشتوگوزار بۆ ئابوورییەكی بەهێز، چاپخانەی تاران، چاپی یەكەم، تاران، 2022.
- شیروان رشید عمر، بنەما جوگرافیەكانی پەرەپێدانی گەشتوگوزار لە پارێزگای سلێمانی، تیزی دكتۆرا(بڵاونەكراوە)، كۆلیژی زانستە مرۆڤایەتیەكانی زانكۆی سلێمانی، 2011.
- كاظم احمد صدرالدین، پەرەپێدانی توانستە جوگرافیەكانی گەشتوگوزار لە قەزای چەمچەماڵ، نامەی ماستەر (بڵاونەكراوە)، كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەكان، زانكۆی سلێمانی، 2023.
- ئیسرا بورهان، مۆزەخانە، سایتی زانیاری، ڕێكەوتی 11/12/2022، بڵاوكراوەتەوە. لینكی سایتەكە:
https://zaniary.com/blog/639627689c3a3/%D9%85%DB%86%D8%B2%DB%95%D8%AE%D8%A7%D9%86%DB%95